![]()
من زۆر ژیام یاران … من زۆر ژیام
و ڕێگه‌كان به‌رده‌وام له‌به‌رده‌مدا درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه
بەردەوام له‌م تاریكستانه‌ی ژیاندا ، له‌م درێژبوونه‌وه‌ی ژیانه‌دا
له‌م دارستانه دێرینه‌دا
بەدووی ڕۆشناییدا ڕادەكهم ..
***
من زۆر ژیام و هه‌ر ڕێگه‌كان بێ كۆتایی درێژ ده‌بنه‌وه

Francis Bacon, Three Studies of Lucien Freud, 1969, oil on canvas, 78 x 58 each canvas. Sold: 142.4 Million To: Elaine Wynn, ex-wife of Steve Wynn
من له‌وه‌ته‌ی به‌بیرم دێت به‌سه‌ر ڕێگه‌كان ڕاده‌كه‌م و
هه‌ر ڕێگه‌كان درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه
من ڕاده‌كه‌م به‌دووتدا ئه‌ی ڕۆشنایی ،
ئه‌ی ڕۆشنایی تۆ له‌كوێیت!
ڕێگه‌كان، ڕێگه‌كان درێژ ده‌بنه‌وه.
***
تۆ گوێت لهههتاوه
تۆ گوێت له‌مانگه
تۆ گوێت لهڕێگهكانه
تۆ گوێت لهتاریكستانه
تۆ گوێت لهڕۆشانییهكانه
***
من گوێم لێیانه، من گوێم له‌هه‌ناسه‌ی خۆمه له‌ڕه‌شه‌بادا
گوێم له‌ترپه‌ی دڵی نالی كوڕمه كاتێك به‌نێو دارستانه‌كاندا به‌دووی ڕێگه باریكهكاندا ده‌گه‌ڕێم
گوێم له‌هه‌ناسه‌ی جۆگه‌یه‌كی بارانه، هێمن ، زۆر هێمن، به‌سه‌رمدا داده‌كات .
گوێم له‌ده‌نگێكی دووره پێمده‌ڵێت؛ بابه گیان تۆ له‌كوێیت …
من گوێم لهئۆكۆردیۆنێكه، لێبوكێك، قوشمهیهكی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست
دوور زۆر دوور به‌یادی من لێیده‌دات.
***
ڕێگه‌كان له‌كوێن یاران ، ڕێگه‌كان له‌كوێن
ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن یاران ، ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن …
***
له‌ناو دارستانه‌كه‌دا گیردهخۆم یان دارستانه‌كه له‌نێومدا گیرده‌خوات
جۆگه‌كان له‌منه‌وه درێژ ده‌بنه‌وه، ڕێگه‌كان له‌منه‌وه درێژ ده‌بنه‌وه
به‌ڵام دڵی من تاریكه ، تاریك …
***
به‌ڕاست ڕۆشانییهكان له‌كوێن ، ڕێگه‌كان له‌كوێدا به‌ره‌و ڕۆشنایی درێژده‌بنه‌وه
ژیانی من ته‌نها خۆهه‌ڵواسینه به‌شته‌كانه‌وه،
ژیانی من دڵێكه تاریك، تاریكتر له‌تاریكی خۆی..
ماناكان له‌كوێن، ماناكان له‌م دارستانه‌دا له‌كوێن
چۆله‌كه‌كان له‌كوێن،
ته‌یره ڕه‌نگ په‌مه‌ییه‌كه له‌كوێیه
بولبولی قوڕه‌كه‌ی منداڵیم له‌كوێیه.
ماناكان له‌كوێن ، ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن،
***

Presented by J. Sainsbury
Ltd 1961
من ده‌موچاوی كه‌سم بیرنه‌ماوه، یاران
نه ده‌موچاوی باوكم ، نهدایكم ، نههاوڕێ شه‌هیده‌كانم ، نه‌خۆم له‌هه‌شتاكاندا …
ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن یاران، ئه‌م دارستانه بێكۆتاییه،
ئه‌م دارستانه له‌مندا گیری خواردووه.
من زۆر ژیام ، من زۆر ژیام هاوڕێیان
كه‌چی ڕێگه‌كان هه‌ر درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه،
باڵنده‌كان فڕ، فڕ ، به‌دونیادا ده‌سوڕێنه‌وه
كه‌چی نه باڵنده‌كان ده‌مبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان و
نه‌له‌م دارستانه تاریكه‌دا ده‌مێننه‌وه…
***
ڕۆشناییه‌كان له‌كوێن
ڕێگه‌كان له‌كوێن
ده‌موچاوه‌كان له‌كوێن
من له‌كوێم ؟
ڕێگه‌كان ، درێژ، درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه یاران
من زۆر ژیام ئازیزان و هێشتا به‌دووی خه‌ونێكی بچوك،
ئێجگار بچوكهوهم
هه‌رگیز نایه‌ته دی.
***
دره‌ختێك به‌ناومدا تێپه‌ڕده‌بێت
تیرۆژه تیشكێك دێته ناو سه‌رمه‌وه و
له‌وێ ئۆقره ده‌گرێت
چۆله‌كه‌یه‌ك لهناوقهفهزهی سنگمدا هێلانه‌ی كردووه و كۆچ ناكات
جۆگه‌یه‌ك یاران،
جۆگه‌یه‌ك به‌نێومدا به‌ره‌و نادیار تێپه‌ڕده‌كات.
***
سه‌گه‌كانی نیوه‌شه‌و ،
سه‌گه‌كانی نیوه‌شه‌و
ته‌نها و ته‌نیاترم ده‌كه‌نه‌وه له‌ته‌نیایی
باران زیاتر دونیاكانم ده‌شێوێنێت
دڵۆپه بارانێك به‌مینای په‌نجه‌ره‌یه‌كدا،
به‌ته‌نێ شۆڕده‌بێته‌وه..
***

Francis Bacon: “If they were not my friends, I could not do such violence to them.” (1966)
میترۆ قوڵه‌كان، میترۆكان قوڵه‌كان ونمدهكهن
ونبوونم قوڵترده‌كه‌نه‌وه،
ڕه‌شبینیم ڕۆمانسیزه ده‌كه‌ن
میترۆی زهلۆتهیی ڤهرۆدا، ده‌رگای ئاڵتونی قووتمدهدات
میترۆی كڵێسه‌كانی لۆرانس،
میترۆی لینداوه ئالێ، له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كدا ڕامده‌گرێت
میترۆی كۆڤهن گاردن، یادی شه‌راب خواردنه‌وه‌ی من و یار
میترۆی ژنه‌راڵ لافایێی و گه‌ڕان به‌دووی هۆتێلێكی بچوكی پاریسی
میترۆی چوونم بۆ ئه‌وسه‌ری ئه‌شق
میترۆی ژیان ،
میترۆی خه‌وبینین،
میترۆی دۆم لهكۆلن،.
***
ئای لهمیترۆی دۆم
میترۆی دۆم یادی من و نالی كوڕم كهماڵئاوا لهیهكتردهكهین
میترۆی دۆم ، میترۆی دۆم، چاوه‌كانی نالییه پڕ فرمێسك
چاوه‌كانی منه وه‌ك ئه‌ژدیهایه‌كی غه‌مبار
میترۆی دۆم قووتمان ده‌دات،
میترۆی دۆم لهپهلوپۆم ده‌خات
میترۆی دۆم به‌چاوی پڕ فرمسێكهوه له‌سه‌ر كورسیه‌ك دامده‌نیشێنێت
میترۆی دۆم، به‌ناو دڵمدا تیژهڕهوهكات
ده‌مكات بهلێبوكێكی غه‌مبار …
***
دونیا خامۆشه له‌م دارستانه‌ی من خۆمی تێدا حه‌شار ده‌ده‌م
یان ئه‌و له‌مندا خۆی حه‌شارده‌دا
دونیا بێده‌نگه له‌ناو ئه‌م هه‌را گه‌وره‌یه‌ی ناوی ژیانه
ده‌بێت چه‌ند خۆش بێت مردن ئه‌ی دڵی من
ده‌بێت چه‌ند به‌چێژ بێت دوا چاونقووندانم
***
من به‌دووی خۆهمهوهم له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه ،
به‌دووی خۆمه‌وه‌م بهپاڵتۆیهكی درێژه‌وه،
شانێك تۆزێك خوار،
چاوێك پڕ له‌ته‌م،
ته‌مێك نازانم كه‌ی له‌ناویاندا له‌نگه‌ری گرتووه ،
به‌دووی خۆمه‌وه‌م كاتێك ده‌بینیم لهقاوهخانهیهكدا دانیشتووم
به‌دووی خۆمه‌وه‌م كاتێك ده‌بینم له‌و به‌ر شه‌قامه‌كه‌وه چاوه‌ڕوانی كه‌سێكم نایه‌ت،
به‌دووی خۆمه‌وه‌م كاتێك له‌پڕ ئاوڕده‌ده‌مه‌وه و
ته‌نها خۆم ده‌بینم.
***
من زۆر ژیام هاوڕێم، من زۆر ژیام …
من واده‌ڵێم به‌خۆم
من زۆر ژیام و منداڵه‌كانم نه‌هاتن ،
میترۆی دۆم كوڕه‌كانم دهباو
من به‌ته‌نیا له (بانهۆفی كۆلن) وه‌ك جانتایه‌كی قه‌دیمه‌ی غه‌مبار به جێده‌مێنم
من زۆر ژیام یاران، من ته‌نها ده‌نگیان،
ته‌نها ده‌نگیان ده‌بیستم و خۆیان نایه‌ن…
ئه‌وه ده‌ڵێم و له‌سووچی یه‌كه‌م كۆڵاندا بێ ئاوڕدانه‌وه له‌خۆم ونده‌بم.
***

من خۆم بیرچۆته‌وه یاران، من خۆمم له‌ڕابوردوودا بیرچۆته‌وه
من نازانم كه‌ی فۆتۆیه‌كم هه‌بووه بهسمێڵێكی گه‌وره‌وه
من بیرم نایه‌ت شۆڕشگێڕ بوو بووم،
من هه‌رگیز كۆڕهوم بیرنایه‌ت،
من كوژرانی دۆستانم ، خزمانم ، هاوڕێكانم، دراوسێكانم، بیرچۆته‌وه
من جه‌نگم بیرچۆته‌وه،
سه‌ربازگه ناشرینه‌كانی وادی حه‌جه‌ر،
جسر دیاله، سه‌ربازگه‌ی دۆڵی ئاسكان
ڕۆژانی قرچه‌قرچی به‌رده گه‌رمه‌كان لهبنپێماندا،
ڕۆژانێك فێربوو بووین چۆن قه‌مه بكه‌ین به‌ورگی دونیادا
من ئه‌مانه‌م هه‌مووی بیرچۆته‌وه .
من بیرمچۆته‌وه كه‌ی پاسه‌وانی به‌ندیخانه بووم،
بیرمچۆته‌وه كه‌خوێندكار بووم و كیژێك ئاشقم بوو ،
بیرمچۆته‌وه پێمگوتووه؛ خانم تۆ لهئهدرێسێكی هه‌ڵه‌دایت ،
من هی ڕۆمانس نیم ، من هی گوڵ نیم ..
***
دارستانێك له‌مندایه ڕه‌ش،
دارستانێك له‌ناومندا گیربووه،
ڕێگه‌كانی درێژ و درێژ تر ده‌بنه‌وه…

1963 Portrait of Henrietta Moraes- Bacon’s Female
Portrait
***
ڕێگه‌كان له‌ناو دارستانێكی ڕه‌شدا درێژ ده‌بوونه‌وه،
پیرێژنێك ،
پاپوشكایهك گووتی ؛ كوڕیژگهكهم ئه‌م ڕێگه‌یه بگره
ئه‌م ڕێگه باریكه‌ی ناو ئه‌م دارستانه‌و
له‌وێوه ده‌چیته سه‌ر یه‌كه‌مین گوندی ناوچه‌ی چێرنۆبل
باش بیت، باش بیت ….
من كه‌ی له(چێرنۆبلسكایا) بووم ،
من كه‌ی له‌به‌رلین بووم ،
من كه‌ی له‌به‌ری ئێران بووم ،
من كه‌ی لهئهستنبول خۆم له‌پۆلیس ده‌شارده‌وه و
كه‌یش له فڕۆكهخانهكهیدا پێكم هه‌ڵداوه و قاقا به‌وه پێكه‌نیووم
چونكه من جیاوازی نێوان پاس و فڕۆكه‌م نه‌زانیووه!
نه‌مزانیووه نا‌توانیت پانزه خولهك پێش فڕین خۆت هه‌ڵده‌یته ناو ئاسمانه‌وه و
له‌شه‌قه‌ی باڵبدهیت .
***
من نازانم كه‌ی فڕۆكه‌كه جێیهێشتم ،
كه‌ی دوایی سه‌رخۆش بووم
كه‌ی گه‌یشتمه ترانزێتی سیخیپۆڵ و
كێ له‌ستۆكهۆڵم چاوه‌ڕێی كردم !
فرۆكه‌خانه‌كان مه‌نزڵی ته‌نیایی منن ،
مه‌نزڵی سه‌رخۆشبوونی منن
مه‌نزڵی گریانێكی درێژن ،
درێژتر لهجۆگهكانی نێو ڕۆحم
من نازانم كه‌ی لهكارێزهوشك ژیاوم،
له‌ته‌یراوه شه‌ڕ بۆكسم كردووه،
له‌شه‌قڵاوه له‌ماڵی هاوڕێیه‌كی شه‌هید له‌نیوه‌شه‌ودا
گوێمان له‌خوڕه ئاوی جۆگه‌كان گرتووه…
***
ئاوه‌ها…دارستانه‌كه له‌ناو تیشكه‌كاندا گیری خواردووه
من له‌ناو تیشكه‌كاندا پهرتبوومهوه
ڕێگه‌كان له‌ناو ته‌نیایدا نقووم بوون
جۆگه‌كان له‌به‌ر بارانی ئه‌م دارستانه باریك و باریكتر بوونه‌وه .
باران دهمڕژێنهته ناو خۆم
دارستانه‌كه پهرتمدهكاتهوه به‌سه‌ر ڕۆشنایی
جۆگه‌كان هه‌ڵمده‌گرن بۆ دوور
باڵنده‌كان ده‌مبه‌ن بۆئه‌وێ
بۆلای ڕه‌گه‌كان …بۆ لای گه‌ڵاكان ،
بۆ لای تیشكی خۆر
ڕێگه‌كان ئازیزان،
ڕێگه‌كان كوڕه‌كانم
درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه
درێژ و درێژتر ده‌بنه‌وه …
یانواری \ فێبروار \ ٢٠١٧ له‌نده‌ن – هامستێد

ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه.

