پیرەمێرد، سەید حوسێن حوزنی موکریانی،مامۆستا گۆران و فایەق بێکەس لەچاپخانەی ژیان ساڵانی (1934-1938)

سۆفیستە کوردییەکان و هیومانیزمی کوردی


Loading

تا ئەو کاتەشی کە خوێندنگا لەدنیای کوردیدا هێشتا لەم شێوە مۆدێرنەیەدا بوونی نەبوو، خوێندەوارەکان ئەوانەبوون کە چینێکی تایبەتی تیۆلۆگی لەناو مزگەوت و خانەقاکان و تەکیەکانەوە پەروەردەیەکی دەستەبژێرانەی ئاینزاییانە دەکران. فێربوون و زانین تەنیا لەلایەن چینێکی تیۆکراتییەوە قۆرغ کرابوون. تەنیا لەگەڵ هەڵهاتنی یەکەمین گزنگی خۆری مۆدێرنەی کوردی ئیتر گرنگترین ئۆرگانی مۆدێرنە دەردەکەوێت، ئەویش خوێندنگایە. لێرەوە کۆمەڵێک ڕۆشنگەری کوردی دەرک بە گرنگی تێپەڕاندنی دەزگا دینییەکان دەکەن کە تەنیا چینێکی تیۆکراتی لێی سوودمەندبوون و لەڕێی هاندانی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ خوێندن و خوێندەواری بوونە دەستپێکی هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی پەروەردەیی مرۆییانە.

دەشێت یەکەمین چرکەساتی هیومانیزمی کوردی لەوەدا دەست پێ بکات کاتێک ئەو شاعیرانە هانی خوێندەواری کۆمەڵگه‌ دەدەن و پرۆسەی ئەلەفەبێتاندن دەستپێکی شەڕێکی ئەنتی جینیالۆژییە بۆ دابڕان لە دنیای جینیالۆژی دەستەبژێری تیۆکراتی. ئەوە سۆفیستە شاعیرەکان بوون ڕاڤەی تریان هێنایە ناو فەرهەنگی دۆگماتیکی کوردییەوە، کەبەر لەوان مەلاکان و مزگەوتەکان بەرهەمیاندەهینا. ئەو شاعیرانەی جگە لە لێهاتوویەکی زمانەوانی ڕەوانبێژییەک کەرەسەیەکی هونەری تریان نەبوو بۆ دەستکاریکردنی خواری وخێچییەکانی کۆمەڵگە.

لە کۆمەڵگەی ئەوسای کوردیدا چینێکی ژێرەوە هەبوو کە لەبەردەم پێشهاتەکانی ئەو چاخەدا بێچارە دەستەوەستان مابووه‌، ئەوە هاندانی ئەو شاعیرانە بوو وزەی فێربوونیان لەڕێی زمان و خوێندنەوە تیاتەقاندنەوە و ڕووبەڕووی بەرەنگارییەکانی سەردەمیان کردنەوە. لێرەوە زمان وەکو هونەرێک دەبێتە ئەنتی تێزەیەکی وجودییانە بۆ ئەوانەی بێچارەن. خەونی ئەو شاعیرانەی کە سەراپای کۆمەڵگا خوێنەوار بێت و پەروەردە بکرێن، جۆرێک بووە لە ئاڤانتگاردیزمێک بەرەو بەدیموکراتیزەکردنی سەرکەوتنەکان و بەرەو بە سۆسیالیزەکردنی هەموو دەرفەتەکان.

لە پیرەمیرد و زێوەر و بێکەس دا دەستپێکی ئەو ڕۆشنگەرە کوردییانە لەدایک دەبن کە لەمڕۆدا دەشێت وەکو سۆفیست پێناسیان بکەین. ئەوەی بیەوێت لەبارەی سۆفیستی کوردییەوە قسە بکات، ناتوانێت لەبارەی شاعیرەکانەوە بێدەنگ بێت. هەر خودی هیومانیزمی کوردیش لەم دوو فیگورەوە سەرهەڵدەدات. 

 

لێرەوەیە سەردەمی نوێی کوردی کە لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە لەدایک دەبێت دەشێت وەکو دەستپێکی سەرهەڵدانی سۆفیستیکە نوێکانی کورد بن. فیگوری دیاری ئەم ساتەوەختە ئەو شاعیرانە بوون کە هانی کۆمەڵگەیان دەدا، بخوێنن و پەروەردەی زانین وەرگرن. بەمەش جۆرێک لە هۆشیاری نوێ دزە دەکاتە نێو کایە کۆمەڵایەتییەکانەوە و ئیدی هێدی هێدی تارمایی خوێندن دەچێتە نێو خێزانەکانی کۆمەڵگەوە و کەسی پەروەردەبوو، فێرکراو و خوێنەوار بەرهەم دێت.  ئەم ڕێکارە فێرکارییە دەبێتە مایەی ئەوەی زۆرێک لە مرۆڤەکان ئاستی چینایەتی و کۆمەڵایەتی خۆیان تێپەڕێنن و هەڵکشێن. ئەگەر ئەو سۆفیستانە، وەکو ڕۆشنگەر چالاک نەبوونایە، شتێکی نەکردە بوو پرۆسیسی ئاستی خۆبەرزکردنەوە ئاوا بەشێوەیەکی بەربڵاو بەسۆسیالیزە بکرێت.

پیرەمێرد، سەید حوسێن حوزنی موکریانی،مامۆستا گۆران و فایەق بێکەس لەچاپخانەی ژیان ساڵانی (1934-1938) – سه‌رچاوه كوردوپیدیا

پیرەمێردی شاعیر لەدیارترین ئەو فیگورە ڕۆشنگەرانە بووە کە وەکو سۆفیستێکی چالاک لەهەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسی و چاپەمەنی ئەو قۆناغەی شاری سلێمانیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە بۆ هاندانی پەروەردەکردنی مناڵەکانی ئەو دەمە، هەر ئەو مناڵانە گەورە بوون و خوێندنیان تەواو کرد و بوونە مامۆستا و پزیشک و ئەندازیار و پارێزەر و وڕۆژنامەنووس و ئەدیب و نووسەر و ڕاوێژکار و سکرتێر و فەرمانبەر و کاربەڕێوەبەر وهتد. مامۆستاکان و نوسەرەکان بەشداری سەرەکین لە بەدیموکراتیزەکردنی دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگەدا، شاعیرانی وەک پیرەمێرد و بێکەس و قانع ئەو چالاکییە سۆفیستییانەیان ئەنجامداوە کە لەنێو گۆڕەپانەکاندا، لەشاروشارۆچکە وگوندو دێهاتەکاندا شیعریان خوێندۆتەوە و خەڵکیان ڕۆشنگەر کردووە.

ئەگەر بمانەوێت لە هیومانیزمی کوردی تێبگەین، دەبێت لەو شاعیرانەوە دەست پێ بکەین کە وەکو سۆفیستەکان بیریان دەکردەوە، تەنیا بەجیاوازی ئەوەی ئەمان بێ هیچ بەرانبەرێک و خۆبەخشانە بەو کارانەیان هەڵساون و بگرە زۆرجاریش لەسەر تێچووی خۆیان کار وپرۆژەکانیان ئەنجام داوە. ئەوان دەرکیان بەوە کردبوو کە لەڕێی فێربوونی خوێندەوارییەوە دەشێت مرۆڤ تواناکانی تریش لەناو خۆیدا بخاتە گەڕ. لەم قۆناغەدا زانین دەبێتە توانین. توانینیش دەبێتە بەرزکردنەوەی ئاستی کۆمەڵایەتی و هەبوونایەتی هەموو تاکێک.

 

سۆفیستی کوردی نوێکات.

هونەری قسەکردن و ڕەوانبێژی، ئەمڕۆ بووەتە خەسڵەتی هەموو ئەو کەسانەی دەنووسن، یاخود قسە دەکەن. واتە هەم بۆ نوسەر و هەم بۆ بێژەر. میدیاکانی ئەمڕۆ بەبێ بێژەری قسەزان و میدیاکاری ڕەوانبێژ دەبنە دەزگایەکی ڕووت و خاڵی لەهەر پرۆگرامێکی کاریگەر. کەسی میدیاکار ئەمڕۆ هەموو توانین و زانینەکانی خۆی لە ڕەوانبێژیدا چڕکردۆتەوە. میدیاکار لەڕێی ئامرازەکانی وەک تەلەفزیۆن و ئینتەرنێتەوە چوونەتە نێو هەموو ماڵێکەوە  و کایەیەکی بەرفراوانیان داگیرکردووە کە لەئەنجامدا توانیویانە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بدۆزنەوە و کاریگەریشیان لەسەر گۆڕینی میزاج و زەوق و هۆشیاری تاک و کۆمەڵگەی کوردی هەبێت.

لێرەوەیە میدیاکار لەخودی خۆیدا جۆرێکە لە سۆفیستێکی نوێکات. زۆر بە دیاریکراویش دەشێت بگوترێت ئیتر لەپاشڕاپەڕینەوە کۆمەڵگەی میدیایی کوردی بە سۆفیستیک دەستپێدەکات. چونکە میدیا بریتییە لەئامرازی بڵاوکردنەوەی تێڕوانینەکان نەک شتەکان و ڕاستەقینەکان. سۆفیستەکانیش هیچ ڕاستییەکیان نەدەگەیاندە هیچ کەسێک.

جیهانی میدیا واتە جیهانی وێنە، جیهانی وتە، نەک جیهانە ڕیالەکە. میدیاکار ڕێک پیادەی ئەم گووتە ناودارەی پرۆتاگۆراس دەکات: مرۆڤ پێوەری هەموو شتەکانە. واتە ئەوەی ڕاستی و دروستی شتەکان دەپێوێت ئەو ڕوانگەیەیە کە مرۆڤ بۆ شتەکە هەیەتی، ڕاڤەی مرۆڤ هەقیقەت دیاری دەکات نەک خودی شتەکە وەک خۆی.

لێرەوە جۆرێک لە ڕێژەگەرایی ڕوانین دێتە ئاراوە کە هیچ کاتێک ڕاستیەکە ناناسینەوە. میدیای کوردی زۆر توندڕەوانە (ڕێژەگەرایی ڕوانگەی) بەرهەمدەهێنێت، بەرنامەکانی؛ دووجار بیربکەرەوە، یان دژەباو، و دژەئاراستە و دیالۆگ و مایکرۆفۆن و چەندانیتر هەموو ئەو سۆفیستانەی لەپشتەوەیە کە ڕێژەگەرایی ڕوانین بەرهەمدەهێنن و تا دێت کۆمەڵگە لە ڕاستییەکە دوورتر دەخەنەوە و تاک و کۆمەڵگە دەخەنە ناو کێڵگەیەکی بەرفراوانی هەمەڕەنگی ڕاڤەکارییەوە، بەبیانووی ئەوەی تاکڕاستی و تاکڕەهەندی و دۆگما دەردێکی کوشندەی ژیانە و دیموکراسی ئەوەیە هەمەڕەنگی ڕوانین و گفتوگۆ بەرهەم بهێنرێت.

لەمڕۆدا هێندەی (تێگەیشتن) لەسەر شتەکان دروست دەکرێت هێندە (خودی شتەکان) وەک خۆی نابینرێن، ئیتر سەردەمی وێنە و وتەیە، لێرەوەیە سۆفیستی کوردیش کار بۆئەوە دەکات کە تێڕوانینەکان مرۆڤ بوروژێنن نەک خودی ڕووداوەکان و خودی شتەکان. چونکە لەبنەڕەتیشدا سۆفیستەکان وایان کرد ڕێژەگەرایی ببێتە پێوەر بۆ هەموو شتێک. بەنموونە لەبواری ئیتیک دا، ڕەوشتیان گرێ نەدەدایەوە بەو میراتییەوەی تاک لە بنەماڵەکەیەوە بۆی دەمێنێتەوە، بەڵکو بە ڕەفتاری تاکەکەس خۆی دەزانرێت، واتە مەرج نییە ئەوەی لە خانەوادەیەکی هەژارەوە هات بێت ئیتر مەحکومە بە هەژاری ئەبەدی، وەبەپێچەوانەشەوە. بەڵکو لەڕێی بەهرەی زمانەوە مرۆڤ شیانی ئەوەی هەڵگرتووە توانستەکانی بخاتە گەڕ و شوێنگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی خۆی پێ بەرز بکاتەوە. ئەلبێرت کامۆ کوڕی دایکێکی نەخوێنەوار بوو، کەچی لەبەر زمانە پاراوو کەشخەکەی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب وەرگرت.

هەر لەبواری میدیادا، جگە لە کەسی میدیاکار و ڕۆژنامەنووسەکانیش، خودی ئەو نوسەرانەش سۆفیستیکن کە زوو زوو لە تۆکشۆکانی هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا دەردەکەون و بارودۆخەکە ڕوون دەکەنەوە، یان لەسەر کۆتایی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕای خۆیان دەدەن و ناهێڵن و نایانەوێت گەل بە ڕاستی بگات. لەکاتێکدا خودی ئەنجامەکان بریتین لە ڕاستییەکە. ئەم نوسەرانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن زۆر پلاتۆنین، ئەگەرچی بانگەشەی ناپلاتۆنیزمییانە دەدەن. چونکە پلاتۆن خۆیشی پشکێکی لە سۆفیستک بەرکەوتووە، بگرە پشکێکی گرنگیش کاتێک دەڵێت حاکم دەبێت حەکیم بێت و حەکیمیش دەتوانێت حوکم بکات. پلاتۆن خۆیشی جارێک لە سیسیلیا بۆ ماوەیەک پەروەردەکار و ڕاوێژکاری ستەمکارەکەی سیراکوس بوو. شتێک کە ئەو بۆ سۆفیستەکانی بەقێزەون دادەنا، کەچی خۆی بووە سۆفیستی پاشا. ئیتر ئەم حوکمەی پلاتۆن داوێتی بەسەریاندا تاوەکو ئەمڕۆش وەکو جوێنێک درێژەی هەیە، هەموو فۆرمەکانی تری دەسەڵات، وە گوتاری باوی ئایدیۆلۆژی وەکو پلاتۆن سەرزەنشتی سۆفیستەکان دەکەن. لەکاتێکدا سۆفیست جۆرێکە لەو فیلۆلۆگەی/زمانەوانەی نیتچە دەیگووت پێویستمانە.

سلۆتەردایکیش لە وتارێکیدا فیلۆلۆگەکان دەکات بە سێ بەشەوە: بەشی یەکەمیان: وەک دیپلۆمات( واتە خوێنەرەوەی وەسیقە Urkundeleser)، یان وەک مێژووناس و وەک پێداگۆگەکان. بەشی دووەمیان هونەرمەندان دەگرێتەوە، وە بەشی سێهەمیان سۆفیستەکانن.

لەدوای ڕاپەڕینەوە، بەربڵاوترین فیگور هات بێتە دنیای ئێمەوە سۆفیستەکانن. هەموو بەڕێوەبەر و بازرگان و سەرۆکێک پیویستی بە ڕاوێژکارێک هەبووە بۆکاروباری سیاسی وەکو سکرتێر وەکارگێڕی وەکو بەڕێوەبەر وە تەندروستیش وەکو پزیشک لە پشتیەوە بێت ، بۆیە وەک سلۆتەردایک پێناسی دەکات، هەم سکرتێر و هەم بەڕێوەبەر و هەم پزیشکیش بریتین لە سۆفیست. ڕاوێژکاریش هیچ نییە جگە لە سۆفیستی خاوەنکار. جارێک دیۆگینس لە گەشتێکدا دەکەوێتە بەر دەستی چەتەکانی دەریا و وەکو کۆیلە دەیبەن بۆ بازاڕی فرۆشتن، کاتێک چەتەکان هەموو گیراوەکان نمایشی فرۆشتن دەکەن، کابرایەک دێتە پێشەوە و دەست بۆ دیۆگینس درێژ دەکات و لێی دەپرسێت تۆ چی دەزانیت، دیۆگینس دەڵێت: ڕاوێژکردنی مرۆڤ. کابرا ڕاستەوخۆ دەیکڕێتەوە و دەیباتەوە بۆ ماڵەوە لەپێناوی ئەوەی بەکاری بهێنێت بۆ بیرازکردن و تەمێکردن و ئامۆژگاری کردنی مناڵەکانی، پاش هەفتەیەک کابرا تێبینی دەکات ماڵەکەی زۆر ئارام و ڕێکخراوە، لەکاتێکدا پێشتر زۆر شلۆق و پەرتەوازە بووە، ئیتر بە خۆشحاڵییەکەوە بەدەم خۆیەوە دەڵێت: دیارە جنۆکەیەکی باش لەماڵەکەمدایە.

 

دیۆگینی سنیۆپی به‌ ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌قدۆنی ؛ لاچۆ ، تۆ به‌ری خۆرم لێده‌گریت .

ڕاوێژکار، ئەو قسەکەرە، ئەو سۆفیستەیە کە هەمیشە دۆخە خراپەکان بەرەو باشی دەبات، یان وەک پرۆتاگۆراس دەڵێت، کێشە قورسەکان دەکاتە کێشەی ئاسان. هەموو ئەو ئامرازەشی کەلەبەردەستیدایە بریتییە لە ڕەوانبێژی و بەس. هەڵبەتیشە ڕەوانبێژی بریتی نییە لە تەنیا یاریکردنێکی پەتی زمانەوانی، بەڵکو جۆرێکە لە ئەکرۆباتیکی ئەرگومێنت و ڕاڤە هێنانەوە بۆ بەرگریکردن و بۆ خۆچاککردن لە دۆخە خراپ و تەنگانەکاندا.

لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەبینین سەرۆکی هەموو حیزبێک لە کوردستاندا زیاد لەچەند سۆفیستێکی لەتەنیشتەوەیە، ئەو سەرۆکە لەیەککاتدا، جا ئەگەر بۆ ڕواڵەتیش بێت، زیاد لە چەند ڕاوێژکار وقسەکەرێکی هەیە. ئەوەشی سەرۆکی نەبوو، واتە سۆفیستێکی نوقسانە، وەک لە دۆخی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دەردەکەوێت کە ئێستا ئەو سکرتێری نییە، سکرتێریش خۆی بریتییە لە سۆفیست. وەک سلۆتەردایک دیاری دەکات مەکیاڤیللی یەکەم کەس بووە سکرتێری بۆ میر داناوە، ئەو سکرتێرەش هەر سۆفیستێکە.

ئێمە پێمانوایە لەم سەردەمەدا سۆفیست لە شوێنگە و فیگوری جۆراوجۆردا دەردەکەوێت، کەچی ئەو دیاردەیە لە سەردەمی ئەنتیکەوە لای گریکەکان هەر هەبووە. وەک سلۆتەردایک دەیگێڕێتەوە لەسەردەمی ئەنتیکدا هەموو بازرگانێک ڕاوێژکارێکی هەبووە، واتە سۆفیستێک، ئەمڕۆش هەر بەهەمان شێوەیە. وە هەموو وەرزشوانێک ڕاهێنەرێکی هەبووە، هەروەک ئەمڕۆ ڕاهێنەر سۆفیستی وەرزشوانە. لەسەردەمی گریکدا هەموو سەرۆک شارێک پزیشکی خۆی هەبووە، پزیشکیش چییە جگە لە سۆفیستی نەخۆشەکان. هەروەها لەبواری پەروەردەکردندا، هەموو مامۆستایەک سۆفیستی خوێندکارەکانێتی. بگرە هەموو کەسێک سۆفیستی تایبەت بەخۆیەتی؛ مادامەکی ئەو لەنێوان خۆی و خۆیدا لێکدانەوە وڕاوێژ بەخۆی دەکات، وەک سلۆتەردایک دەڵیت: من ڕاوێژی خۆم دەکەم. واتە من سۆفیستی خۆمم.

تێبینی؛ ئه‌مه‌ ته‌نها  بەشێکه‌ لەو گوتارەی لە ژمارەی نوێی گۆڤاری (لۆگۆس) ی ژمارە چوار  بڵاوکراوەتەوە و له‌كتێبخانه‌كاندا به‌رده‌ستده‌كه‌وێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین