شیرازنامه‌

بۆ فەتانەی خادم فارس

پێشەوا کاکەیی – قه‌سیده‌ی شیرازنامه‌ – بەشی هەشتەم

هێڵكاری ئانتۆمی مرۆڤ - سه‌ده‌ی چوارده‌ - منصور ابن محمد ابن احمد - له‌ژێر كاریگه‌ری ابن سینا
250
پێشه‌وا كاكه‌یی

 ئەو دەمەتان باش…دوای ساڵێک و چەند مانگێک، دێمەوە خزمەتتان. بە خودێی وەک گوڵعەنبەرتان لێ هاتووە، بە جارێک بیری ئینگۆم دەکرد. پرسیارێکم بە مێشکدا هات، ئاخۆ بۆچی ڕەشداگەڕاوم، نازانم بۆ وا هەست دەکەم، ئاسمان بێ پایەیە و خەریکە کەلاوەی دڵم دەڕووخێت. خۆ دەشزانم ئەم دڵە بچکۆڵانـەیەم، ئاسمانسازیی تێدا ڕەخساوە، بیر لە هەرچی ئەستێرە و مانگ و هەسارەیە دەکاتەوە، بیر لە هەموو گەردوون دەکاتەوە. لە نێو ئەو گەردوونە گەورەدا، ترسێکی کەم تا زۆرم هەیە، کە نازانم دڵ بێ پێچکەیە یان ئاسمان. دڵم دەیەوێت هەردەم ببزوێ، حەزی لە ئەوینداریی پشت پەردەیە، تاوەکینێ بیناسێ؛ ئەم زەمینە پان و پۆڕە بپشکنێ. چیت لێ وەشێرم، دەبەر بوونتان زێدەتر ژیانم پێ بدرێ؛ ئاخر ڕەوایە من بڕۆم و وەک گوڵ ڕەشداگەڕێی؛ هاودەمی کەی وەهایە، لە بوونتان بێ خەبەر بم. فەتانەی سەید زادەی ڕۆحبەر، تاوەکوو نەچینە بنج و بناوانی هەر شتێک، پایەکان لە لەرزە ناسرەوتێن، خۆ هیچ وەختێکیش، هاودەمیی تێکڕا و پێکڕا ناگەنە جێ؛ لێ دڵ ئاوێک بە گوفتاریدا نەکات، دڵ لە کردەدا دەوەستێ. گەشانەوەی هەر دڵێک، بەستراوە بە خوددەوە؛ دڵ دەیەوێت لێ بدات و گەشە بکات، ڕووەو زانین بڕوا، عاسێ نەبێ و ڕووەو عاسمان بێ. زەمین و عاسمان لە تاریکییدا پێک نەیەنەوە، ڕامێنین لەو هەموو تەرزەژینەی زەمین و دڵ بداتەوە ترپەترپ، ئەم تەرزە پڕ ڕەنگینەی زەمین، چی لە ئێمەی دەوێت، گەر ناسینی خود نەبێت؛ تاوەکینێ ڕامێنین و دانەمێنین. بۆ ئەوە لە زەمین نین وەک گوێرەکەیەک لەو دەشتانە بـەرەڵا بین و تێر بلەوەڕێین، دوایی لۆژەلۆژمان بێت و نەزاین ڕوو لەکوێ بکەین و چۆن لە سەوزیدا بلەوەڕێین. نامەوێت لە مانگا یان گایەکی کێوی بدەم، با هێندە چنۆک و خاپینۆک نەبین، چ لە ژیانی ئەوان دەگوزەرێ؛ مەگەر مرۆڤیش شەڕی دووەمی هەر بۆ لەوەڕین نییە؟ ئەوەی دەمەوێت لە زەمینەوە بۆ عاسمانێ بگێڕمەوە، ئەوەیە هەموو شتێک دە گیرفان ئاخین نییە. هەر لەبەر ئەوەشە، با زەمین و عاسمان دوودڵ نەبێت، لەباری یەکانگیرییدا وێک بێنەوە.

 

 

 پێشباس:-

 ئیبن سینا نیم، وەلێ لای ئەوم؛ وەختێک ئەو نامەیە دەنووسم، هەم برینپێچم، هەم خوێن لێ چۆڕاوم. هەم دەنووسم تا چاڵی دڵ پڕ بکەمەوە؛ هەمیش وەک نەشتەر، بە نووکی قەڵەم، قووڵایـیی دڵ هەڵدەکۆڵم، تا بزانم چ باسە و تا کوێی زام دەڕۆم. هەم بە کەلامی شەکری ئەمڕۆت، خۆم دەدوێنم؛ هەمیش بە کەلامی تاڵی ڕۆژگارم، تۆ دەدوێنم. دەمەوێت بزانم کە ئێوەی ڕۆحگوڵ، لە کوێی جیهاندان، بۆ وەی خۆم بزانم، ئایا لە جیهاندا هەم. بە جیهانبوونی من، لە بە جیهانکراوی تۆوەیە، وەک چۆن بە جیهانکراوی تۆ، لە بە جیهانکراوی منەوەیە. فەتانەی ڕۆح… خۆ ئەم بە جیهانکراوە، لە باری تەعالاوە نییە، بڵێین خودا دە کوێدا هەڵگرین؛ بەڵکوو باسەکە لەوەوەیە، کە ئایا ئەم چەپگەردییە، دەردی عیرفانە یان زەمانەیە. دەزانی چی، فەتانەی خادم فارس، با شتێک بڵێم: بیرم لەوە دەکردەوە، کە تیرهاوێژ تیرێک دەهاوێژێ، ناچێتە نێو دڵ و سەر سیخ دەکات، ئیدی ئەوکات ئەوە بزانە کە تیر بەرکەوتووەکە، بیر لە دوو حاڵەت دەکاتەوە، لە حاڵێکدا: ڕامانی تیژ دەڕوا، وەک ئەو تیرەی بە تەواوی بەرینەکەوووە و سەر سیخانە جیهانی دڵی جێهێشتووە؛ لە حاڵێکی دیکەشدا: بیر لەو تکە خوێنە دەکاتەوە، کە لێی چۆڕاوە و تیر درکی پێ نەکردووە. تیر دەڕوا بە دڵشکاویی و خوێنیش وەک تکاو، مەقامی ئەوین دەڵێ. تۆ سەرنج بدە، ئێمە چۆن بە جیهانکراوی جیهانی دڵ بین، کە تیر و خوێن بێ ئاگا بن و نەچنەوە نێو یەک جیهان!

 

فەتانەی خادم فارس، با ڕاشکاو بین، لەم زەمەندا، عیشق گۆڕانی بەسەردا هاتووە، نەک بە ویستی تۆ و من، بەڵکوو لەبەر پێداویستیی ناوجوودییەکان، کە لە پڕ ڕوو دەکەنە کۆمـەڵانی خەڵک؛ ئەمیش هەر دەستکردی مرۆڤ!. سەردەمی نامەی کاغەز و کاری وەرزێری نییە، سەردەمی یاخیبوون نییە، دوو ئەویندار بچنە نێو ئەشکەوت و تا دڵی دایە و بابەکان لە خورپەی پڕ دڵەڕاوکێ دادەمرکێتەوە؛ ئینجا بگەڕێنەوە ئاوایی. نا، بەڵکوو ئێستاکە تیرکە لە هەردوو لاوەیە و بگرە لە تەکنۆلۆژیاوە خێراتر ئەم تیر و کەوانە بەر یەک دەکەون؛ دایە و بابە بابەتێکی لاوەکییە. دڵشکان لە کۆندا زووتر هەوڵی چاکبوونەوەی دەدرا، چۆن لە ناوەوەی دڵ نەبوو، بەڵکوو تیرەکان لە دەرەوە ئاڕاستەیان دەکردن و دەیانویست بریندار ببن. لێ ئێستاکە دەبێت عیشق بە جۆرێکی دی بیدەینەوە بەر باس، گەر نموونەیەک وەربگرین لە ئێستاماندا، ڕەنگە ئەم تراژێدیایە لە بابەت بێتە دەرێ و بێتە جێی گاڵەتەئامێز. عیشقی ئەم سەدەیە، درێژەناکێشێ و بەر بزماری تەنکۆلۆژیا دەکەوێت. عیشق ڕووتبوونەوەیەکی دییە، کەی لە ڕووتی لایدا، بەر بزماری فەیسبووک دەکەوێت و سڕ دەکرێت. عیشق دەچێتە حاڵەتی سڕبوونەوە!…لێ، عیشق لە کولتووری کۆنی ڕاستەقینەی زەمین کەوتووە و لە ئاسمانیشدا کەمێ ڕواڵەت. بۆ وەی باسێک بۆ عیشقی زەمینیی و ئاسمان بکەینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ ڕابڕدوو، تا هیچ نەبێت پەنجەرەیەک بۆ جوانیی بکەینەوە و لێی بدوێینەوە.

 

 

هێڵكاری ئانتۆمی مرۆڤ – سه‌ده‌ی چوارده‌ – منصور ابن محمد ابن احمد – له‌ژێر كاریگه‌ری ابن سینا

لەبارەی عیشیقی زەمینیی و ئاسمانییەوە:-

لە عیشقی ئاسمانییدا، هەمیشە مەیلێکی قووڵبوونەوە و ڕۆچوونە نێو خودی خۆت زیاتر گەرەکە، هەتا وا هەست دەکەیت، دەبێت زەمین سەرتاپا ببێتە زەریایەک، مەلەی تێدا بکەیت؛ تاکوو نوقم بیت و جارێک بخنکێیت، هەست بکەیت بوویتە مەلەوان. لە عیشقی زەمینیدا، هەمیشە سەرکەشییەکی فڕین هەیە، زیاد لە باڵێک هەیە بۆ فڕین، هەست دەکەیت ئاسمان بەشی فڕینت ناکات؛ سەد جار تەنە ئاڵۆزەکانی خۆت پەرش دبن و دەچنەوە نێو یەک، خەیاڵ بە سەد لادا دەتبەن و دەتکەنە پاڵەوان.  فەتانەی ڕۆحبەر، بۆچی من وەهای نابینم، کە عیشقی سێکۆچکە هەبێت، یان بە دیوێکی دیکەدا بڵێم: لە یەک کاتدا، مرۆڤ هەم عاشقی بەرانبەر و هەم خودا بێت؛ پێم وایە مرۆڤ ناتوانێت لە یەک ساتدا دوو ئەوین پێکرا، درێژەی پێ بدا. مرۆڤ دەتوانێت لە کاتی جیاجیادا هەموو عیشقێک تێپەڕێنێت، وەلێ ناتوانێت تیکڕا ئەوە بکات. فەتای سەید زادەی ڕۆحبەر، تۆ بگەڕێوە بۆ ئەوینی زولەیخا، دەبینین سەرەتا «ئاموون»خودایەتی، دوا جار تێکی دەشکێنێت چۆن هەست دەکات یوزارسیف بۆتە هەمووی. وەختێک کە عاشقی یوزارسیف بووە و دواتر پێی دەگات، ئینجا لە دڵی یوزارسیفەوە، عاشقی خوداکەی دەبێت و یوزارسیف دەبێتەوە بە پلە دووی زولەیخا. مرۆڤ وەختێک بیەوێت لە عیشقی زەمینییەوە سەر بکێشێت بۆ ئاسمانی، دەبێت ئەو پەیوەندییە ڕەگەزییە تێپەڕێنێت و یەکێکیان لە لووتکەدا بهێڵێت. ئەگەر چی عیشق لە دیدگای «عەینولقۆزاتی هەمەدانی»یەوە، بۆ سێ جۆر دابەش دەکات. کە پێی وایە: عیشقی مەزن و ناوەند و بچووک هەیە.

 

عیشقی بچووک: عیشقی مرۆڤە بۆ خودا. عیشقی گەورە: عیشقی خودایە بۆ مرۆڤ. عیشقی مامناوەند: عیشقی مرۆڤەکانە بۆ یەکدی. باسەکەمان لەبارەی عەینولقۆزات نییە؛ بـەڵام ئەو وەهای دەبینێت، کە لە دوو عەشقەکەدا مرۆڤ بۆ خودا و خودا بۆ مرۆڤ، پەیوەندییەک نامێنێتەوە بۆ نێوان خودی مرۆڤەکان. ئەگەرچی من پێم وایە: مادام مرۆڤەکان خواست و ئارەزوویان هەیە، دەبێت خۆشەویستی لە نێوانیادا هەبێت. کەی خواست و ئارەزوو پووکایەوە، ئەم پەیوەندییەش دەپووکێتەوە و ئیدی دەپچڕێت. عیشقی یەکەم و دووەمیش، ڕوانگەیەکی دیکەم هەیە بۆی، کە تیکڕا و پێکڕا گەشە دەکەن و دەکوژێنەوە. فەتانەی خادم فارس، لە نامەی دادێت، درێژەپێدەری ئەوین دەبین و دەچینە یەکێ لە بابەتەکانی دیکە. لێرە لای ئیبن سینا، دەرمانی دڵ سەختە، کە خۆت نەبیتە دەرمان. بۆیە نابمە مایەی سەهێشەی ئینگۆ، لە کورتیدا بیبڕێنمەوە، لە نامەی داهاتووم «ئەبوماهیر شیرازی»دەبێتە میوانی ئێمە. هەردەم ساغ بن و شادمان بن؛ تا نامەی داهاتوو بە خوداتان دەسپێرم.

 

هەمەدان، گەنج تەپە، لالەجین

١٢-١٣/ ٠٨/ ٢٠١٨

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.

You might also like More from author

error: Content is protected !!