جۆرجیۆ ئاگامبێن; هــــاوڕێ

ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان

Parting of Sts Peter and Paul Led to Martyrdom 1625-26- Oil on canvas
215

1

هاوڕێیەتی بەتوندیی بەستراوەتەوە بە پێناسەى فەلسەفەوە، تا شوێنێك دەكرێت بڵێین، بەبێ [هاوڕێیەتی] لەڕاستیدا مەحاڵە فەلسەفە بوونی هەبێت. خووپێوەگرتن و نزیكیی نێوان هاوڕێیەتی و فەلسەفە قوڵییەكی وەهای لەخۆیدا هەڵگرتووە كە تەنانەت فەلسەفە لە ناوەكەی خۆیشیدا، philos، هاوڕێ، ئەم وشەیەى هەڵگرتووە، و وەك بەگشتی لە نزیكییەكیی لە ڕادەبەدەری وەهادا ڕوودەدات، بەتوندیی دەكەوینە بەردەم ئەم مەترسییەوە كە نەتوانین بە باشی و دروستیی لەم پەیوەندییە تێبگەین.

لە جیهانی كلاسیكدا، ئەم بێ كۆتی و ژمارەى پەیوەندییانە، هاوبەندییەكی ئاشكرا، لە نێوان هاوڕێ و فەیلەسوفدا وەك شتێكی ڕوون و ئاشكرا و پێدراو سەیردەكرا. كەواتە بێگومان بە ڕادەیەك بە مەبەست و نییەتی ڕەنگ و بۆنێكی كۆنەوە بەستراوەتەوە كە فەیلەسوفێكی هاوچەرخ – ئەو كاتەى پرسیاری “فەلسەفە چییە؟” دەكات – توانی بنووسێت، كە دەبێت ئەم پرسیارە لەنێوان هاوڕێیاندا، entre amis، بخرێتە بەرباس[1]. لەمڕۆدا ئەم پەیوەندییەى نێوان هاوڕێیەتی و فەلسەفە ڕووبەڕووی ڕسوایی و بێ ئیعتیباریی بووەتەوە و گومانی خراوەتە سەر، و فەیلەسوفە پرۆفیشناڵەكان و بەجۆرێك پەشێوی و ویژدانی ئازاردیتووەوە دەیانەوێت لەگەڵ ئەم هاوبەشە ئازاردەرە و پشت پەردەیەى بیركردنەوەیەدا خۆیان بگونجێنن.

چەند ساڵێك لەمەوبەر، من و هاوڕێم (ژان لوك نانسی)  بڕیارماندا چەند نامەیەك دەربارەى هاوڕێیەتی ئاڵوگۆڕ بكەین. ئێمە باوەڕمان بەوە هێنابوو ئەمە باشترین ڕێگای نزیكبوونەوەیە لە – بە ئەندازەیەك پیشاندانی – مەسەلەكە كە پێدەچێت جگە لەم شێوازە، بەرهەڵستیی بەرانبەر بە هەموو جۆرە تێگەیشتنێكی شیكاریی [دیكە]دا دەكات. من یەكەم نامەم نووسی، و بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی وەڵامی ئەوم دەكرد. لێرەدا، شوێنی ئەوە نابێتەوە تاكو بێم هەوڵی دەرككردن و تەفسیركردنی ئەو بەڵگە و هۆیانە بدەم – و یان لەوانەیە، ئەو هەڵە تێگەیشتنانە بدەم – كە بووە هۆى ئەوەى گەیشتنی نامەكەى (ژان لوك) ئاماژەى كۆتایی پرۆژەكە بووبێت. بەڵام ئەم خاڵە تەواو ڕوون و ئاشكرایە– كە واماندادەنا هەلێكی تاقانە بۆ نزیكبوونەوە لەم مەسەلەیە بەدیبهێنێت – لە بەرامبەردا جۆرێك لە بەربەست بوو، و بەم هۆیەوە تاڕادەیەك، لانیكەم بە شێوەیەكی كاتی، هاوڕێیەتی ئێمەى خستە ژێر كاریگەریی خۆیەوە.

ئارستۆ : O philoi, oudeis philos، ” هۆ هاوڕێیان، هیچ هاوڕێیەتییەك بوونی نییە”.

هەستیی پەشێوی و ئازارێكی لەم چەشنە و لەوانەیە بەئاگاییشەوە بووبێت كە بووە هۆى ئەوەى دێریدا وەك مۆتیڤ و پاڵنەرێكی سەرەكیی دروشمێكی ئیلهامی و غەیبانیی دەربارەى هاوڕێیەتی بۆ كتێبەكەی خۆی هەڵبژێرێت، كە بەشێوەیەكی نەریتی دەدرێتە پاڵ (ئەرستۆ)  ئەو دروشمەى لە دەقی هەمان ئەو ژێستەدا كە بەهۆیەوە ڕواڵەتییانە داوای هاوڕێیەتی دەكات، كەچی نەفیشی دەكاتەوە. O philoi, oudeis philos، ” …هۆ هاوڕێیان، هیچ هاوڕێیەتییەك بوونی نییە”.

لەڕاستیدا، یەكێك لە كرۆكە بنچینەییەكانی كتێبەكە، ڕەخنەگرتنە لەو شتە كە نووسەر پێیدەڵێت چەمكی (فالۆسێنتەریكی بۆ هاوڕێیەتی)  و لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ئەمە هەیمەنەیەكی تەواوی بەسەر نەریتی فەلسەفی و سیاسیی ئێمەدا هەیە. ئەو كاتەى هێشتا (دێریدا) لەسەر ئەو وتارە ئیشی دەكرد، كە سەرچاوەى ئەم كتێبەیە، ئێمە مشتومڕێكی جدییمان لەسەر كێشەى فیلۆلۆژیا هەبوو، كە پەیوەندیی بە دروشم یان كینایەوە هەبوو. دەتوانین ئەم كینایەیە (quip) هەم لە بەرهەمەكانی مۆنتەنی و هەم لە كارەكانی نیتچەدا ببینینەوە و هەردووكیشیان ئەمەیان لە (دیۆگنیس لایرتیوس) وەرگرتووە. بەڵام ئەگەر یەكێك لە ئیدیتە تازەكانی كتێبی “ژیانی فەیلەسوفە گەورەكان” بكەینەوە، لەو بەشەى بۆ ژیاننامەى ئەرستۆ تەرخانكراوە، ئەوا ئەو ڕستەیە نابینینەوە، بەڵكو لە بەرامبەردا، ڕووبەڕووی ڕستەیەكی دیكە دەبینەوە، كە ڕواڵەتییانە بە موتڵەقی لەگەڵ ڕستەكەى سەرەوەدا یەكسانە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش – مانایەكی جیاواز و كەمتەر ڕازئامێزانەى هەیە “σl philoi, oudeis philos ” “ئەو كەسەى هاوڕێی زۆری هەبێت، تەنانەت یەك هاوڕێشی نییە”[1].

سەردانكردنێكی كورتی كتێبخانە بەسە، تاكو ئەم ڕازە بكرێتەوە. ئیدیتێكی نوێی كتێبی “ژیانی فەیلەسوفە گەورەكان” لە ساڵی 1616دا چاپ و بڵاوكرایەوە، كە لەلایەن فیلۆلۆژیستی گەورەى ژنێفییەوە، ئیزاك كازابۆن[2]، ئیدیت و ئامادە كرابوو. كازابۆن دوای گەیشتن بەم پەرەگرافە – كە لە ئیدیتی زڕباوكەكەیدا، (هێنری شتاین،) هێشتا “هۆ هاوڕێیان…” هاتووە – ئەم ڕستە ڕازئامێزەى نوسخە دەستنووسەكانی بەبێ هیچ گومانێك چاككرد، و تا ئەو شوێنەى ئەم شتە تەواو ڕوون و قابیلی تێگەیشتن بوو، دواى ئەوە، لەلایەن ئیدیتۆرە مۆدێرنەكانیشەوە قبوڵكرا.

 

سەرەڕای ئەوەى خێرا دێریدام لە دەرەنجامەكانی توێژینەوەكەم ئاگادار كردبووەوە، بەڵام كاتێك كتێبەكەى ئەو “سیاسەتی هاوڕێیەتی”[3] بڵاوبووەوە، تەواو تووشی سەرسوڕمان بووم لەوەى بۆچی هیچ نیشانە و ئاماژەیەك بۆ خوێندنەوەى دووەم نەكراوە و نییە[2]. بێگومان لەبەر فەرامۆشی و لەبیركردن نەبوو ئەم كینایەیە – كە بە بۆچوونی فیلۆلۆژیستە مۆدێرنەكان ساختە و تەوزویرە – لە فۆرمی دەستپێك و سەرەتایدا دەگوزارێتەوە؛ بەڵكو ئەمە بۆ ستراتیژییەتی كتێبەكە بنچینەیی بوو، كە هاوڕێیەتی لە زەمەنێكدا هەم پشتڕاست بكرێتەوە و هەمیش ڕەت بكرێتەوە.

 

لەم مانایەدا، ژێستی دێریدا دووبارەكردنەوەى ژێستی نیچەیە. ئەو كاتەى نیچە هێشتا خوێندكاری فیلۆلۆژیا بوو، دەستیكردبوو بە لێكۆڵینەوەیەك لەسەر سەرچاوەكانی كتێبی دیۆگنیس لایرتیۆس و بەمجۆرە دەبوو تەواو ئاشنا و ئاگاداری مێژووی دەقێكی نوسخە جیاوازەكانی “ژیانی فەیلەسوفە گەورەكان” (بەتایبەت نوسخەكەى كازابۆن) بووبێت. سەرەڕای ئەمە، زەروورەتیی هاوڕێیەتی و لە هەمانكاتدا، جۆرێك بەدگومانی تایبەتیی دەرهەق بە هاوڕێیان شتێكی بنچینەیی بوو لە ستراتیژییەتی فەلسەفیی نیچەدا. پشت بەستنی ئەو بەو پەرەگرافە نەریتییەى تەنانەت لە سەردەمی خۆیشیدا ڕەتكرابووەوە، هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرێت (ئیدیتی 1828ی هۆبنەر[4]ی ئەم كتێبە، نوسخەى مۆدێرنی قبوڵكردبوو، و ئەم پەراوێزەیشی بۆ زیادكردبوو: legebatur o philoi, emendauit casaubonus).

2

ڕەنگە دۆخی مانایی سەیروسەمەرەى زاراوەى “هاوڕێ” بەشداریی لە ئاڵۆزكردن و پەرێشانكردنی فەیلەسوفانی مۆدێرن كردبێت. ئەم شتە مەعریفەیەكی گشتگیرە كە كەسێك هەرگیز ناتوانێت بە جۆرێكی ڕەزامەندبەخش مانای زنجیرەى سینتاگمی(syntagm) “من عاشقی تۆم” دەستنیشان بكات؛ تاكو ئەو جێیەى دەكرێت مرۆڤ بڵێت ئەم زنجیرەى سینتاگمە خەسڵەتێكی پێرفۆرماتیڤ و جێبەجێكاری هەیە، و یان بە دەربڕینێكی دیكە دەڵێت ماناكەى لەگەڵ ئەكتی ئەم دەربڕینەدا دەگونجێت. دەتوانین گەلێك تێبینی و سەرنجی هاوشێوە دەربارەى دەستەواژەى “من عاشقی تۆم” بخەینەڕوو، تەنانەت وەك لێرەدا ئەگەر گەڕانەوە بۆ كاتیگۆریی پێرفۆرماتیڤ وەك شتێكی مەحاڵیش دەربكەوێت. بەڵام لای من “هاوڕێ” سەر بە چینێكی یەكەمی زاراوەكانە كە زمانناسان لەژێر ناوی زاراوە ناهەڵگیراوەكان[5]دا پێناسەى دەكەن؛ مەحاڵە بتوانین چینێك لەم زاراوانە دروست بكەین، هەموو ئەو شتانەى لەخۆیدا هەڵگرتبێت، كە ئەو هەڵگیراوەى باسمان كرد پشتی پێیان دەبەستێت. سپی، ڕەق، یان گەرم بێگومان زاراوەگەلی هەڵگیراون، بەڵام ئایا دەشێت بڵێین؛ “هاوڕێ” پێناسەكەری چینێكی یەكگرتووە، لە ماناكەى سەرەوەدا؟

هەرچەند ئەم شتە زیاتر عەجیب و غەریب دەربكەوێت، ئەوا هاوڕێ بەشداری بەم جۆرە چۆنایەتییەى خۆی لەگەڵ بەشێكی دیكەى زاراوە ناهەڵگیراوەكاندا دەكات: سوكایەتییەكان(insults). زمانناسان پیشانی دەدەن كە سوكایەتییەكان لەڕێگای تێكەڵكردن و ئاوێتەكردنی ئەو كەسەى سوكایەتیی پێكراوە لەنێو كاتیگۆرییەكی تایبەتیدا، ئەو ناڕەنجێنن (بۆ نمونە، سووكایەتی پەیوەندیی بە كاتیگۆریی پیسایی یان ئەندامی سێكسیی ژنانە و پیاوانەوە هەیە تەنها شتێكە سەر بە زمانە) – ئەمەش شتێكە لە بنچینەدا مەحاڵ و هەرچۆنێك بێت نادروست و درۆزنانەیە. سووكایەتیەك ڕێك لەو شوێنەدا كاریگەریی هەیە كە وەكو دەربڕینێكی خەبەری یان هەواڵی [یەكلاییكەرەوە] كار ناكات، بەڵكو لە بەرانبەر بە ئەرك و وەزیفەكەى، وەك ناوێكی تایبەتیی(proper Noun) ئیشدەكات؛ ئەم شتە لەو ڕووەوە دەشێت، كە سوكایەتی زمان بەكاردەهێنێت تاكو لەڕێگایەوە ناوێكی لەم چەشنە بە كەسێك ببەخشێت، كە شەخسی ناولێنراو نەتوانێت ناوی خۆى قبوڵ بكات و هەروەها نەتوانێت لەناو خۆیدا بەرگری لە بەرانبەریدا بكات (وەك ئەوەى كەسێك پێداگریی لەسەر ناونانی من بە گاستۆن كردبێت لەكاتێك دەزانێت ناوی من جۆرجیۆیە).

دەربڕینێكی دیكە، ئەو شتەى لە سوكایەتیدا ئازاری بەدواوەیە، بەشێكی ئەزموونی زمانیە، نەك جۆرێك گەڕانەوە بۆ جیهان.

ئەگەر ئەم خاڵە ڕاست بێت، هاوڕێ لەم شوێنەدا بەشداریی لەگەڵ زاراوە فەلسەفیەكانیشدا دەكات، نەك بە تەنها لەگەڵ سووكایەتیەكاندا – زاراوەگەلێك، وەك زۆرێك گوتوویانە، هیچ جۆرە دەلالەتێكی جیاكردنەوە و پشتڕاستكەرەوەى ئوبێكتیڤی نییە، بەڵكو وەك ئەو زاراوانەى كە لۆژیكزانەكانی سەدەكانی ناوەڕاست ناوی “ترانسێندێتاڵ” یان بەسەردا دەبڕی، تەنها دەلالەت لەسەر بوون دەكەن.

3

 

لە نێو كۆمەڵەی گەلەریی نەتەوەیی هونەری كۆنی ڕۆمادا، تابلۆیەكی جیۆڤانی سیرۆدینی هەیە كە دیدار و یەكتربینینی (قەشە پۆڵس)  و (قەشە پەترۆس) لە شەقامێكدا پیشان دەدات، كە بە شایەتهێنانی ئەوان كۆتایی دێت. ئەم دوو قەشەیە، بەبێ جوڵە، سەنتەری كەڤانسی(پەردەى وێنەكێشیی) تابلۆكەیان بۆخۆیان داگیركردووە، لەكاتێكدا جوڵەى دڕندانە و ناڕێكخراو و پەرتەوازی سەربازان و ئەو جەللادانەى ئەوان بەرەو ئەشكەنجە و مەرگ دەبەن، دەوروخولی ئەوانی داوە.


Parting of Sts Peter and Paul Led to Martyrdom
1625-26- Oil on canvas
Galleria Nazionale d’Arte Antica, Rome

 

بەگشتی ڕەخنەگران هەڵوێست و شوێنی بەرانبەری نێوان شەهامەتی پاڵەوانانەى ئەم دوو پەیامبەرە و بێ ئۆقرەیی دانیشتووانیان پیشانداوە، ئەو بەرانبەرێتیەى لێرە و لەوێ بەهۆى تیشكدانەوەى تاڕادەیەك ڕێكەوتی خۆر لەسەر دەستەكان، ڕووخسارەكان و شەیپورەكان بەرجەستە بووەتەوە. تا ئەو شوێنەى پەیوەندیی بە منەوە هەیە، ئەو شتەى لەڕاستیدا ئەم تابلۆیە دەكاتە شتێكی بێ وێنە، ئەوەیە كە سیرۆدینی توانیوویەتی دوو پەیامبەر هێندە نزیك لە یەكتری بكێشێت (بەڕادەیەك ناوچەوانیان بەیەكەوە نووساوە) كە هەرگیز ئەوان نەتوانن یەكتری ببینن. لە ڕێگای شایەتیداندا، ئەوان بەرانبەر بەیەكترین بەبێ ئەوەى یەكتری بناسنەوە. كاریگەریی ئەمجۆرە نزیكییە زیادەڕۆییە لەلایەن ژێستی بێدەنگی دەستە لەرزۆكەكان و بە سەختی قابیلی بینینەوە، لە خوارەوەى تابلۆكەدا، بەهێزتر دەبێت. هەمیشە لای من ئەم تابلۆیە باشترین و كاملترین تەمسیل بووە بۆ هاوڕێیەتی. ئایا لەڕاستیدا هاوڕێیەتی شتێكە جگە لەجۆرێك نزیكی كە لە بەرانبەر بە نواندنەوە و بەچەمكیكردندا بەرگری و بەرهەڵستی دەكات؟ ناسینەوەى كەسێك وەك هاوڕێ بە مانای توانا و قابیلییەتی ناسینەوەى ئەو نییە وەك “شتێك”. بەهاوڕێدانانی كەسێك شتێكی بە یەكسانزانینی ئەو لەگەڵ “سپی”، “كۆچەری” یان “گەرم”دا نییە، چونكە هاوڕێیەتی ناتوانێت وەك خاوەن یان چۆنایەتییەكی سەر سوبێكتێك ببینین.

4

ئاگامبێن

بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە دەستبكەین بە خوێندنەوەى ئەو پەرەگرافەى ئەرستۆ، كە دەمانویست شیبكەینەوە؛ واتا خودی ئەو فەیلەسوفەى نوسینێك بۆ بابەتی هاوڕێیەتی تەرخان دەكات، نوسینێك لە كتێبی هەشتەم و نۆیەمی “ئەخلاقی نیكۆماخۆس”دا هاتووە. بەمجۆرە لێرەدا سەروكارمان لەگەڵ یەكێك لە بەناوبانگترین و مشتومڕسازترین دەقەكانی نێو كۆى مێژووی فەلسەفەدا هەیە و من دەتوانم جەختی لەسەر بكەمەوە, كە ئێوە ئاشنان بەو تێزە بەناوبانگانە. واتا ئەو تێزانەى ئێمە ناتوانین بەبێ هاوڕێیان بژین، یان ئێمە پێویستمان بەوە هەیە كە جیاوازیی لەنێوان ئەو هاوڕێیەتییەى لەسەر بەرژەوەندی و چێژ و هاوڕێیەتیی بە فەزیلەت دابنێین، واتا ئەو شوێنەى بەهۆى خودی خۆیەوە هاوڕێمان خۆشدەوێت؛ واتا ئەوەى مەحاڵە هاوڕێی زۆرمان هەبێت، و هاوڕێیەتی دوورمەودا ووردە ووردە فەرامۆشی و لەبیركردنی لێدەكەوێتەوە… هتد. ئەم خاڵانە هەند مەعریفەیەكی گشتین، كە هەموومان ئاگامان لێیانە. سەرەڕای ئەمە، پەرەگرافێك لەم نووسینەدا هەیە كە هەرچەندە دەتوانین بە مانایەك وەك بونیاد و بناغەى ئۆنتۆلۆژییانەى تیۆریی هاوڕێیەتیی ئەرستۆ سەیری بكەین، بەڵام بە بۆچوونی من بەباشی ووردبوونەوە و سەرنجی نەخراوەتە سەر. من ئاماژە بە پەرەگرافی 1170a28 تاكو 1171b35 دەكەم. وەرن با بەیەكەوە ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە:

“ئەو شتەى بینەر هەستبكات (aisthanetat) خەریكی سەیركردنە، بیسەر هەست بكات خەریكی بیستنە، ڕێبوار (he who walks) هەستبكات خەریكی ڕێگەبڕینە، بەمجۆرە ئەوەى شتێك لەئێمەدا هەیە ، كە لە چالاكییەكانی دیكەى ئێمەشدا هەستدەكات ئێمە خەریكی كردنی ئەو كارانەین، بەجۆرێك كاتێك هەست دەكەین، هەست بكەین، خەریكی هەستكردنین و كاتێك بیردەكەینەوە هەست بكەین خەریكی بیركردنەوەین. دەكرێت ئەم كارانە وەك هاوتای هەستكردن بە “بوون” existence بزانین: چونكە هەبوون لەڕاستیدا بەمانای هەستكردن و بیركردنەوە دێت.

هەستكردن بەوەى ئێمە زیندووین، لە ناوەوە و بۆ خۆمان شتێكی خوازراو و شیرینە، چونكە ژیان بەپێی سروشتی خۆی باشە و پێدانی چاكەیەكی وەها بە ئێمە شتێكی خوازراو دەبێت.

ژیان خواستنە و زیاتر لە هەمووان بۆ ئەوانەى باشن، چونكە بۆ ئەوان هەبوون شتێكی خوازراو و باشە.

بۆ پیاو چاكان، ‘ڕازیبوون‘ [هەستكردن بەیەكتری][6] دەبێتە هەستكردنێكی خوازراو و شیرین، چونكە ئەوان خۆیان بە باش دەناسن، و لەم ڕووەوە ڕەفتار و هەستكردنی پیاوی چاك لەگەڵ خۆیدا وەك ڕەفتار و هەستكردنی ئەو وایە دەربارەى هاوڕێكەى؛ بەڕاستی هاوڕێ خودێكی دیكەیە[7]. و بەو جۆرەى بۆ هەموو واقیعی هەبوونی خۆیان شتێكی خوازراوە، ئەوا هەبوونی هاوڕێیانیشیان هەر بەمجۆرە – یان لانیكەم بە هەمان چەشن – دەبێتە شتێكی خوازراو. هەبوون خوازراوە چونكە مرۆڤ هەستدەكات ئەمە شتێكی باشە، و هەستێكی لەم چەشنەش لەخودی خۆیدا شتێكی خوازراوە. كەواتە ئینسان دەبێت هەست بە هەبوونی هاوڕێكەیشی بكات (هاوهەستی هەبێت) و ئەم شتەش لەڕێگای بەیەكەوە ژیان و هاوبەشبوون لە كارەكان و بیركردنەوە هاوبەشەكاندا[8] ڕوودەدات. لەم مانایەدایە كە ئێمە دەڵێین ئینسانەكان بەیەكەوە دەژین[9]، بەپێچەوانەى ڕەشەوڵاخ كە تەنها لە لەوەڕگایەكی تاك و تەنهادا بەیەكەوە دەلەوەڕێن.

لەڕاستیدا، هاوڕێیەتی جۆرە كۆمەڵ[10][بەیەكەوەبوونێكە؛ بۆیە بەو چەشنەى چۆن دەرهەق بەخۆمان كار دەكەین، دەرهەق بە هاوڕێیانیشمان هەر بەو جۆرەین و كەواتە لەبەر ئەوەى هەستی هەبوون[11] بۆ ئێمە خوازراوە، ئەوا هەبوونی هاوڕێیانیشمان بۆ ئێمە شتێكی خوازراو دەبێت”.

5

 

لێرەدا بەر پەڕەگرافێك دەكەوین، كە بەشێوەیەكی نائاسایی شاراوە و ناڕوونە، چونكە (ئەرستۆ) چەندین تێزەى فەلسەفەى یەكەم لەنێو ئەم پەڕەگرافەدا دادەڕێژێت، كە بەم چەشنە لە هیچ یەكێك لە نوسینەكانی دیكەى ئەودا دووبارە نەبووەتەوە.

 

  1. لێرەدا جۆرێك هەستكردن بە (بوونی پەتی) بەشێكی austhesis بوون هەیە. ئەرستۆ چەندین جار و لەڕێگای ئامادەكردنی زاراوە تەكنیكییە ئۆنتۆلۆژییەكانەوە ئەم خاڵە دووبارە دەكاتەوە: aisthanometha hoti semen, aisthesis hoti estin كە لێرەدا hoti estin هەمان بوون – quad est -ـە، دیارە تا ئەو شوێنەى بەرانبەر بە جەوهەر [quid est, ti estin] وەستاوەتەوە.

  2. ئەم هەستكردنە بە (هەبوون)  خۆی لەخۆیدا شتێكی خوازراو و شیرینە(hedys).

  3. جۆرێك هاونرخی و یەكسانی[12] لەنێوان هەبوون و ژیاندا هەیە، واتا لەنێوان هەستكردن بە بوونی خۆمان و هەستكردن بە ژیانی خۆمان. ئەمە جۆرێك پێشبینیی ئاشكرا و ڕوونی ئەو تێزەى نیچەیە كە ئاوایە:

    نیتچه‌ و كتێبی زه‌رده‌شت ئاوه‌های گووت.

    بوون – ئێمە جگە لە ڕێگای ژیانكردن، هیچ ڕێگایەكی دیكەمان نییە بۆ وێناكردنی”[3] (بانگەشەیەكی هاونرخ، ئەگەرچی زۆر ژەنەریكتر: دەتوانین لە كتێبی “دەربارەى دەروون”دا 415b13 بیبینینەوە: بوون، بۆ بوونەوەری زیندوو، خودی ژیانە)[4].

  4. لەنێو ئەم هەستكردن بە هەبوونەدا، هەستكردنێكی دیكەیش هەیە، بەدیاریكراوی هەستكردنێكی ئینسانی، كە فۆرمی جۆرێك هەستكردنی هاوبەش یان ڕەزامەندبوون لەگەڵ بوونی هاوڕێدا بەخۆیەوە دەگرێت. هاوڕێیەتی بریتییە لە ئەم ساتی “بەیەكەوە-هەستكردن”ـەى بوونی هاوڕێ لەنێو دڵی هەستكردن بە خودی بووندا. لەم ڕووەوە، ئەمە بەو مانایە دێت كە هاوڕێیەتی جۆرێك پێگەى ئۆنتۆلۆژیی و سیاسیی هەیە. لەڕاستیدا، ئەم هەستكردنەى بوون هەمیشە لەپێشەوە هەم دابەشكراوە[13] و هەم [لەگەڵ ئەوانیدیكەدا] هاوبەش بووە[14]، و هاوڕێیەتی ناوێكە بۆ ئەم “بەیەكەوە-هاوبەشبوون”ـە. ئەم “هاوبەش-بوون”ـە هەرگیز پەیوەندییە بە خیمێرا[15]ی مۆدێرنی ئینتەرسوبێكتیڤیتەدا، یان هەمان پەیوەندیی نێوان سوبێكتەكاندا نییە. لە بەرانبەردا، بوون خۆیەتی كە لێرەدا دابەش دەبێت، ئەمەش بوونێكە نایەكسان یان نا-شوناسە[16] لەگەڵ خۆیدا، و بەمجۆرە “من” و “هاوڕێ” دوو جەمستەری ئەم “بەیەكەوە-هاوبەشبوون”ـەن.

  5. بەم پێیە، دوو هاوڕێ “خودێكی دیكە”یە[17]. ئەم دەستەواژەیە لەڕێگای وەرگێڕانی لاتینی ئیگۆوە، alter ego، مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، كە ناتوانین لێرەدا دووبارە دروستیبكەینەوە. بەڵام خستنەڕووی ئەم خاڵەش گرنگە، كە فۆرمولەبەندیی یۆنانی ئەم دەستەواژەیە زۆر زیاتر لەوەى گوێی مۆدێرن تێیدەگات، پڕ و ئاوسە بە مانا. زیاتر لە هەمووان، زمانی یۆنانی، وەك لاتینی، دوو وشەى بۆ غەیری[18] هەیە. Allos [لاتینی alius] غەیرێكی ژەنەریكە، لەكاتێكدا heteros [لاتینی alter] غەریكێكە لە مانای جۆرێك دژایەتیی نێوان دوو شتدا، وەك ئەو شتەى لەنێو ناچوونییەكێتی[19]دا ڕووبەڕووی دەبینەوە. سەرەڕای ئەمە، ego ی لاتینی وەرگێڕانێكی دروست و گونجاو نییە بۆ autos كە مانای خود self دەبەخشێت. هاوڕێ “من”ێكی دیكە نییە، بەڵكو جۆرێك ئەویدیكەبوونی ئیمانێنس (ناونشین)ـە بۆ “بەخۆبوون”[20]، واتا بەشێكی دیكەى بوون بەخۆ. هەستەكانی من لە هەمان ئەو دۆخەى بوونی خۆم وەك شتێكی خوازراو دەرك دەكەم، ئەوا جۆرێك هەستی هاوبەش ئەزموون دەكەم كە ئەم [هەستە هاوبەشە] دەباتە دەرەوەى شوێنەكەى و بەرەو هاوڕێ، یان هەمان خودێكی دیكە، دەیجوڵێنێت. هاوڕێیەتی لەسوبێكت داماڵینە لەنێو دڵی ناوەكیترین و شەخسیترین هەستكردن بەخۆدا.

6

 

لەم قۆناغەدا دەتوانین دۆخی ئۆنتۆلۆژیانەى هاوڕێیەتی لە فەلسەفەى ئەرستۆدا بەڕاشكاویی بەدەستەوە بدەین. هاوڕێیەتی سەر بە prσté philosophia [فەلسەفەى یەكەم]ـە، چونكە ئەوەى لە فەلسەفەى یەكەمدا قسەى لەسەر دەكرێت، پەیوەندیی بەم جۆرە ئەزموون و هەستكردنە بە بوون هەیە. بەمجۆرە، تێدەگەین بۆچی هاوڕێیەتی ناتوانێت هەڵگرێكی واقیعی بێت كە دەبێتە پاشكۆی چەمكێك تاكو لەو ڕێگایەوە لە چینێكی دیاریكراودا جێگیر بكرێت. بە بەكارهێنانی گەلێك زاراوەى مۆدێرن دەتوانین بڵێین هاوڕێیەتی شتێكی ئێگزیستێنسیالە (وجودیه‌) نەك شتێكی كاتیگۆریاڵ. سەرەڕای ئەمە، بوونی ئەم شتە ئێگزیستێنسیالە – كە لەم ئاستەدا چەمكسازیی بۆ بكرێت – پڕە لە گەلێك بەشی توند و سەخت كە بەشتێكی وەك جۆرێك پۆتێنشیەڵیتەى سیاسیی پڕی دەكاتەوە [شەحنی دەكاتەوە]. ئەم توندیی و سەختییە هەمان syn، con- یان with [لەگەڵ]ـە كە هەستێكی یەكسان، خودێكی خوازراوی هەبوون دابەش دەكات، پەرتەوازەی دەكات و وایلێدەكات قابیلی بەشداریكردن و هاوبەشبوون بێت (لەڕاستیدا، ئەم شتە هەمیشە لە پێشەوە هاوبەش بووە).

“بەیەكەوە-هاوبەشبوون” ئەو خاڵەیە كە دەلالەتێكی سیاسیی لای ئەرستۆ هەیە، و ئەو پەرەگرافەى من پێشتر شیمكردەوە، و لەم ڕووەوە، پێویست دەكات بۆی بگەڕێینەوە:

“كەواتە ئینسان دەبێت هەست بە هەبوونی هاوڕێكەیشی بكات (هاوهەستی هەبێت) و ئەم شتەش لەڕێگای بەیەكەوە ژیان و هاوبەشبوون لە كارەكان و بیركردنەوە هاوبەشەكاندا[21] ڕوودەدات. لەم مانایەدایە كە ئێمە دەڵێین ئینسانەكان بەیەكەوە دەژین[22]، بەپێچەوانەى ڕەشەوڵاخ كە تەنها لە لەوەڕگایەكی تاك و تەنهادا بەیەكەوە دەلەوەڕێن”.

 

ئەو دەستەواژەیەی بە “لە لەوەڕگایەكی تاك و تەنهادا بەیەكەوە دەلەوەڕێن” وەرمانگێڕاوە، ئەمەیە en tσi autσi nemesthai. بەڵام كاری nemσ – وەك دەزانن پڕە لە مانا و دەلالەتی سیاسیی (تەنها ئەوەندە بەسە بیر لە وشەى nomos بكەنەوە كە لەمەوە وەرگیراوە) – لە فۆرمی هەڵگەڕاوەى خۆیدا بە مانای “هاوبەشیكردن”یش دێت، و لەم ڕووەوە ئەم دەستەواژە ئەرستۆییە دەكرێت بە “هاوبەشبوون لە شتێكی یەكسان”یشدا وەربگێڕین.

هەرچۆنێك بێت لەم قۆناغەدا پێویست دەكات دەست بكەین بە پێناسەكردنی كۆمەڵی ئینسانی، ئەویش بەرامبەر بە كۆمەڵی ئاژه‌ڵی و لەڕێگای جۆرێك بەیەكەوە-ژیان (لێرەدا syzen مانایەكی تەكنیكی هەیە) كە بریتی نییە لە هاوبەشیكردن لە جەوهەرێكی هاوبەشدا، بەڵكو لە بەرانبەر بە مانای جۆرێك هاوبەشیبوونی موتڵەقیانە ئێگزیستێنسیال (وجودی) یان بەیەكەوە-بوون/هاوبەشبووندا دەوەستێت، كە دەتوانین بڵێین هیچ ئوبێكتێكی نییە؛ بە كورتی، ئەمە واتا هاورێیەتی، وەك هەستیی هاوبەشی واقیعیی پەتیی ژیانی.

هاوڕێیان شتێك بەیەكەوە هاوبەش ناكەن (لەدایكبوون، یاسا، شوێن، زەوق)؛ بەڵكو ئەوان لە ئەزموونی هاوڕێیەتیدا بەیەكەوە هاوبەش دەبن. هاوڕێیەتی بریتییە لەبەیەكەوە دابەشكردن [هاوبەشبوون]، كە لە پێشی هەموو جۆرە دابەشكاری و پەخشكردنێكە، چونكە ئەو شتەى دەبێت [لە هاوڕێیەتیدا] هاوبەش بكرێت، خودی واقیعی ژیان، واتا خودی ژیان خۆیەتی. بەمجۆرە، ئەم هاوبەشبوونە كە بێ ئوبێكتە [ئەم شتە بریتی نییە لەهاوبەشیكردن لە شتێكدا]، و ئەم هەستكردن هاوبەشە [هەستی ڕەزامەندیی] سەرەتاییە كە سیاسیی دادەمەزرێنێت و دروستی دەكات.

شێوەى ئەم  synaesthesia یەى سیاسیی ڕەسەنە بە تێپەڕینی كات دەگۆڕێت بۆ كۆمەڵ، كە دیموكراسییەكانی ئەمڕۆ لە دواترین، توندترین و بێتواناكەرترین قۆناغی پەرەسەندنیاندا، چارەنووسی خۆیانی پێدەسپێرن، حیكایەتێكی دیكەیە، كە بانگهێشتتان دەكەم لێی وردببنەوە و ڕابمێنن.

 

ته‌واو

 

پەراوێزەكان

 

[1] Diogenes Laertius, The Lives of Eminent Philosophers, vol. 1, trans. R. D. Hicks (Cambridge, Mass: Harvard University Press, 1972), 465.

[2] Jacques Derrida, Politics of Friendship, trans. G. Collins (London: Verso, 1997).

[3] Friedrich Nietzsche, the Will to Power, trans. Walter Kaufmann and R. J. Hollingdale (New YorkL Vintage Books, 1968), 312, $582.

[4] Aristotle, “De Anima”, the Complete Works of Aristotle, ed. Jonathan Barnes, 2vols. (Princeton: Princeton UP, 1984), vol.1, 661.

سەرچاوەى وەرگێڕان و ساڵی وەرگێڕان

2015

Giorgio Agamben: What is an Apparatus, trans. David Kishik and others, Standford Unviversity, 2009.

جورجو آگامبن، آپاراتوس چیست، ترجمە یاسر همتی، انتشارات رخداد نو، تهران، 1389.

[1] مەبەست لە كتێبەكەى ژیل دولۆز و فلێكس گواتاریی “فەلسەفە چییە؟”یە، كە لە لاپەڕەكانی سەرەتادا دەنووسن: چییەتی فەلسەفە ئەوەیە كە دەبێت لەنێوان هاوڕێیاندا بخرێتە بەرباس. بەڵام ئایا با بپرسین، ئەمە كورتكردنەوەی فەلسەفەیە بۆ سەر ئاستی دیالۆگ، كە جگە لەوەى ئەگەر مەبەست لەمە بێت، جێگای گومانە، ئەوا هەروەها بوونی فەلسەفە لەنێوان هاوڕێیاندا بەدەر لەو خەسڵەتە دیالۆگەیشی، هێشتا هەر جێگای گومانە. چونكە باسكردنی پەیوەندیی هاوڕێیەتی و فەلسەفە، باسكردنی كاتی ئەم پەیوەندییە، شوێنی ئەم پەیوەندییە، چۆنییەتی ڕوودانی ئەم پەیوەندییە، بارودۆخ و ئاكامەكانی ئەم پەیوەندییە، گەلێك تێگەیشتن و بارودۆخ دەخەنەوە، كە بێگومان نافەلسەفین. (وەرگێڕ)

[2] Issac Casaubon

[3] Politiques de l’amité

[4] Huebner

[5] غیرمحمول nonpredicative

[6] synaisthanomenoi

[7] Heteros autos

[8] Koinσnein

[9] Syzen

[10] Community

[11] aesthesis hoti estin

[12] equivalence

[13] divide

[14] Con-divide

[15] Chimera لە ئەفسانەى یۆنانیدا گیانەوەرێكە سەری شێر، جەستەى بزن و كلكی ماری هەبووە، هەروەها ئاماژەیە بۆ شتێكی وەهمیش (وەرگێڕ)

[16] Non-identical

[17] Heteros autos (other self)

[18] Alterity

[19] heterogeneity

[20] selfness

[21] Koinσnein

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین

 

You might also like More from author

Comments are closed.