شانۆنامەنوسەکانی سەردەمی شەکسپیر


Loading

دانا ڕەئووف

ناکرێت لە شەکسپیر بکۆڵیتەوە، بەبێ ئەوەی ئاوڕێکی جدی لە بزووتنەوەی شانۆ و شانۆنامەنووسین لەسەردەمی شەکسپیر، بەتایبەتیش لەساڵەکانی ١٦٠٠ەکانی ئینگلتەرەدا نەدەیتەوە. لەم سەردەمەدا، جگە لە شەکسپیر سەدەها شانۆنامەنووس هەبوون و بەهەزارەها شانۆنامە نووسراون و لەسەر شانۆکانی لەندەن نەمایشکراون. بەشێکی زۆری ئەو شانۆنامانە فەوتاون و نەگەیشتونەتە دەست ئێمە، بەڵام سەدەهایش لە فەوتان و سووتان ڕزگاریان بووە و ئێستا سامانێکی گەورەن، بۆ لێکۆڵینەوەی بزووتنەوەی شانۆ و شانۆنووسەکانی ئەو سەردەمە. هەندێک لەو شانۆنامانە، ئاستێکی بەرز و زمانێکی شیعری و ڕۆنانێکی درامی هێندە بەهێز و سەرنجڕاکێشەریان هەیە، کە دەکرێت لەگەڵ شەکسپیر بەراورد بکرێن. بێگومان (کریستۆفەر مارلۆ) یەکێکە لە گرینگترین ئەو شانۆنووسانەی لە سەردەمی شەکسپیردا ژیاون، نموونەی تریشمان زۆرە: یوهان لیلی، جۆرج پێلە، رۆبێرت گرێنە، تۆماس لۆدگێ، تۆماس شید، تۆماس ناش، بنیامین یونسۆن، یوهان ماتسۆن، تۆماس میدلتۆن… هتد. لە ساڵی ١٥٨٠دا، جگە لە شەکسپیر شانۆنامەنووسانی تریش دەرکەوتوون، هەر بۆ نموونە لەم ساڵەدا (یوهان لیلی) شانۆنامەکانی لە لەندەن نەمایشکردووە. لەوەوبەر ئەم قۆناخە بە درامای ئێلیزابێسی ئاماژەی بۆ دەکرا، بەڵام ئینگلیزەکان خۆیان، ئەم گەشە درامییە بەهێزەیان دابەشکردووە بەسەر دوو قۆناخدا، ئێلیزابێسی و یاکۆبی یان یاکۆبیان. بۆ ئەمەیش ساڵی ١٦٠٣ یان، کە ئێلیزابێسی یەکەم دەسەڵات دەگرێتە دەست، کردۆتە سنورێک بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو قۆناخە. بەم شێوەیەیش شانۆنامەکانی شەکسپیر بە هەردوو قۆناخەکەدا تێدەپەڕێت، سەرەتاکانی لە ئێلیزابێسییەوە دەست پێ دەکات و لە دوای نووسینی شانۆنامەی هاملێتیشەوە، پێ دەنێتە قۆناخی (یاکۆبیەوە).

هەرچەندە ڕەخنەگر و ریژیسۆرەکان، هەمیشە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە شەکسپیر لە هیچ کات و شوێنێکدا قەتیس ناکرێت و ئەو شانۆنامانەی ئەو نوسیوونی سەر بە هەموو کات و شوێنێکن. بەڵام تەنها شانۆنامەکانی نییە، کە ئەو لێکچوونە لەگەڵ سەردەمی ئێمە و هەموو سەردەمەکانی تردا دروست دەکەن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو کێشە و ململانێیەی شەکسپیر لە شانۆنامەکانیدا مامەڵەی لەگەڵ کردوون، هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە؛ بۆ هەموو کات و شوێن و ئاستە جیاوازەکانی مرۆڤ لەبارن و دەگونجێن. بەپێچەوانەوە، شانۆنامەنووسەکانی سەردەمی شەکسپیر، ئەو مەودا قووڵ و ئەندێشە بەربڵاو و تێڕوانینە فراوانەیان نییە و زیاتر پابەندن بەو زەمەنەوە، ژینگە و ئەتمۆسفێری ئەو ڕۆژگارەوە، چۆنییەتی بیرکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانیشدا لەو زەمەنەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. هەر ئەم هۆکارانەیش وایان کردووە، کە ئەو شانۆنامانە لەدوای ساڵەکانی ١٦٠٠ و ١٧٠٠ەکانەوە نەمایش نەکرێن و هێدی هێدی لەبیر بچنەوە و هەندێکیان بەتەواوی بزریش بن.

شانۆی ئینگلیزی لەسەردەمی ئێلزابێسی یەکەمدا، گەشەیەکی گەورە دەکات و ئەم شاژنە، کە خۆی حەزی لەنواندن و شانۆ کردووە، بەهەموو شێوەیەک پشتگیری لە هونەری شانۆ و شانۆنامەنووسەکان کردووە. شانۆنامەیش، وەک هونەری مۆسیقا، فۆرمێکی سروشتی گوزارشکردن بووە بۆ ئەوان، بەڵام وێنەکێشان و هونەری پەیکەرتاشی ئاستێکی نزمی هەبووە و ئەو گرینگییەی پێ نەدراوە. لەبری ئەوە هونەری شانۆنامەنووسین، وەک دیاردەیەکی پڕبایەخ لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، لەم سەردەمەدا گەشەیەکی گەورە دەکات. شانۆنامەکان هەر لەسەر شانۆکان پێشکەش نەکراون، شاژن خۆی ئەکتەرێکی بلیمەت بووە و لەگەڵ گروپەکانی ناو کۆشکدا، بۆ بینەرە تایبەتمەندەکانیان لەزۆربەی نەمایشەکاندا بەشدار بووە. ئەو نەمایشانەیان بەشێوەیەکی پلان بۆ دارێژراو ئامادەکردووە و ریژیسۆرەکانی گروپەکە، مەشقیان پێکردووە یان بەشەو و لەبەر شاپڵیتە و رووناکی ئاگرەکاندا بە ڕاگوزاری بەشداری لە هەندێک لە نەمایشەکاندا کردووە. کە قسەیشی بۆ خەڵکی یان بۆ ئەندامانی حکومەتەکەی کردووە، لەهەستێکی قووڵی شانۆیی و بنەما دراماتیکییەکانەوە هەوڵیداوە، کاریگەری خۆی بەجێ بهێڵێت.

کە هەندێک لەکاربەدەست و کەسە ناسراوەکانی دەوڵەت و نزیکەکانی شاژنیش، بە تاوانی خیانەت و دەستێکەڵکردن لەگەڵ دوژمن… هتد لە سێدارە دەدران، ئەوە سزای لە سێدارەکە، دەبووە نەمایشێک بۆ ئەو تاوانبارە و ڕۆڵی سەرەکی خۆی لەو هەڵواسینەدا دەبینی. زۆرجار تاوانبارەکان، بەر لە سێدارەدانیان گوتارییان بۆ جەماوەر خوێندۆتەوە، کە ئەوان پەشیمانن لەو تاوانەی کردوویانە، لە سێدارەدانەکەشیان بە سزایەکی دادپەروەرانە و ڕەوا زانیووە و ئامادەبوونیش بۆ مەرگ دووبارە ملکەچیە بۆ فەرمانەکانی شاژنی خاوەن شکۆ. ئەم نەمایشی لە سێدارەدانەیش لە زۆربەی شانۆنامەکانی شەکسپیر و هاوسەردەمەکەیدا ڕەنگیان داوەتەوە و دیمەنی پڕ لە هەست و سۆز و لەهەمانکاتدا لۆژیکیشیان پێ ڕۆناوە.

سنوورەکانی نێوان شانۆ و واقیع هەمیشە لەتێکەڵاوبوون و پێکداچووندا بوون، واقیع شانۆیەکی تراجیدی/کۆمێدی بووە و شانۆیش بە ئاشکرا بەرجەستەی ئەو واقیعەی لە شانۆنامەکاندا کردووە. زۆرجار شاژن لەپڕ و بەبێ ئاگاداری بۆتە میوانی خاوەن موڵک و باخ و باخاتەکان، لە دارستانەکانەوە لێبووک و سەمازان و گۆرانیبێژەکان و ئەکتەرە گەڕۆکەکان، وەک تارمایی دەرکەووتون و نەمایشیان بۆ ڕێزی شاژن و سەردانە کتوپرەکەی دەربڕیووە. شەکسپیر لەشانۆنامەی (خەونی شەوێکی چلەی هاوین)دا بەشێوەیەکی کۆمێدی و بە تەکنیکی شانۆی ناوشانۆ گوزارشت لەم بارودۆخە دەکات و شانۆنامەیەکمان پێشکەش دەکات، کە گوزارشت لە پێگەی شانۆ لەو ڕۆژگارەدا دەکات. شانۆ تەنها لە لەندەن پێشکەش نەکراوە، بەڵکو هەموو ژیانی خەڵکی، جەژنی بەهار، ریتواڵە دینییەکان، خۆگۆڕین و گەمەی گۆڕەپانەکان شانۆیەکی بەردەوام بووە. ئەمە جگە لەوەی، کە لەقوتابخانە و زانکۆکان، شانۆ بابەتێکی سەرەکی بووە و مامۆستا و قوتابی، زۆرجار بەلاتین خەریکی شانۆ بوون. لەم ژیانە بەشانۆکراوەیشدا، هەزارەها شانۆنامەنووس هەبوون، هەزارەها شانۆنامە و لەسەر ئاستی جیاواز نووسراون و پێشکەش کراون و لە چاپیش دراون. ئەم کۆمەڵگا بەشانۆکراوەیش، جەماوەرێکی زۆری هەبووە و بینەری شانۆکان لەهەموو چین و تۆێژەکان: هەژار و دەوڵەمەند، پیر و گەنج، پیاو و ژن و تەنانەت منداڵیش بوون و بەریەک کەوتنێکی چڕوپر لە تین و خرۆش هەبووە. ئەم بینەرانە کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەهێزیان بەرامبەر بە ئەکتەر و نەمایشەکان هەبووە؛ بەدەنگی بەرز پێکەنیون، گریاون و شەرابیان خواردۆتەوە و لەگەڵ ئەکتەرەکان هاواریان کردووە و لەشوێنەکانی خۆیاندا هەڵبەزودابەزیان کردووە، ئەمەیش یارمەتیەکی گەورەی ئەکتەرەکانی داوە و لەگەڵ کاردانەوەی بینەراندا خۆیان گونجاندووە.

شانۆی ئێلیزابێسی، یەکێکە لەسەرەتا گرینگەکانی شانۆی رێپۆرتوار: شانۆنامەکانیان بە دیقەت هەڵبژاردووە، بیریان لە بینەرەکانیان کردۆتەوە و جەماوەریش بەپارە نەمایشەکانی بینیووە و ئەکتەرەکانیش بەپێی کاردانەوەی بینەران کاریان کردووە و ئامادە نەبوون کار لە شانۆنامەیەکدا بکەن، کە بینەر پشتیان تێبکات. هەر شانۆنامەیەکیش بینەری نەبووایە، دوای یەک یان دوو نەمایش کارەکەیان ڕاگرتووە و نەمایشێکی تریان خستۆتە جێگا. هیچ جۆرە ڕەخنەگر و ڕاپۆرتی ڕەخنەیش نەبووە تا باشی و خراپی نەمایشەکان بۆ بینەران ڕوون بکاتەوە، بەڵکو بینەران خۆیان دادوەربوون و لە دوای هەموو نەمایشێکەوە، زۆر بەتوندی ستایش یان گاڵتەیان بەو نەمایشە کردووە، کە بینیووییانە. هیچ بەڵگە یان دێکۆمێنتێک لەبەردەستدا نییە، ئاماژە بۆ ئەوە بکات، بۆچی هەندێک شانۆنامە جێگای ڕەزامەندی بینەران بووە و بەبەردەوامی پێشکەش کراوە، بەڵام هەندێکی تر لەیەک جار زیاتر نەمایش نەکراوە. ئەو بەڵگانەیش، کە لەبەردەستان، هەموویان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، کە شانۆنامەکانی شەکسپیر بینەرێکی زۆریان هەبووە و بەبەردەوامی پێشکەش کراون. شانۆ لەگەڵ ئەو هەموو جەماوەرەدا و لەگەڵ ئەوەی بووبووە هونەرێکی میللیی و لەژێر چاودێری و بەیارمەتی کۆشکی پادشا و شاژنەکانیدا بووە، لە سانسۆر ڕزگاری نەبووە. دەسەڵاتی دەوڵەت، دەسەڵاتی هەرێم و ناوچەکان و کەشیشەکان، بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان داوە سنوورەکانی شانۆ بەرتەسک بکەنەوە و لە جەماوەرە زۆرەکەی شانۆ ترساون. شانۆنامەنووسەکان جەماوەرییان لەبری کلێساکان، بۆ شانۆکان ڕاکێشاوە، ئەمەیش جێگای ڕەزامەندی کەشیشەکان نەبووە و هەر لەم دەروازەیەوە، کلێسا هەموو ئەو شانۆنامانەی قەدەخەکردووە، کە بەڕای ئەوان کفر بووە یان مەترسی بووە بۆ سەر دەسەڵاتی کلێساکان. ئەمەیش ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لەبزرکردنی چەندین دەقی شانۆنامە و نووسەرەکانیشیان، کە ئەو ڕێگایەیان پێ نەدراوە بەردەوام بن. بەڵام، کە شانۆ بە تەواوی بەرگێکی سیکولاری دەپۆشێت و فۆرمێکی چێژوەرگرتن و شێوازێکی تر بۆ کۆکردنەوەی بینەران دەگرێتەبەر، چیتر نابێتە هۆی هیچ مەترسییەک چ بۆ دەسەڵات و چ بۆ کلێسا و دەسەڵاتی دین و کەشیشەکان.

لەلایەکی تریشەوە پێگەی شانۆ لەناو خەڵکیدا ئێجگار بەرز بووە، شانۆ بەردێکی بەهێزی بنەماکانی کۆمەڵگا بووە، لەبەر ئەوەیش چ دەسەڵاتی هەرێمی و چ دەسەڵاتی کلێسا نەیانوێراوە بە تەواوی شانۆ قەدەخە بکەن و دەرگای شانۆکان دابخەن. ئەم بارودۆخەیش ڕەوشێکی تایبەتمەد بۆ جۆرە شانۆیەکی تر و بۆ شانۆنامەکان دەرەخسێنێت، جۆرێک شانۆنامە، کە لەلایەکەوە بتوانێت بینەران ڕازی بکات و لەلایەکی تریشەوە بەڕە لەژێر پێی دەسەڵات دەرنەهێنێت. هەندێک لەم شانۆنامەنووسانە، ڕەخنەی کلێسا، سیاسەت و کۆمەڵیان تێکەڵاوکردووە و شتێکی تریان لێ دروست کردووە، بەم شێوەیەیش توانیوویانە تای تەرازووی ڕەخنە و ڕووداوەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات ڕابگرن. زۆرجاریش ڕێک کەوتووە شانۆکان سنوورەکانی خۆیان بەزاندووە، ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی شانۆکەیان داخراوە، ئەکتەر و شانۆنووسەکانیشیان گرتووە، لەبەر ئەوە زۆربەی گروپەکان نەیانوێراوە ئەو سنوورەی بۆیان دانراوە، ببەزینن. لەگەڵ هەموو ئەم سنورە گەورانەدا، شانۆ لە لەندەن گەشەیەکی بەهێز دەکات، هەر لەناو لەندەندا، شەش شانۆی گەورە یان شوێنی نەمایش هەبوون و بەبەردەوامی شانۆنامەکانی تیا پێشکەش کراوە. دواتریش نۆ شانۆی تر دەکرێنەوە، کە بینەرێکی ئێجگار زۆر لەخۆیان کۆدەکەنەوە، کە بەشێکیان لەبەردەمی شانۆکەدا بەپێوە دەوەستان و بەشێکیش لە بانیژە و باڵکۆنە تایبەتمەندەکاندا دادەنیشتن. بەشێوەیەکی گشتی ئەم شانۆیانە کەوتبوونە دەرەوەی ناوجەرگە و شوراکانی شارەوە، ئەمەیش بووبووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتە جیاوازەکان نەتوانن قەدەخەیان بکەن. ئەم شانۆیانە نزیکەی دوو تا سێ هەزار کەسی گرتووە، ئەمەیش بە بەراورد بە ئەمرۆ، جەماوەرێکی گەورە بووە. نەمایشەکان لەکاتژمێری دووی پاش نیوەڕۆوە دەستیان پێ کردووە و بەرلەوەی تاریک دابێت کۆتایی هاتووە. وەرزەکانی ساڵیش کاریگەری خۆیان بەسەر نەمایش و کاتەکانیانەوە هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نەمایشەکان یان ڕۆژە شانۆییەکان هەشت تا دوانزە کاتژمێری خایاندووە.

بۆ نووسینی ئەم باسە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
1-Shakespeares samtida och deras dramatik, Gunnar Sjogren. Stockholm, 1969
2-William Shakespesre, en man for alla tider, Kent Hegglund. Stockholm, 2006

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین