شانۆی ژوور – زاهیر عەبەڕەش


Loading

شانۆی ژوور

زاهیر عەبەڕەش

زاهیر عەبەڕەش
زاهیر عەبەڕەش

بە گوێرەی ئینسکلۆپێدیای نیشتیمانی، شانۆی ژوور chamber play بریتیە لە شانۆیەکی بچووک، کەشانۆی تێدا نمایش بکرێت، شانۆییەکە لە ئەکتەری کەم پێک هاتووە و هەروەها بینەرێکی کەم بەشداری بینینی نمایشەکە دەکەن. دیکۆرێکی زۆر کەمی هەیە، ئەم جۆرە شانۆیە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا  لە سوید و ئەڵمانیا پەیدابوو.

بە کورتی ئەمە بە واتایی، ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن کە ڕۆڵ دەبینن/ هەڵبژارنی شوێنێکی بچوک بۆ نمایش یان چالاکیەکە هونەرییەکە/ هیچ دیکۆر و سینۆگرافیایەک و تەکنیکێکی زۆر بەکار نایەت/ فۆکەس لە سەر دەق و پەیوەدنی بینەرو ئەکتەرە/ لەسەر بناغەی دیالۆگ و هەست و سۆزە جیاوەزەکان بنیات نراوە.

لەم پێناسەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆی ژووە دیقەتی قوڵی لەسەر مرۆڤە، مرۆڤ لە ناوەندایە، نەک دەنگ، ڕووناکی و کاریگەرییە سەرنج ڕاکێشەکانی سەر تەختەی شانۆ.

ئینسایکلۆپیدیای ئازادیش بەم شێوەیە پێناسەی شانۆ ژوور دەکات : شانۆی ژوور، شێوازێکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆ بە بەکارهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەقی ڕەسەنی بەرهەمەکە و لەو شوێنە بچوکەی بۆی  پێشنیارکراوە.

زاراوەی شانۆی ژوور لە ڕووی مێژووییەوە لە میتافۆری مۆسیقای ژوورەوە هاتووە کە تیایدا ئەنسەمبڵێکی بچووک لە ژوورێکدا پرۆڤەیان دەکرد،  پەیوەندیەکەی هاودەمی و ئەزموونێکی ڕاستەوخۆیان  لەگەڵ یەکتر هەبوو ، هەندێک جاریش نمایشی بچوکیان دەکرد، ئەم جۆرە هاودەمی و نزیکیە لە موسیقاوە گواسترایەوە بۆ شانۆ بۆ ئەوەی نزیکایەتییەکی هاوشێوە لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەردا دروست بکات.

لە هەندێ وەسفی پێناسەی تردا ئینگلیزەکان بۆ خۆیان کردویانە ، دەڵێن شانۆی ژوور ڕێگایەکە بۆ گونجاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لەگەڵ شانۆدا. بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆبکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکەی نووسەر ماوەتەوە کە نووسیوێتی.  واتای ژمارەیەکی کەمی ئەکتەر و نزیکی لە بینەر ئەبێتە هۆی کە ئەکتەر یان گێرەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوەکان ( پلۆت). ئەگەر بە شێوەیەکی تر شیاکاری بۆ ئەم پێناسەیە بکەین واتە بەشێکی زۆری دەقە ڕەسەنەکە نووسراوەکەی  نووسەر ماوەتەوە. کاتێکیش تەرکیز لەسەر دەق و پەیوەندیەکانە، ئەکتەریش لە بینەر نزیک دەبێتەوە و هاودەمییەک دروست دەبێت، لەم حاڵەتەدایە دیالۆگەکان و هەست و سۆزە جۆراوجۆرەکان دەبنە ناوەند. ئینتیما کردارێکی چڕ و سەرنجە قوڵەکەیەتی.

ئەم فۆرمە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەریهەڵدا، بە کاریگەرییەکانی دیداکتیکی شانۆ و تیۆری هونەرە نمایشییەکان، کە گێڕانەوە دەبێتە بەشێک لە نمایشی شانۆیی. لە هەندێک وڵات بە نموونە ئەمریکا لە پراکتیکدا زاراوەی شانۆی ژوور وەک مۆدێلێکی فێستیڤاڵ/ بەرهەمهێنان بۆ نمایشکردنی دەقە کلاسیکییەکان بە شێوەیەکی کەسی و هاودەمی و ئینتیمی و بینەری بەشدار بەکاردەهێنن، بە گرنگیدان بە چیرۆک گێرانەوە  لە نزیک بینەرەوە، نەک کاریگەرییە گەورەکانی شانۆ دەوڵەتیە گەورەکان.

مینیمالیسم (Minimalist)

لە مێژووی ئەدەبیات و هونەر، زۆر شێواز و ڕەنگ و میتۆدی جیا هەن کە هەریەکەیان هەوڵی خۆیان هەیە بۆ تێگەیشتن و پیشاندانی مرۆڤ و جیهان. یەکێک لە ئەو شێوازانەی کە لە سەدەی بیستەوە زۆر گرنگی پێدرا، مینیمالیسمە، ئەم شێوازە بە شێوەیەکی دیار لە ئەدەبیات و شانۆدا دەرکەوت، مینامالیزم هەوڵ دەدات بە کەمترین توخم، قووڵترین واتا بگەیەنێت. مینیمالیسم تەنها فۆرمێکی ڕوکەش نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوە و بینینی جیهانە و ڕێگایەکە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ لە سنورێکی دیاریکرا و نزیکایەتی و هاودەمیدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین:مینیمالیستی واتا ساده‌کردنەوە تا سنووری پێویست، بە شێوەیەک کە هەموو شتێکی زیاد، ڕازاندنەوەی زۆر، یان وردەکاری ناپێویست لابدرێت.

مینیمالیسم لە ئەدەبیاتدا:

ئێمە نەک تەنها شانۆی مینیمالیزم یان مینیمالیزمان لە شانۆدا هەیە، بەڵکو مینیمالیزم لە ئەدەبیاتیشدا هەیە کە  بریتییە لە شێوازی نووسینێک کە تێیدا نووسەر هەوڵ بدات، کەمترین وشە بەکاربهێنێت، بۆ گەیاندنی قووڵترین واتا. خاسیەتەکانیشی بریتیە لە، بەکارهێنانی ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، وەسف و ڕازاندنەوە بەشێویەکی زۆر کەم هەبێت، نەوتنەوەی وردەکاری زۆر، خوێنەر خۆی واتاکان تەواو دەکات، نووسەر هەموو شتێک ڕوون ناکاتەوە بەڵکو بەشێک لە واتا بەجێدەهێڵرێت بۆ خوێنەر. زۆر جار لە ئەدبیاتی مینیمالیزم هەندێک شتی کەم دەوترێت بەڵام هەستەکان زۆر قوڵن.

پەیوەندیی مینیمالیسم بە شانۆی ژوور (Kammarteater)

ئەگەر لە پێناسەی شانۆی ژووردا پێ لەوە دابگیرێت کە ژینگەیەکی پێشنیارکراوی  مینیمالیستی Minimalist هەبێت ئەی مینیمالیزم چییە؟ لە کورترین پێناسەیدا مەبەست: تەرکیزکردنە لەسەر ئەوەی کە بەها بۆ ژیان زیاد دەکات و لابردنی ئەوەی تر. لە مانا گشتی و گەورەکەی شانۆدا دەتوانینن بەم شێوەیە ڕیز بەندی بکەین. کاتێک دەڵێین شانۆی مینیمالیستی، مینیمالیسم لە ئەدەبیات و شانۆدا شێوازێکە بۆ گوتنی زۆر شت بە کەمترین توخم. شانۆی ژوور خۆی لە بنەڕەتدا مینیمالیستییە، لەبەر ئەوەی کە شانۆی ژوور:

ــ  شوێنی نیشاندانی بچووکە.

* هەموو وشەیەک بە ڕوونی دەبیسترێت

* هەموو زۆرگوتنێک  زۆر زوو بەدیار دەکەوێت

*هەموو قسەیەکی ناپێویست کاریگەری دروست دەکات

ــ ژمارەی ئەکتەرەکان کەمن.

ــ  دیکۆر زۆر کەم و سنووردارە.

ــ  نێوانی ئەکتەرو بینەر زۆر نزیکە.

*بینەر هەمووی وردەکاری دەنگ ، هەناسە هەموو ئێفێکتێک دەبیستێت

لەبەر ئەمە، شانۆی ژوور پێویستی بە:

ــ کرداری قوڵ هەیە

ــ هەست و سۆز

ــ زمانێکی چڕ و مانا دار

ــ بێدەنگی لە نێوان دیالۆژەکاندا، بێدەنگی دەبێت بە بەشێک لە نمایشەکە.

ــ لە مینیمالیستیەکەی شانۆی ژووردا هەموو جوڵەیەک مانادارە. 

لە شانۆنامەکانی ستریندبێرگ کە تایبەتە بە شانۆی ژوور، توێژینەوەیەکی دەروون شیکاریە لە نمایشەکانیدا.

لای تادیۆس ڕۆزڤێچی پۆلۆنی پیشاندانی هەستەکانی دوای جەنگە.(١)

مینیمالیسم لێرەدا دەبێت بە ئامرازێک بۆتوێژینەوەی دەروونی کاراکتەر وپیشاندانی پارچە تیکشکێنراوەکانی مرۆڤ.

ــ  بەکارهێنانی کەمترین توخم.

ــ  سادەیی لە شێوە، زمان.

ــ   گرنگی دان بە ناوەڕۆک نەک ڕازاندنەوەی دیکۆر و سینۆگرافیا و جل و بەرگ

ــ  ژمارەی ئەکتەرکان کەمە.

ــ دیکۆر زۆر سادەیە (هەندێجار تەنها کورسیەکە)

ــ  زمان کورت و ڕاستەوخۆیە.

ــ  بێدەنگی و وەستان (صمت) گرنگن.

ــ  سەرنج لەسەر دۆخی دەروونی و بیرکردنەوەی کاراکتەرە.

ــ  هەموو شتێک بۆ ئەوەیە بینەر بیر بکاتەوە، نە بۆ سەرسامکردنی چاو

شانۆی ئەبسورد:

شانۆی ئەبسورد وەڵامدانەوەیەک بو بۆ سیستەمی بەها فیکری و جوانیناسییەکان و کە لە دوای دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی دوو جەنگی جیهانی لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا، لە پاڵیدا چەمکی شانۆی ژوور وەک شۆڕشێک و هەوڵێکی نوێ و ڕژد (جددی) بوو بۆ گۆڕین و پەرەپێدانی چەمکی نەریتی شانۆ. کە دەکرێت بڵێن لە سەدەی بیستەمدا زیاتر ئەم چەمک و زاروەیە  سەریهەڵدا. شانۆی ئەبسورد بزووتنەوەیەکی دراماتیکیی و ژانرێکی شانۆیی دوای جەنگی جیهانی دووەهەمە کە لە ساڵانی (چلەکان- شەستەکان) کە لە ڕێگەی دیمەن و گرێی نالۆژیکی و دیالۆگی بێمانا و کارەکتەرەکانی گیریخواردوو لە بارودۆخی بێهودەیدا، بێمانایی و ئاژاوەگێڕییەکانی بوونی مرۆڤ نیشان دەدات،  ژانرێکی شانۆییە کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. لەو بیرۆکە و بیر و باوەڕە دەکۆڵێتەوە، کە ژیان یان ئامانج بۆ خۆی مانایەکی سروشتی نییە. زۆر جار بەرەوپێشچونی دیمەنەکان و کارەکتەرەکان شوێن و ئاراستە واقعییەکان ڕەتدەکاتەوە. هەندێک جاریش لەو شوێنە کۆتایی دێت کە دەستی پێکردووە. ئەمیان بێکت لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە ئاماژەی پێ دەدات.  جەخت لەسەر بێهودەییەکەی دەکاتەوە، هەندێک جار وشەی کلێشە و دووبارە بەکار دەهێنێت کە ئاماژەیە بۆ شوێن و سوڕانەوەیان لە نائومێدی.

لە شانۆی ئابسورددا،  زۆرجار بەستراوەتەوە بە بیرۆکەکانی بوونگەراییەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی ئەلبێرت کامۆدا. ئەم فۆرمەی شانۆ، ژیان وەک بێمانا و نالۆژیکی و دووبارەبوو نیشان دەدات. لەبەر ئەوە ڕووداوەکان چارەسەری ڕوونیان نییە. کارەکتەرەکان ناتوانن بە تەواوی لە یەکتری تێبگەن. زمان توانا و ئەرکی خۆی لەدەست دەدات بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە.

شانۆنامەنووسانی وەک ساموێل بێکێت، یوجین ئیۆنێسکۆ و جان جینێت بە نوێنەری ناوەندی ئەم نەریتە شانۆییە دادەنرێت.

ئەبسورد تیشک دەخاتە سەر تێکچوننی پەیوەندیەکان، کە ئەم خاڵەیان مرۆژک زۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە لە تێکستەکانیدا. یەکێک لەتەوەرە گرنگەکان تەوەری بوونە، کە سەرنج دەخاتە سەر گۆشەگیری و بێهودەیی و ململانێ بۆ دۆزینەوەی مانا. ئەم تەوژمە کاریگەری لەسەر شانۆی ئەزموونی هەبووە. نووسەرانی سەرەتای ئەم تەوژمە پیش ئەوە نووسەرێکی شانۆیی یان ئەدەبی بن، فەیلەسوف بوون. شانۆش کورترین و باشترین ڕێگا بوو بۆ گوزارشت کردن لە خەیاڵ و فکر و ئەندێشەکانیان، کە وای لە بینەرانی کرد کە واقیع و هونەری نەریتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، کە بەدواداچوون بۆ بوونگەرایی و بارودۆخی مرۆڤ دەکات

مینیمالیسم و ئابسوردیسم.

هەرچەندە مینیمالیسم و ئابسوردیسم هەردووکیان لە سەدەی بیستەمدا بڵاوبوونەوە، بەڵام بیرۆکە و ئامانجیان جیاوازە.

مینیمالیسم هەوڵ دەدات مانا بسەلمێنێت، بەڵام بەکەمترین شێوە، لە دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە وەسف، دوورکەوتنەوە لە زیادە ڕەوی. لەبەرامبەردا ئابسوردیسم جیهان و ژیان وەک شتێکی بێمانا، بێ‌ لۆژیک پێشان دەدات.

و ڕووداوەکان دووبارە دەبنەوە بەبێ گۆڕان. هەندێك جاریش زۆر قسە کردن بۆ پیشاندانی بێ مانایەتی ژیانە. جووڵە و کردار لە شانۆی ئەبسورددا زۆر جار دووبارە دەبنەوە و ئەنجامیان نییە. بێدەنگی، وەک توخمێکی مینیمالیستی دەبێت بە بەشێکی گرنگ لە شانۆکەدا. لە مینیمالیزم و ئەبسوردیسمدا بێدەنگی ئەو شتانە دەڵێت کە زمان ناتوانێت بیڵێت.

دیکۆر هەم لە شانۆی ئەبسورددا هەم لە مینیمالیزمدا زۆر سادەیە. بۆ نموونە لە فەزای شانۆکەدا، شتەکان کەم دەبێتەوە، بۆنموونە پیشاندانی دارێک یان کورسییەک ئەوە جیهانێکی بێ‌کات و بێ شوێن پیشان دەدات. ئەم مینیمالیسمە یارمەتیدەرە بۆ گواستنەوەی سەرنجی بینەر بۆ ناو هەست و بیرکردنەوە.

زمانیش لە شانۆی ئەبسورددا بە شێوەی مینیمالیستی بەکاردێت،  گفتوگۆکان، کورتن و زۆرجاردووبارە دەبنەوە و واتای ئاشکرایان نییە، ناتوانن پەیوەندییەکی ڕاستەقینە دروست بکەن. لە شانۆیی بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆی بێکتەوە، زمان دەبێت بە نیشانەی شکستی پەیوەندیی مرۆڤ. لێرەدا، مینیمالیسمی زمان واتا کەم‌ قسە نییە بۆ مانا، بەڵکو قسەی کەم ‌مانایە بۆ نیشاندانی بێمانایی.

هەرچەندە، ئەبسوردیزم و مینیمالیزم هەردووکیان نزیکایەتیکەی زۆریان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا جیاوازییەکی تەواو ڕوونیشیان هەیە، چونکێ،  مینیمالیزیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە چۆن دەنووسرێت، چۆن کار دەکرێت، دەتوانین بڵێین شێوازە.

بەڵام ئەبسوردیزم پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چێ دەوترێت واتە، ناوەڕۆک و فەلسەفەیە. ئەو پەیوەندییە تووند و تۆڵەی ئەبسورد و مینامالیزم کە پێکەوە گرێیان دەداتەوە ئەوەیە کە شانۆییەکی ئەبسورد ئەوەیە کە زۆر جار شانۆی ئەبسورد بە شێوازی مینیمالیستی نووسراوە. شێوازی نووسین مینیمالیستیە. بەڵام هەموو مینیمالیسمێک ئەبسورد نییە، و هەموو ئەبسوردێکیش پێویست ناکات مینیمالیستی بێت

دەرئەنجام: شانۆی ژوور پێویستی بە زمانێکی کەم، قووڵیی دەروونی، و هەست وبێدەنگی هەیە، چونکە دراماکە لەسەر ڕازاندنەوەی ڕوکاری دەرەوە دانامەزرێت، بەڵکو لەسەر ژیانی ناوخۆی مرۆڤ و نزیکبوونی توندی نێوان ئەکتەر و بینەر دادەمەزرێت. مینیمالیسم شێوازێکە کە مرۆڤ ناچار دەکات بۆ وردبینی، بۆ گوێگرتن لە بێدەنگی و بۆ تێگەیشتن لە شتانی نەنوسراو و نەوتراو.

(١) تادێوس ڕۆزێڤیچ  Tadeusz Różewicz  (9211 ــ 2014) یەکێک بوو لە بەناوبانگترین شانۆنامەنووسانی سەدەی بیستەمی پۆڵەندا، بە زمانی مینیمالیستی، ئەدەبی بوونگەرایی دوای جەنگ ناسراوە، ئەزموونەکانی شەڕیش کاریگەرییان لەسەر تەواوی نووسینەکانی هەبووە. ئەو پێی وابوو زمان دوای جەنگ زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و چیتر ناتوانێت هەڵگری ئایدیالی گەورە بێت

(٢) ئەوگوست ستریندبێرگ August Strindberg (1849–1912) لە سوید لەدایک بووە، یەکێکە لە گرنگترین و کاریگەرترین شانۆنووسانی ئەورووپای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بەردەوام شێوازی نووسینی خۆی دەگۆڕی، لە شاڵی ١٩٠٧ چوار تێکستی بۆ شانۆی ژوور نووسی لە ساڵانی ١٩٠٧ تا ١٩١٠ . پرسی مرۆڤ، پەیوەندی ژن و پیاوکێشە دەروونیاکان لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. 

ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.