سێڤین جمۆ

ڕۆژێک لە تل-ڕەفعەت


Loading

سپێدەی ئەو ڕۆژە بە دەنگی شاهین لە خەو ڕابووم. ئەو دەیگوت: “دایێ لەخەو ڕابە، مامۆستا سێڤین هەستە لەخەو. بەیانی باش.” لە ڕۆژی پێشووترەوە هەڤاڵ لەلای ئێمە بوون.. سپێدە بە کەیفخۆشییەوە لەخەو ڕابووین. بەیانی نێو هەڤاڵان جودایە. هەروا بە لەز و خێرایی لە ژووری ئاوارەییماندا نوێنەکانمان پێکەوە کۆکردنەوە. پاشان دەستمان بە ئامادەکردنی نانی بەیانی کرد. لەبەر ئەوەی هەڤاڵان سپێدان زوو نانی بەیانی دەخۆن. لەو دەمەدا براکەم عەلی پێکەنی و گوتی: “سێڤینی ئێمە تەنێ ئەو ڕۆژانەی هەڤاڵ لەگەڵ ئێمە بن نانی بەیانیمان بۆ ئامادە دەکات.” من و دایکم بەیەکەوە بەرچاییمان ئامادەکرد. خواردمان و هەڤاڵ شاهین گوتی: “من دەڕۆم.” خاترخوازیی کرد و بە خەندە شیرینەکەیەوە چوو. هێشتانەکە لەبەر دەرگەی ماڵی وەستابووین کچی دراوسێکەمان (ئەو کچ خزمیشمانە) گازی کردین. بۆ ئەوەی ئەو و دایکم بچن شیر بێنن. من بانگی دایکمم کرد و دواتر ئەویش چووەوە ژوور. ئامان و دەروییەکانم شۆردن و چاوەڕێی گەڕانەوەی دایکم بووم. نزیکەی کاتژمێرێک چاوەڕێی بووم وەلێ هەر نەهاتەوە. لەو دەمەدا من لەنێو باخچەی ماڵەکەماندا دەهاتم و دەچووم و فیکرە ئاڵۆزەکانی خۆم کۆدەکردنەوە، وەلێ زۆر کۆنەدەبوونەوە. بەمجۆرە تادەهات خەمگینتر دەبووم. دەمگوت: ” بچم ژووری کۆچبارییەکەم پاک بکەمەوە.” ئەو ژوورەی کە دایکە ڕەبەنەکەم لە سەری سپێدەوە تا ئێوارە بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵی دەدا بۆ ئێمە وەک ئەوەی ماڵی خۆمان بێت گەرم بکاتەوە. ڕەنگبێ لە مانگاکانی داوا بکات حەوانگەیەکی گەرم و خۆش چێ بکات وەک چۆن فێری کردبوون.

سێڤین جمۆ

بەر لەوەی دەست بە پاککردنەوەی بکەم، دایکم گەڕایەوە. لەو دەمەدا هاوڕێکەم بێریڤان زەنگی بۆ لێدام، نزیکەی کاتژمێر و نیوێک ئاخڤین. وەک ئەوەی دە ساڵ بێت یەکتریمان نەدیبێ. بێریڤان چووە کۆبانێ. ئێمە لەسەرەتای شۆڕشەوە بەیەکەوەین. هەڤاڵان پێیان دەگوتم: “ئێمە دوانەین.” هەرگیز بڕوامان نەدەکرد لێک هەڵبڕێین. لە قسەکانمان گاهێ گریە و گاهێ کەنین و جار جارەش بیرهێنانەوە و زۆر شتی دیکەش هەبوون.

 تا وێ دەمێ دایکم ژووری کۆچبارییەکەی پاکدەکردەوە شیریشی کوڵاندبوو و مەیاندبووی. لەبەر ئەوەی من زۆر حەز بە خواردنەوەی شیر دەکەم چۆڕێکیشی بۆ من هێشتبووەوە. ئەز دەکارم لەباتی ئاو شیر بخۆمەوە. من بەم ڕستەیە ناودارم. شیرەکەمم گەرم کردەوە و بە نانەوە خواردم. لەکنە من خواردنی هەرە خۆشە.

دواتر داکم و ئامۆژنم کە بەیەکەوە لە ماڵێکداین ڕۆیشتن، بۆ ئەوەی دەرمان لەلای مانگی سووری سووریا بهێنن. دە دەقیقەیەک گوزەران بینیمان هاتنەوە و کچێکی بیانی و دوو کوڕی کورد کە شێوەیان لە عەفرینیان دەچوو لەگەڵ بوو. ئەوان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. ماڵی مامی دایکم کە لەگەڵ ئێمەدان نەخۆشی چاویان هەیە. ئەو نەخۆشییەیان بۆماوەییە و لە زارۆکییەوە لەگەڵیانە. لە حاڵ و باریان پرسین. سێ لەوان نابینان. من لەگەڵ ئەو هەڤاڵە ئەڵمانە ئاخڤیم. چونکە ئەوانی لەمەڕ خۆمان لە ئاخاوتنی فەرمی ناگەن و ئەوانیش لە قسەی عەفرینیان تێناگەن. ئەوانیان لەگەڵ خۆیان برد و نەخۆشییەکانیشیان لە ڕاپۆرتێکدا نووسی.

پوورێکیشم نەخۆشی دەروونی هەیە، ئەو دەرمانەی پێویستی پێیەتی بە ئاسانی پەیدا نابێت. ئێمە زۆر زەحمەت دەکێشین تا دەوای وێ پەیدا دەکەین. من باسم لە باری تەندرووستی وێش بۆ کرد. هەڤاڵیکی زۆر جوان و بەدەو بوو. بۆ ڕاپۆرتەکەی وێنەی نەخۆشەکانی گرت. بە پزیشەکانمان گوت: “با بەیەکەوە قاوەیەک بخۆینەوە.” بۆ ئەوەی بیانناسین مەبەستمان بوو کاتێکی زۆرتر لەلامان وەمێنن. نزیکەی کاتژمێرێک مانەوە و دواتر ڕۆیشتن.

ماڵی مامی باوکم گوتیان: “هیوادارین وەک ئەوانی دیکە نەبن دێن درۆمان بۆ دەکەن و دەڕۆن. (بەخوا بارودۆخیان زۆر سەختە) دواتر دانیشتین و لەسەر ئەو هیوایانە قسەمان کرد کە بەڵکە شتێکیان لەدەست بێت. دوای قەیرێ بینیمان هەمان هەڤاڵ دووبارە هاتەوە و گوتی: “ببوورن دەبێ جارێکیتر وێنەتان بگرمەوە، چونکە کامێراکەمان تێکچوو.” جارێکیتر وێنەیان گرتنەوە و ماڵئاواییەکەی بەجۆرێک کرد کە زۆر مەبەستی بێت هاوکاریمان بکات و ڕۆیشت. ژمارە تەلەفۆنی خۆیشی پێداین و هی ئێمەیشی وەرگرت.

ئەوە دوو ڕۆژە لەماڵ نەچوومەتە دەرێ. بە خۆمم دەگوت: “دەچمە لای هاوڕێکانم شیلان، ئیبۆ و حاموودێ. تەلەفۆنم بۆ شیلان کرد و پێمگوت: “دێم تا بەیەکەوە بچینە دەرەوە و پیاسەیەک بکەین.” گوتی: “ئێستا ئیبۆش لەلامانە خەریک بوو من پێتبڵێم وەرە بەیەکەوە بچینە دەرەوە.” جلەکانم کردنە بەرم و بە کچە مامەکەمم گوت: “کە دایکم لە بازاڕ هاتەوە پێیبڵێ چوومەتە لای هاوڕێکانم.” کاتێک وەڕێکەوتم، ماڵی باوکی ئیبۆ و ماڵی پوورەکەم لە کۆڵان ڕوونیشتبوون. سڵاوێکم لێ کردن. لەکۆڵان لەسەر ئاگرێک پەتاتە و باینجانیان دەکوڵاندن. لەبەر ئەوە گەل حسابی هەموو شتێکیان بۆ خۆیان کردووە و پاشەڕۆژمان ڕوون نییە. نازانین فەلەک بەختی ئێمە دەباتە کوێ. بەخۆمم گوت: “با سەرێک لە ماڵی پوورە تازەکەم بدەم بزانم چۆنن.” لەڕێگا بارانی بچکۆلەم بینی منی بردە ماڵی خۆیان. ماڵیان لە نهۆمی سێیەمدایە. تا گەیشتین باران بەهەڵە ژمارەی دەگوتن و لەپێش منەوە بە ڕۆحی منداڵێکەوە لەخۆشی چوونە ماڵێکی تازە هەنگاوی دەنان، وەک ئەوەی هاتنە ئەو ماڵە ژیانێکی تازە بێت. گەیشتینە ماڵ. بەڵام هیچ شتێک لە ڕووخساریانەوە نەدەخوێندرایەوە. دوای چەند ساتێک تێگەیشتم کە هاوژینە نەخۆشەکەی پوورم دەڵێ: “من ناتوانم سێ نهۆم سەرکەوم، دەبێ لێرە بڕۆین.” شتی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو لە ماڵیکدا پێنج ماڵبات دەژیان. بۆیە ماڵی پوورم و ماڵێکیتر لەوێ هاتنە دەرەوە و چوونە شوێنێکیتر. دواتر هاتنە ئێرە.”بارودۆخیان زۆر ئاڵۆز بوو. ڕۆژانی سەرەتا زۆر خەمگین بوون، بە تایبەت هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانیان لەو ڕۆژە سارد و باراناوییە نزانم بە ڕەحمەت یان بێ ڕەحمە گواستبووەوە نهۆمی سێیەم.”

نزیکەی دەمژمێرێک لەگەڵ وان ڕوونیشتم. هەم لەگەڵ ئەوان گفتوگۆم دەکرد، هەم سێ زارۆکی شیرین لەسەر کۆشم بوون و یاریم لەگەڵ دەکردن. دوای کەمێک ئیزنی ڕۆیشتنم خواست. بۆ ئەوەی بچمە لای هاوڕێکانم ئیزنخوازیم کرد و ڕۆیشتم.

نێوان ماڵی ئەوان و ماڵی شیلان هەر دەقیقەیەک دەبێت. گەیشتمە لای هاوڕێکانم. ئیبۆ و باوکی شیلان و دوو پیاویتر لەگەڵ ماڵباتی شیلان یاری کۆنکەنیان دەکرد. چاییمان دەخواردەوە و لەبارەی ئەو دوو ڕۆژە ئاخڤین کە یەکتریمان تێدا نەبینیبوو. بەڵام هەدام نەبوو زیاتر دابنیشم. گوتم: “شیلان هەستە بڕۆین وادیارە ئیبۆ و حاموودێ دەستیان لە یاریەکە بەرنابێت. با بچین پیاسەیەک بکەین.” یەکپێ هەستیان و ڕۆیشتین. وەک دوو بێکەسی وڵاتی خۆمان لەنێو کۆڵانەکانی تل ڕەفعەتی غەریبدا دەگەڕاین. ئێمە بێ ورە و بە پێنگاڤی بە کەسەر و بێهێزەوە بە چاوانی خەمگین گەڕاین و گەڕاین تا گەیشتینە ئەو شوێنەی ڕۆژانی دی تا ئەوێ پیاسەمان دەکرد. بە شیلانم گوت: “دەبا لەسەر ئەو بەردە دانیشین و تەماشا بکەین بزانین ئەوە چییە لەدەوروبەری ئێمە دەقەومێ.” ئێمە لای ئەو خەڵکەی بەپاڵ ئێمەوە تێدەپەڕین و بە عەرەبی قسەیان دەکردنن وەک دوو شێت دەهاتینە بەرچاو. چاوەکانیان پڕ لە ترس و مەراق بوو. گەلۆ ئەو دوو کچە چما لەڕۆخ ئەو شەقامە ڕوونیشتوون؟ دەبێ چیان بەسەر هاتبێت؟ من و شیلان هەوڵمان دەدا هێز لەیەکدی وەرگرین، وەلێ هەردووکمان بێ هێز بووین.

لەسەرەتا ئاخاوتنەکانمان تا کۆتایی هەر لەبارەی هەڤاڵانەوە قسەمان دەکرد. دەمانگوت: “ئێمە ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین، پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە. با پەیوەندی بە هەڤاڵ ئۆجەلانەوە بکەین و پێی بێژین: “تۆ هەرچی بکەیت ئێمەش لەگەڵتین.” دوو جار پەیوەندیم پێوە کرد بەڵام بەرسڤی نەدامەوە. تا دەهات خەمگینتر دەبووین. باسی هەڤاڵ عەقید، چیا، هاروون و جافیندا-ش کرد. چەندی باسمان دەکردن ڕۆندک بەچاوانمان دەهاتنە خوارێ.

کەمێکیش باسمان لە هەڤاڵ شاهین کرد. بە شیلانم گوت: “هەست دەکەم هەڤاڵ شاهین لێرە دەڕوات.” لەهەر باسێکمان دەکردەوە خەمگینتر دەبووین. لەپڕ کچێکی چاو زەیتوونیمان بینی، کە بە خەندەی زارۆکێکەوە کە تازە لە دونیای خاین تێدەگا لەنێو کۆڵاندا هەڵدەبەزی. دەستبەجێ بانگم کرد و گوتم: “کچەی چاوجوان دا وەرە!” ئاوڕی بۆ پشت خۆی دایەوە و گوتی: “ها.” من گوتم: “کا وەرە ئێرە.” هات و لێمان نزیک بووەوە. چاوانی مرۆڤیان سەرمەست دەکرد.

جوانی ئەو چاوانە بە دوایین تیرێژەکانی ئەو خۆرەی کە لەوەدابوو ئاوا بێت دەبریقانەوە و جوانتر دەیاننواند. ناوم پرسی، گوتی: “ناوم سەدیقەیە.” پرسیم: “خەڵکی کام گوندی؟” گوتی: “خەڵکی شارۆچکەی شیێم.” گوتم: “پۆلی چەندیت؟” گوتی: “پۆلی دووم.” زۆر پرسیارم لە وێ کردن تا شیلان گوتی: “ئەوە چییە ئەو هەموو پرسیارەی لێ دەکەیت.”

  جلەکانی بە قرێژ بوون. دیاربوو زێتر لە هەفتەیەک بوو سەری خۆی نەشۆردبوو و جلەکانی نەگۆڕی بوون. وەلێ شتی هەرە سەرنجڕاکێش و ئەوەی کە زۆر ئازاریدام قژی سەدیقەی داماو بوو کە دایکی وەک کوڕان بۆی بڕیبوو و هێشتا شوێنی مەقەسەکان دیاربوون. پێمگوت: “چما وات لە قژی خۆت کردووە. مەگەر ناتەوێ قژت وەک قژی هەر کچێکی تر درێژ بێت. قژت بکەیتە کەزی و چاوە شیرینەکانت دەرکەون؟” بە نیگایەک کە نەمدەزانی دەیەوێ چ وڵامێکم پێ بگەیەنێت لێم ڕاما و بەدەم شەرمێکەوە کە دەیەویست دەستبەجێ بڕوات سەیری کردم و هیچ بەرسڤێکی نەدامەوە. نازانم سەدیقە یەکە بەڵام زۆری دی بە هەمان ناو هەن. دوای زۆر سەر و پرسیار لە سەدیقە گوتمان: “بڕۆرەوە ماڵێ ئیدی ئێوارەیە.” بە دڵخۆشییەوە ئێمەی بەجێهێشت و چوو. تەلەفۆنێکم بۆ ئیبراهیم کرد. تاوەکوو ئەو و حاموودێ بێن و بچین پیاسە بکەین. ئەوانیش هاتن و هەرچوارمان وەک ڕۆژانی دیکە وەڕێکەوتین و چووین. هەندێک شتمان کڕی و درێژەمان بە ڕۆیشتنەکەمان دا. نزیکەی دوو دەمژمێر پیاسەمان کرد تا شەکەت بووین و سڕبردە بووین.

لەبەردەم ماڵی شیلان ڕاوەستیان و وەک هەموو جارانی تر پلانی خۆمان دانا کە چی بکەین. بڕیارماندا لەماڵی ئێمە کۆببینەوە. ئەز و ئیبۆ چووین و ئەوانیش چوون نان بخۆن و بێن. گەیشتینە بەردەم ماڵی حیبۆ و هاوژینەکەیمان بینی (ئەو کچەپوورمە) پلانسازییەکەی خۆمانمان پێ گوت و ڕازیم کرد ئەویش لەگەڵمان بێت و لەگەڵ خۆم ڕاپێچەکمدا بۆ ماڵمان. دوای نیو دەمژمێر هەمووان لەماڵی ئێمە کۆبوونەوە.

 حاموودێ ئەو تەمبوورەی منی دەژەند کە من تاوەکو ئێرە سەرباری هەموو ئەو زەحمەتیانەی بەسەرمان هات لەگەڵ خۆم هێنام و ئیبۆش بە دەنگە خۆشەکەی سترانی دەگوتن. هەم گاڵتە و هەم کەسەر هەر بەزۆر خۆیان لەنێو ئێمەدا جێ دەکردەوە. تاوەکو کاتژمێر نۆ و نیو بەوشێوەیە درێژەمان پێدا.

بەر لە خەوتن جلەکانم داکەندن و کۆتاییم بەڕۆژێکی دیکەی ئاوارەیی هێنا. وەک هەر شەوێکیتر تا چاوانم چوونەخەو سەرینەکەم بە فرمێسکەکانی من تەڕ بوو. بەو شێوەی ڕۆژەکەم کۆتایی پێهات.

 

ڕۆژێک لە تل ڕەفعەت ٢

لە ڕۆژێکی ئاوارەیی و پەنابەریدا لە تل ڕەفعەت ڕێکەوتی دوو پیرەپیاوم کرد. بۆیە دەمەوێ تەنێ باسی ئەوان بکەن. ئیدی ڕۆژانی کۆچبەری ڕووداوەکانی خۆی کۆدەکردنەوە ملی ڕێگەی ڕۆژێکی دیکەی دەگرت. ئەو دوو پیرەپیاوە لە شوێنێک ڕوونیشتبوون، لێ ڕوونیشتنی وان لەهەمبەر یەکدیدا بە دڵێكی پڕ داخ و کەسەر بوو. زۆر باش هەستم بە بارودۆخی ئەوان دەکرد. زۆر سەرنجڕاکێش بوون. هەردووکیان وەک چۆن دەیانەویست لەو ئاوارەییە بێ ڕەحمەدا منداڵی و هەموو بیرەوەرییەکانی خۆیان کە لە وڵاتی خۆیان لە دوای خۆیانەوە بە هەتیوی بەجێیان هێشتبوو لەو لێک ڕامانەیان لە چاوی یەکدی بگێڕنەوە.

هەردووکیان بەساڵاچووبوون، وەلێ هێشتا گیانی زارۆکیان لە دڵدا مابوو. وەک دوو گوڵی بێکەس خۆیان لە بەهاری ساڵ دزیبووەوە و بەدوای لانەیەکی گەرم دەگەڕان. مینا ئەو زارۆکانەی سەوداسەری یارییەکانیانن، هەر کە ماندوو دەبوون لە شوێنێک ڕادەوەستان تاوەکوو خواردنە منداڵانەییەکانیان بخۆن. کیسەی چپسیان بەدەستەوە بوو و بێ ئەوەی گوێ بە دەوروبەریان بدەن بە چێژەوە دەیانخواردن. نازانم ڕەنگبێ ژیانی خۆیان درێژتر دەکردەوە! ئەو ژیانەی کە سات بە سات بەیەکەوە بەسەریان بردبوو. ئەو ئەڤینەی لەسەر خاکی واری خۆیان بە هەڵبەستی چاو، بە بێدەنگی دەمەکان، وەلێ بەو ئاگرەی لەدڵدا بوو بە دڵۆپەی ژیانێکی درێژ دەجواڵاند. ڕوویان گەش بوو. بۆنی بەهاری وڵاتەکەم لە دەروبەری ئەوان وەک پەپوولە بە خەمڵ و خەنگی عەشقێکی ڕەسەنەوە بڵاو دەبووەوە.

من و هاوڕێکانم وەستاین و تەماشای ئەو دیمەنە پڕ لە کوڵ، ئازار، کەسەر و خەمگینییە دەکرد. هەم پێکەنین هەم خەفەتی زۆرمان خوارد. هەم دڵمان پێیانەوە بوو و هەم لەگەڵ ئەوان دڵسوتاو بووین.

ڕەنگبێ لەو دانیشتنەیان ئەسپی خۆشبەز لەنێوان ئەوان و ئەو ژیانەی کە لێی بێبەش کراون هاتبێت و چووبێت، لەهەر سەرێکدا بارێک بیرەوەری لێ بار بکەن و بیخەنە نێو کوڵی دڵیانەوە.

ئێمە لەو ساتانەدا پڕ بووین لە پرس و ناکۆکی. گەلۆ ئاوارەیی هێندە بێ ڕەحمە تا لەهەر هاتنەدەرەوەیەکماندا بەر رووداوێکی پڕ لە ئازار و لە هەر کۆڵانێک بە جۆرێک بکەوین؟ ئاخۆ ئێمەش خۆمان یەکێکین لەو ڕووداوانە؟ بەهەمان ئەو چاوە سەیری ئێمە دەکرێ؟ نازانم!!!

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕووداوانەمان بە ئازارەوە هەڵگرت و هەنگاونامان کە بە ئاراستەی پاشەڕۆژێکی نادیار بوو درێژە پێدا و دیسانەوە ڕۆژێکی دیکەمان لەدوای خۆمانەوە بەجێهێشت و ماڵئاوایی لێ کردین و چوو.

 

ناوم سێڤین جمۆیە. لە ناوچەی ماباتاـی سەربە هەرێمی عەفرین. لە ساڵی ۱۹۹۲ لەدایکبووم. خوێندنی سەرەتاییم تا پۆلی ۹ لە گوندەکەم خوێندووە. خوێندنی ئامادەییشم لە بەشی کشتوکاڵ لە شار خوێندووە. دواتر خوێندنی پەیمانگەم لە حەلەب تەواو کرد. لە پەیمانگەی پەرەوەردەی پیشەیی لە بەشی کۆمپیوتەر و سکرتێری و هەروەها لە ساڵی ۲٠۱۲ بوومە مامۆستا. لە عەفرین ڕاهێنانی مامۆستایەتیم کردووە. خولی مێژوویشم کردووە. ماوەی سێ ساڵیشە لە ژنۆلۆژیدا کار دەکەم. سەرەتا خولی ڕاهێنانی ژنۆلۆژیم بینی و لە فێرگە خوێندم. دواتر چوومە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.