پوخته
له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا له‌ڕێگای شیكاری نمایشی شانۆگه‌ری (ته‌قینه‌وه‌كان)ی سارا كه‌ینه‌وه، له پرسی تووندوتیژی و چۆنێتی نواندن و پێشكه‌شكردنیم كۆڵیوه‌ته‌وه. به‌م كاره مه‌به‌ستم بوو بزانم له كاری درامیدا ده‌كرێت چۆن تووندوتیژی بخرێته به‌رباس و به چ جۆرێك كار له‌سه‌ر دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتورییه‌كان بكرێت. له ڕێگای شیكارییه‌كانمه‌وه، سه‌رنجم خستووه‌ته سه‌ر شوێن و كات و به‌رجه‌سته‌كردن. پاشان به چه‌مكگه‌لی وه‌ك كرده‌ی نواندن، سیاق/كۆنتێكست، ده‌سه‌ڵات، ئایدۆلۆژیا و جۆره‌كانی تووندوتیژی، به‌رجه‌سته‌كردنی تووندوتیژیم لێكداوه‌ته‌وه و له ڕیزبه‌ندی جیاوازدا دامناون. توێژینه‌وه شیكارییه‌كه ئه‌وه پیشانده‌دات هه‌موو جۆره‌كانی تووندوتیژی ته‌واو په‌یوه‌ستن به ده‌سه‌ڵاتداری و بێده‌سه‌ڵاتییه‌وه. به‌ده‌ر له ڕیاڵێتی كاره‌كه، شوێن و كات و به‌رجه‌سته‌كردن له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا زۆرجار مه‌جازی و هێمایین و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن په‌یوه‌ندییه ده‌سه‌ڵاتییه‌كان به قووڵیی له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیا وه‌ستاون. له‌وانه؛ سته‌می سه‌ر ژنان، ڕۆڵی هه‌ست، سێكسوالیته، ناسیۆنالیزم، چینایه‌تی، نه‌ژاد، نیشتیمانپه‌روه‌ری و هتد. شانۆگه‌رییه‌كه‌ی (كه‌ین) پڕه له دیمه‌نی تووندوتیژی و دڕندانه. (ته‌قینه‌وه‌كان) ده‌كرێت بخرێته چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هه‌روه‌كچۆن ده‌شچێته سیاقی ده‌روونی تاك و په‌یوه‌ندی تایبه‌تی نێوان مرۆڤه‌كانه‌وه. شیكارییه‌كه شتێك له‌سه‌ر كو‌لتور ده‌ڵێت كه به‌جۆرێك به‌رهه‌مهێنه‌ریی زه‌بر و سته‌مه. نمایشه‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیع، به‌ها، پێوه‌ر و ئاكاره. هه‌روه‌ها گه‌واهی نۆرمه هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌دات و به‌ره‌نگاریشیان ده‌بێته‌وه له‌ڕێگای به‌رجه‌سته‌كردن و وروژاندنی دۆزه‌كه‌وه. هه‌روه‌كچۆن دیمه‌نه تراژیدییه‌كان بینه‌ر ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه له تووندوتیژی ڕابمێنن و ئه‌و نۆرم و نه‌ریتانه بخه‌نه ژێر پرسیار كه له‌سه‌ریان وه‌ستاوه.
سه‌ره‌تا
دوای ئاشنابوونم به كاره‌كانی خانمی به‌ریتانی (سارا كه‌ین ١٩٧١–١٩٩٩)، دونیا و ژیان و ده‌قه‌كانی سه‌رنجیان ڕاكێشام. ئه‌وه‌ی كه‌ین دراماكار و ڕۆژنامه‌نووسێكی چالاك بووه و له ته‌مه‌نی گه‌نجیدا به ٢٨ ساڵی به شێوه‌یه‌كی تڕاژیدی خۆی كوشتووه و له دوای خۆی پێنج شانۆگه‌ری به‌پێزی به‌جێهێشتووه به ناوه‌كانی (ته‌قینه‌وه‌كان، ئه‌ڤینی فایدرا، ڕزگاربوو، تینووێتی، سایكۆسی سه‌عات ٤:٤٦)، كه پاشان له هه‌موو جیهاندا پێی ناسراوه، زیاتر سه‌رسامیان كردم و دوای وه‌رگێڕانی سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی، بڕیارمدا وردتر كاریان له‌سه‌ر بكه‌م … كه‌ین وه‌ك ڕێچكه‌شكێن و ناودارترین دراماكاری نه‌وه‌ده‌كان، كه سڵ ناكاته‌وه له‌وه‌ی په‌نجه بخاته سه‌ر برینه‌كان، ئه‌و دیدگایه‌ی گۆڕیوه كه چی ڕێگاپێدراوه بۆ نواندن له‌سه‌ر سته‌یج.[1] شانۆگه‌رییه‌كانی پۆستمۆدێرنن، نه‌شیاوییه‌كان ده‌خه‌نه‌ڕوو به درككردنی ڕاستی ته‌واوه‌وه و زیاتر پرسیار دروستده‌كه‌ن له‌جیاتی وه‌ڵامدانه‌وه. دراماكانی شاعیرانه‌ن، ته‌قینه‌وه‌ن و له‌باره‌ی تووندوتیژی، ته‌نهایی، ده‌سه‌ڵات، بیروباوه‌ڕ، ئه‌ڤین و شكسته‌وه، له دونیای جیاواز و جیهانی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی ده‌دوێن،[2] هه‌روه‌ها كاریگه‌ری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وه‌حشه‌تگه‌رایی جه‌نگی بۆسنه و هێرسك و ئه‌و نه‌خۆشخانه ده‌روونییه‌یان پێوه‌یه كه (كه‌ین) ساڵانی ١٩٩٢–١٩٩٥ وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسی جه‌نگ كاری تێدا كردووه. فره‌یی و كاریگه‌ری نه‌رێنی تووندوتیژی له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمان وایكرد بیر له ئه‌نجامدانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه بكه‌مه‌وه و بخوازم له نزیكه‌وه له بابه‌تی تووندوتیژی و چۆنێتی نمایشكردنی بكۆڵمه‌وه. هه‌روه‌ها مه‌به‌ستمه به‌م كاره هانی بێده‌نگ نه‌بوون له تووندوتیژی بده‌م و سه‌رنج بخه‌مه سه‌ر ئه‌ركی گرنگی شانۆ له ئاوێنه‌دانه‌وه‌ی پرسه گرفتاوییه‌كانی ژیان و مرۆڤایه‌تیدا …
ئامانج و پرسیار
ئامانجم له‌م كاره لێكۆڵینه‌وه‌ی بابه‌تی تووندوتیژییه، له‌گه‌ڵ سه‌رنجدان له چۆنێتی نمایشكردنی له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، مه‌به‌ستمه له‌ڕێی ڕووانگه‌ی جیاوازه‌وه فراوانتر له جۆره‌كانی تووندوتیژی و نواندنیان بدوێم له سیاقی كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا. كاره‌كه له‌ڕێی شیكاری شانۆگه‌ری (ته‌قینه‌وه‌كان)ه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌م و به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا ده‌چم كه ئاخۆ تووندوتیژی له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا چۆن به‌رجه‌سته ده‌كرێت و دیمه‌نه تووندوتیژیئامێزه‌كان، چ ڕووانگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری ده‌خه‌نه به‌رباس؟
تیۆری
بۆ گفتوگۆكردنی دۆزی توێژینه‌وه‌كه‌م، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی تیۆری، كتێبێكی توێژه‌ری درامی (لوسی نێڤیت)م به‌كارهێناوه به ناوی (شانۆ و تووندوتیژی). نێڤیت زۆر ڕه‌هه‌ند و ڕووانگه‌ی جیاوازی نمایشی تووندوتیژی ڕوونده‌كاته‌وه و له پۆلێنی جۆره‌كانی تووندوتیژی، ڕووداوه نواندنییه‌كان و په‌یوه‌ندی نێوان تووندوتیژی و ده‌سه‌ڵات و سیاق و ئایدۆلۆژیا ده‌دوێت. من زیاتر ئه‌و بیرۆكه سه‌ره‌كییانه ڕوونده‌كه‌مه‌وه كه ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و بۆ ڕاڤه‌ی نواندن و به‌كارهێنانیان له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مدا شیاون.
تووندوتیژی دیارده‌یه‌كه ڕۆژانه له فۆڕمی جیاوازدا دووچاری ده‌بینه‌وه، به ناڕاسته‌وخۆ له ڕێی هه‌واڵ و بیستنییه‌وه و به ڕاسته‌وخۆ له ژیان و ده‌وروبه‌ری خۆماندا، له شه‌ڕ و پێكدادانه به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا. جگه له‌مانه، تووندوتیژی له فیلم، زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنی، یاری كۆمپیوته‌ر و زۆر بواری دیشدا به‌دی ده‌كرێت. به‌مانایه‌كی تر، ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كین تووندوتیژی ئه‌وه‌نده دیار و دووباره‌یه له‌گه‌ڵماندا، تا ڕاده‌یه‌ك پێی ڕاهاتووین و بینین و بیستنی زۆر ڕووداو تووشی شۆكمان ناكات. ئه‌م ڕێژه زۆر و باوه‌ی تووندوتیژی وا ده‌كات بپرسین: ئایا ده‌رئه‌نجام و كاریگه‌رییه‌كانیان چیین؟ ئایا جیاوازی له‌نێوان تووندوتیژی نمایشكراو و تووندوتیژی ڕاستیدا هه‌یه؟ نێڤیت له‌م جۆره پرسیارانه ده‌وروژێنێت و گفتوگۆی ئه‌وه ده‌كات كه ئاخۆ نواندنی تووندوتیژی چه‌ند كاریگه‌ری و ڕۆڵی ده‌بێت له ئه‌زموونكردنی تووندوتیژی ڕاستیدا. ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه هه‌ندێك حاڵه‌تی تاوان هه‌ن ده‌كرێت له ئه‌نجامی كاریگه‌ربوون به تووندوتیژی ته‌له‌فیزیۆنی و یاری سه‌ر ئینته‌رنێته‌وه ئه‌نجام بدرێن، به‌ڵام پشتڕاستبوونه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه مه‌حاڵه و هه‌رگیز ناتوانین له‌وه دڵنیابین كه ئاخۆ ئه‌و تاوانكارانه به كارتێكردنی نواندنی تووندوتیژیییه‌كه تووشبوون یاخود په‌لكێشی سه‌یركردنی ئه‌و نمایشانه بوون چوونكه پێشوه‌خت خۆیان به هۆكاری دی ئاره‌زوومه‌ندی ئه‌نجامدانی تووندوتیژی بوون. خاڵێكی تری نه‌رێنی زۆربینینه‌وه‌ی تووندوتیژی نمایشكراو، ده‌كرێت ڕاهاتن بێت پێی، به‌و مانایه‌ی تووندوتیژی قبووڵ بكرێت و ئاسایی ببێته‌وه. له‌م باره‌یه‌وه نێڤیت ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له شانۆدا بینه‌ران به‌ئاگان له‌وه‌ی دیمه‌نه تووندوتیژییه‌كان نمایشن و ڕاست نین، ئه‌مه ده‌شێت وابكات چێژیان لێببینن و بۆیان ئاسان بێت به‌دیاریانه‌وه دابنیشن، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه هه‌مان ئه‌و كه‌سانه تووشی ترس و كاردانه‌وه‌ی تووند نابن ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووداوانه به‌ڕاستی له‌به‌رده‌میاندا ڕووبدات.[3] نێڤیت ده‌ڵێت نابێت پرسی نمایشی تووندوتیژی و په‌یوه‌ستێتی به حه‌قیقه‌ته‌وه بچووك بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكوو پێویسته به‌هه‌ند وه‌ریبگرین و بیری لێبكه‌ینه‌وه.
تووندوتیژی و جۆره‌كانی
تووندوتیژی، كرده‌ی شاڵاو و دژایه‌تییه، بریتییه له‌وه‌ی كه‌سێك یان چه‌ند كه‌سێك به شێوه‌ی فیزیكی، گۆبیستی Verbal، ده‌روونیی یان هه‌سته‌كی و هزری ئازاری كه‌سێك یان زیاتر بده‌ن، زیانی پێبگه‌یه‌نن، برینداری بكه‌ن یاخود لێی كه‌م بكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یه كه به‌رامبه‌ر ناچاربكرێت دژی ویستی خۆی شتێك بكات یان ڕێگری بكرێت له‌وه‌ی ویستێكی خۆی ئه‌نجام بدات. تووندوتیژی چه‌مكێكی فراوانه به چه‌ندین پێناسه‌وه. ناكرێت زۆر له‌سه‌ر تووندوتیژی بڵێین ئه‌گه‌ر جۆره‌كانی پۆلێن نه‌كه‌ین و له ئاڕاسته‌ی جیاوازه‌وه له هه‌ر جۆرێكی نه‌ڕوانین.[4] واته پێویسته بۆ نزیكبوونه‌وه له بابه‌ته‌كه، ڕاڤه‌ی جۆره‌كانی تووندوتیژی بكرێت، تاكوو بتوانرێت له ڕه‌هه‌ند و گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه سه‌رنجی بدرێت. نێڤیت تووندوتیژی فیزیكی و سێكسوالی، ده‌روونی و هه‌سته‌كی، هزری و ڕۆحی جیاده‌كاته‌وه. واته ده‌توانین تووندوتیژی له‌ژێر چه‌ند به‌شێكدا پۆلێن بكه‌ین كه هه‌ر جۆرێكیان ده‌كرێت په‌یوه‌ندیدار بێت به شێوازه‌كانی تره‌وه. ده‌كرێت بڵێین: تووندوتیژی ده‌روونی، لێدانی هه‌سته‌كی و ڕۆحییه، به‌بێ به‌كارهێنانی لێدانی فیزیكی. ده‌شێت له فۆڕمی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆدا بێت. ده‌كرێت له ئه‌نجامی تووندوتیژی گۆبیستیدا به گووتنی وشه‌ی ناشرین و برینداركه‌ربێت. هه‌روه‌ها ده‌شێت له فۆڕمی زاڵێتی و خۆسه‌پاندندا، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاو و سه‌ركوتكاری بێت … هه‌روه‌كچۆن ئاشكرایه تووندوتیژی فیزیكی به لێدانی جه‌سته‌یی ده‌گووترێت، جا ئه‌گه‌ر به ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته خۆی ئه‌نجامبدرێت یاخود به ئامرازی وه‌ك جۆره‌های چه‌ك و هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌ك كه بۆ ئازاردان و برینداركردنی له‌شولار به‌كاربێت. تووندوتیژی فیزیكی به ڕێژه و هێزی جیاوازه‌وه، پیاكێشانی سووك و قایم ده‌گرێته‌وه و ده‌شێت تا ئه‌وپه‌ڕی ئه‌شكه‌نجه و مه‌رگیشت به‌رێت … هه‌رچی تووندوتیژی سێكسوالییه، بریتییه له ده‌ستدرێژی سێكسی به‌زۆر و دژ به‌ویستی به‌رامبه‌ر، هه‌روه‌ك چۆن ناچاركردنی به‌رامبه‌ره به گێڕانی ڕۆڵی سێكسی و ئه‌نجامدانی كرده‌كه به‌شێوازی نه‌خواز و ناباو … تووندوتیژی كه‌ره‌سته‌ییش هه‌یه كه بریتییه له شكاندن و هه‌ڵدانی شتومه‌ك به مه‌به‌ستی ترساندن و تووڕه‌بوون، بۆنموونه شكاندنی كه‌لوپه‌لی ناوماڵ، به‌قایم پێوه‌دانی ده‌رگا و دڕاندنی جلوبه‌رگ و هتد. نێڤیت ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه ده‌توانرێت تووندوتیژی له‌نێوان ژماره‌ی په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه هه‌ڵبسه‌نگێنرێت، واته له‌نێوان چه‌ند كه‌سدایه (دوو كه‌س، چه‌ندین كه‌س یاخود به‌كۆمه‌ڵه وه‌كوو جه‌نگ). هه‌روه‌ها ده‌توانین له‌ڕێی هۆكاره‌كانه‌وه بیر له شێوه و كاریگه‌رییه‌كانی تووندوتیژی بكه‌ینه‌وه. ده‌توانین له سیاقی به‌ئه‌نقه‌ست و یاسابه‌ندیدا لێی ڕابمێنین و به‌وه‌ی كه بزانین كام له تووندوتیژییه‌كان له ئارادایه، تێگه‌یشتنی زیاتر فه‌راهه‌م بكه‌ین.[5]
زمانی كینه
ده‌رباره‌ی تووندوتیژی گۆبیستی، واته ئه‌وه‌ی ده‌گووترێت و ده‌بیسترێت، جۆرێكی تر له تووندوتیژی دێته‌پێش كه نێڤیت به زمانی كینه یاخود گووته‌ی ڕقئامێز Hate speech ناوی ده‌بات. ئه‌مه‌یان چه‌مكی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و توانجی هاوڕه‌گه‌زخوازیش ده‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ها گوزارشتی سته‌مئامێز و لێكه‌مكردنه‌وه‌ی جۆره‌های گرووپی خه‌ڵك و چینایه‌تی و دواخسته‌ی تانه‌ی سێكسوالیته‌ییه. زمانی كینه چه‌مكی وه‌سفكردن نییه، به‌ڵكوو نواندنییه. بۆنموونه بانگكردنی خه‌ڵكانێك به (دۆم، لووس، لادێیی، سه‌رڕه‌ش) ئه‌مانه باسكردنی كه‌سه‌كه نین، به‌ڵكوو كرده‌یه‌كی تووندڕه‌وییه و هێز له مێژووی سته‌می سه‌ركوتكارییه‌وه ده‌هێنێت.[6] نێڤیت ئاماژه به‌وه ده‌دات كه زمانی كینه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سته‌می مێژوویی كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌یه، چوونكه به به‌ها و شێوه‌ی پێشوه‌خته‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه. لێره‌دا ده‌شێت قوربانییه‌كه پێشتر سته‌می لێكرابێت و تانه‌كه‌ی دواخرابێت، یاخود له‌دۆخێكی وادابێت كه دوورنه‌بێت سته‌می لێبكرێت. زمانی كینه فره‌هێزه به‌وه‌ی ته‌نها بۆ ڕق و زۆرداری ساته‌وه‌ختی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكوو ڕووخسارپێده‌ریشه، فشارێكه ده‌مێنێته‌وه، له‌ڕێی به‌سه‌ردابڕان و به‌كارهێنانی به‌رده‌وامه‌وه.
ده‌سه‌ڵات
چه‌مكی ده‌سه‌ڵات له په‌یوه‌ندی به تووندوتیژییه‌وه، زاده‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به بێده‌سه‌ڵاتییه. ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت به ڕاسته‌وخۆ یاخود ناڕاسته‌وخۆ بگێڕدرێت، به‌ڵام نێڤیت جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه تووندوتیژی به‌ستراوه به په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداری و ناهاوسه‌نگییه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه. گێڕانی تووندوتیژی ده‌توانێت پیشانده‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بێت كه له كۆمه‌ڵگه‌دا بوونی زاڵه و ئه‌و پێوه‌رانه‌ش به‌یان بكات كه له‌سه‌ری به‌ندن. له نموونه‌ی تووندوتیژی فیزیكیدا، ده‌سه‌ڵات له ڕێی جه‌سته‌وه مانیفێست ده‌كرێت له فۆڕمی (ئه‌نجامده‌ر و قوربانی)دا. له كوشتاری تیرۆریدا، تیرۆرسته‌كانن ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه به‌رامبه‌ر به قوربانی و شایه‌تحاڵه‌كان، كه ده‌بنه بێده‌سه‌ڵاته‌كان.[7]
به‌رجه‌سته‌كردنی تووندوتیژی و Performance
نێڤیت ده‌ڵێت چۆنێتی هه‌ڵبژاردنی به‌رجه‌سته‌كردنی تووندوتیژی گرنگه بۆ لێكدانه‌وه و دیقه‌تدانی تووندوتیژی. به‌رجه‌سته‌كردنی تووندوتیژی ده‌توانێت پێشنیازی زۆرجۆر تێگه‌یشتنی تووندوتیژی بكات. ئه‌مه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رنج ده‌خرێته سه‌ر چی، بۆنموونه سه‌رنج ده‌خرێته سه‌ر موعانات و ئازارچه‌شتن یان برینی فیزیكی و ژانی قوربانی، یاخود بیرۆكه‌ی سته‌مه‌كه ده‌خرێته به‌ر ڕووناكی.[8] نماینده‌كردنی تووندوتیژی ده‌كرێت شتێكمان ده‌رباره‌ی ئه‌و كولتوره پێبڵێت كه به‌رهه‌مهێنه‌رییه‌تی، شتێك له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، هه‌ڵوێست، ئاكار و به‌هادانانه‌وه. نێڤیت ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه نماینده‌كردنی تووندوتیژی، دووپاتكردنه‌وه و هێشتنه‌وه‌یه‌تی یانیش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نۆڕمی هه‌نووكه‌ییه‌تی.[9] چه‌مكی Performance به ئینگلیزی، وه‌ك كرده‌ی نواندن ناوده‌برێت، كرداره نواندنییه‌كان وه‌ك چه‌مك، چوون ئامراز به‌كارده‌هێنرێن بۆ شیكاری ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كان.[10] ئه‌مه وه‌ك تیۆری سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن زمان و دانوستان و هه‌بووه‌كان بهێڵینه‌وه. به چه‌مكی كرداری نواندن ده‌توانین ببینین چی له ده‌قی شانۆگه‌رییه‌كاندا ده‌گوزه‌رێت و نمایشه‌كان چۆن بنیاتنراون.
كۆنتێكست و ئایدۆلۆژیا
كاتێك دێینه سه‌ر شیكاریی نمایشی تووندوتیژی شانۆیی، ناكرێت ته‌نها وه‌ك دیارده‌یه‌ك ناوی به‌رین. ناتوانین به‌رجه‌سته‌كردنی تووندوتیژی هه‌ڵبسه‌نگێنین به‌بێ ئه‌وه‌ی له سیاقێكی فراوانتردا داینه‌نێین، ئه‌مه كاتێك له ده‌قی شانۆیی و له جیهاندا، له چۆنێتی وه‌سفكردنی ده‌كۆڵینه‌وه.[11] دانانی تووندوتیژی شانۆیی له سیاقێكدا، تێگه‌یشتنه له‌و ئایدۆلۆژیایانه‌ش كه كۆمه‌كی ده‌كه‌ن. ئایدۆلۆژیاكان شێوازێكن بۆ تێگه‌یشتنی ئێستا و داهاتوو به ڕامانی تایبه‌ته‌وه. ئایدۆلۆژیاكان بیرۆكه‌ن، هه‌ست و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ری به‌هایین، ده‌رهه‌ق به مرۆڤگه‌لێك كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا له كاتێكی دیاریكراودا وابه‌سته‌ین.[12]
كه‌ره‌سته
كاتێك ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌م ئه‌نجامدا، نمایشی شانۆگه‌رییه‌كانی كه‌ین به‌ڕێوه نه‌ده‌چوو. بۆیه وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كیی كاره‌كه‌م، نوسخه‌یه‌كی تۆماركراوی شانۆگه‌ری (ته‌قینه‌وه‌كان)م بهDVD به‌كارهێنا، كه ٦\٤\٢٠٠٦ له هۆڵی ئێلڤێركتی دووی شانۆی (دراماتێن) له ستۆكهۆڵم، له ده‌رهێنانی (ستێفان لارسسۆن) پێشكه‌شكراوه. هاوته‌ریب به شیكاری نمایشه‌كه، وه‌ك ته‌واوكاری له سه‌رنجدانی جیاوازیی دیمه‌ن و به‌رجه‌سته‌كردندا، گه‌ڕاومه‌ته‌وه سه‌ر ده‌قی شانۆگه‌رییه‌كه له كتێبی (كۆی شانۆگه‌رییه‌كانی سارا كه‌ین)دا. هه‌ڵبژاردنی من بۆ نمایشی شانۆگه‌ری (ته‌قینه‌وه‌كان) كه یه‌كه‌م به‌رهه‌می كه‌ینه و ساڵی ١٩٩٥ نووسراوه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه زۆرجۆر تووندوتیژی له‌خۆگرتووه و بۆ دۆزی توێژینه‌وه‌كه‌م گونجاوه.
میتۆد
وه‌ك ئامرازێك بۆ شیكاریی، سوودم له كتێبی (دراما و شیكاری نمایش)ی (ڕیكارد لۆمان) وه‌گرتووه و هه‌ندێك به‌شی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌م له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕێنماییه شیكارییه‌كانی ئه‌و داڕشتووه. لۆمان ئاماژه به‌وه ده‌دات كه شانۆ هونه‌ری هه‌نووكه‌ییه به‌وپێیه‌ی له‌ده‌می “ئێره و ئێستا”دا نمایش ده‌كرێت. به شیكاریی شانۆگه‌ری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێره و ئێستای سته‌یجدا ده‌گرین. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه ده‌كرێت شیكارییه‌كه ئاڵۆز بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێت ڕه‌چاوی زۆر ڕه‌هه‌ند و ڕووانگه بكه‌ین.[13] شیكاریی شانۆگه‌ری، سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر شوێن، ده‌رهێنان، پڕۆسه وه‌ك قۆناغی كات و چۆنێتی به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵه‌كان. هه‌ریه‌ك له ڕه‌هه‌ند و ڕووانگه‌كان چه‌ندین ورده‌كارییان له ناوه‌ڕۆكدایه، له لێكدانه‌وه و شیكارییدا بڕیار ده‌درێت له نزیكه‌وه له لایه‌نێك یان له چه‌ند لایه‌نێك بكۆڵرێته‌وه. هه‌روه‌ها به‌دیدی لۆمان ده‌كرێت توێژینه‌وه‌ی شیكاریی زیاتر سنوورداربكرێت به‌وه‌ی سه‌رنج بخرێته‌سه‌ر: “خودی نواندنه‌كه” یاخود “نواندن له په‌یوه‌ستی به خۆیه‌وه” یان “نواندن له په‌یوه‌ستی به ئێمه‌وه! ” من له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا، وێڕای دۆزینه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان هه‌ر سێ دۆخی نواندنه‌كه‌دا، سه‌رنجی زیاتر ده‌خه‌مه سه‌ر بژارده‌ی سێهه‌م به‌وپێیه‌ی زیاتر په‌یوه‌ندیداره به‌پرسی توێژینه‌وه شیكارییه‌كه‌مه‌وه.
له شیكارییه‌كه‌دا سه‌رنجی به‌رده‌وام ده‌خه‌مه سه‌ر سێ ڕه‌هه‌ند كه بریتین له شوێن و كات و به‌رجه‌سته‌كردن.
شوێن: وردبوونه‌وه له شوێنی شانۆكه، ڕه‌هه‌نده پراكتیكی و ئه‌ستاتیكییه‌كانی، بیستن و بینین تیایدا و چۆنێتی ڕێكخستنی ژینگه دیار و نادیاره‌كان.
كات: كات چۆن وه‌سف ده‌كرێت، كوورت یان درێژ، خاو یان خێرا، لۆژیكی یاخود ده‌روونی.
به‌رجه‌سته‌كردن: تێڕامان له به‌رجه‌سته‌كردنی كه‌سایه‌تی و ڕۆڵ و كاره‌كته‌ره‌كان، دیالۆگه‌كان، زمانی جه‌سته، جل و ماكیاژ و … بیركردنه‌وه له‌وه‌ش كه هه‌ریه‌ك له‌مانه چ بنه‌مایه‌كی كولتوری و مێژووییان هه‌یه.[14]
شیكاری ته‌قینه‌وه‌كان
كوورته‌ی ڕووداوه‌كان
كاره‌كته‌ره به‌شداربووه‌كانی سه‌ر سته‌یج بریتین له: (داڤید دێنسیك) له ڕۆڵی (ئیان)دا، (نۆمی ڕاپه‌یس) له ڕۆڵی (كه‌یت)دا و (دوگلاس جۆهانسسۆن) له ڕۆڵی (سه‌رباز)دا. كه نمایشه‌كه ده‌ستپێده‌كات، ژووری هوتێلێكی گرانبه‌ها ده‌بینین، ژوورێكی ڕازاوه به كورسی و كه‌لوپه‌لی كه‌شخه و ته‌ختێكی خه‌وی دووكه‌سیی ڕێكخراوه‌وه، گوڵدانێك به گوڵی سپییه‌وه له سوچێكدا دانراوه و باڕێكی بچكۆله‌شی لێیه. به به‌كارهێنانی ته‌كنیكی سینه‌ما، له‌سه‌ر لادیوارێك ده‌ریا ده‌بینرێت و هاژه و شه‌پۆلی ئاو ده‌بیسترێت، وه‌كئه‌وه‌ی په‌رده‌سینه‌ماكه ته‌له‌فزیۆن بێت، دیمه‌نه‌كه ده‌چێته سه‌ر كه‌ناڵێك وه‌رزش په‌خشده‌كات، ئیان كۆنترۆڵێك ده‌گرێت به‌ده‌سته‌وه، چه‌ند كه‌ناڵێك ده‌گۆڕێت. كه‌ش ئارامه و مۆسیقای كلاسیك ده‌بیسترێت، لێ زۆرنابات هه‌موو ئه‌م هارمۆنییه‌ته به گرژی ڕووداوه‌كان ده‌شێوێت.
په‌رده‌ی یه‌كه‌م: پیاوێكی ته‌مه‌ن مامناوه‌ند و كچێكی گه‌نج دێنه ژووری هوتێله‌كه‌وه. پیاوه‌كه (ئیان)ه، به ڕۆژنامه‌نووس خۆی ناوزه‌ند ده‌كات. كچه‌كه (كه‌یت)ه، ٢١ ساڵ ته‌مه‌نییه‌تی، زۆر سه‌لار و خۆشباوه‌ڕه و كه ده‌شڵه‌ژێت زمانی ده‌یگرێت. ئیان له باڕه‌كه ده‌خواته‌وه و ده‌چێت له حه‌مامه‌كه خۆی بشوات. ده‌گه‌ڕێته‌وه تا دڵنیابێت ده‌مانچه‌كه‌ی له‌سه‌رپێیه و ده‌یخاته ژێر سه‌رینه‌كه‌وه. له‌ڕێی قسه‌كانیانه‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌م دوو كه‌سه، پێشتر په‌یوه‌ندی سۆزداریان هه‌بووه. ئێستا ئیان زۆر نه‌خۆشه و داوای له كه‌یت كردووه یه‌ك ببینن. ئیان بێڕێزی به ژن زۆر ده‌كات، بێئیمان و نه‌ژادپه‌رسته و ترسێكی زۆریشی له هاوڕه‌گه‌زخوازه‌كان هه‌یه.
ئیان هه‌وڵ ده‌دات كه‌یت ڕازی بكات له‌گه‌ڵی بخه‌وێت، به‌ڵام كه‌یت نایه‌وێت و ڕه‌تی ده‌كاته‌وه. پێكه‌وه ده‌مه‌ده‌م زۆر ده‌كه‌ن. ئیان گاڵته به كه‌یت ده‌كات و به قسه‌ی زبر فشاری زۆر ده‌خاته‌سه‌ر. كه‌یت ده‌كه‌وێته له‌رزین، هستریا ده‌یگرێت و ده‌بوورێته‌وه. كه ئه‌مه بۆ یه‌كه‌م جار ڕووده‌دات، ئیان ده‌ترسێت و نازانێت چی بكات. كه‌یت دواتر پێی ده‌ڵێت كه زۆرجار وایلێدێت. له‌ڕێی ته‌له‌فۆنێكه‌وه تێده‌گه‌ین ئیان سیخوڕ و بكوژه و له ڕێكخراوێكه‌وه فه‌رمان و ڕێنمایی پێده‌درێت. هه‌روه‌ها له‌ڕێی گفتوگۆكانه‌وه تێده‌گه‌ین ئێستا كه‌یت له‌گه‌ڵ كوڕێكی تردا له په‌یوه‌ندیدایه. ئه‌مه ئیان زیاتر قه‌ڵس ده‌كات و نایه‌وێت ئه‌م ڕاستییه قبووڵ بكات. به‌شی یه‌كه‌می نمایشه‌كه به‌گرژی و به شه‌ڕه‌ده‌مه‌وه ته‌واو ده‌بێت.
په‌رده‌ی دووهه‌م: گوڵدانه‌كه له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه كه‌وتووه و گوڵه‌كان به‌ژاكاوی به ژووره‌كه‌دا په‌رشوبڵاوبوونه‌ته‌وه. كه‌یت له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه به چه‌رچه‌فێكه‌وه ڕاكشاوه. ئیان ده‌خواته‌وه و ده‌كۆكێت. كه‌یت جنێوی پێده‌دات و تێده‌گه‌ین ئیان ده‌ستدرێژی كردووه‌ته‌سه‌ر. ئیان ده‌چێت بۆ توالێت، كه‌یت هه‌ڵده‌ستێت چاكه‌ته‌كه‌ی ئیان هه‌ڵده‌گرێت و قۆڵه‌كانی لێده‌كاته‌وه. كه ئیان دێته‌وه، له‌م كاره تووڕه ده‌بێت. هه‌ردووكیان په‌لاماری ده‌مانچه‌كه ده‌ده‌ن و شه‌ڕده‌كه‌ن. كه‌یت دیسان ده‌بوورێته‌وه. ئیان دووباره ده‌ستدرێژی ده‌كاته‌سه‌ر، له‌كاتێكدا ئه‌و له هۆشخۆی چووه. كه كه‌یت به‌ئاگادێته‌وه، ده‌یه‌وێت بڕواته‌وه ماڵه‌وه. ئیان ده‌پاڕێته‌وه و تكای لێده‌كات بمێنێته‌وه، چوونكه له مردن ده‌ترسێت و نایه‌وێت به‌ته‌نها بێت. كه‌یت ده‌یه‌وێت له ئیان تێبگات و بزانێت له ڕابردوودا خه‌ریكی چی بووه، بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامێكی چنگ بكه‌وێت، خۆی هێور ده‌كاته‌وه، به‌نه‌رمی له ئیان نزیك ده‌بێته‌وه و ده‌ست به گیانیدا ده‌هێنێت و داواده‌كات پێی بڵێت بۆچی كاتی خۆی به‌جێیهێشت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی پێ بڵێت. ئیان ته‌واو خرۆشاوه و كه‌وتۆته جه‌وی خۆیه‌وه، به‌ده‌م چێژ و ڕه‌حه‌تبوونه‌وه ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه ناچاربووه دووربكه‌وێته‌وه چوونكه ئه‌و بكوژه و كار بۆ گرووپێكی سیاسی ده‌كات. كه‌یت كه ده‌بیستێت ئه‌و بكوژه، شێتگیر ده‌بێت و گازێكی تووند له چووكی ده‌گرێت. دیسان ده‌ستده‌كه‌نه‌وه به شه‌ڕ و ده‌كه‌ونه گفتوگۆی ئه‌وه‌ی كوشتن چۆن ڕاسته و چۆن هه‌ڵه‌یه.
كه‌یت تێبینی ئه‌وه ده‌كات له ده‌ره‌وه جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێت. چه‌ند جارێك له‌ده‌رگا ده‌درێت، ئیان ده‌په‌شۆكێت. كه‌یت داواده‌كات نه‌یكاته‌وه و ده‌چێته حه‌مام خۆی بشوات. سه‌ربازێك دێته‌ژووره‌وه، ئیان خافڵ ده‌كات و ده‌مانچه‌كه‌ی لێده‌سه‌نێت. كاتێك سه‌ربازه‌كه به‌دوای كه‌سی تردا ژووره‌كه ده‌پشكنێت، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌یت له په‌نجه‌ره‌ی گه‌رماوه‌كه‌وه ڕایكردووه.
په‌رده‌ی سێهه‌م: ژووری هوتێله‌كه به‌ر بۆمب ده‌كه‌وێت و ده‌بێته وێرانه. ئیان و سه‌ربازه‌كه له‌سه‌ر زه‌ویییه‌كه پاڵكه‌وتوون. سه‌ربازه‌كه ئه‌و سته‌م و زۆرداریانه له ده‌ستدرێژی و ئه‌شكه‌نجه و كوشتاری خه‌ڵك ده‌گێڕێته‌وه كه شایه‌تحاڵ و به‌شداربووه تیایاندا. پاشان له ئیان ده‌پرسێت گه‌ر ئه‌و تاوانی وه‌های كردبێت یان ئاماده‌بێت كاری وا بكات له‌به‌ر وڵاته‌كه‌ی. ئیان ده‌ڵێت نه‌خێر، ئاوها بكه‌م خه‌وم لێ ناكه‌وێت، ئه‌گه‌ر ناچاریشبم خه‌ڵك بكوژم، به‌خێرایی ده‌یكوژم، ئه‌شكه‌نجه‌ی ناده‌م. سه‌ربازه‌كه ده‌یه‌وێت ئیان زیاتر قسه‌بكات، بۆیه زیاتر باسی ورده‌كاری ئه‌و دڕنده‌یی و سته‌مانه ده‌كات كه له جه‌نگدا دووچاریان هاتووه. ئیان هێڵنجی دێت، قێزی دێته‌وه. ئه‌وجا سه‌ربازه‌كه باسی ئه‌وه ده‌كات چۆن ده‌ستگیرانه‌كه‌یان سه‌ربڕیوه و به ده‌رگایه‌كدا هه‌ڵیانواسیوه. داوا له ئیان ده‌كات وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك له‌باره‌ی كوشتنی ده‌ستگیرانه‌كه‌یه‌وه بنووسێت، (دواتر ده‌رده‌كه‌وێت خودی ئیان بووه ده‌ستگیرانی سه‌ربازه‌كه‌ی به‌و بێویژدانییه كوشتووه و ده‌ترسێت تۆڵه‌ی لێبكاته‌وه، بۆیه درۆ ده‌كات تا گه‌ر كوشتی خێرا بیكوژێت و ئه‌شكه‌نجه‌ی نه‌دات)، به‌ڵام ئیان داوای سه‌ربازه‌كه ڕه‌تده‌كاته‌وه، ده‌ڵێت من به‌سه‌رهاتی ئاوها نانووسم و ده‌بێته شه‌ڕیان. سه‌ربازه‌كه به چه‌كه‌كه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات و ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كاته سه‌ر، هاوكات خۆی ده‌گری و یه‌ك یه‌ك چاوه‌كانی ئیان ده‌مژێت و ده‌یانخوات!
په‌رده‌ی چواره‌م: سه‌ربازه‌كه له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه كه‌وتووه، گوله‌یه‌كی ناوه به سه‌ری خۆیه‌وه، خۆی كوشتووه. كه‌یت ده‌گه‌ڕێته‌وه به منداڵێكه‌وه له باوه‌شیدا. سه‌یری ئیان ده‌كات، ده‌ڵێت سه‌رباز شاره‌كه‌ی ته‌نیوه، ژنێك ئه‌و منداڵه‌ی دامێ. ئیان داوای یارمه‌تی لێده‌كات، تكاده‌كات بمێنێته‌وه، ده‌ڵێت مه‌ڕۆ ده‌ره‌وه خه‌ته‌رناكه، به‌ڵام كه‌یت ده‌ڵێت پێویسته بچمه‌وه ده‌ره‌وه تا خۆراك بۆ منداڵه‌كه په‌یدابكه‌م. ئیان ده‌مانچه‌كه‌ی به‌رده‌ست ده‌كه‌وێت و ده‌یه‌وێت خۆی بكوژێت، به‌س كه‌یت پێشتر ده‌مانچه‌كه‌ی خاڵی كردووه‌ته‌وه له فیشه‌ك. منداڵه‌كه له‌باوه‌شی كه‌یتدا ده‌مرێت. كه‌یت هستریاكه‌ی بۆ دێت و ده‌بوورێته‌وه.
په‌رده‌ی پێنجه‌م: كه‌یت له چاڵێكدا منداڵه‌كه ده‌نێژێت، جۆرێك له سێرمۆنی مه‌رگی بۆ ده‌گێڕێت و نزای بۆ ده‌كات. ئیان پێیناخۆشه، ئیره‌یی ده‌بات و حه‌زده‌كات كه مرد، به‌وجۆره خه‌م بۆ ئه‌م بخوات. كه‌یت برسییه‌تی، ده‌ڕوات به‌دوای خواردندا بگه‌ڕێت. ئیان ڕووتوقوته ته‌نها ماوه‌ته‌وه، ئازارده‌چێژێت، جنێو ده‌دات، فرمێسكی خوێنین ده‌ڕێژێت و ده‌ستپه‌ڕ ده‌كات! ده‌تلێته‌وه و له‌تاو سه‌رما باوه‌ش به لاشه‌ی سه‌ربازه‌كه‌دا ده‌كات تا گه‌رمیبێته‌وه. ئه‌و برسییه‌تی، گۆڕی منداڵه‌كه هه‌ڵده‌كه‌نێت، لاشه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و لێی ده‌خوات. دواتر خۆی ده‌خنێته چاڵه‌كه‌وه، ده‌یه‌وێت بمرێت. كه‌یت به خواردن و خواردنه‌وه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌نێوان ڕانه‌كانییه‌وه خوێن ده‌زووله ده‌كات و به قاچیدا ده‌چۆڕێته خواره‌وه. داده‌نیشێت له خواردنه‌كه ده‌خوات و ده‌شیكات به ده‌می ئیانه‌وه. ئیان ده‌ڵێت: سوپاس!
شوێن
سه‌باره‌ت به شوێن له نمایشه‌كه‌دا، جێ بیننراو و جوگرافییه‌كه، ژووری هوتێله‌كه‌یه. ئه‌و ژووره ڕازاوه‌یه ده‌كرێت له هه‌ر جێیه‌كی دونیادا بێت، ئه‌گه‌رچی له ده‌قی شانۆگه‌رییه‌كه‌دا ئاماژه ده‌درێت كه له شاری لیدسه له به‌ریتانیا. ئه‌و ژووره هیچ سه‌ره‌داوێكمان ناداتێ له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه ڕووده‌ده‌ن. ده‌كرێت لێكدانه‌وه‌مان بۆ ژووره‌كه، شوێنێك بێت بۆ گۆشه‌گیری، له‌و ڕووه‌وه كه شتانێكی كه‌سیی و نادیار له‌ناو دیواره‌كانیدا ده‌گوزه‌رێت، ده‌شێت ئه‌مه وه‌ك دیوی ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و مرۆڤایه‌تی لێكبدرێته‌وه، كه تیایدا كه‌یت و ئیان گفتوگۆی بابه‌تگه‌لێكی جددی و هه‌ستیار ده‌كه‌ن كه كار له ده‌روونی تاك ده‌كات.
شوێنه خه‌یاڵییه‌كان، شار و شه‌قام و هه‌موو ئه‌و جێگایانه‌ن كه كاره‌كته‌ره‌كان باسیان ده‌كه‌ن به‌ڵام ئێمه‌ی بینه‌ر ڕاسته‌وخۆ نایانبینین. بۆنموونه، كاتێك كه‌یت ده‌ڕوات و ده‌گه‌ڕێته‌وه، باس له‌وه ده‌كات شاره‌كه چۆن بووه‌ته دێوه‌زمه. یاخود كه سه‌ربازه‌كه ده‌ڵێت ژنه‌كه‌میان سه‌ربڕیووه و هه‌ڵیانواسیوه به ده‌رگادا. ئێمه ده‌توانین هه‌موو ئه‌و شوێنانه بهێنینه پێش چاومان كه باسیان لێوه ده‌كرێت. به‌مجۆره شوێن له (ته‌قینه‌وه‌كان)دا په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی هه‌یه به‌هه‌موو ڕووداوه‌كانه‌وه.
هه‌ماهه‌نگ به شوێن، سێنۆگرافیا له نمایشه‌كه‌دا هاریكاره له تێگه‌یشتنی دراماكه‌دا. به‌تایبه‌ت دوای ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه، كه ژووری هۆتێله‌كه ده‌بێته كه‌لاوه و له‌پڕ هه‌موو شت تڕاژیدی ده‌بینرێت. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له به‌ركه‌وتنی بۆمبه‌كه نیشاندانی جه‌نگه. هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای په‌رده‌ی دووهه‌مدا، كه ده‌بینین ژووره‌كه بۆته فه‌وزا، گوڵدانه‌كه شكاوه، گوڵه‌كان له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه بڵاوبوونه‌ته‌وه، جله‌كانیان فڕێدراوه و كه‌یت به چه‌رچه‌فێكه‌وه له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه ڕاكشاوه، تێده‌گه‌ین ئیان شه‌وه‌كه‌ی ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ر كه‌یت. به‌م شێوه‌یه سێنۆگرافی به‌رجه‌سته‌كردن و تێگه‌یشتن ئاسان ده‌كات و كه‌لوپه‌له‌كانی ژووره‌كه به مانا هێماییه‌كانیانه‌وه و به شێوازی گۆڕینیانه‌وه له په‌رده‌كاندا، ده‌ستدرێژی و ڕه‌تكردنه‌وه‌كان زیاتر ڕوونده‌كه‌نه‌وه.[15]
نمایشه‌كه له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تووندوتیژیدا، ده‌كرێت وه‌ك تووندوتیژی ناو ماڵ لێكبدرێته‌وه، یاخود وه‌ك تووندوتیژی له‌نێو په‌یوه‌ندی نزیكه‌كاندا. ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌وه‌وه وه‌رده‌گرین كه ڕووداوه‌كان له ژووری هوتێلێكدا ڕووده‌ده‌ن و له په‌رده‌ی یه‌كه‌مدا شه‌ڕه‌كه له‌نێوان ژن و پیاوێكدایه. ده‌كرێت تێڕوانینی میتافۆڕیمان بۆ ژووری هوتێله‌كه جێیه‌كی پریڤات بێت كه له‌په‌ناوه تووندوتیژی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت. هاوكات ده‌كرێت ژووره‌كه به شێوه‌یه‌كی هێمایی وه‌ك ناخ و جیهانی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ببینرێت. ئه‌وه‌ی كه وا ده‌كات بڵێین سه‌رنج له‌سه‌ر جیهانه ناوه‌كییه‌كه‌یه، ئه‌وه‌یه كه بینه‌ر ناتوانێت ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه ببینێت. ئه‌وه‌ش كه كاره‌كته‌ره‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له ده‌ره‌وه ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه كه دونیای ده‌ره‌وه جیاكراوه نییه له جیهانه ناوه‌كییه‌كه و كار له ده‌روونی كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌كات.
جگه له تووندوتیژی نێوان كاره‌كته‌ره‌كان، باسی تووندوتیژی به‌كۆمه‌ڵ و ناكۆكییه سیاسییه‌كان له‌ڕێی باسكردنی ئه‌و جه‌نگه‌وه ده‌كرێت كه له ده‌ره‌وه ڕووده‌دات. ئه‌مه له‌ویادا به‌ڕوونی ده‌بینرێت كه ژووره‌كه به‌ر ته‌قینه‌وه ده‌كه‌وێت و ده‌بێته وێرانه. جێی باسه ئه‌م دیمه‌نه له ڕه‌خنه‌دا له ڕووی په‌یوه‌ستی هزری لۆژیكییه‌وه به ناڕوون ناوبراوه، چوونكه گه‌ر مه‌به‌ست له (جه‌نگی ده‌ره‌وه) جه‌نگی بۆسنه و هه‌رسك بێت، ژووری هوتێله‌كه (دونیای ناوه‌وه) چۆن ده‌بێت له به‌ریتانیا بێت![16] به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه واقیعییه ته‌نها كاتێك ڕه‌وایه كه شوێنه تایبه‌ته جوگرافییه‌كان بۆ ماناپێدان گرنگتربن له شوێنه هێمایی و میتافۆڕییه‌كان. به‌پێچه‌وانه‌وه ڕووانگه هێماییه‌كانی شانۆگه‌رییه‌كه تێگه‌یشتنی له‌بار و قووڵتر ده‌ده‌نه به‌سه‌رهات و دیمه‌نه‌كان. سه‌باره‌ت به‌و شوێن ڕاگوزه‌رییه، (ئه‌لێكس سێرس) ده‌ڵێت كه‌ین به‌ته‌واوی ڕووانگه‌ی شوێنی تێپه‌ڕاندووه، نمایشه‌كه دووریی مه‌ودا جوگرافییه‌كان تێكده‌شكێنێت و بینه‌ر ده‌گوێزێته‌وه بۆ ئه‌زموونكردنی جه‌نگی ناوخۆ، له هه‌ر جێیه‌ك بێت.[17] ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌م ژووری هوتێله‌كه و هه‌م ئه‌و جه‌نگه‌ی ده‌ریشه‌وه ده‌كرێت له هه‌ر شوێنێكی جیهاندا بێت. وه‌كتر ئه‌وه‌ی كه له چه‌ند خوله‌كێكدا ژووره‌كه كاول ده‌بێت و چیتر ئه‌و شوێنه ئارام و ڕازاوه‌یه نامێنێت كه هه‌بوو، ئاماژه‌دانه به‌وه‌ی ده‌كرێت بوون و ژیان له ساتێك‌دا بڕووخێت به‌بێ هیچ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت. ئه‌وه‌ش كه كه‌شه پریڤاته‌كه ون ده‌بێت و دۆخه‌كه ده‌بێته ئاوێنه‌دانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، هێماییانه ده‌كرێت وا لێكبدرێته‌وه كه تووندوتیژییه‌كه باس له ئێره له ناوه‌وه و له‌وێش له ده‌ره‌وه ده‌كات، له‌سه‌ر ئاستی تاك و كۆ.
سه‌باره‌ت به تووندوتیژی له سیاقی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا و له په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه، ده‌كرێت له‌ڕێی تووندوتیژییه گۆبیستی و زمانییه‌كانی نێوان سه‌ربازه‌كه و ئیانه‌وه زیاتر لێیان وردببینه‌وه. ئه‌وان كه سه‌ر به دوو به‌ره‌ن و خه‌ڵكی دوو ناوچه‌ی جیاوازن، له چه‌ند دیمه‌نێكدا به‌چڕی ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ی به‌ریتانی بۆڵه‌یانه و سه‌ركۆنه‌ی یه‌ك ده‌كه‌ن، توانج له زاراوه‌ی یه‌كتر ده‌ده‌ن و هه‌ر كه‌س خۆی به به‌ریتانی ڕه‌سه‌ن ده‌زانێت. ئه‌م گفتوگۆیه له كاتێكدا له ئارادایه كه له ده‌ره‌وه جه‌نگی ناوخۆیه و هۆكار ناكۆكی به‌ره‌كان، ڕه‌گ، سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمیانه‌یه. كاره‌كته‌ری ئیان به ڕوونی به‌رجه‌سته‌ی پرسه سیاسییه‌كه ده‌كات له‌ڕێی بۆچوونی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و به دوژمن زانینی په‌ناهه‌نده و بیانییه‌كانه‌وه. (ساونده‌رس) جه‌خت ده‌كاته‌وه كه هه‌ستی ئیان بۆ ناسیۆنالیزم، نیشتیمانپه‌روه‌ری و ناسنامه‌ی به‌ریتانی، ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ی تووندڕه‌وی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادپه‌رستی وه‌ستاوه.[18]
به‌گوێره‌ی ڕووداوه‌كان، جل و ماكیاژیش هاوكارن له پیشاندان و ڕوونكردنه‌وه‌ی تووندوتیژی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی جه‌نگ. ئه‌مه له‌و دیمه‌نانه‌دا ڕوونه كه كه‌یت دێته‌وه بۆ ژووری هوتێله‌كه. جاری یه‌كه‌م كه به منداڵێكه‌وه دێته‌وه، قه‌مسه‌ڵه‌ی سه‌ربازێكی له‌به‌ردایه. جاری دووهه‌م كه به خواردنه‌وه دێته‌وه، له‌جیاتی پانتۆڵه‌كه‌ی، شۆرتێكی سپی له‌پێدایه و خوێن به لاڕانیدا دێته خواره‌وه. به‌مه بینه‌ر تێده‌گات كه‌یت له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی خواردندا، جه‌سته‌ی داوه. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌دانه به به‌كاربردنی جه‌سته‌ی ژن وه‌كوو ئامراز و كاڵا له بارودۆخی جه‌نگدا.
ده‌توانین بڵێین ڕه‌هه‌ندی شوێن له كاره‌كه‌دا باسی چۆنێتی به‌یانكردنی توونندوتیژی و زۆر به‌شی كۆمه‌ڵگه ده‌كات به هێمایی و میتافۆڕیش. بۆیه له مه‌به‌ست و لێكدانه‌وه‌دا شوێنی شانۆگه‌رییه‌كه كه ژووری هوتێلێكه‌یه، ته‌نها جێیه‌كی دیاریكراوی جوگرافی نییه، به‌ڵكوو له واتادا گوزارشته له تووندوتیژی له‌نێو په‌یوه‌ندی نزیكایه‌تیدا و تووندوتیژی له ئاستی ده‌سته‌جه‌معیدا.
كات
كات له په‌رده‌كاندا به لۆژیكی و ده‌روونیش گوزارشت ده‌كرێت، هه‌ندێكجار كات شاراوه‌یه و له ڕیتمدا سایكۆلۆژییانه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له ساته سه‌خته‌كاندا كات خاو و له كاته ئاسایییه‌كاندا خێرا ده‌ڕوات. بۆنموونه كاتێك ئیان كوێر بووه و كه‌یت به‌جێیهێشتووه، كات له ئیان ناڕوات وه‌ختێك كه ئازارده‌چێژێت. ڕووداوه‌كان له ڕووی مێژووه‌وه ڕێكخراون و میقاتیی ده‌چنه پێش، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكجار گێڕانه‌وه‌كان ته‌ماوین. كاره‌كته‌ره‌كان باس له هه‌موو تاریكییه‌كانی ڕابردوویان و قورساییه‌كانی ئێستایان ده‌كه‌ن. ئاشكرایه له‌گه‌ڵ كاتدا تووندوتیژی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه جێهێشتووه. شانۆگه‌رییه‌كه به‌رجه‌سته‌ی ئه‌وه ده‌كات كه چۆن له‌گه‌ڵ كاتدا كه‌سه خراپ و تووندوتیژه‌كان ئازاری باشه‌كانیان داوه و باشه‌كان چۆن له ئاكامدا دڵڕه‌ق بوون.
له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا وا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌موو شت له شه‌و و ڕۆژێكدا له هه‌مان جێ، له نێوان سێ كه‌سدا ڕووده‌دات، به‌ڵام (ته‌قینه‌وه‌كان) باس له ڕووداوی چه‌ندین ساڵ و ته‌واوی وڵاتێك ده‌كات له جه‌نگدا. له‌نێوان پشووه‌كاندا كاتی درێژ هه‌یه، بینه‌ر هه‌ستی پێ ناكات. له نمایشه‌كه‌دا باس له وه‌رز ناكرێت، به‌ڵام له ده‌قه‌كه‌دا هه‌موو په‌رده‌یه‌ك به بیستنی باران ته‌واو ده‌بێت كه له وه‌رزه جیاوازه‌كانی ساڵدا له‌ده‌ره‌وه ده‌بارێت. له نمایشه‌كه‌دا په‌رده‌كان یان به ده‌نگی مۆسیقا یان به ده‌نگی ئینزار ته‌واو ده‌بن، ده‌كرێت مۆسیقاكه وه‌ك كاریگه‌رییه‌كی ئیستاتیكایی سه‌یر بكه‌ین، به‌ڵام ئینزاره‌كان وه‌ك خه‌به‌ری ڕوودانی شتێكی ترسناك، هه‌ستێكی ناخۆش ده‌ده‌ن.
ده‌توانین بڵێین له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا كات وردی و دیقه‌تی ده‌وێت، چوونكه باس له ڕیاڵ ناكات، به‌ڵكوو به گوێره‌ی ڕووداوه‌كان و ئه‌وه‌ی كه به‌سه‌ر كاره‌كته‌ره‌كاندا دێت گوزارشت ده‌كات. ئه‌مه به‌و مانایه نایه‌ت كه كات بێ‌مانا به‌رجه‌سته بكرێت، به‌ڵكه كات به‌جۆرێك ئاوێنه‌ی ئازار و میتافۆڕێكه بۆ پرسیاره بوونگه‌راییه‌كان و جیهانی ناوه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان. له‌ڕێی كاریگه‌ری تووندوتیژی و ئازارچه‌شتنه‌وه، ده‌كرێت شانۆگه‌رییه‌كه بخرێته سیاقی پرسی بوونگه‌رایه‌تییه‌وه، كاتێك ده‌بینین كه‌ره‌كته‌ره‌كان و نمایشه‌كه ژیان و مردن و ژان ده‌كه‌نه مایه‌ی تێگه‌یشتن. كه‌یت ده‌خوازێت خودا وه‌ك هێزێكی باڵا بوونی هه‌بێت بۆ ڕێگرتن و كۆتاییهێنان به تووندوتیژی و ئازارچه‌شتن. له‌كاتێكدا ئیان پێیوایه هیچ هێزێكی باڵا بوونی نییه و ژیان ته‌نها فه‌وزایه. كه‌یت و ئیان گفتوگۆیه‌كی تووند ده‌رباره‌ی خودا و بوون و نه‌بوونی ژیانی پاش مه‌رگ ده‌كه‌ن. ئیان باوه‌ڕی به هیچ شتێك نییه دوای مردن، پێیوایه بوونی خودا وه‌ك بوونی بابه‌نوێل ئه‌فسانه‌یه و ڕاستی نییه.
ساونده‌رس ئاماژه به‌وه ده‌دات كه پڕۆسه‌ی گۆڕانكاری له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا هاوشێوه‌ی نموونه‌ی تراژیدیا كلاسیكییه‌كانه، وه‌ختێك كاره‌كته‌ره‌كان له ئازارچه‌شتنه‌وه فێرده‌بن و ده‌گۆڕێن[19]. ئه‌مه به‌سه‌ر ئیاندا دێت كاتێك دوای ئازارچه‌شتن و ئه‌زموونكردنی زه‌بر و ژان، ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه لای به‌شێكی مرۆڤانه‌ی خۆی، ئه‌مه له دوادیمه‌ندا ده‌رده‌كه‌وێت كه به كه‌یت ده‌ڵێت (سوپاس). به‌هه‌مان شێوه ده‌توانین ببینین كاره‌كته‌ری كه‌یت چۆن گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، له كچێكی بێگه‌رد و بێ ده‌ره‌تانه‌وه، ده‌بێته كه‌سێك كه هێزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له جه‌نگدا بمێنێته‌وه.
ڕه‌هه‌ندی كات ده‌كرێت له سیاقی مێژوویدا هێماییش بێت، به‌وپێیه‌ی جه‌نگ شوێنپێی وێرانی و ئازاری به‌جێهێشتووه لای ئه‌وانه‌ی ئه‌زموونیان كردووه. بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێت مێژوو پێوه‌ر بێت له‌ڕێی كرده‌ی تووندوتیژییه‌وه، خاڵێكی گرنگی تێڕامانه. چوونكه كاتێك دێینه سه‌ر باسی به‌سه‌رهاتێكی مێژوویی، بارودۆخه‌كان به‌پێی ڕووداوه تووندڕه‌وییه‌كان به‌ته‌واوی ده‌گۆڕدرێن.[20]
به‌شێك ڕه‌خنه‌گر و دراماكار ستروكتوری شانۆگه‌رییه‌كه‌یان وا باسكردووه كه له سۆسیۆ-ڕیالیزمه‌وه (ژووری هوتێله‌كه‌ی لیدس) به‌ره‌و سوریالیزم ده‌چێت، به ته‌قینه‌وه‌كه‌وه.[21] ده‌كرێت ئه‌م ستروكتوره له ڕه‌هه‌ندی كاته‌وه لێكبده‌ینه‌وه، له‌وێوه كه ده‌توانین ڕووداوی چاوه‌ڕواننه‌كراو تێهه‌ڵكێشی كات بكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن هه‌موو شت له ساتێك‌دا به شتێكی تر ده‌گۆڕێت. به‌وه‌شدا كه شێوازی جه‌نگ له فه‌وزادا نیشان ده‌درێت، ده‌توانین بڵێین كات لێڵه و وه‌ك شوێن و به‌رجه‌سته‌كردن ڕوون نییه.
به‌رجه‌سته‌كردن
نمایشه‌كه باس له سێ كاره‌كته‌ر ده‌كات، كه‌یت و ئیان و سه‌ربازه‌كه. ئیان كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كییه، زۆرترین دیالۆگی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كانیتردا هه‌یه. كه‌یت و سه‌ربازه‌كه هیچ گفتوگۆیه‌كیان پێكه‌وه نییه. له‌سه‌ره‌تاوه ده‌رده‌كه‌وێت ئیان تووندوتیژ و شه‌ڕانییه، به‌وه‌دا كه شێواز و تۆنی قسه‌كردنی زبره و وشه‌ی ناشرین به‌كارده‌هێنێت. (من له شوێنی له‌مه باشتر گوم كردووه) ئه‌مه یه‌كه‌مین ڕسته‌یه‌تی كه ده‌یڵێت، كاتێك له‌گه‌ڵ كه‌یتدا ده‌چێته ژووری هوتێله گرانبه‌هاكه‌وه. كه ئیان ئه‌مه ده‌ڵێت، كه‌یت به سه‌رسامی سه‌یری ڕازاوه‌یی ژووه‌ره‌كه ده‌كات و لای خۆشه. گوزارشته‌كه‌ی ئیان بۆ ئه‌وه‌یه له كه‌یت كه‌مبكاته‌وه، به‌وه‌ی بڵێت من ئاستم به‌رزتره. هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه بینه‌ر ده‌كرێت به‌رانبه‌ر به كه‌یت هاوسۆزبێت و وه‌ك قوربانی داهاتوو بیبینێت. ئیان له‌و شێوازی سووكایه‌تی و بێڕێزییه به‌رده‌وام ده‌بێت، به ناشرینی باس له كۆچبه‌ر و پێستڕه‌شه‌كان ده‌كات و په‌سته له‌وه‌ی شاره‌كه‌ی پڕ بووه له قه‌ره‌ج و دۆم! كاتێك ته‌له‌فۆن بۆ پرسگه‌ی هوتێله‌كه ده‌كات تا خواردن داوا بكات، خزمه‌تكاری چێشتخانه‌كه به سه‌رڕه‌ش بانگ ده‌كات. ئیان به‌رده‌وام گاڵته به كه‌یت ده‌كات و براكه‌ی به كه‌نه‌فت ناوده‌بات. كه‌یت ده‌ڵێت نا براكه‌م وانییه، ته‌نها دره‌نگ فێری شت ده‌بێت. ئیان ده‌ڵێت خۆشحاڵم كه كوڕه‌كه‌ی من ده‌به‌نگ نییه. قسه‌كانی ئیان بۆ كه‌یت، زیاتر هێرش و تانه‌یه نه‌ك گفتوگۆ. ئه‌و سووكایه‌تی به هه‌موو كه‌س ده‌كات، ته‌نانه‌ت به كوڕه‌كه‌ی خۆیشی. دایكی كوڕه‌كه‌ی به جادوگه‌ر ناوده‌بات و ده‌ڵێت منی به‌جێهێشت چوونكه به‌دڕه‌وشت بوو.
كه‌یت به‌پێچه‌وانه‌وه، دڵپاك و ساده‌یه، هاوڕێی په‌ناهه‌نده‌كانه و هه‌موو مرۆڤ هاوبه‌ها ده‌بینێت. كه‌یت بێكاره، له گفتوگۆیه‌كدا ده‌رباره‌ی ئیش، ئیان پێیده‌ڵێت تۆ كار وه‌رناگریت، چوونكه وه‌ك براكه‌ت ده‌به‌نگیت. كه ئیان به قسه ئازاری كه‌یت ده‌دات، كه‌یت ده‌په‌شۆكێت، زمانی ده‌یگرێت و ناتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه.
ئیان وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس كارده‌كات و له‌وه‌شده‌چێت كاری سیخوڕی بۆ ده‌ستگایه‌كی سیاسی بكات. له دیمه‌نێكدا ته‌له‌فۆنی بۆ دێت، ده‌فته‌ری تێبینییه‌كانی ده‌رده‌هێنێت، لیسته‌یه‌ك تاوانی وه‌حشیگه‌رانه و كوشتار له‌لایه‌ن بكوژێكی زنجیره‌ییه‌وه ده‌خوێنێته‌وه. له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، ئیان تۆنی ده‌نگی جیاوازتره، چیتر ده‌نگی زاڵ و زوڵاڵ نییه. پێده‌چێت ئه‌و كه‌سه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، پله‌باڵاتر بێت. له‌وه‌شده‌چێت بترسێت یان خه‌مخۆری كاره‌كه‌ی بێت، چوونكه ڕاپۆرته‌كه زۆر ورد ده‌خوێنێته‌وه، ته‌نانه‌ت فاریزه، خاڵ، كه‌وانه و نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانیش ناوده‌بات. جۆری زمانه‌كه‌ی لێره‌دا بۆئه‌وه‌یه ئه‌وه پیشان بدرێت، له‌و دۆخه‌دا كه‌مده‌سه‌ڵاته و لاواز هه‌ست به خۆی ده‌كات.
ئیان و كه‌یت جلی ئاسایی ڕۆژانه‌یان له‌به‌ردایه، به‌ڵام جله‌كانیان هه‌ندێكجار بۆ گوزارشتكردن له پرسی تووندوتیژی ده‌گونجێن. ئیان قاتێكی ڕه‌شی له‌به‌ردایه. كه‌یت بلوس و پانتۆڵێكی سپی پۆشیوه. ئیان قه‌شمه‌ری به جله‌كانی كه‌یت ده‌كات و ده‌ڵێت، حه‌زم له جله‌كانت نییه. كه‌یت له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت منیش حه‌زم له جله‌كانی تۆ نییه. ئیان یه‌كڕاست جله‌كانی خۆی داده‌كه‌نێت و داوا له كه‌یت ده‌كات بۆی بمژێت. كه‌یت ده‌داته قاقای پێكه‌نین، ئیان ته‌ریق ده‌بێته‌وه، جله‌كانی ده‌كاته‌وه به‌ری. ده‌كرێت لێكدانه‌وه‌مان بۆ جله‌كانی كه‌یت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پاكی و ساده‌یی بێت. جله‌كانی ئیانیش ده‌شێت گوزارشت له خۆبه‌شتزانی و ئاڵۆزیی كه‌سایه‌تی بكات. كاتێكیش كه‌یت له دیمه‌نێكدا چاكه‌ته‌كه‌ی ئیان ده‌دڕێنێت، تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕێت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌دڕه‌فتارییه‌كی ئیان، كه‌یت له وه‌ڵامدا ته‌نها چاكه‌ته‌كه‌ی ده‌دڕێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی توانای تووندوتیژینواندنی به‌رامبه‌ر به مرۆڤ نه‌بێت.
زمانی جه‌سته كاریگه‌ری زۆری هه‌یه له نمایشه‌كه‌دا. كاتێك ئیان و كه‌یت ده‌مه‌ده‌م ده‌كه‌ن، ئیان چه‌ند جارێك پیایده‌كێشێت، به سووكی ده‌كێشێت به سه‌ریدا، یاخود سووكه شه‌قێكی تێهه‌ڵده‌دات. پیاكێشانه‌كان قایم نین، به‌ڵام وه‌ك پیشاندانی ڕه‌فتاری ناله‌بار، په‌یوه‌ندی نێوان تووندوتیژی گۆبیستی و زمانی جه‌سته ده‌رده‌خات. به‌هه‌مان شێوه، زمانی جه‌سته‌ی كه‌یتیش ئاوێنه‌دانه‌وه‌ی ڕۆڵ و كه‌سێتییه‌تی. كاتێك ئیان شه‌ڕانگێز ده‌بێت، كه‌یت هه‌وڵده‌دات خۆی دووربگرێت، به‌ڵام كاتێك ئیان باسی بابه‌تی هه‌ستیار و نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌كات، كه‌یت نه‌رم ده‌بێت و نزیكی ده‌بێته‌وه.
كاره‌كته‌ره‌كان ڕاسته‌وخۆ سه‌یری چاوی بینه‌ر ناكه‌ن، بۆیه بینه‌ر زۆر هه‌ست به ڕاستی ڕووداوه‌كان ناكات. به‌وه‌شه‌وه كه زنجیره‌ی تووندوتیژییه‌كان پێویستن و زیاده‌ڕه‌ویان پێوه نییه، هه‌ندێكجار نمایشه‌كه وا ده‌رده‌كه‌وێت كه له وێنه‌ی نزیكی ڕۆڵه‌كانی كه‌م بێت، چوونكه بینه‌ر هه‌ستده‌كات سه‌رنجی نمایشه‌كه زیاتر له‌سه‌ر ڕووه‌داوه ڕه‌قه‌كانی به‌سه‌رهاته‌كه بێت نه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كان.
نواندنی تووندوتیژییه‌كان له به‌رجه‌سته‌كردندا له‌سه‌ر سته‌یج ڕوونترن، به‌هۆی دیالۆگ و نمایشی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه له به‌سه‌رهاته‌كاندا. دیدگه‌ی ئیان بۆ ژن، بۆچوونه نه‌ژادپه‌رستانه‌كانی و ترسی له هۆمۆكان له‌ڕێی زمانی كینه‌وه گوزارشت ده‌كرێت. به‌رده‌وامیی تووندوتیژی گۆبیستی له سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی نمایشه‌كه، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه وشه و تۆن باڵاده‌ستترین ڕه‌هه‌ندن له شانۆدا. تووندوتیژی گۆبیستی له‌نێوان هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كاندا ڕووده‌دات، به تانه، لێكه‌مكردنه‌وه، هه‌ڕه‌شه و گوزارشتی برینداركه‌ر. ئه‌مه به‌تایبه‌ت له كاره‌كته‌ری ئیاندا مۆركداره كه به‌رده‌وام لێدوانه‌كانی پڕن له هه‌ڵاواردن. ئه‌مه ئه‌و زمانی كینه‌یه‌یه كه نێڤیت وه‌ك فۆڕمێكی تووندوتیژی باسیده‌كات و ده‌ڵێت شه‌رعییه‌تی خۆی له سیاقێكی مێژووییه‌وه ده‌هێنێت.[22]
خراپ باسكردنی ژن و هاوڕه‌گه‌زخوازه‌كان له‌لایه‌ن ئیانه‌وه، زمانی دیالۆگ و دانووستان نییه، به‌ڵكوو ئامرازێكی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاته. ده‌كرێت ئیان وه‌ك نموونه‌یه‌كی پیاوسالار ببینین كه ده‌یه‌وێت فه‌رمانڕه‌وایی بكات. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نایه‌كسانه ناهاوسه‌نگه‌ی له‌نێوان پیاو به‌رامبه‌ر به ژن و زۆردار به‌رامبه‌ر به قوربانیدا هه‌یه، به‌ڕوونی له په‌یوه‌ندی كه‌یت و ئیاندا ده‌بینرێت. ئیان هه‌موو هه‌لێك ده‌قۆزێته‌وه بۆئه‌وه‌ی نه‌ریتی باڵاده‌ستی خۆی پیشانبدات به‌رامبه‌ر به كه‌یت، به‌وه‌ی گاڵته‌ی پێبكات و بیشكێنێت. ئه‌مانه وه‌ك تووندوتیژی ده‌روونی و هه‌سته‌كی كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر كه‌یت هه‌یه. شێوازه جیاوازه‌كانی ئیان بۆ لێكه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌یت، بۆنموونه كه ده‌ڵێت بێ‌توانا و ده‌به‌نگیت، ده‌كرێت ببه‌سترێته‌وه به پێداویستییه‌كانی كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاته‌وه كه له‌سه‌ر بناغه‌ی ئایدۆلۆژی ده‌رباره‌ی ڕۆڵی ڕه‌گه‌زی نه‌ریتییانه، ژن له گرێی كه‌مێتیدا ده‌هێڵێته‌وه. هاوكات ئیان نموونه‌ی پیاوی سپییه له به‌رامبه‌ر ڕه‌شپێست و سه‌رڕه‌شدا، خاوه‌ن ناسنامه‌یه له به‌رامبه‌ر په‌ناهه‌نده و بێناسنامه‌دا، ئه‌مانه واده‌كه‌ن نمایشه‌كه ڕۆشنایی بخاته سه‌ر دیدگه‌ی زۆرینه زاڵه‌كه به‌رامبه‌ر به كه‌مینه، له‌ناو چینه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا.
وێنه‌ی ئیان وه‌ك كاره‌كته‌رێكی دڵڕه‌ق و دڕنده، ده‌كرێت ببه‌سترێته‌وه به تایبه‌تمه‌ندی نێرسالارییه‌وه، له‌كاتێكدا كه‌یت به‌رجه‌سته‌ی تایبه‌تمه‌ندی لاوازه‌كان ده‌كات له چوارچێوه‌ی بنیاتی بیرۆكه‌ی كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، سه‌باره‌ت به كه‌مده‌سه‌ڵاتی مێ و زێده‌نه‌رمی و بێچاره‌یی. نموونه ئه‌و دیمه‌نانه‌یه كه كه‌یت له دۆخه دژواره‌كاندا ده‌بوورێته‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستێت و به‌ره‌نگارببێته‌وه. وه‌كتر ده‌توانین بڵێین ئیان كه شه‌ڕانگێز و بێباوه‌ڕه، گوزارشت له به‌دی ده‌كات له‌ڕێی كرده‌وه خراپه‌كانییه‌وه. وه‌لێ كه‌یت كه باش و بێتاوانه، به‌درێژایی نمایشه‌كه تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی له‌ڕێی باوه‌ڕداری به دینه‌وه به‌رجه‌سته‌ده‌كات. له‌و دیمه‌نه‌دا كه به منداڵێكه‌وه دێته‌وه له باوه‌شیدا، ده‌ڵێی مه‌ریه‌می پاكیزه‌یه به عیسای كۆرپه‌وه. ئه‌م دیمه‌نانه وه‌ك ئاسانكاری له به‌رجه‌سته‌كردن و گه‌یاندنی په‌یامدا گرنگن، چوون یارمه‌تی لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی بینه‌ر ده‌ده‌ن.
له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا زاڵێتی پیاوێتی و ئایدۆلۆژیای ڕۆڵی ڕه‌گه‌زیی نه‌ریتیانه، به نواندنی تووندوتیژی فیزیكی و سێكسی مانیفێست ده‌كرێت. له‌و دیمه‌نه‌دا كه دوای شه‌ڕێك، كه‌یت ده‌كه‌وێت و ده‌بوورێته‌وه، ئیان شه‌قی لێده‌دات و له‌كاتێكدا كه‌یت بێهۆشه، وه‌حشیانه ده‌ستدرێژی ده‌كاته سه‌ر، وه‌ك نێڤیت ده‌ڵێت، بینه‌ر له دیمه‌نی ده‌ستدرێژی سه‌ر سته‌یجدا ناژی وه‌ك كۆنسێپتێكی ئه‌بستراكت، به‌ڵكوو شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌كه ده‌بێت به جه‌سته‌ی ڕاستییه‌وه، له كرده‌ی په‌لامار و قوربانیدا. به‌ڵام به‌وپێیه‌ی كه بینه‌ر به‌ئاگایه له‌وه‌ی ئه‌م جه‌ستانه هی ئه‌كته‌رن و ڕووداوه‌كه په‌لامارێكی ڕاستی نییه، ده‌توانن ئاسایی سه‌یربكه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، كۆنسێپتی به‌رجه‌سته‌كردنی دیمه‌نه‌كه، هه‌ر تێگه‌یشتنێكی له‌پشته‌وه بێت، كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت.[23] واته ئه‌گه‌رچی بشزانین دیمه‌نی ده‌ستدرێژییه‌كه‌ی ئیان بۆ سه‌ر كه‌یت نواندنه، كاریگه‌رییه‌كه‌ی بیرۆكه‌مان ده‌رباره‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌م په‌لامار و ڕووداوه دڕندانانه ده‌داتێ. په‌یوه‌ستكردنی ئه‌م دیمه‌نانه به كۆنسێپتی تووندوتیژی و ئایدۆلۆژیاوه، گوزارشت له به‌ئامرازكردن و ناهاوسه‌نگی داینامیكی ده‌سه‌ڵات ده‌كات. وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، تێمای ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌موو كاره‌كه‌دا دیاره له په‌یوه‌ندی به تووندوتیژییه‌وه. نێڤیت گووته‌نیش تووندوتیژی زۆرشتمان ده‌رباره‌ی ئه‌و كولتوره پێده‌ڵێت كه به‌رهه‌می ده‌هێنێت، وه‌ك چۆن پێشكه‌شكردنه‌كه ئاماژه‌دانه به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه تووندوتیژیان له‌سه‌ر وه‌ستاوه و خستنه‌ڕووی ئه‌و ئاكار و به‌هایانه‌شه كه به ده‌سه‌ڵاته‌وه به‌ستراون. هاوكاتیش نمایشكردنه‌كه پیشاندانی پێوه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌نووكه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه.[24] لێره‌وه ده‌توانین وه‌ك نمایشی كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له دیمه‌نی تووندوتیژییه بینراوه‌كان و نه‌بینراوه‌كان وردبینه‌وه و لێكیانبده‌ینه‌وه، ده‌كرێت مه‌زه‌نه‌ی ئه‌وه بكه‌ین ئاخۆ پیاو ده‌سه‌ڵاتداره به‌سه‌ر ژن‌دا یاخود به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژن‌دا. چوون وه‌ك په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و جۆره‌كانی تووندوتیژی، كرده‌ی ده‌ستدرێژیش په‌یڕه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته به‌رامبه‌ر به بێده‌سه‌ڵاتی. سه‌باره‌ت به سێكس و ده‌سه‌ڵات و ڕه‌گه‌ز، نێڤیت ده‌ڵێت وێنه‌ی پیاوێك كه په‌لاماری ژنێك ده‌دات، باس له ده‌سه‌ڵاتی پیاو ده‌كات به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژن‌دا، له‌وێدا ده‌سه‌ڵات ڕێك گرێدراوه به سێكسه‌وه.[25] به‌مپێیه جێنده‌ر بڕیارده‌ره له هۆكاری پڕاكتیزه‌كردنی تووندوتیژیدا.
نێڤیت ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه نواندنی په‌یوه‌ندییه ده‌سه‌ڵاتییه‌كان له شانۆدا، دووباره كردنه‌وه و گه‌واهیدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یانن به‌پێی پێوه‌ره هه‌نووكه‌ییه‌كان. پاشان ده‌ڵێت نواندنی ده‌ستدرێژی ده‌كرێت وه‌ك زمانی كینه كاربكات، واته ده‌شێت ئاماژه‌دان بێت به سیاقی مێژوویی، كه تیایدا پیاو له دۆخی ده‌سه‌ڵاتداریدایه و په‌لاماری ژن ده‌دات دژ به ویستی خۆی. بۆیه له نمایشدا به‌رهه‌مهێنه‌ر و ئه‌كته‌ر به‌رپرسن له‌وه‌ی وێنه‌كه وا بگه‌یه‌نن كه ئامانجی به‌سه‌رهاته‌كه بپێكێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هاریكاری بیرۆكه‌كه بكات به‌وه‌ی سروشتی ئه‌نجامده‌ر بكاته ده‌سه‌ڵاتداری به‌هێز و قوربانی بكاته بێده‌سه‌ڵاتی لاواز. گرنگه وێنه‌كه لایه‌نگری ئه‌وه نه‌بێت كه جیهانی نێوان ژن و پیاو به‌و شێوه نادادپه‌روه‌رانه‌یه ئاسایی بكاته‌وه و دۆخه‌كه بكاته جێگای تێگه‌یشتن له ئاست ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵاتدا.[26]
له‌سه‌ره‌وه گفتوگۆی لاسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی هێترۆسێكسوالم كرد له په‌یوه‌ندی به تووندوتیژییه‌وه، كه له‌سه‌ر ڕۆڵه ڕه‌گه‌زییه نه‌ریتییه‌كان وه‌ستاوه و كولتوری كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌واهی بوونیان ده‌دات. جگه له‌وه، دیمه‌نی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر ئیان له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كه‌وه، له فۆڕمی هۆمۆسێكسوالدا، لادانی ده‌سه‌ڵاتێك پیشان ده‌دات كه په‌یوه‌ندیداره به پرسی جێنده‌ره‌وه. هه‌ڵبژاردنی دوو جۆر ده‌ستدرێژی له كارێكدا، له‌لایه‌ن (كه‌ین)ه‌وه، ده‌كرێت وا لێكبدرێته‌وه كه ئه‌و ئاگایانه مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه ته‌نها بیرۆكه كولتورییه‌كان ده‌رباره‌ی ده‌سه‌ڵاته داینامیكی و ناهاوسه‌نگه‌كانی نێوان ژن و پیاو تۆخ بكاته‌وه و ئاماژه‌یان پێبدات. ئه‌و نه‌یویستووه له ئه‌زموونی ژنێتییه‌وه بنووسێت، به‌ڵكوو له ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تییه‌وه ده‌رباره‌ی جیهانی نووسیوه. له‌ڕێی ئه‌وه‌شه‌وه كه باس له ده‌ستدرێژی نێوان پیاوانیش ده‌كات، ڕووبه‌ڕووی كۆنسێپتی چاوه‌ڕواننكراومان ده‌كاته‌وه له پڕاكتیزه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا له په‌یوه‌ندی به سێكسوالیته و جێنده‌ره‌وه. هه‌روه‌ها وه‌ك ته‌حه‌داكردن، ڕووناكی ده‌خاته سه‌ر قێزه‌ونترین جۆره‌كانی تووندوتیژی، شتانێك ده‌خاته به‌رچاو كه به خه‌یاڵی بینه‌ردا نایه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئیان له لاشه‌ی منداڵه‌كه ده‌خوات، یان كه سه‌ربازه‌كه په‌لاماری ئیان ده‌دات، پێش ئه‌وه‌ی خۆی بكوژێت، هه‌ردوو چاوی ئیان ده‌مژێت و ده‌یانخوات! ئه‌م دیمه‌نانه ئێجگار دڕندانه، سامناك و ناسروشتین و ده‌چنه قاڵبی كانیباڵیزمی سوریالییه‌وه. به‌مجۆره، تووندوتیژی له نمایشه‌كه‌دا له‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییدا، سنووره ئاسایی و باوه‌كان ده‌به‌زێنێت. ده‌توانین ئه‌م ڕووداوه له‌پڕانه وه‌ك شێوازێك بۆ نمایشی هه‌نووكه‌یی له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات و جێنده‌ر و سێكسوالیته لای بینه‌ر لێكبده‌ینه‌وه. به‌وه‌ی له‌ڕێی شۆككردنی بینه‌ره‌وه، به تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی كه به خه‌یاڵدا دێت، هه‌وڵبدرێت ڕووداوه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان زیاتر بیر بوروژێنن و به‌سه‌رهاته‌كان بخرێنه ژێر پرسیاره‌وه. پاشانیش ئه‌وه‌ی كه خوێن لێهاتنی چاوی ئیان واقیعییه و به درێژایی نمایشه‌كه ده‌موچاوی خوێناوی ده‌بێت، به‌رداشتێكی به‌هێز له بیری بینه‌ردا به‌جێده‌هێڵێت. زۆر له دراماكاران و نووسه‌رانی هاوسه‌رده‌می كه‌ین پێیانوایه به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌م تووندوتیژیانه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، بۆ ئه‌وه‌یه بینه‌ر به‌دوای به‌رلێگرتن و چاره‌سه‌ری كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا وێڵ بێت، نه‌وه‌ك ته‌نها هاوسۆزییان له‌به‌رانبه‌ردا بۆ دروستببێت.[27] سارا كه‌ین خۆی مه‌به‌ستی بووه شێوازێكی وروژێنه‌ری به‌هێز بدۆزێه‌ته‌وه كه هه‌ستیاری و هۆشمه‌ندی بخاته كار و كاردانه‌وه‌وه، ئه‌گه‌رچی كاردانه‌وه‌كان ناخۆش و به‌ئازاریش بن. كاتێك ئه‌م نمایشه بۆ یه‌كه‌م جار له له‌نده‌ن پێشكه‌شكراوه، چه‌ند بینه‌رێك خۆیان پێنه‌گیراوه و چوونه‌ته ده‌ره‌وه، به‌هۆی زۆری ئه‌و تووندوتیژییه‌وه كه تیایدایه. دواتر كه‌ین گووتویه‌تی من ئه‌مه‌م چاوه‌ڕوان ده‌كرد، ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌چوایه‌ته ده‌ره‌وه، هه‌ستم ده‌كرد شتێك له‌جێی خۆی نییه. هه‌روه‌ها گووتویه‌تی له‌و ڕۆژانی نمایشانه‌دا كه كه‌س نه‌چووه‌ته ده‌ره‌وه، په‌یوه‌ستی بیری و ڕۆحی له ئاستێكی كه‌مدا بووه، واته ئه‌و ڕۆژانه بینه‌ر توانیویه‌تی به‌ته‌واوی خۆی جیابكاته‌وه له‌وه‌ی كه له‌به‌رده‌میدا ڕووده‌دات.[28]
هه‌موو تووندوتیژییه‌كان له نمایشه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن كه زۆرترین كۆنترۆڵیان هه‌یه له دۆخه‌كاندا. وه‌ك پێشتر باسكرا، ئه‌مه په‌یوه‌سته به هۆكار و به‌وه‌ی له‌پشت ئایدۆلۆژیاوه هه‌یه سه‌باره‌ت به باڵاده‌ستیی وه‌ك ئامڕازی ده‌سه‌ڵات. له دیمه‌نه‌كانی نێوان سه‌ربازه‌كه و ئیاندا ئاشكرایه كێ ده‌سه‌ڵاتداره. له شوێنێكدا سه‌ربازه‌كه فه‌رمان به ئیان ده‌كات و ده‌ڵێت “جگه‌ره‌یه‌كم بد‌ه‌رێ” ئیان پێده‌كه‌نێت و ده‌پرسێت بۆچی؟ سه‌ربازه‌كه ده‌ڵێت “چوونكه من ده‌مانچه‌م پێیه و تۆ نا” سه‌ربازه‌كه به‌مه هه‌ڕه‌شه ده‌كات و ئاماژه ده‌دات كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، نه‌ك ئیان. له‌ڕێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه ئیان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی تووندوتیژیدایه، چوونكه ئیان له‌ویادا له دۆخی بێده‌سه‌ڵاتیدایه.
ده‌رئه‌نجام
دیاره ده‌رئه‌نجامه‌كان زیاتر له شیكارییه‌كاندان، وه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌ریخست، شانۆگه‌ری (ته‌قینه‌وه‌كان) له ڕووانگه‌ی كات و شوێن و به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه، نواندنێكی ڕه‌نگجودای تووندوتیژی و ئازارچه‌شتن له ڕووی شانۆیی و ئیستاتیكاوه پێشكه‌ش ده‌كات. به‌ده‌ر له نمایشی دیمه‌نه واقیعییه‌كان، تووندوتیژی به هێمایی و مێتافۆریش نواندنی بۆ كراوه و خه‌سڵه‌ته ئیستاتیكییه‌كان بابه‌تی تووندڕه‌وی و ناسۆریان به‌هێزتر خستۆته‌ڕوو. كاره‌كه له په‌لهاویشتنی سته‌می گۆبیستی و ده‌روونییه‌وه تا زه‌بری فیزیكی و سێكسوالی و گیرسانه‌وه له مه‌یدانی جه‌نگدا، ئاماژه به دیارده گرفتاوییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كێشه كه‌سه‌ییه‌كان و ئه‌و لاوازییانه‌ش ده‌دات كه كاره‌كته‌ره‌كان له‌گه‌ڵ خودی خۆیاندا هه‌یانه. له میانه‌ی گرفته‌كانه‌وه، له ناكۆكی سیاسی، زۆرینه و كه‌مینه، چینایه‌تی و جه‌نگ دواین و تاووتوێی پرسیارگه‌لێكمان كرد سه‌باره‌ت به كو‌لتور، نه‌ژاد، ناسنامه، نۆرم، ناسیۆنالیزم، نیشتیمانپه‌روه‌ری، جێنده‌ر، سێكسوالیته، نایه‌كسانی و پیاوسالاری. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی بوون و مرۆڤایه‌تی، له زۆر باسی هه‌ستیار دواین له‌مه‌ڕ ده‌روون، برین، ترس، ژان، كینه، ته‌نهایی، مه‌رگ، خۆشه‌ویستی و ژیان. له‌گه‌ڵ ئه‌زموونكردنی ئازاردا گۆڕانی كه‌سایه‌تییه‌كانمان بینی له نه‌رمه‌وه بۆ ڕه‌ق و له ڕه‌قه‌وه بۆ نه‌رم. له ڕۆڵی ڕه‌گه‌ز و زاڵێتی و به‌كاڵاكردنی جه‌سته‌ی مێیینه ڕاماین و بینیمان كاره‌كته‌ره‌كان چۆن تایبه‌تمه‌ندی یه‌كڕه‌نگ به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن كاتێك كۆمه‌ڵگه و كو‌لتور ده‌به‌سترێته‌وه به پیاوێتی و ژنێتییه‌وه. هه‌روه‌كچۆن له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌ی جۆره‌كانی تووندوتیژیدا زانیمان كه هه‌ر جۆرێكیان به بوونی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به بێده‌سه‌ڵاتی پیاده ده‌كرێن و گفتوگۆی ئه‌وه‌مانكرد نواندنه‌كه چۆن باس له‌و ئایدۆلۆژیایانه ده‌كات كه ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌ر وه‌ستاوه و به‌ره‌نگاریشیان ده‌بێته‌وه ...
هه‌ڵبه‌ت ده‌كرێت شانۆگه‌رییه‌كه لێكدانه‌وه‌ی جیاواز و زیاتری بۆ بكرێت، نمایشه‌كه به‌گشتی ئه‌زموونێكی تایبه‌ت و به‌ئازاره، چوون پڕه له بابه‌تی هه‌ستیار و سنووردار نییه بۆ كه‌سێك بیریان لێ بكاته‌وه و لێیانبكۆڵێته‌وه. پێویسته جه‌خت له‌وه‌ش بكه‌ینه‌وه كه هه‌موو ڕووانگه و ڕه‌هه‌نده پێكهێنه‌ره‌كانی كاره‌كه، تێكهه‌ڵكێشن و ته‌واوی هێڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن نموونه‌كان زیاتر وردبكه‌ینه‌وه، هه‌رچه‌نده هێڵه‌كان به سانایی لێك جیا ناكرێنه‌وه، چوونكه وه‌ك بینیمان، ده‌سه‌ڵات و ئایدۆلۆژیا و تووندوتیژی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان پێكه‌وه هه‌یه. به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌و پرس و په‌یامانه‌ش كه به‌رهه‌مه‌كه هه‌ڵگرییه‌تی و نوێنه‌رایه‌تیان ده‌كات، پوخته‌ی كاریگه‌ریی به‌سه‌رهاته‌كه ئه‌وه‌یه؛ له (ته‌قینه‌وه‌كان)دا واقیعی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه پێكده‌گه‌ن، له‌وێدا گۆڕه‌پانی جه‌نگ و شه‌ڕگه‌ی ناخی مرۆڤ ده‌بن به یه‌ك …
دوالێدوان
زۆركه‌س كاره‌كانی (كه‌ین) به تووندوتیژییه‌كانییه‌وه ته‌واو تاریك ده‌بینن، به‌ڵام من له‌كاتی كاركردنم تێیاندا، ده‌متوانی ڕووناكیشیان تێدا ببینم، له‌و ڕووانگه‌یه‌وه كه به‌رهه‌مه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی هاوارن بۆ به‌هاناوه‌چوون، ئه‌وه‌نده زریكه‌ی نائومێدی نین. وه‌كتر له‌كاتی خوێندنه‌وه و ته‌ماشاكردن و شیكاری (ته‌قینه‌وه‌كان)دا، مه‌زه‌نه‌ی زۆربه‌ی ڕووداوه‌كانم له كوردستان كردووه، ئاشكرایه بارودۆخی ده‌روونی بیماری تاك و كۆ و ئه‌زموونی جه‌نگه ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، له وێرانی كۆمه‌ڵگه و جه‌نگی بۆسنه و هێرسك كه‌متر نه‌بووه. ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بنچینه‌یی به‌رهه‌مه‌كانی سارا كه‌ینه كه له هه‌ر لایه‌كه‌وه بتوانرێت ده‌وروبه‌ر له ڕووداو و دیمه‌نه‌كاندا ببینرێته‌وه.
له كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم كاتێك هونه‌ری شانۆ زۆر زیاتره له‌وه‌ی ته‌نها بۆ چێژ و سه‌رگه‌رمی بێت، گرنگه گفتوگۆی دۆزی تووندوتیژی بكات، سته‌یج وه‌ك گۆڕه‌پانێك ده‌رفه‌ت ده‌داته به‌رهه‌مهێنه‌ر و بینه‌ر و توێژه‌ر تا ڕووداوه ڕاستی و نمایشكراوه‌كان شه‌نوكه‌و بكه‌ن. به‌مجۆره تێڕامان له تووندوتیژی، له‌كاتێكدا زۆرترین هه‌ستی ناخۆشمان پێده‌به‌خشێت، پڕمانا و به‌رپرسیارێتی ده‌بێت، بۆیه‌ش گرنگه بزانین چۆن تووندوتیژی پێشكه‌ش بكه‌ین و له چۆنێتی گه‌یشتن و تێگه‌یشتنی هۆشیار بین، تاوه‌كوو یاریده‌ده‌ری لێكدانه‌وه و كاردانه‌وه‌ی دروست بین. دواجاریش نمایشی تووندوتیژی زه‌نگێكه پێمان ده‌ڵێت (له شوێنێك ئه‌مه ڕووده‌دات)، ناكرێت ئێمه لێی بێده‌نگ بین …
سه‌رچاوه‌كان
كتێب:
De Vos, Lauren & Saunders Grahams antolog. Sarah Kane in context. (Manchester: University Press 2011)
Kane, Sarah, Sarah Kane Complete plays, red. David Greig, (London: Methuen Drama 2001)
Loman, Rikard, Drama- och föreställningsanalys. (Lund: Studentlitteratur AB 2016)
Mårsell, Maria, Talet och tystnaden: en studie av samhällsstruktur i Sarah Kanes Phaedra´s Love (2007)
Mårsell, Maria, I go to Elland Road sometimes. Would you bomb me?” en genealogisk närläsning av villkoren för överlevnad och subjektivitet i Sarah Kanes Blasted (2008)
Nevitt, Lucy, Theatre & Violence. (Basingstoke: Palgrave 2013)
Pankratz, Annette,”Neither here nor there: theatrical space in Kane’s work”, Sarah Kane in context Red. De Vos Lauren, Saunders Graham, (Manchester: University Press 2011)
Saunders, Graham, Love Me Or Kill Me’: Sarah Kane and the Theatre of Extremes (Manchester: University Press 2002)
Sierz, Aleks,”Looks like there’s a war on: Sarah Kane’s Blasted, political theatre and the Muslim other”, Sarah Kane in context Red. Lauren De Vos, Graham Saunders, (Manchester: University Press 2011)
نمایش:
Kane Sarah, Bombad, Dramaten DVD, regi av Stefan Larsson, 2006
[1] David Greig,”Introduction”; Sarah Kane’s Complete plays, (London 2001).
[2] Ibid.
[3] Nevitt, Theatre & Violence, (Lucy Basinstoke 2013), p. 23f.
[4] Nevitt, p. 4.
[5] Ibid.
[6] Ibid, p.30.
[7] Ibid, p. 63ff.
[8] Ibid, p.23.
[9] Ibid, p.29.
[10] Ibid, p. 60.
[11] Ibid, p. 11.
[12] Ibid, p. 37.
[13] Rikard Loman, Drama- och föreställningsanalys, (Lund 2016), p.177.
[14] Ibid, p. 180ff.
[15] Graham, Saunders, Love Me Or Kill Me’: Sarah Kane and the Theatre …, (Manchester 2002), p. 141.
[16] De Vos & Saunders, 2011.
[17] Aleks Sierz,”Looks like there’s a war on: Sarah Kane’s Blasted, political theatre and the Muslim other”, Sarah Kane in context Red. Lauren De Vos, Graham Saunders, (Manchester 2011), p.4
[18] Saunders, p. 51.
[19] Saunders, p. 20.
[20] Ibid, p. 41.
[21] De Vos & Saunders, 2011.
[22] Nevitt, p. 30.
[23] Ibid, p. 33.
[24] Ibid, p. 29.
[25] Ibid, p. 33.
[26] Ibid, p. 33.
[27] Saunders, p. 10.
[28] Ibid, p. 14.
زستانی ٢٠١٩