دانا ڕه‌ئووف

“بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە” لە وەرگێڕانێکی نوێدا


Loading

دەزگای (مۆدانیستە)، کە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە و گرینگی دەدات بە بڵاوکردنەوەی شاکارە کلاسیکییەکانی جیهان، سەرلەنوێ و بە وەرگێڕانێکی نوێوە، شانۆنامە بەنێوبانگەکەی ساموێل بێکێت ١٩٠٦-١٩٨٩ (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) لە بەرگێکی جواندا بڵاودەکەنەوە. پێنج دەستنووسی ئۆرگیناڵی ئەم دەقەی بێکێت هەیە، ئەمەیش کاری وەرگێڕەکان ئاسان ناکەن و بۆ ئەوەی وەرگێڕانێکی تەواو و نزیک لە دەقە ئۆرگیناڵەکەی بێکێت-ەوە بکەین، پێویستمان بە گەڕان و پشکنینێکی زۆرە. بێکێت ساڵی ١٩٥٢ بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوەی بە زمانی فەڕەنسی نووسیوە. هەر لەسەرەتاوە دەقەکە دەبێتە جێگای سەرنجی ڕۆگەر بلین، کە دەرهێنەرێکی دیاری ئەو دەمە دەبێت و بێکێت متمانەیەکی زۆری پێی دەبێت. ئەم دەرهێنەرە بە نمایش و خوێندنەوەکانی بۆ دەقەکانی (ئەنتۆنان ئارتۆ) ناسرابوو، ئەو دەقانەی لە ژێر ناوی شانۆی توندوتیژدا ناوزەد کرابوون، ئەمە جگە لە دەرهێنانەکانی بۆ دەقەکانی ستریندبێرگ، بە تایبەتیش (سەمای مەرگ)، کە لەو دەمەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنابوو.

 

“بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە” لە وەرگێڕانێکی نوێدا

ڕۆگەر بلین دەیەوێت وەک نمایشێکی سێرک کار لەسەر گۆدۆ بکات، بۆ ئەم مەبەستەیش پانتایی شانۆیەکی بچووک دەستنیشان دەکات و دەیەوێت، ئێستراگۆن و ڤلادیمیر بکاتە دوو لێبوک، کە شانۆنامەکەیش بۆ یەکەمجار لە سێی مانگی یەکی ساڵی ١٩٥٣ لە پاریس و لەسەر شانۆی بابیلۆن، کە شانۆیەکی بچووکە، نمایش دەکرێت، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هۆڵەکە پڕ دەبێت لە بینەران. ئەو ستایلە نامۆ و جیاوازەی دەقەکە ناوبانگێکی گەورە بە نمایشەکە دەبەخشێت و خەڵک و ڕەخنەگرەکان باسی ئەزموونێک دەکەن، کە هەرگیز لەوەوبەر نەیاندیووە.

 

بێکێت ئامادەی پرۆسەی دەرهێنان و پرۆڤەی ڕۆژانەی نمایشەکە دەبێت، لەم پرۆسەیەدا، ڕۆگەر بلین و بێکێت چەندان گۆڕانکارییان لە دەستنووسەکەدا کردووە و بێکێت هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەقە ئۆرگیناڵەکەدا تۆمارکردووە، بەڵام دواتر کە دەقەکە لە دووتوێی کتێبێکدا دەردەچێت، دەستنووسە ئۆرگیناڵەکە، بێ ئەو گۆڕانکارییانەی لە کاتی مەشق و پرۆڤەکاندا کردوویانە، بڵاودەکرێتەوە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٢دا چاپە ئینگلیزییەکەی گۆدۆ، بەسەرپەرشتیی بێکێت خۆی و دوای پێداچوونەوە و چاکردن و هەڵسەنگاندنی هەموو گۆڕانکارییەکان، بڵاودەکرێتەوە و بێکێت ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە لەمەولا دەبێت ئەم دەقە بکرێتە بنەما و بۆ هەموو نمایشەکان بەکاربهێنرێت.

 

بێکێت، کە لە دبلنی پایتەختی ئێرلەند لە دایک بووە، هەر لەسەرەتای ژیانییەوە دبلن بۆ پاریس بەجێ دەهێڵێت و لە دوای جەنگیش وەک وەرگێڕ بۆ گروپێکی خاچی سووری ئێرلەندی لە ناوچەی (نۆرماندی)ی فەرەنسی کاردەکات. دواتر گوتارێک لە نووسینی خۆی، دەربارەی ئەم ناوچەیە بەناوی (پایتەختی کەلاوە) لە ڕادێوی ئێرلەندی دەخوێنێتەوە. لەم گوتارەیدا، باسی دیدی خۆی سەبارەت بە پارچە پارچە بوونی ڕۆحی مرۆڤ و کەلاوە دەرونییەکانی مرۆڤی جەنگ و هەلومەرجەکانی دوای جەنگ دەکات. هەر لەم گوتارەیشەوە چەکەرەی فەلسەفە و ستایل و زمانی بێکێتێکی نووسەر و شانۆنامەنووس دەردەکەوێت. یەکەم بەرهەمیشی، کە بە فەرەنسی دەینووسێت، باسی دوو هاوڕێی لێبوک ده‌کات، کە بەبێ هیچ پلانێک لە بازنەیەکی بۆش و دونیایەکی بێپەروادا دەژین. لە یەکێک لەبەشەکانی ئەم نووسینەدا، دوو کارەکتەرە سەرەکییەکە پێکەوە دەپەیڤێن و یەکێکیان دەڵێت: ئێمە پێویستە یەکێکیان هەڵبژێرین. هاوڕێکەیشی لە وەڵامدا دەڵێت: لەنێوان چی و چیدا؟ ئەویش دەڵێت: (کەلاوە یان ڕوخانێکی تەواو) ئەم وەڵامەیش نابێتە جێگای هیچ سەرسورمانێکی هاوڕێکەی، بەڵکو ئەویش زۆر بێباکانە بەم شێوەیە وەڵامی دەداتەوە: (ئەی ناکرێت بەشێوەیەک لە شێوەکان هەردوو هەڵبژاردەکە لە یەکێکدا کۆبکرێنەوە.) پاش چەند ساڵێک ئەم نووسینە دەبێتە بنەمایەکی گرینگ بۆ دەقی شانۆنامەی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە). دوو کەسی بێلانە، ئێستراگۆن و ڤلادیمیر، کە خۆیان بە دیدی و گۆگۆ بانگی یەکتری دەکەن، لەژێر درەختێکدا چاوەڕوانی کەسێک ده‌که‌ن بەناوی (گۆدۆ)وه‌. لە کۆتایی پەردەی یەکەمدا، کوڕێکی منداڵکار دێت و پێیان ڕادەگەیەنێت، “کە جەنابی گۆدۆ ڕایسپاردووم پێتان بڵێم، کە ئەم ئێوارەیە نایەت، بەڵام سبەینێ بە دڵنیاییەوە دێت.” پەردەی دووەمیش هەر بە هاتنی کوڕە منداڵکارەکە کۆتایی دێت و سەرلەنوێ ئەوەیان پێڕادەگەیەنێت، کە گۆدۆ نایەت.

 

هەروەها لە پەردەی یەکەم و دووەمی ئەم شانۆنامەیەدا، دوو کەسی تر، لەکی و پۆزۆ دەردەکەون. پۆزۆ کەسێکی دەوڵەمەند و دەست ڕۆیشتووە، لەکی-یش خزمەتکارە و بە گوریسێکی درێژەوە بەستراوەتەوە و شتومەکەکانی پۆزۆیش، جانتا و کورسی… هتد هەڵگرتووە. هەندێک جار پۆزۆ بە قامچی لە لەکی دەدات و ناچاریشی دەکات سەمای بۆ بکات. لە پەردەی دووەمدا، کە دەردەکەونەوە، پۆزۆ کوێر بووە و لەکییش کەڕوڵاڵ، چەندین جار بەسەر یەکتردا دەکەون، هەڵدەستنەوە و دەکەونەوە تا لە دواجاردا لە تاریکیدا بزر دەبن.

 

ئەم دەقە هەر لەیەکەم ڕۆژی نمایشییەوه‌ دەبێتە جێگای گفتوگۆی ناوەندە هونەری و فەرهەنگییەکەی ئەو کاتەی فەڕەنسا و ناوبانگێکی بێ سنوور بەدەست دەهێنێت، گروپەکەیش لە شانۆ بچووکەکەی بابیلۆنەوە، گەشتێکی هونەری بەنێو شار و شارۆچکەکانی فەرەنسا و دواتریش ئەڵمانیادا دەکەن. لێرەوە چیرۆکی سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) لەسەر هەموو شانۆکانی جیهان دەست پێ دەکات.

 

بێکێت دوای ئەم سەرکەوتنانەی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) خۆی بیر لە دەرهێنانی دەقەکانی دەکاتەوە و لە ساڵی ١٩٦٤دا، سەرەتا لە فەڕەنسا، دوای ئەوە لە بەریتانیا، ئەمەریکا و ئەڵمانیا دەست دەکات بە دەرهێنانی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە)، هەروەها دەقە شانۆییەکانی تری. ئەم کارە پراکتیکی و کردەییەی بێکێت لەگەڵ دەقەکانی دید و بۆچوونی تری لا دروست کردووە و کەوتۆتە گۆڕانکاری و دەستکاری کردنی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) و دەقەکانی تریشییەوە. بێکێت ئەو گۆڕانکاریانەی لە بنەمای دەق و دیالۆگ و هەندێک دیمەن و کارەکتەرەکاندا کردوونی، لە دەفتەرێکی تایبەتیدا تۆماری کردوون. دوا دەقی (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە)، کە هەموو گۆڕانکاری و لابردن و خستنە سەر و چاکردنەکان لەخۆ دەگرێت، بە ئەڵمانی و لە ساڵی ١٩٧٥ دا بڵاوکراوەتەوە، کە لە ماوەیەکی کورتدا دەفرۆشرێت و لە کتێبفرۆشەکاندا نامێنێت. بەڵام دواتر، کۆمەڵێک پسپۆر و لێکۆڵەرەوەی بواری بێکێت و ڕەخنەگری ئەدەبی، دەکەونە ساخکردنەوە و بەراوردکردنی هەموو دەستنووس و چاپکراوەکان، هاوکات فایلی دەرهێنانەکانی بێکێت، کە هەموو تێبینی و گۆڕانکارییەکانی تیا تۆمارکردووە. ئەنجامی کارەکەیشیان لە ساڵی ١٩٨٨دا چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبێک دەبێت بە ناوی (بێکێت لە شانۆدا).

 

وەرگێڕانە سوێدییەکە، کە لەلایەن (ماگنووس هێدلوند) Magnus Hedlund کراوە، گەڕانەوەیەکە بۆ هەموو ئەو دەستنووس و چاپ و ساخکردنەوە و بەراوردکاریانەی لەم دەقەدا کراون. ئەم وەرگێڕانەی (هێدلوند) هێندە لە سوێد متمانەی پێکراوە، که‌ هەموو دەرهێنەر و گروپە شانۆییەکان، بۆ کارکردن لە (بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆوە) دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەم وەرگێڕانە.

(ماگنووس هێدلوند) لە کۆتاییدا ئەم پرسیارە دەکات، ئایا سەرلەنوێ وەرگێڕانی ساموێل بێکێت پێویستە؟ هەر خۆی وەڵامی پرسیارەکەی خۆی دەداتەوە و دەڵێت، بەڵێ پێویستە، مەسەلەکەیش تەنها ئەو هەموو گۆڕانکاری و دەستنووسە جیاوازانەی دەقەکە نییە، کە دەبێت ساخبکرێنەوە و بەراوردکارییان بۆ بکرێت، بەڵکو ئۆرگیناڵ و وەرگێڕانەکانیش کۆن دەبن و دەبێت لەگەڵ زمانە مۆدێرنەکاندا بگونجێنرێن و فۆرمی ئەو زمانە بەکارهێنراوانەی ئەمڕۆ، بە تایبەتی بۆ سەر شانۆ بەکار بهێنرێن.

 

بێکێت لە ساڵی ١٩٥٧دا شانۆنامەی دووهەمی به‌ناوی (کۆتاییی گەمە) نمایش دەکات. دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٥٨دا (دوا شریتی کراب) و لە ساڵی ١٩٦١یشدا (ڕۆژێکی بەختیار) دەنووسێت. لە (دوا شریتی کراب)دا، باسی نووسەرێک دەکات، کە ڕۆژانە یادەوەرییەکانی خۆی لەسەر شریت تۆمار کردووە. ئێستا ئەو کەسایەتییە تەمەنی گەیشتۆتە شەست و نۆ ساڵ و دانیشتووە گوێ لە دەنگی خۆی دەگرێت و بە یادەوەرییەکانی ڕابردوویدا دەچێتەوە، کە سی ساڵ لەمەوبەر تۆماری کردوون. کراب هەست بە نامۆبوونی دەنگی خۆی دەکات، لە هەندێک لەو وشانە تێناگات که‌ لەوه‌وبەر بەکاری هێناون و پەنا دەباتە بەر فەرهەنگ و لە ڕەوشێکی ئاڵۆزی بوون و نەبووندا دەژی و یادەوەرییەکان دەبنە بەشێکی گرینگی (هەم یان نیم)ی ژیانێکی بوونگەرای مرۆڤایەتی.

 

لە (ڕۆژێکی بەختیار)دا، ڕووبەرووی (وێنیی) دەبینەوە، کە بە چەترێک و جانتایەکی دەستییەوە تا ناوقەدی لە لمی تەپۆلکەیەکدا نێژراوە. لە بەشی دووهەمدا تەنها سەری بە دەرەوە دەمێنێت و هەموو جەستەی لە لمەکەدا دەنێژرێت. مێردەکەیشی (ویلی) لە خوارەوە، لە کونجێکی سێبەری دامێنی تەپۆلکەکەدا دانیشتووە و بە بێدەنگی ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. (وێنیی) بەشێوەیەکی بەردەوام خەریکی شتەکانییەتی، فڵچەی ددان، چاویلکەکەی، زەرەبینێک، دەستەسڕ، ئاوێنە، دەمانچەیەک، شووشەی حەبەکانی، چەترێک و بەشێوەیەکی بەختیار باسی ژیانی ئێستا و ڕابردووی خۆی دەکات. لە کۆتاییشدا ویلیی مێردی هەوڵ دەدات سەربکەوێتە سەر تەپۆلکەکە بۆ لای (وێنیی)، بەڵام ناتوانێت بگاتە سەرەوە و خل دەبێتەوە بۆ خوارەوە.

 

(وێنیی) یەکەم کارەکتەری گەورەی ئافرەتە لە شانۆنامەکانی بێکێتدا و دوای ئەم ڕۆژە بەختیارەیش، کۆمەڵێک دەقی تر لەو ستراکتور و فۆرمەدا، دەنووسێت. بۆ نموونە ئەو شانۆنامانەی لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا دەیانووسێت، بە تەواوی لە هەموو شتێک پاک دەکاتەوە؛ دەقەکان کورتن، دیالۆگی کەم لەخۆدەگرن یان تەنها چەند وشەیەکی کورت کورتن و لە چڕی و بێدەنگی و ڕەوشی ڕووداوەکاندا بزر دەبن و زیاتر مۆرکێکی مینیاتری لەخۆ دەگرن. لە (من نا)دا، کە لەساڵی ١٩٧٢ نووسیویەتی، هیچ کارەکتەرێک نابینین، بەڵکو ڕووناکی بەکزی تەنها دەدرێت لە (دەمێک) کە بە بەرزاییەکەوە دیارە و بە ریتمێکی خێرا مەنەلۆگێک دەڵێت. ژنێک تەمەنی حەفتا ساڵە، باسی خۆی دەکات؛ ژیانی بە تەواوی لە پەراوێزدا بووە و تەنانەت توانای قسەکردنیشی نەبووە. لەپڕ، بەیانییەکی پایز و لە کێڵگەیەکی سەوزدا و لە ژێر تیشکی خۆردا، بەبێ وەستان دەپەیڤێت. ئەمە ئەو دەنگەیە لە ڕەوتی قسەکاندا دەیناسێتەوە و بۆی دەردەکەوێت، کە ئەوە دەنگی خۆیەتی.

 

سەرچاوە:

Samuel Beckett, I väntan på Godot, översättning av Magnus Hedlund, Modernista. Stockholm 2019

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.