![]()

تەرمی پاسارییەک
شیعر
ڤان شێرزاد
تەرمێکی ساردی ڕاشکاوبووی،
بەسەر پشتی کیسەڵێکی پیر.
قەلەڕەشەکان دوو نێر و مێیەک،
وێردی ئێوارانیان بۆ دەخوێندی و
ڕیقنەیان دەکرد بەسەر شانت دا.

مۆدلیانی؛ پۆرترێتی جینی ئهشیقی -١٩١٩
نیشتیمان هەر ئەو گۆڕە باریک و
تەنگە بوو،
لە کولانەی سەگە بەڕەڵاکان هەڵەندرابوو.
پێنج سەد هەزار جار لە مانگێکدا
پاڕامەوە نەڕۆیت.
پێمگووتی؛ دەترسم تۆ بڕۆیت،
کەسێک نەبێ وردکەنان بداتە باڵندەکانت.
پێمگووتی؛ دەترسم تۆ بڕۆیت،
لە گیانەڵا بیت و بتەوێ بمریت.
پێشهاتنی من چەقەڵەکان زیندە بەچاڵت بکەن،
ڕێویەکان، حەوت_هەشت ، سێ_چواری هەردوو سنوور،
شیوەنی درۆینەت بۆ بگێڕن و
لەبەر چاوم ونت بکەن.

Jeanne_Hébuterne_(au_ch
apeau)_by_Amedeo_Modigliani
پێمگووتی؛ دەترسم
کزیە سپیەکانم بهۆنمەوە،
لەناو کفنەکەت، لەژێر پێلوی چاوەکانت سەیرم بکەیت، بۆم پێبکەنیت.
شینت بۆ بکەم لەناو پێستی حەوت ژندا.
گۆرانیم بۆ بڵێیت،
سەما بە پەنجەی بچوکی قاچت بکەیت.
هێندەی نەبرد، بویت بە شقارتەیەکی گڕ تێبەربوو.
بۆ قومێ ئاو، قەرزم لە هەناوی حوشترەکان دەکرد.
بووی بە گێژەلووکەیەک،
ژاوەژاوێکت دروستکرد، کپ بوویتەوە
مردیت و زوو بیرچوویتەوە…

تابلۆکان؛ مۆدیلیانیAmadeo Modigliani – ١٨٨٤- ١٩٢٠

