“بۆ ڕۆحی ئامانج، که له ته‌مه‌نی ده ساڵییه‌وه به‌رده‌وام به خه‌یاڵ یاریزان و کاپتنی تیپی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا بوو.”
“ئه‌و وێنه‌یه تیپی ئۆراسکۆیه و ساڵی ١٩٨٢ گیراوه، پێم وا بێت ساحه خۆڵه‌که‌ی ئیداره مه‌حه‌لییه.”
سه‌رداری که‌بابچی کاتێک ئه‌مه‌ی پێ گوتم، هه‌ردووکمان له‌به‌رده‌می وێنه‌که‌دا ڕاوه‌ستابووین، ئه‌و خه‌ریکی گۆشت قیمه‌کردن بوو، کاتێک من با‌نگم لی کرد و پرسیاری ئه‌و وێنه‌یه‌م لێی کرد، به‌رامبه‌ر وهجاخهکهی و ئه‌و جێگایه‌ی خۆی لێ ڕاده‌وه‌ستا وێنه‌که هه‌ڵواسرابوو، نه‌زانانه لێم پرسی: “ئه‌ی خۆیشت له ڕیزی ئه‌م یاریزانهدایت؟”
سه‌ردار له وه‌ڵامدا گوتی: “نه‌خێر، من ئه‌و کاته زۆر منداڵ بووم، له ڕاستیدا ئێمه ماڵمان له مهلعهبهکهوه نێزیک بوو، فه‌قیر بووین و منیش له‌وێ ئاوم ده‌فرۆشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر منداڵی ئاوفرۆشی لێ بوو، به‌ڵام به بۆنه‌ی کاک ئامانجه‌وه، تیپی ئۆراسکۆ ته‌نها ئاویان له من ده‌کڕی.”
خوێنی قومارچی
خه‌لیل گفتی ئه‌وه‌ی به به‌دیعی دایکی دابوو که قومار نه‌کات، هه‌ر چه‌نده زیاتر له ده جار ئه‌و گفته‌ی له‌گه‌ڵ دایکیدا شکاندبوو. به‌دیع هه‌موو جارێک به خه‌لیلی کوڕی ده‌گوت: “به خوا جارێکی تر قومار بکه‌یت، منیش له داخی تۆ هه‌ر چی پیاوی خوێڕیی ئه‌و شاره‌یه سواری خۆمی ده‌که‌م، هه‌ر له ڕقی ئه‌م قومارکردنه‌ی تۆ، خۆ گان بده‌یت له قومارکردن باشتره!”
خه‌لیل چه‌ند جارێک ئه‌وه‌شی به هاوڕێکانی گوتبوو که هه‌رگیز بۆ ئه‌و جێگای قوماره ناچێت. به‌دیع به خه‌سره‌وی هاوڕێی خه‌لیلی کوڕی گوتبوو له مه‌ودوا کوڕی من ناچێت بۆ ئه‌و جێگایه و قومار ناکات، به‌دیع مه‌به‌ستی له ئوتێلی جه‌مال بوو که هه‌مـوو شه‌وێک قومار و مناڵبازی و سێکسی تێدا ده‌کرا.
به درێژاییی ئه‌و پێنج ساڵه‌ی تووشی ئه‌و خووه بووبوو، ته‌نها یه‌ک حه‌فته توانیی به‌گوێی به‌دیعی دایکی و هاوڕێکانی بکات و بۆ قومار نه‌چێت، ئه‌ویش خه‌سره‌وی هاوڕێی به درێژاییی ئه‌و حه‌فته‌یه به شه‌و و ڕۆژ له‌گه‌ڵیدا بوو، له ماڵی خه‌لیل ده‌نووست و به ڕۆژیش له‌گه‌ڵی ده‌چوو بۆ به‌رده‌م سینه‌ما سیروان و له‌ته‌نیشت عاره‌بانه‌ی گوڵهبهڕۆژەفرۆشییهکهیهوه ڕاده‌وه‌ستا، خه‌لیل زوو زوو له خه‌سره‌و تووڕه ده‌بوو، پێی ده‌گوت: “بێئه‌خلاق، باوکم مرد وام زانی نه‌جاتم بوو، که‌چی تۆ جێگای باوکمت لێ گرتوومه‌ته‌وه!”
“ئه‌گه‌ر من باوکت ده‌بووم، ده‌مێ بوو هه‌ردوو گوێتم بڕیبوو.”
“سه‌رت دای له به‌رد!”
بێزاری و تووڕه‌یی به قسه‌کانی هه‌ردووکیانه‌وه دیار بوو. له کۆتاییی ئه‌و حه‌فته‌یه‌دا خه‌لیل باری ده‌روونیی تێک چووبوو، هه‌موو جگه‌ره‌یه‌ک که ده‌یکێشا؛ به سه‌رده‌ستی یان به مه‌چه‌کی ده‌یکوژانده‌وه. بێزارییه‌که‌ی گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ی که ئه‌و ڕۆژانه له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکدا به شه‌ڕ هاتبوو. کێشه‌ی خه‌لیل ئه‌وه بوو که تووڕه ده‌بوو، هاوڕێ و دۆست بووایه یان بێگانه، خێرا په‌لاماری ده‌دا. تووڕه‌بوونه‌که‌ی به جۆرێک بوو هه‌تاوه‌کوو ئازاری به‌و که‌سه نه‌گه‌یاندایه، کۆڵی لێ نه‌ده‌دا، گه‌لێک جار له دایک و هاوڕێکانی دابوو. که لێیشی ده‌دان، تاوه‌کوو خوێنی پێوه نهبینینایه وازی لێ نه‌ده‌هێنان.
ڕۆژی هه‌ینی و کۆتاییی ئه‌و حه‌فته‌یه‌ی خه‌لیله عه‌ره‌ب قوماری تێدا نه‌کردبوو، خه‌سره‌و و خه‌لیل پێکه‌وه چوون بۆ یاریگای ئیداره‌مه‌حه‌لی، چووبوون پێکه‌وه سه‌یری یاریی تیپه شه‌عبییه‌کان بکه‌ن، ئه‌و ڕۆژه یاریی نێوان تیپی مه‌وله‌وی و ئۆراسکۆ بوو، هه‌ر چه‌نده ئه‌نجامی یارییه‌که به دڵی ئه‌وان نه‌بوو، چونکه تیپی ئۆراسکۆ به چوار گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر به مه‌وله‌وی دۆڕان. خه‌سره‌و ده‌یگوت: “هه‌ر چه‌نده یاریزانه‌کانی تیپی مه‌وله‌وییش زۆربه‌یان هاوڕێمن، به‌ڵام تیپی ئۆراسکۆ لایه‌قی ئه‌وه نه‌بوون که به چوار گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر بدۆڕێن!”
خه‌سره‌و و خه‌لیله عه‌ره‌ب هاوڕێی نێزیکی ئامانج بوون، که یاریزان و ڕاهێنه‌ری تیپی ئۆراسکۆ بوو. تایه‌ری باوکی ئامانج که به ئامانجی ئۆراسکۆ ناسرابوو، به‌ڕێکه‌وت له شانیانه‌وه ڕاوه‌ستابوو، خه‌سره‌و به‌لاچاوێک له تایه‌ری باوکی ئامانجی ڕوانی و به خه‌لیلی هاوڕێی گوت: “خه‌لیل، سه‌یری کاک تایه‌ری باوکی ئامانج بکه چۆن شیک خۆی گۆڕیوه! تۆ بزانه ئه‌گه‌ر باوکت له ژیاندا بمایه، ئێستا ئه‌ویش له‌گه‌ڵ کاک تایه‌ر ده‌بوو، پێده‌چێت ئه‌ویش ئاوا قاتێک جلی کوردیی له‌به‌ردا بووایه، یان وه‌کوو جاران قاتێکی چاکه‌ت و پانتۆڵ و بۆینباخێکی سووریشی له‌سه‌ر ببه‌ستایه. پێده‌چێت تۆیش له ترسی ئه‌و وازت له‌م قوماره نه‌عله‌تییه بهێنایه! ده‌زانیت من قه‌ت یادی ئه‌و پیاوه‌م له دڵ ده‌رناچێت، له ڕاستیدا نه‌ک تۆ؛ منیش له‌دوای مردنی باوکته‌وه قاچم به‌ر تۆپ نه‌که‌وتووه، هه‌ندێک جاریش به ته‌ماشاکردنی یاری دڵته‌نگ ده‌بم، چونکه ته‌نها شێوه‌ی ئه‌و پیاوه‌م له‌پێش چاودایه وه‌کوو ئه‌و باوکم بووبێت!”
“هه‌تیو باوکمی چی، تۆ ئه‌وه‌نده‌ت ده‌ستپه‌ڕ کردووه هه‌ردووک ئه‌ژنۆت لینجاییان لێ بڕاوه!”
“ده که‌ره‌که‌ر! خوێڕی!”
خه‌لیل سه‌ری لار کردبوویه‌وه و له تایه‌ری باوکی ئامانجی ده‌ڕوانی، به جۆرێک که سه‌رنجی ڕاکێشا و ئه‌ویش لێی ڕوانین، سڵاوی لێ کردن و بانگی لێ کردن: “کوڕینه سڵاوتان لێ بێت، چۆنن؟”
“سڵاو، کاک تایه‌ر!”
هه‌ردووکیان پێکه‌وه وه‌ڵامیان دایه‌وه. تایه‌ر وه‌کوو خوویه‌کی هه‌میشه‌یی هه‌موو که‌سێکی ده‌دواند و له شاردا نه‌ک ته‌نها ئه‌وانه‌ی که وه‌رزشکار بوون و هاوڕێی کوڕه‌کانی بوون، به‌ڵکوو ئه‌وانه‌شی هانده‌ر و هۆگری وه‌رزش بوون، ده‌یانناسی و که‌م و زۆر په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵیدا هه‌موو.
خه‌سره‌و به‌ره‌و ڕووی تایه‌ر چوو، ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵدا کرد و دوای هەواڵپرسی، خه‌سره‌و به تایه‌ری گوت: “کاک تایه‌ر، ئۆراسکۆ تیپی چاکن!”
“ئینجا خۆ ئامانج خوا و دین و ئیمانی بووەته تیپی ئۆراسکۆ!”
دوای ئه‌وه‌ی تایه‌ر ئه‌مه‌ی گوت، هه‌ردووکیان به‌ملا و ئه‌ولای خۆیاندا ڕوانییان و پاشان تایه‌ر پرسیی: “ئه‌وه خه‌لیل کوا و بۆ کوێ چوو؟”
“بزانه ده‌ستی سه‌رئاوی هه‌بووه و بۆ مزگه‌وتی عه‌بدوڵا لوتفی چووه.”
خه‌لیله عه‌ره‌ب ئه‌وه‌ندەی له چاوی خه‌سره‌وی هاوڕێی دوور که‌وته‌وه و گه‌یشته به‌رده‌م ده‌رگای یاریگاکه، وه‌کوو که‌سێک به‌دوایه‌وه بێت که ئه‌ویش زیاتر له ترسی خه‌سره‌وی هاوڕێی ڕایده‌کرد، خه‌می ئه‌وه‌ی بوو به‌دوایدا بێت و ڕێگای لێ بگرێت، به‌ڕاکردن خۆی گه‌یانده ده‌رگای سه‌ره‌کیی مزگه‌وتی عه‌بدوڵا لوتفی. دوو ڕیز تێکەڵاو له پیاوی گه‌نج و پیر له‌لای ڕاست و چه‌پی ده‌رگاکه‌وه تاوه‌کوو ده‌گه‌یشته ناو ده‌رگای پرسهخانهکه ڕاوه‌ستابوون، به جۆرێک هه‌رچ ڕێبوارێک بهاتایه ده‌بووایه یان ئه‌و سنووره‌ی ئه‌وانی تێک بشکاندایه یان بۆ پرسه‌که بچێت. کاتێک خه‌لیل به په‌له و شێوه ڕاکردن گه‌یشته به‌رده‌میان، هه‌موو ده‌ستیان به‌رز کرده‌وه و به‌خێرهاتنیان لێ کرد، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی لێیان بڕوانێت، خێرا به‌نێوان دوواندا تێپه‌ڕی و به‌ره‌و ئاوده‌ستخانه‌کان چوو، گوێی لێ بوو له‌دوایه‌وه که‌سێک گوتی: “دیاره زه‌حیره!”
خه‌لیل گوێی له ده‌نگی قورعانخوێنهکه بوو که هاواری ده‌کرد: “ئه‌م باوه‌ڕه بۆ ئاشتی و پارێزگاریکردن له مرۆڤی مه‌زڵووم دابه‌زیوه، له‌به‌ر ئه‌وه هیچ جۆره زوڵمێک ڕێگه‌پێدراو نییه.”
دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ئاوده‌ستخانه‌کاندا ڕاوه‌ستا، جگه‌ره‌یه‌کی پێ‌کرد و پاڵی دا به دیواری به‌رامبه‌ر ڕیزێک ئاوده‌سته‌وه که هه‌مـوویان ده‌رگاکانیان له‌سه‌رپشت بوو، چاوی داخست و له‌په‌سا مژی له جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا، ده‌نگی مه‌لا ئیسماعیله کوێری باش ده‌ناسییه‌وه که له نزیکه‌وه ده‌یناسی و چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ کانی دۆمان بردبوویان، له‌گه‌ڵیاندا عه‌ره‌قی خواردبوویه‌وه و به ده‌نگی سه‌رسام بوو. وه‌کوو ده‌نگی مه‌لا ئیسماعیل خه‌یاڵی قومارکردنه‌که‌ی له‌بیر بردبێته‌وه، ئه‌وه‌ی هاته‌وه بیر که له‌گه‌ڵ هاوڕێکانیدا ئه‌وه‌یان به مه‌لا ئیسماعیل گوتبوو: “سمه کوێر، ئه‌گه‌ر ئێمه مردین؛ زوو زوو وه‌ره و شتێک له‌سه‌ر گۆڕه‌کانمان بڵێ، خۆ تۆ جرتیشمان بۆ لێ ده‌یت هه‌ر له ده‌مت خۆشه!”
“خوای ده‌کرد ئێوه ده‌تۆپین، له‌و بۆنه‌یه‌دا دێم و گوو له‌سه‌ر گۆڕتان ده‌که‌م.”
مه‌لا ئیسماعیل کاتێک ئه‌وه‌یان وه‌ڵام ده‌داته‌وه سه‌رخۆش ده‌بێت. پێش گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو شار و گه‌ڕه‌کی قه‌ره‌جاوا، لگاویان داده‌مه‌زراند و تاوه‌کوو ته‌واوی ئه‌و پاره‌یه‌ی که پێیان بوو؛ ده‌که‌وته لای یه‌کێکیان و ئه‌وانی تر ده‌دۆڕان. ئه‌و که‌سه‌ی پاره‌کانی ده‌برده‌وه، خه‌رجیی دانیشتنه‌که‌یان و دینارێکیشی ده‌دا به فه‌ریده خێل. زاریان بۆ هه‌ڵده‌دا تاوه‌کوو بزانن کامیان یه‌که‌م که‌س سواری فه‌ریده خێل ده‌بن، هه‌موو جارێک فێڵیان لێ ده‌کرد و مه‌لا ئیسماعیله کوێر ده‌که‌وته دوایین که‌س، هه‌روه‌کوو چۆن هه‌موو جارێک دینارێکی ده‌دا به یه‌کێکیان و ده‌بووه شه‌ریکی و چاوساغیی بۆ ده‌کرد. جارێک نه‌بوو مه‌لا ئیسماعیل پاره بباته‌وه، ته‌نانه‌ت به مایه‌ی خۆیشیه‌وه ده‌رنه‌ده‌چوو، به‌ڵام ئه‌و هه‌رده‌م به‌وه ڕازی بوو که جارێک به زۆری ئه‌وان فه‌ریدی بۆ ڕازی بکه‌ن و گانی بداتێ. کاتێک تاریک داده‌هات، فه‌ریده خێل ده‌ستی مه‌لا ئیسماعيله کوێری ده‌گرت و له نه‌دیویدا هه‌ر به‌پێوه خۆیان به‌یه‌که‌وه ده‌نووساند. مه‌لا ئیسماعیل هه‌موو جارێک دوای ئه‌وه‌ی لێ ده‌بوویه‌وه، به فه‌ریده خێلی ده‌گوت: “ده‌ی ماڵت ئاوه‌دان بێت، فه‌رید تۆ کوڕی چاکیت، مادام دڵی نابینایه‌ک ڕازی ده‌که‌یت، خوا هه‌موو گوناحه‌کانت ده‌به‌خشێت.”
“چه‌ڵته‌چه‌ڵت کوێری فیعلچی، ئه‌وه ڕوبعێک قه‌رزاریت!”
دوای ئه‌وه‌ی مه‌لا ئیسماعیل و فه‌ریده خێل شه‌رواڵه‌کانیان هه‌ڵده‌کێشایه‌وه، قۆڵیان ده‌کرد به قۆڵی یه‌کتردا و به ڕێگاوه تاوه‌کوو ده‌گه‌یشتنه‌وه لای هاوڕێکانیان مه‌لا ئیسماعیل هه‌وڵی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌ریده خێل ده‌دا که پاره‌ی پێویست بوو ده‌توانێت ڕۆژ بێت یان شه‌و، سه‌ردانی ماڵی ئه‌وان بکات. مه‌لا ئیسماعیل له گه‌ڕه‌کی قه‌ره‌جاوا له‌گه‌ڵ دایکیدا ده‌ژیا، ڕۆژانه له به‌یانی زووه‌وه دایکی یان خه‌سره‌و بۆ حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره ده‌یانبرد، له‌وێ چاوه‌ڕێی ده‌کرد تاوه‌کوو مشته‌رییه‌ک له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ پرسه‌یه‌ک یان هه‌ندێک جاریش بۆ سه‌رقه‌برانیان ده‌چوو، پاشان مشته‌رییه‌کان بۆ مزگه‌وتی گه‌وره‌یان ده‌هێنایه‌وه. دایکیشی که پیرێژنێکی کورته‌باڵای ڕه‌شتاڵه بوو، ئێواران ده‌چوو به‌دوایدا و پێکه‌وه بۆ گه‌ڕه‌کی قه‌ره‌جاوا ده‌گه‌ڕانه‌وه. خه‌لیله عه‌ره‌ب دوای ئه‌وه‌ی له ڕاڕه‌وی ئاوده‌ستخانه‌کانی مزگه‌وتی عه‌بدوڵا لوتفیدا جگه‌ره‌یه‌کی کێشا، چوو بۆ هۆڵی پرسه‌که و له سووچێکه‌وه دانیشت و پاڵی دایه‌وه. گوێی له ده‌نگی مه‌لا ئیسماعیلی هاوڕێی گرت، هه‌ستێک له ناخیدا به‌رده‌وام گڕی ده‌سه‌ند و زوو زوو ده‌ستی له یه‌ک هه‌ڵده‌سووین، ڕانه‌کانی ده‌جووڵاند و ڕهقاییی ئه‌ژنۆکانی ده‌کێشان به یه‌کتریدا، به‌رده‌وام هه‌ناسه‌ی قووڵی هه‌ڵده‌کێشا، له‌به‌ر خۆیه‌وه گوتی: “ناچم! ناچم!”
کاتێک ئه‌مه‌ی گوت، هه‌ستی به‌وه کرد ئه‌و دوو پیاوه‌ی له‌لای ڕاست و چه‌پیه‌وه دانیشتبوون گوێیان لێیه‌تی، چاوی هه‌ڵبڕی و لێی ڕوانین. بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رباز بکات، هه‌ستایه سه‌ر پێ. له کاتێکدا که هێشتا مه‌لا ئیسماعیل قورعانی ده‌خوێند و ده‌نگی لێ هه‌ڵبڕیبوو، خه‌لیل ده‌ستی هه‌ڵبڕی و له‌به‌ر خۆیه‌وه وه‌کوو شه‌رم له خۆی بکات گوتی: “خوا له گوناحی خۆش بێت.”
خێرا چووه ده‌ره‌وه و له ده‌رگای دووه‌می مزگه‌وته‌که‌وه هاته ده‌ره‌وه، له گه‌ڕه‌کی چوارباخه‌وه تاوه‌کوو به‌رده‌رکی سه‌را به‌ڕاکردن چوو، ده‌کۆکی و هه‌ناسه‌ی لێ بڕابوو. کاتێک گه‌یشته به‌رده‌م ئوتێل جه‌مال، به شانی ئه‌و که‌سه‌دا تێپه‌ڕی که به‌رده‌وام له‌به‌ر ده‌رگاکه‌دا ڕاده‌وه‌ستا، که هه‌ندێک جار دووان بوون و دهرگاوانییان ده‌کرد و هه‌رچ که‌سێک نهیانناسیایه؛ نه‌یانده‌هێشت بچێته ژووره‌وه. کابرای ده‌رگاوان به‌دوایدا چووه ژووره‌وه و به‌تووڕه‌ییه‌وه له‌سه‌ر قادرمه‌کان له دواوه باڵی گرت، کاتێک لێی ڕوانی، ده‌ستی له باڵی به‌ر دا و گوتی: “ئێ، ئێ، بڕۆ، بڕۆ، مشته‌ریی دایمیت!”
خه‌لیل هیچی نه‌گوت، ده‌ستێکی له گیرفانی شه‌رواڵه‌که‌یدا بوو، به‌ده‌م ڕێگاوه له‌و ده دیناره‌ی پێی بوو، پێنج دیناری لێ جیا کرده‌وه و له‌ناو داڵانی ئوتێله‌که‌دا لوولی کرد و خستیه ناو پزووی شه‌رواڵه‌که‌ی. پێنج دیناری له‌ناو ده‌ستی ڕاگرت و یه‌کێک له‌و سێ ده‌رگایه‌ی کرده‌وه که به‌رده‌وام لگاوی تێدا ده‌کرا، زوو زوو له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: “خه‌له گیان، تۆ له پێنج دینار زیاترت پێ نییه!”
له ژووره‌وه به لگاوچییه‌که‌وه زیاتر له ده که‌سی لێ بوو، هه‌موو به‌ده‌وری مێزێکدا کۆ بووبوونه‌وه، خه‌لیل چوو له شانی ئه‌وانه‌وه ڕاوه‌ستا که به‌پێوه وه‌ستابوون. هه‌ر چه‌نده ژووره‌که کورسیی زیاتر تێدا بوو، به‌ڵام به لگاوچییه‌که‌وه پێنج که‌س دانیشتبوون. خه‌لیل پێنج دیناره‌که‌ی خسته به‌رده‌م سه‌لامی لگاوچی و پێی گوت: “بۆم ورد بکه‌ره‌وه!”
“دینار… نیو… ڕوبع؟”
“نیودینار… نا، نا، با هه‌مووی ڕوبع بێت!”
“ئاخ کێرم، چاک دەڕۆینه‌وه!”
خه‌لیل وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، پاره‌که‌ی هه‌ڵگرت و خستیه گیرفانی شه‌رواڵه‌که‌ی. وه‌ستابوو، بێده‌نگ مژی له جگه‌ره‌که‌ی ده‌ستی ده‌دا و به‌سه‌رنجه‌وه له ده‌ستی سه‌لامی ده‌ڕوانی. کاتێک سه‌لام قوتووی لگاوهکهی ڕاوه‌شاند و له‌سه‌ر مێزه‌که سه‌ره‌وخواری کرد، خه‌لیل خۆی برده پێشه‌وه و له چاوی لگاوچییهکهی ڕوانی. ده‌ستی له‌نێوان شانی ئه‌وانه‌ی له پێشیه‌وه دانیشتبوون درێژ ده‌کرد، بێ ئه‌وه‌ی پاره‌که دابنێت ده‌ستی ده‌گێڕایه‌وه، دیسان چاوه‌ڕێی ده‌کرد و زوو زوو له قوتووه‌که‌ی ده‌ڕوانی، پاشان وه‌کوو هه‌موو جارێک چاوی ده‌گوێزایه‌وه سه‌ر ئه‌و تاجه‌ی که له‌سه‌ر ته‌خته‌ی مێزه‌که وێنه‌ی کێشرابوو، که خه‌لیل له‌سه‌ر تاج نه‌بووایه پاره‌ی دانه‌ده‌نا، قومارچییه‌کان پێیان ده‌گوت تاجه‌که‌ی مه‌لیک مه‌حموود. له چه‌ند مانگی سه‌ره‌تاوه خه‌لیل خووی به قه‌ره‌وه گرتبوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه له‌ناو قومارچییه‌کاندا باو بوو ده‌یانگوت: “قه‌ره شوومه و هه‌زاران که‌س له‌و شاره‌دا قوونیشیان له‌سه‌ر قه‌ره داناوه!”
زیاتر له بیست فڕه‌ی لگاوه‌که ڕۆیشت و خه‌لیل هێشتا دڵنیا نه‌بوو له‌وه‌ی داخۆ باش دیقه‌تی داوه، له کاتێکدا سه‌لامی لگاوچی قوتووه‌که‌ی سه‌ره‌وخوار له‌سه‌ر مێزه‌که دانابوو، هه‌ستی ده‌کرد چاوی به تاجه‌که که‌وتبوو. کاتێک چوار له‌وانه‌ی که دانیشتبوون؛ به‌ده‌م گله‌ییکردن و بۆڵه‌بۆڵه‌وه هه‌ستان و له ژووره‌که چوونه ده‌ره‌وه، خه‌لیل خێرا کورسییه‌کی گرت و به‌رامبه‌ر سه‌لامی لگاوچی دانیشت. له سه‌ره‌تاوه سێ جار تاجه‌که‌ی خه‌لیل له‌نێوان زاره‌کاندا بوو، زهردهخهنهیەک که‌وته سه‌ر لێوی و جگه‌ره‌یه‌کی پێ‌کرد. پاشان دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له پێنج کاتژمێر بێ جووڵه لگاوی کرد، گه‌یشتبووه دواهه‌مین ڕوبع و گه‌یشته ئه‌وه‌ی پێنج دیناری ناو پزووی شهرواڵهکهشی ده‌رهێنا، خستیه به‌رده‌م سه‌لامی لگاوچی و پێی گوت: “بۆم ورد بکه‌ره‌وه!”
“دینار… نیو… ڕوبع؟”
“نیودینار… نا، نا، با هه‌مووی… ده‌ی با نیودینار بێت!”
“ئاخ کێرم، چاک دەڕۆینه‌وه!”
خه‌لیل وه‌ڵامی سه‌لامی لگاوچیی نه‌دایه‌وه، چونکه سه‌لام دوای وردکردنه‌وه‌ی پاره؛ به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی به هه‌موو مشته‌رییه‌کان ده‌گوت، هه‌ندێک له مشته‌رییه کۆنه‌کان به ناوی خۆیه‌وه بانگیان نه‌ده‌کرد و ناویان لێ نابوو: “ئاخ کێرم”.
کاتژمێر نۆی شه‌و کاتێک ژووری لگاوکردنهکه زیاتر له بیست که‌سێکی لێ بوو، جه‌مالی ته‌قی که خاوه‌نی ئوتێله‌که بوو؛ هاته ژووره‌وه و له‌گه‌ڵ کوڕێکی باڵابه‌رزی ڕه‌قه‌ڵه‌دا مێزێکیان به ده‌سته‌وه بوو، مێزه‌که‌یان دانا و داوایان کرد که لگاوه‌که بکه‌ن به دوو مێز. کوڕه ڕه‌قه‌ڵه باڵابه‌رزه‌که جه‌مالی ته‌قی به زوبێر بانگی ده‌کرد، قوتووی زاره‌کانی له گیرفانی ده‌رهێنا و له‌سه‌ر مێزه‌که داینا. دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند کورسییه‌کی بۆ ده‌وری مێزه‌که هێنا، خۆی له‌سه‌ر یه‌کێکیان دانیشت و وه‌کوو بانگی قومارچییه‌کان بکات؛ زاره‌کانی خستنه ناو قوتووه‌که و چه‌ند جارێک ڕایوهشاندن و دانی به ڕووی مێزه‌که‌دا، زوو زوو له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: “وه‌رنه‌وه! وه‌رنه‌وه! ده‌بڵه‌خوا! سێ ده‌بڵه‌خوا!”
سه‌لامی لگاوچی کاتێک زاره‌کانی خستنه ناو قوتووه‌که‌ی ده‌ستی، به‌ده‌م قسه‌کردنه‌وه قوتووه‌که‌ی ڕاده‌وه‌شاند و گوتی: “ده‌ی کاکه، نیوه‌تان بچن بۆ سه‌ر ئه‌و مێزه‌ی تر!”
یه‌کێک له قومارچییه‌کان گوتی: “به خوا برا من له‌لای زوبێر لگاو ناکه‌م، خواش سوفتاحی لێ ناکات!”
خه‌لیله عه‌ره‌بیش بۆی سه‌نده‌وه و گوتی: “مه‌گه‌ر ناڵێن حیزی به به‌خته!”
دایانه قاقای پێکه‌نین و سه‌لامی لگاوچییش سه‌رێکی لی ڕاوه‌شاندن و قوتووه‌که‌ی دایه‌وه به‌سه‌ر مێزه‌که‌دا.
خه‌لیل له ماوه‌ی که‌متر له نیوکاتژمێردا ته‌نها نیودیناری له‌ناو ده‌ست مابوو، سێ فڕه‌ی لگاوه‌که ڕۆیشت و ئه‌و ته‌نها دیقه‌تی له ده‌ستی سه‌لام ده‌دا. ئه‌وه‌نده به‌سه‌رنجه‌وه دیقه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌لام ڕاگرتبوو، گوێی له یه‌ک یه‌ک زاره‌کان بوو چۆن له‌ناو قوتووه‌که‌ی ده‌ستی ئه‌و لگاوچییه به‌ناوبانگه‌ی شاردا تلیان ده‌خوارد. کاتێک سه‌لام قوتووه‌که‌ی له‌سه‌ر مێزه‌که سه‌ره‌وخوار کرد، هه‌ستی کرد تاجه‌که‌ی سێ جار به‌رچاو که‌وتبوو، خۆی ڕاست کرده‌وه و خێرا نیودینارهکهی ده‌ستی بەلوولکراوی له‌سه‌ر تاجه‌که دانا، له‌ژێره‌وه له سه‌لامی لگاوچیی ڕوانی، وه‌کوو ئه‌وه‌ی بیه‌وێت پێی بڵێت: “دهستهکهتم گرت!”
چاوی نووقاند و هه‌ردوو ده‌ستی به لێواری مێزه‌که‌وه گرت، ته‌نها گوێی هه‌ڵخستبوو، ده‌یویست له ڕێگای ده‌نگی قومارچییه‌کانی چوارده‌وریه‌وه بزانێت، وه‌کوو باوه‌ڕی ته‌واوی به فێڵه‌که‌ی خۆی نه‌بووبێت. کاتێک چاوی هه‌ڵبڕی، سه‌لام پاره‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ی کۆ کردبوویه‌وه و پاره‌ی براوه‌کانیشی دابوو. له سه‌لامی ڕوانی و پاشان چاوی گێڕایه‌وه سه‌ر مێزه‌که و له تاجه‌که‌ی ڕوانی، پاشان له زاره‌کانی ڕوانییه‌وه، وه‌کوو باوه‌ڕی به چاوه‌کانی نه‌بێت، به‌تووڕه‌ییه‌وه سه‌یری سه‌لامی کرد و گوتی: “ئه‌ی تاجه‌که؟”
سه‌لام بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بداته‌وه، زاره‌کانی کۆ کردنه‌وه و خستنیه‌وه ناو قوتووه‌که، پاشان له خه‌لیلی ڕوانی و گوتی: “ئاخ کێرم، چاک ده‌ڕۆینه‌وه!” خه‌لیل له خه‌یاڵی خۆیدا بۆ قسه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕا، به هه‌ردوو ده‌ستی توند لێواری مێزه‌که‌ی گرتبوو، به‌تووڕه‌ییه‌وه له چاوی سه‌لامی ڕوانی و گوتی: “ئه‌ی پاره‌که‌ی من؟”
“بۆ خاڵه، کوێریت! ئاخ کێرم، چاک دەڕۆینه‌وه!”
له‌دوای ئه‌مه‌وه خه‌لیل بێده‌نگ بوو، هه‌ر چه‌نده چه‌ند جارێک هێزی ده‌دایه به‌ر خۆی و له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بوو مێزه‌که هه‌ڵبگێڕێته‌وه و په‌لاماری سه‌لام بدات. لێوی خۆی ده‌گه‌ست، بێ چاوترووکان له سه‌لامی ده‌ڕوانی، دیار بوو سه‌لامی لگاوچی به‌وه ڕاهاتبوو، سه‌ری به‌سه‌ر مێزه‌که‌دا شۆڕ کردبوویه‌وه و ته‌نها خه‌یاڵی لای ئیشه‌که‌ی و زاره‌کان و پاره کۆکردنه‌وه بوو.
کات تێپه‌ڕی و خه‌لیل هێشتا جگه‌ره‌ی ده‌کێشا و له جێگای خۆی دانیشتبوو، چه‌ند جارێک له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی به‌پێوه ڕاوه‌ستابوون یان ئه‌وانه‌ی تازه ده‌هاتن و قوماریان ده‌کرد؛ داوای لێ کرا جێگه‌که‌یان بۆ چۆڵ بکات، به‌ڵام وه‌ڵامی که‌سی نه‌دایه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی یه‌کێک له پشتیه‌وه شانی خه‌لیلی گوشی و پێی گوت: “ئه‌رێ کاکه ئه‌گه‌ر موفلیس بوویت؛ هه‌سته و ئه‌و جێگایه بۆ یه‌کێکی تر چۆڵ که!”، خه‌لیل له شوێنی خۆی ڕاپه‌ڕی، وه‌کوو بڵێی ده‌ستی ئه‌و کوڕه مه‌قاشێکی گه‌رم بووبێت، له‌گه‌ڵ ئاوڕدانه‌وه‌دا بۆکسێکی کێشا به لووتی ئه‌و کوڕه‌دا. ده‌مێک بوو له زۆر جێگا یه‌کتریان ده‌ناسی، به‌ڵام هێشتا سڵاویان له یه‌کتر نه‌کردبوو. خه‌لیل ئه‌وه‌نده فریا که‌وت، به‌ڵام ده‌ستی گه‌یانده هه‌رسێکیان، که‌وتنه به‌ینیانه‌وه. یه‌کێک له‌و کوڕانه‌ی خه‌لیل په‌لاماری دابوو؛ ناوی لوقمان بوو، که دوو هاوڕێی تری له‌گه‌ڵدا بوو. لوقمان یه‌کێک بوو له قومارچییه ناوداره‌کانی شار، پاشان لوقمان و هاوڕێکانی بە کەس نەدەگیران و به‌سه‌ر شانی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا که له‌وێ بوون؛ په‌لاماریان ده‌دا، دیار بوو شه‌ڕکه‌ر نه‌بوون و ته‌نها خۆیان ڕاده‌پسکاند و هاواریان ده‌کرد و جنێویان ده‌دا، به‌ڵام کاتێک نزیک ده‌بوونه‌وه، خه‌لیل به ده‌ستی چه‌پ و ڕاستی بۆکزی لێ ده‌دان، لوقمان و هه‌ردوو هاوڕێکه‌ی ده‌م و لووتیان پڕ بووبوو له خوێن. پاشان چه‌ند که‌سێک هاتنه ژووره‌وه و باوه‌شیان کرد به خه‌لیلدا و له ژووره‌که بردیانه ده‌ره‌وه. دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌رگای ئوتێله‌که‌دا ڕاوه‌ستابوون و داوایان له خه‌لیل کرد بڕوات، خه‌لیل تووڕه بوو، هه‌ر ئه‌وه‌ندەی به‌ریان دا؛ بۆکزی له ده‌موچاوی ئه‌وانیش دا، وه‌کوو لێی بترسن؛ لێی دوور که‌وتبوونه‌وه و چووبوون له‌ناو ده‌رگای ئوتێله‌که‌دا له‌پشتی یه‌که‌وه ڕاوه‌ستابوون. پاشان جه‌مالی ته‌قی؛ خاوه‌نی ئوتێله‌که، هاته خواره‌وه و به خه‌لیلی گوت: “کاکه! کاکه، چه‌ندت دۆڕاندووه؟”
“دۆڕاندن! تۆ وا ده‌زانیت من له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێڕییانه له‌سه‌ر ئه‌وه شه‌ڕ ده‌که‌م که دۆڕاوم؟”
“خه‌لیل، له‌سه‌ر هه‌رچ شتێک بێت، ئه‌به‌د نایه‌ڵم پێ بنێیته ناو ئه‌و ده‌رگایه! جا ئه‌مه ده‌بێت هه‌رچ که‌سێک دوو دینار بدۆڕێنێت بیکات به شه‌ڕ!”
“جه‌ماله دووده‌کی، من ناحه‌قی له که‌س قبووڵ ناکه‌م، ئه‌و خوێڕییانه بێ‌ڕێزییان به من کردووه!”
“کاکه تۆ لێت داون و ده‌م و لووتی هه‌رسێکیانت پڕ کردووه له خوێن، له‌وه زیاتر چیت ده‌وێت! ئه‌وه دینارێک و بڕۆ و له‌کۆڵمان به‌ره‌وه با ده‌نگمان لێوه نه‌یه‌ت!”
جه‌مالی ته‌قی دینارێکی له‌ناو ده‌ستی به‌ره‌و ڕووی خه‌لیل ڕاگرتبوو، خه‌لیل ڕووی تێ کرد و به ده‌نگی به‌رز گوتی: “هه‌ی دووده‌کیی خوێڕی، پاره‌که‌ت بخه‌ره قوزی دایکه حیزه‌که‌ت! تۆ وا ده‌زانیت من ته‌نازوول بۆ تۆ ده‌که‌م هیچوپووچ!”
ئه‌و سیانه‌ی که وه‌کوو پاسه‌وان له‌وێ بوون، له ترساندا له‌ناو ده‌رگاکه نه‌هاتنه ده‌ره‌وه. پاشان جه‌مالی ته‌قی پاشه‌وپاش گه‌ڕایه‌وه و چووه ناو ده‌رگاکه و ده‌رگاکه‌ی داخست.
خه‌لیل دوای ئه‌وه‌ی دوو شه‌قی له ده‌رگاکه هه‌ڵدا، ڕێگای به‌ره‌و به‌رده‌رکی سه‌رای گرته به‌ر. له فولکه‌که‌ی ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانی سه‌را پۆلیسێک بانگی کرد و پرسیاری لێ کرد: “ئه‌وه ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگه چی بوو؟”
“ده‌ی گه‌واد تۆ ئاگات له چییه! ئه‌وه‌تا له‌و گهوادخانهیه هه‌ر چی خوا پێی ناخۆش بێت ده‌کرێت، له‌وانه‌یه دایک و خوشکی تۆیش له‌وێ گایرابن، بۆ خۆت ناچیت بزانیت چی له‌و ئوتێل جهمالە ده‌کرێت!”
پۆلیسه‌که له‌سه‌ر شۆسته‌ی فولکه‌که دابه‌زیبوو، تفه‌نگه‌که‌ی له شانی داگرتبوو، زوو زوو له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: “قسه‌ی غه‌ڵه‌ت نه‌که‌یت! غه‌ڵه‌ت نه‌که‌یت!”
خه‌لیل لێی دوور که‌وتبوویه‌وه و به‌ره‌و شه‌قامی کاوه داگه‌ڕا، کاتێک گه‌یشته سه‌ره‌تای شه‌قامی کاوه و له‌به‌رده‌م دووکانه‌که‌ی تایه‌ری باوکی ئامانجی ئۆراسکۆدا دانیشت و پاڵی به دهڕابهکهوه دا و جگه‌ره‌یه‌کی پێ‌کرد، خه‌یاڵی له‌لای ئه‌و په‌یمانه بوو بە دایکی و خه‌سره‌وی ڕه‌فیقی دابوو، ئه‌وه بۆ یه‌که‌م جاری بوو ده‌ست بخاته ناو ده‌ستیان و پێیان بڵێت: “وه‌عد بێت قومار ناکه‌م!”
خه‌سره‌و پێی گوتبوو: “ئه‌گه‌ر درۆت له‌گه‌ڵ کردین، ئه‌وا وا بزانه که ئێمه‌شت دۆڕاندووه.”
به‌په‌له نه‌فه‌سی له جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا، ده‌نگی پێی چه‌ند که‌سێک له سه‌ره‌وه‌ی شه‌قامه‌که له‌و خه‌یاڵه‌ی دابڕی، کاتێک هاتنه به‌رده‌می ئه‌وسا ناسینیه‌وه که لوقمان و دوو هاوڕێکه‌ی بوون که دیار بوو به‌دوای ئه‌ودا هاتبن. کاتێک هاتنه به‌رده‌می، لوقمان ده‌مانچه‌یه‌کی له‌ناو ده‌ست بوو، خێرا ده‌ستی هه‌ڵبڕی و به‌رامبه‌ر خه‌لیل ڕایگرت: “خوشکت ده‌گێم، وا ده‌زانیت دەهێڵم به‌سه‌رته‌وه بچێت!”
خه‌لیل له جێگای خۆی نه‌جووڵا، دوای ئه‌وه‌ی جگه‌ره‌یه‌کی تری به جگه‌ره‌که‌ی ده‌ستی پێ‌کرد، له‌به‌ر خۆیه‌وه و زۆر به‌هێمنی پێی گوتن: “بڕۆن شه‌ڕم لێ لا دهن! بڕۆن و ملتان بشکێنن!”
لوقمان دوو هه‌نگاوێک و به پانیی شۆسته‌ی به‌ر دووکانه‌که‌ی تایه‌ر له خه‌لیله‌وه دوور بوو، وه‌کوو ترسی له‌وه هه‌بێت خه‌لیل له‌ناکاو په‌لاماری بدات. له‌گه‌ڵ دوو ڕهفیقهکهیدا چه‌ند هه‌نگاوێک لێی دوور که‌وتنه‌وه و چوونه ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که. کاتێک خه‌لیل ویستی هه‌ستێته سه‌ر پێ، لوقمان دوو گولله‌ی ته‌قاند. ئه‌و دوو کوڕه‌ی تاوه‌کوو کاتی ته‌قاندنی گولله‌کان له پشتیه‌وه ڕاوه‌ستابوون، کاتێک گوێیان له ده‌نگی گولله‌کان بوو هه‌ردووکیان به‌ره‌و خوار به شه‌قامی کاوه‌دا ڕایانکرد. لوقمان وه‌کوو له ته‌قاندنی گولله‌کان په‌شیمان بووبێت، له خه‌لیل نزیک بووبوویه‌وه و زوو زوو له ده‌مانچه‌که‌ی ده‌ستی ده‌ڕوانی. بینیی خه‌لیل هه‌ر چه‌ند هه‌وڵی ده‌دا نه‌یده‌توانی له جێگای خۆی هه‌ستێت، له‌به‌ر خۆیه‌وه و به ده‌نگێکی گڕ و پچڕ پچڕ گوتی: “خوێڕی، هه‌ی… ته‌قه له من ده‌که… چیت… که‌رپیاو!”
له‌دوای ئه‌مه‌وه خه‌لیل بێده‌نگ بوو، وه‌کوو پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێن له شوێنی خۆی دانیشتبوویهوه و پاڵی دابوو به ده‌ڕابه‌ی دووکانی تایه‌ری باوکی ئامانجی هاوڕێیه‌وه. لوقمان چووه سه‌ر شۆسته‌که و له نێزیکه‌وه لێی ڕوانی، له‌به‌ر ڕووناکیی ئه‌و گڵۆپه‌ی به‌سه‌ر ده‌ڕابه‌ی دووکانه‌که‌ی تایه‌ره‌وه ده‌گڕا، بینیی خوێن له‌به‌ر پێی خه‌لیله‌وه تاوه‌کوو به‌ر پێکانی ئه‌و هاتبوو. کاتێک خوێنه‌که‌ی بینی، دوو هه‌نگاو هاته دواوه و ده‌مانچه‌که‌ی خسته گیرفانی شه‌رواڵه‌که‌ی و به‌ره‌و خوار به‌دوای هاوڕێکانیدا ڕای‌کرد.
خه‌سره‌و ئه‌و ئێواره‌ی له یاریگای ئیداره‌مه‌حه‌لی خه‌لیل خۆی لێ ون ده‌کات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه و ده‌چێت بۆ ماڵی خه‌لیل، به‌ڵام دڵی نایهێنێت ئه‌وه به دایکی خه‌لیل بڵێت که خۆی لێ شاردووەته‌وه و پێده‌چێت بۆ قومار چووبێت. نانی ئێواره له‌گه‌ڵ به‌دیعی دایکی خه‌لیل ده‌خوات و تاوه‌کوو دره‌نگانی شه‌و چاوه‌ڕێی ده‌کات. کاتێک بێهیوا ده‌بێت، ماڵی خه‌لیل به‌جێ دێڵێت. به‌دیع به خه‌سره‌و ده‌ڵێت: “بزانه به‌میوانی بۆ لای کێ چووه، باوه‌ڕ ناکه‌م کوڕی من بۆ قومار چووبێت!”
ڕۆژی دوای ئه‌و شه‌وه خه‌سره‌و کاتێک ده‌چێت بۆ بازاڕ، له شه‌قامی کاوه له دووره‌وه چاوی له ئۆتۆمبێلی هێزه تایبه‌ته‌کان ده‌بێت که چۆن شه‌قامه‌که‌یان گرتووه و ئه‌و خه‌ڵکه لێیان کۆ بووبوونه‌وه. کاتێک گه‌یشته نێزیکیان، له‌به‌ینی شانی خه‌ڵکه‌که‌وه که ده‌تگوت له شه‌ڕه‌که‌ڵه‌شێر کۆ بووبوونه‌وه، له‌به‌ر دووکانه‌که‌ی تایه‌ردا بینیی تایه‌ر و ئامانج و ئاسۆ به شانی یه‌که‌وه ڕاوه‌ستابوون، ده‌ستیان له دواوه به‌سترابوو، چاویان به په‌ڕۆیه‌کی ڕه‌ش به‌ستبوون، زیاتر له ده سه‌رباز به ده‌وریانه‌وه بوون، خه‌سره‌و وه‌کوو نه‌زانێت چی به‌ڕێوه‌یه و بۆچی له‌وێدا کاک تایه‌ر و دوو کوڕه‌که‌ی باڵبه‌ست کراون و چاویان به‌ستراوه‌ته‌وه، له یه‌کێکی پرسی: “ئه‌وه چی بووه؟”
پیاوێکی مشکیبه‌سه‌ر بێ ئه‌وه‌ی جگه‌ره‌که‌ی له ده‌می لا به‌رێت، له‌ژێر لێوه‌وه گوتی: “ده‌ڵێن ئه‌و سیانه ئیستخباراتێکیان له‌به‌ر ئه‌و دووکانه‌دا کوشتووه. ئه‌ها… ئه‌ها، نایبینیت! بڕوانه خوێنه‌که‌ی به دهڕابهکهوهیه!”
تایه‌ر؛ کوڕه‌کانی له شانی ڕاست و چه‌پیه‌وه ڕاوه‌ستابوون، سه‌ری داخستبوو وه‌کوو بڵێی ڕازی بێت به‌وه‌ی چی ڕوو ده‌دات، یان له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بێت و هیوای به‌وه هه‌بێت ڕوو نه‌دات. دوو کوڕه‌که‌ی وه‌کوو له گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا بۆ ئاڵاهه‌ڵکردن ڕاوه‌ستابن و چاوه‌ڕێی ئه‌وه بکه‌ن ئاڵاکه بگاته به‌رزی و ده‌ست به خوێندنی سروود بکه‌ن، سنگیان دهرپهڕاندبوو. کاتێک ئه‌فسه‌رێک بانگی له سه‌ربازه‌کان کرد، هه‌موو هاتنه نێوان خه‌ڵکه‌که و دیله‌کانه‌وه و دوای چه‌ند هه‌ناسه‌یه‌ک؛ یه‌که‌م گوللە به‌ر سنگی تایه‌ر که‌وت و وه‌کوو پاڵیان پێوه نابێت به پشتدا درا به ده‌ڕابه‌ی دووکانه‌که‌یدا، پاشان ئاسۆ که له شانی چه‌پیه‌وه ڕاوه‌ستابوو. ئامانج وه‌کوو گوێی له ده‌نگی ته‌قه‌کان نه‌بووبێت، ڕاست له شوێنی خۆی ڕاوه‌ستابوو، فانیله‌یه‌کی دێزی له‌به‌ردا بوو که له‌سه‌ر سنگی نووسرابوو تیپی ئۆراسکۆ. خه‌سره‌و هه‌ردوو ده‌ستی به چاویه‌وه گرتبوو، توند نینۆکه‌کانی له پێستی ناوچه‌وانی چه‌قاندبوو، له‌ژێر ده‌ستیه‌وه لێوی ده‌گه‌ست، خه‌یاڵی ته‌نها له‌لای ته‌قاندنی گولله‌کان بوو، پشتی تێ کردن و به شه‌قامی کاوه‌دا به‌ره‌و خوار ڕای‌کرد، له دوایه‌وه گوێی له شریخه‌ی گولله‌کان بوو.
سکێچی هاوپێچی چیرۆکه‌که: هه‌ڤاڵ نالی