به‌رایی
ئاماده‌یی ژنان له كایه جیاوازه‌كاندا زۆربه‌ی كات بارگاوی بووه به دژایه‌تیكردن، له‌وه‌ش زیاتر به ڕێگه‌گرتن لێیان به ده‌یان به‌هانه‌ی جیاوازه‌وه. له‌وانه؛ ژن سۆزداره توانای بڕیاردانی نییه، ژن خاوه‌ن هزر و زانست نییه، توانای قسه‌كردن و نوسینی نییه، ژن هه‌مان توانای پیاوی نییه، یان ژن لاوازه و پیاوێك هه‌رده‌م ده‌بێت ڕێنوێنی بكات بۆئه‌وه‌ی فێربێت لێوه‌ی و ده‌یان و سه‌دان به‌هانه‌ی تر بۆ په‌راوێزخستن و بێده‌نگكردنی ژنان له ئارادایه. به‌دیوێكی تردا پیاوسالاری نیشانه‌یه‌ك نییه به‌ناوچاوانه‌وه تاوه‌كو پیاوانی پێ بناسینه‌وه، به‌ڵكو به كۆمه‌ڵێك هه‌ڵسوكه‌وت، ستراتیژ و ئامڕازی كۆنتڕۆڵكردن و په‌راوێزخستنه‌وه به‌نده، كه‌زۆرجار شاراوه‌ن و ژنانی پێ ده‌چه‌وسێنرێته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره‌دا ده‌مه‌وێت بیخه‌مه‌به‌رباس و ئاماژه‌ی پێبده‌م وه‌ك ستراتیژێكی ترسناك بۆ بێده‌نگكردنی ژنان، پرسی (پیاوبێژییه) كه تا ئێستا له كوردستان ئه‌م دیارده‌یه كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه.
پیاوبێژی چییه؟
با سه‌ره‌تا له شیكردنه‌وه‌ی( پیاوبێژی) وه ده‌ست پێبكه‌م كه تێرمێكه له زمانی ئینگلیزی‌دا به‌كارده‌هێنرێت بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌به‌رده‌وام له‌سه‌ر هه‌موو شتێك (زۆربێژی) ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ژن‌دا، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ژیری و لێهاتووی و شاره‌زایی ژنه‌كه. له‌هه‌مانكاتدا له ڕوانگه‌ی خۆبه‌زل زانی و باڵاده‌ستیه‌وه ئه‌م پیاوبێژیه ڕووده‌دات. لێره‌دا پیاوبێژیمان به‌كارهێناوه به‌رامبه‌ر ئه‌م تێرمه، كه به زمانی ئینگلیزی پێیده‌ڵێن ( Mansplaining). ئه‌م تێرمه (چه‌مك) له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئێسایه‌كی نوسه‌ر و فێمینیست و مێژوونوس (ڕێبێكا سۆلنیت Rebecca Solnit-) هاته بوون و دواتریش كه‌سانێكی زۆر له‌م باره‌یه‌وه نوسیان و له سیاقه مێژوویه‌كه‌شیدا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ركراوه كه هه‌وڵده‌ده‌م به كورتی باسیان بكه‌م.
ڕێبێكا سۆلنیت له ساڵی ٢٠٠٨ دا ئێسایه‌كی له ژۆرناڵی (لۆس ئه‌نجلیس تایم -Los Angeles Times-) دا بڵاوده‌بێته‌وه به‌ناوی (پیاو شته‌كان بۆ من ڕوونده‌كه‌نه‌وه -Men Explain Things to Me) [1] له‌م نوسینه‌دا باس له ڕووداوێك ده‌كات كه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له هاوڕێكانیدا ده‌چن بۆ ئێواره خوانێك و له‌وێ پیاوی خاوه‌ن ماڵه‌كه باسی كتێبێك ده‌كات و قسه‌ی زۆر له‌باره‌یه‌وه ده‌كات به‌بێئه‌وه‌ی ناوی ڕێبێكا بهێنێت. هه‌رچه‌ند هاوڕێكه‌ی ڕێبێكا سێ جار به پیاوه‌كه ده‌ڵێت؛ كه‌ئه‌و كتێبه ڕێبێكا نوسیوێتی! ئه‌و گوێناگرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر قسه‌كردن له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه. دواتریش ده‌رده‌كه‌وێت كه پیاوه‌كه ته‌نانه‌ت كتێبه‌كه‌شی نه‌خوێندۆته‌وه به‌ڵكو ته‌نها ڕانانێكی له‌باره‌یه‌وه خوێندۆته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رزۆر له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێت.
لێره‌وه ڕێبێكا له نوسینه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ده‌كات كه پیاوان چ مافێكی گه‌وره به‌خۆیان ڕه‌وا ده‌بینن، كه ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی چه‌نده‌ها بابه‌ت ده‌دوێن كه هیچی لێ نازانن تا ده‌گات به‌وه‌ی زۆربێژی ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵ دده‌ن خۆیان و دونیابینیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر ژناندا و به‌رده‌وام قسه‌ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه كه په‌یبردن به‌م دیارده‌یه له دوای ساڵی ٢٠٠٨ وه و له وتاره‌كه‌ی ڕێبێكاوه سه‌ریهه‌ڵدا، كه ئێستا له‌لای زۆرێك له فێمینیسته‌كان به‌گرنگیه‌وه وه‌كو كه‌ره‌سه‌یه‌كی شیكاری و ڕوانینی ژنانه بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه بۆچی و كه‌ی و له‌كوێدا پیاوان ژنان بێده‌نگ ده‌كه‌ن و بۆچی ئه‌م مافه به‌خۆیان ده‌ده‌ن پیاوبێژی بكه‌ن؟
گرنگه ئه‌وه‌ش بڵێین كه پیاوبێژی دیارده‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و به‌ربڵاوه له دونیادا، له لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وتووه كه به درێژایی مێژوو پیاوان ژنانیان بێده‌نگ كردوه و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه قسه‌یان كردوه. له زۆر كاتدا زیاده‌بێژی ده‌كه‌ن و ڕوونكردنه‌وه ده‌ده‌ن بۆ ژن، ته‌نانه‌ت له سه‌ر پرسی زۆر كه‌سی و تایبه‌ت به خودی ژنی خۆیه‌وه! بێگومان ئه‌مه له‌و باوه‌ڕه هه‌ڵه‌یه‌وه دێت كه ژن له بیركردنه‌وه و زانست و سیاسه‌ت و ژیریدا، هاوتای پیاو نییه. له‌وه‌ش زیاتر، زۆرجار پیاوان له‌باره‌ی ژنانه‌وه قسه‌ده‌كه‌ن و بڕیارده‌ده‌ن و پیاوبێژی ده‌كه‌ن به‌سه‌ر ژن‌دا، به‌بێئه‌وه‌ی ڕێزێك دانێن بۆ ژیری و هۆشمه‌ندی ژنه‌كه‌ی به‌رامبه‌ریان. به دیوێكی تردا ئه‌مه له ترسێكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه په‌یوه‌ندی به تواناكانی ژنانه‌وه هه‌یه و پیاو ده‌یه‌وێت به‌م مێتۆدی (بێده‌نگكردنی ژنه) ئاماده‌یی و كارایی و بوونی له بواری گشتیدا سنوردار بكه‌ن. لێره‌وه كه‌سایه‌تی و تواناكانی ژن بخاته ژێر پرسیاره‌وه و هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی تێدا دروست بكات.
(ماری بیه‌رد) پرۆفیسۆر و مێژوو نوسی به‌ناوبانگی به‌ریتانی، له كتێبێكی تازه‌یدا به‌ناوی ( ژن و ده‌سه‌ڵات، مانیفێستۆیه‌ك) زۆر به‌وردی له میراتی یۆنان و ڕۆمی دێرێن ده‌كۆڵێته‌وه. ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه (بێده‌نگكردنی ژنان-(Silencing و )پیاوبێژی-Manslpaining) میراتێكی به‌جێماوه له‌م دوو شارستانێتیه‌وه تاوه‌كو ده‌گاته ئه‌مڕۆ، كه ژنان له سیاسه‌ت و هه‌موو كایه‌كان و سۆشیال میدیادا بێده‌نگ ده‌كرێن و ڕووبه‌ڕووی پیاوبێژی ده‌بنه‌وه.
ئۆدیسۆس؛ پینۆلۆپی له دڵسۆزێكه‌وه بۆ گه‌نده‌ڵێك
پرۆفیسۆر و فێمینیست ماری بیه‌رد، بۆ تیشكخستنه سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه دژه ژنانه‌یه و یه‌كه‌م به‌ریه‌ك كه‌وتنی ژن له‌گه‌ڵ پیاوبێژیدا له سیاقی مێژوویدا، باس له فیگوری (پێنێلۆپیPenelope-) ده‌كات له داستانی (ئۆدێسیOdyssey-)دا، كه كۆنترین تێكستی شیعری (هۆمێر -Homer)ی یۆنانیه. ماری بیه‌رد باس له‌ساته‌وه‌ختێك ده‌كات كه پینێلۆپی ده‌چێته شوێنی میوانه‌كانی كۆشكی هاوسه‌ره‌كه‌ی ( ئۆدیسیۆس) كه بیست ساڵه له‌دوای جه‌نگی )تڕۆیا -(Troy نه‌گه‌ڕاه‌وه‌ته‌وه. له‌وێدا به یه‌كێك له په‌خشان بێژه‌كان ده‌ڵێت؛ كه هۆنراوه‌كه‌ی زۆر غه‌مگینه و بیگۆڕێت، چونكه باس له نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كان ده‌كات. كوڕه‌كه‌ی خۆی كه ناوی (تێلێماخۆسه -Telemachus) یه‌كسه‌ر به دایكی ده‌ڵێت؛ كه بگه‌ڕێته‌وه ژووره‌كه‌ی خۆی و خه‌ریكی كاری ژنانه‌ی خۆی بێت و بۆی نییه له‌كارو باری پیاواندا قسه‌بكات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆدیسۆس و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پینۆلۆپی بیست ساڵه چاوه‌ڕێی ئۆدیسۆسی كردووه، كه‌چی ئه‌م دوو پیاوه (ئۆدیسۆسی باوك و تلیماخۆسی كوڕ) باس له دڵسۆزی ژن ناكه‌ن، باس له دڵسۆزی و وه‌فای ناكه‌ن به‌ڵكو به‌گومانه‌وه له ژن ده‌ڕوانن و ئۆدیسۆس ده‌ڵێت: `نه كۆیله‌كان لێره‌ن و نه پینۆلۆپی ته‌نها خۆم و خۆتین، ده‌بێت ئه‌وه فێربین و بزانین كه ژنان چه‌نده گه‌نده‌ڵن`.299[2]
لێره‌وه ده‌بینین پیاو له كاروباری گشتیدا بڕیارده‌رن و ژنان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت تۆمه‌تبارده‌كرێن به‌وه‌ی ڕۆحی ئه‌وان زیاتر له هه‌موو كۆیله‌یه‌ك ئاماده‌یه بۆ گه‌نده‌ڵی. ئه‌مه ته‌نها نمونه‌یه‌ك نییه له‌ناو مێژوودا و به‌تایبه‌تر له یۆنانی دێریندا.
به‌هه‌مان شێوه ماری بیه‌رد له (ئیلیاد-Iliad) ی هۆمه‌ردا باس له توڕه‌یی خواوه‌ند (زیوس- (Zeus ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ( هێرا-Hera) ی هاوسه‌ریدا و پێی ده‌ڵێت؛ گه‌ر بێده‌نگ نه‌بیت و واز له دژایه‌تیكردنم نه‌هێنیت، ئه‌وا توندوتیژی ده‌نوێنم به‌رامبه‌رت. ماری بیه‌رد باس له‌وه‌ش ده‌كات كه له گه‌ڵ هاتنه كایه‌ی به‌ڵگه‌ی نوسراوه‌وه له‌باره‌ی كولتوری خۆرئاواوه، ده‌نگی ژنان نابیسترێت له فه‌زای گشتیدا و بێده‌نگكراون. كه‌واته ده‌ركه‌وتن و باڵاده‌ستی پیاوان پابه‌نده به بێده‌نگكردنی ژنانه‌وه له ماڵه‌وه و له فه‌زای گشتی و هه‌موو كایه‌كاندا..
باسكردن له ئه‌فسانه‌ی ئۆدێسی، و هێنانه‌وه‌ی نمونه‌ی تێلێماخۆس و بێده‌نگكردنی دایكی و گفتوگۆی نێوان تلیماخۆس و ئۆدیسۆسی باوكی ده‌رباره‌ی گه‌نده‌ڵبوونی ژنان، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت؛ كه پیاوبێژی و بێده‌نگكردنی ژنان، دوو ستراتیژی هاوته‌ریبن بۆ دروستكردنی شه‌رم و بێده‌نگی لای ژنان وه‌ك مێكانیزمێك بۆ كۆنترۆڵكردن و سه‌ركوتكردن به‌كارهاتووه. له‌هه‌مانكاتدا خۆلادان و بێده‌نگبوون له‌لایه‌ن ژنانه‌وه وه‌ك ستراتیژێك بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وام بوون له ژیاندا به‌كارهاتووه.
فه‌یله‌سوف و ماركسیست و مێژوونوس فرێدریك ئه‌نگلس له كتێبی (ڕه‌چه‌ڵه‌كی خێزان و موڵكیه‌تی تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت)، باس له ‘ئێرای پاڵه‌وانێتی – زه‌مه‌نی پاڵه‌وانبازی ‘ ده‌كات، كه چۆن له سه‌رده‌می هیرۆیزمدا -پاڵه‌وانبازیدا، ژنان له ده‌ر‌ئه‌نجامی باڵاده‌ست بوونی پیاوانه‌وه‌سه‌ركۆنه كراون و شكێندراون. به‌مه‌ش ئه‌نگلس ئه‌م ساته وه‌ك پاشه‌كشه‌ی مێژووی ڕه‌گه‌زی مێینه له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، به‌وه‌ی پیاوان له ماڵه‌وه‌ش سه‌رده‌سته‌یی ده‌كه‌ن و بێده‌نگیان ده‌كه‌ن. له‌هه‌مانكاتدا ژنان ده‌كه‌نه كۆیله‌یه‌ك بۆ چێژی پیاوانه و به‌رهه‌م هێنانی منداڵ. ده‌ستنیشانكردن و خستنه‌به‌رباسی لایه‌نه كۆنه‌پارێزی و دژه ژنێكه‌ی داستانی ئۆدێسی له‌لایه‌ن ئه‌نگلیسیشه‌وه ئاماژه‌ی پێدراوه و سه‌رده‌می (ئۆدیسۆس) و پاڵه‌وانێتی وه‌ك سه‌رده‌مێكی پڕ له‌كێشه بۆ ژن وێناده‌كات، كه چۆن پاڵه‌وانه‌كان ژنیان وه‌كو كۆیله و ده‌ستكه‌وتی جه‌نگ مامه‌ڵه‌كردوه‌و له‌نێوان خۆیاندا به‌شیانكردوون به پێی جوانی و گه‌نجیان.
ئۆڤید؛ ژن وه‌ك بونه‌وه‌رێكی بێزمان
له باره‌ی شارستانیه‌تی ڕۆم و ئه‌فسانه‌ی- داستانی ( ئۆڤید -Ovid) وه به‌هه‌مان شێوه پڕۆفیسۆر ماری بیه‌رد چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه كه ئاماژه له‌و بێده‌نگكردنه‌ی ژنان ده‌كات كه مێژوویه‌كی قووڵی هه‌یه له كولتوری خۆرئاوادا. له نمونه‌ی داستانی (ئیۆ-Io)ی مێینه‌دا دا كه‌له‌لایه‌ن خواوه‌ند (جوپیته‌ر-Jupiter) وه ده‌كرێت به مانگا، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی ته‌نها بتوانێت ببۆڕێنێت و توانای قسه‌كردنی لێده‌سێنێته‌وه. هه‌روه‌ها نیمفێك (حۆریه‌ك) كه ناوی ( ئیكۆ-Echo) یه سزاده‌درێت به‌وه‌ی كه هیچ كات ده‌نگی خۆی نه‌بێت، به‌ڵكو ئامڕازێك بێت بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌كانی ئه‌وانیتر. لێره‌وه له بیركردنه‌وه‌ی(ئۆڤید)ی پیاودا كه نوسه‌ری ئه‌م ده‌قه‌یه، بوونی ژن كورتده‌كرێته‌وه بۆ دانگدانه‌وه‌ی ئه‌وانیتر، نه‌ك خودی خۆی و خاوه‌ن ده‌نگی خۆی بێت…له‌مه‌ش خراپتر به‌سه‌رهاتی (فیلۆمێلا- Philomela) یه كه ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته سه‌ر و بێده‌نگ ده‌كرێت له ڕێگای بڕینی زمانییه‌وه و دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵده‌دات له‌دژی ئه‌و تاوانه قسه بكات، بۆئه‌وه‌ی توانای قسه‌كردنی نه‌بێت و باس له‌و تاوانه نه‌كات كه‌به‌سه‌ریدا هێنراوه.
ئه‌م بێده‌نگكردنه، لێساندنه‌وه‌ی هێزی ده‌ربڕین و خۆبوونه و لێره‌وه پیاوبێژی پابه‌نده به بێده‌نگكردن و كپكردنی ژنانه‌وه. ئیدی كاتێك ده‌نگ و ئاماده‌یی له‌ژن ده‌سه‌ندرێته‌وه، ئه‌وا ئاماده‌یی له كایه‌كان و فه‌زای گشتیدا ونده‌كرێت. لێره‌وه‌گرنگه له سیاقه مێژوویه‌كه‌یدا له‌م دیاردانه بكۆڵینه‌وه و تێبگه‌ین كه بۆچی تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش به‌رده‌وامیان هه‌یه‌و فۆرم و كۆنتێكسته‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ناوه‌ڕۆك وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه.
پیاوبێژی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا
ئه‌گه‌ر له كۆنتێكستی كوردستاندا ئاوڕێك له‌م دیارده دزێو و به‌رده‌وامه بده‌ینه‌وه، ئه‌وا پێویستمان به چه‌ندین نوسینی ورد هه‌یه له‌باره‌یه‌وه. ته‌نها سه‌یرێكی ماڵپه‌ر و گۆڤار و تیڤیه‌كان بكه‌ین، ده‌بینین كه به‌رده‌وام پیاوان له‌باره‌ی ژنه‌وه قسه ده‌كه‌ن، فه‌توا ده‌رده‌كه‌ن، یاسا و ڕێسا داده‌نێن و ژن به‌هه‌ند وه‌رناگرن و بێده‌نگی ده‌كه‌ن. هه‌ر له پیاوبێژی سیاسه‌تمه‌داران و ڕێگه‌نه‌دان به ژنان له بڕیاردان و قسه‌كردندا بیگره، تاوه‌كو ده‌گاته هه‌ڕه‌شه و بێده‌نگكردنی ژنان له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، پیاوبێژی خۆی نمایش ده‌كات. ئاوه‌ها ڕۆژ نییه ژنانی كورد له‌ناو ماڵ و ده‌ره‌وه و شوێنی كار و ناو كایه جیاوازه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی پیاوبێژی نه‌بنه‌وه.
با له كۆمه‌ڵێك نمونه‌دا باس له‌م دیارده‌یه بكه‌م و له ئه‌زموونێكی خۆمه‌وه ده‌ستپێبكه‌م؛ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له سیمینارێكدا له‌یه‌كێك له‌وڵاته ئه‌وروپیه‌كان ڕێكخراوێكی ژنانی كورد بانگهێشتیان كردبووم بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی پرسی ژنه‌وه. دوای ته‌واوبوونی قسه‌كانم، ئاماده‌بووان پرسیار و به‌شداریان كرد. یه‌كێك له‌وانه پیاوێكی ئه‌كادیمی كورد بوو، كه زیاتر له سی ساڵ له‌ده‌ره‌وه ژیابوو، ته‌نانه‌ت هه‌موو پله‌كانی خوێندنی له ئه‌وروپا ته‌واوكردبوو. هه‌ستا و زۆر به ده‌نگێكی توڕه‌وه به منی گووت؛ خانم تۆ زانستیانه قسه ده‌كه‌یت، به‌ڵام بڕێك دژه پیاوانه‌یت و ناكرێت وابێت، ئێوه‌ی ژنی كورد ده‌بێت له خه‌باتی خۆتاندا پشت به پیاوانی ڕۆشنبیری وه‌ك ئێمه ببه‌ستن!
له ڕاستیدا ئه‌مه نمونه‌یه‌كی زۆر دووباره‌یه كه نه‌ك هه‌ر له‌م سیمیناره به‌ڵكو له زۆر شوێنی تر و به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی ئه‌م جۆره له پیاوبێژی ده‌بینه‌وه، كه پیاوێك و ده‌یان پیاوی كورد ڕێگه به‌خۆیان ده‌ده‌ن له‌پرسی ژن و فێمینیزم به كاژێر وانه‌مان دابده‌ن و پێمان بڵێن چۆن قسه‌بكه‌ین و چی بڵێین یان نه‌یڵێین.
دوور نه‌ڕۆین له بۆنه‌كانی هه‌شتی مارس و ڕۆژه جیهانیه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیدا پیاوانی سیاسه‌تمه‌داری كورد زۆرترین ئاماده‌ییان هه‌یه و له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه بۆ دۆزی ژنان ڕه‌وایه‌تی ده‌ده‌ن به خۆیان كه زۆرترین وتار و لێدوانه‌كانیان له تیڤیه‌كان و كۆنفراس و دیداره‌كان نمایشبكرێت. بێگومان ئه‌مه خۆی له خۆیدا سه‌پاندنی دونیابینی پیاوانه‌یه بۆ دۆزی ژنان، ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌بوایه ئه‌وان له دژی پیاوگه‌رایی و توندوتیژی پیاوان قسه‌یان بكردایه كه پرسێكه تایبه‌ته به ئه‌وان.
داگیركردنی كایه‌كان و ته‌نانه‌ت دۆزی ژن و جێنده‌ر و فێمینیزمیش ئێستا له كوردستان به ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك پیاوی سه‌ركرده‌وه و هه‌ركامه و به‌و ئاقاره‌دا ده‌یه‌وێت ئه‌م دۆزه فۆرم بكات كه خۆی ده‌خوازێت. لێره‌وه پیاوبێژی بۆته به‌شێك له ستره‌كتوری بیركردنه‌وه و كار و به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ هه‌یمه‌نه‌كردن و پاسیڤكردنی دۆزی ژن و كورتكردنه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێك داواكاری ڕیفۆرمخوازانه‌ی وه‌كو باڵانسی جێنده‌ری و به‌شداری سیاسی ژنان و …هتد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ونه، ده‌نگی ڕه‌سه‌نی ژن خۆیه‌تی، زۆرینه‌ی بێده‌نگكراوه و په‌راوێزخراوه، كه ئه‌ویش نوێنه‌رایه‌تیكردنی خواسته‌كانیان و دونیابینی و ئاواته‌كانیان بۆته خه‌ونێكی دوور. هه‌روه‌ها به وه‌زیفه‌كردنی دۆزی ژنانه و له قاڵبدانێتی وه‌كو سێكته‌رێكی بازرگانی و مووچه و ده‌رامه‌ت. كۆی ئه‌م ده‌رهاویشتانه پرسی ژن ده‌خاته پشت ده‌رگا داخراوه‌كانی ڕێكخراو و هوتێله پێنج ستاره‌كان، كه تێیدا سه‌رۆكه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوانه له‌گه‌ڵ پیاوانی ده‌سه‌ڵات و ده‌ست ڕۆیشتووه‌كان به‌رژوه‌ندیان یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی باسمانكردن، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیاوبێژی و هه‌وڵدان بۆ بنه‌بڕكردنی له ئێستادا كارێكی قورسه و كارێكی زۆر و هۆشیارییه‌كی باڵا و خۆپه‌روه‌رده‌كرنی ده‌وێت به‌وه‌ی؛ ئازادبوونی ژنان له فۆرمه‌كانی توندوتیژی و ستراتیژه‌كانی بێده‌نگكردن و په‌راوێزخستن پابه‌نده به سه‌ربه‌خۆیی و هۆشمه‌ندی ژنانه‌وه، ئه‌مه‌ش خوازیاری دروستكردنی هۆشمه‌ندیه‌كی نوێ و ژنانه‌یه كه بیپه‌رژێته سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی دۆزی ژن، نه‌ك ته‌نها ڕازیبوون به كۆمه‌ڵێك پۆست و پله و باڵانسی جێنده‌ری و كۆتای ژنان له سیاسه‌تدا.
دیسێمبه‌ری ٢٠١٩
سه‌رچاوه‌كان
1- Solnit, Rebecca. (2008). Men who explain things- The Los Angeles Times.
2- Homer, & Fitzgerald, R. (1998). The Odyssey.
3- Engels, Frederick. Origins of the Family, Private Property, and the State II. The Family 4. The Monogamous Family.
4- Ovid, & Mandelbaum, A (1993). The Metamorphoses of Ovid. New York, Harcourt Brace.
5. Beard, Mary. (2018). ‘Mansplaining’ and silencing of women a problem that goes back to ancient times- The Sunday Morning Herald.