پرۆژه‌ی كانه‌بی بۆ چیرۆك

پڕۆژه‌ی كانه‌بی و نوسینی داهێنه‌رانه‌ – هه‌نگاوی چواره‌م (دایك)


Loading

پڕۆژه‌ی  كانه‌بی بۆ نوسینی چیرۆك سه‌ره‌تا بیرۆكه‌ی فاروق هۆمه‌ر بوو، له‌فه‌یسبوكه‌كه‌ی خۆی  بانگه‌شه‌ی بۆ نوسینی چیرۆك كرد به‌ڵام له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌ت. به‌مانای یه‌ك بیرۆكه، بابه‌ت، ئایدیایه‌ك ‌ باسده‌كرێت و هه‌ر یه‌كه‌  به‌سه‌لیقه‌ی خۆی چیرۆكێك  ده‌نوسێت. خۆشبه‌ختانه‌ چه‌نده‌ها چیرۆكنوس له‌چه‌نده‌ها ته‌مه‌نی جیاوازه‌وه‌ چیرۆكیان نوسی، له‌وانه‌ ئێستا شه‌ش چیرۆكیان هه‌ڵبژێردراون بۆ ژماره‌ی داهاتووی (كولتور مه‌گه‌زین  ژماره‌ ٣)  و هه‌نگاوی دووهه‌م كه‌ بابه‌تی (پڕۆژه‌ی كانه‌بی بۆ چیرۆك- په‌شێو له‌گه‌ڵماندایه‌)  چه‌ند چیرۆكێكمان لێ هه‌ڵبژاردووه‌ و ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ له‌نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌(كولتور مه‌گه‌زین ئۆنلاین) دا.  ‌

 له ‌فێربوونی زمانی ئینگلیزیدا كۆرسێكی چه‌ند ساڵه‌ هه‌یه ناوی (Creative Writing)‌ به‌مانای (نوسینی داهێنه‌رانه‌ )هه‌موو كه‌سێك ده‌یخوێنێت كاتێك بیه‌وێت ببێت به‌نوسه‌ر له‌هه‌ر بوارێكدا،  له‌بوون به‌نوسه‌ره‌وه‌ له‌بوارێكدا  بیگره‌ تاوه‌كو  خه‌ونی ئه‌وه‌ی  له‌ بواری ڕۆژنامه‌وانی و میدیا و  ڕیپۆڕتاژ نوسیندا كاربكه‌یت.  ئه‌م  پڕۆژه‌یه‌مان هاوشێوه‌یه‌كی ئۆنلاینی  ئاوه‌هایه‌.

كۆی ئه‌م كارانه‌ پابه‌ندن به‌هونه‌ری گێڕانه‌وه‌، به‌ پاكنوسی، به‌ ڕێنوس، به‌بڕگه‌سازی و خاڵبه‌ندی و هاڕمۆنیسازكردنی نه‌ّان خه‌یاڵی ناوسه‌رت و به‌رجه‌سته‌كردنی له‌زماندا. ئاوه‌ها پڕۆژه‌ی كانه‌بی بۆ چیرۆكنوسین بۆ گه‌نجه‌كان، بۆ ئه‌وانه‌ی  كه‌هێشتا ته‌مه‌ن و ئه‌زموونیان پێنه‌گه‌یشتووه‌ شوێنێكه‌ بۆ گفتوگۆ و هێنان و بردنی داهێنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كان. له‌ڕێنوسه‌وه‌ بیگره‌ تاوه‌كو گفتوگۆ له‌مه‌ڕ پاڵه‌وانی چیرۆكه‌ و شێوازی نوسین.  زیاتر له‌ پانزه‌ چیرۆكنوس به‌ جیاوازی ته‌مه‌ن و ئه‌زموون و جوگرافیای جیاوازه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌م پرۆژه‌یه‌دا به‌شدارییان كردووه‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پردێكه‌  كه‌ نه‌وه‌كانی  گێڕانه‌وه‌ی كوردی به‌یه‌كه‌وه‌  ده‌به‌ستێته‌وه‌.  به‌مه‌ش  پڕۆژه‌ی كانه‌بی  بۆته‌ په‌یمانگایه‌ك، یانه‌یه‌كی داهێنه‌رانه‌ زۆر به‌جوانی سۆسیال میدیای كوردی و تۆڕی نێتی كوردی له‌ بازاڕییته‌ی سیاسیه‌وه‌ ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ شوێنێك بۆ نوسینی چیرۆك و بۆ دروستكردنی زمانێكی ده‌ربڕینی باڵا  بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕابوردوو و ئێستا. چیرۆكه‌كان دوای تاوتوێ یان له‌ ئۆنلاین بڵاده‌بنه‌وه‌ یاخود له‌گۆڤاری چاپ و زه‌مه‌ن یار بێت پڕۆژه‌مان هه‌یه‌  وه‌ك  كه‌ڵچه‌ڕ پرۆجێكت هه‌ندێكی وه‌رگێڕینه‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی  و هه‌ندێكیشی بكه‌ین به‌كتێبی تایبه‌ت بۆ چاپ.

لێره‌وه‌ كولتور مه‌گه‌زین  ته‌نها  هاریكار و پشتگیری ئه‌م پرۆژه‌یه‌ 

لێره‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ په‌یجێكی فه‌یسبووكی كردۆته‌وه‌ به‌ناوی (چیرۆكه‌كانی كانه‌بی)  ده‌توانن له‌وێ به‌رهه‌م و گفتوگۆكان ببینین.

ئێستاش  فه‌رموون  له‌گه‌ڵ  هه‌نگاوی چواره‌م

 

كولتور مه‌گه‌زین 

 

 

هەنگاوی چوارەم

 
بابەت : گەڕان لە دووی دایک

فاروق هۆمه‌ر

 

بەدرێژایی مێژووی ئەدەبی کوردی، تاکە جێگەیێک کە دایکی تیا وێناکرابێ، تازێیە و کاری دایک لاوانەوە و گریان بووە. پەیامی دایک هەڵگرتنی وەسێتی باوکێکی شەهیدە بۆ نەوە نێرینەکانی کە هەر کاتێک گەورەبوون بیری ئەوەیان بێ کە تۆڵەیەکیان لە گەردن نراوە نابێ لە یادی بکەن. دەکرێ لێرەدا بڕوانینە شیعری (شەهید) ی  مامۆستا (گۆران) ی شاعیر کە لە ساڵی ١٩٣٢ دا و لە یادی شەشی ئەیلول دا نوسراوە. لە دوایین دێڕییا دەڵێ :

ئەگەر خوای گەورە بەخشی پێت هەتیوێ، پێی بڵێ : ڕۆڵە
لە من فرمێسکی ویست باوکت، لە تۆش داوا ئەکا تۆڵە !
لەم ڕاپەڕینانەی دواییشا لە شاری ڕانیە وێنەی دایکێکمان دی کە لەسەر گۆڕی کوڕە شەهیدەکەی دەلاوێتەوە. لاوانەوەیێک جەرگی ئینسان دەکات بە ئاو.

 

بەڵام لە پشتی ئەو وێنایەوە بۆ دایک، وێنایێکی دی هەیە کە ئەدەبی ئێمە تا ئیستا نەیگواستۆتەوە. وێنای دایکێک کە کاری ئەو گریان نەبووە، بەڵکو پەروەردەی کوڕ و کچەکانی بووە بۆ ئەوەی وەکو ئینسانێک بژین. تەنیا پرسیارێک لێرەدا هەموو ئەو ڕوانینەمان بۆ دایک هەڵدەوەشێنێتەوە. ئایا ڕێی تێدەچێت میللەتێک بەدرێژایی ژیانی شۆرشی کردبێ و هەزاران کوڕی بەجەرگ و ئازای لەو ڕێیەدا شەهید بووبێ دایك ڕۆڵی لە پەروەردەکردنیا نەبووبێ یاوەخوود دایک پێشڕەوی نەبووبێ. شارانێک پڕن لە ژنی مامۆستا، پزیشکی مامۆستا، دونیایێک ژنی میهرەبانی دی. دەیان دایکی قارەمان و ئازا و خاوەن پەیام لە گوند و شارەکانی ئێمەدا هەن، هەر یەکێک لەوانە هەڵگری چیرۆکێکن. ئەو چیرۆکانە ئەدەبی ئێمە تا ئیستا تۆماری نەکردوون و لەگەڵ تێپەڕێنی ڕۆژگاریشا کۆن دەبن و لەبیر دەچنەوە. ئەدەبی دونیا پڕن لە وێنەی دایک، لە گەورەیی و مانای بەرزی دایکایەتی. ئەدەبێک وێنای بەرزی دایکی تیا نەبێت ئەو ئەدەبە بە ئەدەبێکی ئینسانی نادرێتە قەڵەم.

پرۆژەی کانەبی بۆ نوسینی چیرۆک، لەم هەنگاوەی خۆی دا لەسەر دایک ڕادەوەستێ. دۆزینەوەی ئەو چیرۆکانەی لێرە و لەوێی گوندەکانی کوردستان، لە ڕابوردوو و ئیستای مێژووی بەرەنگاربوونەوەی کورد ئەو دایکانە لەناو تاریکایی دەهێنینە دەرێ. چیرۆکێک لەسەر دایک دەنوسین. ڕوداوەکان لەناو ئەو جێگایانەدا بنوسە کە تیابوون، لەناو گوندەکان، شارەکانی کوردستان. بۆنی دایکێکی کوردی بگاتە خوێنەری کورد.

مەرج نییە دایک تەنیا لەو جێگەیە کورت بکەینەوە کە کوڕەکەی یان کچەکەی بۆ شۆرش ئامادە دەکات. بیر لەوە بکەرەوە دایکێک خەونێکی هەیە کوڕەکەی بکاتە مۆسیکژەنێک، نیگارکێشێک، پزیشكێک …. هتد. دایكێک بە هەزار دەرد و کوێرەوەری منداڵەکانی گەورەکردوون، شوێنی دایک لە کوێی کۆمەڵگای ئێمەدایە.

هەندێک ڕێنمایی : 

لە وێنای دایکێک نزیک مەبەرەوە کە لەناو زەمینەیێکی تایبەت دا بەهۆی نەبوونی و پاڵنەرە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بۆتە دڕندە. هەر ئینسانێک چۆن دەکرێ ببێتە فریشتە ئاواش ئاساییە ببێتە ڕمۆزن. ئەو بەشە تایبەتە و دەرهاویشتەیە و لێی نزیک نابینەوە. لەبەرئەوەی هەم ئەو دایکانە کەمن و هەمیش زەمینەکەی نەزانراوە. ئەگەر هەر لە ڕووداوێکی واش دەکۆڵییەوە دەبێ ئەو زەمینەیەش ڕوون بێ کە ئەوی تیا بۆتە ڕمۆزن.

چیرۆکەکە با ڕووداوی تێدا بێت، کارەکتەرێک کە بتوانین تەماشای بکەین و ئەگەر کامێرایەکیش هەبێ بتوانین بیکەینە فیلم. واتە بیر لەوە بکەرەوە کە هەر چیرۆکێک دەکرێ لە داهاتوودا ببێ بە فیلم.
بایەخ بە زمانێکی سادە و بێ گرێ و گۆڵ بدە و هەتا دەتوانی ڕستەی کورت و مانادار بەکار بهێنە و ڕێنمایی خاڵبەندی بکە.
هەوڵ بدە چیرۆکەکەت زۆر درێژ نەبێتەوە و لەنێوان کەمتر لە ٢٠٠٠ وشەدا بن. ئەوەش سنوردانان نییە بەڵکو جۆرێکە لە ڕاهاتن بۆ دوورکەوتنەوە لەدرێژدادڕی.

 

با لێرەدا لەم چیرۆکە پەندئامێزە بڕوانین :

منداڵێکی بچکۆلە جارێک دەچێتە ناندینەکە بۆ لای دایکی، لەو کاتەدا سەرقاڵی ئامادەکردنی نانی شێوانە. منداڵەکە نامەیه‌ک دەداتە دایکی. لەو کاتەدا دایکی هەردوو دەستی بە بەروانکەکەی وشکدەکاتەوە و دەکەوێتە خوێندنەوەی نامەی منداڵەکەی کە لێی نوسراوە :
دایە لەمەودوا هەر خزمەتکردنێکی من بۆ ماڵ بەخوڕایی نابێ. هەر کارێک من دەیکەم بڕە پارەیه‌کی لێوەردەگرم.

خاوێنکردنەوەی ژوورەکەم ڕۆژانە، دوو دینار.
بازارکردن و هەر چوونەدەروەیێک بۆ نانکڕین، یەک دینار.
فڕێدانی خۆڵ، یەک دینار.
دانیشتن بەدیار منداڵ و ماڵەوە کاتێک تۆ لە ماڵەوە نیت. دوو دینار.

دایکیشی فرمێسکێک لە چاوەکانی دێنە خوارەوە و قەڵەمێک هەڵدەگرێ و لە پەراوێزی نامەکەی دا ئەوەی بۆ دەنوسێ.
بۆ هەڵگرتنی تۆ بەدرێژایی نۆ مانگ لەناو سکی خۆما، هیچت لێ وەرنەگیراوە و بەخۆڕایی بوو.
ئەو هەموو دەرد و خەم و ئازارانەی تۆ بۆ منت هێناوە، هیچت لێ وەرنەگیراوە و بەخۆڕایی بوو.
خواردن، جلوبەرگ، شۆردن و قونپاکردنەوەت، هیچت لێ وەرنەگیراوە و بەخۆڕایی بوو.
ئەو هەموو خۆشەویستی و میهرەبانییەی پێتبەخشراوە، هیچت لێوەرنەگیراوە و بەخۆڕایی بوو.

منداڵەکە باوەشی کرد بە دایکی دا و بە شەرمێکەوە لە خوارەوەی لیستەکەی خۆی ئامادەی کردبوو نووسی :
” پارەکەی هەموو دراوە ”

 

 

دواین خاڵ :

١. لێرە بەدوا کاتێکی دیاریکراو بۆ چیرۆکەکان یەک مانگ دیاری دەکەین.
٢. پرۆژەی کانەبی لێرە بەدوا ژورێکی داخراوی خۆی هەیە کە هەر کەسێک ئارەزوو دەکات بێتە ناو گروپەکەوە بەردەوام ڕێنمایی و تێبینی دەبەخشێ و وەردەگرێ. بۆ ئەو مەبەستە بەر لەوەی هەر چیرۆکێک بگاتە خوێنەر بە پرۆسەی خوێندنەوەی قوڵ و درێژخایەن دا دەڕوات.

٣. هەر چیرۆکنوسێک دەیەوێ لە پرۆژەی کانەبی هاوبەش بێ دەتوانێ پرۆژە ئاگادار بکات و بێتە ناو کارەکانییەوە. ئەگەر ناشتەوێ بێیتە ناو ئەو ژوورە داخراوەوە دەتوانی لە دەرەوە بیت و هاوبەشی بکەیت. بەڵام ئەندامێکی هەمیشەیی پرۆژە نابی.

٤. هەر چیرۆکێک دەبێ بە سیستەمی یۆنیکۆد و ۆرد نوسرابێ. ئەوەش ئاسانکاریی تەواو دەکات بۆ مامەڵەکردن بە فایلەکانەوە.

٥. من لە زۆربەی پرۆژەکان دا بۆ ماوەیێک چیرۆک نانوسم و کاتی تەواو دەبەخشم بە خزمەتکردن بەو پرۆژەیە تا لەسەر پێی خۆی دەوەستێت.

 

تێبینییەک لە ‘چیرۆکەکانی کانەبی’ یەوە:

تکایە کاتێک بابەتەکە دەنێرن، بۆ ئەم هەنگاوە ناوی فایلەکە بنێن ‘دایک – ناوی نوسەرەکە’.
کاتێک ئەو داواکاریانەی سەرەوە ڕەچاوکرابێت، لە واڵی ‘چیرۆکەکانی کانەبی’ و لە ‘کولتور مەگەزین’ بڵاودەکرێتەوە. فه‌رموون له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌  بۆی هەیە پاشتریش لە کتێبە وەرزییەکانی چیرۆکەکانی کانەبی دا بڵاوبکرێتەوە..

گەر بە فایلی ‘ۆرد’ نەینێرن بڵاوناکرێتەوە. تکایە لەڕووی خاڵبه‌ندی و هه‌ڵه‌بڕی و  ڕێنوسه‌وه‌ باش پاکنوسی بکەن.

لەگەڵ ڕێزی چیرۆکەکانی کانەبی و بە هیوای دنیایەک خەیاڵی داهێنەرانە و دواڕۆژێکی ڕوون بۆ چیرۆکی کوردی.

 

         پڕۆژەی کانەبی بۆ چیرۆكنوسین  

 زۆراب ئیسماعیل

فاروق هۆمەر