فاروق هۆمه‌ر؛ چیرۆكنوس و وه‌رگێر و شانۆكار.

پرۆژەی کانەبی بۆ دروستکردنی چیرۆك


Loading

کاتێک دەوەستین و ئاوڕێک لە باڵەخانەی چیرۆکی کوردی دەدەینەوە کتوپڕ ئەو پرسیارە ڕاماندەگرێت ئایا لەڕێی چیرۆکی کوردییەوە دەتوانین دونیای کوردی بە گرفت و خەمەکانییەوە بخوێنینەوە . چیرۆکی کوردی بۆ دەنوسرێ و بۆ کێ دەنوسرێ و بە چ زمانێک دەنوسرێت .

ئەو نیگەرانییە لە کاتێکا دەخوڵقێت کە تۆ دەتەوێت لەڕێی چیرۆکەوە کولتورێک بناسیت . ئێمە بەدرێژایی مێژوومان بە گەلێک هەوراز و نشێودا سەرکەوتوین و داگەڕاوین، خاک و ئاومان داگییرکراوە و وەکو ئینسان هەقی ژیان و هەناسەدانمان پێڕەوا نەبینراوە . گەلێک جار بەر شاڵاوی پاکتاوکردن و سڕینەوەی زمان و کولتور و مێژوومان کەوتووین . گەلێک کۆستمان دیتووە و بەبرینداری لێی هاتوینەتە دەرێ . لە خەمێک نەڕەخساوین خەمێکی دی ئێخەی پێگرتووین . ئەنفال کراوین، وەکو باران ژەهرمان بەسەرا بارێنراوە و بەرەنگاری دڵڕەقترین دوژمنەکانی خۆمان بووینەتەوە . هەزاران کوڕوکاڵی جوانمان لەو شاخ و کێوانە کوژراون و بونە خۆراکی قەل و داڵ . هەتاوەکو ئیستاش ئەو ژینە تاڵەمان لەڕێی زار و دەماودەم لە گوێی ئاگردان دەگێڕدرێنەوە و بە بارستایی قورسایی خەمەکانمان بۆمان نەکراوە ئەدەبێکی زیندووی لێ بخوڵقێنین کە بۆمان بکرێ هەم ئاییندەی خۆمان و هەم ئاییندەی جیهانی لێ ئاگادار و پێ ڕۆشن بکەینەوە .

 ئەنفال تێپەڕی و لەگەڵ خۆی هەزاران چیرۆکی بە کەساسی لێ بەجێمان و خەریکە لەناو دەچن . ژەهرباران کراین و هەموو ئەوانەی تیابوونە قوربانی خەریکە تەواو لەبیردەچنەوە. زۆرێکی نەماوە ئەو ڕەشەبای جیهانگیرییەی خەریکە هەموو دونیا لەگەڵ خۆی هەڵدەللوشێ، کوردیش لەگەڵ خۆی ببا. بەڵام چۆن لەگەڵ خۆی دەبا. میللەتێکی ڕووتکراوە لە خەم و ئازارەکانی، میللەتێکی بێ چیرۆک و بێ ڕابردوو کە تەنیا پیرەمێرد و پیرێژنەکانی زۆر بە کاڵوکرچی شتێکیان لە ڕابردووی ئەو گەلە لەبیر ماوە. ئەوە تەنیا ئەوانن بەدەم فرمێسکەوە و بەوپەڕی قەهر و ژانەوە باس لە مەرگ و کوژرانی کوڕەکانیان، مێردەکانیان، کچەکانیان دەکەن و ئەدەبێکی ئەوتۆمان بەرهەمنەهێناوە کە ئیدی بۆی بکرێ لەبری ئێمە، ئەو بڕواتە ناو جیهانەوە و شاهیدێکی زیندووی ژیان و بوونی ئێمە بێ.

 

گەلێکی وەکو جوولەکە زۆر زیرەکانە وورد و درشتی کارەساتەکانی خۆیان نوسییەوە، تەنانەت ئەرمەنەکان لە دەم و کارەساتی جینۆسایدا ئەو نامە سادانەشیان کۆکردەوە کە لەنێوان خۆیان دا بۆ زانینی هەواڵی یەکدی ئاڵوگۆڕییان پێکردووە و پاراستوویانە . لە ئەفریکاش دا بەهەمان جۆر ڕەشەبایێکی نوسین هەڵیکرد خواروژووری شەڕی براکوژی و بەرەنگاری خۆیان و گرفتەکانی ژیانی خۆیان نوسییەوە و ئەمڕۆ ئەدەبی ئەفریکی لەنێو جیهان دا بەیەکێک لە گرنگترین ئەدەبەکانی دونیا تەماشا دەکرێ . لەنێو چیرۆکی کوردی دا تاوەکو ئیستا هێڵێکی ڕۆشنی ئەوتۆی تیا نادۆزیتەوە کە بۆت بکرێ خەم و ژانی میللەتێکی تیا بناسیتەوە.

دەکرێ بپرسین کوان و لە کوێن ئەوانەی ناوی نوسەربوونیان بەخۆیانەوە هەڵگرتووە؟  بۆ کاتێک ڤیستیڤاڵ و ئاهەنگێک ڕوو دەدات بە سەدانیان لە شار و شارۆچکەکانەوە دێن و کۆدەبنەوە و هەر ئەوەندەش ڤیستیڤاڵ کۆتایی هات ئیدی کەسێک نازانێ ئەوان بۆ کوێ دەڕۆن و چییان لێ دێ ؟ ئەم کەشە ڤیستیڤاڵییە بەجۆرێک دونیای ئێمەی داپۆشیووە خەریکە هەموو ووزە و تواناکانی ئیستا و داهاتوومان دەخنکێنێ .

 

نوسەری کوردی وا فێری داوەت و پارە و دیاریی کردووە کە خەریکە کتومت دەیکاتە ئامێرێک و ئەگەر داوەت و پارە و دیاری تێفڕێ نەدرێ کار و جووڵەی لێوە نەیەت . ئێمە لێرەوە دێین و گەنجانێک لە خۆمان کۆدەکەینەوە کە وەکو کەروێشک بەردەوام بتوانن بجوڵێن و بیر بکەنەوە . حەزی مەشق و ڕاهێنان لەناو ڕۆحیاندا دەچێنین و ڕێگایێکی سادەی نوسینی نیشان دەدەین، کە دەتوانێت زۆر بەباشی ڕێگای بەردەمی بۆ ڕۆشنبکاتەوە .

پرۆژەی کانەبی، پرۆژەیێکە نەک هەر پێویستی بە پارە و بودجە و دەستگیرۆیی هیچ دەزگا و ڕێکخراو و زانکۆییەک نییە، بەڵکو پرۆژەیێکە بە هیچ جۆرێک پارەی تێناچێت. کارکردنێکی بەردەوامە لەناو خودی ئینسان خۆی و درێژەی هەیە و کۆتایی ناناسێ . ئەو دەتوانێ بە وزەی زۆر و پڕی خۆی کە لە گیان و بینین و ئامادەیی ئەو گەنجانەوە وەریدەگرێ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی کۆدەبنەوە و دەیکەینە ماڵی خۆیان، هەناسە بدات و هەناسەش بەبەری داهاتووی چیرۆکی کوردیدا بکات . ئێمە زۆر سادە لەناو جەرگەی کارکردنەوە هەنگاو دەنێین و هێواش هێواش دەست و پەنچەی خۆمان لەگەڵ مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام دا نەرم دەکەین .

کاتێک بەردی زل هەڵناگرین، خاڵیش نابین لە خەونی ڕۆشن و گەورە . بەڵام هەموو خەونێکی گەورە هەنگاوی بچکۆلە بچکۆلەی گەرەکە . ئەو هەنگاوە بچوکەشمان لەو سەرنجەوە لە دایک بوو کە پیرەمێردێک بەناوی (مام کانەبی)  لەشارۆچکەی تەقتەقەوە سەرنجی ڕاکێشاین . پیرەمێردێک تەمەنی هەفتاویەک ساڵە و ژنی نەهێناوە. بابەتێکی زۆر سادەی لەو جۆرە   ڕۆژانە لێرەولەوێ بۆ چەندینجار بەرگوێمان دەکەوێ و کەس سەرنجی لەسەر ڕاناگرێت . لەکاتێکا میدیای دەنگی و ڕەنگی لە نا-ئامادەیی نوسین دا زۆر زیرەکانە و بەوپەڕی بوێرییەوە دەچێتە ناو خەڵکەوە و ئەو هەلە دەقۆزێتەوە لە دواندنی خەمەکانیان .

ئەگەر سادە بڕوانین بەخۆمان دەڵێین؛ مام کانەبی ژنی نەهێناوە چ پەیوەندییەکی بە دونیای ئەدەب و بە ژانرەکانی ئەدەبەوە هەیە؟  بەڵام کەمێک وورتر لەو ڕووداوە بڕوانین و لە خۆمان بپرسین ئایا گرفتی ڕەبەنی و دواجار قەیرەییش لە کوێوە سەرچاوە دەگرن . ئایا ئەو جەنگە درێژخایەنانەی بەرۆکی خەڵکانی ئێمەی گرتووە سەروکارێکیان پێوەی نییە . میدیای ڕەنگی لەچاوتروکانێکدا بۆی دەکرێت پیاوێکی گۆشەگیری دوور لە دونیا بدۆزێتەوە و لەپڕێک و بەوپەڕی سادەیی بیهێنێتە ناو ماڵەکانی هەموومانەوە. ئەو میدیایە كه‌لێره‌دا  بۆ ئه‌مانه‌ت    NRT  زۆر زیرەکانە کار لەسەر ژانری چیرۆک دەکات. لە کاتێکدا ئێمەی چیرۆکنوسان بۆ خۆمان ئەو ژانرە گرنگەمان پشتگوێخستووە و لەبەرانبەر ئەو میدیایەدا دادەنیشین و بەوپەڕی بێئاگایی خۆمانەوە دەممان پان کردۆتەوە و لێی دەڕوانین.

ئیمەش لەو ڕوانگەیەوە بیرمان لەوە کردەوە دەکرێ هەمان پیاو بهێنین و لەجێی ڕاپۆرتێکی سادەی تیژتێپەڕی ته‌لفیزۆنی  دەیان چیرۆکی لەسەر بنوسین . تاقیگەیێک بۆ ووردبوونەوە لە تاقە پیاوێک کە دەکرێ لە دەیان شوێنەوە پشکنینی بۆ بکەین . من بۆ خودی خۆم کاتێک ئەو بابەتەم فڕێدایە دەرەوە دڵنیابووم لەوەی دەیان کەسی لێ کۆدەبنەوە.

ئەوە دونیای ئەدەبی ئێمەیە پێداویستی تەواوی بە کرانەوە و گەڕان و بینینی قووڵ هەیە . لەناو سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و دەزگای ئەدەبی و پەیمانگە و زانکۆدا خەریکە شتێک نامێنێ بە ناوی ئەدەبەوە و بەتایبەتیش ژانری چیرۆک . ئێمە ڕۆژانە ئەوەندەی سەرقاڵین بەباسکردنی ئەدەبەوە و ڕووکاری دەرەوەمانی پێجوان دەکەین و بەرەو (خۆنمایشکردن) دەڕۆین، ئەوەندە ناچینە ناو خودی پرۆسەی نوسین و کارکردن لەناو ئەدەب دا . لەو زەمینە ووشکەوەبووەدا هەمیشە کەسانێک هەن کە هەڵوەدای هەوای پاک و ڕۆشنایین .

 

ئێمە لەم ئەزموونەمان دا ئەو هەقیقەتەمان چەسپاند کە بەکەمترین وشە بتوانین مانا بەرهەم بهێنین .خاڵێکی دی ترسە لە نوسین. کاتێک چیرۆکنوسانی کورد لە باڵەخانەی چیرۆکی جیهانی دەڕوانن ئەژنۆییان دەشکێ. ئەو دەترسێ چیرۆک بنوسێ، چونکە وابیردەکاتەوە هەرچی بکات چیرۆکێک نانوسێ لە ئاستی چیرۆکەکانی ئەوان دا بێ. ئەوە بۆ خۆی هەم جۆرێک لە هەقیقەت و هەم بەشێکی گەورەشی لە وەهم لەگەڵ خۆی دا هەڵگرتووە. ئەو ترسە هیچ خزمەتێک بە چیرۆكنوسی کورد ناکات و تەنیا تووشی خاوبوونەوە و ئەژنۆشکانی دەکات. ئێمە چیرۆکنوسانی گەنجی کورد لەم ترسە ڕزگار دەکەین و لەڕێی مەشق و ڕاهێنانەوە گیانێکی یاخی بەبەردا دەکەین کە توانای وەستانی لەسەر دوو پێکانی خۆی هەبێ و لە داهاتووش دا بەری ئەو بوێرییە بەرهەمی گەورەی دەبێت .

 

 ئەوەی تا ئیستا لە دونیای ئێمەدا دەربارەی نووسین دەگوترێ گوایە بەهرەیە و کاری ئەو کەسانەیە کە بەهرەمەندن بێ لە درۆیێکی گەورە هیچی دی نییە. ئەوەی چاوەڕوانی مەلایکەتی ڕەحمان بکەین تاوەکو سروشمان بۆ دەهێنێتە خوارەوە تەنیا فێڵێکە نوسەران لە خۆیانی دەکەن. ئەزمونەکانی گەلانی دی لەسەروکاریان لەگەڵ ئەدەب و هونەر دا دەمێکە ئەوەیان سەلماندووە کە نوسین مەشق و ڕاهێنانە و کارێکە هەر وەکو ئاسنگەری و دارتاشی دەکرێ تیا قاڵ بی و کاری ناوازەی لێوە بهێنیتە دەرێ . ئەو بەشە لە نوسین کە نووساوە بەبیرکردنەوەوە لەڕێی ئەزموون و خوێندنەوەوە هێز وەردەگرێ گەر بۆ خۆت کەسێکی تاقیگەر و گەڕۆک نەبیت سەد فریشتەی نوسین بە هاناتاوە نایەت.

هیچ کاتێک ئامانجی ئێمە لە نوسین حەزێک نابێ بۆ بڵاوکردنەوە. یەکێک لە پەروەدەکانی ئێمە بۆ چیرۆکنووسان ئەوەیە کە بەر لەوەی بڕواتە دەرەوە هێندە لەناو مەشق و ڕاهێنان دا قاڵبووبێ کە بووبێتە چیرۆکنوسێکی بە ئەزموون و بە توانا و دونیای کوردی بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە . کاتێکیش ئەم ئەزموونە درێژە پێدەدەین هەموومان لەناو گروپێکی تاقیگەر و ئەزموونکاردا دەچینە ناو ئەشکەوتە تاریک وننەدۆزراوە و پڕ تەلیسمەکانی ژیان و مێژووی میللەتی کوردەوە و هەر یەکەمان وەکو چیرۆکنووسێکی بەتوانا بە ڕۆشنایی جیاوازەوە دێینە دەرەوە . هەر یەکەمان بەوپەڕی خۆشەویستی بۆ کارەکەمان و بۆ کاری هاوڕێکانمان سنگمان پڕ دەکەین لە گەوهەرە گرنگ و پڕ بایەخەکانی نووسین . لەناو مەشق و ڕاهێنانی بەردەوام دا ئیدی دڵنیاین بەرەو کوێ دەڕۆین و بەردەممان ڕۆشنە و لە داهاتووش زێر و مرواری ئەو زەمینە نەدۆزراوەیە لەگەڵ خۆمان دەهێنینەوە . لێرەدا لەبەر نەبوونی بواری ڕۆژنامەگەری تەواو نەکرا هەموو کارەکانی مام کانەبی بخەینە ڕوو بەڵام لە داهاتوویێکی نزیکا بۆ خۆمان بڵاوکراوەی تایبەت بە خۆمان دەبێ .

کۆتایی سوپاسی گەورەمان بۆ گۆڤاری کولتور مەگەزین (ئۆنلاین و پرنت)  کە بەدەستگیرۆیی خۆیان ئەو بوارە جوانەیان بە ئێمە بەخشی و هیوامانە نموونەیان زۆربێ .

کرێکاری ئەو پرۆژەیە : فاروق هۆمەر

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین