كێته‌ كۆڵڤیتز؛ ژنێك له‌گه‌ڵ منداڵێكی مردوودا- ١٩٠٣ Käthe Kollwitz, Woman With Dead Child, 1903

Loading

گوڵئەندام دەمەوڕوو کەوتبوو بەسەر جێگەکەدا، جلەکانی (ڕەنج)  ی توند لە باوەش گرتبوو و بۆنی دەکردن، هەستی بە بۆنێکی سارد کرد، کە لە بۆنی قوڕ و گەڵای ڕزیو دەچوو

ـ دایە

كێته‌ كۆڵڤیتز؛ ژنێك له‌گه‌ڵ منداڵێكی مردوودا- ١٩٠٣
Käthe Kollwitz, Woman With
Dead Child, 1903

بە ئاستەم چاوی بۆ هەڵهات، ژوورەکە چۆڵ بوو، کەس لەژوورەکەدا نەبوو، بیری کەوتەوە ئەو کاتەی ڕەنجیان ناشت، دنیا سارد و تەمومژاوی بوو خەریک بوو دایدەکردە باران، ئازارێک دڵی گوشی، نەیدەزانی چ کاتێکە، نەیدەزانی چەند کاژێر گریاوە، نەیدەزانی چەندە شەو ڕۆژ تێپەڕیووە.

ـ دایە

دەنگی ڕەنج بوو بانگیدەکرد، دەتگووت بەسەر سەریەوە وەستاوە و بانگی لێ دەکا، ڕاپەری و هەستایە سەرپێ، وەک شێت بە چواردەوری خۆیا ڕوانی و دەستی کوتا، نە کەسی بینی و نە دەستی بەر هیچ کەوت بۆیە بەنائومێدی خۆی دایەوە بەسەر جلەکانی(ڕه‌نج) دا.

((ئەوکاتەی کە گیان لە لەشی لاوازی ڕەنج دەرچوو تەمەنی دەساڵان بوو. باوکی خۆی هەرگیز نەدیبوو کە باوکی لەشەڕی براکوژیدا بێ سەروشوێن بوو، ئەو ساڵی تەواو نەکردبوو. گوڵئەندام، ئەژنۆی شکا،ژینی لێ تاڵ بوو، سەرەڕای گەڕان بۆ سۆراخی مێردەکەی پەروەردەکردنی ڕەنجیش کەوتە سەرشانی ، بۆ بژێوی پەیداکردن کار نەما نەیکا، هەرچەندە زۆر ماندوو دەبوو بەڵام ژیانێکی کولەمەرگی وکەمێک ئارام دەژیا، تا ئەو ڕۆژەی دکتۆر بە درکاندنی ڕاستیی نەخۆشیەکەی ڕەنج جەرگی بڕیبوو؛

ـ خانم، ئەم منداڵە زۆر ناژی، توشی شێرپەنجەی مێشک بووە …))

ـ دایە

زۆر ئاشکرا دەنگەکەی بیست، شلەیەکی تاڵ ناو دەمی تەڕکرد، سەرتاپای لەشی وەک بێژنگ کەوتە لەرزە، ویستی ڕاست بێتەوە هێزی تیادا نەبوو، ئەمجارەیان دەنگەکە وەک ئەوانی پێشتر نەبوو، کپ و هێواش بانگی دەکرد، دەنگێک بوو لەگۆڕستانەوە دەهات، دەنگی مردوو بوو، مردوەکە جەرگی بوو کە بەدەستی خۆی لە ڕۆژێکی سارد و تەماویدا ناشتبووی. دەنگێکی بەئازاربوو کە لە جگەرگۆشەکەیەوە دەهات کە بە ئازاری تیژی شێرپەنجەوە سەری نایەوە، دەنگی مردن بوو کە لەگەروی مناڵێکی دە ساڵانەوە هاواری دایکی دەکرد. دەنگی مناڵێک بوو دەترسا، دەترسا لە شەوی تاریک و ساردا، بەتەنیا لە گۆڕستان بمێنێتەوە، دەترسا، لە بێدەنگی و بێ جوڵەیی مردوەکان دەترسا. دەنگێکی غەمگین بوو دایکی بانگدەکرد تا لەباوەشی گەرمیا خەوی لێ بکەوێت. گوڵئەندام توانای گوێ گرتنی نەما ، بەپەنجەکانی گوێی خۆی گرتن، تینی دایە خۆی و هەستا، خۆی گەیاندە بەر پەنجەرەی ژورەکە و بۆ دوور زۆر دوور ڕوانی

ـ دەڵێن مێردەکەم لەلای ئێوە بەندە؟

ـ چەند جارت بۆ دووبارە بکەمەوە: دیلەکانی شەڕی براکوژی هەر هەمویان ئازادکراون وکەسیان لە بەندیخانەکاندا نەماون.

ـ ئەی مێرەکەی من، ئەی شاسوار لە کوێیە؟

ـ چوزانم، لەوانەیە هەر لە شەڕەکاندا کوژرابێت.

(تۆ دەزانی ئەوەی کوشتت چ بوو؟ کێ بوو؟)*

ـ ئەی لاشەکەی، ئەی لاشه‌کەیتان، چی لێکرد؟.

ـ لاشەکەی بەجەهەننەم. بڕۆ و سەرمان مەیەشێنە.

(تۆ دەزانی ئەوەی کوشتت، چ بوو؟ کێ بوو؟)*

 

گەڕایەوە ژوورەکە، سەرنجی شەقامەکەی ئەوبەرەوەی دا، چۆڵ و تەڕ بوو، باران خۆشی نەکردبۆوە.

ـ ئەگەر بەیانی باران خۆشی کردبۆوە چەپکێک گوڵ هەر لەو ڕەنگانەی خۆی حەزی لێی بوو دەکڕم بۆ سەر گۆڕەکەی، گوڵ، گوڵ کوا بەم زستانە؟ لەجیاتی گوڵ هەڵماتەکانی دەبەم. لەوکاتەدا کارەبا بڕا، دڵی داخورپا، ترس لێی نیشت، بیری کەوتەوە کات دەی شەوە و شەوانە لە شەشە وە بۆ نۆ کارەبایان دەدەنێ.

٢٠١٧

ته‌واو

* تۆ دەزانی ئەوەی کوشتت، چ بوو؟ کێ بوو؟ …دێرێک شیعر لە شیعری براکوژی مامۆستا عەبدوڵا پەشێو.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین