هۆزان مه‌حمود: مێینه‌بوون کورتکراوه‌ته‌وه بۆ ڕووخسار و جه‌سته و کۆمه‌ڵێک سیفاتى ناسکی و نازدارى.
ڕێزان به‌توله: میدیاکان به‌شێوه‌یه‌کى گشتى، ئه‌و فیگۆرانه دێننه سه‌ر شاشه‌کانیان که کۆمه‌ڵگه گرنگیان پێده‌دات.
ئایا میدیاى کوردى تا که‌ى ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا تێناپه‌ڕێنێت و پێ نانێته ئه‌و قۆناغه گه‌شه‌سه‌ندووه‌ى که پێویسته تێیدا بێت؟ بۆ نموونه: خانمێکى هونه‌رمه‌ند نا، به‌ڵکو به‌هره‌مه‌ند له هه‌فته‌یه‌کدا له‌چه‌ندین که‌ناڵى میدیایى ده‌رده‌که‌وێت به‌بێئه‌وه‌ى پرسیارى له‌سه‌ر به‌هره‌که‌ى یان ئه‌و بواره هونه‌ریه لێبکرێت که کارى تێدا ده‌کات، به‌ڵکو زیاتر پرسیار له‌سه‌ر شێوه‌ى ده‌موچاوى، ستایلى قژ و جلوبه‌رگه‌که‌ى و هتد … لێده‌کرێت؟ له‌کاتێکدا ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه ده‌بنه تۆپ له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و چه‌ندین ڕۆژ ده‌بنه باسى گه‌رمى ڕۆژ؟ ئایا هۆکارى ئه‌م شێوازه له‌میدیاى ناپرۆفیشناڵ بۆ چى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ هۆکاره‌که‌ى ناهۆشیارى به‌شێکى زۆرى کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌یه که بینه‌رى سه‌رسه‌ختى ئه‌و پرۆگرامه ناپرۆفیشناڵانه‌ن، یاخود بێباکى میدیایه به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م تاکه‌کانى ئه‌م وڵاته و به‌تایبه‌تیش ژنان؟ بۆچى له ئێستادا میدیاى کوردى به‌رده‌وام ژنه هونه‌رمه‌ند و مۆدێله‌کان بانگ ده‌کات بۆ به‌رنامه‌کان و شاشه‌یان بۆ ته‌رخان ده‌کات، له‌کاتێکدا به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینرێت ژنه چالاکوانه ڕاسته‌قینه‌کان له‌به‌رنامه‌یه‌کى پرۆفیشناڵى تایبه‌ت به پرسه‌کانى ژنان ده‌ربکه‌ون؟ زۆرکات هه‌ندێک ژن به‌ناوى چالاک له‌بواره‌کانى ژنان له پرسه تایبه‌ته‌کانى ژنان میواندارى ده‌کرێن و په‌خشى ڕاسته‌وخۆیان بۆ ته‌رخان ده‌کرێت، ده‌بینین له قسه‌کانیاندا هێنده زیان به ژنان ده‌گه‌یه‌نن، نیوهێنده سوودى پێناگه‌یه‌نن؟ ئایا هۆکارى سه‌رجه‌م ئه‌م گرفتانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ غیابى مه‌عریفى میدیاى کوردی، یان غیابى مه‌عریفى ژنى کورد و تاکى کوردی؟ ئایا فیگورى ژن به‌و ڕاده‌یه پۆرنۆییه، که ببێته جێى مه‌ترسی، واتا گه‌یشتووه‌ته ئاستێک که چاره‌سه‌رکردن یان هۆشیارکردنه‌وه‌ى تاکه‌کان له‌م بواره‌دا کارێکى سه‌خت بێت، ئایا چاره‌سه‌ر چییه؟ ئه‌رکى ژنه چالاکوانه‌کانى بوارى ژنان، ژنه نووسه‌ر و ڕۆشنبیره‌کان له‌م نێوه‌نده‌دا، چییه؟ ئایا به‌رهه‌مى ئه‌و هه‌وڵ و تێکۆشانه‌ى ژنان له ساڵانى ڕابردوودا بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژی و جیاکارى ڕه‌گه‌زى و هۆشیارکردنه‌وه‌ى ژنان، ئه‌وه‌بوو که ئه‌م نه‌وه نوێیه ته‌نیا ئاشنا بێت به سه‌رجه‌م ورده‌کارییه‌کانى ژیان و جه‌سته و جلوبه‌رگى کچه هونه‌رمه‌ندان‌و بێژه‌ران و هتد …؟ خاتوو (هۆزان مه‌حمود) و خاتوو (ڕێزان به‌توله فاتیمه)، وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه و چه‌ند پرسیاری دیکه‌ى تایبه‌ت ئه‌ده‌نه‌وه:
سه‌ره‌تا خاتوو هۆزان مه‌حمود ده‌ڵێت: “میدیاى کوردى وه‌ک هه‌ر میدیایه‌کى تر‌ى دونیا، پیاوانه‌یه و له‌لایه‌ن پیاوه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت. ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاش ئه‌نجامى ئه‌و دونیابینییه پیاوانه‌یه‌یه، که ژنى کورت کردۆته‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک ئۆرگانى سێسکى و هه‌واڵى وروژێنه‌ر و جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر جوانى و سێکسى-بوون. ئه‌مه سیمایه‌کى سه‌ره‌کى ئێستاى میدیاى دونیایه، بێگومان میدیاى کوردیش که هه‌ر زۆر دێمیانه هاتۆته بوون له‌وه باشترى لێ چاوه‌ڕوان ناکرێت. میدیایه‌ک که زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى کارى تیاده‌که‌ن به سه‌رنووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانیانه‌وه خاوه‌نى نزمترین پله‌ى خوێندنن و که‌مترین شاره‌زاییان هه‌یه له‌وبواره‌دا. مه‌زاج و حه‌زى که‌سى و دژایه‌تى سیاسى یه‌کتر و لایه‌نگرى ئه‌م سه‌رکرده و ئه‌م حیزب و ئه‌و که‌سه‌یاتى باڵى کێشاوه به‌سه‌ر کۆى میدیاى کوردی‌دا. زۆرێک له‌پڕۆگرامه‌کان و هه‌واڵ و فیلم و دراماکان به‌ده‌رنین له‌م لا‌یه‌نگیرى و سه‌نگه‌رگرتنه له یه‌کتری. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه و تایبه‌ت به پرسى ژن و پێگه‌یه‌تى له‌کۆمه‌ڵگه کورتکراوه‌ته‌وه بۆ چه‌ند به‌رنامه‌یه‌کى سه‌قه‌ت و بێ بنه‌ما‌و بێ ئامانج. له خراپترین حاڵه‌تیشدا ئه‌وه‌ى که به شێوه‌یه‌کى گشتى مێینه‌بوون کورتکراوه‌ته‌وه بۆ ڕووخسار و جه‌سته و کۆمه‌ڵێک سیفاتى ناسکی و نازدارى و جوانی. کێشه‌که له‌وه‌دایه که خانمان خاوه‌نى هۆشیاریه‌کى ژنانه‌ى پشتبه‌ستوو نین به فیکر و دونیابینى ژنانه هه‌ربۆیه‌ش ده‌بنه نێچیرى ئه‌و جۆره به‌رنامه و وێناکردنه ناشرینه، که له‌بنه‌ڕه‌تدا ئیهانه‌یه به خۆیان. له‌کۆتاییشدا میدیاى نه‌فام، خوێنه‌رى نه‌فام دروست ده‌کات، ڤه‌لگه‌ریزم/ بازاڕیه‌ت له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تى و ماڵپه‌ڕه‌کاندا له لوتکه‌دایه. ته‌نها سه‌یرى ئه‌و کۆمێنتانه بکه که له‌سه‌ر هه‌واڵێک یان ڤیدیۆیه‌کى ماڵپه‌ره‌کان دانراوه، ئاستى ئه‌و جۆره له خوێنه‌ر و ته‌ماشاکارى کوردیت بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که به‌داخه‌وه به‌رهه‌مى خودى ئه‌م میدیا زه‌به‌لاحانه‌ى ئێستاى کوردستانن”.
هۆزان مه‌حمود پێیوایه: “به‌شێکى زۆرى میدیاکان به‌رهه‌مى ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ن که سه‌رتاپاى کوردستانى ته‌نیوه. کوردستان ته‌نانه‌ت وڵاتیش نییه، ژماره‌ى دانیشتوانى پێنج ملیۆنى تێپه‌ڕنه‌کردوه، به‌ڵام ده‌یان که‌ناڵى تیڤى و ڕادیۆ و ڕۆژنامه و گۆڤارى هه‌یه که هه‌موویان له‌یه‌ک ده‌چن، یه‌ک ئاڕاسته‌ى بیرکردنه‌وه و هه‌ڵقوڵاوى نێرسالارى، ڕق و گه‌نده‌ڵین. له به‌ریتانیا که وڵاتێکى زه‌به‌لاحى دونیایه، ژماره‌ى دانیشتوانى ده ئه‌وه‌نده‌ى کوردستان زیاتره، به‌ڵام نیو ئه‌وه‌نده‌ى کوردستان داموده‌زگاى میدیایى نییه. که‌واته خه‌ڵک له‌نێو ئه‌م هه‌موو په‌یامه ناشرین و به‌رنامه‌ى بێکه‌ڵک و هه‌واڵى چه‌واشه‌کار و دراماى پڕ له توندوتیژى و دژه‌ژنه‌دا چى فێربێت؟ بێگومان هیچ شتێک مه‌حاڵ نییه و ده‌کرێ ئه‌م هه‌ژموونه ناشرینه‌ى میدیاکان بوه‌ستێنرێت له ڕێگه‌ى دروستکردنى هۆشیاریه‌وه. بۆ نموونه بانگه‌واز بۆ بایکۆتکردنیان و خه‌ڵک هاندان بۆئه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕن به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌رنامانه‌ى که توندوتیژى دژى ژن ڕه‌وایه‌ت پێده‌ده‌ن و وێناى ژنى کوردىان شێواندووه. ئه‌مه‌ش هۆشیاریه‌کى جددى فێمینیستى ده‌وێت که به‌داخه‌وه له کوردستاندا هێشتا لاوازه. به‌ڵام گرنگه کارى له‌سه‌ر بکرێت”.
به‌بۆچوونى هۆزان مه‌حمود: “ئه‌وه جۆرێکه له سیاسه‌ت که میدیاکان و حیزبه‌کان و زۆرێک له داموده‌زگاکان په‌یڕه‌وى ده‌که‌ن، که ژنانێک بکه‌نه ده‌مڕاست که له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ى دژه‌ژنى و نێرسالارى بن. ئه‌مجۆره له ژن سوودى زۆرتره بۆیان و بێزه‌ره‌ره بۆ سیستمى پیاوسالاری. ژنێک که خاوه‌نى هۆشیارى و دونیابینى خۆى بێت، بزانێت بۆ چالاکى ده‌کات، بۆ ده‌نوسێت و بۆ به‌گژ کۆى سیستمى جیاکارى ڕه‌گه‌زى و چه‌وسانه‌وه‌ى ژناندا ده‌چێته‌وه، به ئاسانى جێگاى نابێته‌وه له‌و فه‌زایه‌دا. ته‌نانه‌ت له‌ناو ئه‌و ژنانه‌شدا که له‌مه‌یدانه‌که‌دان و به‌رده‌وام له تیڤیه‌کانه‌وه باسى ژن ده‌که‌ن، به‌بێئه‌وه‌ى له ڕاستیدا باسى ژن بکه‌ن، به‌ڵکو بۆ چه‌واشه‌کارى و شێواندنى دۆزه‌که له‌وێدان. له‌م ڕێگه‌یه‌وه میدیاکان دووجار زه‌ره‌ر له‌دۆزى ژنان ده‌ده‌ن، یه‌که‌م به‌وه‌ى که‌سانێک ده‌که‌نه ده‌مڕاستى دۆزى ژن، که خۆى له بنه‌ڕه‌تدا پێویستى به‌وه‌یه له ڕووى مه‌عریفیه‌وه خۆى پێبگه‌یه‌نێت. به‌مه‌ش به خه‌ڵکى نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌وه‌تا دۆزى ژن ئه‌مانه سه‌رده‌سته‌کانن … دووهه‌م له‌م ڕێگه‌یه‌وه میدیاکان هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌نگه بوێر و جددى و خاوه‌ن دونیابینى و هۆشمه‌نده‌کان بشارنه‌وه”.
هۆزان مه‌حمود ده‌شڵێت: “بێگومان ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه. ئه‌وانه‌ى له‌و بواره‌دا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن و کارده‌که‌ن ئه‌جێندا و سیاسه‌تى ئه‌و داموده‌زگایه ئه‌وان دایده‌ڕێژن. ئه‌مه‌ش ئاشکرایه که ئه‌وانه به‌رپرسیارن له دروستکردنى خوێنه‌ر و بیسه‌ر و ته‌ماشاکارى بێ کولتور، جنێوفرۆش و ڤه‌ڵگه‌ر. له‌لایه‌کى تره‌وه لاوازى گوتارى ڕێکخراوه‌کان و چالاکى ژنان به‌رامبه‌ر به‌م هێرشه‌ى میدیاکان وایکردووه ژنان له کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌و وێناکردنه‌ى تیڤیه‌کان به ئاسایى وه‌ربگرن. گه‌ر ئێمه خاوه‌نى بزووتنه‌وه‌یه‌کى فێمینیستى میلیتانت بووینایه، که به‌رده‌وام له دژى ئه‌م داموده‌زگایانه کارى فیکری، کولتوری، سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى بکردایه ئێستا ئاوها به‌ئاسانى ئه‌و هه‌موو کێشه‌یه به‌سه‌ر خه‌ڵکدا تێنه‌ده‌په‌ڕی. له نه‌بوونى فیکر، مه‌عریفه و هۆشمه‌ندى ژنانه میدیاکان به ئاشکرا و به‌بێ سڵه‌مینه‌وه کۆمه‌ڵگه ئاڕاسته ده‌که‌ن و بیرى دژه‌ژنى په‌ره‌پێده‌ده‌ن”.
هۆزان مه‌حمود ڕاى وایه: “ئه‌مه کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌یه له کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا. به ده‌یان و سه‌دان کلینیکى نه‌شته‌رگه‌رى جوانکارى هه‌یه که ته‌نانه‌ت له‌ڕووى چۆنێتى و ته‌ندروستییه‌وه له ئاستێکى نزمدان. زۆرجار ژنان دووچارى کێشه‌ى ته‌ندروستى بوونه‌ته‌وه دواى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کان. یه‌کێک له کێشه سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه‌یه که ئه‌مه بۆته مۆدێل و کچانى گه‌نج به‌تایبه‌ت ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ریه‌وه. بۆتۆکس و فیله‌ر و نه‌شته‌رگه‌رى لوت و زۆر شوێنى تر‌ى جه‌سته‌ى ژن، زۆر له جاران زیاتر به‌دى ده‌کرێت. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ڕه‌وایه‌ته‌ى به‌مه ده‌درێت له‌ژێر ناوى جوانبوون، سێکسىبوون و گه‌نج-مانه‌وه‌دا. ئه‌مه به‌شێکه له به‌رخۆریى کۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌داره‌کان، که ژنان کورت بکرێنه‌وه بۆ ئۆرگانى جه‌سته و به‌رده‌وام دڵه‌ڕواکێیى جوانبوون و گه‌نج مانه‌وه‌یان هه‌بێت. هه‌موو ئه‌مانه په‌یوه‌سته به سه‌رمایه‌وه، کۆى ئه‌و ده‌رمان و کلینیک و پرۆده‌کتانه سه‌رمایه/قازانج دروست ده‌کات. بۆ ئه‌مه‌ش میدیاکان وه‌ک مه‌کینه‌ى ڕیکلامکردن به‌رده‌وام ئه‌و ژنانه نمایش ده‌که‌ن له پرۆگرامه‌کانیاندا که کۆیله‌ى ئه‌م به‌رخۆریى و کولتورى پۆڕنۆیه‌ن. کێشه‌ى سه‌ره‌کى ئه‌وه‌یه که خودى به‌شێک له‌ژنانى نووسه‌ر و چالاکوانیش ئه‌و هۆشیاریه‌یان نییه و خۆیشیان هه‌ڵگرى ئه‌م ده‌موچاوه پڕ له‌بۆتۆکس و فیله‌ره‌ن”.
هۆزان مه‌حمود له‌کۆتاییدا ده‌ڵێت: “من پێموابێت هه‌وڵى زۆر دراوه له‌سه‌ر پرسى ژن، به‌شێکى کاریگه‌رى داناوه و کۆمه‌ڵێک پرس بوێرانه‌تر له‌جاران دیبه‌یت ده‌کرێت و هه‌ندێک یاسا گۆڕاون. به‌ڵام ئه‌مه نه‌بۆته هۆى دروستکردنى هۆشیاریه‌کى گشتى که کۆمه‌ڵگه یان گرووپى جیاوازى بێنه‌ده‌نگ و له‌سه‌ر زۆرێک له پرسه‌کان شیکارى بکه‌ن و ڕێگه‌چاره‌ى گونجاو بدۆزنه‌وه. خودى کارى ڕێکخراوه‌کانى ژنان یان چالاکانى ژنان پڕ له‌که‌م‌وکووڕى‌و ته‌سکبینى بووه، له‌ڕووى تیۆرى‌و فیکریه‌وه هه‌ژارن. ئه‌مه‌ش وایکردوه بزوتنه‌وه‌یه‌کى ژنان که ئایدیاڵ و خواست و دونیابینیه‌که‌ى لاواز بێت و نه‌توانێت ژماره‌یه‌کى زۆر له خه‌ڵک بهێنێته ده‌نگ. له غیابى فیکر‌و هۆشمه‌ندى فێمینیستى و دونیابینیه‌ک که ژنان هانبدات بۆ سه‌ربه‌خۆبوون و باوه‌ڕبه‌خۆبوون، که‌سانى وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێکراوه، ده‌کرێنه ڕۆڵ مۆدێل و کچانى گه‌نج چاو له‌وان ده‌که‌ن”.
ڕێزان به‌توله فاتیمه له‌ژێر ناونیشانى (فیگوره مێدیاتیزه‌ییه‌کان له‌نێو ڕه‌خنه‌ى کولتورى پیاوسالارى و فێمنیسته‌کاندا) به‌مجۆره وه‌ڵامى پرسیاره‌کان ئه‌داته‌وه:
ڕێزان به‌توله پێیوایه: “وێنه‌ى ژن له‌نێو میدیا و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ته بابه‌تى سه‌ره‌کى له‌نێو به‌شێکى زۆر له ژنان، به‌تایبه‌ت جوانى ڕواڵه‌ت و ستایلى جل‌وبه‌رگ و نه‌شته‌رگه‌ریه‌کانى جوانکاری، جا به ڕه‌خنه‌گرتن بێت یان به بوون به به‌شێک له‌و فه‌زایه. ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه بێت بۆچى ژن یان وێنه‌ى جه‌سته‌ى ژن له‌نێو شاشه‌کاندا هه‌ژموونى وه‌رگرتووه له‌نێو کۆى چالاکیه‌کانى تر‌ى ژناندا؟ بۆچى به‌شێکى زۆرى میدیاکار و پێشکه‌شکاره‌کان تیشکده‌خه‌نه سه‌ر بابه‌ته ڕواڵه‌تییه‌کانى جه‌سته‌ى ژنان؟ بۆچى تێرمى فیگوره پۆڕنۆییه‌کان لکێندراون به به‌شێک له ژنه میدیاکار و هونه‌رمه‌نده‌کان و تۆپ مۆدیله‌کانى نێو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان؟ چونکه زۆر به سانایى میدیا خۆى به‌و بابه‌تانه‌وه سه‌رقاڵ ده‌کات، که په‌بڵیک گرنگى پێده‌دات. کام په‌بڵیکه؟ کێن سه‌یرى ئه‌و به‌رنامانه ده‌که‌ن، که تیشک ده‌خه‌نه سه‌ر ژنه میدیاتیزه‌ییه‌کان؟ گه‌ر به وردى سه‌یرى ڤیدیۆ و وێنه‌کانى ئه‌و ژنانه بکه‌یت به هه‌زاره‌ها سه‌یرکه‌ر و فۆڵۆوه‌ریان هه‌یه، به‌شێکى به‌رفراوانى کۆمه‌ڵگه تینووى له‌مجۆره بابه‌تانه‌ن”.
ڕێزان به‌توله ده‌شڵێت: “که‌واته ده‌کرێت بڵێین بۆچى زۆرینه‌ى گه‌نجان و تاکى کوردى گرنگى به‌م بابه‌ته لاوه‌کى و ته‌رفیهیانه ده‌ده‌ن له‌باتى بابه‌ته بنچینه‌یی و سه‌ره‌کیه‌کان، که تاکى پێ بونیاد ده‌نرێت؟ که ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌ییه‌کان، که کار بۆ دروستکردنى تاکێکى مشه‌خۆر و به‌رکارهێنه‌ر ده‌که‌ن، ئه‌م تاکه هیچى بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه پێوه‌ى خه‌ریک بێت، یاخود هیچ فه‌زایه‌کى به‌رهه‌مهێنان و خۆ بونیادنان نییه تێیدا خۆى پێوه سه‌رقاڵ بکات، هه‌ربۆیه ئه‌م تاکه ته‌نها بابه‌ته ته‌رفیهى و چێژبه‌خشه‌کانى هه‌یه پێوه‌ى سه‌رقاڵ بێت. هه‌ربۆیه میدیاکان، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ئه‌و فیگۆرانه دێننه سه‌ر شاشه‌کانیان که کۆمه‌ڵگه گرنگیان پێده‌دات، یان کار و ئاکتیڤیتیه‌کانى ئه‌و فیگوره بووه‌ته سه‌ردێڕى گفتوگۆ و دیبه‌یتى نێو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئایا دروستبوونى ئه‌م فیگۆره له ژن سوود به پرسى ژنان ده‌گه‌یه‌نێت؟ که به‌شێک له‌چالاکوانى ژنان به فیگورى پۆڕنۆیى ناویان ده‌به‌ن و به‌شێکى تر له‌کۆمه‌ڵگه به‌ژنى ئازاد ناویان ده‌بات و به‌شێکى تر به به‌ربه‌ره‌ڵ ا‌و سه‌رلێشێواو ناویان ده‌به‌ن، جگه له‌و ناو‌وناتۆرانه‌ى که له که‌رامه‌تى تاک که‌مده‌کاته‌وه ده‌خرێته پاڵیان. مه‌به‌ست له‌م فیگورانه کێیه؟ گه‌ر ورد بینه‌وه ده‌بینین به هه‌ر ژنێکى کوردى که وێنه و ڤیدیۆ‌ى خۆى بڵاوبکاته‌وه به شێوه‌یه‌کى سێکسى ئه‌وا ئه‌م نازناوانه شمولى ده‌کات، که بریتین له به‌شێک له‌ژنه هونه‌رمه‌نده گۆرانیبێژه‌کان و پێشکه‌شکاره ژن و تۆپ مۆدێله ژنه‌کانى نێو تۆڕه‌کان و شاجوان و کاندیده‌کانى و ئاکتیڤیستى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانن. ئه‌م گشتاندنه به‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌دا که له بوارى جیاوازدا کارده‌که‌ن دووباره به‌شێکه له‌و گشتاندنانه‌ى، که هه‌ر گرووپ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌یکات به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵه که‌س و ڕه‌گه‌زێک له‌پێناو ده‌سته‌مۆکردنیاندا”.
به‌بۆچوونى ڕێزان به‌توله: “خاڵى هاوبه‌شى ئه‌م فیگۆرانه ئه‌وه‌یه که ژنن، ڕواڵه‌تییه‌ن جوانن، وێنه و ڤیدیۆ‌ى وروژێنه‌ریان هه‌یه یان له‌نێو وێنه و ڤیدیۆیه‌کاندا، پۆشاکى نیمچه‌ڕووتیان له‌به‌ردایه، به بێئه‌وه‌ى بیر له کۆنتێکستى وێنه یان ڤیدیۆیه‌که‌یان بکرێته‌وه. فیگورێکى وه‌ک (هێلان عه‌بدوڵا)، ناسراو به (هێڵى له‌ڤ)، سه‌ماکار و گۆرانیبێژ و ئاکته‌رێکى ئینتێرناشناڵه، ده‌گشتێنرێت له‌گه‌ڵ شاجوانێک که ده‌موچاوى کردۆته قوربانى دۆگم و داواکاریه‌کانى کۆمه‌ڵگه هه‌تاوه‌کو فیگۆرێکى جوانى هه‌بێت، یان پێشکه‌شکارێک که ئه‌وه‌نده‌ى باسى ئه‌ندامه‌کانى جه‌سته‌ى ده‌کرێ، ئه‌وه‌نده باسى ئه‌داى بێژه‌ریه‌که‌ى ناکرێ. گشتاندنى ئه‌م ژنانه له‌ژێر یه‌ک ناودا کاریگه‌رى نه‌رێنى زۆر ده‌بێت بۆ خودى تاکه‌کان و پرسى ژنانیش. کێشه‌که لێره‌دا ئه‌وه نییه که هه‌بوونى ئه‌م فیگورانه یان ئه‌و به‌رنامانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م فیگورانه ده‌کرێت کارێکى نه‌گونجاوه یان هه‌بوونى مسس کوردستان و به‌رنامه له‌سه‌ر کاندیده‌کانى شاجوان کاریگه‌رى نه‌رێنى ده‌بێت بۆ پرسى ژنان، به‌ڵکو هه‌بوونى ئه‌مجۆره چالاکیانه له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ئیمه‌یجێکى باش ده‌به‌خشێته پێگه‌ى ژنان و ڕاده‌ى ئازادیان، به‌ڵام ئه‌مه له کاتێکدا ڕاسته که که‌مینه‌یه‌ک له‌تاک به‌م بابه‌تانه‌وه خه‌ریک بێت نه‌وه‌ک زۆرینه. به واتایه‌کى تر گه‌ر به‌شێک له‌گه‌نجان و ژنانى کۆمه‌ڵگه به‌م بابه‌تانه‌وه خه‌ریک بن ده‌چێته قاڵبى ئازادى تاکه‌که‌سى، به‌ڵام گه‌ر زۆرینه‌ى ژنان و کچانى زانکۆ و په‌یمانگاکان و خوێندنگه‌کان کێشه‌ى سه‌ره‌کیان ڕواڵه‌ت و ماکیاژ و چواندنى جه‌سته‌یان بێت به پۆڕنۆستاره‌کان و له‌به‌رامبه‌ردا هیچ به‌رهه‌مێکى تریان نه‌بێت و هیچ سه‌رقاڵیه‌کى تریان نه‌بێت بۆ بونیادنانى که‌سییان ئه‌وا وه‌ک مه‌ترسییه‌ک و کێشه‌یه‌ک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که ده‌کرێت”.
ڕێزان به‌توله له کۆتاییدا ده‌ڵێت: “له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه وه‌ک کێشه‌یه‌ک ده‌ستنیشان ده‌کرێت له‌لایه‌ن زۆرێک له چالاکوانه فێمینیسته‌کان، به‌ڵام کاریگه‌رى ئه‌وتۆى نییه، چونکه ده‌چێته به‌رى ڕه‌خنه‌ى تاکه کولتورى و پیاوسالاره‌کان و پیاوه ئاینیه‌کانه‌وه. له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌م فیگوره له ژنان ده‌که‌ونه نێوان دووجۆر له ڕه‌خنه، له‌لا‌یه‌ک چالاکوانه فێمینیسته‌کان که به‌رپه‌رچى ئه‌وه ده‌ده‌نه‌وه ئازادى ژنان ته‌نها له ڕواڵه‌ت و وێنه‌ى جه‌سته‌دا کورت بکرێته‌وه، پێیانوایه سه‌رقاڵبوونى به‌شێک له ژنان به دروستکردنى جه‌سته‌یه‌کى پۆڕنۆیى کاریگه‌رى نه‌رێنى دروست ده‌کات له دروستبوونى تاکێکى بکه‌ر(سوژه). له‌لایه‌کى تر سیسته‌مى پیاوسالار و پیاوه ئایینیه‌کانى نێو کۆمه‌ڵگه، که ده‌رکه‌وتنى ئه‌مجۆره له ژن به به‌ربه‌ڕه‌ڵایى و زیاده‌ڕه‌وى ئازادى ژنان ده‌بینن. هه‌ربۆیه ڕه‌خنه‌گرتنى به‌شێک له فێمینیسته‌کان به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت، به‌ڵکو وه‌ک ڕێگرى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، چونکه تێگه‌یشتن له ڕه‌خنه و جیاکردنه‌وه‌ى تێگه‌یه‌کى مه‌عریفى ده‌وێ، که له‌لاى ئه‌م جیله نوێیه نامۆیه. ده‌کرێت بپرسین ئایا بۆچى هه‌وڵ و تێکۆشانى ژنه چالاک و فێمینیست و نووسه‌ره ژنه‌کانى کورد به‌درێژایى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابوردوو ده‌بێت به‌رهه‌مه‌که‌ى ئه‌م جیله پۆرنستاره بێت؟ ئایا میدیا و ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌بردن و په‌روه‌رده و دامه‌زراوه‌کان دروستکه‌رى ئه‌م بارودۆخه‌ن؟ یان کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى تر ئه‌وه‌ى لێى قه‌ده‌غه ده‌کرێیت گرنگى پێده‌دات؟ دروستبوونى تاکى هۆشیار به قازانجى ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌بردن له هه‌رێمى کوردستان ناشکێته‌وه، هه‌ربۆیه گه‌وجاندنى تاک و ئالوده‌بوونى تاک به بابه‌ته لاوه‌کییه‌کانه‌وه به‌رده‌وامى ده‌دات به‌و بارودۆخه سیاسیه‌ى له‌کوردستان هه‌یه”.