ئینگمار بێركمان

ئینگمار بێرگمان لە پرۆسەی نوسینێکی گەمەئامێزەوە بۆ فیلم


Loading

نوسه‌رو ڕیژیسۆری سوێدی ئینگمار بێرگمان ١٩١٨-٢٠٠٧ هەمیشە دیدێکی گەمەئامێز و داهێنەرانەی بۆ پرۆسەی نوسین هەبووە و نوسینەکانی چەندان مەودای گرینگ و دەوڵەمەند لەخۆ دەگرن؛ بێرگمان تەنها نووسەری سیناریۆی فیلمەکانی خۆی نەبووە، بەڵکوو دەقی شانۆیی، ڕۆمان، یاداشتنامە، بیرەوەری… هتد نوسیوە.

بەشێکی تایبەت لە دەزگای سینەمای سوێدی، ئەرشیفی بێرگمان-یان پاراستووە و بە شێوەیەکی وەهایش ڕێکخراوە، کە بۆ لێکۆڵەرەوان و پسپۆرانی بواری سینەما و شانۆ، بە ئاسانی لە بەردەست دابن. لەم ئەرشیفەدا، نامە، سیناریۆی فیلمەکانی لە ساڵانی ١٩٣٠ەوە بۆ ٢٠٠٠، یادەوەری، دەستنووس، بەڵگە، یاداشتنامە، وێنە و دۆکیومێنتەکانی تیا کۆکراونەتەوە.

“ئاننا- سۆفیا ڕۆسنهۆڵم”، کە پسپۆرێکی بواری سینەما و تیۆری فیلمسازی و ئێستاتیکای فیلمە، لە دەستنووسی خۆئامادەکردنی فیلمەکان، سیناریۆ و دەقی فیلمەکانی کۆڵیوەتەوە و ئەو مەودا دوور/نزیک و کێشەیەی خستونەتە ڕوو، کە لەنێوان پرۆسەی نوسین و وێنە و بە فیلمکردنی دەستنووسەکاندا، هەن. بۆ ئەم مەبەستە گەڕاوەتەوە بۆ سەر دەستنووسەکانی بێرگمان و لە سەرەتای لە دایکبوونی بیرۆکە و ڕەشنووسەکانەوە، تا تەواوکردنی فیلمەکان، بە ووردی کاری له‌سه‌ر کردوون.

پرۆسەی نوسین لای بێرگمان گەمەیەکی دەوڵەمەندی هەمەلایەن بووە، بۆ نموونە جۆرە گەمەیەک لەگەڵ شووناسی (من)ی نووسەر، هەروەها ناوەڕۆک و کەسایەتی فیلمەکاندا دەکات. بە شێوەیەکی گشتی نامە و کتێب و فیلمەکانی بێرگمان، سرووشتێکی گەمەئامێز لەخۆ ناگرن، بە پێچەوانەوە لە فیلمەکانیدا دڵەڕاوکێ و ڕەشبینی و قەیرانی دەروونی و کێشەی شووناس و پێوەندییەکانی تاک بە کۆمەڵ، دەسەڵات و دینەوە چر دەبنەوە. لەبەر ئەوە ئەم کتێبە جێگای سەرنجە، کە مەسەلەی گەمە لای بێرگمان دەوروژێنیت.

نووسەری ئەم کتێبە هەوڵی داوە، ئەو رۆحی گەمەیە لە یاداشتەکانی بێرگمان، هەروەها لە ئەنجامی کۆتایی سیناریۆی فیلمەکانیدا، بە تایبەتی دروستکردنی کارەکتەرەکان، پێوەندییەکانی نێوانییان، تەکنیکی گێڕانەوە و (من)ی نووسەر، هاوکات به‌راوردکردنی ئەم مەسەلانە لەنێوان واقیع و فەنتازیا دا، کە زۆرجار تێکەڵاوی یەکتر دەبن، یان لێک جیا دەبنەوە و دەبنە تەواوکەری یەکتر، بدۆزێتەوە.

“ڕۆسنهۆڵم” بۆ نوسین و لێکۆڵینەوەکەی، لە یەکەم هەنگاوەوە تا دەگاتە پێشاندانی فیلمەکان، گەڕاوەتەوە بۆ سەر یاداشت و دەفتەری تۆمارکردنی تێبینی و خۆئامادەکردنەکانی بێرگمان و بە دۆکیومێنت کردنی پرۆژەکان، لە لایەن بێرگمان خۆیەوە.

دەفتەری تۆمارکردنی تێبینی و خۆئامادەکردن، لەو جۆرە تێکستانەنین، کە بۆ چاپکردن و بڵاو کردنەوە نووسرابن، بەڵکوو زیاتر ئامڕازێک و کەرەستەیەک بوون بە دەست نووسەرەوە، بۆ گەڕان بە دوای چیرۆکەکەیدا، بۆ نموونە هەندێک جار دیالۆگێک لەنێوان “خۆی” و دەنگێکدا دەنووسێت، کە وەک فۆرمێک و لە هەمان کاتدا مەشقێک بەکاریهێناوە. ئەم جۆرە مەشقەیش بیرکردنەوەیە بە قەڵەمەکەی دەستی و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دروستکردن و نزیکبوونه‌وه‌ لە کارەکتەرەکانی.

دەنگ: تۆ دەتەوێت ئێمە “گەمە بکەین و خەیاڵمان بکەینەوە”.

بێرگمان: ئێمە هەمیشە دەتوانین هەوڵێکی بۆ بدەین.

دەنگ: ئەوە تۆ گوتت: گەمەکردن و خه‌یاڵکردنه‌وه‌.

بێرگمان: شتێکی چاکە. تۆ بوونت نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا تۆ هەیت.

دەنگ: ئەگەر ئێمە بەم شتە دڵمان خۆش بێت، دەبێت تۆ پێناسەیەک بۆ من بکەیت. بە شێوەیەکی چڕ و پڕ و بنچینه‌یی.

بێرگمان: لەسەر ئەو کورسییەی لای پەنجەرەکەوە دانیشە، تا بتوانم پێناسەیەکت بکەم.

دەنگ: من دانانیشم تا تۆ پێناسەیەکم بۆ نەکەیت.

بێرگمان: ئەها. باشە من چۆن دەست پێ بکەم؟ تۆ سەرنجڕاکێشیت. لەسەر ئاستێکی باڵا سەرنجڕاکێشیت.

 

زۆرجار بێرگمان تێبینییەکانی لە دەفتەری خۆئامادەکردنەکانیدا، لە فۆرمی یاداشتنامەدا نووسیوە و نوسینەکە، مۆرکێکی ئەو ساتەی، کە دەقەکەی تیا نووسراوە، وەرگرتووە. نووسەریش ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە گەمە شتێکی ئەبستراکت نییە، بەر لە فیلمەکان هاتبنە کایەوە، بەڵکوو فۆرمێکی ئێستاتیکی لە گەشە و تەواوکردنی کارەکاندا لەخۆ دەگرێت، ئەم ئەنجامەیش بە (گەمە وەک کردەیەکی ئێستاتیکی) لە کار و پرۆژەکانی بێرگماندا ناوزەد دەکات. مەودا و بوارە ئێستاتیکییەکان لە گەمەی خوڵقاندن دا، پەیوەستە بە چەمکەکانی دەسەڵات و شووناسەوە، نوسه‌رئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بێرگمان هەمیشە (دەنگێک) دەبەخشێت بە کارەکتەرە ژنەکان، کە لە بنەڕەتدا وێنەیەکە لەخۆی، هاوکات گوزارشت لە فەنتازیای بێرگمان، وەک (پیاو)ێک، نەک ژن دەکات.

گەمە، وەک کردەیەکی ئێستاتیکی سنوورەکان دەسڕێتەوە؛ سنووری نێوان (من) و (ئەوانیتر)، فەنتازیا و واقیع، نوسین و بیرکردنەوە، لەم نێوەندەیشدا، گەمە هەمیشە پرۆسێسێکە، نەک چیرۆکێکی تەواوکراو، یان تەکنیک.

ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشک ناخاتە سەر فیلمەکانی بێرگمان، هێندەی گرینگی بە پرۆسەی نوسین دەدات؛ واتە لە نوسینی دەقەکانەوە بۆ تەواوکردنی فیلمەکان. لای بێرگمان دەستپێکی فیلمەکانی لە دەفتەری تۆمارکردنی تێبینیەکانییەوە دەست پێ دەکات، تۆمارکردنی چەند وشەیەکی کورت، دۆزینەوەی ناو بۆ کارەکتەرەکان، تۆمارکردنی ئەو شتانەی لە پڕ بۆی دێن… هتد، ئەم سەرەتایەیش بۆ قووڵبونەوە و تێگەیشتن لە چەمکی گەمە و ئێستاتیک گرینگە، تەنانەت نوسه‌رئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە ئەم دەستپێکە ساکارە لە تۆمارکردنی تێبینی و دیدە سەرەتاییەکە لە خودی دەقە کۆتاییەکە، واتە سیناریۆ تەواوەکە گرینگترە. لەم دەقە سەرەتایانەدا، چیرۆکەکان لە دایک دەبن و کارەکتەرەکان دەردەکەون.

بێرگمان هەر لەسەرەتای ژیانی هونەرییەوە، ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی بۆ کارەکانی خۆی دروست کردووە، ئەمەیش بە درێژایی ژیانی وەک سەرچاوەیەک گەڕاوەتەوە سەری و زۆر جار کاری لە چیرۆکێکی کۆندا کردۆتەوە، یان هەندێک لە کارەکتەرەکانی لە کارەکانی تریدا و بە شێوە و شێوازێکی تر و لە فۆرمێکی جیاوازتردا گەڕاونەتەوە، ئەمەیش ئەو هەلە بۆ ئەو کەسانە دەڕەخسێنێت، کە لە گەشەی کار و بەرهەمەکانی بێرگمان بکۆڵنەوە. لەم رووەوە ئەرشیف بۆ بێرگمان، تەنها دۆکیومێنت و کۆکردنەوە و هەڵگرتنی کارە کۆن و یادەوەرییەکان نەبووە، بەڵکوو گەڕانەوە بووە بۆ خوڵقاندن و لە دایکبوونی پرۆژە و کاری تازە.

٤٦ دەفتەری تۆمارکردنی تێبینی و خۆئامادەکردنی کار، کە هەر دەفتەرەی لەنێوان ١٠٠ بۆ ٣٠٠ لاپەرەی دەستنووسە، هەروەها هەموو دقێکی سیناریۆی فیلمەکانی لە چەندان شێوازدا، کە لە هەر یەکێکیان دا گۆڕانکاری لە ڕووی زمان، گێڕانەوە، کارەکتەرەکان، تەکنیک… هتد بەسەردا هاتووە، هەن. بۆ نموونە یەکەم دەقی سیناریۆکان بە دەست نووسراونەتەوە، هەمان دەق، دوای گۆڕانکاری بە ئامێری چاپ، چاپ کراون، دوای ئەوە دانەیەکی تر، کە کاری ریژی لەسەر کراوە و هەروەها دوا دەستنووس، کە دواتر چاپ کراوە.<١>

گرینگی ئەم دەستنووسانەی بێرگمان لەوەدایە، کە لە دەقەوە بۆ فیلم، لە وشەوە بۆ وێنە، لە تێکستێکی بێ جووڵەوە بۆ وێنەی فیلم لە گۆڕانکاریدایە و کەرەستەیەکی پڕ لە بزافته‌؛ ئەمەیش سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوە لەم دەستنووسانەدا دەکات. لێکۆلینەوەکان لە جووڵەی تێکستەکانەوە، نەک لە دەقە تەواوکراوەکاندا، (من)ی نووسەر، کارەکتەر و چیرۆکەکە تێکەڵاو دەکەن و لە مەودا جوداکانەوە دەیبینین. ئەم لێکۆڵینەوانە دەرگا لەنێوان ئەندێشە و بیۆگرافیای نووسەر، واقیع و فەنتازیا دا دەکاتەوە و سنووری نێوان واقیع و ئەندێشە فۆرمێکی تر لەخۆ دەگرێت.

گەمە و نوسین، لە زۆر ڕووەوە و لەسەر چەدان ئاست بەریەک دەکەون و تێکەڵاوی یەک دەبن، هاوکات جیایش دەبنەوە؛ لە پرۆسەی نوسیندا (من)ی نوسه‌ر دەبێتە کەسێکی تر، شتێکی جودا لەنێوان دەقەکە، بە هەمان شێوەیش گەمە لەنێوان لێرە و لە ئێستادا و هەروەها شوێنێکی تردا، لە گۆڕانکاری و جووڵەیەکی بەردەوامدایە. هەر لەم دیدە گەمەئامێزەی بێرگمان-ەوە، ئێستاتیکای گەمە، شتێکە لە دەقەکەدا بوونی هەیە و بەشێکە لە پرۆسەی خوڵقاندن. زۆربەی ڕەخنەگرەکان و نووسەری ئەم کتێبەیش، گەمە و ئێستاتیکایش دەبەستنەوە بە هونەر و کولتووری پۆست مۆدێرنیزم و لەو دیدەوە دەق/گەمە/ئێستاتیکا، دواجار پرۆژە تەواوکراوەکە، لەبەرکەوتنیدا لەگەڵ بینەران، دەبێتە یەکەیەکی تەواو.

گەمە و ئێستاتیکا تەنها چەمکێک، یان بەشێک نییە لە ستراکتورە پۆستمۆدێرنیزمه‌کان، بەڵکوو لەنێو هەموو داب و نەریت و تەوژم و فۆرمە کولتووری و هونەرییە مۆدێرنەکاندا گەشەی کردووە و هەبووە.

هەموو ئەو شتانەی لە خۆئامادەکردنی فیلمێکدا دەنووسرێت، بە تایبەتی لە دەفتەری تۆمارکردنی تێبینی و خۆئامادەکردنەکانی بێرگمان-دا، جۆرە نوسینێکی پڕاوپڕه‌ له‌ جووڵه‌ی به‌رده‌وام. ئامانجی ئەم جۆرە نوسینانە گۆڕینی چیرۆکێکە لە دەقەوە، لە وشە و ڕستەکانی سەر ڕووپەری کاغەزەکەوە، بۆ وێنەی پڕ له‌ جووڵه‌ و بزاوت. زۆربەی ئەوانەی بە لێکۆڵینەوەی سیناریۆ و دەقی سینەماییەوە خەریکن، ئەوە دووپات دەکەنەوە، یان بەمانایەکی تر سیناریۆ و دەقی فیلم بە ئەدەب هەژمار ناکەن و زیاتر لەو جووڵەیە دەکۆڵنەوە، کە لە ده‌قه‌که‌ دایه‌، ئەو جووڵەیەی دەبێتە دیمه‌نی سینه‌مایی و ئەو جووڵەیەی لە فیلمەکەدا دروست دەبێت، هەروەها دەقی فیلمێکی سینەمایی، هەمیشە لە پرۆسەیەکی به‌رده‌وام دان و هه‌رگیز ته‌واو نابن، تا ئەوکاتەی ده‌چنه‌ بواری پراکتیک و گرتنی وێنە و بوون بە فیلم. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئێستاتیکای تۆمارکردنی تێبینییەکان و خۆئامادەکردن بۆ نوسینی دەقی فیلمەکان، زیاتر لە ئەدەبێکی مۆدێرنەوە نزیکن، وەک لە پرۆسە کلاسیکییەکان.

گەمە شتێکە بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت و لە توخمێکەوە دەبێت بە توخمێکی تر، هەندێک جار گەمە لە دیدی (من)ی داهێنەرەوە، بۆ نموونە لە پیاوەوە دەبێت بە ژن، کە ئەم هەموو گۆڕانکارییانە لە خودی گەمە و (من)ی نوسه‌ریان هونەرمەندەکەدا ڕوودەدات، ڕووبەرووی مەسەلەکانی، بۆ نموونە، دەسەڵاتی ناوەند بۆ پەراوێز، ستراکتور و ئاستە جیاوازە کولتوورییەکان، بە تایبەتی سەبارەت بە شووناس لە کۆمەڵگە و لەلای هونەرمەندەکە ده‌بنه‌وه‌، دەسەڵات دەبێتە خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان. هەر لەبەر ئەوەیشە بیرۆکەی گەمە، وەک کردارێکی ئێستاتیکی، لە دەرەوەی بنەما هونەرییەکانەوە سیمایەکی ئایدۆلۆژی لەخۆ دەگرێت. نوسه‌ربۆ دووپات کردنەوەی بنەماکانی گەمە، دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەمکە تیۆرییەکانی ڕەخنەگری ڕووسی (میکائیل باختین) ١٨٩٥-١٩٧٥ و هه‌وڵدان بۆ گوێزانەوە و بەکارهێنانی ئەم تیۆرە (کەرنەڤالیزم) بۆ چەمکەکانی ئەدەب.

نوسه‌رجگە لە باختین، سوودی لە دید و بۆچوونە تیۆرییەکانی فەیلەسوفی فەرەنسی (ژاک دریدا) (١٩٣٠ـ٢٠٠٤) یش وەرگرتووە؛ دریدا دووپاتی بەهاکانی ئەو نوسینە دەکاتەوە، کە (من)ی نوسه‌رلە دەقەکە جیا دەکاتەوە. ئەوەی بۆ دریدا مەسەلەیەکی ناوەندگەرایە، جووڵەی نوسین چەندان جیاوازی لەخۆ دەگرێت: (من) دەبێت بە کەسێکی تر، ئەم ئاماژەیەیش، بۆ نموونە جیاوازییەکانی نێوان سمبۆل و کاریگەرییە گرافیکییەکان ئاشکر دەکات.

بێرگمان لە زۆر ڕووەوە، ئەم دەفتەرانەی وەک یاداشتنامەیش بەکار هێناوە، لەبەر ئەوە واقیع و ئەندێشە تێکەڵاو دەکات، واقیع لە ئەندێشە و ئەندێشە لە واقیع دا ڕەنگ دەداتەوە و یەکتری تەواو دەکەن و لە یەکتریدا بەرجەستە دەبن. یاداشتەکانی بێرگمان لە دوو ئاڕاستەدا کۆدەبنەوە: یەکێکیان لە ساتەوەختی نوسینەکەدا مامەڵە لەگەڵ (من)ی نووسەردا دەکات و رووبەرووی خودی نوسه‌ردەبێتەوە و لەگەڵ ئەو دەدوێت، ئەویتریان ڕووەو ئایندە، کە نوسه‌رلەم ئاڕاستەیەیاندا بیر لە بڵاو کردنەوەی یاداشتەکان دەکاتەوە.

لە هەموو بارودۆخێکدا، ئەگەر نوسینەکە زیاتر ئاڕاستەیەکی ناوەکی وەربگرێت، یان بەرەو دەرەوه‌ ببێتە نوسینێکی چاپکراو، جووڵەی نوسین تەنها سەبارەت بە مەسەلەکانی ئێستاتیک و گەمە و سایکۆلۆژی نین، بەڵکوو سەبارەت بە دەسەڵات و شووناس-یشن. ئەوەی لە دەفتەری تێبینەکانی بێرگمان دا بە ڕوونی دەردەکەوێت، ئەوەیە: یەکەم، بێرگمان، کە دەنووسێت، نازانێت بە چ ئاڕاستەیەک و چۆن دەنووسێت، لەم ڕووەوە نازانێت پرۆسەی نوسینەکە بەرەو کوێ دەڕوات، ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەم دەفتەرانە، ئامراز و که‌ره‌سته‌یه‌کن، کە لە ڕوانگەیەوە بیر دەکاتەوە، دید و بیروبۆچوونەکانی لە ڕێگای ساتی نوسینەکەوە فۆرم وەردەگرێت. دووەم، ساتی نوسینەکە جۆرە بەرکەوتنێکە لەنێوان ئەزموونی نوسه‌رو ئەو ئەندێشەیەی بە بەردەوامی گەشە دەکات؛ ئەم خۆئامادەکردنە، لەو ساتی نوسینەدا پانتاییەک لە دوودڵیی لەنێوان ژیان و هونەردا دروستدەکات.

 

نوسین و تۆمارکردنی تێبینییەکانی بێرگمان دەچێتە خانەی تەوژمە مۆدێرنەکانی ئەدەبی جیهانییەوە، بێرگمان لەم نوسینانەدا، کە مەبەست خۆئامادەکردنی نوسینی سیناریۆ و فیلم دروستکردنە، بە مەبەست بە شێوەیەکی کراوە، قەڵەمەکەی بەکارهێناوە تا بیر بکاتەوە. ئەم دەفتەرانە ئەو گەڕان و دووبارەکردنەوە و هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ بونیادنان و بیرکردنەوەیەی هەیە، کە پرۆسەی ئەدەبی مۆدێرن هەیەتی. لەگەڵ ئەوەیشدا، لای بێرگمان و ئەم دەفتەری تۆمارکردنی تێبینیانەی، هەنگاوێک زیاتر لە نووسەری ئەدەبەوە دەچێتە پێشەوە، لەو ڕووەوەی بێرگمان بەرەو شوێنێکی تر دەڕوات، ئەوەی ئەو تۆماریان دەکات نابێتە ڕۆمان، شیعر، دەقێکی شانۆیی، لیریک… هتد، بەڵکوو ئەنجامی پرۆسەکە لای بێرگمان دەبێتە فیلم.

دەقی فیلم، یان بەمانا فراوانەکەی، سیناریۆی فیلم بە پێچەوانەی دەقی شانۆییەوە، وەک بەرهەم و کارێکی ئەدەبی هه‌ژمارنه‌کراوه‌ و ئەو بەها و شوێنەی لە دونیای ئەدەبدا وەرنەگرتووە. هەرچەندە ڕەخنەگر و تیۆرستەکان، هەوڵی ئەوەیان داوە، پایەی سیناریۆ و دەقی فیلمی سینەمایی بەرز بکەنەوە و دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە، کە دەقی فیلم هەمان ئاستی دەقێکی شانۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەقی فیلم زیاتر وەک ئامڕاز و کەرەستەیەکی ئامادە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، نەک ئەدەب ئاماژەی بۆ کراوە. ئەوەی جێگای ئاماژەیە، دەقی فیلم لە بواری زانستەکانی فیلمسازیشدا ئەو جێگا شیاوەی خۆی وەرنەگرتووە، ئەوەی جێگای گرینگی پێدانە، توخمە بینراوەکەی فیلمە، نەک دیالۆگ و دراماتۆرگی دەقەکە.

ئەوەی جێگای سەرنج و ئاماژە بۆکردنە، ئەم دەفتەرانە ژمارەیەکی زۆر کەم وێنە و فۆتۆگرافیی لەخۆ دەگرێت، تەنانەت هیچ پێناسەیەکی وێنەیش بۆ چۆنییەتی فیلمەکە ناکات، بەڵکوو چیرۆکەکە لەم دەفتەرانەدا لە دایک دەبن و لە چەقی بیرکردنەوە دان. لەم خۆئامادەکردنانەدا سەرەداوی چیرۆکەکە، ڕەوشەکان، پێناسەی کارەکتەر… هتد دەبنە بە شێکی گرینگی پرۆسەی خوڵقاندنی بێرگمان.

ئەم دەفتەرانە لەسەر چەندان ئاست لە پەیڤی کاتە جیاوازەکاندایە: لە ئێستادا، کە تیا دەنووسێت و هەندێک جار دیدە هونەرییەکەی تیا لە دایک دەبێت، دواتر بێرگمان دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی نووسیویەتی، خەت بە ژێر هەندێک شتدا دەهێنێت، هەندێکی تر دەکوژێنێتەوە و بە وردی لەوە ڕادەمێنێت، کە نووسیویەتی. هەر لەم نوسینانەدا، مەودایەکی ئایندەبینی تیایە، لەوێدا بێرگمانێکی پیر و به‌ته‌مه‌ن، دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم دەفتەرانە و دەیەوێت ژیانی خۆی بیر بکەوێتەوە و لە قۆناخەکانی ژیانی هونەری خۆی ورد بێته‌وه‌. لە هەمان کاتدا، ئەم دەقانە بوونەتە پاشماوەیەکی دەوڵەمەند و میراتێکی بە بەها بۆ ئایندە و بۆ نەمری بێرگمان. بەم شێوەیە بێرگمان (من)ی نوسه‌رو هونەرمەند، لەم دەفتەرانەدا، هەنگاو بە هەنگاو دروست دەکات. لەم ڕووەوە، ئەم دەفتەرانە، چەندە ئامڕازێکی گرینگن بۆ لە دایکبوونی چیرۆک و کارەکتەر و ئەتمۆسفێری فیلمەکانی، هێندەیش دۆکیومێنتێکی به‌به‌های پرۆسە هونەرییەکەیە.

هیچ ڕێکەوت نییە، کە ئەم دەفتەری خۆئامادەکردنانەی بێرگمان، لەگەڵ دەستکردن بە فیلمی (وەک ئەوەی لە ئاوێنەیەک دا) ١٩٦١ فۆرمی خۆی وەربگرێت. ئەم فیلمەیش دەبێتە دەستپێکی ئەو سێینەیەی سەبارەت بە (بێدەنگی خودا)یە، کە دواتر هەردوو فیلمی (بێدەنگی) و (مێوانەکانی شەو لە کڵێسا) بەشەکانی تری ئەو سێینەیە پێک دەهێنن. ئەم سێ فیلمە لە پرسەکانی باوەڕی بێرگمان بە خودا و کێشە خودگەراییەکاندا، باوەڕ/خود/دین و قەیرانەکانی گومان و باوەڕ دا چڕ دەبنەوە. یاداشت و دەفتەری خۆئامادەکردنی ئەم فیلمانەیش فۆرمێکی کراوەی گەڕان و پشکنینی قووڵ بەخۆوە دەگرن.

خوێنەری ئەم دەفتەرانە بە ئاشکرا ئەوە دەبینێت، کە (بێرگمان) تۆمارکردنی ئەم تێبینیانە و یاداشتەکانی ئەو ڕۆژانەی خۆئامادەکردن، تەنها بۆ نوسینەوەی ئەو شتانە نییە، کە ئەو دەیانزانێت، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ گەڕان بە دوای پرسیارە بنچینەییەکان دا، کە ئەو بە دوایاندا دەگەڕێت. بەم شێوەیە، ئەم دەفتەرانە ئەو ئامڕازەن، کە پەیوەستە بەو زمانە سینەماییەوە بێرگمان لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا گەشەی پێداوە. ئەوەی لەم دەفتەرانەیش دا گرینگە، ئەوەیە بێرگمان توانیویەتی شتێکی تایبەت لەنێوان نوسین و وێنەدا بدۆزێتەوە، هەر ئەم ئاستەی نوسین لە وێنەدا و وێنە لە نوسیندا، وای کردووە، کە بێرگمان وەک ریژیسۆرێکی ئەدەبی و هەنەرمەندێکی وێنەکێش ئاماژەی بۆ بکرێت؛ هەر لەبەر ئەوەیشە ئەم دەفتەرانەی بێرگمان، چەندە کەرەسەیەکی خۆئامادەکردنن، هێندەیش شاکاری ئەدەبین، هەروەها وانەیەکی پراکتیکی و پێداگۆگیشن، هەر لە نوسینی دەقی سینەماییەوە تا دەگاتە دوا قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی فیلم.

دەقی فیلمەکانی بێرگمان، بە درێژایی رەوتی هونەری، گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە و بێرگمان هەرگیز لە یەک فۆرم و بە یەک تەکنیک و به‌ یه‌ك شێواز، دەقەکانی بۆ فیلمەکانی نەنووسیوە و هەمیشە گەمەی بە داب و نەریت و ڕێساکانی نوسینی دەقی سینەمایی کردووە و دیدێکی ئەزموونکاری بۆ دەقەکانی هەبووە. بۆ نموونە لە شەستەکاندا، کە دەگاتە ترۆپکی ناوبانگ و ئاستی فیلمەکانی سنوورەکانی هەموو دونیا دەبڕن، دەنگێکی تایبەت بەخۆی لە دەقەکانیدا، بە تایبەتی لە ڕووی وێنە سینەماییەکان دەدۆزێتەوە، دواتر دەقەکانی فۆمێکی جیاواز لەنێوان ڕۆمان و لیریک دا لەخۆ دەگرن، بەڵام بێرگمان هەرگیز لە چەمکە کلاسیکییەکان؛ دیالۆگ و چۆنییەتی داڕشتنی جووڵەی کامێرا و ئەکتەرەکانی، بە تەواوی دوورناکەوێتەوە و لەو فۆرمەدا، دیدە تازەگەرییەکانی خۆی دادەڕێژێتەوە.

پرۆسێسی نوسین لە خودی دەفتەری خۆئامادەکردنەکەیەوە، بۆ دەقی ئەو چیرۆکەی (سیناریۆ) دەبێت بە فیلم، پێوەندییەکی چر لەنێوان (من)ی نوسەر، گێڕەڕەوە و کارەکتەرەکان دا دروست دەکات. لەم دەفتەرانەدا (من)ی نوسەر، کەسی یەکەمە. (من)، لە قۆناغی دووهەمدا، کە دەقەکەیە، (من)ی نوسه‌رلە پشت (من)ی گێڕەرەوەدا خۆی حەشار دەدات، دواتریش لە فیلمەکەدا گێڕەرەوە لە (من)ی نووسەرەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کارەکتەرەکە.

گرینگترین سەرچاوەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەم دەفتەرانەیە، هەر ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەوەیشمان پیشان دەدات، کە ئەم دەفتەری خۆئامادەکردنانە ئامڕازێکی ناوەندگەرای گەڕان و تۆمارکردن و نوسینی بێرگمان-بوونه‌. لەم گەڕانەدا ئەوەی ئەندێشە و خەیاڵە و ئەوەی دەشیدۆزێتەوە، گەشە دەکات، هاوکات بناخەی دەقەکان لێرەوە دادەنێت و زمانە سینەماییەکەی فۆرم وەردەگرێت و لە ئەنجامیشدا، ئەو دەقە لە دایک دەبێت، کە دەبێتە دەستپێکی ئەو فیلمەی بە شێوەیەکی پراکتیکی دەکەونە کارکردن تیایدا. بە دۆکیومێنتکردنی ئەم سەرەتایانەی کارەکانیش، بەهایەکی گرینگیان بۆ کۆتایی و ئەنجامی پرۆژەکان هەبووە. بێرگمان بۆ هەموو فیلمێک وا کاری کردووە، کە ئەوە دوا فیلمی بێت (هەموو فیلمێک، دوا فیلمە.)

ته‌واو

پەراوێز

١-ئەم ساڵ، بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی لە دایکبوونی بێرگمانەوە، هەڵبژاردەیەک لە دەفتەری خۆئامادەکردن و کارەکانی بێرگمان، لەنێوان ساڵانی ١٩٥٥-١٩٧٤ دا، لە چاپێکی جواندا بڵاو کراونەتەوە.

:سەرچاوە

Anna Sofia Rossholm, Ingmar Bergman och den lekfulla skriften, Makadam bokförlaget, 2017. Stockholm

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین