کێڵگەی شووناسمان تژی بوو لە زراعەتی خەم، تا شێوەی وەچەکانمان بچێتەوە سەر ئەستێرە و مانگی قەشەنگ، ڕازی شەوەکامان چەند ساڵێک بە شیوەن دروێنە کرد، بووینە دەروێشی ئیستاتیکا، وانەی برینمان لە دانیشتگاکان خوێند، لەجیاتی پێخەفی گەرم، پیاوەتیمان لە شێوەی ڕووبار بەسەر پانتایی و ناعەدالەتی جیهاندا پرژاند.
وەک باخەوانێکی پیر نازی هەموو ئەم درەختانمان هەڵگرت، کە باران فەرامۆشی کردبوون
چیڕۆکی هەموو ئەو شکستەکانمان لاواندەوە کە ڤیستیڤاڵەکانی دونیا بێ بەری کردبوون.
وەک ئەرشیفێک هەموو ئەم ئەشکەنجەیان لەناو دڵمدا کۆکردەوە
چونکە سەوزایی باخ هیچ نەبوو جگە لە فریوێک لە بەردەم چاوەڕوانی ئێمە،
کارکردن لە کۆشەکاندا هیچ نەبوو جگە لە پووچیی و مژۆڵکردنی ئومێدی ئێمە،
بەژداری کردن لە ڕاپەڕیندا هیچ نەبوو جگە لە هەڵپەی هەڵپەڕینێکی ئێوە
لەبەر ئەوی تێنەپەڕیون، دێنەوە…
هەموو بەیانیانێکی زوو، سوار پشتی پیکابێکی کۆنە دەبن، وەک دیل بەرەو مەیدانە ڕەقەکانی کار بەڕێ دەکەون،سەرما گاز لە گوێچکە و سەری پەنجەکانیان دەدات، کیسە چەمەنتۆیەکانیش ئەشکەنجەی پشتی باوانیان…
ئەوەی لەژێر بنمیچەکاندا وەک ئەسپی زامدار حیلەی لە شەوە تاریکەکان هەڵدەستاند،
بریندار و دەردەداری کەسێک بوو
بەڵام خۆ شێوەی ئازار؛
بە پێوانەی هیچ ڕووپێوێک نەپێورێ
بە حەکیمی هیچ تیر و تایەفەیەک تیمار ناکرێ.
هاتم تاکو لەبەردەم سەڕافەکاندا تەمەنی گەنجیەتی خۆم بە ئاسوودەیی بگۆڕمەوە، نەیانهێشت
هاتم چاوەڕوانی ناو ئەو سەعاتانەی ماومە، لە چایخانەکان وەریبگرمەوە و بیدەم بە تیۆرێک بۆ گەرم کردنەوەی مێژوومان، نەیانهێشت
هاتم ئەو ژانەی وەک دیکۆر لەسەر سەکۆی ژیانم نمایش کراوە
بیکەم بە شۆڕشێک و بیدەم بە گوێی کۆیلەکانی جیهاندا، نەیانهێشت.
ئەمە چ بەدبەختییەکە؟
لە کۆگاکان دوو شیفت فەرامۆشی سەفت دەکەین و بە کرێیەکەی هێشتا ئاسوودەییمان پێ ناکڕێت
شەو و ڕۆژ بێکار بە شەقامەکاندا دوای زەمبیلەی ژنان دەکەوین و مەودای ئەم دڵتەنگییەمان بۆ ناپێورێت
وەک وێڵ لە دهرمانخانهكان دەگەڕێین وهیچ پهرستارێ ئەم دەوایەمان ناداتێ
وەک دەربەدەر لە قەیسەرییەکان دەگەڕێین و سۆراغی ئەم عەشقه ڕەسەنەمان چنگ ناکەوێت…
پێم ناڵێن جێهێشتنی چەقۆیەک ئەوەی دەویست تا سەت ساڵی تریش زامەکەی وەک خوێن بە شادەمارمدا بگەڕێت؟
کابووس وەک ملوانەکەیەکی خەمگین بە گەردەنی هەموو خەونێکمدا جۆلانە بکات، پێخەفیشم بکات بە حەشارگەی ژان
لەبەر ئەو قەتماغەی هەموو ڕۆژێک گۆرانیی نوێ بە قوڕگی ناوساو دەناسێنێ/ ئەرشیفێک لەم جیهانەدا بزربووە، سۆراغەکەی دەکولێنێتەوە/ ناچاربووین کتێب و نامە دڵدارییەکانمان بە دەستی دوو مەزات بکەین/ یادەوەریی وەک گۆشت و ئێسقانی ماوەبەسەرچوو بە نرخی هەرزان بفرۆشینەوە/ بە دوای مەستی ناو دەشتاییەکان وێڵ بین و/ لە مێرگەکاندا تکە لێبدەین/ سمێڵ و ڕیش بۆیاغ بکەین و لە زەماوەندەکاندا سەرچۆپی بکێشین/ بە قاتی کر لە بۆنەکاندا گەمژانە هەڵپەڕین/ کەترەبوون بە پۆشینی کراسی قۆڵ کورت و گوڵ گوڵی بشارینەوە/ لە کافێیەکاندا تەمەنی خۆمان بچووک نیشان دەدەین و/ لەشێوەی گەنجی دڵ تەڕ فریوی کچانی تازە و عەیار بخۆین/ لەگەڵیاندا بێ بیرکردنەوە بۆ ئەودیوی شەو و پەردەی ڕەش بڕۆین…