سەره‌تا به گرنگی ده‌زانم به‌كورتی تێرمی (جێنده‌ر-Gender) شیبكه‌مه‌وه، دواتر ده‌چمه سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی تری جیاكاری و توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر. (تێرمی جێنده‌ر) له كۆتایی شه‌سته‌كان و سه‌ره‌تای حه‌فتاكاندا له‌گه‌ل شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیزم هاته كایه‌وه و له‌لایه‌ن فێمینیسته‌كانه‌وه وه‌ك ئامرازێك بۆ شیكار و تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیه‌كانی نێر و مێ و دابه‌ش بوونیان به‌سه‌ر نێرایه‌تی و مێینایه‌تیدا به‌كارهاتووه. فێمینیسته‌كان بۆیان گرنگ بووه له‌و ژووره داخراوه‌ی ناوی ( چاره‌نوسی بایه‌لۆجیه) بێنه‌ده‌ر و بڵێن هه‌موو ئه‌م ڕۆڵانه دروستكراوی كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تین نه‌ك بایه‌لۆجی. لێره‌وه تێرمی جێنده‌ر ئاماژه‌یه بۆ كرده كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و ژینگه‌ییه‌كان، كە مرۆڤ به‌سه‌ر نێرایه‌تی و مێینه‌یه‌تیدا دابه‌شده‌كرێت و په‌روه‌رده و سۆسیالایز‌ه ده‌كرێت. لێكۆڵه‌رانی بواری جێنده‌ر، ئه‌وه‌ی ژن و پیاو دابه‌ش ده‌كات كه چی پیاوانه‌یه و چی ژنانه‌یه زۆرتر وه‌ك دروستكراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یرده‌كه‌ن، نه‌ك وه‌ك كاركردێكی بایۆ‌لۆژی. بۆ نمونه (نێر و مێ) كاتیگۆری سێكسین، به‌ڵام (نێرایه‌تی ومێینه‌یه‌تی) كۆمه‌ڵێك سیفه‌تن وكاتیگۆری جێنده‌رین، واته دروستكراوی كۆمه‌ڵایه‌تین نه‌ك سروشتی و بایۆ‌لۆژی. (1)
له كتێبه گرنگه‌كه‌ی فه‌یله‌سوف و فێمینیستی فه‌ره‌نسی سیمۆن دیبۆڤوار له (سێكسی دووهه‌م)دا كه ده‌ڵێت: (كه‌س به ژنی له‌دایك نه‌بووه به‌ڵام ده‌كرێته ژن) له ساڵی ١٩٤٩دا و چه‌ند ده‌یه‌ی دواتریش ده‌یان فێمینیستی به‌رجه‌سته‌ی جیهانی له‌سه‌ر ئه‌م تێزه‌وه شیكاری و جیاوازی تێرمه‌كانی سێكس و جێنده‌ریان هێنایه بواری لێكۆڵینه‌وەوە. كاریگه‌ری بیروڕاكانی ئه‌م خانمه زۆر گه‌وره‌بوون به‌سه‌ر شه‌پۆلی دووهه‌مه‌وه هه‌ر له‌وه‌ی كه ده‌ڵێت: (بوونی ژن ته‌نها ئه‌وێكی تره له دونیایه‌كی نێرسالاردا، پێناسه ده‌كرێت و جیاده‌كرێته‌وه به‌پێی خواستی پیاو، نه‌ك پیاو له په‌یوه‌ندی به ژن‌دا). هه‌ربۆیه‌ش لێكۆڵه‌ران و نوسه‌رانی فێمینیست ته‌نانه‌ت له‌نێو دروستكراوه سیمبۆلیه ئه‌ده‌بی و كولتوریه‌كانیشدا ده‌گه‌ڕان، ده‌یانبینی، تێزه‌كانی دۆبۆڤوار ته‌واو ڕاسته له‌باره‌ی جیاكاری جێنده‌رییه‌وه. (2)
بۆ تێگه‌یشتن له جیاكاری جێنده‌ری و دروستكردنی (ڕۆڵه جێنده‌رییه‌كان) له بواری كاركردن، سیاسه‌ت، خێزان، یاساكان و زۆر بواری تردا، گرنگه سه‌فه‌رێكی كورت به‌ناو مێژوودا بكه‌ین، هه‌رچه‌ند كاتی زۆرده‌وێت و به‌م گوتاره له‌سه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه، زۆر ئه‌سته‌مه ته‌واوی ئه‌و وێنایه‌مان بۆ دروستبكرێت كه تێگه‌یشتنێكی قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌مان بداتێ له‌سه‌ر پرسی ژن و جیاكاری جێنده‌ری، به‌ڵام ئێمه ده‌كرێت له چه‌ند وێستگه‌یه‌كدا به مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی بیرۆکە‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، هه‌ندێك ڕووداو و فینۆمێن به‌كاربهێنین بۆ شیكاریكردن و ناساندنی باسه‌كه.
مێژوونوسان سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی ژیانی به‌كۆمه‌ڵ و سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆڵ و جیاكاری جێنده‌ری بۆ دروستبوونی گوند و شارۆچكەکان ده‌گه‌ڕێننه‌وه، له‌كاتی شۆڕشی كشتوكاڵیدا، كه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دروستبووه. پێیانوایه كه پێشتر مرۆڤی كۆن به دوای ڕاوكردن و لێكردنه‌وه‌ی به‌روبوومی دره‌خته‌وه بووه و ژیانێكی زۆر سه‌ره‌تایی ژیاوه. له‌م جۆره ژیانه‌دا ژن و پیاو پێگه‌یان زۆر جیاوازی نه‌بووه، به‌وه‌ی ژن به‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌روبوومه‌وه بووه و پیاویش ڕاوی كردوه. به‌ڵام دواتر به‌هۆی ماڵیكردنی ئاژه‌ڵ و چاندنی دانه‌وێڵه‌وه، جێگیرده‌بن له شوێنه‌كاندا و گرووپ و كۆمه‌ڵی جیاوازی مرۆڤایه‌تی دروست ده‌بن. لێره‌وه پێداویستییه‌كانی مرۆڤ و داهێنانه‌كانی ئاڵۆزتر ده‌بن. به‌و مانایه‌ی گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن له‌ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵدا ده‌بێته دروستبوونی گۆڕانكاری له په‌یوه‌ندی جێنده‌ریدا. لێره‌وه دروستبوونی ڕۆڵه جێنده‌رییه‌كان به‌وه‌ی كێ چی بكات و چۆن خۆیان به‌ڕێوه‌به‌رن، خوازیاری په‌یوه‌ندی نوێ ده‌بێت له مرۆڤه‌كان. (3)
شۆڕشی كشتوكاڵی كه زانیاری زۆر ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه له‌باره‌یەوه، به‌ڵام گوایه له نێوان ساڵانی نێوان پێنج هه‌زار تاوه‌كو هه‌شت هه‌زاری به‌ر له‌ڕۆژمێری زاینی ڕوویداوه. لێكۆڵه‌رانی فێمینیست ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هۆی جێگیربوونه‌وه، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ژن كه‌مده‌كرێته‌وه، پیاوان كاری كشتوكاڵ ده‌كه‌ن و ژنانیش كاری لێنانی خواردن و منداڵ به‌خێوكردن و دانه‌وێڵه هه‌ڵگرتنه‌وه. لێره‌وه جیاكارییه‌كان و نۆرم و به‌ها كولتوریه‌كان فۆرم وه‌رده‌گرن. به‌و مانایه‌ی به پێی زیاتر جێگیربوونی مرۆڤ له یه‌ك شوێندا و دواتر دروستبوونی شار و میلیتاری و ئیمپراتۆر و فیرعه‌ون و مه‌لیك و ئاغا و ده‌ره‌به‌گ، تا ده‌گاته سیستەمی سه‌رمایه‌داری، ئه‌م ڕۆڵه جێنده‌ری و جیاكاریانه تیایاندا ڕه‌نگده‌داته‌وه و به‌پێی كات و شوێن گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا دێت.
كاتێك جیاكارییه‌كان و دروستبوونی په‌یوه‌ندی خێزان و ماڵ و شار و ده‌وڵه‌ت دێته ئاراوه، خورافه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌ر ژن دروست ده‌كرێت. بۆنمونه ئه‌وه‌ی كه؛ ژن سه‌رچاوه‌ی فیتنه و دروستكردنی حه‌زی سێكسین له پیاودا و پێویسته كۆنترۆل بكرێن. هه‌روه‌ها كاتێك پرسی میراتی دێته كایه‌وه، به‌هه‌مان شێوه مه‌سه‌له‌ی پاكیزه‌یی ژن و توانای منداڵخستنه‌وه، بوونه سیفاتی سه‌ره‌كی ژن. به پێچه‌وانه‌ی پیاوانه‌وه كه پێویست نه‌بوو پاكڕه‌وشت و پابه‌ندبن به ژنێكه‌وه به‌ڵكو فره‌ژنی كارێكی ڕێگه پێدراو بوو بۆ پیاوان. ئاینی ئیسلام لێره‌دا فره‌پیاوی له ژن قه‌ده‌غه ده‌كات چونكه پرسی باوكایه‌تی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه به‌وه‌ی، كێ باوكی ڕاسته‌قینه‌ی منداڵه‌كه‌یه و میراتی و موڵكداری و زۆر شتی تر پابه‌ند ده‌كرێت به ملكه‌چی و پاكیزه‌یی و خستنه‌وه‌ی منداڵ له یه‌ك پیاو. هه‌رچه‌ند هه‌ندێك له‌م دابونه‌ریته نێرسالارییانە به‌ر له ئیسلامیش له ئارادابووە به‌ڵام كه ئیسلامیش دێت ئه‌مانه شه‌رعیه‌ت پێده‌داته‌وه و پێداگیری لێده‌كات. له زۆر به‌شی نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی، ته‌نانه‌ت به‌ر له ئیسلامیش ژنانی سه‌ر به چینی باڵا داده‌پۆشران، بۆئه‌وه‌ی له ژنانی هه‌ژار و چینی خواره‌وه جیابكرێنه‌وه و پارێزراو بن. داپۆشراوی به‌مانای جیاكاری بوو له نێوان ژنی به‌ڕه‌وشت و به‌دڕه‌وشتدا. ئه‌مه هه‌ر له كاتی سۆمه‌ریه‌كانه‌وه له سه‌ده‌ی سیازده‌هه‌می پێش زایندا هه‌بووه و نیشانه‌ی پێگه‌ی به‌رزی ژن بووه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا جیاكاری بووه له نێوان ژناندا كه به‌هۆی ئه‌و جیاكاریه چینایه‌تییه‌وه له نێوانیاندا دروستبووه.(3)
سه‌رهه‌ڵدانی موڵكایه‌تی تایبه‌تی و دروستبوونی ئابووری و بازرگانیكردن و چون بۆ شه‌ڕ و دروستبوونی سوپاكان جیاكاریه‌كی گه‌وره‌ی جێنده‌ری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌ڵبه‌ت کەم تا زۆر له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر جیاوازبووه. دروستبوونی شارستانیه‌ته‌كان و بیرۆكراسیه‌ت و زمان و یاساكان، نایه‌كسانی جێنده‌ری و هه‌روه‌ها كێشه‌ی كۆیله‌داری كه له زۆرێك له‌م وڵاتانه‌دا كۆیله‌یان به‌كارده‌هێنا بۆ كاركردن كه زۆرجار ژنان ئه‌و ئیشانه‌شیان له‌ده‌ستده‌دا كه پێشتر هه‌یانبوو, ڕۆلی خوازراوی تری هێنا له‌گه‌ڵ خۆیدا.. هه‌ربۆیه‌ش ئاڵۆزبوونی سیستەمی حوكمڕانی هێزی زیاتری دایه پیاو و خوازیاری ئه‌وه‌بوو پیاو له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ڕۆڵی پێبدرێت و ژنیش له ماڵه‌وه. به‌هه‌مان شێوه پیاوی خوێنده‌وار بره‌و په‌یدا ده‌كات و خوێندن تا چه‌ندین سه‌ده بۆ زۆربه‌ی ژنان فه‌راهه‌م نه‌بووه. لێره‌وه گرنگی پیاوی خوێنده‌وار بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بیرۆكراسیه‌تی ده‌وڵه‌ت بایەخی تایبه‌تی هەبووه.
هه‌ڵبه‌ته هه‌ندێك له ژنانی سه‌ربه چینی باڵا ده‌بوونه مه‌لیكه و فیرعه‌ون، بۆ نمونه له میسر، یاخود له كه‌نیسه و مه‌عبه‌ده‌كاندا كاریان ده‌كرد. به‌ڵام له سۆمه‌ری كۆندا هه‌زارو دووسه‌د ساڵ تاوه‌كو سێ هه‌زارو پێنج سه‌د ساڵ پێش زاین (٣٥٠٠ــ١٢٠٠) ناوچه‌یه‌كی زۆر ئاوه‌دان و پێشكه‌وتووبووه له ڕووی پیشه‌سازییه‌وه ژنان و پیاوان تاڕاده‌یه‌ك وه‌ك یه‌ك كاریانكردووه، به‌ڵام ژنان مووچه‌یان كه‌متربووه له پیاوان. هه‌رچه‌ند ژن ده‌یتوانی ببێته شاژن، به‌ڵام هه‌یمه‌نه‌ی پیاو زیاتر ده‌بێت. بێگومان له چاخی برۆنزه‌وه كه چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی دروست ده‌بێت، وه سوپا دروست ده‌بێت ژن ڕێگه‌پێدراو نییه به‌شدار بێت. به‌هه‌مان شێوه ئه‌م كێشه و په‌راوێزخستنه‌ی ژنان له كاتی ئاشووریه‌كانیشدا هه‌زار تاوه‌كو هه‌زارو نۆسه‌د ساڵ (١٠٠٠ــ١٩٠٠) پێش زاین هه‌یه و گه‌شه‌كردنی ئابووریان و دروستبوونی موڵكایه‌تی تایبه‌ت ده‌كاته ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ. مێژوونوسان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه پابه‌ندبوونی ئاشوورییه‌كان به بازرگانی و موڵكایه‌تی تایبه‌ت و حه‌زیان به جه‌نگ هۆكاربووه بۆ هه‌یمه‌نه‌ی پیاو و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان. ژنان له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆیان نه‌بووه میراتیان به‌ركه‌وێت، خانوبه‌ره‌یان نه‌بووه، وه له ڕۆڵی ناوماڵ زیاتر ماف و ئازادیان نه‌بووه. (4)
به‌هه‌مان شێوه له چاخی بڕۆنزدا كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنان و گه‌شانه‌وه‌ی بازرگانی له ئه‌وروپاش سه‌رهه‌ڵده‌دات. به‌تایبه‌ت له شارستانیه‌تی ڕۆم و یۆنانی كۆن. ژن چه‌ند ڕۆڵێكی هه‌بووه له پیشه‌سازیدا كه تاڕاده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی پێداوه. به‌ڵام یۆنان له یاساكان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیدا زۆر پیاوسالاربوون. ته‌نانه‌ت ئه‌مه له نوسینی فه‌یله‌سوفه‌كانیاندا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك (ئه‌رستۆ) له‌وه باوه‌ڕه‌دا بووه؛ كه پیاو له ڕووی جه‌سته‌یی و ئه‌قڵیه‌وه له ژن باڵاتره و ترۆپكی پیاوه‌تین و ده‌بێت ژن نزمتربێت له‌وان. (3)
بێگومان له‌سه‌ده‌ی چوارده‌وه تا سەدەی هه‌ژده، گۆڕانكاری گه‌وره له په‌یوه‌ندیه‌كانی كار و سه‌رمایه و چینه‌كان و گه‌شه‌ی پیشه‌سازی گۆڕانكاری ئاڵۆزتر و گه‌وره‌تری به‌دوای خۆیدا هێنا. ئاین له‌لایه‌كه‌وه، بۆ نمونه له خۆرئاوادا ته‌واو ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو به‌سه‌ر باری كه‌سێتی و ژنی كردبووه پله دوو. له‌زۆرێك له‌م وڵاتانه‌ی ئه‌ورووپا ژنانیان ده‌سوتاند بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له ژێرناوی ئه‌مانه (جادووگه‌رن) له‌كاتێدا ئه‌مانه ئه‌و ژنانه بوون كه له كڵیسا هه‌ڵگه‌رابوونه‌وه. توندوتیژی دژی ژنان، به‌هۆی ژنبوونیانه‌وه له‌هه‌موو سه‌ده‌كاندا فۆڕمی كۆن و تازه‌ی تری دێته سه‌ر و هه‌ر له پرسی جیابوونه‌وه، هاوسه‌رگیری، منداڵ و میرات و ده‌ستدرێژی سێكسی، كوشتن و سوتاندن و سه‌رپه‌ڕاندنه‌وه بیگره تا بێبه‌ریكردنیان له خوێندن و بێكاركردنیان و په‌راوێز خستنیان. هه‌ربۆیه‌ش له‌كات و شوێنی جیاوازدا ژنان به شێوازی جیاواز گوزارشتیان له ژێرده‌سته‌یی خۆیان كردووه و خه‌باتیان كردووه.
بۆ نمونه كاتێك كۆیله‌داری دێته ئاراوه، له ئه‌وروپا ژن خۆیان ده‌شوبهێنن به (كۆیله) هه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئه‌مرۆ ئه‌م وشه‌یه به‌كاردەهێنین كه ده‌ڵێین؛ ژن كراوه به كۆیله. دروست له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ژن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت هه‌ستی خۆی ده‌رببڕێت، له‌سه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی لێی ده‌كرێت، خۆی وه‌ك ئه‌و كۆیله‌یه سه‌یركردووه كه له‌ماڵه‌كاندا و شوێنه خراپه‌كاندا به زۆره‌ملێ و بێگاری پێكراوه و فرۆشراوه له بازاڕه‌كاندا. ژن به‌رده‌وام ناچاركراوه پابه‌ند بێت به یاسا و به‌ها و نۆرمه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا كه دروستكراوی پیاون. (سوزان ئه‌نتۆنی) خانمه فێمینیستی ئه‌مریكی له‌سه‌ده‌ی نۆزده‌دا ده‌ڵێت: (ژنان ده‌بێت ده‌نگدانه‌وه‌ی پیاوان بن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن ئه‌وا سه‌ریان ده‌بڕن)… مه‌به‌ست له‌م دێره ئه‌وه‌یه ئه‌و ژنانه‌ی كه ده‌یانه‌ّوێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه پیاو پێیانده‌به‌خشێت بوونی خۆیان بسه‌لمێنن، بێده‌سه‌ڵات ده‌كرێن و بێده‌نگ ده‌كرێن. لێره‌دا (سه‌ربڕین) سیمبۆلیكه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ چیرۆكی سه‌ربڕینی (میدۆسا)، ئه‌م فیگوره كه زۆرجار ناوه‌كه‌یمان بیستووه ته‌نانه‌ت وه‌ك ئاماژه له خۆرئاوادا زیاتر بۆ هێرشكردنه سه‌ر ژنی ئازا و سه‌ربه‌خۆ پێی ده‌ڵێین مێدۆسا. ئه‌م فیگوره زۆرتر له داستانی (ئیلیاد)ی (هۆمه‌ر) دا ئاماژه‌ی پێدراوه كه باس له خواوه‌نده گریكه‌كان ده‌كات و زۆرتر سه‌ر به میتۆلۆژی یۆنانی كۆنه. دواتر ڕۆمانه‌كان كاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م فیگوره ده‌كه‌ن و له میتامۆرفۆزه‌كانی (ئۆڤید)دا به‌ته‌واوی داستانی مێدۆسامان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.( 5)
چیرۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه، (نیپتۆن)ی خواوه‌ند، میدۆسا ده‌بینێت و حه‌زی لێده‌كات، وه پێیوایه مادامه‌كی ئه‌م خواوه‌نده، كه‌واته ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه به‌سه‌ر جه‌سته‌ی میدۆسادا، هه‌ربۆیه‌ش له په‌رستگاكه‌ی (مینێرڤا)دا ده‌ستدرێژی سكێسی ده‌كاته سه‌ر. (مینێرڤا) به‌مه زۆر توڕه‌ده‌بێت و له‌و باوه‌ره‌دابووه، كه په‌رستگاكه‌ی پیسبووه، له پاكی چۆته‌ده‌ر. له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌جیاتی لۆمه‌كردنی (نیپتۆن) دێت و (میدۆسا) ده‌كات به (ده‌عبا) كه قژه‌كانی مارن، كاتێك پیاو سه‌یری ده‌كه‌ن ده‌ترسن له‌جیاتی ئه‌وه‌ی حه‌زیان بچێته سه‌ری. به‌ڵكو به سه‌یركردنی چاوی ده‌بنه به‌رد. دواتر ته‌نانه‌ت مینێرڤا قه‌ڵغانێك ده‌داته پێرسیۆس وله‌كاتی خه‌وتندا سه‌ری ده‌بڕێت، به‌مه‌ش پیرسیۆس وه‌كو ئامرازێك سه‌ری مێدۆسا به‌كار دێنێت بۆ تێكشكاندنی دوژمنه‌كانی. هه‌ڵبه‌ت سه‌ربڕینی مێدۆسا ته‌نها كارێك نه‌بوو كه به‌رانبه‌ری ئه‌نجامدرا، به‌ڵكو ده‌ستدرێژی سێكسیش كرابووه سه‌ری. لێره‌وه توندوتیژی دژی ژنان، داگیركردنی جه‌سته و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ریان مێژوویه‌كی زۆر كۆنی هه‌یه. چیرۆكی مێدۆسا وه‌ك ژنێك كه سه‌ری په‌ڕێندراوه و ده‌ستدرێژی كراوه‌ته سه‌ر، تا ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش به‌رده‌وام له كۆنتێكستی جیاوازدا به‌رهه‌مده‌هێنرێته‌وه. (5)
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، كاتێك كه ژنان خۆیان ڕێكخست وداوای مافی ده‌نگدانیان ده‌كرد، هونه‌رمه‌نده پیاوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له كاریكاتێر وتابلۆكانیاندا به شێوه‌یه‌كی گاڵته‌جاڕانه وێنای ئه‌م ژنانه‌یان ده‌كرد و وه‌كو مێدۆسایه‌كی خه‌ته‌ر، وه‌حشی و سه‌ر ماراوی وێنایان ده‌كردن. بێگومان له‌زۆر كات و شوێنی تردا له خۆرئاوادا وێنای مێدۆسا به شێوازی جیاواز به‌رهه‌م هاتۆته‌وه له ئه‌ده‌ب، هونه‌ری نیگاركێشی، فیكری سیاسی و كولتوری گشتیدا وه‌ك فیگورێكی خه‌ته‌ر، وه‌حشی و هار و دژه پیاو، كه پیاو له پیاوه‌تی ده‌خات.
له كاتێكدا به‌م شێوازه له وێناكردنی (مێدۆسا) ئه‌وه‌یان له هۆشیاری گشتیدا سڕیبووەوه، كه (نیپتۆنی) خواوه‌ند پیاوێكی ده‌ستدرێژكاری سێكسیه و تاوانباره، ئه‌وه مێدۆسایه كه قوربانیه. ئه‌م جۆره له وێناكردن له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیستدا دێته ژێر پرسیار له لایه‌ن فێمینیست و شاعیر و نوسه‌ره خۆرئاواییه‌كانه‌وه، به‌وه‌ی كه چیرۆكه ڕاسته‌قینه‌كه ده‌خه‌نه‌وه‌ڕوو له ڕێگه‌ی شیكاری مێژوو، تێكست و نوسینه‌وه‌ی شیعری ژنانه كه میدۆسا وه‌ك خۆی به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه.. هه‌روه‌ها دواتر له هه‌شتاكانیشدا بزوتنه‌وه‌ی شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیستی زۆرێك له مێژوونوسه‌كانی باس له‌و ده‌ست درێژییه سێكسیه ده‌كه‌ن كه كراوه‌ته سه‌ر مێدۆسا، كه بۆ بێده‌نگكردنی ژن له ئارادایه و سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئه‌م جۆره داستانانه. كاتێك مێدۆسا سه‌ری لێده‌كرێته‌وه، چاو و ده‌می داده‌خرێت، کە مانای بێده‌نگكردن ونابیاناكردنی ژنه هه‌م له ڕێگه‌ی ده‌ستدرێژی و دواتر كوشتن و نابیناكردنی. (5)
له‌ڕاستیدا تاوه‌كو حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، پرسی ده‌ستدرێژی ژن وه‌كوو تاوان سه‌یر نه‌ده‌كرا، هه‌م پیاوان به مافی خۆیان ده‌زانی ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر ژن و هه‌م ژنانیش ده‌نگێكی وه‌هایان نه‌بوو له‌دژی ئه‌م تاوانه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ (شه‌پۆلی دووهه‌می فێمینیستی) و دروستبوونی زمانێكی ئه‌كادیمی كه ژنان ته‌عبیر له چه‌وساندنه‌وه‌ی خۆیانی پێبكه‌ن، هه‌موو ئه‌م پرسیاره گه‌ورانه له دایكبوون. كه‌وتنه هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌كانی مێژوو، داستانه دروستكراوه‌كان كه پیاوان تیادا خواوه‌ندن و ژنان وه‌ك جه‌سته‌ی داگیركراو و به وه‌حشكراو وێناكراون، هه‌موو ئه‌مانه هاتنه ژێر پرسیاری گه‌وره‌وه.
به‌هه‌مان شێوه فه‌لسه‌فه و مێژوی خۆرئاوا كه ژن تیایدا هه‌م خراپ وێناكراوه و هه‌م په‌راوێزخراوه؛ كتێبه ئاینی و به‌ناو پیرۆزه‌كان كه پله‌دووی و جیاكاری جێنده‌ری به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه هاتنه ژێر پرسیاری گه‌وره‌ی فێمینیسته‌كان. ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی زانسته‌وه خانمه فێمینیست و ئه‌كادیمی به‌ریتانی (لین سیگاڵ) له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه؛ له زۆربه‌ی سه‌رده‌مه‌كاندا ژن و زانست وه‌كو دوو دژی یه‌ك مامه‌ڵه‌ده‌كران، ته‌نانه‌ت هه‌ر ژنان خۆیان بدایه له قه‌ره‌ی زانست و زانیاری مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه مه‌هزه‌له بكرێن و هه‌ڵدرێنه ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه. یان له باشترین حاڵه‌تدا وه‌ك خاتوو (لین) ده‌ڵێت؛ ژنان ده‌بوایه ڕه‌گه‌زی خۆیان وازلێبێنن، بۆنمونه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا، هه‌رچه‌نده گه‌شه‌ی ئایدیا و ئه‌وجی ڕۆشنگه‌ری بووه، نمونه‌ی فه‌یله‌سوفی فه‌ڕه‌نسی (ڤۆڵتێر) دێنێته‌وه كاتێك ستایشی (ئیم‌یل دو شاتلێت) ده‌كات كه فیزیای (نیوتنی) په‌ره‌پێداوه و ڤۆلتێر ده‌ڵێت: (ئه‌م ژنه پیاوێكی مه‌زنه ته‌نها كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌تی ئه‌وه‌یه كه ژنه، ژنێك كه نیوتنی شیكاری و وه‌ڕگێراوه، له یه‌ك وشه‌دا پیاوێكی زۆر مه‌زنه). ئه‌مه له كاتێكدا بووه كه (خاتوو ئیم‌یل دوشاتلێت) هاوكار و خۆشه‌ویستی ڤۆلتێر بووه بۆ ماوه‌ی پانزده ساڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری! (6)
لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه مێژووی چه‌وسانه‌وه و په‌راوێزخستن و بێده‌سه‌ڵاتكردنی ژنان له دونیادا، له كات و شوێنی جیاوازدا هۆكار و ئاستی جیاوازی هه‌یه. له‌هه‌مان كاتدا لێكچوون و نزیكایه‌تی زۆریشیان هه‌یه، بۆ نمونه گه‌ر سه‌یری به‌شێك له ئایه‌ته‌كان، پرۆگرامی سیاسی حیزبه‌كان، یاساكان و ستره‌كتوری ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه جیاواز له‌وه‌ی ئه‌مانه كایه‌ی پیاوانه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و ماف و ئازادیانه‌ی كه ئه‌وان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن زۆر ڕووكه‌شن و له كۆمه‌ڵێك كڵێشه و ڕیتۆریك زیاتر نین. له‌هه‌مان كاتدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی ژن كه‌مده‌كه‌نه‌وه له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا. هه‌ر كاتێك ژنان وه‌كو خۆیان ده‌یانه‌وێت خه‌بات بكه‌ن و باس له‌ماف، ئازادی، چه‌وسانه‌وه و توندوتیژی پیاوان بكه‌ن له دژیان، ده‌كه‌ونه ژێر ڕه‌خنه و تانه و ته‌شه‌ر و ته‌نانه‌ت هێرشه‌وه و پێیان ده‌وترێت دژه پیاو، نه‌زان، گێل، یاخود تێكده‌ر، فیتنه و خوڵقێنه‌ری جیاكاری جێنده‌ری.
له‌م سه‌فه‌ره كورته‌مان به نێو مێژوودا و هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێك نمونه و شیكاریكردنیان ئه‌وه‌مان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه، كه جیاكاری جێنده‌ری، توندوتیژی و چەو‌سانه‌وه‌ی ژنان مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و درێژبووەته‌وه بۆ ئێستامان. سه‌ره‌ڕای خه‌باتی ژنان بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونیان و به‌شداری هاوتایان له‌گه‌ڵ پیاودا له هه‌موو بواره‌كاندا، به‌ڵام به‌رده‌وام وه‌لانراون و ڕۆڵیان به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه.
جانیوه‌ری ٢٠١٧