فرانتس کافکا؛ ڕاپۆرتێک بۆ ئەکادیمیا

فیلیكس میتله‌ره‌ر؛ ڕاپۆرتێک بۆ ئەکادیمیا - كافكا Felix Mittlerer „Bericht für eine Akademie“ von Franz Kafka
1,257
كافكا

بەڕێزە باڵاکانی ئەکادیمیا

بەو داوایەتان لێم، کەڕاپۆرتێکتان لەسەر ژیانی پێشووم وەکو مەیموونێک   پێبگەیەنم، شەرەفمەندتان کردووم.

هەڵبەت بەداخەوە بەو مانایە ناتوانم شوێن داواکەتان بکەوم. چونکە وا نزیکەی پێنج ساڵێک دەبێت من خۆم لەمەیموونایەتی دابڕاندووە، ئەمەش ڕەنگە بەپێی ساڵنامە و ڕۆژمێره‌كان بەماوەیەکی کورت بپێورێت، بەڵام من بەشێوەیەکی زۆر نەبڕاوە گوزەراندم، بەو جۆرەی من کردم، لەهەندێک قۆناغدا مرۆگەلێکی پەسەند،  به‌ئامۆژگاری باش و چەپڵە و موزیکی ئۆرکێسترالی یاوەرم بوون، بەڵام بۆئەوەی لەم وێنەیەدا بمێنینەوە، دەبێت بڵێم؛ کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی من تەنیا بووم،  چونکە هەموو ئەو یاوەرانە خۆیان لە بەربەستەکە دوور ڕادەگرت.

هەڵبەتە ئەم ئیشەش، ئەگەر من سووربوومایە لەسەر بنەڕەتی خۆم و لەسەر یادەوەرییەکانی گەنجێتیم، ئەوا شتێکی نەکردە دەبوو.  لەڕاستیدا وازهێنان لەو لاسارییە بەرزترین ئەرک بوو، کە خستمە سەر ئەستۆی خۆم ومنی (مەیموونی ئازاد)  چوومە ژێر باری ئەم کۆڵەوە. بەڵام تا دەهات یادەوەرییەکان لەلایەن خۆیانەوە بەردەوام لەناومدا خۆیان کڵۆمدەدا. ئەگەر مرۆڤەکان بیانویستایە، ئەوا یەکەمین گەڕانەوەم بەناو تەواوی ئەو دەروازەیەدا بوو، کە ئاسمان بەسەر زەویدا دروستیکردووە، کە تا دەهات هاوکات بە  قامچی لێدانی گەشەسەندنم بەرەو پێشەوە، ئەو دەروازەیە نزمتر و تەنگتر دەبووەوە. دیاره‌   من لەنێو دونیای مرۆڤدا زۆرتر هەستم بە ئارامی و ئاسایش کردووە. ئەو زریانەی لە ڕابوردوومەوە بەڕوومدا هەڵیدەکرد، هێوربووەوە، ئەمڕۆ تەنیا شنەیەک دێت کە پاژنەی پێم فێنک دەکاتەوە، ئەو کونە دوورەی ئەو شنەبایەی لێوە دێت، کە کاتی خۆیشی منیش هەر لەوێوە هاتبووم، ئێستا وەها بچووک بۆتەوە، ئەوا تا دەگەمە ئەوێ  شلوشەکەت دەبم و پێستم بە لەشمەوە کەوڵ دەبێت، ئەمە ئەگەر هێز و ویستی تەواوی ئەوەم هەبێت تا بۆ ئەوێ بگەڕێمەوە. بەڕاستگۆیی بدوێم له‌گه‌لتاندا ، حەزدەکەم وێنەی ئەم شتانە هەڵبژێرم، با بەڕاشکاوانتر  قسە بکەم: بەڕێزانم، ئێوەش خۆتان شتێکی لەو جۆرەتان لەپشتەوەیە، هەڵبەتە مەیموونایەتییەکەی ئێوەش هێندە دوور نییە لێتانەوە، وەک دووری ئەوەی من لێمەوە. ئەمە ختووکەی بنپێی هەموو کەسێک دەدات، کە بەسەر ئەم زەوییەدا بڕوات: هەم شیمپانزە بچووکەکان و هەمیش (ئەسخیلۆسی) مەزن.

بەڵام ڕەنگە بتوانم بە مەبەست و لە مانایەکی سنوورداردا وەڵامی داواکەتان بدەمەوە، بگرە بەخۆشحاڵییەکی گەورەشەوە. یەکەمین شتێک کە فێری بووم، بریتی بوو لەوەی: تەوقە بکەم، تەوقەکردن ئاماژەیە لەسەر کرانەوە، ئەمڕۆش من کە لەسەر ئاستێکی بەرزی ڕێگای ژیانمدا ڕاوەستاوم، ڕەنگە هەموو یەکەمین تەوقەکردنێک وشەیەکی کراوەم بۆ سەربار بخات. هەڵبەت ئەکادیمیاکە هیچ شتێکی تازە لەمەوە فێر نابێت و زۆریش لەوە دوور دەکەوینەوە، کە داواتان لێ کردووم و ئەوەشی من لە باشترین نیازیشدا هێشتا ناتوانم بیڵێم، ئەوەیە دەبێت ئەو ڕاستەهێڵانە پیشان بدات کە مەیموونێکی جارانی خستۆتە ناو جیهانی ئێستای مرۆڤەوە و لەوێشدا درێژە و بەردەوامی بەخۆی داوە. هەڵبەتە من خۆم بۆم نەبوو بچووکترین شت لەسەر هەموو ئەو شتانەی بەدوای ئەوەدا هاتن بڵێم و بدرکێنم، ئەگەر بەتەواوەتی دڵنیا نەبوومایە و جێگەی خۆم لەسەر هەموو شانۆ جۆراوجۆرەکانی دونیای شارستانیدا توند بەبێ هیچ لەقاندنێک نەچەسپاندایە.

من بنەچەم دەگەڕێتەوە بۆ (کەنارەکانی زێڕ- گۆلدن کۆست)  سەبارەت بەوەشی چۆن دەستگیرکرام، ئەوە لەڕێی ڕاپۆرتی بێگانەکانەوە پێمڕاگەیەنراوە. لە هەڵمەتێکی ڕاوکردندا بۆ (کۆمپانیای هاگەنبێک) ده‌ستگیركرام، کەدواتر لەگەڵ ڕێبەرەکەیاندا بۆ خۆمان چەند بوتڵێکی باش شەرابی سوورمان خاڵی کردەوە. هه‌ڵمه‌تی ڕاوكردنه‌كه‌‌ له‌نێزیك داروده‌وه‌نی  سه‌ر گۆمی نێو دارستانه‌كه‌ ده‌ستیپێكردبوو، کاتێک لە ئێوارەیەکدا لەنێو ‌له‌مەیموونگەلێکدا بەرەو ئاوخواردنەوە دەچووم، ئه‌وان دەستیانکرد بە تەقەکردن لێمان، من تاقە مەیموون بووم کە پێکرام، دوو گوولـلە پێکامی و شکاریان کردم.

یەکێکیان بە سووکی بەر ڕوومەتم کەوت، بەڵام قەڵبەیەکی سووری گەورەی ئەوتۆی بە ڕدێنمەوە بەجێهێشت، کە بووە هۆی ئەوەی لەلایەن مەیموونێکەوە ناوێکی بڵح و تەواو نادروستم بەناوی (پیتەرە سوور) ەوە بەشێوەیەکی ڕەسمی  بەسەردا ببڕێت. ئیتر ئاوا، من لێرە و لەوێ، بەو پەڵە سوورەی سەر ڕوومەتمەوە، لەو ئاژەڵە مەیموونە ڕاهێنراوەی هێندە نابێت بەسەرچووە، به‌پیته‌ری مەیموون جیا دەکرێمەوە.

 

لەپاڵ ئەمەدا گولـلەی دووەم ژێر کەمەرمی پێکا، ئەمیان سەخت بوو، هەر گوناهی ئەمیشە کە من ئەمڕۆ وا کەمێک دەشەلم. لەم دواییانەشدا لە وتارێکدا کە یەکێک لەو دەیان هەزارهەڵەوەڕانەی لەڕۆژنامەیەکدا لەسەرم نوسیبووی ئەوەم خوێندەوە، کەوا من هێشتا سروشتە مەیموونییەکەم بەتەواوەتی تیا نەچووە. بەڵگەکەشی ئەوەبوو، کاتێک کە سەردانیکەران دێنە سەیرکردنم، بۆئەوەی شوێنەواری تیغی گوولـلـەکەیان پیشان بدەم، زۆر حەز بەداکەندنی پانتۆڵەکەم دەکەم بۆیان.  ئەو دەستەی ئەو گوتارەی نوسیووە، دەبێت یەک بەیەکی پەنجەکانی بشكێنرێن. چونکە من بۆم هەیە، لەبەردەمی هەرکەسێکدا حەز بکەم، پانتۆڵەکەم دابکەنم، خۆ خەڵکی لەوەدا چی دەبینن جگە لە تووکێکی جوان خزمەتکراو و قەڵبەیەک، با لێرەدا وشەیەکی دیاریکراو بۆ مەبەستێکی دیاریکراو هەڵبژێرین، شتێک کە بەدحاڵیبوونی لێ نەکەوێتەوە، قەڵبەیەکی گولـلـەیەکی قێزەون. ئەمڕۆ هەموو شتێک ئاشکرایە و هیچ شتێک ناشاردرێتەوە، بەڵام گەر شتەکە سەبارەت بە ڕاستی بێت، ئەوا هەموو دڵێکی جوامێر ئەو ئەدەبە نیانە فەرامۆش دەکاتەوە. خۆ ئەگەر خودی ئەو نوسەرە پانتۆڵەکەی خۆی داکەنێت، کاتێک سەردانیکەران دێن، ئەوا ئەویش بەجۆرێکی تر دەردەکەوێت، منیش دەمەوێت ئەوە بە ئاماژەیەکی ئەقڵ دابنێم، کە ئەو شتی وا ناکات. ئەوساش ئەویش نابێت چیتر من بەهەستە ناسکەکانی هەراسان بکات.

 

من لەدوای ئەو گولـلانە لەنێو قەفەزێکی سەر ڕووی کەشتییە هەڵمینەکەی (هاگەنبێک) دا وەئاگاهاتمەوە، هەڵبەتە ئالێرەدا هێدی هێدی یادەوەرییەکانی خۆم دەست پێدەکەن. قەفەزێکی چوار دیواری نەبوو، بەڵکو سێ دیواری بوو و بە سندوقێکەوە بەسترابووەوە، واتە سندوقەکە دیواری چوارەمی پێکدەهێنا. قەفەزەکەش تێکڕا هێندە نزم بوو، نەدەکرا بەپێوە ڕابوەستم و هێندەش تەسک بوو، بۆ دانیشتنیش نەدەشیا. لەبەرئەوە بە ئەژنۆیەکی چەماوە و بەردەوام لەرزۆکەوە چیچکانم دەکرد، سەرەتاش وه‌ها دەردەکەوتم حەزم بە بینینی هیچ کەسێک نەدەکرد، لەبەرئەوە هەمیشە دەمویست لەتاریکیدا بمێنمەوە، کاتێکیش ڕووم دەکردە سندوقەکە، لەپشتەوە شیشی قەفەزەکە دەچەقییە ناو گۆشتەکەم. خەڵکیش لەهەموو کاتێکی سەرەتادا ئەو جۆرە ڕاگرتن و بەندکردنەی ئاژەڵێکی دڕ بە شتێکی بەسوود دادەنێن، منیش خودی خۆم لەمڕۆدا دوای ئەو ئەزموونە ناتوانم نکوڵی لەوە بکەم کە بەڕاستی ئەمە لە مانا مرۆییەکەیدا هەر ئەو حاڵەتەیە.

بەڵام من ئەوسا بیرم لەوە نەدەکردەوە.  ئەوە یەکەمین جار بوو لە ژیانمدا من چ دەروازەیەک و ده‌ریچه‌یه‌ك شک نەبەم، بەلایەنی کەمەوە ڕاستەوڕاست بۆ پێشەوە هیچ دەرچوونێک نەبوو، ڕاستەوڕاست لەبەردەممدا قەفەزەکە بوو، کە تەختە بە تەختەوەی داکوترابوو. ئەگەرچی لەنێوان تەختە پێکەوە داکوتراوەکاندا کەلێنێک مابووەوە، کە یەکەمجار دۆزیمەوە، بە لوورەیەکی خۆشی گێلانەوە پێشوازیم لێکرد، بەڵام ئەم کونە هێندە گەورە نەبوو کە کلکمی پێدا بچێت و بە هەموو هێزی مەیموونانەی خۆشمەوە بۆم فراوانتر نەدەکرا.

 وەکو دواتریش پێیان گووتم، سەیربوو دەنگە دەنگێکی کەمم هەبوو، کە لەمەشەوە خەڵکی وای بۆ دەچوون، یان ئەوەتا بەم نزیکانە تیادەچم، یاخود ئەگەر توانیم لەو قۆناغە تەنگانەیە دەربازبم، ئەوا زۆر ڕاهێنراو دەبم. واشبوو، من ئەو کاتەم دەربازکرد و زیندوو مامەوە. منگە منگ و گەڕانی ئازاراویم بەدوای  كێچی ناو له‌شم و تامی خراپبووی گوێزی هیندی و سەر پیاکێشانم بە دیواری سندوقەکەدا و زمان دەرهێنانم لە هەرکەسێک نزیک بکەوتایەتەوە لێم…هه‌موو ئەمانە، یەکەمین خۆسەرقاڵکردنەکانی ژیانە نوێکەم بوون. بەڵام لەناو هەموو ئەمانەدا تەنیا یەک هەستم هەبوو: ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو‌، هیچ ده‌ریچه‌یه‌ك بوونی نییە. هەڵبەت ئەوەی ئەوسا وەکو مەیموونێک هەستم پێدەکرد،  بێگومان به‌ پێوه‌ری هه‌ستی مه‌یموونێک،  ئەمڕۆ دەتوانم بە زمانی مرۆڤ نیگاری بکەم. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش  بڵێم  كه‌ لەئەنجامیشدا نه‌توانم بگه‌مه‌ (هه‌قیقه‌تی مه‌یموونایه‌تیم) و  بەهەڵە نیگاری دەکەمەوە، بەڵام گەر  نەشتوانم بگەم بەپێوه‌ری هەقیقەتە کۆنەکەی مەیموونایەتیم، ئەوا هیچ گومان لەوه‌ناكه‌م، بەلایەنی کەمەوە ئەو كه‌موكورتییه‌م ڕاستییه‌كه و‌ ئۆباڵی ‌دەکەوێتە سه‌ر ئاڕاستەی وەسفکردنەکەی من.

من پێشان چەندەها دەروازەی دەرچوونم هەبوو، کەچی ئێستا هیچ. من کۆت و پێوەند کرابووم، خۆ ئەگەر بە بزمار دایانکوتامایە، ئەوا بگرە بەوەش هێشتا ئازادی جموجۆڵکردنەکەشم بچووکتر نەدەبووەوە. ئەمە بۆچی؟  دیارە ئەگەر تۆ گۆشتی نێوان پەنجەکانی پێت بخورێنیت، هیچ وەڵامێک نادۆزیتەوە. خۆ ئەگەر بەپشتیشا خۆت بکێشیت بە شیشی قەفەزەکەدا و بتکات بە دوو لەتیشەوە، ئەوا هەر وەڵامت دەستناکەوێت. من هیچ دەروازەیەکم شک نەدەبرد، بەڵام دەبوو دانەیەک بۆ خۆم دروست بکەم، چونکە بەبێ ئەو نەمدەتوانی بژیم و بمێنمەوە. هەمیشە بەپاڵ دیواری قەفەزەکەوە بووم، ئەمەش مەرگێکی حەتمی بوو، دیاره‌ لای (هاگەنبێک) مەیمونەکان شوێنیان دیواری سندوقە، بەڵام من ئێستا وازم لەوە هێناوە مەیموون بم. من دەبوو مەشقی بیرکردنەوەیەکی ڕوون و جوان، بەشێوەیەک لەشێوەکان،  بدوورم بەسکمەوە، چونکە مەیموونەکان بە سکیان بیردەکەنەوە.

دەترسم خەڵکی بەتەواوەتی تێنەگەن، من مەبەستم چییە لە دەرچوون. هەڵبەت من ئەم وشەیە لەمانا باو و پڕاوپڕەکەی خۆیدا بەکاردەهێنم. من بە مەبەست ناڵێم ئازادی. من مەبەستم لەو هەستە گەورەیەی ئازادی نییە بۆ هەموو لایەنەکان.

Felix Mittlerer
فرانتس کافکا؛ ڕاپۆرتێک بۆ ئەکادیمیا „Bericht für eine Akademie“ von Franz Kafka

ڕەنگە من وەکو مەیموون ئازادیم ناسیبێت، وە دواتر مرۆڤگەلێکیشم ناسی کە تامەزرۆی ئازادییان هەبوو. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە منە، نە ئەوسا و نە ئەمڕۆش داوای ئازادیم نەکردووە. لەپاڵ ئەمەشدا: مرۆ لەنێو خەڵکدا  زۆرجار خۆی بە ئازادی هەڵدەخەڵەتێنێت. هەروەک چۆن ئازادی بە باڵاترین هەست دەژمێردرێت، بەهەمانشێوەش فریودان و هەڵخەڵەتاندن بە باڵاترین هەست دەژمێردرێت.زۆرجاریش بەرلەوەی بچمە سەر شانۆ، لە نمایشە جۆراوجۆرەکاندا، ئەوەم بینیوە کە هەندێک لە هونەرمەندەکان چۆن خەریکی جۆلانێکردن بوون بەو جۆلانەیەی بە بنمیچەکەوە هەڵواسرابوو. دیلانێیان بەخۆیان دەکرد، بازیان دەدا و لەناو باڵی یەکتریدا دەگیرسانەوە، یەکێک قژی یەکێکی تری  بە ددانەکانی گرتبوو، (ئەمەش هەر ئازادی مرۆڤه‌).  کەچی من وامدەزانی، ئەوە (جووڵەی خۆکۆنترۆڵکردنە). تۆ گاڵته‌ به‌پیرۆزیه‌كانی سروشت ده‌كه‌یت!  لەبه‌رده‌م  قاقای ئەم مەیموونایەتییەدا هیچ شتێك ناتوانێت خۆی بەپێوە ڕاگرێت.

نا، من ئازادیم نەدەویست. تەنیا دەرچوونێک، جا بەلای ڕاستدا بووبێت یاخود بەلای چەپدا، وەیان بەهەر لایەکی تردا بووایە، هیچ داوایەکی ترم نەبوو، تەنانەت گەر دەرچوونەکەش هەر هەڵخەڵەتاندن بووایە، داواکارییەکە بچووک بوو، هەڵبەت هەڵخەڵەتاندنەکەش گەورەتر نەدەبوو. بەردەوامبە و درێژەی پێ بدە، تەنیا لەبەر ئەوەی ڕانەوەستم و ته‌نها به‌وه‌ نه‌وه‌ستم دەستەکانم هەڵبڕی بێت و پاڵم بە دیواری قەفەسەکە وه‌ دابێت و خۆم بدەم بەدەستەوە.

ئەمڕۆ بەڕوونی ئەوە دەبینم: بەبێ  هەبوونی ئۆقرەیەکی ناوەکی گەورە، نەمدەتوانی لەوە دەربازبم. لەڕاستیشدا ڕەنگە من، بۆ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە یەکەم ڕۆژمەوە لەسەر کەشتییەکە بەسەرمدا هاتوون، هەر قەرزارباری ئەو ئارامییە بم. هەڵبەتە هەروەها قەرزارباری ئارامی خەڵکی سەر کەشتییەکەش بووم.

سەرباری هەموو شتێکیش، ئەوان مرۆڤگەلێکی باش بوون. هێشتا تا ئەمڕۆش حەز بە بیرهێنانەوەی زرنگانەوەی پێی هەنگاوە قورسەکانیان دەکەم، کە ئەوسا لەناو خەوە نیوەچڵەکانمدا دەنگی دەدایەوە. ئەوان وه‌ها ڕاهاتبوون، هەموو شت بەوپەڕی هێواشییەوە وەربگرن. خۆ ئەگەر یەکێکیان بیویستایە چاوەکانی بخورێنێت، ئەو   بەشێوەیەک دەستی بۆ چاوی بەرزدەکردەوە وەک ئەوەی کێشێکی قورس هەڵبڕێت. گاڵتەکانیان زبر بوون، بەڵام دڵگیر بوون. پێکەنینەکانیان هەمیشە تێکەڵێک بوو لە قرخەی کۆکەیەکی ترسناک، بەڵام بێمانا. هەمیشەش شتێکیان لەدەمدا بوو  بۆ تفکردنەوە، جا بەلاشیانەوە گرنگ نەبوو بەکوێدا تفی بکەنەوە. هەمیشە سکاڵایان لەوەش دەکرد، کە كێچه‌كانی ناو له‌شی من بۆلای ئەوان باز هەڵدەدەن، بەڵام هەڵبەتە هەرگیز تەواو لەبەرئەوە لەگەڵ مندا خراپ نەبوون، چونکە ئەوان ئەوەیان دەزانی کە ئەو كێچانه‌  لە کەوڵەکەمدا پەرەدەستێنن و ئەم كێچانه‌ باز دەدەن و هەڵدەفڕن. دواجار ئەوان خۆیان لەگەڵ ئەوەدا ڕاهێنابوو. کاتێکیش پشووی کاریان هەبووایە، هەندێکجار هەندێکیان بەشێوەی نیوەبازنەیەک بەدەوری مندا خڕدەبوونەوە، قسەشیان کەمدەکرد، بەڵکو زیاتر ورتەورتیان بۆ یەکتری دەکرد، لەسەر سندوقەکان ڕادەکشان و پایپیان دەکێشا، هەرکاتێکیش من بچووکترین جووڵەم بکردایە، ئەوان دەیانکێشا بە ئەژنۆی خۆیاندا، جاربەجارێکیش لێرە و لەوێ یەکێکیان ختووکەی ئەو شوێنەمی دەدا کە پێم خۆشبووایە. خۆ ئەگەر ئەمڕۆ بانگهێشتم بکەن بۆ گەشتێک لەسەر ئەو کەشتییە، ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕه‌تی دەکەمەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەوانە تەنیا یادگاری ناشیرین نین، کە من لەوێ لەنێوان نهۆمەکانی کەشتییەکەدا توانیم شوێنیان بکەوم .

ئەو ئارامییەی من لەنێو بازنەی ئەو خەڵکانەدا بەدەستمهێنا، زۆر بەتایبەتی لەهەموو هەوڵێکی هەڵاتن ڕای دەگرتم. گەر بەچاوی ئەمڕۆ تەماشای بکەین، شتەکە وا دەردەکەوێت بۆم، وەک ئەوەی هیچ نەبێت من زانیومە، کەوا ئەگەر بمەوێت بژیم، ئەوا دەبێت ڕێگە دەرچوونێک بدۆزمەوە، بەڵام ئەوەیە ئەو دەرچوونە لەڕێی هەڵاتنەوە پێی ناگەم. چیتر ناشزانم، داخۆ هەڵاتن شیاو بوو، بەڵام لەو باوەڕەدام کە هەڵاتن بۆ مەیموونێک هەمیشە شیاو دەبێت. بەو ددانانەی ئەمڕۆ هەمن دەبێت  بە وریاییەوە گوێزێکی ئاسایی پێ بشکێنم، بەڵام هەڵبەت جاران دەمتوانی، تەنانەت قوفڵی دەرگاکە بەگاز بپچڕم. بەڵام من ئەوەم نەکرد. ئایا بەوە چیم دەستدەکەوت؟ هەر ئەوکاتەی سەرم دەبردە دەرەوە دەیانگرتمەوە و لەنێو قەفەزێکی خراپتردا بەندیان دەکردمەوە، یان ئەگەر نەبینرامایە و بەرەو ئاژەڵیکی تر، بەنمونە ئەو مارە زلەی بەرانبەرم، بمتوانییایە هەڵبێم و دواین هەناسەی خۆم لە ئامێزی  ئەودا بدایە، یاخود ئەوپەڕی دەمتوانی دزەبکەمە سەر ڕووی کەشتییەکە و لەوێوە قەڵەمبازێکم بدایە، ئەوسا تا ماوەیەک لەسەر دەریاکە پەلەقاژەمدەکرد و دواتر دەخنکام. ئەوانە کردەوەی نەزۆکن. من وەها مرۆڤانە لێکمنەدەدایەوە، بەڵام لەژێر کاریگەری دەوروبەرەکەمدا وەها ڕەفتارمکرد، وەک ئەوەی مرۆڤانە لێکمدابێتەوە.

من حسابی ئەوەم نەکردبوو، هەڵبەتە بەڵام بەهەموو ئارامییەکەوە چاودێریم دەکرد. ئەو خەڵکانەم دەبینی دەچوون بەرەو پێشەوە وبەرەو دواوە، هەمیشە هەمان دەموچاو، هەمان جوڵە، زۆر کەڕەت وەها لام دەردەکەوت، وەک ئەوەی هەر یەکێک بن. ئیتر، ئەو کەسە یان ئەو کەسانە دەهاتن و دەچوون بەبێئەوەی هیچ هەراسان ببن. ئامانجێکی بەرز لەناومدا سەریهەڵدا. هیچ کەسێکیش گفتی ئەوەی پێ نەدام، کە، ئەگەر منیش وەکو ئەوانم لێبێت، ئەوا  قەفەسەکەم لێ دەکەنەوە. دیارە گفتی لەو جۆرە بەدیهاتنی شتێکی نەکردەیە. بەڵام ئەگەر گفتەکەیان بهێنایەتە دی، ئەوا دواتر گفتەکان کتومت  لەوێدا دەردەکەوتن کە زووتر بێهوودە بەشوێنیدا دەگەڕان. ئێستا ئیتر لەناو خودی ئەو مرۆڤانەدا شتێکی ئەوتۆ نەبوو، کە من زۆر گومڕا بکەن. ئەگەر منیش ببوومایەتە هەواداری ئەو ئازادییەی باسمکرد، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەریاکەم بەسەر ئەو جۆرانەی تری دەربازبووندا پەسەندتر دەکرد، کە لە دیدێکی تەڵخی ئەو مرۆڤانەدا خۆی پیشاندام. هەڵبەتە من ماوەیەکی درێژتر بوو چاودێرییانم دەکرد، هەر کە بیر لەو شتانە دەکەمەوە، ئا، سەرەتا ئەو چاودێریکردنە کەڵەکەبووانە بوون  پاڵیان پێوەنام بەرەو هەڵبژاردنی ئەو ئاراستە دیاریکراوە.

شتێکی زۆر ئاسان بوو، لاسایی خەڵکی بکەمەوە. هەر لەیەکەمین ڕۆژەوە توانیم تف بکەم. ئێمە تفمان لە دەموچاوی یەکتری دەکرد، جیاوازییەکە تەنیا ئەوە بوو دواتر من دەموچاوم بەزمانم پاک دەلێسایەوە و ئەوان ئەوەیان نەدەکرد.  دواتر هەروەکو  کەسێکی كامڵ پایپم دەکێشا، بە پەنجەی ئەسپێکوژەم سەری پایپەکەم دەپەستێورا، هەموویان لە نهۆمەکانی کەشتییەکەدا لە خۆشیدا دەیانقریواند، تەنیا یەک جیاوازی لەمەشدا هەبوو، ئەوەبوو تا ماوەیەکی درێژ تێنەگەیشتم کونی پایپەکە گیراوە یان خاڵییە.

بوتڵی مەی لەهەموو شت زۆرتر ماندووی دەکردم. بۆنەکەی ئازاری دەدام، بەهەموو هێزیشمەوە زۆرم لەخۆم دەکرد، بەڵام هەر چەند هەفتەیەکی پێچوو تاوەکو خۆم ڕاهێنا. سەیر بوو خەڵکی ئەم زۆرانبازییه‌ نێوەکییەیان تیامدا لەهەرشتێکی تر زیاتر بە هەند وەرگرتبوو. هەڵبەت منیش لەیادەوەریمدا خەڵکەکەم بۆ لەیەکتری جیا ناکرێتەوە، بەڵام  لەوێ یەکێک هەبوو، کە بەردەوام دەهاتەوە، هەم بەتەنیا و هەم لەگەڵ هاوکارەکانیدا، هەم بە ڕۆژ و هەم بە شەو، لە کاتی جیاواز جیاوازدا بە بوتڵێکەوە دەهاتە بەردەمم و وانەی پێدەدام. ئەو لەمن تێنەدەگەیشت، کەچی دەیویست مەتەڵی بوونم  شیبکاتەوە. ئەو بەهێواشی تەپەدۆری سەر بوتڵەکەی دەردەهێنا و  ئینجا چاوێکی دەبڕییە من، تاوەکو بزانێت داخۆ تێگەیشتبێتم. به‌ڵام دەبێت دان بەوەشدا بنێم، کە بەئاگاییەکی هەڵەشە و بزێوەوە تەماشام دەکرد. خوێندکارێکی مرۆڤی ئاوا هیچ مامۆستایەکی مرۆڤ لەم سەر گۆی زەوییە نایبینێتەوە. دوای ئەوەشی سەری بوتڵەکەی هەڵبچڕی، بردی بەرەو دەمی و بینی پێوەنا، منیش بە تەماشایەک تاوه‌كو قوڕگی به‌چاو شوێنی کەوتم، بە سەرلەقاندنێک ڕازیبوونی خۆی بەرانبەرم نیشاندا و بوتڵەکەی خستە سەر لێوی. من بەو زانیاریە  کەم کەمەم شاگەشکە بووم، ئینجا هەموو تانوپۆی لەشی خۆم، لەکوێ پێویستبووایە، دەخوراند، ئەو خۆشحاڵ بوو، بوتڵەکەی دەبرد بۆ دەمی و قوومێکی لێ دەدا، منیش بێئۆقرە و بێئومێد، بۆئەوەی لاسایی ئەو بکەمەوە، خۆم لە قەفەسەکەمدا پیسدەکرد، ئەمەش ئاسوودەییەکی گەورەی دەدا بەو. دوایی  بوتڵەکەی دوور لەخۆی دەگرت  و بە تەکانێکی خێرا دیسانەوە بەرزی دەکرده‌وە بۆ خۆی و بەرەو دواوە دەچەمایەوە و بەزێدەڕۆییەکی فێرکارییانەوە بە قومێک چۆڕی لێدەبڕی. من، کە شەکەتی ئەو هەموو داخوازییە گەورانە بووم، نەمدەتوانی چیتر ڕه‌دووی ئه‌م وانه‌یه‌ بکەوم و بەم لاوازییەوە بە شیشی قەفەسەکەوە خۆم هەڵدەواسی، لەکاتێکدا ئەویش وانە تیۆرییەکەی بەوە کۆتایی پێدەهێنا، کە دەستی بە ورگیدا دەهێنا و بە تەوسێکەوە دەخەنییەوە.

هەر ئێستا مەشقە پیادەییەکە دەستپێدەکات، بەڵام ئایا من لەڕێی تیۆرییەوە تەواو دروستنەبووم؟ بێگومان، بگرە زۆریش دروست بووم. ئەمەش سەربەچارەنوسەکەمە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵی تەواوەتی دەدەم بۆ گرتنی ئەو بوتڵەی دەمدەنێ، ئینجا بە هەڵلەرزینێکەوە سەرقاپە تەپەدۆرییەکەی هەڵدەپچڕم، کە ئەوەمکرد، ئیتر هێدی هێدی هێزی نوێ دێتە گیانمەوە. من بوتڵەکە هەڵدەبڕم، بەجۆرێک، کە بەزەحمەت لاساییکردنەوەکەم لە مەیخۆرێکی ڕەسەن جیابکرێتەوە، دەیخەمە سەر لێوم و ئینجا بەقێزێکەوە، بەقێزێکەوە فڕێیدەدەم، ئەگەرچی خاڵییە و تەنیا بە بۆن پڕە، کەچی بە قێزەوە فڕێیدەدەمەوە سەر زەوی. بۆ دڵتەنگی مامۆستاکەم و بۆ بەدبەختی گەورەی خۆشم، شکستم هێنا لەوەی هەم دڵنەوایی ئەو و هەم دڵنەوایی خۆم بدەمەوە بەوەی کاتێک، تەنانەت دوای ئەوەی بوتڵەکەشم فڕێدا، لەبیرم نەچێت کە شتێکی باش بکەم بەوەی دەستێک بهێنم بە ورگمدا و بەتەوسێکەوە بخەنێمەوە.

زۆرینەی جار وانەکە تەنیا وەها بەڕێدەکرا و سەبارەت بە شتە چاکەکانی مامۆستاکەشم، ئەو لەگەڵ من خراپ نەبوو، بگرە هەندێک جار پایپە داگیرساوەکەی بەئاراستەی كه‌وڵه‌كه‌م بۆ دەگرتم تاوەکو لەهەندێک شوێندا  کە بەلامەوە سەخت بوو پێیبگەم، تا دادەگیرسا، ئینجا دووبارە بەدەستە گەورە و باشەکانی خۆی دەیکوژاندەوە. ئەو خراپ نەبوو بۆم، ئەو وایدەبینی کە ئێمە هەردووکمان بە هەمانشێوە لەدژی سروشتە مەیموونییەکەی من دەجەنگاین و بەشە سەختەکەی بەر من کەوتبوو.

ئای ئەوە چ سەرکەوتنێک بوو، بێگومان هەم بۆ ئەویش و هەم بۆ خودی خۆشم، کاتێک من لە ئێوارەیەکدا لەبەردەمی بازنەیەکی گەورەی تەماشاكاراندا ، ( وابزانم جەژنێک بوو، تیایدا گرامافۆنێک دەژەنرا و ئۆفیسەرێک بەنێو خەڵکەکاندا دەڕۆشت) ، کاتێک ئەو ئێوارەیە، کەس چاودێری نەدەکردم،  ئەو بوتڵە شەرابەی بەڕێکەوت لەپێش قەفەسەکەم دا بەجێمابوو، دەستمدایە و بردم   و لەبەرچاوی هەموو ئەو جڤاتەدا، بەشێوەیەکی ڕێسایی تەواو هەڵمبچڕی و بەبێ هیچ دوودڵییەک و بەبێ هیچ قەپۆز خوارکردنەوەیەک، وەکو مەیخۆرێکی شارەزا، بە چاوێکی هەڵخولاوەوە و بە قوڕگێکی غەرغەرەییەوە دەمم پێوەنا و بەڕاستی و بەکردەوە بوتڵەکەم چۆڕبڕ کرد و بوتڵەکەم فڕێدا، بەڵام چیتر وەک بەربادێک نا، بەڵکو وەکو هونەرمەندێک، ئەگەرچی لەوەشدا ئەوەم لەبیرکرد دەستێک بهێنم بە زگمدا. بەڵام لەبەرئەوەی من چیترم پێنەدەکرا، چونكه‌ ئه‌وه‌ی  پاڵی پێوەدەنام و هانیدەدام، لەبەرئەوەی هەستەکانم جەنجاڵ بوو، بەکورتی و بەباشی: هاوارێکی  (سڵاو) لەقەرەباڵغی خەڵکەکەوە دەرچوو، منیش بەم بانگە بازمدایە نێو جڤاتی خەڵکەکە و دەنگدانەوەکانیانەوە: (بەس گوێبگرن، ئەوە خۆ قسە دەکات) وەکو ئەوەی ماچی تەواوی لەشە ئارەقاوییەکەم بکرێت وەهابوو بەلامەوە.

من لێرەدا ئەمە دووبارە دەکەمەوە، لاساییکردنەوەی مرۆڤ منی فریو نەدا. من لاساییمکردنەوە، لەبەرئەوەی بەدوای دەرچوونێکدا دەگەڕام و جگە لەمە، لەبەرهیچ هۆیەکی تر نەبوو. ئەم سەرکەوتنەش هێشتا شتێکی کەمی بۆ کراوە. دەنگی قسەکردنەکانیشم یەکسەر شکستی پێهێنام، تەنیا دوای چەند مانگێک دەنگم خۆی سازاند. بێزهاتنەوەکەشم لە بوتڵە شەرابەکە تا دەهات بەهێزتر دەبوو. هەڵبەتە خۆئاراستەکردنم تەنیا یەکجار بوو، بەڵام بۆ هەموو جارەکان بوو.

کاتێک من بۆ یەکەمینجار لە (هامبۆرگ) ڕادەستی ڕاهێنەرێک کرام، دەستبەجێ زانیم کە تەنیا دوو دەرفەتم لەبەردەمدا بۆ کراوەتەوە: یان باخچەی ئاژەڵان یاخود شانۆی هەمەڕەنگ. بێ هیچ دوودڵییەک بەخۆمم گوت؛ هەمووهەوڵێک بدە بۆئەوەی بچیتە شانۆی هەمەڕەنگەوە،  بچیته‌ ئه‌و شانۆی نمایشكاریی و ڤارێتێیه‌وه‌،  ئەوێ دەربازبوونتە و باخچەی ئاژەڵان قەفەسێکی تازەیە، هەر کە چوویتە ناوییەوە ئیتر بزر دەبیت.

 

Felix Mittlerer   شانۆگه‌ری – نامه‌یه‌ك 
„Bericht für eine Akademie“ von Franz Kafka

ئینجا بەڕێزانم من ئیتر فێربووم. ئای، مرۆ کە ناچاربوو، ئەوا فێر دەبێت، مرۆ گەر دەربازبوونی بوێت، ئەوا فێر دەبێت، مرۆ بێئاگایانە فێر دەبێت.  قامچییەکت بەدەستەوەیە و خۆت سەرپەرشتی خۆت دەکەیت. لەبچووکترین بەرەنگاریبوونەوەدا خۆت هەپروون دەکەیت. سروشتە مەیموونایەتیەکەم قەڵەمبازێکیدا و لێم دەرپەڕییە دەرەوە و دوور ڕۆیشت، به‌جۆرێك، کە یەکەمین مامۆستام خۆی بەنزیکەیی شێوەی مەیموونێکی وەرگرت. وە خێراش وازی لە وانە وتنەوە هێنا، و ڕەوانەی بیمارخانەیان کرد. بەس خۆشبەختانە دواتر لێی هاتەدەر.

بەڵام من مامۆستای زۆرم بەخۆمەوە خەریککردبوو، بگرە لە یەککاتدا چەند مامۆستایەکم هەبوو. کاتێکیش  ئیتر تواناکانم مسۆگەرکران، خەڵکی سەرنجی پەرەسەندنەکانمیان دەدا و داهاتووم دەستیکرد بە درەوشانەوە، ئیتر من خۆم پێشوازیم لە مامۆستا دەکرد. مامۆستاکان لە پێنج ژووری یەک بەدوای یەکدا دانیشتبوون و من لە هەمانکاتدا لای هەموویان فێر دەبووم، بەوەی کە بەبێ هیچ بچڕانێک لەم ژوور بۆ ئەو ژوور بازم دەدا.

ئەمە بەرەوپێشچوونە! ئەمە خۆخزاندنی تیشکی زانستە لەهەموو لایەکەوە بۆ ناو ئەو مێشکە بەئاگایەم! من نکوڵی لێ ناکەم: ئەوە منی شادمان کرد. بەڵام ددانیش بەوەدا دەنێم: من ئەوسا زۆر بەرز نەمدەنرخاند، به‌ڵام  ئەمڕۆش هێندە زۆر نا!

بە هەوڵێک، کە تا ئێستا لەسەرزەوی دووبارە نەبۆتەوە، من گەیشتمە ئاستێکی تێکڕاییانەی کەسێکی فێرکراوی ئەورووپی. ڕەنگە ئەمەش لەخۆیدا شتێکی ئەوتۆ نەبێت، بەڵام هەڵبەتە لەخۆیدا هەر شتێک بوو، چونکە لە قەفەزەکەوە کۆمەکی کردم و ئەم دەربازبوونە تایبەتمەندیە مرۆییەی بۆ پەیداکردم. پەندێکی نایابی ئەڵمانی هەیە دەڵێت: بەخشپەیی هەڵبێ…منیش وام کرد، بەخشپەیی هەڵهاتم. من هیچ ڕێگەیەکی ترم شک نەدەبرد، ڕێگاکانی تر هەمیشە ئەو پێشمەرجەیان هەبوو، کە نەمدەتوانی ئازادی هەڵبژێرم.

گەر ئێستاش چاوێک بخشێنمەوە بە پەرەسەندنەکەم و بەو ئامانجەی ڕابووردوومدا، ئەوا نە هیچ سکاڵایەکم هەیە و نە هیچ ئاسوودەشم. دەستەکانم لەناو گیرفانی پانتۆڵەکەمدان و بوتڵی شەرابەکە لەسەر مێزەکەیە و خۆشم بەنیوەیی ڕاکشاوییەوە، بەنیوە دانیشتنێکەوە لەسەر کورسی جۆلانەکەم و لەپەنجەرەکەوە تەماشادەکەم.

گەر سەردانیکەرێک بێت، بەو جۆرە پێشوازی لێ دەکەم، کە شایانی بێت. ڕێکخەری کارەکانم، لەژوورەکەی پێشەوەدا دادەنیشێت و هەرکاتێک زەنگێک لێ بدەم، دێت و چیم هەبێت، گوێم لێدەگرێت. نمایشەکان زوربەی جار ئێواران دەکران و منیش چیتر سەرکەوتنەکانم گەورەتر نابن. کاتێکیش درەنگانی شەو لەدوای خوانەکانەوە، لای ناسینی کۆمەڵە خەڵکانی زانستەوە، لای یاوەرە دۆستەکانەوە، دەگەڕامەوە ماڵەوە، شیمپازییەکی مێی بچووکی نیوەچڵ ڕاهێنراو لەچاوەڕوانیمدایە و منیش بەشێوازێکی مەیموونانە کاتێکی خۆشم لەگەڵیدا دەبێت. لەکاتی ڕۆژیشدا نامەوێت بیبینم، چونکە چاوەکانی تەماشایەکی شێواوی ئەوتۆیان هەبوو، کە هەر بە هی ئاژەڵێکی کێوی ڕاهێنراو دەچن، من تاکە کەسم کە بیانناسمەوە، کەچی ناشتوانم بەرگەیان بگرم.

هەرچۆنێک بێت، بەگشتی من ئەوەی دەمویست پێی بگەم، پێیشیگەیشتم. جا با هیچ کەسێک نەڵێت ڕەنجەکەت بێ فەڕ بوو. وەکو تریش، من پێویستم بەهیچ هەڵسەنگاندنێکی مرۆڤ نییە، من تەنیا حەز دەکەم زانیاری بڵاو بکەمەوە، من تەنیا ڕاپۆرت دەنوسم، بۆ ئێوەش ئەی بەڕێزە باڵاکانی ئەکادیمیا، من تەنیا ڕاپۆرتم نوسیوە.

تەواو.

سەرچاوه‌

Die Erzählungen: und andere ausgewählte Prosa- Fischer Verlag 1996

„Franz Kafka. Ein Bericht für eine Akademie“

كولتور مه‌گه‌زین – ژماره‌ یه‌ك ٢٠١٧ – ئه‌م بابه‌ته‌  له‌ژماره‌ یه‌كیدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

 

You might also like More from author

Comments are closed.