پێشه‌كی وه‌رگێڕ
پوخته‌یه‌ك له تێڕوانین و تیۆری ئه‌ده‌بی بۆخوێندنه‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌كان له ڕوانگه‌ی فێمینستی قه‌ده‌رعه‌یامێكی زۆربوو خه‌یاڵی منی دایگركردبوو، هه‌ربۆیه دووه‌م ساڵی خوێندم له زانكۆی ئۆپسالای سوید هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ خوێندنی تیۆری ئه‌ده‌بی ده‌ستمكرد به‌خوێندنی (جێنده‌ر سته‌دیس)…لایه‌نێكی گرنگی تیۆری فێمینستی بۆ من سیسته‌می جێنده‌ر بوو له‌ناو زمان و ئه‌ده‌بیاتدا، هاوكات كۆده‌كانی زمان و ده‌ق له‌ناو دووانه‌دژبه‌یه‌كه‌كانی (باینێری ئۆپۆزشن) بیركردنه‌وه و زمان كه دوو تیۆری دژبه‌یه‌كن و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوای له‌سه‌ر دارێژراوه و (ژنایه‌تی) و (پیاوه‌تی)ن له‌ناو كۆنتێكستێكی ئه‌ده‌بیدا ئه‌م سیستمه دووانه دژبه‌یه‌كییهدا به‌رهه‌می هێناوه.
بۆئه‌وه‌ی بتوانم ده‌قه‌كان له ڕوانگه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستیه‌وه شرۆڤه بكه‌م پێویستم به دووانه‌ی دژبه‌یه‌كی ستره‌كچه‌ری بیركرنه‌وه و زمان هه‌بوو، بۆیه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌كا‌لۆریسه‌كه‌م كه بریتی بوو له شرۆڤه‌كردنی یه‌كێك له ڕۆمانه‌كانی (ماریا گریپێی) سویدی به‌ناوی (سێبه‌ری سه‌ركورسیه به‌ردینه‌كه) كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی نزیكی ده‌قی فێمینستیم بۆكردبوو، كه‌ڵكێكی زۆرم له تیۆریه‌كانی جێنده‌ر سیستێم و (دووانه‌یی دژبه‌یه‌كی) فیكر و زمان وه‌رگرتبوو. به‌هه‌مان شێوه بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ماسته‌رم كه له‌سه‌ر چوار ڕۆمانی كوردی بوو (به‌ختیار عه‌لی و عه‌تای نه‌هایی) خوێندنه‌وه‌یه‌كی نزیكده‌قی فێمینستیم كردوه و كه‌ڵكم له جێنده‌ر سیستێم و دووانه‌ی دژبه‌یه‌كی فكر و زمان وه‌رگرتووه.
له‌رێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینستی ده‌توانین بگه‌ڕێین به‌دوای شوناسی ژن و پیاو له‌ناو ده‌قه‌كاندا، به‌تایبه‌ت له‌ناو ده‌قی به‌كانوونكراوی پیاواندا، ئه‌مجۆره خوێندنه‌وه‌یه تیشك ده‌خاته سه‌ر تێگه‌یشتنی باو له‌سه‌ر ژنێتی و پیاوه‌تی.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینستی جۆرێك له لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه كه بناغه‌یه‌كی باشه بۆ لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه‌كان له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری، ده‌روونناسی و زمانه‌وانه‌وانی. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینستی ئیش له‌سه‌ر تێكشكاندنی نۆرم و كۆده‌كانی باوی جۆری (ژنایه‌تی) و (پیاوه‌تی) ده‌كات. به‌شێكی تری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی گرنگیدانه به ده‌قی ژنان، له ڕێگه‌ی شیكاری و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه هه‌وڵده‌درێت به‌كانوونكراوبوونی ده‌قی پیاوان جێگایان پێله‌ق بكرێت و خوێندنه‌وه بۆ تێكسته‌كانی ژنان بكرێت و دنه‌ی جۆرێكی تر له نرخاندنی ئه‌ده‌بی بدرێت و له‌په‌راوێزخراوه‌كان بگوێزرێنه‌وه سه‌نته‌ر.
به‌مجۆره ئه‌م به‌رهه‌مه بوارێکی لیکۆڵینه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات، بوارێک که سه‌ره‌ڕای مێژووی کورتی خۆی گه‌شه‌کردنێکی به‌ربڵاو و پڕ ناوه‌ڕۆکی به‌خۆوه بینیووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی که من ئه‌و ناوه‌م بۆ ئه‌و بواره راسته‌وخۆ له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه، له‌وێدا چه‌مکی “ڕه‌خنه” که مانایه‌کی به‌رفراوانتری هه‌یه به به‌راوورد له‌گه‌ڵ ئه‌و مانا باوه‌ی که له زمانی سویدیدا هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌رفراوانبوونه‌که له ڕوانگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ته‌ماشا بکات، ده‌زانێت که یه‌کێک له به‌شه هه‌ره گرنگه‌کانی تیۆری ئه‌ه‌بی له‌و ده‌یانه‌ی دواییدا ڕه‌خنه بووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی به‌هۆی پێناسه‌کردنه‌وه به‌رده‌وامه‌کانی خۆی و له ڕه‌خنه بنه‌ره‌تییه ئاراسته‌کاروه‌کانیدا به زۆر شێوه‌ی جیاواز سازکردنی تیۆری ئه‌ده‌بی به‌ره‌و پێشوه بردووه…
له‌م ده‌قه‌ی خواره‌وه كه سه‌ره‌تاهه‌وڵێكه بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قێكی ئه‌كادیمی له بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستیدا و هه‌وڵمداوه تا ئاستی گو‌نجاو بتوانم ووتاره‌كه بۆ زمانێكی پاراوی كوردی وه‌ربگێرم، به‌ڵام وه‌ك خویایه زمانی كوردی به‌داخه‌وه به‌هۆی ستانداردنه‌بوونی و هه‌بوونی كێشه‌ی چه‌مك و تیۆری مه‌جبوور بووم له هه‌ندێك شوێندا ،هێندێك چه‌مك وه‌ك خۆی كه نوسه‌ره‌كه‌ش ڕه‌چاویكردوه به زمانی ئینگلیزی و فه‌ڕه‌نسی به‌كاربهێنمه‌وه.
گۆڕانکارییه‌کانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی
گوتارێك له‌كتێبی (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی سه‌ره‌تایه‌ك – ٢٠٠٢)
لیسبێت لارسۆن – وه‌رگێڕانی له سویدییه‌وه: تیشكه مه‌ره‌سه‌نه
که‌یت میلێت له پێشه‌کی كتێبه‌كه‌ی (سیاسه‌تی سێکسوال (1969) نووسیبووی “من ئیشم له‌سه‌ر ئه‌و پێشفه‌ڕزه کردووه که ده‌بێت فه‌زایه‌ک هه‌بێت بۆ ڕه‌خنه‌یه‌ک که حیساب له‌سه‌ر لایه‌نی کولتوری و شوێنی له‌دایکبوون و نووسینی ئه‌ده‌بیات ده‌کات”.
نامه‌ی دکتۆراکه‌ی که‌یت میلت که له‌سه‌ر تیۆری ئه‌ده‌بیات بوو له خۆیدا شتێکی تازه بوو. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه نا، که به ئاگاییه‌وه باس له ئه‌و نامێژووبوون و سه‌ربه‌خۆیی ده‌قی ئیدیال ده‌کات که زاڵبووه به‌سه‌ر ئه‌و بواره‌دا له سه‌رده‌می دوای شه‌ڕدا، به‌ڵکو له پێش هه‌موو شتێکه‌وه له‌به‌ر ڕوانگه‌ی سیاسی سێكسوالی ئه‌و و له‌به‌ر وزه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری ئه‌و که له ده‌قه زانستییه‌که‌یدا ده‌ریبڕیووه.
له (سیاسه‌تی سێکسوال) به وردییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌روه تاوتوێی ئه‌وه‌ی کردبوو که له‌ناو ئه‌و سازییه ئه‌ده‌بییه‌ی که هه‌یه چۆن به‌شێکی زۆر له نوسه‌ره پیاوه به‌رزنرخێندراوه‌کان باسیان له ژن و سێکسوالیتێت کردوه. زۆر که‌س نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی میلێتیان وه‌ک هێرشی له پێشه‌وه‌کراو نه‌ك ته‌نیا بۆ سه‌ر ئه‌و (کانوونیبوونی ئه‌ده‌بییه ) و ئه‌و ئه‌نجومه‌نی زانستیه‌ی که هه‌یه ده‌دیت، به‌ڵکو هه‌روه‌ها وه‌ک ده‌ربڕینێک یان هه‌ڵوێسته‌یه‌کی ئاشکرای سیاسیشیان ده‌بینی. میلێت په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیدیاله زانستییه زاڵانه پچراندبوو، ئه‌وه‌ش به جه‌ختکردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی؛ له ناو تێکسته‌کاندا چی ده‌گوترێت تا ئه‌وه‌ی چۆن ده‌گوترێت، له ڕێگای دووباره دروستکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له نێوان ژیان و شیعردا که له تیۆریی ئه‌ده‌بیی باو و جێگرتوودا پچڕابوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی میلێت له‌پێش هه‌موو شتێکه‌وه کردبووی ئه‌وه بوو که په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ ئیدیالی مه‌وداگرتوو، نا-كه‌سی و به‌ئۆبجێكتكراوی زانستی پچڕاند. میلێت ئه‌وه‌شی له ڕێگای ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی سه‌رسامی و ئازاره‌کانی خۆی به‌ڕێوه‌برد. نامه‌ی دکتۆراکه‌ی که‌یت میلێت ده‌روازه‌یه‌که بۆ چوونه ناو لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی. ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌تا ئێستاش له چه‌شنی خۆیدا شتێکی شاز و دانسقه‌یه و ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌ی کولتوری و هۆگریی به‌سنووربه‌زاندنی زانستیانه به‌یه‌که‌وه گرێ ده‌دات.
هاوکات ئه‌و لێکۆڵینه‌وه دیاریکراوانه‌ی که له‌سه‌ر ده‌ق و نووسه‌ر کراون سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه. نامه‌گه‌لی دکتۆرا، لێکۆڵینه‌وه و به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له‌سه‌ر مێژوویی ئه‌ده‌بیات به مۆرکی فێمینیستیه‌وه نوسراون به به‌رده‌وامی سه‌رنجراکێش بوون، نه‌ك ته‌نیا له ئاستی ئه‌کادیمیدا به‌ڵکو به‌ڕاده‌یه‌کی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی دنیای ئه‌کادیمیش سه‌رنجیان ڕاکێشاوه. زاراوه‌ی (ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی) له حه‌فتاکاندا جێگای خۆی دا به لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان، که ئه‌ویش به نۆره‌ی خۆی له کۆتایی هه‌شتاکاندا جێگای خۆی دا به (لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ر). ئه‌م جێگۆڕکێ زاراوه‌ییانه و ئه‌و گۆڕانکارییه ڕادیکاڵ و تیۆریانه که له‌و مه‌یدانه‌دا کراون، نیشان ده‌دات. لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که هه‌ر به ناوه‌که‌ی ڕا دیاره که جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتێک ده‌کرد که ژنان نووسیویانه و له ڕوانگه‌ی جیاوازه‌وه هه‌ڵسه‌نگێندراوه.
به‌ڵام له (لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ردا) زیاتر فۆكۆس ده‌خرێته سه‌ر چۆنییه‌تی دروستبوونی سێكس و شوناسی سێكسی به‌هۆی گوتاری زمانی و کولتورییه‌وه. میتۆدی که‌یت میلێت ڕه‌خنه‌ی ئایدۆلۆژییانه بوو. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی میلێت. قورساییه‌کی زۆری خسته سه‌ر ڕه‌خنه‌کردنی سێکسیزم له کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا و له ده‌قی نوسه‌رانی پیاودا. ئه‌و حه‌زی ده‌کرد ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه به‌رچاو بخات و حاڵی بێت له‌و تێگه‌یشتنه ناڕاست و درۆزنانه‌ی که ده‌رباره‌ی ژنان و سێکسوالیتێت له ئارادا بوون، که له‌لایه‌ن نووسه‌رانی پیاوه‌وه نوسرابوون. نوسه‌رانێک که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و مێژووی ئه‌ده‌بی خستوونیه‌تیه ناوه‌ند. بچووکترین ژێری هاوبه‌ش له‌م بواره‌شدا سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی گۆڕانکارییه‌کان بریتی بووه له ڕه‌خنه‌گرتن له‌و ڕێکه‌وتنه زاڵانه‌ی که له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی سێكس به‌گشتی و مه‌سه‌له‌ی ژنییه‌تی به‌تایبه‌تی له ده‌قه‌کاندا ده‌رده‌بڕدرێن و ده‌ئافرێندرێن.
به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی سونه‌تی له‌و باره‌وه کتێبه‌که‌ی (مه‌ری ئێلمان) ه به‌ناوی بیرکردنه‌وه ده‌رباره‌ی ژنان – ١٩٦٨ – ما‌ری ئێلمان له‌و کتێبه‌یدا چۆنیه‌تی تێکچڕژاوی کولتوری ئێمه‌ی نیشاندابوو که له‌ڕێگای بیرکردنه‌وه له پێوانه سێکسوالییه‌کاندایه و هاوکات باسی له نالۆجیكبوون و نائاساییبوونی ئه‌و شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌کردبوو.
ئێلمان به‌گاڵته‌جارییه‌وه باسی ئه‌و ستێریۆتیپانه ده‌کات که تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نوسه‌رانی پیاو و ڕه‌خنه‌گران سه‌باره‌ت به ژنان نوسیوویانه و ده‌ینوسن. ئه‌و ستێریۆتیپانه بریتین له بێفۆڕمی، پاسیڤیزم، ناسه‌قامگیری، سنوورداری، شێوه‌داری، ماتریالیزم، ڕوحانیبوون، نائه‌قڵانییه‌ت و پشتگوێخراو. شتێک که دواجار به‌تایبه‌تی ده‌توانرێت باسی لێ بکرێ وێنه‌ی ئه‌و سیحربازه له‌چاره‌نه‌هاتووه‌یه که له نوسینی پیاوان و ڕه‌خنه‌کانیاندا به‌رجه‌سته کراوه ده‌باره‌ی ژنان.
تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له قۆنا‌غی ده‌ستپێکیدا بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی گومانئامێز و ناڕه‌فیقانه‌ی ئه‌ده‌بیات و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی باو. مه‌به‌ستی ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه بریتی بوو له له‌هه‌ڵادانی ده‌قگه‌لی باو و خۆپاراستن له‌م ده‌قانه. له کتێبی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستکار The Resisting Reader(1978 جۆدیس فیتێرلی کارێکی زۆری کردبوو له‌سه‌ر ئه‌و پرۆگڕامه‌ی که نابێ ته‌نیا هاوبیری له‌گه‌ڵ ئه‌و تێکستانه دابکرێت که هی پیاوان و تێکستی به‌رجه‌سته و به‌ناوه‌ندکراون، به‌ڵکو ده‌بێ دژخوێندنه‌وه‌ش هه‌بێت، واتا هه‌وبیرنه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و جیهانه‌ی که ده‌قه‌کان به‌رجه‌سته‌ی ده‌که‌ن.
به‌گووته‌ی فیتێرلی؛ ئه‌و تێکستانه خوێنه‌ری ژن مه‌جبوور ده‌که‌ن که “له‌و ئه‌زموونانه‌دا به‌شداری بکات که ژن خۆی به ئاشکرا نیه‌تی و لێی بێبه‌شه.”…ڕه‌خنه‌گرتن له‌و وێنانه‌ی ژن که ئه‌قڵیه‌تی نوسه‌رانی پیاو سازیکردوون. ڕه‌وتێک که به ”دیمه‌نی ڕه‌خنه‌ی ژنانه” ناوزه‌دکرا، بوو به ده‌ستماییه‌کی سنووردار له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا. هه‌ر زۆر خێرا هۆگریی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ده‌چێته سه‌ر نوسه‌رانی ژن. مرۆڤ پرسیاری له خۆی ده‌کرد تۆ بڵێی نوسه‌رانێکی ژن هه‌بن و ئه‌گه‌ر هه‌ن بۆ نه‌هاتوونه‌ته ناو ئه‌و مێژووی ئه‌ده‌بیاتانه‌ی که نووسراون؟ ئایا ژنان ئه‌وه‌نده خراپیان نووسیوه که بۆته هۆکاری ناونه‌هاتنیان له مێژووی ئه‌ده‌بیدا؟ یان به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز نووسیویانه؟ تۆ بڵێی نۆرمه کولتورییه‌کانمان و پێوه‌ره‌کانمان بووبێتنه هۆکاری نه‌بینینی ئه‌و ده‌قانه و به‌مانایه‌کی مێتافۆری بوونه هۆکاری ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه شیاوی خوێندنه‌وه و لێتێگه‌یشتن نه‌بن؟ ئه‌و پرسیارانه بوونه هۆی کرانه‌وه‌ی بوارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ی ته‌واو نوێ و به‌نرخ له تیۆری ئه‌ده‌بیدا.
له زنجیره لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌و بواره‌دا کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری ژن که پێشتر ناسراو بوون هه‌ڵسه‌نگێندرانه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی تازه‌یان له‌سه‌ر کرا، نووسه‌ره له بیرکراوه‌کان هێندرانه به‌ر باس و تواناییان پێ به‌خشرایه‌وه. مرۆڤ ده‌ستی کرد به گه‌ڕان به‌دوای ترادیسۆنی ئه‌ده‌بی ژنان، بۆ ئه‌و
مه‌به‌سته‌ش ره‌خنه‌گری وه‌ک ئێلێن مۆرس له کتێبی ژنانی ئه‌دیب Literary Women (1976) باسی له‌و ترادیسۆنه کردبوو و پاشان ئێلین شواڵتێر له کتێبی (ئه‌ده‌بیاتی خۆیان A Literature of Their Own – 1977 ) هه‌مان کاری کردبوو. مرۆڤ لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر گێڕانه‌وه و تایبه‌تمه‌ندییه ژنایه‌تییه‌کان کردبوو.
به‌بۆچوونی شواڵتێر ومۆرس ترادیسۆنێکی دیکه هه‌بووه که جیاوازه له‌و ترادیسۆنه پیاوانه که له مێژووی ئه‌ده‌بی باودا نیشاندراوه، ترادیسۆنێک که تێیدا نوسه‌رانی ژن “به‌رده‌وامییه‌کی خه‌یاڵیان” پێکهێناوه‌و که تێدا؛ ئۆلگو، تێما و کێشه‌کان، نه‌وه به‌دوای نه‌وه‌دا، به‌رده‌وام دووباره ده‌بوونه‌وه ( شواڵتێر،1977). ئێلین شواڵتێر ده‌ورێکی سه‌ره‌کی هه‌یه له نیشاندانی ئه‌و ده‌ستمایه زۆره‌ی له ناو ئه‌ده‌بیاتی ئه‌نگلۆساکسی ژناندا هه‌یه.
شواڵتێر له کتێبی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان (A Literature of Their Own (1977) دا خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن و به‌گشتی به‌ره‌وپێشچووی له مێژووی ئه‌ده‌بی ژناندا هه‌بووه. شواڵتێر مێژووی ئه‌ده‌بی ژنانی به‌سه‌ر سێ قۆناغدا دابه‌ش کردبوو، که بریتین؛ یه‌كه‌م؛ ژنایه‌تی – Feminine و دووهه‌م؛ فێمینیستی – Feminist و سێهه‌م؛ ژنێتی – Female…شواڵتێر ده‌یه‌وێت نیشانبدات که چۆن ژنان خۆیان به‌شێوه‌یه‌کی که‌م یا زۆر ڕه‌سه‌ن ده‌ربڕیووه.
له قۆنا‌غی یه‌که‌مدا واتا “ژنایه‌تی”دا نوسه‌رانی ژن له‌ژێر کارتێکه‌ری گێڕانه‌وه‌کانی نوسه‌رانی پیاودا بوون و لاسایی ئه‌وانیان کردۆته‌وه. به‌ڵام نوسه‌رانی ژن گێڕانه‌وه‌ی خۆیان له قۆنا‌غی دووه‌م، واتا “;فێمینیستی”دا له ڕێگای دژایه‌تیکردن و شۆڕشکردن دژی پیاوان شێوه‌گیر كردووه.
قۆنا‌غی سێیه‌م که شواڵتێر به “ژنێتی” (female) ناویده‌بات سه‌ره‌تایه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی نێوان جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م و دووهه‌م. ئا له‌وێدایه که ژنان به‌بۆچوونی شواڵتێر؛ ئازادن بۆ خۆدۆزینه‌وه و بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی خۆیان… له‌هه‌مانکاتدا لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان بۆ نموونه شواڵتێر و مۆرس باسیان له‌وه ده‌کرد؛ که به‌سه‌رهاتی ژنان له کولتوردا به‌زۆر شێوه‌ی جیاواز بێده‌نگکرابوو و توانا و ده‌سته‌به‌ری و هه‌لومه‌رجی ژنان بۆ (خود – ده‌ربڕین) زۆر سنووردار کرابوو. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش ژنان جێگای باشیان له لێکدانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و نوسینی مێژوودا گرتووه.
ساندرا گیلبێرت و سوسه‌ن گیوبار له کتێبی “ژنه شێته‌كه‌ی ناو هه‌وره‌بانه‌كه ” (The Madwoman in the Attic(1979)دا تیۆرییه‌کی جوانناسیان فۆرمۆله‌کرد که له‌وێدا گرنگیه‌کی زۆریان دابوو به جێگا و شوێنی ژنان که به‌شێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری ژێرده‌سته‌ن. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که له بنه‌ڕه‌ته‌وه نکۆڵی له هه‌بوونی ژن ده‌کات، چ وه‌ک تاک چ وه‌ک نوسه‌ر، ده‌بێ به‌سه‌رهاتی ئه‌وان هه‌میشه دوولایه‌نه بێت، به‌واتایه‌کی تر ده‌بێ هه‌م لایه‌نی مرۆڤایه‌تی هه‌م لایه‌نی ژن‌بوون تێدا ڕه‌نگبداته‌وه.
گیلبێرت و گیوبار بۆ ئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌قی ژنان ده‌ستنیشان بکه‌ن چه‌مکێک به ناوی پالیمپسێست (Palimpsest) به‌کار دێنن. گیلبێرت و گیوبار له‌و باوه‌ڕه‌دابوون که ده‌قی ژنان دروست هه‌روه‌ک پالیمپسێست بریتییه؛ له دوو توێژاڵ، که تێیدا ده‌قی ژێره‌وه‌ی یان ده‌قی سه‌ره‌کی داپۆشراوه و که‌وتۆته ژێر نووسراوه‌یه‌کی تر. له گێڕانه‌وه‌ی ده‌قی ژناندا که ته‌واو له‌به‌رده‌ستدان و خۆیان له‌گه‌ڵ نۆرمه کو‌لتورییه‌کان رێکخستووه به‌رده‌وام تێکستێکی تر له‌ودیو نۆرمه‌کان هه‌یه که سه‌ربزۆزانه‌یه.
هه‌رچه‌ند ئه‌م توێژاڵه شاراوه‌یه به‌ڵام ده‌توانێت هه‌رچۆنێک بێت هه‌ستی پێ بکرێت. گیلبێرت و گیوباربۆ به‌هێزکردنی ئه‌و تێزه‌ی خۆیان که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا نموونه‌یه‌کی پڕ به پێست دێننه‌وه، نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌وان بریتییه له (ژنه شێته‌كه‌ی ناو هه‌وره‌بانه‌كه – The Madwoman in the Attic ) که له ڕۆمانه‌که‌ی جه‌ین ئێر – شا‌رلۆت برۆنتێ – وه‌رگیراوه، دیاره ناوی کتێبه‌که‌شیان هه‌ر له‌و ڕۆمانه وه‌رگرتووه. له‌و ڕۆمانه‌دا پیاوه‌که ژنه شێته‌که‌ی خۆی (خودی ژێرینی جین)ی له هه‌وره‌بانه‌که شاردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ژنه شێته به قیژه‌یه‌کی له‌ناکاو که به هه‌موو ژووره‌که‌دا بڵاوده‌بێته‌وه هه‌ستی جین و پیاوه‌که تێکده‌دات.
به باوه‌ڕی گیلبێرت و گیوبار هه‌روه‌ک له‌و ڕۆمانه‌دا دیاره هه‌میشه ژنێکی شێتی تووڕه‌ی سه‌ربزێوی شاراوه له تێکستی ژناندا هه‌یه، که قیژه‌که‌ی هه‌ر وه‌ک قیژه‌ی ژنه شێته‌که‌ی ڕۆمانی برۆنتێ جارجاره ده‌بیسترێ. ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌ده‌بیاتناسی فێمینیسته که گوێی لێبگرێ و ئه‌و ده‌قانه لێکداته‌وه که ئه‌م گێڕانه‌وانه له خۆ ده‌گرێت.
به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قی پیاوان ده‌قی ژنان به‌رده‌وام به هۆگری و هه‌ستیاری ده‌خوێندرانه‌وه. ئێلین شواڵتێر له وتارێکیدا به‌ناوی “ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له زه‌ویی به‌یار” (1981) دا له کتێبی تیۆره‌ی ڕه‌خنه‌ی مۆدێرن (1991) دا بۆ ئه‌و شێوه خوێندنه‌وه‌یه چه‌مکێکی تایبه‌تی دانا به‌ناوی “ڕه‌خنه‌ی جێنده‌ری” (gynokritik). کاری ئه‌و چه‌مکه تازه‌یه به‌گوته‌ی شواڵتێر ئه‌وه‌یه؛ که به‌دوای ده‌ربڕین یان گێڕانه‌وه‌ی ژنانه‌دا بگه‌ڕێت.
هه‌رچی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌رچه‌مکی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیسستی، شواڵتێر حه‌زیده‌کرد که بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی پیاوان به‌کاریبهێنێت، خوێندنه‌وه‌یه‌ک که باس له شوێن و ئه‌و زوڵمه بکات که له ژنان ده‌کرێ له‌ناو ده‌قی پیاواندا. له هه‌مان وتارداشواڵتێر مۆدێلێکی پێشخست که به هاوکاری ئه‌و مۆدێله به‌دوای پاساوێک یان هۆیه‌ک ده‌گه‌ڕا بۆ دوو‌مانایی ده‌قی ژنان له کولتوردا. بۆئه‌وه شواڵتێرک كه‌ڵکی له مۆدێلی خه‌ڵکناسی یان مرۆڤناسی ( Social anthropology ) ئێدوین ئاردینێر(Edwin Ardener) وه‌رگرتبوو. له‌و مۆدێله‌دا ده‌بینرێت که چۆن دوو کولتوری هاوکات به‌سه‌ریه‌کدا هه‌ن، یه‌کێكان کولتوری سه‌رده‌ست یان زاڵ و ئه‌ویتریان کولتوری ژێرده‌سته و ئه‌و دوو کولتوره به‌رده‌وام یه‌کتر ته‌واو ده‌که‌ن. ئه‌و بازنه‌یه‌ی که ئاردینێر له مۆدێلی خۆیدا کێشاویه‌تی سیمبۆلێکه بۆ ئه‌و کولتوره سه‌رده‌ست و زاڵه‌ی که کولتورێکی پیاوانه‌یه.
به گووته‌ی شواڵتێر؛ ئه‌و کولتوره زاڵه کولتوری ژێرده‌سته‌ی که له‌و حاڵه‌ته‌دا به کولتوری ژنان ناوزه‌د ده‌کرێ داگیرکردووه و دایپۆشیووه. ئه‌و کولتوره زاڵه به‌مشێوه‌یه ڕێگا ده‌گرێت له کولتوری ژێرده‌ست و خۆده‌ربڕینی ئه‌و کولتوره. ئه‌و دوو بازنه کولتورییه به‌و ڕاده‌یه‌ك ئابستراکت و جێگرتوو نین، بۆیه ده‌بینرێت که کولتوری ژێرده‌ست ته‌واو شاراوه نییه و هه‌ستی پێده‌کرێت. له مۆدێلی بازنه‌یی شوالتێرو ئاردینێر تێبینی ئه‌وه ده‌کرێت که شێوه‌یه‌كی له شێوه‌ی نیوه‌مانگ له ده‌ره‌وه‌ی کولتوری پیاوان واتا کولتوری سه‌رده‌ستدا هه‌یه، کولتورێک له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا، ئه‌و کولتوره‌ی که ئاردینێر به (زه‌وی به‌یار) ناوی ده‌بات و شواڵتێر به “وڵاتی هیچ که‌س نا، شوێنێک که پیاوان هه‌قیان نییه بچنه ناوی” و ده‌ستیان پێناگات ناوزه‌د‌ی ده‌کات. هاوکات شواڵتێر ئاماژه به‌وه ده‌کات که هیچ نوسینێک له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا نییه. باس له‌وه ده‌کات؛ نوسینی ژنان به‌رده‌وام خۆی له‌ناو کولتوردا و له ده‌ره‌وه‌ی کولتوردا ده‌بینێته‌وه. ژنان هاوکات خۆیان له دوو ترادیسیۆندا ده‌دۆزییه‌وه که ئه‌وه‌ش له نوسینه‌کانیاندا ڕه‌نگده‌داته‌وه.
کتێبه‌کانی مۆرس، شواڵتێر، گیلبێرتو گیوبار له کۆتایی حه‌فتاکاندا بڵاوبوونه‌وه و کاریگه‌رییه‌کی زۆریان له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له ئه‌مریکا و بریتانیا و ته‌نانه‌ت سویدیش هه‌بووه. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له سوید له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌کاندا به شێوه‌یه‌کی گشتی تا ئه‌وکاتیش قۆنا‌غی ته‌قینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی تێپه‌ڕ نه‌کردبوو، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه له ئه‌مریکا لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی کرد و ئه‌و لێکوڵینه‌وه مه‌یدانییه بوو به ئامانج بۆ شه‌ڕ و دووباره پێناسه‌کردنه‌وه‌کان.
کتێبی پێشه‌نگی ڕۆڵی سێكس له ئه‌ده‌بیاتدا له سه‌رده‌می ئانتیکه‌وه تاوه‌کو ساڵی 1960 که کارین وێستمان بێریله ساڵی 1968 چاپی کردووه، کتێبێک بوو پێکهاته له ڕه‌خنه‌ی ئایدۆلۆژیکی. نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی وێستمان بێری. که له ساڵی 1962 له‌سه‌ر نوسه‌رێکی پیاو نوسیبووی. ڕه‌نگه شتێکمان ده‌رباره‌ی هه‌لومه‌رجی ئه‌وکاتی سوید پێبڵێت. ئه‌و نوسه‌ره‌ی وێستمان بێری نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی له‌سه‌ر نووسیبوو س. ج. ل. ئالمکڤیست (C. J. L. Almqvist) بوو که وه‌ک یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کانی دوواندن له‌سه‌ر پرسی ژنان داده‌نرێت. کاری نوێستمان بێری. جگه له‌وه‌ش کتێبێکی ئیدیت (ڕسته سازی) کردووه به‌ناوی ڕاڤه‌ی ده‌ق له ڕوانگه‌ی ڕۆڵی سێكسدا (1976) که هه‌روه‌ک ئه‌و لێکوڵینه‌وه ئه‌نتۆلۆجییه‌ی که له نه‌رویج به‌ناوی زمانێکی تر چاپکرابوو سه‌ره‌تای شوروشه‌وق و پێشکه‌وتنی ئه‌و بواره بوون له وڵاتانی باکووری ئه‌وروپادا.
بیرگیتا هۆڵم له کتێبی (فرێدریکا برێمێر و له‌دایکبوونی ڕۆمانی بورژوایی – (1981) باسی تیۆری سازکراوی گیلبێرت و گیوبارده‌کات و ئه‌وه نیشانده‌دات که ئه‌و تیۆریه چه‌نده گونجاوه بۆ به‌کارهێنانی له‌سه‌ر ده‌قه سویدییه‌کان. هۆڵم به هاوکاری چه‌مکی پالیمپسێسی گیلبێرت و گیوبار نه‌ك ته‌نیا مانای تا ئه‌وکات نه‌دیتراوی له ڕۆمانی فرێدریکا برێمێردا دۆزیه‌وه، به‌ڵکو جگه له‌وه‌ش هۆڵم ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشان کرد که فرێدیکا برێمێر شیاوی جێگایه‌کی به‌رزتره له‌و جێگایه‌ی که له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا پێ به‌خشراوه. له کتێبی ژنانی مۆدێڕنی ڕه‌چه‌شکێن (1983) دا پیل داهلریوپ تێکه‌ڵاوییه‌کی له نێوان هێرشی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی بۆ سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی پیاوانه و سازکردنی ئه‌ده‌بیاتی کانوون دروستکرد، له ڕێگای به‌کارهێنانی ڕه‌خنه‌ی جێنده‌ری بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ق بدات به نووسه‌رانی ژنی كه له مێژووی ئه‌ده‌بیدا شاردراوه.
ناوی ئه‌و کتێبه به‌رجه‌سته‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کتێبی جۆرج براندێ به ناوی پیاوانی مۆدێرنی ڕه‌چه‌شکێن(1883) له‌و کتێبه‌دا براندێ. به‌هاوکاری یان که‌ڵکوه‌رگرتن له ئه‌ده‌بیاتی دووسه‌د ساڵی ڕابوردووی وڵاتانی ئوروپای باکوور پرۆگرامێکی بۆ ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرنی دامه‌زراند. داهلریوپ. ئه‌و نۆرم و پێوه‌ره ئه‌رزشیانه‌ی که براندێ کاریانپێده‌کات، بۆ نموونه وه‌ک هۆگری به هۆمۆسێكسوالیه‌ت که هه‌ر له ناوی کتێبه‌که‌ی براندێ ده‌رده‌که‌وێت، ده‌ستنیشان ده‌کات. جگه له‌وه‌ش به‌شێکی گرنگ و بنه‌ڕه‌تیی کتێبه‌که‌ی داهلریوپ بریتییه له پێداچوونه‌وه‌یه‌کی وردی ئه‌و ده‌قانه‌ی که ژنانی نوسه‌ری دانمارکی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بڵاویانکردۆته‌وه. براندێ خه‌ریکی نوسینی کتێبه‌که‌ی خۆی پیاوانی مۆدێڕنی ڕه‌چه‌شکێن بووه و له لێکدانه‌وه‌کانی خۆیدا ئه‌وه نیشانده‌دات؛ که چۆن ئه‌و نوسه‌ره ژنانه خۆیان فۆرمۆله ده‌که‌ن و چۆن گێڕانه‌وه نائومێدییه‌کانی خۆیان به شێوه‌یه‌کی چڕ‌وپڕ هاوته‌ریب ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و ئایدیالانه‌ی که براندێ ده‌رباره‌ی نووسیبوون.
هه‌م بیرگیتا هۆڵم و هه‌مپیل داهلریوپ ڕۆڵی سه‌ره‌کیی ئه‌و نوسه‌ره ژنانه که له نوێکردنه‌ه‌ی ئه‌ده‌بیاتدا له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا هه‌یانبووه نیشانده‌ده‌ن. ئه‌و نوسه‌ره ژنانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا مه‌یدانی ئه‌ده‌بیان داگیرکردبوو، هاوکات فۆرمی شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بیاتیشیان گۆڕی. بیرگیتا هۆڵم. له کتێبه‌که‌ی خۆیدا ده‌سته‌واژه‌یه‌ک له پێشه‌کییه ئالیگۆرییه‌که‌ی (خێزانی H ) که یه‌کێ له ڕۆمانه‌کانی فرێدریکابرێمێره دێنێته‌وه، که دواتر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه لابراوه. له وێدایه که فرێدریکا برێمێر باس له کچێک ده‌کات که به‌بێئه‌وه‌ی بڵیتی چوونه ژووره‌وه‌ی بۆ سه‌مای بالێی به کۆمه‌ڵ کڕیبێت ده‌یهه‌وێت بچێته ژوور و به‌شدار بێت. ئه‌و کچه له ناوه‌ڕاستی ده‌رگاکه وه‌ستاوه و تامه‌زرۆی چوونه ژووری هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌و هیچ له‌و سه‌ما سه‌یرانه‌ی که له‌و ژووره‌دا ده‌کرێن تێناگات، به‌ڵام به‌ته‌نێ به حه‌زی زۆری خۆی له‌سه‌ر سه‌رده‌رگاکه سه‌مایه‌ک ده‌كات که خۆی دایهێناوه! ئه‌و سه‌مایه وا حه‌زی پیاوێک ده‌جوڵێنێت که به‌لایدا تێده‌په‌ڕێت بێت، به‌وه‌ی پاره بدات به کچه‌که بۆ کڕینی بڵیت و پێی بچێته ژوور…
هۆڵم ئه‌و به‌شه به‌و شێوه‌یه ده‌خوێنێته‌وه که ئه‌وه ده‌قاوده‌ق جێگای نوسه‌ری ژنه که هه‌م له‌ناو و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی نۆرم خۆی ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌کیی هۆڵم لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که چۆن نوسه‌رانی ژن به‌شداری له سه‌ماکه‌دا ده‌که‌ن له ڕێگای دووباره شێوه‌به‌خشدانه‌وه‌ی و سه‌ماكردنی سه‌ماکه به شێوه‌ی خۆیان. ئه‌و جۆره نوێکردنه‌وه‌یه به‌هۆی لادان له نۆرمه باوه‌کانه‌وه بووه‌ته چه‌قی کێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی خواره‌وه:
کتێبی ئێبا ویت- براتسترۆم له‌سه‌ر نوسینه‌کانی موا مارتینسۆن. له ساڵی 1988، کتێبی بیرگیتا سڤانبێری له نوسینی ئه‌گنێس ڤۆن کریوسێنشێرناله ساڵی (1989) و له سنووری وڵات له نووسینی ئێڤا ئادۆڵفسۆن له ساڵی (1991). له کتێبی موا مارتینسۆن: نوسین و ئه‌نگێزه له سییه‌کاندا، ئێبا ویت- براتسترۆم. ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات که چۆن موا مارتینسۆن له ناو جه‌رگه‌ی ئه‌و مۆدێرنیزمه گه‌شه‌کردووه و ده‌سته‌به‌ندگه‌لی ژیانویستیانه‌دا، شتی خۆی که ژنانه و ژیانگه‌را بووه نووسیوه.
له کتێبی ڕاستی ده‌رباره‌ی ژن – بیرگیتا سڤان بێری. خوێندنه‌وه‌یه‌کمان له زنجیره ڕۆمانه‌کانی خانمه‌کانی ڤۆن پاهال ی ئه‌گنێس ڤۆن کریوسێنشێرنا ده‌داتێ که وه‌ک دژایه‌تییه‌کی فێمینستی هه‌م به‌رامبه‌ر به مۆدێرنیزمی ئه‌وکات و هه‌م به‌رامبه‌ر به شه‌پۆله‌کانی نازیزم و فاشیزمی، ده‌دیت.
به‌شێکی زۆر له لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که له وڵاتانی باکووری ئه‌روپا و سوید ئه‌نجامدراون ته‌رخان کراون بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی که له‌لایه‌ن نوسه‌رانی ژنه‌وه نوسراون، به‌ڵام له هه‌مانکاتیشدا مرۆڤ بۆته خاوه‌نی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی که شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژنانه به‌ده‌ستبێنێت. له نامه‌ی دکتۆراکه‌مدا به ناوی (مێژوویه‌کی تر) دا (1989) له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌بیاته کردووه که ژنان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا خوێندویانه‌ته‌وه و هه‌روه‌ها زۆر جاران به‌ڵام نه هه‌موو کاتێ له‌لایه‌ن ژنانه‌وه نووسراون. هه‌روه‌ک نووسه‌رانی ژن، ئه‌و ده‌قه ڕۆمانتیکانه‌ی که ژنان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا ده‌یانخوێنه‌وه به‌که‌م چاویان لێکراوه و له مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا ده‌رهاویشتراون. ئه‌و ئه‌ده‌بیاته ڕۆمانتیکه وه‌ک شتێکی “ترسناک” به‌رجه‌سته کراوه و به فۆرم و شێوه‌ی جیاواز له‌ناوبردراوه. به‌ڵام له مێژوویه‌کی تر دا تێزێک به‌کار ده‌بردرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی که نوسه‌رانی ژن نوسیویانه، به‌ڵام ئه‌و تێزه‌ش خۆگونجاندنێکی تێدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆرمه سه‌رده‌ستانه‌ی که هه‌ن.
یه‌کێک له کاره هه‌ره به‌رجه‌سته‌کانی ئه‌و بواره هه‌تا له ڕوانگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه گرنگ بووه ئه‌و هه‌وڵدانه بووه که بۆ نوسینی مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان دراوه، ئه‌ویش به چاپکردنی به‌رهه‌مێک به‌ناوی مێژووی ئه‌ده‌بی ژنانی باکووری ئه‌وروپا له چوار به‌رگدا (1992/1997) بووه. ئه‌و به‌رهه‌مه بریتیه له هه‌موو ئه‌و لیکۆڵینه‌وانه‌ی که یه‌که‌م نه‌وه‌ی لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی فێمینیستی له باکوری ئه‌وروپا نوسیویانه. له ڕێگای مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان توانراوه ترادیسیۆنی ئه‌ده‌بیاتی ژنان که له ڕابوردوودا داپۆشراو و یان شاردراوه بووه، بیخه‌نه ڕوو.
له‌و به‌رهه‌مانه‌دا مرۆڤ له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وه ده‌بینێت که چۆن ژنان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا په‌راوێزکراون و ئه‌و په‌راوێزبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتێک که هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی ئافراندن و له‌هه‌مان کاتیش‌دا به‌شدارێکی چالاک بووه له باسه‌کانی ئه‌وکاتدا. به‌شه جۆراو جۆره‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی باکوری ئه‌وروپا که بریتین له (به‌ناوی خوا، ماڵی باوک، جیهانێکی به‌رفراوان و له‌سه‌ر زه‌وی) ده‌ربڕی ڕاده‌یه‌کی خۆشبینانه‌ی پێشکه‌وتنه به به‌راورد له‌گه‌ڵ مێژووی ئه‌ده‌بی شواڵتێر له دوو ده‌یه‌ی پێشتردا. ئه‌و به‌رهه‌مه هه‌ڵوێست، ده‌ستپێک و تێگه‌یشتنه جیاوازه‌کان له کاته جۆراوجۆره‌کاندا ده‌خاته ڕوو که له ده‌قی نوسه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی ژن‌دا هه‌ن. ئه‌و به‌رهه‌مانه به گێڕانه‌وه‌ی زاره‌کی ژنان به شیعره‌کانی ئێدا له وڵاتی ئیسلاند ده‌ستپێده‌کات و دواتر به‌ره‌و پێش ده‌چێت و له گرینلانددا ته‌واو ده‌بێت. له‌وێ ئه‌ده‌بیاتێک که له‌دوای شه‌ڕ گه‌شه ده‌کات له‌لایه‌ن ژنانه‌وه فۆرموله ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌ستپێکی تازه بخاته به‌رچاو.
لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی به‌شێکی گرنگی فێمینیزمی سیاسی بووه له ساڵانی حه‌فتادا. به‌هاوکاری ئه‌ده‌بیات و ده‌قه‌کان مرۆڤ ده‌یتوانی ئه‌وه نیشانبدات که چۆن گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌رباره‌ی (کۆمه‌ڵگه و سێكس) داڕشتراوه و فۆرموله کراوه. هاوکات هه‌مان گێڕانه‌وه‌ی سه‌رده‌ست ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی جیاده‌کرده‌وه که گێڕانه‌وه‌ی نكوڵیكراو و هه‌ڵاواردراو بوون. ئه‌و شێوه په‌یوه‌ندییه له هه‌شتاکاندا پڕ بوو له کێشه. له تیۆریی سازکردنی فه‌ڕانسییدا به‌تایبه‌ت ڕوانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوز له‌سه‌ر ده‌قی ژنان و تواكانی ئه‌وان بۆ گێڕانه‌وه یان بۆ ده‌ربڕین، هاوکات له‌پێناو ده‌رباز بوون له گوتاری سه‌رده‌ست ،شێوه‌بازكردنی ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ لایه‌نه زاڵه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی دانرا. هه‌رچی له‌وباره‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی ئه‌نگلۆساکسۆنی که له بناغه‌دا ڕوانگه‌یه‌کی گه‌شبینانه بوو له‌سه‌ر توانای ژنان که گوایه؛ ئه‌وان ده‌توانن سه‌رباری هه‌ر شتێک، گوتاری پیاوسالارانه بشکێنن و هاوکات ده‌توانن ئه‌زموونه‌کان و تایبه‌تمه‌ندیی ژنانه‌ی خۆیان ده‌رببڕن. تیۆریسێنه‌کانی فه‌رانسه‌یه‌كانی وه‌ک لویس ئێریگاری، هێلێن سیسۆ و ژولیا کریستێڤا گوتاری پیاوسالارانه‌یان وه‌ک سیستمێکی یه‌کلایه‌نه(monolith) باسده‌کرد. له‌و سیسته‌مه‌دا ژن و ژنایه‌تی بێده‌نگ و به‌رته‌سک کرابوونه‌وه.
به‌بۆچوونی لویس ئێریگاری ئێمه له لۆژیکناوه‌ندێکی پیاوسالاردا ده‌ژین، له‌وێدا به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگانادرێت به ژن و ژنایه‌تی که خۆی ده‌رببڕێت. لویس ئێریگاری له کاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆیدا به ناوی (Spẻculum de Ľ autre femm) (1974) به وزه‌یه‌کی زۆره‌وه ئه‌و (وه‌کیه‌کبوونه لۆژیکییه) ده‌خاته به‌رچاو که کاره‌که‌ی (که‌یت میلێت) مان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌و (وه‌کیه‌کبوونه لۆژیکه) ی که له‌ناو گوتاری پیاوسالاردا کاری ده‌کات که له ئه‌فلاتونه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا دواتر. به گوته‌ی ئێریگاری له‌و گوتاره پیاوسالاره‌دا ته‌نیا یه‌ک ڕه‌گه‌ز هه‌یه. پیاوبوون پێوانه‌ی هه‌موو شتێکه، له جێگایه‌ک که ئه‌و پیاوانه‌ییه نییه ته‌نیا به‌تاڵی و بێده‌نگی هه‌یه.
له کتێبی (I La Jeune Nèe ) (1975) هێلێن سیسۆ باس له زمان ده‌کات وه‌ک “مه‌یدانی شه‌ڕێکی گشتی” له‌و مه‌یدانه‌دا “مردن به به‌رده‌وامی له‌کاردا” و ژنایه‌تی به‌رده‌وام وێرانده‌کرێت و ژێرده‌که‌وێت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوبووندا. پڕۆژه‌ی سیسۆ و ئێریگاری هه‌ر وه‌ک ڕه‌خنه‌ی ئیدئۆلۆژیکی میلێت وایه، ئه‌وان حه‌ز ده‌که‌ن گوتاری پیاوسالارانه ئاشکرا بکه‌ن و تێکی بشکێنن، به‌ڵام میلێت له ڕێگای جیاوازییه ڕه‌گه‌زییه‌كان به‌هاوکاری گریمانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان خۆی فۆرمۆله ده‌کرد. هه‌رچی سیسۆ و ئێریگاری بوون به شێوه‌یه‌کی گو‌نجاو له‌سه‌ر زمان ئیشیان ده‌کرد.
تێزی ئێریگاری و سیسۆ زانیاریمان ده‌رباره‌ی (زمانی سه‌رده‌ست) ده‌داتێ و ده‌ڵێن؛ که ئه‌و زمانه سه‌رده‌سته زیندانێکه بۆ ژن و ژن ناتوانرێت به‌و زمانه باسی لێبکرێت…به بۆچوونی ئێریگاری و سیسۆله چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه و تێورییه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئه‌ودا؛ ژن و ژنایه‌تی زۆرجاران ته‌نێ بۆ مه‌به‌ستی گه‌یاندن، ئه‌وه‌ی که ئه‌مه چه‌مکگه‌لی زمانین و هیچ ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ نین به شتێک له ده‌ره‌وه‌ی واقیعدا. له کاتێکدا میلێت حه‌زی ده‌کرد خوێنه‌ر ئاگاداربکاته‌وه ده‌رباره‌ی جیاوازی چه‌مکه‌کان و واقعیه‌ت. سیسۆو ئێریگاری. حه‌زیان ده‌کرد که چه‌مکه‌کان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه و له‌ناویان ببه‌ن. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زمانه پیاوسالارانه و داخراوه‌دا، ئه‌وان نوسینێکی نزیک به‌هه‌ژاندنی ژنانه داده‌نێن. له ڕێگای ئه‌و شێوه نوسینه‌ی که سیسۆ و ئێریگاری ناوی ده‌نێن نووسینی ژنانه (ècriture fèminine)، ئه‌و نوسینه‌ی که زمانی پیاوسالارانه ڕیشه‌کێشده‌کرێ و تێکی ده‌شکێندرێ. به‌و شێوه‌یه جێگا ده‌کرێته‌وه بۆ “ئه‌و ژنایه‌تییه‌ی” که به‌رته‌سکراوه و ئێمه هه‌رگیز له‌ڕێگای ئه‌و زمانه سه‌رده‌سته ناتوانین بزانین “ئه‌و ژنایه‌تییه” چییه، به‌ڵام کاتێک دێته ده‌ربڕین زمانی سه‌رده‌ست تێکده‌شکێت.
به باوه‌ڕی سیسۆو ئێریگاری؛ ” ژنایه‌تی” و ” پیاوییه‌تی” دوو هێزی له‌یه‌کجودا ده‌بیندرێن. تیورییه‌کانی ژولیا کریستێڤا زۆرترین کاریگه‌ریان له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌م له وڵاتانی ئه‌نگلۆساکسۆن و هه‌م له‌سه‌ر وڵاتانی باکووری ئه‌وروپا و سوید هه‌یه. کریستێڤا باس له دوو ئاستی زمان ده‌کات که یه‌کیان ده‌به‌ستێته‌وه به “پیاوانه‌یی” و ئه‌ویتریشیان “ژنانه‌یی” له ڕاستیدا وه‌کو دوو شوێن و جێگای جیاواز له گه‌شه‌کردنی مرۆڤایه‌تیدا بناغه ده‌گرن. ئاستی “نیشانه‌ناسی” که کریستێڤا به یارمه‌تی تیۆری ده‌روونشیکاری به‌هاوژینی بنه‌ماییانه‌ی دایک و منداڵی ده‌به‌ستێته‌وه و پێی ده‌ڵێ “ژنانه” بریتییه له زمانێک پێشتر له زمان که تێیدا منداڵه‌که هێشتا نه‌بۆته خاوه‌نی شوناسێک، به‌ڵکو ماناکان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕووناکی، تاریکی، گه‌رمی، ساردی و لێدانی دڵ و له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌کانی تری مه‌کینه‌ی هه‌سته‌کان ده‌روستده‌بێت. له کاتی چوونه ناو نه‌زمی سیمبۆلی “پیاوانه”ی زمان واتا “لۆگۆس” پێکهاته ڕێزمانییه‌کان که بۆ په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و دروستکردنی ماناسازی پێویستن و شێوه ده‌گرن، کاتێک که ده‌بێ به‌رهه‌می ماناداری نیشانه‌ناسانه‌ی “ژنانه” تێبخزێندرێت کریستێڤا له وتارێکی به‌ناوی (ئه‌مه هه‌رگیز وانییه – La femme, ce ń est jamais Ça ) له گۆڤارێک‌دا به ناوی ( ( Tel Quel (1974) ده‌نوسێت: “به باوه‌ڕی من ژن شتێکه که نوێنه‌رایه‌تی ناکرێ و ناتوانرێت ناو ببردرێت، شتێکه که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی زمان و ئایدۆلۆژییه‌کان.”
له کاره به‌رجه‌سته‌که‌ی خۆی به‌ناوی شۆڕش له‌زمانی شیعرییدا (1974) کریستێڤا ئه‌و ئاستی زمانه به “شیعریی” یان “شاعیرانه” ناو ده‌بات و ده‌یه‌وێت ئه‌وه نیشان بدات که چۆن “ئه‌و ژنایه‌تییه” به‌شێکی زۆر گرنگه له‌و باره‌وه و گرنگترین شته له‌لای نووسه‌رانی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ک جۆیس، ئارتۆد، سێلین و مه‌لارمێ. زۆر که‌س بۆ نموونه له سوید کریستین یه‌رڤستاد له کتێبی رێنوێنی فێمینیستی (1995) دا ئاماژه‌ی به ئه‌و پارادۆکسه داوه که کریستێڤا له په‌ڕینه‌وه‌ی “ئه‌و ژنایه‌تییه” بۆ ناو کاره‌کانی نوسه‌رانی پیاوادا ده‌یبینێته‌وه. مرۆڤ ده‌توانێت بڵێ که تیۆرییه‌کانی کریستێڤا به زۆر شێوه‌ی جۆراوجۆر ئاڵوگۆڕ و تازه‌کاری له چۆنییه‌تی خوێندنه‌وه‌دا پێکهێناوه و خوێندنه‌وه‌ی تازه‌ی له‌سه‌ر ده‌قی نووسه‌رانی ژن هه‌یه.
فێمینیسته فه‌رانسییه‌کان به زۆر شێوه‌ی جیاواز پشتیان له فێمینیزمی سیاسی کرد، ئه‌و فێمینیزمه‌ی که له هێندێک بواردا شان به شانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژنان ده‌ڕۆیشت و باسه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و تیۆریانه واتا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی زیاتر گه‌شه‌ی پێدرا کاتێ ئه‌م تیۆریانه وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی ئینگلیزی له هه‌شتاکاندا و خوێنه‌ری زۆری بۆ خۆی په‌یدا کرد. ئه‌و تیۆریانه به‌شێکی گرنگ بوون بۆ ناسیاسیکردن و ئه‌کادیمیکردنی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌ی که شکڵی گرتبوو، له پێش هه‌موویانه‌وه له زانکۆکانی ئه‌وکاتی ئه‌مریکادا.
کێن رووتڤێن له کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیانه‌ی ئه‌ده‌بی Feminist Literary Studies (1984) که مێژووی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی ده‌نووسێته‌وه و ئه‌و لێکۆلینه‌وه مه‌یدانیه فێمینیستیه له فێمینیزمی سیاسی جیا ده‌کاته‌وه و ده‌یهه‌وێت ئه‌و بواره بۆ پیاوانیش بکاته‌وه. به بۆچوونیرووتڤێن فێمینیزمی سیاسی ده‌توانێ جیاوازیخوازانه بێت، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ناتوانرێت جیاوازیخوازانه بێت، و ئه‌وه به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌ی شواڵتێره که ده‌ڵێت؛ ژنان به‌هۆی ئه‌زموونی خۆیانه‌وه باشتر ده‌توانن ده‌قی ژنان بخوێننه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ پیاوان. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی به سازکردنی تیۆریه‌کانی خۆی هه‌موو بناغه‌کانی جیاوازیخوازی له‌ناوبرد و مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو که جنس سازکراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه. گه‌شه‌ی بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی که جارێک به له ڕه‌خنه‌وه بۆ له‌هه‌ڵڵادان ناوزه‌ده‌کات و دواجار به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سازکراوه جنسییه زاڵه‌کان ناوی ده‌بات، باس له‌وه ده‌کات که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی فێمینیستی ده‌بێ بوارێک بێت بۆ ژنان و پیاوان و باس له ده‌قی ژنان و پیاوان بکات.
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ی که کتێبی لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیانه‌ی ئه‌ده‌بی Feminist Literary Studies ی رووتڤێن چاپ بوو، کتێبی سیاسه‌تی سێکسواڵ – ده‌قی Sexual/textual Politics ی تۆڕی موواچاپ کرا. ئه‌و کتێبه‌ش هه‌مان نوسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و بواره بوو به‌ڵام به هێندێک بابه‌تی جیاوازتره‌وه. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی مووا ئه‌وه نه‌بوو که ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی ئاکادێمیک بکات، هه‌رچه‌نده ئه‌و کتێبه‌ی ئه‌و له کرداردا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕا له‌و بواره‌دا.
مووا هه‌وڵی ده‌دا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه ئه‌نگلۆ ئه‌مریکییه که به بۆچوونی ئه‌و له بناغه‌دا جه‌وهه‌رگه‌را و بایۆلۆجیک بوو سه‌رنج وه‌رگێڕێته سه‌ر ڕه‌خنه‌ی زمانه‌وانیی فه‌ڕه‌نسی. کتێبه‌که‌ی مووا وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌یه‌کی به‌هێز بوو ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌و بواره‌دا به زمانی ئه‌نگلۆساکسۆنی کاریانکردبوو. له پێشه‌کی ئه‌م کتێبه‌یدا مووا فۆكۆسێكی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه نێگه‌تیڤه‌که‌ی ئێلین شواڵتێرده‌کات که له‌سه‌ر تێکسته‌کانیڤیرجینیاوڵفی هه‌بووه له کتێبی ( ئه‌ده‌بیاتی خۆیاندا A literature of their Own) به بۆچوونی مووا پێوه‌ره‌کانی شواڵتێر ڕیالیزم، شوناس، ئه‌زموون، ڕه‌سه‌نایه‌تی و ڕاستی وایان له‌و کردووه که نه‌توانێت ئه‌و بنه‌ما گوتارییانه‌ی که ولف ده‌ریانده‌بڕێت، ببینێت. ولف. شوناسی تازه نانوسێت، به‌ڵکو ئه‌و شوناسه کۆنه‌کان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، به‌ڵام به بۆچوونی مووا،. شواڵتێر ئه‌وه نابینێت چونکه ئه‌و پێویستی به‌و گریمانانه هه‌یه بۆ باسه‌که‌ی خۆی. ئه‌وه‌ی که به ته‌واوی دژایه‌تی شواڵتێر ده‌کات تیورییه‌کانی. ژولیا کریستێڤایه که به‌دوای جێگیرکردن و داخرانی چه‌مه‌که‌کان و شوناسه‌کاندا نییه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌ویش هه‌روه‌کولفده‌یهه‌وێت ئه‌و چه‌مکانه بتوێنێته‌وه.
ئه‌و سه‌نگی مه‌حه‌که‌ی تۆریل مووا هه‌ڵیبژاردووه زۆر ستراتێژیک بووه. ڤیرجینیا ولف. به‌زۆر شێوه‌ی جیاواز دایکی نه‌ریته‌کانه. له وتاری ژوورێک له‌مه‌ڕ خۆی A Room Of One”s Own ) 1929) ولف زۆربه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی باس کردووه که دواتر ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی زۆری کار له‌سه‌ر کردووه. لێکۆڵینه‌وه‌ی سیستێماتیکی ئه‌م وتاره له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کان و سازگارییه چه‌ند لایه‌نییه‌کان وای کردووه که ئه‌و وتاره ده‌ستپێکێکی باش بێت بۆ ڕه‌خنه له‌سه‌ر هه‌موو ئاراسته‌کانی تیۆرییه سازکراوه‌کان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینستی به‌جۆرێ له جۆره‌کان هه‌وڵی داوه تیورییه‌کانی خۆی به ده‌قه‌کانی ڤیرجینیا ولف ببه‌ستێته‌وه.
له قۆنا‌غی سه‌ره‌تای ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستیدا فۆكۆس به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر ڕوانگه‌یه‌کی ( نه -نێر) و (نه- مێ) بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی له کۆتایی کتێبه‌که‌ی ژورێک له‌مه‌ڕ خۆی ڤیرجینیا ولفده‌بیندرێت. هه‌روه‌ها کتێبه‌که‌ی کارۆلین هێیلبرون. به‌ناوی (به‌ره‌و نه‌نێر نه‌مێی Toward Androgyny ) و کتێبه‌که‌ی نانسی تۆپینگ که ناوی ڤیرجینیا ولف و ڕوانگه‌ی نه‌نێر نه‌مێی Virginia Woolf and the Androgynous Vision بوو له ساڵی 1973 چاپکراون، خاوه‌نی که‌سایه‌تییه‌کی یوتۆپییی بوون.
ئێله‌ین شواڵتێر که به‌دوای ده‌ربڕینی ژنانه‌دا ده‌گه‌ڕا ئه‌و که‌سایه‌تییه نه‌نێر نه‌مێ بوونه‌ی پێ هه‌ڵاتن و خۆده‌ربازکردن بوو. شواڵتێر. ئه‌و لایه‌نه نادیار و ناجێگیرانه‌ی که له ده‌قه‌کانی ڤیرجینیا ولف دا هه‌ن ده‌گێڕێته‌وه بۆ ناتوانایی ولف. له به‌یه‌که‌وه به‌ستنی ده‌قه‌کان و ده‌ربڕینی ئه‌زموونه ژنایه‌تییه‌کانی ئه‌و.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش قورساییه‌کی زۆری کتێبه‌که‌ی شواڵتێر له‌سه‌ر ئه‌و وتانه‌یه که ولف له‌سه‌ر گرنگی و ڕۆڵی ئیمکاناته ماددی و مه‌عنه‌وییه‌کان بۆ نووسه‌ری ژن ئاماژه‌یان پێده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌وه ئه‌و بۆچوونه بوو که گیلبێرت وگیوباریش باوه‌ڕیان پێ بوو و هاوکات تیوری جوانیناسانه‌ی ئه‌وان که ده‌توانرێت وه‌ک ئه‌نجامدانی لێدوانێک بخوێندرێته‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌و ئیدیاله جوانیناسییه‌ی که ڤیرجینیا ولف له کتێبی ژورێک له‌مه‌ڕ خۆی دا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد.
ڤیرجینیا ولف. ڕۆمانی جه‌ین ئێر- ی شا‌رلوت برۆنتێ ده‌قێکی سه‌رنه‌که‌وتووه و ولف نابووتی یان وێرانی ئه‌و ده‌قه‌یه‌ی ده‌گێڕایه‌وه بۆ ئه‌و قیژه‌یه‌ی که ژنه شێته‌که داڵانه‌کانی پێ پڕ ده‌کرده‌وه. ئه‌و قیژه‌یه‌ی که گیلبارتو گیوبار به‌رزیان ده‌نرخاند. ڤیرجینیا ولف. ئه‌و کاره‌ی شا‌رلۆت برۆنتێی. وا ده‌دیت که ” له تووڕه‌یدا نووسیویه‌تی نه له ئاگاییدا”. به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌که‌یولف گیلبێرت و گیوبارپێیان وابوو ئه‌و تووڕه‌بوون و هه‌ڵچوونه گرنگترین به‌شی ڕۆمانه‌که‌یه.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی له ساڵانی حه‌فتادا به‌شێکی زۆری دیاری کردبوو بۆ ده‌قه‌کانی سه‌د ساڵی رابردوو. و مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت که ده‌قه‌کانی ولف پێوانه‌یه‌ک بوون بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی
جوانیناسیه‌ک که جیاواز بوو له جوانیناسیی مۆدێرنیستی، ئه‌و جوانیناسییه مۆدێرنیستییه‌ی که ولف خۆی یه‌کێک بووه له‌وانه‌ی فۆرمۆله‌ی کردوه. له ڕووناکایی تیۆریه‌کانی بنه‌ماشکێنی و لێکدانه‌وه‌ی جێنده‌ریانه که له ساڵانی هه‌شتادا زاڵ بوون. ڤیرجینیا ولف. هاوکات بوو به سه‌رنجراکێشترین نووسه‌ر بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه فێمینیسته‌کان. بۆ لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی وه‌ک ماکیکۆ مینۆو_پینکوێی. و ڕاچێل بۆلوبی ده‌قه‌کانی ولف ببوونه ده‌ربڕی نامومکین بوونی سیاسه‌تی شوناس، په‌راوێز و سنوورداربوونی “ژنایه‌تی”، هه‌روه‌ک بۆچوونه زمانییه‌کانی که کریستێڤا. له کتێبی ( ڤیرجینیا ولف و کێشه‌ی سوژه – Virginia Woolf & the problem of the Subject ) و کتێبی ( چاره‌نووسی فێمینیزمدا – Feminist Destination 1988) له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی فێمینیستیدا که جێگایه‌کی گرنگی هه‌بووه له تیۆری ئه‌ده‌بی ئه‌و ده‌یه‌دا دیسان باس له ولفده‌کرێته‌وه و بۆ نموونه سیدۆنیێ سمیث له کتێبی (سوژه، شوناس و جه‌سته‌دا – Subjectivity, Identity, and the Body 1993) باس له پێویستی لابردنی “خود”ی نه‌زمی کۆن ده‌کات.
له کۆتایی هه‌شتاکاندا ترازانێک له‌و چه‌مکانه‌دا روویدا که بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی هه‌ر له سه‌ره‌تای په‌یدابوونییه‌وه له خۆیدا جێگای کردبووه. چه‌مکه‌کانی وه‌ک شوناس، سوژه، ئه‌زموون، مێژوو و ڕاستی که به‌دواداچوونی بنه‌ماشکێنی له‌خۆیدا تواندبوونییه‌وه، هه‌روه‌ک حه‌زی گوتاریی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ بۆ پێکهاته زمانییه‌کان. ده‌قی ئه‌ده‌بی به زۆر شێوه‌ی جیاواز شوێنی خاوه‌ن ئیمتیازی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی فێمینیستیدا. مرۆڤ پێێ وابوو که ئه‌و جۆره لێکۆڵینه‌وانه ناتوانن چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌کی ئالتێرناتیڤی بده‌ن به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵکو ته‌نیا تێگه‌یشتنێکی قوڵتره ده‌رباره‌ی ئه‌و پیاوسالارییه‌ی که له ئارادایه. به بۆچوونی ئالیس ژاردین له کتێبی بنجوبنه‌وان Gynesis (1985) که یه‌کێک بوو له‌و کتێبانه‌ی که سه‌رنجی له‌سه‌ر ئه‌و ژنه واقعی و ده‌قه‌کانی ئه‌و وه‌رسوڕانده سه‌ر هه‌مه‌لایه‌نی کولتوریی ده‌ق یان گوتار، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌وه بتوانرێت ببینرێت که چۆن نیشانه‌ی “ئه‌و ژنایه‌تییه” له‌ناو گوتار یان ده‌قدا کار ده‌کات و چۆن ” ژنایه‌تیی” سه‌رله‌نوێ ده‌نووسرێته‌وه له زماندا.
ناوی کتێبه‌که‌ی ژاردین. بۆ خۆی جێگای باسه و ناوی کتێبه‌که ڕووی باسه‌که‌ی له جینۆکریتیسیزمی ئیلێن شواڵتێره. بۆ ژاردین. ئه‌و فێمینیزمه‌ی شواڵتێرو فێمینیسته‌کانی ساڵانی حه‌فتا ده‌ربڕینێکی زیاترن بۆ دووباره بیرکردنه‌وه‌ی پیاوسالارانه که ئه‌وان پێیان وابوو دژی تێده‌کۆشن. به گوته‌ی ژاردین” ژنایه‌تیی “ ده‌بێ سه‌رله‌نوێ بنووسرێته‌وه و ئه‌وه ئه‌و پرۆسێس و گه‌وره‌ییه ده‌قییه یۆتۆپیاییه نه‌ناسراوه‌یه که له زماندا ده‌نووسرێت و ژاردینئه‌وه ناوده‌نێت ” gynesen “.
ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ناو فه‌لسه‌فه و ڕه‌خنه‌ی فێمینیستیدا له ساڵانی هه‌شتادا ڕوویدا تایبه‌تمه‌ندییه‌کی پارادۆکسانه‌ی هه‌یه و هاوکات ” ژنایه‌تیی” ده‌که‌وێته جه‌رگه‌ی نه‌ته‌نیا باسه‌کان له‌ناو فێمینیسته‌کاندا به‌ڵکو به‌هه‌مان ڕێژه ده‌که‌وێته ناو باسی فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک دریدا، ژیل دێلوز، ژان بۆدلێر و باس له‌سه‌ر ژنی دیاریکراو یان کۆنکرێت کۆتای پێ دێت. ئیتر ئه‌وه ده‌قی ژنان نییه که ده‌بێته که‌ره‌سه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی مرۆڤ، به‌ڵکو ئه‌وه “ژنایه‌تییه” که له گوتاری ده‌قی و کولتوری و له چوارچێوه‌ی فێمینیزمدا که ژن بۆ خۆی، یاخود وه‌ک ڕه‌گه‌ز به‌رهه‌می ده‌هێنێت، ده‌بێته ئه‌و ده‌قه‌ی که مرۆڤ ده‌یخاته ژێر لێکۆڵینه‌وه.
له‌ناو ئه‌وانه‌ی که زۆر له‌وه زیاتر په‌ره‌ی به ئه‌و بواره داوه جودیت باتله‌ر_ه، که یه‌کێکه له ئه‌ستێره
هه‌ره گه‌شاوه‌کانی پۆستفێمینیزمی ئه‌مریکاییه له ساڵانی هه‌شتادا. له کتێبه‌ی خۆیدا به ناوی ( گرفتی ژێندر Gender Trouble 1990) هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه ڕه‌تده‌کاته‌وه که ده‌ڵێت؛ شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زماندا هه‌یه. به بۆچوونی باتلێر ژنایه‌تی به‌ته‌واوه‌تی وه‌ک پیاوه‌تی، هۆمۆسێکسوالیتی و هه‌موو ئه‌و شوناسانه‌ی تریش هیچ شتێک نین جگه له گوتار – دیسكۆرس. هیچ ژێرده‌رێک نییه، هیچ شتێک له پێش زمان و ئه‌و سیستمه نیشانه‌ییه‌ی ئێمه کاری پێ ده‌که‌ین له ئارادانییه. هیچ شتێک له دوای زمان و له ده‌ره‌وه‌ی زماندا نیه. هه‌موو شتێک گوتاره و ته‌نیا شتێک که ئێمه ده‌توانین ده‌رباره‌ی جنس بیکه‌ین گه‌ڕان و کارکردنه له گوتاری جێنده‌ردا.
له به‌شی کۆتایی هه‌شتاکاندا زۆر ده‌نگی ڕه‌خنه‌یی دژ به‌و ڕه‌وته‌ی که به‌سه‌ر بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی ژناندا زاڵ بوو، به‌رزبۆوه. ژا‌نێتتاد – (Janet Todd ) مێژوونووسینه‌که‌ی خۆی که ناوی مێژووی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی Feminist Literary History که له ساڵی (1988) چاپی کردبوو، وه‌ک داکۆکییه‌ک ناویده‌برد. له‌و کتێبه‌یدا تاد پێشنیاری بۆ لێکدانه‌وه‌ی ده‌ق ئه‌وه بوو که گرنگی بدرێت به لایه‌نی مێژوو و ئه‌زموون له جێگای ئه‌و به‌تیۆریکردنه زاڵه‌ی که هه‌یه. ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه به‌ستێنییه‌کان ده‌ست پێبکرێنه‌وه تاوه‌کو لێکدانه‌وه‌یه‌کی سیاسیانه بێته ئاراوه که له ئه‌ودا چه‌مکێکی وه‌ک ئه‌زموون ده‌توانرێت به‌کاربهێنرێته‌وه. له سوید ناسازگاری و به‌ربه‌ره‌کای هه‌بوو له نێوان ئه‌و شته‌ی که به جه‌وهه‌رگه‌ریی ناوزه‌د کراوه، به واتایه‌کی تر باوه‌ڕ به بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندییه ناوخۆی و نه‌گۆڕه‌کان، وه لێکۆڵینه‌وه‌کانی پێشتری سویدی له‌م بواره‌دا و ئه‌و سازکردنه سیستماتیکه‌ی که له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ردا ره‌نگی دابۆوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌رگیز به‌و راده‌یه به‌رجه‌سته نه‌بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئه‌مریکادا هه‌بوو. به شێوه‌یه‌کی تر مرۆڤ ده‌توانێت بڵێ که ڕه‌خنه‌ی فه‌رانسی له ڕوانگه‌ی جێنده‌ریدا له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی نه‌نێرنه‌مێ دا ته‌واو که‌ر یه‌کتر بوون و ئه‌و ڕوانگه‌یان نوی کردۆته‌وه.
له نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی ئێبا ویت براتسترۆم که کاریگه‌ری (کریستێڤا)ی پێوه‌دیار بوو، براتسرۆمله ڕێگای تیۆرییه‌کانی ژولیاکریستێڤا وه به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌و ژنایه‌تی، سه‌رپێچیکه‌ریی و تایبه‌تمه‌ندییانه له ده‌قه‌کانی موا مارتینسۆن دا ده‌خاته ڕوو. هه‌روه‌ک تیۆرییه‌کانی ئالیس ژاردین. له لێکدانه‌وه‌کانی ئێڤا ئادۆڵفسۆن دا که له “وڵاتی سه‌رسنوور”(1991) دا بڵاویکردۆته‌وه. له‌و لێکدانه‌وه‌یه‌شدا پێ له‌سه‌ر ده‌قی نووسه‌رانی ژن وه‌ک سنوورتێپه‌ڕ و خاوه‌ن هێزی نوێکه‌ره‌وه داده‌گیرێت.
له کتێبی ڕێنوێنیه باوه‌کانی فێمینیستدا1995) بۆ نموونه تیوریه‌کانی جۆدیت باتلێر که له‌لایه‌ن سارا دانیوسوه ده‌ناسێندرێن، سه‌رنج ده‌خرێته سه‌ر دژایه‌تییه‌کان له نێوان جه‌وهه‌رگه‌رایی و ساده‌کردندا و هه‌ڵوێستێکی توند به‌رامبه‌ر به جه‌وهه‌رگه‌رایی ده‌گیرێ. وتاره‌کانی ناو ئه‌و کتێبه هه‌مان پێشبینیان هه‌یه که له لێکۆڵینه‌وه‌ی ژنان له پێشتردا هه‌بووه. ئه‌و کتێبه کاری کرده سه‌ر باشترکردنی نه‌ریتی مێژووی ژنان، نه‌ریتێک که به‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ی سویدی له‌و بواره‌دا به‌رده‌وام زاڵ بووه.
ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی ژا‌نێت تاد بۆ مێژووی ئه‌ده‌بی ژنان له کۆدا فۆرمۆله کرابوو، واتا “مێژووه‌کانی ئه‌ده‌بی ژنان”. تاد نه‌یده‌ویست پاساو بێنێته‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و گشتگیرییه‌ی که له‌ناو به‌شێکی زۆری لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ژناندا هه‌بووه، که له‌واندا پیتی سه‌ره‌تای ووشه‌ی ژن “ژ” به گه‌وره نووسراوه و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر کراوه‌ته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی تاد ده‌یویست بیکات لێکدانه‌وه‌یه‌کی ته‌واوی گێڕانه‌وه‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بیات بووه. له کۆتای هه‌شتاکاندا و به‌تایبه‌ت له نه‌وه‌ده‌کاندا مرۆڤ دیسان کارپێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات ده‌بینێت له‌ناو لێکۆڵینه‌وه‌کانی فێمینیستاندا، به‌تایبه‌ت له‌ناو که‌مینه گروپه‌کاندا. به‌تایبه‌ت به هه‌مان شێوه‌ی که فێمینیستانی ساڵانی حه‌فتا ده‌یانکرد، فێمینیسته‌کان له نه‌وه‌ده‌کاندا کاریان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات ده‌ستپێکردوه و ده‌یانویست له ڕێگای ئه‌ده‌بیاته‌وه چۆنییه‌تی کارکردنی ئه‌و گێڕانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه زاڵه‌ی که هه‌یه نیشانبده‌ن، به‌ڵام به به‌کارهێنانی بنه‌ما تیۆرییه نوێکان. له کتێبی سازکردنه‌وه‌ی ژنایه‌تی Reconstructing Womanhood (1987) که نوسینی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی ژنانی ئه‌مڕۆی ئه‌مریکایه و هازێل کاربی( Hazel V.Carby) نووسیویه‌تی، شوناس یان مێژوویه‌کی تر ناناسێندرێت، به‌ڵکو کاربی. ده‌یه‌وێت نیشان بدات که چۆن چه‌مکی (ژن) و (سپی) و (ڕه‌ش) له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا کار ده‌که‌ن. به‌هه‌مان شێوه ئێڤا کۆسۆفسکیسێدگویک له میانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا له کتێبی له‌نێوان پیاوان دا Between Men (1985)دا به شوێن ئه‌وه‌دایه که چۆن تابووی هۆمۆسێکسوێل ورده ورده له ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا له ڕێنسانسه‌وه بۆ ئه‌ولاوه جێگیر کراوه، به جۆرێک که له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بوو به سنوورێک که مرۆڤ لێی ده‌رباز نه‌ده‌بوو.
له نه‌وه‌ده‌کاندا مرۆڤ تێبینیی حه‌زێکی تازه‌ی ده‌کرد بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی سۆبژه‌ییانه له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا. له کتێبی ( ڕه‌خنه‌ی چڕدا – The intimate critique 1993) ژا‌نێت تۆمپکینس له وتاره‌که‌ی خۆیدا به ناوی من و سێبه‌ره‌که‌ی من Me and My Shadow هاواری ئازادبوونی ده‌ق ده‌کات له ده‌ست ته‌واو یه‌کڕه‌نگیی تیۆری. له کتێبی (Getting Personal) که نانی ک. میلێر نوسیویه‌تی و کتێبی (Alchemy of Race and Rights) که پاتریسیا ویلیا‌م نوسیویه‌تی، هه‌ردووی ئه‌و کتێبانه له ساڵی (1991) دانووسراون، مرۆڤ ده‌توانێت بزانێت که چۆن گێڕانه‌وه‌ی ژیاننامه‌یی که له فێمینیزمی حه‌فتاکاندا زۆر باو بوو، دیسانیش ده‌بێته‌وه جێگای متمانه. به‌ڵام، ئه‌مجاره‌یان، ئه‌م جۆره گێڕانه‌وه‌یه نه‌بووه بنه‌مایه‌ک بۆ سازکردنی تیۆری یاخود پێوه‌رێکی بایه‌خدانان، به‌ڵکو له ڕاستیدا بوو به دیاریکه‌ری ئه‌و شوێنه‌ی مرۆڤ له‌وێوه قسه ده‌کات و هه‌روه‌ها بوو به سه‌نگی مه‌حه‌ک و بناغه‌یه‌ک بۆ ئه‌و گه‌ڕانه به‌رده‌وامه‌ی که هه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی فێمینیستی پێکدێنێت.
ته‌واو
ژێده‌ره ئه‌ده‌بییه‌کان :