چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان

سمکۆ محەمەد؛ لەبارەی فێمینزمی کوردیەوە


Loading

فێمینیزم چییە؟
فیمینزم رەوتێکی فکری رادیکاڵی ژنانە دژ بەسیستمی باوکسالاری لەکۆمەڵگەدا، ئەم رەوتە لەئەنجامی توندوژی بەرامبەر بەژنان ھاتۆتە ئاراوە، تەنانەت ئەوکاتەی کە ژنان تاڕادەیەک ئازادبوون لەنێو حیزبە سیاسیەکان، ژنان لەچاوی پیاوانەوە بە پلە دوو ھاتوون، دواتر ئەم رەوتە فۆڕمی گۆڕا بۆ رەوتێکی توندڕەو بەرامبەر بەپیاو لەرۆژئاوا، بەتایبەتیش سیستمی قەشەسازی و پاپا و کڵێسا تەماشای بوونی ژنانیان دەکرد، ئیدی چەمکەکە لەپزیشکیەوە بوو بەرەوتی فکری سیاسی ژنان و درێژەی کێشا تائەو رادەیەی رۆژھەڵاتیشی گرتەوە. ھەڵبەت “بۆیەکەمجار زاراوەی فیمینیزم (feminsme) سەرەتا بەشێوەی نیمچە بابەتێکی پزیشکی بەزمانی فەرانسەیی بۆ گەشەی ئەندامەکان و تایبەتمەندی رەگەزی نەخۆشەکانی ژنانو دواتر بەتایبەتی بۆ پیاوێک کە پزیشکەکان وای بۆدەچوون پزیشکەکان کە ھەندێکجار پیاوان جەستەیان لەژن نزیکە و (tenssexwal) یان ئەو پیاوانەی بەجەستەی خۆیانەوە ئازاریان دەکێشا، پاشان ئەلکسەندەر دیری نوسەرێکی ناسراوی فەرانسەیی بوو، ئەو زاراوەیەی لەنامیلکەیەدا بۆ ئەو ژنانە بەکارھێنا کە مێردیان ھەیە و بەرواڵەت وەکو پیاو ھەڵسوکەوت دەکەن” .. (١)

 

 

سیمۆن دی بۆڤوار ؛ فه‌یله‌سوفێكی ئێكستێنتالی و فێمێنیست
بۆچونێکی دیکە ھەیە کە فیمینزم چەمک و دەستەواژەیەکی یاسایی نییە و لەساڵی ١٨٧٣ ھاتۆتە نێو کولتووری فەرانسەییەوە و دواتر تایبەتمەندی وەرگرتووە و ھەڵگری پێناسە و پێکھێنەری رێبازێکی تایبەتی وەرگرتووە و پاشان پاشگری ئیزمی بۆ زیاد کراوە، چونکە بووە بە ئایدیایەک لە ئایدیاکانی یەکسانیخوازی ژن و پیاو لەژیاندا، ئەو رەوتە پێشتر توندڕەو نەبوون، چونکە ئیلھامیان لەو تێگەیشتنەی مارکس وەرگرتبوو کە دەیگوت ” لەسیستمی سەرمایەداریدا ژنان کۆیلەن لەژێر دەستی پیاو و ھەتا یەکسانی بەدەست نەیات، ژنان بەکۆیلەیەتی دەمێننەوە”. دواتر کەسانی وەکو (رۆژە کاوز و سیمین دی بۆڤارا) و دەیان ژن دەرکەوتن پێشڕەواتیان کرد و بوون بە تیوریستینی ئەو ڕەوتەو و توندڕەوی تێکەوت.
(میری دیلی) وەکو کۆمەڵناسێک لەراپۆرتێکدا لەبارەی ژنانەوە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی پیاوان و سەرکوتیان دەکەن ئەنجامیداوە و دەڵێ ” وەختێک پیاوان بانگەشەی خاوەندارێتی کەرەستەی ژیانی بەکارھێناوە و دابینی کردووە، ھەروەھا وەکو خاوەن جەستەیەکی بەھێزی جومگە، ھێزی کاری دابینکردووە، ئیتر ھاوسەرەکانیان دەکردن بە بەخێوکەری منداڵ و دەیانخستنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و پەراوێزیان دەخستن”. ھەروەھا دەڵێ پیاوان کەڵکیان لەزەبر و زەنگ بەرامبەر بە ژنان وەرگرتووە، ئەم ڕەوتە لەسەدەی ١٩ زیاتر سەریھەڵداو بوو بەباو لەنێو ژنان و بەتایبەتیش لە رۆژئاوا، دواتر گەشەی کردوو و رەوتەکە گەیشتە رۆژھەڵات وبەتایبەتیش ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەکۆمەڵگەی ئیسلام ناسراون، (قاسم ئەمین) نوسەرێکی بەرەگەز عەرەبە و لەکتێبی ( المراە الجدیدە) دەڵێ پێشتر ھەوڵێک لەنێو دونیای عەرەبی ئیسلامیش ھەبوو ژنان لەدژی پیاوان بێنەدەنگ نەبن و داوای مافی خۆیان بکەن، بەڵام شەریعەت ئەوەی بۆ ژنی دانابوو دەبوو پەیڕەوی بکات و ئاینیش بۆچوونی کۆنکریتە و نەدەبوو بگۆڕدرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ژنانی ئیسلامیش کەمێک لەزەبر و زەنگ و کوشتن و پەراوێزخستن دوور بکەونەوە، لەوێوە دەستیان پێکرد سەرەتا لەگرینگیدا بەنەخۆشی ژنان و بردنیان بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریان لەو سەروەختەدا و دواتر چوونیان بۆ بەرخوێندن و پاشان مافە کۆمەڵایەتیەکان و شوکردن بەئارەزووی خۆیان و ھتد، بەڵام ئەمە تەنھا لەنێو ئەشراف و بنەماڵە ناودارەکان بوون، چونکە ژنەکانیان بەناز بوون لەلایەن پیاوانەوە، بۆیە نەبوو بەعادەت بۆ ژنانی وەکو بنەماڵە ئاساییەکان، (د. ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام لەو کتێبەی وەریگڕاوە بەناوی ( ئەفڵاتۆن و ژن) باس لەوە دەکات کە بەشێک لەو ھۆکارانەی کە ژنانی خستۆتە ژێر رکێفی پیاوانەوە، پەیوەندیان بەفەلسەفەوە ھەبووە و فەلسەفە کاریگەری زۆری ھەبووە، مەسەلەی ھۆکاری لاوازی جەستەی ژنان کە لەرێگەی فەلسەفەی کلاسیکیەوە ھاتۆتە بەرباس، ئەو تێگەیشتنەی بۆ کۆمەڵگەکان درووستکردووە و سەپاندوویەتی و بەتایبەتی لەسەردەمی یۆنانی کۆندا ھاتووە، کە ژنان ناتوانن سەرکردایەتی بکەن، مەگەر دەگمەن ژنێک ھەڵبکەوێ لەکۆمەڵگەیەک سەرکردایەتی پیاو وەکو مێژوو باسی دەکات، تاقمێکی تر لەفەیلەسوفان باس لەوە دەکەن تازە بوونی ژن بۆ بەرھەمھێنانی منداڵ و بەخێوکردن و خۆ ئامادەکردن بۆ بەتاڵکردنەوەی سێکسی پیاوان، وەکو حاڵەتێکی سرووشتی لێھاتووە و بووە بەنەریت و عادات و تەقالید و بەشێکی زۆریش لەیاسا، کەواتە ھەوڵەکان بۆ رزگارکردنی ژن تەنھا لەپێدانی ھەندێ مافی ئینسانی و شارستانی و کارکردن دەبێت، نەک بۆ سیاسەت و کاری قورس کە نەجەستەی ژن رێگەی پێدەدات و نە بواریشی ھەیە بتوانێ لەیەک کاتدا ھەموو ئەو کارە سرووشتیانە و کاری دیکەی سەرکردایەتی و کارگێڕی و شەڕ و ھتد بکات، ھەندێک لەو ژنانەی کە وەکو فیمینیست خۆیان نیشاندەدەن، نەک ھەر لەبواری فەلسەفە و فکرەوە وەڵامی ئەم باسەیان پێنیە، بەڵکو ناتوانن ئەو فکرەیەی کە ھەیە بەخودی ژنانیشی بگەێنن، چونکە ھێشتا بەچاوی سۆز و بەزەییەوە تەماشای کێشەی کۆمەڵگە دەکەن و بەمەسەلەی ژنان پێناسەی دەکەن، لەحاڵێکدا مەسەلەی ژن مەسەلەی کۆمەڵگەیە، ئەگەرنا ژنێک لەھەر کونجێکی دونیا کێشەی ھەبێت بەبێ پیاو یان برا یان باوک و کەسوکار کێشەی نییە، بۆچی دەبێ پیاو دژی ژن بێت، بەڵام سیستمی سیاسی لەبەرچاو نەگیرێ، ئەمە لەکاتێکدا سیستمی سیاسی ژنی کردووە بە پلە دووی کۆمەڵگە بەدرێژایی مێژوو، نەک پیاو .
گۆشەگیری ژنان
ئەگەرچی ھیچ شەرع و یاسایەک و نەریتێک ڕێگەنادات ژن گۆشەگیر بێت، بەڵام ئەم حاڵەتە لەھەموو کونجێکی دونیادا بە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشەوە بوونی ھەیە، بۆ نموونە لەوڵاتانی ئەسکەندەنافیا بەھۆی کەشوھەوا و نەبوونی پەیوەندیەکی پتەوی کۆمەڵایەتی و بەھۆی تاک گەرایی و ئازادی لەرادەبەدەری تاکەوە، ھەروەھا بەھۆی ئەو ئازادیەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەدەستوور و یاسا رێکخراوە و فەزڵیان بەسەر پیاوانەوە ھەیە، گۆشەگیر بوون و زۆرجاریش ئەو گۆشەگیرییە دەبێتە ھۆی خۆکوشتن، لەوڵاتانی ئەفریقا نەریتێک ھەیە کە ژن دەتوانێ بەتەنھا بژی و پێویستی بەپیاو نەبێ، ئەم نەریتە بەقسەی کۆمەڵناسەکان گورزێکی کوشندەی لەژیانی سروشتی و خێزانداری و سێکسی ئاسایی داوە و چارەسەریشی ئەستەمە، چونکە بووە بەنەریت و ئاسان نییە بگۆڕیت، لەکوردەواریشدا ئەمە بەشێوەیەکی ترە کە گۆشەگیری مەرج نییە ژن بەتەنھا بژی تاکو دوچاری ئەو حاڵەتە ببێتەوە کە گۆشەگیر بێت، بەڵکو زۆرجار بەناچار لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەشە، بەڵام ھەمیشە ھەست بەتەنھایی دەکەن، یان ئەوەتا بەھۆی جەستەیانەوە کە زۆرجار یان توشی شۆکی پیاو و خێزان بوونە وینەی ناشیرین و ئەزموونی ناحەزیان بینیوە و بیستووە لەگێرانەوەی چیرۆکە خەمناکەکانی کۆمەڵگە کە چۆن ژنان بوون بەقوربانی سیکس و خێزان و ھتد، ئیتر ئەمە بۆتە ھۆی گۆشەگیر بوون، یان ئەوەتا بەھۆی ھارمۆنی تێکەڵاوەوە لەجەستەیان کە ھەندێکجار ئەندامی زایەندیان نێرە و بۆخۆیان بەجەستە و بەرواڵەت ژنن، ئیدی ناتوانن وەکو پێویست وەکو ئینسانی ئاسایی ھەڵسوکەوت بکەن لەنێو خەڵکدا، بۆیە بەناچار دەبێ گۆشەگیر بن و نە شوو بکەن و نەتێکەڵاوبن، نەک تووشی تەشیر و سوکایەتی ببن، بەڵام لەگەڵ تەنھا بوونەوەیان بەھۆی نەمانی کەسوکار لەدەوروپشتیان یان مردنی ئەوانیدیکەی کەسوکار، کەسەکە بەتەنھا دەبێتە کەرەستەی ئەوانی تر بۆ گاڵتەجاڕی و سوکایەتیپێکردن، ھۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ھیچ یاسایەک نییە بەرگری لەژیانی ئەم جۆرە کەسانە بکات، یان بەرگری لەمافیان بکات و مومارەسەی ژیان بکەن وەکو ئەوانی تر، بۆیە زۆرجار خۆیان دەکوژن یان بزردەبن لەکۆمەڵگە و تووشی حاڵەتە ناسروشتی دەرونی دەبن و کێشە بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەتیش دروست دەکەن، ئەم حاڵەتە لەرۆژئاوا ئاساییەوە دەوڵەت یانەی شەوان و دکتۆری تایبەت و سەندیکای تایبەت و ژیانی تایبەتیان ھەیە بەھۆی کولتووری رۆژئاوا، بۆیە بەشێک لەکێشەکانیان چارەسەر کراوە، بەڵام لەکوردستان وێڕای ئەو ھەموو رێکخراوانەی دەربارەی ژنان کار دەکەن، باسی ئەم کێشەیە ناکەن و بەدوایدا ناچن کە لەکێشەی ژن کوشتن مەترسیدارترە و کێشەی گەورەی ھەنوکە و داھاتووی کۆمەڵگەیە.
جۆرێکی تری گۆشەگیری ژنان لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە بەھۆی حاڵەتی نائاسایی و شەڕ و ماڵوێرانی و نەبوونی ئەمنیەت و جێگیربوونی کۆمەڵگە، رێژەی ھاوسەرگیری کەمدەبێتەوە، بۆیە قەیرە کچی رێژەکەی بەرەو ھەڵکشان دەچێت و دەبێتە ھۆی گۆشەگیرییان، بەپێی راپۆرتێکی یەکێک لەرۆژنامەکانی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ ئامارێکی چنگ کەوتبوو، دەڵێ لەکوردستان تەنھا ئەوەی بەدەستی دەزگا تەندروستی کۆمەڵایەتیەکانی حکومەت گەیشتووە، ژمارەی قەیرەکچ، نزیکەی ٧٠٠ قەیرەیە لەکوردستان و زۆربەشیان ئامار دەستی پێڕانەگەیشتووە.
ئەم حاڵەتە بەپێچەوانەوە بۆ ئەو پیاوانەش کە بەجەستە پیاون بەئەندامی زایەندنیان ژنن یان ھەر نیانە، بەھەمان شێوەیە کەکێشەی ئازادی و ھەڵبژاردنی شێوەی ژیانیان ھەیە، ئەمان بەھۆی ئەوەی لەدەرەوەن وەکو ژنان نین بشاردرێنەوە، ھەم بۆ کاتی ھاوسەگیری زۆر و فشاریان بۆدێت، ھەم سوکایەتیان پێدەکرێ کە پیاو نیین و مەرجی پیاوەتیان نییە و سوکایەتیان پێدەکرێ، بۆ نموونە لەرابردوودا چەند دیمەنێکی وەھا لەلایەن پۆلیسی عێڕاقیەوە لەیوتوب بڵاوکراوەتەوە، ئەو کوڕانەی بەرواڵەت پیاون و بەجەستە سینگیان و ئەندامی زایندیان مێینەیە، بەزۆر رووتیان دەکەنەوە و سوکایەتیان پێدەکرێ، لەبەرامبەر ئەمەشدا نە یاسا ھەیە کە ئەو کەسانە سزا بدات یاسا پێشێل دەکەن و خۆشیان پیاوی بەناو یاسان، نە لەرووی نەریت و شەرعەوە بەرگریان لێدەکرێ، بۆیە دەبێ بەناچار گۆشەگیر بن لەدیوی ماڵەوە، یان ئەوەتا خۆیان بکوژن.
فۆتۆ: به‌رده‌بارنكردنی ژنێك له‌پاكستان له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌
فێمینستەکان لەھەموو بوارەکان زەحمەتکێکی زۆر بۆ کۆمەڵگە دەخوڵقێنن، لەوانەش مەسەلەی رێگری لەزیادکردنی ئینسان وەکو منداڵ بوون لەلایەن ژنانەوە، ئەمە دەڵێم مەبەستمە باس لەو تێگەیشتنە بکەم کە لەزۆر شوین ھەیە و تاڕادەیەکیش لەنێو کۆمەڵگەی رۆژھەڵاتیش بوونی ھەیە، بۆ نموونە ئەو تێگەیشتنەی کە فیمینستەکان بۆ ژنانیان پەخشکردووە، ئەوەیە کە ستەمی سەر ژنان و کۆیلە بوونیان لەمێژوودا، دروست و راستەوخۆ پەیوەندی بە پیاوانەوە ھەیە و بۆ خۆشبەختی پیاو بووە و ھیچی تر، تاکو بۆ موڵک و ماڵ پاراستن کەڵک لەو کوڕو کچانە وەربگرن کە لەبەرھەمی ژنەکانیانە، بۆیە ژنەکان رێگەیان نەدەدا منداڵیان لەپیاوەکان ببێت، لەبەر ئەوەی تێگەیشتنە وەھا کەوتبۆوە کە ئەگەر ژنان منداڵیان ببێت دەبێ دوور بکەونەوە لەھەر چالاکیەک کەوەکو پیاو بیکەن، ھەر دەبێ خەریکی منداڵ ھێنان بن و منداڵ بەخێو بکەون و ببن بەکارێکتەری ماڵەوە و نەیەنە دەرەوە وەکو پیاو، لەبارێکی ترەوە بەو ھۆیەوە بوو کە فێمینستەکان ژنانیان وەھا تێگەیاندبوو کە نابێ ژن ئەوەندە خۆیان بەکەم بزانن و لەکاتی سێکس کردندا تەنھا بۆ بەتاڵکردنەوەی غەریزەی سێکسی پیاو بن و دواتر سکیان پڕبێت و منداڵ بۆ پیاو بھێنن، ئەمە دەبووە ھۆی ئەوەی کە نابێ ژن خۆی لەو کاتەدا ببینێ کە سووک دەبێ لەبەرچاوی پیاو و سکی پڕدەبێت، ئەمە بوو بەنەریتێک بۆ ژنان کە دوور بکەونەوە لەپێکھێنانی خێزان لەلایەن ژنانەوە، سەرەتاکەشی لەو مێژووەوە وەرگیرابوو وەکو نەریت کە لەئوسترالیا و گینەی نوێ و ئەفەریقا و مایکرۆزۆن ئاسام ویرمانی خواروی ئامریکا و چەند شوێنێکی تر، ئەم نموونەیە لەباکوری پاپۆش ھەبووە و خراپتریش، بۆ نموونە ھیچ ژن و پیاوێک بۆیان نەبووە لەیەکتر نزیک ببنەوە لەشوێنە گشتیەکاندا، ئەگەرچی ژن و پیاوی یەکتریش بن یان دایکی منداڵی پیاویش بێت، بۆیە خێزان ھیچ مانایەکی نەمابوو لەئەنجامدا ھاورەگەزی دروست بوو، بەومانایەی پیاو لەگەڵ پیاودا سێکسیان دەکرد و ئێستا بەشێوەیەکی دیکە لەھەمودونیادا بووەتە باو، ھاوڕەگەزی بەیاسا ناسراوە و دیسان یانەی تایبەت و شوێنی تایبەتیان ھەیە وپارێزراون لەلایەن دەوڵەتەوە، فیێمینیستی کوردی ئەگەر ھەبێ وەکو رەوتێک یان دیاردەیەکی رێکخراوەی ژنان، کەمو زۆر بەلای ئەم کێشانەدا ناچێت، جگە لەوەی باس لەدروستکردنی شێڵتەر بکات بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی کێشەی خێزانیان ھەیە، یان لەنەریتی کۆمەڵگە لایانداوە، بەڵام چارەسەری ئەو رێکخراوانەش لەچوارچێوەی سۆز و بەزەیی بۆ ژنان دەرنەچووە، یان ئەوەندەی خۆیان بەو ژنانەوە خەریک کردووە کە لەسەنتەرەکانن و بازرگانیان پێوەدەکەن بەشێک لەرێکخراوەکان، ئەوەندە باسی ھۆشیاری ناکەن کە ژنان چۆن بتوانن ببن بەخاوەنی ئیرادەی خۆیان، یان چۆن نزیک ببنەوە لەدروستکردنی بڕیار لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە..
بەکاڵاکردنی ژن لەبازاڕ
نزار قەبانی دەڵێ ” لەھەموو شتێک سەیرتر ئەوەیە ببینم، ژنان خۆیان ستەم لەخۆیان دەکەن”.
لەپەراوێزی ئەم دێڕەی شاعیری ناسراوی عەرەب نزار قەببانی دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کێشەی ژنان کێشەی رەگەزێکی دیاریکراو نییە، یان باشتر بڵێم کە ژنان خۆیان بەشێکی گەورەن لەخوڵقاندنی ستەم لەسەر خۆیان، خۆ بەکاڵاکردن تەنھا لەیانەی شەوان و سێکس فرۆشتن و مەلھاکان نییە، بەقەد ئەوەی خۆ بەکەمزانین و خۆفرۆشتنە بە پیاو لەلایەن ژنەوە بەرامبەر بەوەی سەرەتا دەبێت کوڕ داوای کچ بکات وەکو کاڵایەک لەماڵی باوکی ژن، دواتر خەرجیەکان بەشەھامەتەوە بخاتە سەر شانی، وەکو ئەوەی لەخوارەوە باسی دەکەم.
ھەڵبەت لەخۆڕایی نییە کە مەوقیعی کۆمەڵایەتی و ئابوری ژنان کەوتۆتە چێشتخانە و ئەکرێ پەروەردەکردنی منداڵ و ھتد، بەڵکو لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە لەسەرەتای شوکردنی کچ بەکوڕ و سەپاندنی بەرپرسیارێتی لەسەرەتای ھاوسەرگیرییەوە سەرھەڵدەدات، مارەیی و پێشەکی و کڕینی ماڵ و پێداویستی و کەرەستە و تێچوونی ئاھەنگی ھاوسەرگیری و کڕینی خشڵ و زێڕ و کەرەستەکانی تر و گرتنی خانوو و ھتد، لەلایەن ماڵی کچەوە بەسەر ماڵی کوڕ، یەکێک لەکێشە ھەرە گەورەکانی کۆمەڵگەی کوردیە، لێرەوە بەکاڵاکردنی ژن بۆ موڵکدارێتی پیاو دەستپێدەکات، فێمێنیستەکان ئەم باسەیان شینەکردۆتەوە بۆ کچان و بنەماڵە و نەریتی کۆمەڵگە و نەھێشتنی لەرووی یاساییەوە لەرێگەی میدیا و ھۆکارەکانی دیکەوی گەیاندنی ئەم تێگەیشتنە سوننەتیی و پڕ لەکێشەیە، کەچی باس لەمافی ئافرەت دەکەن کە لەراستیدا سەرتای مافی ئافرەت لەکۆمەڵگەی نەریتخواز و کۆنەپەرست و دواکەوتوو و پیاوسالار و ھتد، لەم بەکاڵاکردنەی کچانەوە دەستپێدەکات کە پیاوان خۆیان بەخاوەنی ژنان بزانن و رێگەنەدەن ژنان وەکو پێویست بچنە دەرەوە و ئیرادەیان ھەبێت لەھەموو بوارەکاندا.
ئەمە بەشێکی بەبازاڕکردن و بەکاڵاکردنی ژنانە، بەشەکەی دیکەی ئەوەیە کە لەبازاڕی سیاسەتدا ژنان وەکو کەرەستەی ریکلام بەکاردێن بۆ ھەموو پێداویستیەکی رۆژانەی ئینسان، ئیدی ھەر لە شامپۆ وە بگرە تاکو ماشین و کەرەستەی نێو ماڵ، ئەم بەکاڵاکردنە تەنھا بۆ ستەمگەری لەسەر ژنان نییە لەلایەن پیاوانەوە، بگرە لەوێوەیە کە سیاسەت رێگریی یەکەمی ئەم باسەیە کە دواجار بازاڕی پێگەرم دەکات و ھاوکێشەی سیاسی لەبیر خەڵک دەباتەوە، خۆشگوزەران کردنی خەڵک بەشێکی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە دەوڵەت و سیستم، بۆ ئەوەی یاخیگەرێتی لەسیستم و شەرع و یاسا و ھتد روونەدات، ھەرچی زیاتر مەسەلەی ژنان دەکات بەدوو بەشەوە، ھەم ھێشتنەوەی ژن لەژێر دەستی پیاو بەیاسا، ھەم دروستکردنی فەزایەک بۆ ئازادی ژن تاکو ئازادبوونی خۆیان لەوێدا ببینن کە پۆشاک و خۆ ڕازاندنەوە و موڵکداری و وەگرتنی وەزیفەی ئاسان و سەفەرکردن و ھتد، بۆیە باڵانسکردنی یەکسانی بەم شێوەیە لەنێو ژن پیاودا لەسیستمی جێگری ئێستادا بەیان کراوە و بووەتە تێگەیشتن.
مەسەلەی ئەخلاق و پاراستنی نەریت و ھێشتنەوەی ئەو دەسەڵاتەی کە لەئەسڵدا بەدەست سیستمی سیاسیەوەیە، دواجار رادەستی پیاو کراوە بۆئەوەی ھاوکێشەکە بەھەڵواسراوی بمێنێتەوە، ژنان ئەمەیان پشتگوی َخستووە و بەتایبەتیش ئەو ژنانەی رێکخراویان ھەیە و ئەوانەش کە خۆیان بەفێمینیست دەزانن، لەحاڵێکدا بەشێکی زۆری کێشەی ژنان لەکۆمەڵگەی سوننەتی و دواکەوتوویی و نەبوونی دەستوور و یاسایی پێشکەوتنخوازی و شارستانی، لەوێدایە کە ئەخلاق جێگەی بۆ یاسا نەھێشتۆتەوە و بووە بەبەشێکی گەورە لەفەزای کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی کۆمەڵگە. فێمیسنتەکان دەبێت ئەم تێگەیشتنانە بخەنە بەرباس و موناقەشە و ھۆشیارکردنەوەی ژنان، نەک کێشەی لاوەکی و دوورخستنەوەی ژن لەکێشە ئەسڵیەکەیان کەکێشەی کۆمەڵگەیە.
سەرچاوەکان
١: کتێبی فیمینزم. وەرگێرانی بۆ کوردی ، شنۆ میھر پەروەر، دەزگای وەرگێران. ساڵی ٢٠١١
٢: د. ئیمام عەبدلفەتاح ئیمام. ئەفلاتۆن و ژن. وەرگیڕانی بۆ کوردی. ھاوار محەمەد. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
٣: قاسم امین. المراء الجیدە. دار النشر. بیروت. ٢٠١٠

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین