ڕه‌وایه‌تی کۆڵبه‌ری له به‌ستێنی جیهانێکی تایبه‌تدا ده‌خوێنرێته‌وه، جیهانێک که مرۆڤه‌کان تێیدا نه بۆ گوزه‌رانی باری ژیان و بایه‌خی بهرخۆرکارانه به‌ڵکوو له پێناو مه‌به‌ستێکی په‌ڕیوه و دابڕاو له بژیوی ژیان کار ده‌که‌ن. کارکردن له‌پێناوی بژیوی ژیاندا به‌بێ هیچ پێوه‌ندییه‌ک له‌گه‌ڵ سیسته‌می بهگشتیکراوی ئاڵووێری کاڵایی، کارێکی زیندوو و خۆسهروهره و له گه‌شانه‌وه‌ی وزه و توانسته‌کانی مرۆڤدا ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌گێڕێت. به‌ڵام کاری حه‌قده‌ستی(مزدبگیری) کارێکی نامۆکراو و دابڕاو له بایه‌خی بهرخۆکارانهیه که وه‌کوو که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ مه‌به‌ستێکی جیاواز له‌خۆ ده‌ور ده‌بینێت و ده‌بێته کارێکی رووت و داماڵراو که خزمه‌تکاری سیسته‌می پاوانی بایه‌خ و به‌رژه‌وه‌ندییه. کۆڵبه‌ریی له درێژه‌ی هه‌مان چه‌شنی کاردا ده‌ور ده‌بینێ که نامۆیی به‌رهه‌م دێنێت؛ واته له ره‌وتێکی به‌رئاوه‌ژوو(inversion)دا به‌رهه‌می کاری کرێکار به‌سه‌رخۆیدا زاڵ ده‌بێت. له ره‌وتی نامۆبوونی کرێکاردا، دهستووپێوهندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له کانتێکستی زیندوو و سۆبژێکتیڤی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌هاوێژرێن و له نێو پێوه‌ندییه‌کانی ئاڵووێری کاڵاییدا؛ واته پێوه‌ندی ئۆبژه-ئۆبژه رۆ ده‌چن.
دیالێکتیکی سه‌رمایه له ره‌وتی خۆپهرهپێدان و جیهانگیریدا، پانتایی جیاواز له ئاستی گه‌شه و په‌ره‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌خوڵقێنێت، سه‌ره‌ڕای پێکهێنانی پێوه‌ندی نابه‌رابه‌ری ناوه‌ند-په‌راوێز(core-periphery) له نێو وڵاتانیشدا هه‌رێمی ناهاوسه‌نگ له بواری گه‌شه‌ی ئابوورییه‌وه به‌رهه‌م دێنێت. «شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کوردستانی» ئه‌و شێوازه ئابوورییه‌یه که له لایه‌ن سیسته‌می ئابووریی چه‌قبه‌ستووی ده‌وڵه‌تییه‌وه؛ که خۆی ده‌سکردێکی سیسته‌می جیهانی سه‌رمایه‌دارییه، به‌سه‌ر کوردستاندا داسه‌پێندراوه. ئه‌م دۆخه تایبه‌ته هه‌م له باری ئابووری و هه‌م له‌باری سیمبۆلیک و هێماناسانهوه هه‌رێمێکی په‌راوێزی و تهریککهوتهی له کوردستان به‌رهه‌م هێناوه. ئابووریی سیاسی ناوه‌ند به‌پێی مه‌نتقی چه‌قبه‌ستووی که‌ڵه‌که‌بوون و کۆجێبوونی سه‌رمایه، په‌راوێزنشینان له پێوه‌ندییه‌کی نابه‌رابه‌ردا ده‌گیرسێنێته‌وه و له داوی پێداویستییه‌کانی ئابووریی سیسته‌می رانتییان ده‌هاوێت. ئه‌م ئابوورییه مهیلهوناوهند، ئابوورییه‌کی خوێنمژانهیه که له‌ئاست چاره‌نووسی مرۆڤه‌کان بێده‌روه‌ست و بێلایه‌ن ده‌جوڵێته‌وه؛ واته له ره‌وتی ده‌رهاوێشتنی وزه‌ی جه‌سته(سه‌ره‌نجام: لێسه‌ندنی گیانیاندا) و پاوانی هێزی کاری ئه‌واندا، چه‌رخی سه‌رمایه و سامانی ناوه‌ند هه‌ڵده‌سووڕێنێ.
بێگومان دیالێکتیکی سه‌رمایه به‌ته‌نێ خولقێنه‌ری ئه‌م دۆخه دژه‌مرۆڤانه نییه؛ واته لایه‌نه‌کانیتر وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، قه‌باره‌ی فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌ها بایه‌خه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که ره‌هه‌ندێکی مێژووییتان هه‌یه له هاتنه‌ئارای ئه‌م چه‌شنه له شێوازی به‌رهه‌مهێنان(mode of production) ده‌وریان گێڕاوه. له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوودا کۆڵبه‌ر هه‌مان کرێکاره که له کارگه‌یه‌کی پیشه‌سازی یان دامه‌زراوه‌یه‌کی خزمه‌تگوزاریدا کار ده‌کات. ئاوه‌ها کارێک ئه‌گه‌رچی به‌هه‌مان شێوه ده‌چێته بازنه‌ی کاری نامۆکراو؛ و له ده‌سته‌مۆکردن و چه‌وسانه‌وه‌ی کرێکاردا ده‌ور ده‌گێڕێت به‌ڵام ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه کۆمه‌ڵێک مافی سینفی و شارۆمه‌ندی بۆ هێزی کار ره‌چاو ده‌کات . تا ڕاده‌یه‌ک له ئاستی نائینسانیبوونی دۆخی ژیانی که‌م ده‌کاته‌وه. کۆڵبه‌ر هه‌م له ئاستی کاری کۆڵبه‌ریدا تووشی له‌خۆنامۆبوون و چه‌وسانه‌وه ده‌بێت و هه‌م له ئاستی حوقووقی و شارۆمه‌ندیدا مافی زه‌وت و پێشێل ده‌کرێت. شرۆڤه‌ی ئه‌م دۆخه تایبه‌ته که‌ره‌سه‌یه‌کی تایبه‌تی تیۆریکی پێویسته تاکوو بتوانێت لایه‌نه جیاوازه‌کانی دۆخی ئاوارته‌ی کۆڵبه‌ریی شی بکاته‌وه. له ده‌زگای بیردۆزییی “ئاگامبێن”دا فیگۆرێکی نائینسانی به‌نێوی مرۆڤی پیرۆز(homosacer) هه‌یه که له دۆخێکی دژوازدا ده‌ژیت؛ واته به‌چه‌شنێک له ماف بێبه‌ری کراوه که له بازنه‌ی هیچ یاسایه‌کدا- نه ئینسانی و نه یه‌زدانی- نانوێنرێتهوه. که‌وایه ئه‌گه‌ر بکوژێک هه‌بوونایه‌تی ئه‌م چه‌شنه نا-ئینسانه؛ که له ژینهمهرگێکی کاره‌ساتباردا ده‌ژیت، له رووبه‌ری ژین بسڕێته‌وه وه‌کوو ئه‌وه وایه قالۆنچه‌یه‌کی کوشتبێت و هیچ یاسایه‌کی فه‌رمی یان عورفی به‌رۆکی پێ ناگرێت. ئاگامبێن هه‌روه‌ها به‌ندکراوانی «ئۆردووگای مه‌رگی نازییه‌کان»ی به خاوه‌نی ئاوه‌ها دۆخێک ده‌زانی و «ئاوارته(استثناء)ی ناشوێنی ئۆردووگا» به پێکهێنه‌ری ریسا(قاعده)ی کۆمه‌ڵگای مودێڕن دیاری ده‌کات. فیگۆری کۆڵبه‌ر به هه‌ندێ جیاوازییه‌وه هه‌مان مرۆڤی پیرۆز یان په‌راوێزیی سه‌رده‌می رۆماکان و موزولمان[i](muzulman)ی ئۆردووگاکانی مه‌رگی سه‌رده‌می شه‌ڕی دووهه‌می جیهانییه. ئاماژه‌ی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه ئه‌وه‌یه که نه کاره‌که‌ی له به‌ستێنی قانوونی کاردا پێناسه ده‌کرێت و نه کوشتنی به‌پێی قانوونی قه‌زایی وه‌کوو تاوان ئیدانه ده‌کرێت؛ واته نه به‌پێی ئایین و رهسموڕێسا قوربانی ده‌کرێت(لێره‌دا قانوونی دادگه‌ری) و نه هه‌روه‌ها کوشتنی تاوان و سزای به‌دواوه ده‌بێت. ئه‌گه‌ر که‌سێک ته‌نانه‌ت به‌ده‌ر له هێزی سه‌ربازی و راسپارده‌ی یاسایی -به مه‌به‌ستی تاکه‌که‌سی یان بۆ رابواردن و چێژبردن- نه یه‌ک به‌ڵکوو سه‌دان کۆڵبه‌ر له سه‌ر سنوور بکوژێت هیچ یاسایه‌ک به‌ره‌وڕووی نابێته‌وه و هیچ مافێک بۆ به‌رگریکردن له گیانی ئه‌و کۆڵبه‌رانه له ئارادا نابێت.
هه‌ر شێوازێکی به‌رهه‌مهێنان هاوبه‌سته‌ی سیسته‌مێکی نواندنه‌وه(representation)یه؛ واته هیچ میکانیزمێکی ئابووری-کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێ به‌بێ سیاسه‌تی نواندنه‌وه و واتاسازی به‌ره‌وپێش بڕوات. سیاسه‌تی نواندنه‌وه‌ی میدیاکانی ناوه‌ند، راپۆرتی کوژرانی کۆڵبه‌ران و به‌گشتی هه‌بوونی دۆخ و پیشه‌یه‌ک به نێوی کۆڵبه‌ری له کوردستان په‌رده‌پۆش ده‌که‌ن و سیاسه‌تی دادوه‌ری هه‌روه‌ها هه‌رچه‌شنه راپۆرتێک له کوژران و برینداربوونی ئه‌و کۆڵبه‌رانه به کردارێکی تاوانبارانه به‌راورد ده‌کات. شێوازی به‌رهه‌مهێنانی کوردستانی دۆخێکی ئاوارته‌ی به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا سه‌پاندووه و کۆڵبه‌رانی له لێواری «قانوون/ده‌ره‌وه‌ی قانوون‌دا» هێشتۆته‌وه؛ پانتاییه‌ک که تێیدا به وته‌ی ئاگامبێن ئیراده‌ی بڕیارده‌ر، قانوون تووشی هه‌ڵپه‌ساردن ده‌کات و شوناسی مرۆڤه‌کان له ژێر هه‌ژمه‌تی مه‌رگ و توندووتیژیدا به‌ره‌و ژیانێکی رووته‌ڵ(bare life) رادهنێت. کۆڵبه‌ریی دۆخێکی ئاوارته‌یه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئاوارتهبوونی، رێسای ژیانی په‌راوێزخراوه‌کان و مه‌نتقی گشتیی ئه‌و کۆمه‌ڵگا نه‌بینراوه به‌رساز ئه‌دات. به‌م پێیه هه‌موو دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه کۆڵبه‌رن؛ به‌و واتایه‌ی که له‌ژێر سێبه‌ری هه‌ڵپه‌سێردراوی و راوه‌ستانی قانوون‌دا کارده‌که‌ن و مه‌رگیان له‌پێش ژیانیان که‌وتووه. رێسای ژیانی هه‌موومان به‌پێی دۆخی ئاوارته‌ی ژینی کۆڵبه‌ران به‌رهه‌مده‌هێنرێت؛ که‌وایه ئه‌گه‌ر رێگا له نواندنه‌وه و ئاماژه‌کردن به کۆڵبه‌ران وه‌کوو به‌شێکی کۆمه‌ڵگا ده‌گیردرێت له راستیدا نه‌لێکردنی گشتێتی دیمۆسی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له ئارادایه.
له‌م دۆخه‌دا سیاسه‌ت چ ڕۆڵێك ده‌بینێت؟؛ ئایا کۆمه‌ڵی کۆڵبه‌ران به‌گشتی ده‌توانن ده‌نگ هه‌ڵبڕن؟ له ئاستی ئابووریدا کاری کۆڵبه‌ر له نێو وزه‌ی کاری ئابستراکتدا رۆ ده‌چێت و تێکه‌ڵ به پرۆسه‌ی ئاڵووێری سه‌رمایه ده‌بێت. له ئاستی سیاسیش‌دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر «دیمۆسی بهکۆلبهرکراو» به‌گشتی؛ و چینی کۆڵبه‌ر به‌تایبه‌تی، له دامه‌زراوه‌کانی ناوه‌نددا نوێنه‌رایه‌تییان هه‌بێت؟ ده‌نگی راسته‌قینه‌یان له چوارچێوه‌ی ئه‌م میکانیزمه‌وه نانوێنرێتهوه. هه‌روه‌ها هاتووهاواری فه‌زای مه‌جازی به‌مه‌به‌ستی به‌رجه‌سته‌کردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کۆڵبه‌ران، ئه‌گه‌رچی ئامانجێکی پۆزه‌تیڤی هه‌یه، به‌ڵام له پێناو جوانناسانهکردنهوهی پرسی کۆڵبه‌ریدا هه‌نگاو ده‌نێت و نه‌ته‌نیا ناتوانێ ده‌نگی راسته‌قینه‌ی کۆڵبه‌ران به‌رز بکاته‌وه، کێشه‌که ئاسایی ده‌کاته‌وه و قووڵایی و شۆکی مه‌رگه‌ساتباری ده‌سڕێته‌وه. لێره‌دا به‌پێی ئه‌و بڕیاره نهرێکارانهی (ئادۆرنۆ ) که پێیوایه؛ پاش ئاوس شڤیتز (هۆلۆكۆست) هه‌رچه‌شنه شیعرێک توانای نواندنه‌وه‌ی کاره‌ساتی نابێت.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین؛ نواندنه‌وه‌ی ڕاگهیاندنکارانهش ده‌نگی کۆڵبه‌ران له ئاڵۆزکاویی ڕه‌وایه‌تی میدیایی و کۆنترۆڵکاریی دیهاوێژانهی هه‌ست و سۆزدا، ون و نوقمه‌سار ده‌کات. ئه‌گه‌ر به‌پێی سیاسه‌تی جه‌سته به‌دوای سیاسه‌تێکی به‌رگریکارانه‌دا بگه‌ڕێین ره‌نگه ته‌نیا ره‌وایه‌تی جه‌سته‌ی «له-پێش-مردووی» کۆڵبه‌ران بتوانێت ده‌نگێکی ره‌خنه‌گرانه و راسته‌قینه‌ی ئه‌و دۆخه ئاوارته‌یه به‌رز بکاته‌وه. به‌م پێیه ئه‌زموونی کۆڵبه‌ری نه ده‌نوسرێته‌وه و نه ده‌نوێنرێته‌وه(ئاماژه‌یه‌کی هێمایین)، به‌ڵکو ته‌نیا ژین ده‌کرێت و ئه‌و ژیانه‌ش به‌شێوه‌یه‌کی پارادۆکسیکاڵ روو له ده‌ڤه‌ری مه‌رگ و فه‌رامۆشی ده‌نێت. کۆڵبه‌ران له رێگای ژێنکردنی کۆڵبه‌ری تا ئادوا ئاسته‌کانی خۆی،ڕرهوایهتی به‌رگریی خۆیان له جه‌سته‌یه‌کی لاواز و تێکشکاودا ده‌گێڕنه‌وه؛ ڕه‌وایه‌تێکی دهردئاسا که هیچ زمانێکی نوێنه‌رانه و هیچ نومایشێکی نهخشێنهرانه توانای تۆمارکردن و وه‌رگێڕانی نییه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م سیاسه‌تی جه‌سته‌یه بۆ خه‌باتی دیمۆسی گشتی وه‌کوو سه‌رچه‌شن وه‌ربگرین؛ ده‌توانین بڵێین ته‌نیا ڕۆچنه‌ی به‌رگری، ناکاراکردنی یاسایه‌که که دۆخی ئاوارته به‌رهه‌م دێنێت. ئه‌کتی سیاسی لێره‌دا وه‌ستاندنی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه که دۆخی ئاوارته به قانوونه‌وه گرێ ئه‌دات و ژیانی ڕووته‌ڵ (ئاگامبێن ٢) به سه‌ر هه‌موواندا داده‌سه‌پێنێت. ته‌نیا کاتێک که «هه‌ستی نادابینکراوی جه‌سته» و «ده‌نگی بێواتای زمان» له «پراکتیسی ژێست»دا یه‌کده‌گرنه‌وه ده‌توانن سیاسه‌تی فه‌زایی قانوون تووشی هه‌ڵپه‌ساردن و ناکارابوون بکه‌ن. زیندووکردنه‌وه‌ی بابه‌تی سیاسی وه‌کوو ئامرازێکی بێمه‌به‌ست، وه‌کوو ژێستێکی بۆش و به‌تاڵ، له هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی پۆتانشیاڵێتی و «نه-کردن»دا رێگا بۆ «کردن»ێکی ئێجگار مه‌زن ئاماده ده‌کات. سیاسه‌تی جه‌سته‌ی کۆڵبه‌ران که له گه‌مه‌ی مه‌رگدا خۆ ده‌نوێنێ، ده‌کرێت له گه‌مه‌ی ژیاندا به‌شێوه‌یه‌کی نهرێکارانه درێژه‌ی پێبدرێت؛ گهمهپێکردن و بێبایه‌خکردنی نۆمۆسێک که ژیانی جه‌سته‌یی له ژیانی سیاسی داده‌بڕێت و رێگای به‌خته‌وه‌ری و شادی له‌مپه‌ر ده‌کات.
ته‌واو
په‌راوێزه‌كان
١. سه‌رچاوه‌ی وشه‌ی موزولمان [Muzulman، Muselmann، Musselman]، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوێک که له ئوردووگای مه‌رگی نازییه‌کاندا بۆ ئه‌و به‌ندکراوانه به‌کار ده‌هێنرا که وره‌ی ژیانیان به‌ته‌واوه‌تی دابه‌زیبوو و هه‌رچه‌ند به رواڵه‌ت زیندوو بوون به‌ڵام به‌ته‌واوه‌تی ته‌سلیمی دۆخی مه‌رگه‌ساتباری ئۆردووگا بووبوون. پریمیو لێڤی(Primo Levi) که خۆی شایه‌تحاڵێکی دۆخی ئاوارته‌ی ئۆردووگای نازییه‌کان بووه و دواتر له دووتۆی کتێبێک‌دا به‌سه‌رهاتی خۆی ده‌گێڕێته‌وه پێی وایه ئاشۆویتس بیروهزری مرۆڤایه‌تی ده‌خاته ته‌نگژه‌وه و به‌ره‌وڕووی ئه‌م پرسیاره‌ی ده‌کاته‌وه که «ئایا مرۆڤ هه‌ر ئه‌مه‌یه؟» ئایا ئه‌م نا-مرۆڤه(non-human) واته موزولمان هه‌مان چاره‌نووسی کۆتایی مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دایه؟ موزولمان فیگورێکی نا-ئینسانی بوو که به هۆی ره‌نج و ئازار و بێڕێزییه‌وه لایه‌نی مرۆڤبوونی سڕدرابوویهوه و له مه‌ودای خۆڵه‌مێشیی نێوان ژیان و مه‌رگدا گیرسابوویه‌وه. موزولمان له پێناسه‌ی ئۆردووگادا ئه‌و به‌ندکراوه داڕووخاوهیه که چیدی هیچ هه‌وڵێک بۆ زیندوومان و رزگاربوونی خۆی نادات و پێش مه‌رگی فیزیۆلۆژیک تووشی مه‌رگێکی سیمبولیک هاتووه. لێڤی دواتر ده‌ڵێت:«ئه‌گه‌ر بمتوانیبا سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تییه‌کانی مرۆڤ له یه‌ک وێنه‌دا کۆ بکه‌مه‌وه بێگومان وێنه‌ی ئاوه‌ها که‌سێکم هه‌ڵده‌بژارد.»
٢. ئاگامبێن له ره‌چه‌ڵه‌کناسیی ئه‌م وشه‌یه‌دا ده‌نووسێت:«ده‌کرێ نزیکترین وێچوون بۆ پێناسه‌ی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له واتای زاره‌کی وشه‌ی عاره‌بی ‘مسلم’ دا ببینینه‌وه: که‌سێک که به بێهیچ مه‌رجێک ته‌سلیمی ویستی خوداوه‌ند ده‌بێت. له حاڵێکدا که ته‌سلیمی موسلیم به‌پێی ئه‌م بڕوایه سهقامگرتووه به‌ڕێوه ده‌چێت که ویستی خودا له هه‌ر سات و ته‌نانه‌ت له گچکه‌ترین رووداوه‌کاندا ئاماده‌یه، به‌ڵام ته‌سلیمبووی ئاشۆویتس به‌پێی دۆڕاندنی هه‌رچه‌شنه ویست و هوشیاری پێناسه ده‌کرێت. … هه‌ندێ شرۆڤه‌ی تر هه‌یه که که‌متر رێگای تێ ده‌چێت. نموونه‌یه‌ک له ئهنسایکلۆپێدیای یه‌هوودی[گرشۆم شۆلم] له‌ژێر به‌ندی ته‌سلیمبوو دا هاتووه: «ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه، که زۆرتر له ئاشۆویتسدا به‌کار هێنراوه، له شێوازی ئاسایی هه‌ندێ له به‌ندکراوان وه‌رگیراوه، واته چه‌ماوه و کۆمبوو به‌سه‌ر زه‌ویدا، له‌سه‌ر جووت ئه‌ژنۆ به شێوازی رۆژهه‌ڵاتی، به رواڵهتگهلێکی وشکههڵگهڕاوه وه‌کوو ده‌مامک».(بازماندههای آشویتس؛ جورجو آگامبن، تهران: نشر بیدگل، ا395)