زانکۆى سلێمانى وا مامەڵەیان لەگەڵ کردم کە بمەوێ خۆم بتەقێنمەوە

دارا حه‌مه‌سه‌عید - هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاش
629

لە ڕاستیدا هەستمکرد کە چەند گرنگە ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ مامۆستا ( دارا حەمە سەعید )دا کراوە دوا بەدواى دوور خستنەوەى لە زانکۆى سلێمانى, لە دواى حەڤدە ساڵ بەسەر ئەم چاوپێکەوتنەدا. من بڵاوىدەکەمەوە وەک (بەڵگەیەکى مێژووىی) کە لە کاتى خۆیدا لە زانکۆى سلێمانى چى ڕوویداوە لە ناحەقى ودەست تێوەردانى حیزبى لە بەڕێوەبردنى زانکۆى سلێمانى و زاڵ بوونى ئەقڵیەتى شاخ بەسەر زانکۆیەکى ئەکادیمى زانستى هونەرى.  گەر ئەمە سەرەتاى دروستبوونى ئەم زانکۆیە بێت دەبێت لە خۆمان بپرسین ئەم دەزگا ئەکادیمی و زانستیانە چ ڕۆلێکى بینیووە لە ناو کۆمەڵگەدا؟

لێرەوە تێدەگەین کە بۆچى (كۆلێژی  هونەر) بۆ بەم ئاقارەدا ڕۆیشتووه‌  کە لە ئیستادا لەم ئاستەدا خۆى دەبینێتەوە. بە باوەڕى من ئەم چاوپیکەوتنە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنمان لە واقیعى ئیستامان لە ڕووى هونەر و کولتورەوە.  بە تاتبه‌تی ئەمەى خوارەوە تەواوى چاوپێکەوتنەکەى مامۆستا (دارا حەمە سەعید) ە بۆ ڕۆژنامەى هاوڵاتى.

نکۆى سلێمانى وا مامەڵەیان لەگەڵ کردم کە بمەوێ خۆم بتەقێنمەوە
ڕۆژنامەى هاوڵاتی – ژمارە 146 چوارشەمە ڕێكه‌وتی 2003/10/22

 

زانکۆى سلێمانى وا مامەڵەیان لەگەڵ کردم کە بمەوێ خۆم بتەقێنمەوە

ڕۆژنامەى هاوڵاتی – ژمارە 146 چوارشەمە  ڕێكه‌وتی  2003/10/22

 

 

 

 

 

زانکۆى سلێمانى وەک دامەزراوەیەکى گرنگى کۆمەڵى مەدەنى کارێکى باش بوو لە دواى ڕاگواستنى چەندان ساڵە گەڕایەوە سلێمانى. بۆ ئەوەى کە خاوەن بڕوانامە و بیرمەندان و تەکنۆکراتەکان لەخۆ بگرێت و نەویەکى نوێ پەروەردە بکات و پێی بگەیەنێت بەڵام ئەم زانکۆیە بێ کێشە نەبووە. هەر لە کێشەى خوێندکار و مامۆستاوە تاکو ( قبوڵ خاص ) و کێشەى نێوان مامۆستاو یاخود کێشەى بەڕێوەبردن و ئیدارەى زانکۆ بێگومان چەندەها کێشەى نمونەى لەبەرچاو هەبووە لەم زانکۆیەدا بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە کێشەى مامۆستا دارا حەمە سەعید ئەم چاوپێکەوتنەمان لەگەڵ سازدا.

 

 

هاوڵاتى:  دارا حەمە سەعید بۆ گەڕایەوە کوردستان و چۆن کۆلێژى هونەریان کردەوە؟ ئایا زانکۆى سلێمانى بۆ پێشوازى لە خاوەن بڕوانامەکانى ناو شارى سلێمانى چۆن بوو؟

دارا حەمە سەعید: باوەڕ بکە لە ئیتاڵیا بە منیان دەوت مەڕۆرەوە وەختى ڕۆیشتنەوە نییە، وتم من خوێندنم تەواو کردوە بۆ ئەوەى خزمەتى وڵاتەکەم بکەم، ئەوسا فکرە وابوو هەشتاکان وەک ئێستا دنیا کاول نەبوو بوو هەرچەندە دەسکێ سەوزە بە 10 فلس بوو هەرچى عەرزە و شتى خۆمان هەبوو فرۆشتمان لە پێناوبە دەستهێنانى ماستەر نامەکدا.

هاتمەوە، ساڵى ( 1998 ) بە کۆششى بەرێز ( د. جەلال شەفیق ) کە لێرە وەزیر بوو کۆمەڵێ مامۆستاى کۆلێژەکەمان دامەزراند. من بووم مامۆستا، بەختیار و مامۆستا جەزا بوو، هەروەها مامۆستا هاوڕی و لەگەڵ مامۆستا على جۆلا. ئەم پێنج کەسە بووین, هەرچەندە ڕاى ( د. جەلال شەفیق ) وابوو کە لەبەر ئەوەى شوێنمان نییە و دەرفەتیشمان نییە ئەگەر دواى نیوەڕوان لە پەیمانگا دەوام بکەین پێ باشتر بوو. بەهەر حاڵ بە لە ( 100% ) موئەهەلات نەبوو، کولێژەکە وەکو شتێک هەرچۆنێک بوایە دیانویست بکرێتەوە  و  زۆر کۆلێژى تریش دەکرێتەوە. ساڵى 1998 کۆلێژەکە کرایەوە تا ئیستا دوو دەورە دەرچووانمان هەیە و  لە خوێندکاران کە کۆلێژى هونەریان تەواو کردووە هەروەها سەبارەت بە ڕۆڵى خۆشم ئەو بوو کە تاکە بڕوانامە بووم لە سەروو دیبلۆم و بەکالۆریۆسەوە، بە تایبەتى لە بوارى پەیکەر سازیدا.

ئەوانەى تر مامۆستایان هەموویان خاوەن بڕوانامەى بەکالۆرسۆس بوون. بەڕاستى بە خۆ بەخشییەکى باشەوە هاتینە پێشەوە بە ڕۆحیەتێکى زانستى و هونەریەوە ئەم کۆلێژەمان کردەوە. بەڵام تۆ بۆ ئەوەى گەڕەکێک دروست بکەیت، ئەبێ بیر لە ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا بکەیتەوە. کۆلێژکردنەوەش هەر هەمان شتە، هەر ئەوە نییە کۆلێژ بکەیتەوە و کۆمەڵێک بیانەوێت خۆیان بسەپێنن. ئەو کاتە نەمان دەویست ئەم هەقیقەتە بە خەڵک بڵێین ئیتر ئەوەتانێ ڕۆژانە شتەکان ئاشکرا دەبێ و کاتى ئەوەشە هاتووە کە باسى بکرێت.

 

 سەبارەت بە وەرگرتنى مامۆستاى شارەکە لە زانکۆ ئەگەر لەم ساڵانەى ئەخیردا دیقەت بدەى لە زانکۆدا ئەوانەى کە بڕوانامەشیان هەیە خەڵکى شارەکە نین، زیاتر لە شارەکانى ترەوە دێن هۆکارەکەشى ئەوە نییە کە لەناو شارى سلێمانیدا خەڵک خاوەن بڕوانامەمان نییە، بە پێچەوانەوە جارێکیان لاى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا بوو کۆمەڵێ بڕوانامەى ماجستێرى لابوو وتى؛  ئەمانە هچجیان لە زانکۆى سلێمانى وەرناگیرێت!

باشە ئەمە مەعقولە تۆ لە شارەکانى ترەوە مامۆستا وەربگریت بەڵام خاوەن بڕوانامەکانى شارەکەى خۆت وەرنەگیریت بۆ چى؟!… کە شارەکەى خۆت خاوەن بڕوانامەى هەیە بۆ سوودى لێ نابینى ئەگەر نەبوو ئەوسا دەست ببە بۆ شارەکانى تر و مامۆستا وەربگرە, ئەمە بەسووک تەماشاکردنى خاوەن بڕوانامەکانە هەروەکو ئەو سوکایەتیەى بە من کرا کە بە سەر زۆر مامۆستاى پێش منیش هاتووە و هەموو زانکۆش دەزانێ.

 

 

 

هاوڵاتى: کێشەى دارا حەمە سەعید چى بوو لە زانکۆ ؟ بۆ بەبێ ئاکادارى خۆى بڕیارى لابردنى درا، چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کرد؟

 

دارا حەمە سەعید: بێگومان من هەر لە یەکەم ساڵى زانکۆە هەستمدەکرد لە ناو ئەو چوار پێنج مامۆستایەدا جیا دەکرێمەوە بە جیاواز تەماشاى منیان دەکرد.  تا واى لێهات کێشەی  زۆریان  بۆ من و بەشەکەم دروست بکەن.  نموونەى ئەو کێشانە باس بکەین؛  جارێک وەزیر ڕەخنەى گرتبوو کە کۆلێژى ئێمە نمرە زۆر بۆ خوێندکار داناوە.  کاتێکم زانى من بانگ کرام بۆ لاى ( د. نزار ) پێی گووتم؛ مامۆستا تۆ نمرەى زۆرت بۆ خوێندکار داناوە.. منیش وەڵاممدایەوە کە من نمرەم دانەناوە و  ئەوە لیژنە نمرەى داناوە و نیشانیشم دا کە بەتەنها نمرەم بۆ هیچ خوێندکارێک دانەناوەو.  ئەمە لەلایەک،  لەلایەکى دى بەشەکەى من کە پەیکەرسازییە ئاخرى دەرەجەى هەیە.  هەروەها دەرەجەى یەکەم بەش بەشى شێوه‌كاری بوو کە نمره‌ی  زۆرى داناوە.. گووتیان؛ کە سەر بە بەشەکەى من نەبوو، ( د. نزار ) دەستىکرد بە پێکەنین و  گووتى؛  باشە تۆیان بۆ بانگکردوە؟  منیش گووتم؛ ئاخر ئەوە کێشەکەیە بۆچى من جیادەکەنەوە کێشە بۆ من دروستدەکەن و  تێناگەم،  واتا ئەیانویست بڵێن؛ تەماشاکەن ئەوە بڕوانامەشى هەیە کەچى هەڵەى ئیدارى و هەڵەى دەرەجەى هەیە. نەیانویست ئەمە بسەلمێنن و خۆیان فەرز بکەن و وردە وردە من بێزار ببم و لەو شوێنە جێگەم نەبێتەوە و  کێشەکەش ئەمەیە کەسێک دادەنێن لە شوێنێکدا موئەهەلاتى نییە. بەڵکو جۆرە پشتگیرییەکى هەیە و واى لێکردوە لە خۆى بایى بێ ئەم جۆرە لە خۆبایى بوونە لە کۆلێژى ئێمەدا هیچ حسابێکیش بۆ کەفائەى مامۆستاکان ناکرێ ئەگینا مەعقولە خاوەن بڕوانامەى ماستەرێک هیچی بەدەست نەبێت؟ خاوەن بڕوانامەى بەکالۆریۆسێک سێ بەرپرسیارى هەبێت،  وەک مامۆستا ( عەلى جۆڵا ) هەم عەمیدە و هەم جێگرە، هەم سەرۆک بەشە؟! هەمووان ئەم هەقیقەتەش باش دەزانن تا سەرۆکى زانکۆش ئەم ڕاستیە دەزانێت ئێستا ئەگەر بەڕێزت بچى بۆ لاى سەرۆکى زانکۆ ئەم هەقیقەتەت پێ دەڵێت  بەڵام هیچ ئیجرائاتێک ناتوانێ بکات کە لە ڕاستیدا سەرۆکى بەش نابێ خاوەن بڕوانامەى بەکالۆریۆس بێت، بە ڕاستى لەوە دەچێت نەیانەوێت شتەکانیان لێ بشێوێ کە بەرژەوەندى تاکە کەسە.

 

كارێكی دارا حه‌مه‌سه‌عید – له‌ مۆزه‌خانه‌ی ڕۆما – ئیتاڵیا – ٢٠١٣

 

سەبارەت بە بڕیارى لابردنم بەبێ ئاگادارى خۆم لە زانکۆ، لێرەوە دەستىپێکرد؛ ڕۆژێک کارێک لە ئیدارەى بەشى کۆلێژەکەى خۆمان هەبوو، واتە ئیدارەى کۆلێژى هونەر، پێیانگووتم؛  مامۆستا تۆ نەقڵ بویت لێرە نەماوى… گووتم؛ نەقڵى چى، نازانم ئاگام لە هیچ شتێک نییە…. بەڵام ڕۆژێک پێش ئەوە، ئەوەندەم وتووە من سەرۆک بەشێکم بۆچى لەو لیژنەەیەدا نیم، کە ساڵانە خوێندکاران هەڵدەسەنگێنێ بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێژەکەمان؟  ئایا بۆ دەبێ دوو سەرۆک بەش ئامادەبێت کەچى من ئامادە نەبم و وەکو سەرۆک حسابم بۆ نه‌كرێت؟ ئایا مافى خۆم نییە ئیدى بۆ بە ڕەواى نابینن لە هەر سێ سەرۆک بەشەکەىى کۆلێژى هونەر. تەنها بە من نەگووتراوە کە پەیکەرسازى و شێوه‌كاری  و سیرامیکە؟ !  من چوومە لاى کاک عەلى و ئەمەم پێگووت و  گووتم؛  کاک عەلى بۆ من لە لیژنەکەدا نیم،  وەکو سەرۆک بەشەکانى تر… کەچى هەستایە سەرپێ بۆم و بە من دەڵێت؛ بۆ لێمان نایەیت؟  گووتم؛  کاک عەلى عەیبە ئەو قسانە تۆ دەڵێی چى؟! من  ته‌نها بەس پرسیارى ئەوەت لێدەکەم کە بۆ چى لەو لیژنەیەى هەڵسه‌ نگاندنى خوێندکاراندا نیم و  بەس ئەوەندە بڵێ تیانیت و تەواو. نەک هەستێتە سەرپێ و بڵێی لێمان نادەیت،  ئیتر بەڕاستى هەر ئەوەندە ئاگادارم لە دەرکردنم….

 

بەڵام چۆن  ئه‌مه‌ بە دوو ڕۆژ کرا نازانم؟  دیارە ( عەمید و سەرۆکى زانکۆ ) بە بەرپرسیار دەبینم لەم کێشەیە کە نەیانتوانى چارەسەرى بکەن, لە 8/22 وە بۆ 2003/8/26 هەرچى شتە تەواو بوو. ماڵت نەشێوێ ڕاژە بگوێزرێتەوە لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکى تر، لە زانکۆوە بۆ پەروەردە،  ئەو هەموو پلە و پەیژە ڕۆیشتووە به‌بێ ئەوەى خۆم ئاگاداربم و بە هیچ شێوەیەک نازانم چۆن کراوە چۆن نەکراوە؟

 

دارا حه‌مه‌سه‌عید – هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاش

ئیتر نازانم چ جۆرە لیژنەیەکیان داناوە و بڕیاریان لەسەر من داوە, بەبێ لێکۆڵینەوە و ئامادەبوونى خۆشم.
بەڵام هەستدەکەم بێ هۆ نەبوو.  تەنها ئەوە نەبێ لە خۆیەتى ( زاتیە )ى کۆلێژ پێیان گووتم؛  تۆ نەقڵیت و ناتوانیت کتابەکەشت بدەینێ و دەبێ بەزووترین کات ئینفیکاکەکەشت بنوسى. گووتم؛ چۆن ئینفکاک ئەنووسم من ڕازى نیم! گووتیان نا ( عەلى جۆڵا ) پێیگووتووین؛ ئەبێت بینوسێ و کتابەکەشت نادەینێ! بەڵام قەیناکە مامۆستا ژمارە و مێژووى کتابەکەت دەدەینێ… ئاوا مامه‌وڵەیان لەگەڵ دەکردم هەموو زانکۆیان ئاگادارکردبۆوە کەچى من ئاگام لێ نەبوو.  تەنانەت بە تەلەفۆن وەڵامى کتابەکەشیان نەدامەوە. هەر وەکو ئەوە وابوو من  هەموو گیانم کردبێ بە ( تی ئێن تی) و بمەوێ لە زانکۆ خۆم بتەقێنمەوە.

 

بەمشێوەیە ( نەرمین خان ) کە وەزیرى خوێندنى باڵا بوو ئاگادار بوو و گووتى؛ سکاڵایەک بنوسە کە وا لیژنەیەک پێکبێت بۆ لێکۆڵینەوە لەم کێشەیەدا.  ئێ باشە بە قسەى وەزیر سکاڵایەکم نووسى و لەگەڵ چالاکییەکانى خۆم بە پشتگیرى خوێنکارەکانەوە بۆ سەرۆکى زانکۆ بەرزم کردەوە,.ئەوەش دەرئەنجامەکەیەتى کە دەریانکردم بەبێئەوەى لیژنەیەک هەبێت و بانگمبکات. ئەوە ئازادى زانکۆیە؟ لەلایەنى خاوەن کێشەکە بپرسیتەوە، ئاخر ئەوە ئەنفالکردنە بێئەوەى ئاگاداربم و هیچ بزانم.  گوایە لیژنە دانراوە و مامۆستایان بوون بە دوو بەشەوە و  بوون بە دوو بەشەوە یاخود بە سێ بەشەوە. تۆ چ پەیوەندییەکت بەو بابەتەوە هەیە ناکۆکى لە هەر جێیەک  هەیە.  جارى وا هەیە تۆ لە خێزانێکدا قسە لەگەڵ براکەى خۆتدا نییە، یاخود ناکۆکیت لەگەڵ هەیە، بەڵام یاسا هەقى چییە بەو شتانەوە؟! خۆ ئەمە هەڵبژاردن نییە؟ مامۆستا بووە بە چەند بەشەوە ئەوە ( 5 ) ساڵە من پشووم نەدیوە لە زانکۆ، ئەم دوو ڕۆژە لە پشوودام کە لە زانکۆوە دوورم.

با نموونەیەکى  ترتبۆ بهێنمەوە؛ جارێکیان کابرایەک دەچێ بۆ لاى سوڵتان و  دەڵێت؛ چاوێکیان کوێر کردووم… ئەویش خۆى ناڵێ ئەوى چاوى کوێر کردووە بڕۆن بیکوژن.  کاتێ ئەویتر بانگدەکات تەماشا دەکات هەردوو چاوى کوێر بووە.  کاکە تۆش ئەوى تریش بانگ بکە بزانە چى لێ بەسەرهاتووە لەدواى ئەوە دایانبنێ بەرامبەر یەک و گۆێیان لێ بگرە ئاوا کێشە چارەسەر دەبێت.  خۆ ئەوە ئازایەتى نییە مامۆستایەک خاوەن ئەزموون ئیهانە بکەیت و دەستخۆشیت لی بکەن و چەپڵەت بۆ لێ بدەن. ئەمە گەورەیی نییە، بەناوى ئازادییەوە بەناوى زانکۆى ئازادەوە ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەکرێت.  ئەم ئازادییە بۆ هەندێک عەمید و ئیداریی ئازادە، ئازادى بۆ مامۆستا نییە بۆ خوێندکار نییە من لەگەڵ ئەوەدا نیم ئازادییەکى وا بدەى بە خوێنکار مەحکەمەت بۆ دابنێ,ت، بەڵام خوێندکاریش مافى خۆیەتى سوود لە ئازادى وەربگرێت.

بەڕاستى ئێمە مامۆستایانى کۆلێژ واما لێ هاتبوو دەست ڕاگرین و دەسڕێك بگرین بەدەستەوە، تاوه‌کو جەنابى ئیدارە بزانێ نینۆکمان هاتووە یان نا!  بەم شێوە توندوتیژییە ئیدارە ناچێ بەڕێوە، ئەبێ ئەم شتانە دابەشبکرێ و عەدالەتى تیابێ،  کە موئەهەلات نەبوو سەیتەرە نەبوو لە زانکۆ ئەوە دیکتاتۆرێک دادەنیشێ وەکو سیستەمە کۆنەکە, بۆچى؟ هەر کەس بەرپرسیارە بۆ خۆى بەرپرسیارە، سەرۆکى زانکۆ تۆ بۆ خۆت ئەرکى خۆت جێبەجێ دەکەیت و خوێندکار و مامۆستاش بە هەمان شێوە هبچیان لەبەر خاترى ئەوەى تر دەوام ناکات هەر کەسە و واجبى خۆی دەبینێ. ئیتر خۆ زەمانى عوسمانى نییە زانکۆ بە شێوازێکى کلاسیکى کۆن ببرێت بەڕێگاوە.

 

به‌رگی كه‌ته‌لۆگی كاره‌كانی دارا حه‌مه‌سه‌عید – ڕۆما – ئیتاڵیا – سێ سه‌د كاری له‌ خۆ گرتووه‌ – ٢٠١٣

هاوڵاتى: ئەوانى پشتگیرییان هەیە خەڵکى حیزبین یاخود بێ لایەنن. ئایا هەڵوێستى خوێنکاران و مامۆستایان و هونەرمەندانبۆ کێشەکەى تۆ چى بووە؟

 

دارا حەمە سەعید: لەم حاڵەتەدا ئەگەر حیزب بەو شتانە بزانێ ڕەنگە چارەسەرى بنەڕەتى نەبێت، بەڵام چارەسەرى کاتى هەیە. خۆ کەسێک پشتگیرى هەیە ئەمە هیچ موشکیلەیەک نییە، بەڵام با متمانەى حیزبەکەى نەدۆڕێنێ لەو باوەڕەدام حیزب بکەوێتە پاکسازی، نیوەى زانکۆ لادەبرێت. چونکە متمانەى حیزبەکەیان بەرز نەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە وایان دابەزاندووە و دۆڕاندوویانە لە مەیداندا حیزبیش زەرەرمەند بووە.

زانکۆ لە جیاتى دایەلۆگى زانستى تیا بکرێت هەر دادەنیشێ باسى شاخ دەکات. خۆ ئێمە چوار برامان لە شاخ بوو ئیتر ئەبێ هەموو ڕۆژێ بڵێم چوار برامان لە شاخ بووە!  ئەى شاخ بۆ ژیان نەبووە،  ئیتر بۆ ئەمە بکرێ بە بیانوویەک خۆمان فەرز بکەین بەسەر کەسانى دیدا.  ئەوە دیاردەیەکى لە بەرچاو و زەقە، لە کۆبوونەوەکاندا و بە باشى هەستى پێ دەکرێت، ئەمجۆرە قسانە بۆ ئەوە دەکرێ واتە بەرامبەر تۆ بێدەنگ بە ئەمەش جۆرە هەڕەشەیەکە. بەڵام خۆ خەباتکردن بۆ خزمەتکردنە نەک بۆ دەمکوتکردنى خەڵک و بازرگانىکردن بەسەر خەڵکەوە بەتایبەت لە دامەزراوەیەکى وەکو زانکۆدا.

 

سەبارەت بە هەڵوێستى خوێندکاران و هونەرمەندان بۆ وەزیرى پەروەردە ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە هەروەها بۆ سەرۆکى زانکۆش بەرزکراوەتەوە. خوێندکارانى کۆلێژى هونەر بەتایبەتى پاڵپشتیان بۆ ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى بەرزکردۆتەوە کە دەستەو دەستەگەرى مامۆستایان لە دژى من ڕەتدەکەنەوە دژى داسەپاندنى ئەو بڕیارانەن کە لە زانکۆدا دەرحەق بە من کرابوو.

 

 

هاوڵاتى: لەکۆتایدا شتێک ماوە؟

دارا حەمە سەعید: زۆر سوپاس،  ئەمە تەنها لەبەر من نییە بەڵکو کێشەیەکى گرنگى ناو کومەڵە کە زانکۆیە.

 

 

بۆ بینی  كاره‌كانی،  سه‌ردانی په‌یچی فه‌یسبوكی مامۆستا دارا حه‌مه‌ سه‌عید بكه‌ن :

https://www.facebook.com/pg/Dara-Hama-Saeed-555595464463563/posts/

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌

You might also like More from author

error: Content is protected !!