ئێواره‌ی دوانزه‌ی مارس 2017 له‌ماڵی كولتوری و مۆزه‌خانه‌ی (بورگ هاوس) له هامستێد – له‌نده‌ن، دیداری ڕۆمانه‌كه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) نوسه‌ر بوو به‌زمانی ئینگلیزی. ڕۆمانی (من لهشهوگاری شار ڕامام) ناونیشانه ئینگلیزییه‌كه‌ی ڕۆمانی (غه‌زه‌لنوس و باخه‌كانی خه‌یاڵ) كه‌ئێستا له‌كتێبخانه‌كانی بریتانیا ده‌ستده‌كه‌وێت. پڕۆژه‌ی كولتوری كوردی وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی كوردی – ئینگلیزی له‌گه‌ڵ خانه‌ی چاپی (پێرسكۆپ) پێكه‌وه ئه‌م دیداره‌یان ئه‌نجامدا.
(هۆزان مه‌حمود) و (میتچ ئالبه‌رت) وه‌ك دوو كه‌سی سه‌ره‌كی نێو پڕۆژه‌ی كولتوری وخانه‌ی چاپ وبڵاوكراوه‌ی (پێرسكۆپ) ئۆرگانیزه‌كردنی ئه‌م دیداره‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتبوو. ئێواره‌كه بۆ قسه‌كردن بوو له‌مه‌ڕ ڕۆمانه‌كه و ناساندنی ڕۆماننوس به‌ختیار عه‌لی بوو به‌خوێنه‌ری ئینگلیزی و زمان ئینگلیزی قسه‌كه‌ر. وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه (كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان ) له‌م دیداره‌دا ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی گفتوگۆكانی به‌شی یه‌كه‌می له‌ئه‌ستۆگرتبوو.
پێویسته ئاماژه‌ش به‌وه بكه‌ین كه ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌خوێنه‌ران ئاماده‌بوون و (هۆڵی موزیكی بورگ هاوس) ته‌واو پڕبوو بوو، ئه‌مه جگه له‌و ئاماده‌بووانه‌ی كه به‌پێوه له‌ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه له‌ژووره‌كانی دیكه‌وه ڕاوه‌ستابوون. ئاماده‌بووان هه‌ر له‌كورد زمانه‌وه بیگره تاوه‌كو ئه‌ڵمان و ئینگلیز و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ئه‌م ڕۆمانه‌یان به‌ر دید كه‌وتووه به‌بێده‌نگی ڕه‌دووی گفتوگۆكانی ڕۆماننوس ده‌كه‌وتن. دیداره‌كه گفتوگۆیه‌كی تێر و پڕ بوو له‌نێوان (میتچ ئالبرهت) و وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه (كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان) و ڕۆماننوس به‌ختیار عه‌لی .
سه‌ره‌تا (هۆزان مه‌حمود) ده‌ستپێكی دیداره‌كه‌ی به كورته باسێك كرده‌وه، باسی گرنگی ئه‌م دیداره‌ی كرد، كه چۆن پڕۆژه‌ی كولتوری ئه‌ركی ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ خانه‌ی چاپی ڕۆمانه‌كه له‌ئه‌ستۆ گرتووه، جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه؛ بۆ پڕۆژه‌ی كولتوری وه‌رگێڕانه‌كه ڕووداوێكی گرنگه له‌ژیانی كولتوریماندا، به‌وه‌ی یه‌كه‌مین ڕۆمانی كوردییه ده‌كرێت به‌زمانی ئینگلیزی و ڕۆمانێكه له‌ئاستێكی باڵای ئه‌ده‌بی جیهانییه. هه‌ر بۆیه (پڕۆژه‌ی كولتوری كوردی ) ئه‌م دیداره‌ی له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ڕێكخستووه. پاشان هاته سه‌ر ناساندنی خانه‌ی (پێرسكۆپ)، كهخانهی وه‌شاندنی ڕۆمانه‌كه‌یه به‌ئینگلیزی و (میتچ ئالبارت) ی وه‌شێنه‌ری كتێبه‌كه‌و وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه (كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان) و (به‌ختیار عه‌لی ) به‌ئاماده‌بووان ناساند.
گفتوگۆكان سه‌ره‌تا له‌نێوان وه‌شێنه‌ری كتێبه‌كه (میتچ ئالبه‌رت) و نوسه‌ری ڕۆمانه‌كه (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ستپێكرد، بێگومان (كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان) هه‌م وه‌رگێڕی گفتوگۆكان بوو بۆ ئینگلیزی و هه‌م سه‌رنجه‌كانی خۆیشی له‌سه‌ر وهرگهڕانێكه ده‌ربڕی. كه‌ریم عه‌بدولڕه‌حمان كۆنسێپتی كاری وه‌رگێڕانه‌كه‌ی خسته‌ڕوو، به‌وه‌ی كارێكه بۆ وه‌رگێڕ له‌نێوان دوو یاده‌وه‌ری زمانی جیاوازی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژهه‌ڵاتدا وه‌ستاوه. گرنگترین خاڵ بۆ وه‌رگێڕ ده‌ست و په‌نجه نه‌رمكردن بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشهبهندییهی، كه‌چۆن ئه‌م زمانه شیعرییه قووڵه‌ی به‌ختیار عه‌لی بپارێزێت و بیگه‌یه‌نێته ئاستی یاده‌وه‌ری زمانی ئینگلیزی، به‌و سیفه‌ی هه‌موو زمانێك خاوه‌ن یاده‌وه‌ریه‌كی خۆیه‌تی، خاوه‌نی به‌رجه‌سته‌بوونی زمانه‌وانی و وێنه و ڕیتم و پرهكانی گه‌یاندنی مانای خۆیه‌تی. ئه‌مه كارێك بووه بۆ وه‌رگێڕ گه‌ڕانێكی زۆر و كات و هاڕمۆنیهكی زۆری پێویست بووه، تاوه‌كو بتوانێت ئه‌م دوو یاده‌وه‌رییه زمانه‌وانییه‌ی كوردی و ئینگلیزی بخاته ئاستی خوێنه‌ری ئینگلیزی زمان .
هه‌روه‌ها (میتچ ئالبرهت) به‌په‌یوه‌ند به ڕۆمانه‌كه‌وه چه‌نده‌ها پرسیاری ئاڕاسته‌ی به‌ختیار عه‌لی كرد كه‌پابه‌ندن بوون به‌كه‌شی سیاسی وكۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆمانه‌كه. به‌ختیار عه‌لی باسی له‌وه كرد؛ كه فیگوری (بارۆنی خه‌یاڵ) ئه‌و فیگوره‌یه كه‌ده‌یه‌وێت له‌ناو دیكاندێنز و داڕزانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا، دونیایه‌كی دیكه دروستبكات كه دوور‌و نێزێك، هه‌ناسه‌یه‌كی تر بێت بۆ ژیان. به‌ڕای به‌ختیار؛ پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كانی هه‌ڵگری چه‌نده دووریهكن، وه‌ك له‌وه‌ی مرۆڤێك بن به‌یه‌ك دوورییه‌وه بژین. هه‌ربۆیه بوونی (خه‌یاڵی) و (خهیاڵبۆكراوی) پاڵه‌وانه‌كانی، هه‌میشه شان به‌شانی بوونی ڕیالیستیان له‌ڕۆمانه‌كه‌دا هاوته‌ریبه.
به‌ختیار عه‌لی گووتی ؛ هیچ مرۆڤێك نییه له‌ژیاندا خاوه‌نی یه‌ك ژیان بێت، مرۆڤ خاوه‌نی دوو ژیانه، ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌یه لهڕۆژانه ژیاندا و ئه‌وه‌ی له نێو خودی خۆیدایه‌تی وه‌ك ژیانی ناوه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی، هه‌رگیز ئه‌م دوو ژیانه یه‌كناگرنه‌وه. مرۆڤ لهڕۆژانه ژیانیدا زۆر شتدهكات كهتهبا نییه له‌گه‌ڵ ژیانی دووهه‌می كه‌خودی خۆیه‌تی، ڕاستگۆ نییه به‌هۆی هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و بژێوی و زۆر هۆكاری دیكه. به‌ڵام به‌ڕای من مرۆڤ ته‌نها ئه‌و كاته ژیانی ده‌ره‌وه‌ی و ژیانی ناوه‌وه‌ی وه‌ك یه‌كن و ڕاستگۆیه له‌گه‌ڵ ژیانی دووهه‌می خۆی، كاتێك ئاشق ده‌بێت. ئیدی ئه‌م ئه‌شقه بۆ كه‌سێك بێت یان بۆ هه‌ر شتێكی دیكه‌ی ئه‌م دونیایه بێت …
لێره‌وه به‌ختیار عه‌لی دژی ئه‌و بیرۆكه‌یه وه‌ستایه‌وه؛ كهپاڵهوانهكانی ته‌نها خه‌یاڵی بن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كهبهخهیاڵ ناو ده‌برێت ڕه‌هه‌ندی دووهه‌م و ژیانی دووهه‌می كه‌سه‌كانه كهشانبهشانی ژیانی دهرهكییهكیان ئاماده‌گی هه‌یه…هه‌ر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه ئاماژه‌ی بۆ زنجیره ڕۆمانه‌كه‌ی كرد (كه‌شتی فریشته‌كان) به‌وه‌ی؛ لایه‌نه فریشته‌كه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه‌ی، له‌ناو ڕووداو ژیاندا وورده وورده ده‌رده‌كه‌ون، دیاره ژیانی مرۆڤه‌كان له‌م ڕۆمانه‌دا له شه‌ڕو ئاشتبوونه‌وه وململانێدان له‌گه‌ڵ فریشته‌كانی ناو خودی خۆیان … به‌مه‌ش ڕۆماننوس جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كرده‌وه؛ كه‌له‌ناو هه‌موو ڕووداوه مێژوویی و قه‌یرانه ڕۆحی و به‌رزو نزمییه‌كانی ژیاندا، مرۆڤ هه‌ڵگری ڕه‌هه‌نده خه‌یاڵییه‌كه‌ی خۆیه‌تی ، كه‌ژیانی دووههمێتی. كۆی ڕۆمانی (من لهشهوگاری شار ڕامام ) كاركردنه له‌سه‌ر چه‌نده‌ها ڕه‌هه‌ندی جۆاروجۆری ئاوه‌های مرۆڤی كوردی ، كه‌له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له‌جه‌نگدایه هه‌م له‌گه‌ڵ ژیانی ناوه‌وه‌ی و هه‌مو له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا و هه‌م له‌گه‌ڵ مێژووی خۆی و شوێنای خۆیدا له‌ناو كۆنسێپته مێژوویهكهدا.
ده‌رباره‌ی كۆنسێپته سیاسی و مێژوویه‌كه‌ی ڕۆمانه‌كه كهپابهنده به‌مێژووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه، به‌ختیار عه‌لی پێی وابوو؛ شۆڕشی كوردی هیچیتر نه‌بووه، جگه لهئهكتێكی خۆپاراستنی میلله‌تێك نه‌بێت، له‌وه‌ی نه‌فه‌وتێت. به‌ڵام چركه‌ساتی كۆتایی ئه‌م ئه‌كتی به‌رگرییه ، چركه ساتی كۆتایی شۆڕش خۆی بووه. له‌دوای كۆتایی كرده‌ی به‌رگری، شۆڕشگێڕه‌كانی شاخ خاوه‌نی هیچ دونیابینییه‌كی تر نه‌بوون بۆ كۆمه‌ڵگه و و ده‌وڵه‌ت و ژیان. هه‌ر بۆیه له‌غیابی ئه‌م دونیابیینهدا ده‌وڵه‌ت و به‌ڕێوبردنی دروستانه‌ی سیاسی ونده‌بێت و شۆرشگێڕه‌كانی دوێنی ده‌بنه بازرگانه دڵڕه‌قه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی… بێگومان كۆی ئه‌م قسه‌كردنه له‌سه‌ر كۆنسێپته سیاسیه‌كه، له‌پێناو ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌و دیوو پاڵه‌وانه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی بوو بۆ خوێنه‌ری زمان ئینگلیز و ئه‌وروپی، قسه‌كردن بوو له‌مه‌ڕ ئه‌و مه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه سه‌ختانه‌ی به‌ده‌وری پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه.
هه‌ر له‌م ئاماژه‌یه‌دا ڕۆماننوس باسی له‌و پارادۆكسه گه‌وره‌یه كرد، كه فیگوری ڕۆشنبیر له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا تێیدا ده‌ژی؛ له‌سه‌رێكه‌وه ڕۆشنبیر ڕووبه‌ڕووده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ بیری ئاینی و له‌سه‌رێكی تریشه‌وه به‌رامبه‌ر دۆگمایی ئایدۆلۆژیای سیاسی ده‌بێته‌وه. ڕۆشنبیر به‌گشتی هه‌م له‌گه‌ڵ كۆنزهڤاتیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م ئیسلامیزم و هه‌م له‌گه‌ڵ دۆگمایی ئایدۆلۆژیی سیاسی‌دا له زۆرانبازیدان. كۆی كاری ئه‌ده‌ب و فیكر و هونه‌ر و به‌رهه‌مهێانی كو‌لتور به‌گشتی له‌ناو ئه‌م ژینگه‌یه‌دا ململانێی خۆیده‌كات و كارده‌كات. هه‌ر بۆیه ئه‌ركی ڕۆماننوس له‌ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌گشتی و له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌تایبه‌ت هه‌مجۆر و هه‌مه‌لایه‌نه .
به‌شی یه‌كه‌می دیداره‌كه به‌چه‌ند پرسیارێكی ئاماده‌بووان و گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان ڕۆماننوس و وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه كۆتایی پێهات، گرنگترین پرسیار له‌مه‌ڕ گۆڕینی تایتڵی ڕۆمانه‌كه بوو له (غه‌زه‌لنوس و باخه‌كانی خه‌یاڵ) وه بۆ (من لهشهوگاری شار ڕامام ) له‌مباره‌یه‌وه (میتچ ئالبه‌رت) كه كۆمشین ئیدیتۆره و كارێكی زۆری له‌ڕۆمانه‌كه‌دا كردووه، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی دایه‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ؛ كه‌ئه‌م تایتڵه‌ی له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌وه وه‌رگرتووه نه‌ك بۆی دانرابێت، له‌به‌شێكی ڕۆمانه‌كه‌دا ئه‌م دێڕه یه‌كێكه له سه‌رنجڕاكێشترین دێڕ كه وه‌ك ناونیشان له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ری زمانه‌وانی و كۆنسێپتی زمانه‌وانی خوێنه‌ری ڕۆژئاواییی و زمان ئینگلیزی‌دا بگونجێت…
پاشان به‌شی دووهه‌می دیداره‌كه ده‌ستپێكرد كه ئیمزاكردنی ڕۆمانه‌كه بوو له‌لایه‌ن به‌ختیار عه‌لییه‌وه. ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی خوێنه‌ران له‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕۆمانه‌كه‌یان پێ‌بوو بۆ ئیمزاكردن. ئاوه‌ها له(ژووری ئاگردان) ی بورگ هاوس، به‌ختیار عه‌لی له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانیدا سه‌رقاڵی كتێب ئیمزاكردن و گفتوگۆی بچوكی دۆستانه بوو. فۆتۆكان دهچركان، شه‌رابی سوور و سپی و ئاو و شه‌ربه‌تی سێ‌و، له‌گه‌ڵ داكه‌وتنی شه‌ودا و هاتنی ئازیزانی كورد له‌م ئێواره‌یه‌دا، هاڕمۆنیهتێكی دیكه‌ی جوانی ئه‌م دیداره بوو، دیداره‌كه زیاتر له سێ كاتژمێری خایه‌ند.
ته‌واو
كۆپیكردن یاخود بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته (به‌بێ ئاماژه‌كردن) به پڕۆژه‌ی كولتوری نایاساییه. هه‌ر لایه‌نێك بیه‌وێت ئه‌م هه‌واڵه بڵاوبكاته‌وه هاریكاری ده‌كه‌ین.
بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوازیاری به‌ده‌ستهێانی ئه‌م كتێبه‌ن به‌زمانی ئینگلیزی ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی ئهمزۆنهوه وه‌ك كتێب و هه‌روه‌ها وه‌ك كتێبی ئه‌لكترۆنی له‌م لینكه‌ی خواره‌وه به‌ده‌ستبهێنن:
https://www.amazon.com/I-Stared-at-Night-City/dp/1859641288