ئەم مرۆڤانە کاردەکەن
پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کاردەکەن پرۆژەیەکە کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک نمایشی هونەری، سمینار، گفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجامدەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.
تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بە تایبەتی. خۆشبەختانە کۆمەڵێک ووزە و توانای نایاب و تایبەت ئامادەبوون و ئامادەن بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە. هەریەک لە بەشداربوان لە بواری خۆیدا لەسەر بابەتەکە کار دەکات کە بە تەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ دا ، پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجامدران دەستی بەچالاکیەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژەو کاری گرنگ بەشداریان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا پیشاندران. لە ڕێگای ماڵپەری تایبەت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکیەکان زانیاری وەربگرن
پێشڕەو محەمەد، ڕۆشنبیرو نوسەر بە لێکۆڵینەوەیەک لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لە ژێر ناونیشانی:
دەروازەیەک بۆ تیۆریزەکردنی پرسی کار، ژن و سەرهەڵدانی توندوتیژیی
لە ژیر ڕۆشنایی ئەم بابەتەدا و لەم لێکۆڵینەوەیەدا، پێشڕەو محەمەد سەرەتا مێژووی سەرهەڵدانی چەمکی کار لە فیکری فەلسەفیی و سیاسییدا تاوتوێ دەکات، کە چۆن کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان نەبینراوە. پاشان دەربارەی سەرهەڵدانی چەمکی کەرامەتی کار و پەیوەندییەکەی بە مافەکانی مرۆڤەوە ڕوون دەکاتەوە. دواتر باس لە چەمکی کار و کاری نامۆکراو لەناو سەرمایەدارییدا دەکرێت؛ لەم بەشەدا بەشێوەیەکی دیالەکتیکیی سەیری گەشەی سەرمایەداریی و پەیوەندییەکەی بەکارەوە دەکرێت، وە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە سەرمایەداریی نەک چیتر بەرەو دیموکراتیزەکردنی کار ناڕوات، بەڵکو بەرەو تیۆرێکی تۆتالیتارییانەی کار دەڕوات کە لە جەنگەکاندا دەگاتە لوتکە.
ئامانجی ئەم لیکۆڵینەوەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە کە لەڕێگەی چەمکی کارەوە پرسی ژن، توندوتیژیی، چەوساندنەوەی ژنان و بەپاشکۆکردنی ژنان، کاری ماڵەوە، دایکایەتیی و هتد و دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیی بەتایبەت لە پەیوەندییدا بە بکەری ژنەوە بخوێنێتەوە. دواتر لە لایەنی تیۆریی، مێژوویی و چەمکسازییەوە لێکۆڵینەوەکە دەپەڕێتەوە بۆ واقیعی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و کولتووریی کوردستان و هەوڵدەدات پرسی تێپەڕین بۆ سەرمایەداریی و ئابووریی نەوت تێکەڵ بە کولتووری خێڵ/نیۆلیبراڵیزم بخوێنێتەوە. بە شێوەیەک کە ئەم مۆدێلەی ئابووریی سیاسیی نەوت لە کوردستان نەبووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەمکی کار، بەڵکو ئەم جۆرە ئابوورییە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی سایکۆلۆژیایەکی نیۆلیبراڵی توندڕەو تێکەڵ بە ئایدیالی پیاوەتیی لە سەرهەڵدانی چەمکی توندوتیژیی و چەوساندنەوە و تیرۆری ژناندا.
هێڵی سەرەکی لێکۆڵینەوەکە:
- کار چییە و چۆن سەریهەڵداوە؟
- کار وەک چالاکیی زیندووی ژیان.
- دۆڕانی مێژوویی ژنان و دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیی.
- کار و گۆڕانی ڕۆڵی ژنان.
- ڕیشەکانی توندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان.
- کاری خۆڕایی، دایکایەتیی، بەرهەمهێنانی کولتووریی
دەروازەیەک بۆ تیۆریزەکردنی پرسی کار، ژن و سەرهەڵدانی توندوتیژیی
نووسینی: پێشڕەو محەمەد
[ئەم توێژینەوەیە پێشکەشە بە پڕۆژەی ‘ئەم مرۆڤانە کار دەکەن’]
دەروازە:
کار چییە و چۆن سەریهەڵداوە؟
هەمیشە لە کتێبە مێژووییەکاندا ئەوە دەخوێنینەوە کە «گەورە پیاوان» داهێنەری شارستانێتیی مەزنی مرۆڤایەتیین، بەڵام لە مێژووی سەرهەڵدانی شارستانێتییدا هەرگیز ئاماژە بە ناوی بکەرە ڕاستەقینەکانی دامەزرێنەری شارستانێتیی ناکرێت. شارستانێتیی و کولتوور بەرهەمی کاری بەردەوام و زەحمەتی زۆرینەی کارکەرانی کۆمەڵگا بووە، لەکاتێکدا هەمیشە ئەو بکەرە ڕاستەقینانە بێ ناو ماونەتەوە. (بێرتۆلت برێشت) شیعرێکی هەیە بەناوی «پرسیارەکانی ئەو کرێکارەی دەتوانێت بخوێنێتەوە» و تێیدا دەنووسێت:
كێ تیبسی حەوت دەروازەى بونیادنا؟
ناوی پاشایان لە کتێباندا هاتووە.
ئەوە پاشایان بوون تاوێرە بەردەكانیان بەرز دەكردەوە؟
و بابل، سەدانجار وێرانكراو.
كێ بوو جارەهای جار بونیادی نایەوە؟ بونیادنەرانی
لەكام كاروانسەرای زێڕینی لیمادا دەژیان؟
ئەو ئێوارەیەى دروستكردنی دیواری چین تەواو بوو، بیناكارەكانی چوونە كوێ؟
ڕۆمای مەزن
سەركەوتن بەسەر سەركەوتندا كەڵەكە دەكات.
كێ ئەم سەركەوتنانەى دەستەبەركرد؟
سیزارەكان سەركەوتنیان بەسەر كام خەڵكدا بەدەستهێنا؟
بیزانسی هەمیشە ستایشکراوی ناو سترانان، ئایا تەنها ئەهلەكەى خۆى كردە كۆشكنشین؟
تەنانەت لە ئەتلانتیسی ئەفسانەییدا
ئەو شەوەى ئۆقیانوس قووتیدا،
هاواری نوقمبووانی كۆیلەكانی بەرز دەبووەوە.
ئەسكەندەری لاو هیندستانی گرت.
ئایا ئەو بەتەنها بوو؟
سیزار گۆلەكانی بەزاند.
ئایا چێشتلێنەرێكی لەگەڵ نەبوو؟
پاشا فیلیپی ئیسپانیا بۆ نقوومبوونی کەشتییە جەنگییەکانی گریا. ئەرێ تەنها ئەو بوو دەگریا؟
فریدریشی دووەم براوەى جەنگی حەوت ساڵە بوو.
ئەرێ هەر ئەو بوو براوەبوو؟
لە هەموو لاپەڕەیەكدا سەركەوتنێك.
دەستی سووری سەركەوتووان هی كێ بوو؟
هەر دە ساڵ پیاوێكی گەورە.
كێ تێچوونەكەى دەدات؟
دنیایەك ڕاپۆرت.
دنیایەك پرسیار[١].
ئەم شیعرە بناغەی ماتریالیزمی مێژوویی دادەڕێژێت، مێژوویەک کە بتوانێت مافی قوربانیانی بدات و ببێتە سەکۆیەک بۆ پەراوێزخراوەکان و دەنگی بێدەنگکراوان و ناوی بێ ناوان. سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە لە مێژووی مرۆییدا (چەمکی مۆدێرنی کار) بەو مانایە کە ئەمڕۆ ئێمە هەمانە بەهیچ شیوەیەک نیە. تەنانەت تا پێش (شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩) شتێک نەبوو بەناوی (کەرامەتی کار-Dignity of Work)، لەبەرئەوەی هیچ شتێکێکش بەناوی (کەرامەتی مرۆڤ -Human dignity) بوونی نەبوو. ئەوەی پێشتر هەبوو تەنها سەردەمی کۆیلایەتیی و کاری بێگاریی بوو، کە بە گشتیی بە خەڵکێک دەکرا کە کۆیلە کرابوون. بۆنمونە لە مێژووی یۆنانی کۆناندا، جگە لە ئەسیناییەکان، کۆی شارستانێتیی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای سووکایەتییکردن بە کار دامەزرابوو، سپارتاییەکان فەزیلەتی سەربازییان بەسەر فەزیلەتی کارکردندا بەرزدەکردەوە. بەبڕوای ئەوان ئەریستۆکراتەکان نەدەبوو کار بکەن، چونکە کار پیس، قڕێژ، قێزەون و نزمە و دەبێت کۆیلەکان ئەنجامی بدەن، لەکاتێکدا سەربازانی جەنگاوەر وەک فەزیلەتی ڕاستەقینە دەبینران و لە چینی ئەریستۆکراتییەوە دەهاتن. پاشان سەردەمی فیودالیزم دێت، کە ئەمجارە مرۆڤی کارکەر دەبێتە وابەستە و بەستراوە بە زەویەوە، تەنها بۆ ئەوە کاردەکات کە بژی و بژێوی و هێزی سبەی بەرهەمبهێنێت. کاتێک (لۆردێک)، ئاغایەک، خاوەن زەوییەک زەوییەکەی بفرۆشتایە، هەموو کارکەرانی سەر زەوییەکەش لەگەڵیدا دەفرۆشران و دەبوونە موڵکی ئاغایەکی دیکە. تەنانەت هاتووچۆش پەیوەندیی بە قەواڵەی زەوییەوە هەبوو، کارکەرێک (یاخود ئیشکەرێک، کرێکارێک) لە ناوچە و شارێکەوە بۆی نەبوو بڕوات بۆ شار و ناوچەیەکی دیکە، چونکە بەگوێرەی ڕێککەوتن و عورف و دەستوری ئاغا و خاوەن زەوییەکان، ئەو کەسەی وەک بێگار لەسەر زەوی کاری پێدەکرا، دەبوو بۆ زەوی و شار و گوندی ئاغاکە ڕەوانە بکرێتەوە. بێگار ئەو کەسە بوو لەسەردەمی فیودالیزمدا نە کۆیلە بوو هاوشێوەی سەردەمی کۆن و نە کرێکاری مۆدێرن، مۆدێلێکی کارکردنی وابەستەی زەوی.
لەگەڵ هاتنی جیهانی مۆدێرندا، بەدیاریکراوی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشە بۆرژوازییەکاندا، کە لە شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩ دا دەگاتە لوتکە، بۆرژوازیی تازە هەم لە بواری بازرگانیی و هەم پیشەسازییدا دەرکەوت. بۆرژوازیی تازە لەگەڵ کۆیلە، ڕەعییەت و وابەستەکانی زەوییەکانی پێشوودا یەکدەگرن و جەنگێکی بێ ئامان دژی بناغە و سەرجەم باڵەخانە دوو هەزار ساڵەکەی ئەریستۆکراتیی و فیودالیزم ڕادەگەیەنێت. هەر لێرەوەیە کە دەبینین کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس لە «مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، ١٨٤٨»دا ستایشێکی سەرسەختی بۆرژوازیی نوێ دەکەن چونکە مرۆڤی لە کۆت و بەند و وابەستەبوون بە زەوی و ئایین و فیودالیزم ڕزگارکردووە، لە جیاتی کرێکاری مۆدێرنی بەرهەمهێناوە کە پێیدەڵێن «پرۆلیتاریا»[٢]. هەرچەندە ئەوان ئەوەش لەبیرناکەن، کە بۆرژوازیی نوێ ئەمجارە بە فۆرمێکی دیکە کرێکار دەچەوسێنێتەوە و لەبری پاشکۆی زەوی، دەیکاتە کرێکاری کرێگرتە. واتا کرێکار ئەمجارە لەبری ئەوەی بەزۆر بێت ئازادانە هێزی کاری خۆی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی بژی و بژێوی خۆی پەیدا بکات. ئەمەش بەو مانایەی کە بۆرژوازیی ئەمجارە بە زۆر کرێکار و هێزی کار وابەستەی خۆی ناکات، بەڵام لە دەرەوەی نەزمی بۆرژوازیی هیچ دەرفەتێک بۆ کار نامێنێتەوە. کرێکار بۆ ئەوەی بژی، ناچارە بچێتەوە ناو کارگە پیشەسازیەکانیی بۆرژوازیی و هێزی کاری خۆی بفرۆشێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، خۆی نابێتە خاوەنی، بەڵکو لەبری ئەوەی ئەنجامی دەدات ئەو کرێی کەمەیە کە خاوەن کار پێیدەبەخشێت. لێرەوە تیۆری (نامۆیی کار) سەرهەڵدەدات، واتا کرێکار لە پرۆسەی کارکردندا بۆ بۆرژوازیی بە چوار قۆناغی نامۆبووندا دەڕوات:
یەکەم: «نامۆبوون لە بەرهەمی کارەکەی» واتا ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، خۆی نابێتە خاوەنی، بەڵکو دەبێت پارەیەکی زۆر کۆبکاتەوە، لە بازاڕ بیکڕێت.
دووەم: «نامۆبوون لە سروشت» بەومانایەی کە کرێکار چیتر پەیوەندییەکی هەمەلایەنە و مرۆیی بە سروشتەوە نەماوە و بەڵکو بەرهەمهێنان لەسەر وزەی زەوی و ژینگەیەک دەکات، کە کەسێکی دیکە داگیریکردووە ئەویش خاوەنکارە.
سێیەم: «نامۆبوونی کرێکار لە هاوڕێ کرێکارەکەی» لێرەدا چیتر پەیوەندیی نێوان کرێکاران پەیوەندییەکی هاوڕێیانە و هاوپشتیی نییە بەڵکو کێبڕکێیە، چونکە سەرمایەدار هانی کرێکاران دەدات بۆ کاری قوورستر، بۆ ئەم مەبەستەش پاداشتێکی کەم دەبەخشێتە بە کرێکاری ماندووترو زەحمەتکێشتر، هەربۆیە لە جیاتی هاوپشتیی و پەیوەندیی یەکسان، سەردەمی کێبڕکێ و یەکترلەناوبردن دەستپێدەکات.
چوارەم: «نامۆبوون لە جۆری مرۆیی» واتا کرێکار چیتر خۆی وەک مرۆڤ و چالاکیی خۆی وەک چالاکییەکی مرۆیی نابینێت، هەروەها پەیوەندیی خۆی بە مرۆڤەکانی دەوروبەرییەوە لە دەستدەدات[٣].
-
کار وەک چالاکیی زیندووی ژیان
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێویستە باس لە سەرهەڵدانی کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان بکەین. ئێمە دەزانین ئەوانەی کاردەکەن کەمترین دەستکەوتی بەرهەمەکانیان بۆ خۆیان دەبێت، بەڵام ناکرێت نابێت لێرەدا بەشێوەیەکی دۆگمایی بڕوانینە پرسی کار، بەڵکو لەجیاتی ئەوە ئێمە دەبێت بە شێوەیەکی دیالەکتیکیی پرۆسەی کار ببینین. سەرهەڵدانی چەمکی (کەرامەتی کار)، هەر ئەوە نییە کە کرێکار دەکاتە پاشکۆ و ئەڵقەلەگوێی سەرمایە و کۆت و بەندی دەکات، بەڵکو هەر ئەم پرۆسەیە یارمەتی دەدات لە بوونی خۆی وەک بکەرێکی سیاسیی ووشیار ببێتەوە، ئەم ووشیاربوونەوەیەش پرۆلیتاریا دەکاتە بکەرێکی شۆڕشگێڕ.
هەڵبەت کاڕڵ مارکس یەکەم بیرمەندە لە مێژووی مرۆڤدا کە زۆر بە قووڵیی و هەمەلایەنی تیۆریزەی چەمکی کاری کردووە. ئەو کار وەک کاتیگۆرییەکی تەواو گرنگ دەبینێت بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی. لە نووسراوێکیدا بەناوی «لێکدانەوەکان دەربارەی ڕەگەزەکانی ئابووریی سیاسیی جەیمز میل»، مارکس تێگەیشتنێکی تەواو دیالەکتیکییانە بۆ چەمکی کار دەکات و دەنووسێت:
«کارەکەم دەبێتە بەرجەستەبوون و دەرکەوتنێکی ئازادی ژیان، کەواتە دەشبێتە چێژوەرگرتن لە ژیان. بەڵام بە گریمانەکردنی لێرەبوونی خاوەندارێتیی تایبەت، کارەکەم تەنها نامۆبوونە لە ژیان، چونکە بۆ ئەوە کاردەکەم تا بژیم، بۆ ئەوە کاردەکەم تا بژێویی ژیان بەدەستبهێنم. کارەکەم ژیانی من نییە… بەگریمانەکردنی خاوەندارێتیی تایبەت، تاکایەتیی من بەڕادەیەکی وەها نامۆ و بێگانە دەبێت، کە ئەم چالاکییە دەبێتە چالاکییەک ڕقم لێی بێت، دەبێتە جۆرێک لە سزادانی من کە دوورە لەوەی لێکچوونی لەگەڵ چالاکییدا هەبێت. کەواتە کار تەنها چالاکییەکی زۆرەملێیە کە کەسانێک لەڕێگای پێداویستیی دەرەکییەوە بەسەریاندا سەپاندووم، نەک بەهۆی پێداویستییەکی گرنگ و ناوەکیی و جەوهەرییەوە»[٤].
لەو کاتەوە کە مارکس تێبینیی و چاودێریی مانگرتنەکانی کرێکاران و خەباتەکانی خەڵک و جووتیارانی دەکرد کە بۆ دار و درەخت وە بۆ نیشتەجێبوون دەیانکرد، دەستیکرد بە بەکارهێنانی شیکاریی ڕەخنەییانەی خۆی دەربارەی ئابووریی سیاسیی، تا کۆمەڵێک بنچینەی بەرجەستە و کۆنکرێتیی بۆ تێگەیشتن لە ماتریالیزمی تازە بۆ مێژوو دابین بکات. چالاکیی مرۆیی، بە فراوانیی وەک ڕەگەزێکی بنچینەیی بۆ ئەم ماتریالیزمە نوێیە دەبینرا. لە »دەستنووسە ئابووریی و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤»دا مارکس ئامادەکاریی بۆ یەکەم کۆتێزی خۆی بۆ کار وەک چالاکییەکی زیندوو دەکات. بۆیە دەڵێت بوونی مرۆیی:
«چالاکیی خودی ژیانی مرۆڤ دەکاتە بابەت و ئۆبژێکتێک کە ووشیاریی وئیرادەی ئەوە. ئەو خاوەن چالاکیی ووشیارانەی ژیانە، ئەمەش دەستنیشانکردنێک نییە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا دەربکەوێت، چونکە چالاکیی وشیارانەی ژیان، ڕاستەوخۆ مرۆڤ لە چالاکیی ژیانی ئاژەڵیی جیادەکاتەوە. هەر لەبەرئەوەشە کە خاوەن بوونێکی جۆرییە. تەنها لەبەرئەوەی کە مرۆڤ خاوەن بوونێکی وشیارانە و جۆرییە ،ژیانی خۆی دەبێتە بابەت و ئۆبژێکتێک بۆ خۆی. هەرلەبەرئەوەشە کە چالاکیی ئەو بریتییە لە چالاکیی ئازاد»[٥].
پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان بوونی کۆمەڵایەتیی و سروشت لەم ڕووەوە، کاریگەریی ڕەهەندەکانی پەیوەندیی نیوان خۆیان دەبیننەوە: واتا «ژیانی فیزیکیی و ڕۆحیی مرۆڤ پەیوەست دەبێت بە سروشتەوە بەو مانا سادەیەی سروشت خۆی پەیوەست دەبێت بەخۆیەوە، چونکە مرۆڤ خۆی بەشێکە لە سروشت»[٦]. کەواتە گۆڕینی سروشتی ئۆرگانیی، کە بەهۆی چالاکیی مرۆییەوە بەدیهاتووە، ناوبژیوان و نێوانگیریەکی پێویست و گرنگە کە خۆی لەناو کارکردندا دەدۆزێتەوە، بە مانای «کەرەستە، بابەت و ئامرازی ژیانی چالاکانەی خۆییەتی»[٧]. لێرەوەیە تێدەگەین بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی بناغەی خۆیان لەناو چالاکیی کاردا هەبووە و هەیە. ئەمەش لەلایەن مارکس و ئەنگڵسەوە بەتایبەتی لە کتێبی «ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی»دا فراوانتر دەکرێت، بەدیاریکراویش لەو شوێنەدا کە دەڵێن:
«لەم ڕووەوە یەکەم کردەی مێژوویی بریتییە لە بەرهەمهێنانی ئامرازی دابینکردنی پێداویستیەکانی بەرهەمهێنانی خودی ماتریال و کەرەستەی ژیان. لە ڕاستیدا ئەمەش بریتییە لە کردەیەکی مێژوویی، وە هەلومەرجێکی بنچینەیی سەرجەم مێژوو، کە تا ئەمڕۆش، هاوشێوەی هەزاران ساڵ پێش ئێستا، دەبێت هەموو ڕۆژێک و هەر کاتژمێرێک تەنها لە پێناوی مانەوەی ژیانی مرۆییدا بەدیبهێنرێت و ئەنجام بدرێت»[٨].
بەرهەمهێنانی ئامرازی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان دواتر گۆڕا بۆ هەلومەرجێکی بنچینەیی ژیانی مرۆیی خۆی، بەواتا هەمان بناغەی پرۆسەی بەمرۆییبوون. کار وەک شتێک دەبینرا لکابێت بە ژیانی مرۆڤەوە، وەک ئەوەی ئەوان بەهۆیەوە بونەتە بونەوەرێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی:
«مرۆڤەکان دەکرێت لەڕێگای ووشیاریی، ئایین یان هەرشتێکی دیکەی هاوشێوەوە لە ئاژەڵان جیابکرێنەوە. هەر ئەو کاتەی دەستدەکەن بە بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی بژێویان ڕێک لێرەوە خۆیان لە ئاژەڵان جیادەکەنەوە، هەنگاوێک کە بەهۆی ڕێکخستنی جەستەیی و فیزیکییانەوە بەدیدێت و دەستەبەر دەبێت. لە ڕێگای بەرهەمهێنانی ئامرازی مانەوە و بژێویان، مرۆڤەکان ناڕاستەوخۆ ژیانی ماتریالیی خۆشیان بەرهەمدەهێنن»[٩].
لێرەوەیە دەبینین کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان سەرهەڵدەدات، وە کاتێک کار وەک ڕەگەزێکی زیندووی ژیان دەبینرێت، لە ڕاستیدا وەک خەسڵەتێکیشە کە بوونی مرۆیی لە بوونی ئاژەڵیی جیادەکاتەوە، هەربۆیە دەبێتە ڕەگەزێکی بنچینەیی و سەنتڕاڵی مرۆڤایەتیی. بێگومان مەحاڵە ژیانێکی کۆمەڵایەتیی بەبێ بەدیهێنانی کردەیەکی بەرهەمهێنەرانەی ڕۆژانە درک پێبکەین، بەڵام ژینگەی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی خۆی گۆڕانی بەسەر مانا بنچینەیی و بنەڕەتییەکەدا هێناوە کە پێشتر لە ناو چەمکی کار و کەرامەتی کار و ئەو ئامانجەدا هەبوون کە بەهۆیەوە سەریهەڵدابوو. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، لێرەدایە کە کار وەک چالاکییەکی نامۆبوو دەردەکەوێت، لەبەرئەوەی ئیتر کار وردە وردە لە ناو سەرمایەدارییدا و لەگەڵ سەقامگیرتربوونی سیستەمەکدا، لەوە دەکەوێت چیتر کار بێت وەک چالاکییەکی زیندوو، چالاکیی خۆ-بەدیهێنان و فراوانکردنی تواناکانی ژیان. ئەگەر کار بناغەی پێکهێنانی ژیانی زیندوو، چالاکیی ژیانیی، بناغەی بەرهەمهێنانی هونەر، ئەدەب، جوانیی و ئێستاتیکا و کۆی ئەو باڵەخانەیەی شارستانێتیی بووبێت، ئەمڕۆ کار لەناو سەرمایەداریی نیۆلیبراڵدا خەریکە دەگەڕێتەوە پێش سەرهەڵدانی چەمکی «کەرامەتی کار».
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە کار ئەو مانایەی لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا هەیبوو وەک بناغەیەک بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان و ڕاگرتنی پایەکانی یەکسانیی و یەکسانیی هەمەلایەنە، ئەمڕۆ لەناو کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا هەموو ئەو مانا و گرنگییەی خۆی لەدەستداوە. بەبێ بزووتنەوەی کار لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا، هەرگیز مێژووی کۆمەڵگە مرۆییەکان نەیدەتوانی دەستبەرداری ڕیشەیی هەزاران ساڵەی ئەریستۆکراتیی، فیودالیزم، کۆیلایەتیی و ڕیشە کۆنەپارێزییەکانی هەرەمییەتی دەسەڵات و پیاوسالاریی ببێت. بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمە شایەتحاڵین، بریتییە لە داکشاندنەوە و دابەزاندنێکی چەندایەتییانەی ناو بواری بەرهەمهێنان. لەبری خزمەتکردن بە بەهای بەکاربردن، کاری ئەبستراکت و ڕووت بەردەوامە لەوەی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە دروستکردنی بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهای بۆ بازاڕبردن هەبێت. واتا دابینکردنی پێداویستییە ژیانییەکان لەپێناوی گەشەدان بە کولتوور و هونەر و ئەدەبی پێشکەوتووخواز. بەو مانایە، وەک (مارکس) لە «ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی»یدا ئاماژەی پێکردووە کاتێک مرۆڤ شتێکی نەبێت بیخوات، شوێنێکی نەبێت تێیدا ئارام بگرێت و بحەسێتەوە، ئاساییشی داهاتووی مسۆگەر نەبێت، چۆن دەتوانێت فیکر، هونەر و ئایدیۆلۆژیا بەرهەمبهێنێت؟ هەر بۆیە دەبینین لەگەڵ داکشاندنەوە و کورتکردنەوەی کار لە ئەمڕۆدا بۆ نێو ژمارەی چەندایەتیی و لەچۆنایەتییخستن، زۆرترین بیرە دواکەوتوو، کۆنەپارێز و ڕاستڕەوەکان گەڕاونەتەوە سەر سەکۆی سیاسیی، وە هەڕەشە لە هەموو ئەو دەستکەوتانە دەکەن کە بەدرێژایی دووسەد ساڵی ڕابردوو لەڕێگەی خەباتی بەردەوامی بزووتنەوەی کارەوە بەدیهاتوون. لەو سەردەمەی کە بزووتنەوەی کار بەهێز بوو وە لە لوتکەی ڕادیکاڵیزمی خۆیدا بوو، وردە وردە دەبینرا کە جیاکاریی نێوان کاری فیزیکیی و کاری فیکریی لەکەمبوونەوەدایە، تەنانەت وایلێهاتبوو بەشێوەیەکی ماتەوزەی ناوەکیی (پۆتێنشیاڵ) هەر کارکەرێک بتوانێت کاتی بەتاڵی بۆ بوارەکانی هونەر و ئەدەبیات و کولتوور تەرخان بکات و کار وەک چالاکییەکی ژیانی خۆی ببینێت. لێرەدا نەک بەو مانایە هونەر و کولتوور کار نەبن، بەڵکو ژیانی کرێکار لە پرۆسەی کاردا تەنها بۆ دابینکردنی بژێویی و دوورکەوتنەوە لە کولتوور و هونەر بەهەدەر نەچێت، یاخود بە مانایەکی دیکە، ئەو کرێکارەش کە پیشەی کارەکەی، بۆ نموونە، بەرهەمهێنانی کەرەستەی خۆراکییە، دەرفەتی ئەوەشی هەبێت بەشداریی لە بواری کولتوور و هونەردا بکات. ئەگەر نموونەیەکی سێرگی تریتیاکۆڤی هونەرمەند و فۆتۆگرافەری سۆڤێتیی بهێنینەوە، ئەو ڕۆژنامەیەکی دامەزراندبوو، کرێکارانی هاندەدا کە لە کات و دوای کاتی کارکردن وێنەی فۆتۆگرافیی بگرن و لە ڕۆژنامەکاندا بۆی بڵاودەکردنەوە. لەبەرئەمەش تریتیاکۆڤ لای بیرمەندانی سەرەکیی بواری فۆتۆگرافیی، وەک واڵتەر بنیامین، زیگفرید کراکاوەر، لازلۆ مۆهۆلی-ناج و هتد دەبێتە بناغەدانەری فۆتۆگرافیی نوێ[١٠]. چونکە مرۆڤایەتیی خەریک بوو ببێتە شایەتحاڵی نەمانی جیاوازیی و درزەکانی کاری دەستیی و کاری زەینیی، واتا هەر کارکەرێک پۆتێنشیەڵیی هونەرمەند و ئەدیبی هەبوو. مۆدێلی کار لەناو سەرمایەدارییدا، کاری دەستیی و کاری زەینیی هێندە لەیەک دوورخستووەتەوە، ئەوەی کاردەکات ئاگای لە کولتوور و هونەر نەبێت و ئەوەشی خەریکی بواری کولتوورە لەڕووی سیاسییەوە هیچ سۆلیداریتیی و هاوپشتییەکی لەگەڵ کرێکاردا نەبێت. ئەگەر ئەرشیڤی فۆتۆگرافیی ئەو پڕۆژەیە ببینین کە ئەمڕۆ بەشێکیان بوونەتە بناغەیەکی گەورە بۆ هونەری فۆتۆگرافیی، بەبێ وردبوونەوە لە سیاقی مێژوویی، وا بیردەکەینەوە ئەو فۆتۆیانە لەلایەن فۆتۆگرافەرانی پیشەییەوە گیراون (پرۆفیشناڵ)، لە کاتێکدا زۆربەی زۆریان لەلایەن کرێکارانی ئاسایی دوای گەڕانەوەیان لە کار ئەنجامداون، زۆربەی کاتیش ڕۆژنامەکەی تریتیاکۆڤ کامێراکانی بۆ دابینکردوون.
ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژین کار بە تەواویی ئەم مانایانەی لەدەستداوە، هەم ڕێژەی هونەرمەندان و داهێنەران و ئەدیبان لەکەمبوونەوە دایە و هەمیش هێزی کاری ڕووت لەهەڵکشاندایە. لەهەمانکاتدا نوخبەیەک ڕۆژ بەڕۆژ کۆنتڕۆڵی مۆزەخانەکان، گەلەرییەکان، هونەرە جوانەکان و هتد دەکات، لە بەرانبەردا ڕێگە بۆ جۆرێک لە ئەستێرەکانی وەک هۆلیوود خۆشدەکات کە ببنە خزمەتکاری ئایدیۆلۆژیی ئەم نەزمە نوێیەی نیۆلیبرالیزم. لەم سەردەمەدا کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان بەتەواویی پێگە کارییەکانیان نادڵنیا و بێ ئاساییش کردووە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و درێژە بە بژێوییەکانی بدات، ناچارە چەندین جۆری کار هەڵبژێرێت و هەموو ووزەی خۆی تێدا بەگەڕبخات. ئەمەش نەک تەنها لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان دووری دەخاتەوە، بەڵکو کۆی توانا ناوەکییەکانی بۆ داهێنانی ئەدەبیی، هونەریی و کولتووریی لەدەستدەدات و دەبێتە ئامێرێکی ڕووتی کارکردن کە هەموو ڕۆژێک ڕاکەڕاکییەتی بەدووی سبەینێیەکدا لەبرسان نەمرێت. لە سەدەی نۆزدەدا (مارکس) بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە دەبێت ڕۆژ و کاتی کار کەم بکرێتەوە وە کاتە بەتاڵەکان لەپێناوی پەروەردەی هزریی و هونەریی و کولتوورییدا هەڵبکشێنرێن، تا کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی پێشکەوتووخواز لەدایکببێت. ئەمڕۆ نیۆلیبراڵیزم ڕۆژ بەڕۆژ ئەم دەستکەوتانە لەناودەبات و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکانی بردووەتەوە ناو دڵی دواکەوتووییەوە، بێ هۆ نییە ئەمڕۆ بیرمەندانێکی زۆر باس لە گەڕانەوەی سەردەمە تاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەن، کە تێیدا مرۆڤ دەبێتەوە بە پاشکۆی زەوی. هەرچەندە وەک بەشێک لە کۆمەڵناسان باسی دەکەن ئەمڕۆ مرۆڤ بەپاشکۆبوونی بۆ دیجیتاڵ، لە کار وەک چالاکییەکی ڕاستەقینەی ژیان دوورکەوتۆتەوە.
ئەوانەی تا ئێرە باسمانکردن دەکرێت وەک بنچینەیەک وەربگیرێن تا لە مەبەستی کار تێبگەین، بەو ئامانجەی کە سەرەڕای ڕەهەندە نامۆکەرەکانی، لە ڕوانگەی دیالەکتیکییەوە،کار لە ناو سیستەمی سەرمایەدارییدا بیبینین، چونکە کار ڕەهەندی ڕزگاریخوازانەی هەبووە و ووشیاریی مرۆڤی هەڵکشاندووە.
لێرەدا پێویستە بچینە ناوبابەتێکی گرنگەوە و ئاماژە بەوە بکەین کە لە ڕابردوودا کار گرنگییەکی زۆری هەبووە بۆ ڕزگاربوونی ژنان. سەرمایەداریی سیستەمێکی دژبەر و ناکۆکە، ئەگەر دیالەکتیکیی لێی بڕوانین، دەبینین بەبێ ئەوەی خۆی وویستبێتی دەرفەتی خوڵقاندووە کە کۆمەڵگەیەکی نوێی جەماوەریی سەرهەڵبدات و ژنان تێیدا ڕۆڵێکی بنچینەییان گێڕاوە بەتایبەتی لە گۆڕینی کۆمەڵگەی نەریتیدا. لەبەر ئەوە مارکس ستایشی ناکۆکییەکانی سەرمایەداریی دەکرد، چونکە ئەو بیرمەندێکی ووشیاری ناکۆکییەکان و ، دیالەکتیکزانێک بوو ، هەربۆیە نزیک بووەوە لە زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا، یاخود لانیکەم دەستیکردبوو بە بیرکردنەوە لێیان بەشێوەیەکی سیستەماتیک. لەوەش زیاتر، لای مارکس، ناکۆکییەکان وەک بکەری بنچینەیی گۆڕانکاریی ستایش دەکران، کە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی بەرەو پێشەوە دەبەن. ئەم ڕوانینە یەکگرتووە دەربارەی پەیوەندیی بەناویەکداچووی نێوان ناکۆکیی، جوڵە و گۆڕان لە دیالەکتیکی هێگلیی وەرگیرابوو، بۆیە باش دەبێت ئەگەر جەختکردنەوەکەی هێگل لەسەر ئەم خاڵە بهێنینەوە:
«شتێک دەجوڵێت، نەک لەبەر ئەوەی لە ساتێکدا ئەو شتە لێرەیە و لە ساتێکت دیکەدا لەوێیە، بەڵکو لەبەرئەوەی لەم ساتە و لە هەمان ساتدا لێرەیە و لێرە نییە، واتە لەم ‘لێرە’ بوونەدا، بەجارێک هەیە و نییە. دیالەکتیکزانە کۆنەکان دەبێت ڕێگەیان بە ناکۆکییەکان دابێت کاتێک لە جوڵەدا ئاماژەیان پێکردووە؛ بەڵام ئەمە بەدووی ئەوە ناکەوێت کە بۆیە جوڵە بوونی نییە، بە پێچەوانەوە، ئەو جوڵەیە، خودی ناکۆکیی بوونە»[١١].
لە کاتێکدا ئەمڕۆ هەمووان دان بەوەدا دەنێن و لەسەر ئەوە کۆکن کە مارکس «ڕادیکاڵترین شۆڕشگێڕی دژە-سەرمایەدارییە»، لە بەرانبەردا (جۆن ستوارت میل و ئەلێکسی دو توکڤیل) وەک دوو سەرسەختترین لایەنگرانی سەرمایەداریی و لیبراڵیزم دەبینن. کەچی ئەگەر ورد ببینەوە، دەبینین (مارکس) لە زۆر شوێندا دیالەکتیکییانە ستایشی سەرمایەداریی کردووە بەوەی، کە ڕێگەی خۆشکردووە جەماوەرێکی بەرفراوان لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە. خەڵک بەهۆی هەڵکشان و زۆربوونی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە، دەتوانن بەشداریی لە کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی کۆمەڵگادا بکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی فراوانیش نەبێت، لەم ڕووەوە جەماوەران و کارکەران بەشداریی لە ڕادیکاڵیزەکردنی مۆدێرنیتەی نوێدا دەکەن. کتومت لەو شوێنانەدا (جۆن ستوارت میل)، ڕادیکاڵترین بیرمەندی سەرمایەداریی، دژی سیستەمەکە دەوەستێتەوە، میل کە هاوکات بە لایەنگری بزووتنەوەی ژنانیش ناسراوە، کەچی ترسی خۆی لە زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەم سیستەمە ناشارێتەوە. سستەمێک کە ڕەنگە ڕۆژێک ژنان دەسەلات بگرنە دەست، چونکە دەسەڵاتی جەماوەر لەناو بزووتنەوە ڕاستڕەوەکانی سەدەی بیستدا، وەک کۆمەڵگەی ژنان دەبینران و سوێندیان خواردبوو دەسەڵاتی پیاو بگەڕێننەوە، هەربۆیە لەوانەیە ڕۆژێک ئەم جەماوەرە «ژنانەیە» دەسەڵاتی کاروبارەکان بگرێتە دەست. (میل) خەم بۆ کۆمەڵگەی پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداریی دەخوات کە تێیدا تاکی خاوەن ئیمتیاز، هەڵبەت ئەریستۆکرات و فیۆدالی باوکسالار، دەسەڵاتی ڕەهای هەبوو:
«ئاراستەی گشتیی شتەکان لە سەرتاپای جیهاندا دەیەوێت پرەنسیپی ئاسایی و بەتاڵ بکاتە دەسەڵاتی بەهێز و ڕوولەهەڵکشان لەناو مرۆڤایەتییدا. لە مێژووی کۆن، لە سەدەکانی ناوەڕاست و لەئاستێکی ڕوولەنەماندا بەدرێژایی تێپەڕین لە فیودالییەوە بۆ ئەمڕۆ، تاک دەسەڵاتێک بوو لە خۆیدا …[١٢]. لە ئێستادا تاکەکان لە قەرەباڵغییدا وون دەبن. لە سیاسەتدا تەنها دەسەڵاتێک کە شایستەی ناو بێت، بریتییە لە [دەسەڵاتی] جەماوەر و [دەسەڵاتی] حکومەتەکان لەکاتێکدا خۆیان دەکەنە ئۆرگانی ئاراستەکان و غەریزەکانی جەماوەرەکان»[١٣].
جۆن ستوارت میل مۆدێرنیتە وەک داهێزران و داخورانی پێشکەوتوانەی ڕۆحی تاکایەتیی لەقەڵەم دەدات و ئایدیالەکەی ئەو بۆ تاکگەراییش، لە ڕابردوو دایە. گێڕانەوەکەی ئەو، هەڵگێڕانەوەیەکی مێژووی باوی «ویگ»(Whig)ە [ویگ گروپ و دەستە و حزبی سیاسیی سەدەی هەژدە و نۆزدەی بریتانیا بوو کە لیبرالیزم لێیەوە سەرچاوەی گرت]: تاکگەرایی، کە باوەڕ و بنچینەی لیبراڵی بەهێز دەکرد، لە لوتکەی خۆیدا، لە مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستدا بوو. لەوکاتە بەدواوە، تا «ساتی ئێستا»، تاکگەرایی بریتییە لە ساتی حیکایەتێکی غەمگینی لەدەسەڵاتکەوتن، سنوورداربوون و تەنگەبەربوونی دەستپێشخەریی تاکەکەسیی، لە بەرامبەردا سەرهەڵدانی دەستەجەمعییەت (کۆلەکتیڤیزم). میل هۆشداریی دەدات لە دژی کۆلەکتیڤیزمی ئیفلیجکەر و ڕوانگەی کزیی و سستیی ولاوازیی جۆرە-چینییەک ، کە سەرتاپای بریتانیا دەتەنێتەوە؛ تەنها دووبارە دەرکەوتنەوەی بلیمەتیی، هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئەو تاکانەی ڕۆژێک بریتانیایان مەزن کردبوو لەوانەیە بتوانن «بەر بە داڕمان و داوەشانەکەی بگرن»[١٤].
سەرمایەداریی لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی فراوان دامەزرابوو، ئەگەرچی بۆ (مارکس)، بەرهەمهێنانی فراوان، بێزارکەر بوو، بەڵام لەڕووی ماتەوزە و پۆتێنشیاڵەوە ڕزگارکەر بوو: هاندەربوو لە بەکۆمەڵایەتییکردنی کار بە ئاستێک هەرگیز پێشتر نەبینرابوو، تا ئەو خاڵ و ئاستەی چیتر تاکی دابڕاو تەنها کۆمەڵگا دروست ناکات، بەڵکو کۆمەڵگا دەبێتە تاک. لەم ڕوانگەیەشەوە، سەرمایەداریی تۆوی دژی مەبەستەکانی خۆی دەچێنێت – تۆوەکانی داهاتوو[١٥]. بەشێوەیەکی پارادۆکس، (مارکس)، سەرسەختترین و ڕادیکاڵترین ڕەخنەگری سەرمایەداریی، بەرانبەر بە داهاتووی «سەرمایەداریی» زۆر گەشبینتر بوو لە زۆربەی نەیارە بۆرژوازییە پرۆ-سەرمایەدارییەکانی خۆی. نەک بەتەنها بەهۆی ئیمانی خۆی بە شۆڕشی پرۆلیتاریی نزیک، کە کۆمەڵگای بۆرژوازیی و دامەزراوەکانی لەناو دەبات، بەڵکو لەو ڕوانگەیەشەوە دەیبینی ئەو جووڵەیەی سەرمایەداریی و بۆرژوازیی بەبێ ویستی خۆیان بەگەڕیان خستووە، دەرفەتێکی گرنگ دەداتە دەستی ئەوانەی هەر ئەو سیستەمە دەیەوێت بیانچەوسێنێتەوە. زۆر گرنگە ئاگامان لە هێنانەوەی تەواوەتیی ئەو ڕاستییە هەبێت کە لای (مارکس) هێزی بنچینەیی شۆڕشگێڕ لە کۆمەڵگای بۆرژوازییدا و لە زۆر ڕووەوە لەدژی ئەو کۆمەڵگایە بریتییە لە «ناکۆکیی زیندوو»، واتا سەرمایە خۆی[١٦]. ئەم ڕوانگانە دواتر دەچنە نێو ئەرگومێنتە زیاتر پێگەشتووەکەی (مارکس)ەوە، کە لە (کتێبی سەرمایە)دا باسیان دەکات. من دوو نموونە دەهێنمەوە:
«پیشەسازیی مۆدێرن هەرگیز فۆرمی هەنوکەیی پرۆسەیەکی بەرهەمهێنان وەک فۆرمێکی کۆتایی و بڕاوە نابینێت و ئاوا مامەڵەی لەگەڵدا ناکات. لەبەرئەوە بناغە تەکنیکییەکەی شۆڕشگێڕانەیە، لەکاتێکدا هەموو مۆدێلەکانی پێشووی بەرهەمهێنان لە جەوهەردا کۆنزەرڤاتیڤ بوون […] پیشەسازیی گەورە و فراوان، بەهۆی خودی کارەساتەکانییەوە، وادەکات ناسینەوەی جیاوازیی کار و لەمڕووەوە توانایی کرێکار بۆ ژمارەی لایەنی زۆری جۆرە جیاوازەکانی کار ببرێتە نێو پرسیاری مەرگ و ژیانەوە […] دڕندەیی و فڕێدانی دانیشتوانی چینی کرێکار و هێشتنەوەیان بە بەدبەختیی، […] دەبێت لەلایەن مرۆڤێکی تاکەوە شوێنی بگیرێتەوە کە بە موتڵەقی ئامادەیە بۆ جۆرە جیاوازەکانی کار کە پێویستیان پێیەتی؛ تاکی نیمچە گەشەسەندوو، کە تەنها هەڵگری وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتیی تایبەتمەندکراوە، دەبێت لەلایەن تاکێکی بەتەواوەتیی گەشەسەندووەوە، شوێنی بیرێتەوە»[١٧].
بە کورتیی، کۆمەڵگەی مۆدێرن و مۆدێرنیتە کە بەمانای کۆمەڵگەی جەماوەریی دەهاتن، تێیدا کۆی ئەو بکەرە مرۆییانەی بەدرێژایی مێژوو ژێرپێ خرابوون، بێ ناو مابوونەوە وە سەرکوتکرابوون، لە کاتێکدا ئەمڕۆ وەک بکەرێکی ووشیار لەسەر سەکۆی شانۆکە دەرکەوتون، کە ئەوانیش کرێکارانی مۆدێرن: ژنان و پیاوان بوون. هەرلەبەر ئەوە بوو سەدەی بیست، سەرەتای سەرهەڵدانی بیری ڕاستڕەویی و فاشیزم، بەڵێنی ئەوەی دەدا دەسەڵاتی کۆنی پیاوانی ئەریستۆکرات دژی بەژنانەییکردنی کۆمەڵگەی نوێ، بگەڕێننەوە. بۆ نموونە دامەزرێنەری فاشیزمی ئیتاڵیی (بینیتۆ موسۆلینی) نەیدەشاردەوە، کە دیموکراسیی و کۆمەڵگەی جەماوەریی و مارکسیزم وەک ژنانەییکردنی کۆمەڵگە دەبینێت و فاشیزمیش وەک گەڕاندنەوەی ئیرادەی پیاو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا نابێت بیرمان بچێت، لە مێژوودا هیچ کەس هێندەی مارکس دژی کاریگەرییە کوشندەکانی سەرمایە و سەرمایەداریی لەسەر کرێکاران (پیاوان و ژنانی کرێکاری تازە دەرکەوتوو)، جووتیاران و منداڵان نەینووسیوە و خەباتی لە دژ نەکردووە. ئەوەی لەم بڕگەیەدا ویستمان باسی بکەین، لە پەیوەندییدا بە سەرهەڵدانی چەمکی کارەوە، تێگەیشتنی دیالەکتیکیی مارکس بوو بۆ کۆی مێژووی سەرهەڵدانی سەرمایەداریی.
دۆڕانی مێژوویی ژنان و دابەشکردنی کاری کۆمەڵایەتیی
چۆن و بۆ ژنان لە مێژوودا دۆڕان؟ چەندین ئەنترۆپۆلۆژیستی بەناوبانگ لەم پرسەیان کۆڵیوەتەوە، دیارترینیان (لویس هێنری مۆرگان) و پاشان ئەنترۆپۆلۆیستەکانی سەدەی بیست، لەوانە (گۆردن چایەلد). هەروەها لە کتێبی «بنەڕەتی خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت» (١٨٨٤) (فریدریش ئەنگڵس) لە پەیوەندییدا بە پرسی گۆڕانی کارەوە زۆر بە وردیی و بەدوور و درێژیی لێکۆڵینەوە لەم پرسە دەکات، بەڵام هەروەها بە فراوانیش پشت بە (هێنری مۆرگان)ی ئەنترۆپۆلۆژیست دەبەستێت. ئەم کتێبە، یەکەم بناغەدانانی شیکارییەکی بەرفراوانی ماتریالیستیی بۆ چەوساندنەوە، سەرکوت و دۆڕانی ژنان لە مێژوودا بەدەستەوە دەدات. (ئەنگڵس) دەڵێت سەرکوت و دۆڕانی ژنان دیاردەیەکی «سروشتیی» یان حەتمیی نەبووە، بەڵکو پەیوەندیی بە گەشەسەندنی کۆمەڵگەی چینایەتییەوە هەبووە. خێزان (و لێرەدا پەیوەندییەکانی نێوان سێکس و ڕەگەزەکان) دامەزراوەیەکی سروشتیی و نەگۆڕ نییە. فۆرمەکانی خێزان لە مێژوودا گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە تا گەیشتوون بەم فۆرمەی ئەمڕۆ. کەواتە ئەو بانگەشەیەی خێزان وەک موقەدەسترین و نەگۆڕترین دامەزراوەی ناو مێژووی مرۆیی دەبینێت، ڕیشەی لە چەوساندنەوە و بەپاشکۆکردنی ژندا هەیە بۆ پیاو. بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە هەمیشە دەبێت سەیری پەیوەندیی نێوان فۆرمەکانی خێزان و شێوازەکانی بەرهەمهێنان لەنێو کۆمەڵگە چینایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بکەین: گۆڕانکاریی و وەرچەرخانەکانی ناو بەرهەمهێنان دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە فۆرمی خێزاندا. ئەگەر کۆمۆنەی سەرەتایی لەسەر بنەمای ڕاو و کۆکردنەوە ژیابێت، فۆرمی خێزانی ئەو کۆمۆنەیە جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ فۆرمی خێزانی سەردەمی کۆیلایەتیی هەبووە، وە کۆیلایەتیی لەگەڵ فیودالیزم و فیودالیزم لەگەڵ سەرمایەدارییدا.
(ئەنگڵس) بنەچە و بنەڕەتی خێزانی چەوسێنەر و سەرکوتکەر دەگەڕێنێتەوە سەر ڕیشە و دەستپێکەکانی خاوەندارێتیی تایبەت و دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ نێو چینەکان. لە کۆمەڵگە پێش-چینایەتییەکاندا، دابەشبوونێکی سێکسوالییانەی کار هەبووە، بەڵام هیچ ئەنترۆپۆلۆژیستێک ئەوەی تۆمار نەکردووە، کە ئەم دابەشبوونە بووبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەوساندنەوە و سەرکوتی سیستەماتیکی ژنان. غیاب و نائامادەیی زیادەی بەرهەمهێنان و پێداویستیی بەرهەمهێنان بۆ مانەوە، بەگشتی جۆرێک یەکسانیخوازیی سەرەتایی بەسەر ئەم کۆمەڵگەیانەدا سەپاندبوو، کە لە مێژوودا «کۆمۆنیزمی یەکەم» یان «کۆمۆنیزمی سەرەتایی» (primitive communism) ناودەبرێت. بەڵام، هەرکە خاوەندارێتیی و میراتی خاوەندارێتیی بووە بابەتی ئەو کۆمەڵگەیانە، مافی پێشووی دایک واتا سەردەمی هەڵگرتنەوەی نەوە لەڕێگەی دایکەوە نەک باوکەوە دەبوو لەناو بچێت و هەڵبوەشێتەوە. لەو سەردەمەدا پێچەوانەی مافی باوک بۆ هەڵگرتنەوە و دیاریکردنی ڕەچەڵەکی نەوە، دایک ئەو دەسەڵاتەی هەبوو. ئەنگڵس بەم لەناوچوونە دەڵێت «شکستی مێژوویی جیهانیی ڕەگەزی مێ» (die weltgeschichtliche Niederlage des weiblichen Geschlechts)، هەرکە «پیاو دەسەڵاتی لە ماڵیشەوە بەدەستەوە گرت؛ ژن دابەزێنرایە سەر ئاستی خزمەتکار؛ بوو بە کۆیلەی حەز و هەوەسی پیاو و بووە ئامرازێکی ڕووت بۆ بەرهەمهێنانی منداڵ بۆ پیاو»[١٨].
لەگەڵ سەرهەڵدانی خێزاندا، گۆڕانکاریی بەسەر سروشتی کارکردنی ماڵەوەشدا هات. کاری ماڵەوە چیتر کارکردن و جووڵەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش نەبوو، بەڵکو ژن بووە خزمەتکارییەکی تایبەت وەک کۆیلەیەک لە ماڵەوە، کە لە هەرێمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی وەدەرنرا. هەروەها لەڕووی ئابوورییەوە بووە پاشکۆ و وابەستەی پیاو و ناچارکرا بە تاکهاوسەریی. (ئەنگڵس) بەردەوام دەبێت و دەڵێت لەناوەوەی خێزاندا، پیاو نوێنەرایەتیی بۆرژوازیی و ژن نوێنەرایەتیی پرۆلیتاریای دەکرد، کە ئەمە داڕشتنێکی نەخوازراو و غەمگینە، لەبەرئەوەی وایدەکرد کە ئیتر پیاو ڕۆڵی دوژمن وەربگرێت. بەڵام خاڵی سەرەکیی کە (ئەنگڵس) دەیویست بیخاتەڕوو ئەوە بوو بڵێت «یەکەم مەرجی پێویست بۆ ڕزگاریی ژنی هاوسەردار، ئەوەیە سەرجەمی ڕەگەزی مێ بگەڕێنێتەوە ناو هەرێمی گشتیی و پیشەسازیی گشتیی و … ئەمەش خۆبەخۆ ئەوە دەخوازێت خەسڵەتی خێزانی تاکهاوسەر وەک یەکەیەکی ئابوورییانەی کۆمەڵگا، لەبنەوە هەڵبکێشرێت و هەڵبووەشێنرێتەوە»[١٩].
پاشان باس لەوە دەکات، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی داهاتوو بناغە ئابوورییەکانی ئەم فۆرمەی خێزان و تاکهاوسەریی و تەواوکارەکانی، واتا سۆزانیگەریی وێران دەکات. تەنها ئەوەی کە تاکە خێزانێک چیتر یەکێتیی ئابووریی کۆمەڵگە نەبێت (هەم بنەڕەتی دابینکردنی بژێوی لەسەر بنەمای یاسای خێزان، پیاو وەک بەرپرسی دابینکردنی ئابووریی و هەم خێزان وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی بۆ دابینکردنی ئابووریی کە دیسان پیاو دەکاتەوە بە ڕەمزی باڵادەستیی و کاری ژن لە ماڵەوە دەکاتە دەرەوەی یەکەی ئابووریی ئازادەوە و دەیخاتە چوارچێوەی ناچارییەوە)، ئەوا کاری ماڵەوە و چاودێریی منداڵ بەکۆمەڵایەتیی و سۆسیالیزە دەکرێت، وە ئەمەش خۆبەخۆ دەبێتە بناغەی ڕزگاریی سێکسوالیی ژنان. دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەنگڵس تەواو بێ بەری نەبوو لە پێشبڕیارەکانی ڕۆژگارەکەی خۆی و لەبەرئەوە نەیتوانیی پێشبینیی کاریگەریی کاری هەرزان، کۆنتڕۆڵی منداڵبوون و لەباربردن بکات. واتە کەمتر پێشبینیی گەشەسەندنی تەکنیکەکانی وەک منداڵبوونی بلووریی بکات کە ڕوانگە و ئاسۆی جیابوونەوەی تەواوەتیی سێکس و بەرهەمهێنانەوە/نەوەخستنەوە دەکاتەوە. بیرمان نەچێت کە (ئەنگڵس) لە سەدەی نۆزدەدا دەینووسی کە پێشکەوتووترین وڵاتە پیشەسازییەکان هێشتا ڕێگەیان بە خوێندنی ژنانیش نەدەدا چ بگات بەوەی خاوەن مافی دەنگدانی گشتیی بن، لەبەرئەوەی هەموو ئەمانە زۆر درەنگتر سەریانهەڵدا. هەروەها پێیوابوو سۆسیالیزم دەبێتە هۆی گەشەسەندنی «فۆرمێکی باڵاتر»ی هاوسەرگیریی. بەڵام ئاماژەی بەوەش دەکرد کە ئەمە بێگومان نابێت لەپێشەوە دیاریبکرێت یان لەپێشەوە بڕیاری لێبدرێت:
«ئەوەی دەتوانین ئێستا مەزەندەی ئەو شێواز و ڕێگەیە بکەین تێیدا پەیوەندییە سێکسوالییەکان دوای کەوتنی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی ڕێکدەخرێن، بەگشتیی بریتییە لە خەسڵەتێکی نێگەتیڤ، بەگشتیی سنووردارە بەرانبەر بەو شتەی نامێنێت و ون دەبێت. بەڵام ئایا پەیوەندییەکی نوێ دروست دەبێت؟ ئەمە ئەو کاتە وەڵام وەردەگرێتەوە کە نەوەیەکی نوێ چرۆی کردبێت: نەوەیەکی نوێی ئەو پیاوانەی هەرگیز باوەڕ بە کڕینی خۆبەدەستەوەدانی ژن بەرانبەر بە پارە یان هیچ ئامرازێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی دەسەڵات و هەیمەنە ناناسن؛ نەوەیەکی ژنان بەهیچ شێوەیەک دان بەخۆبەدەستەوەدانیان بۆ پیاوان نانێن و بیر لە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی دیکە ناکەنەوە پەیوەندیی خۆشەویستیی ڕاستەقینە نەبێت یان ئەو ژنانەی تەواو ڕەتیدەکەنەوە بەهۆی ترسی دەرەنجامە ئابوورییەکانەوە خۆیان ڕادەستی خۆشەویستەکانیان بکەن»[٢٠].
سەرەڕای هەندێک لە کەموکوڕییەکانی، کتێبەکەی ئەنگڵس تا ئەمڕۆش وەک بناغەیەکی سەرەکیی ماوەتەوە بۆ تێگەیشتن لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بەپاشکۆبوونی ژنان و چەوساندنەوەیان. لە دوای سەدەی نۆزدەوە، هەڵبەت گەشەی تیۆری ئەنترۆپۆلۆژیی زیاتر بووە و زۆر زانیاریی بەسوودتر کەوتوونەتە بەردەستی مرۆڤایەتیی وردتر بچنە ناو بنج و بناوانی کێشەکان و ڕووداوەکانەوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکان، جۆری مرۆڤ (genus homo) نزیکەی سێ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەرکەوتووە، بەڵام جۆری ئێمە، کە بە مرۆڤی هۆشمەند (homo sapiens) ناسراوە، سێ سەد هەزار ساڵ پێش ئێستا پەیدابووە. هەڵبەت ئەنگڵس دەڵێت یەکەم دابەشبوونی کاری سێکسوالیی لەگەڵ کۆتایی کۆمۆنەی سەرەتاییدا دەرکەوتووە، بەڵام هەندێک لە لێکۆڵینەوە ئارکۆلۆژییەکان شوێنەوارەکانی ئەم دابەشبوونە دەبەنەوە سەر قۆناغی بەردینی دوایین (٤٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا). هەڵبەت خۆبەخۆ ئەمە بە مانای پەیوەندییە نایەکسانەکانی نێوان سێکس و ڕەگەزەکان نەدەهات وەک لەو کۆمەڵگانەدا بوو بە باو کە پشتیان بە نەریتی ڕاوکردن-کۆکردنەوە دەبەست، کە تێیدا پیاوان دەبنە ڕاوچیی و ژنان دەبنە کۆکەرەوە. لەو سەروبەندەدا، وردە وردە پیاو لەڕووی فیزیکییەوە خۆی بەبەهێزتر دەزانێت چونکە توانای ڕاوکردنی هەیە و ژن بە لاوازتر دەبینێت چونکە لەسەر کێڵگەکاندا بەروبووم کۆدەکاتەوە کە مەترسیی لە پشتەوە نییە. واتە پیاو ڕیسک دەکات و ژن توانای ڕیسککردنی نییە. ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە، کە ئەنگڵس بە شکستی مێژوویی ژنان ناوی دەبات نەک ڕووداوێکی سروشتیی کە ئەفسانەکان، ئایینەکان، فەلسەفە فیودالیی و بیرە کۆنەپارێزەکان وەک «یاسای سروشت» دەیبینن. ڕووداوە مێژووییەکان هەمیشە لەگۆڕاندان، شکستی مێژوویی ژنان دەکرێت هێمایەک بێت سبەی ببێتەوە سەرکەوتن و بردنەوەی مێژوویی، نەک لێکدانەوەی سروشتناسیی و جیۆلۆجیی و ئیلاهیناسانە بۆ ئەوەی «هەروا بووە و هەروا دەبێت»، شتێک لە لێکدانەوەی مێژووییدا بەناوی «هەروا بووە و هەروا دەبێت» نییە. یاسای مێژوویی یاسایەکی جێگیر و سەقامگیر و ڕەق و بەردین نییە، وەک یاسای سروشتیی، بەڵکو لە بنەڕەتدا زۆرێک لە بیرمەندە مارکسیستەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست تەنانەت خودی چەمکی «یاسای سروشتیی»شیان بردە ژێرپرسیارەوە و وەک بەرپرس و بەهۆکاری چەوساندنەوەی هەزاران ساڵەیان لەقەڵەم دا. پرسی یاسای سروشتیی نەک تەنها کۆمەکی بە باوکسالاریی/پیاوسالاریی کردووە کە بەدرێژایی چەندین هەزار ساڵ وایکردووە کە ژن وەک پاشکۆ لێبکات، بەڵکو بە فراوانیی لە سەدەی بیستدا دەگەڕێتەوە و نازیزم ئەم یاسایە بۆ پرسی نایەکسانیی نەتەوەکانیش بەکاردەهێنێت. واتا یاسای سروشت ڕەوایەتیی بە کۆڵۆنیالیزمی نازیی و داگیرکردنی وڵاتان و گەل و نەتەوە بچووکترەکان دەدات.
ئەوەی جێگەی مەبەستی ئێمەیە، ئاوابوون و نەمانی کۆمەڵگەی یەکسانیخواز سەرەتاییە کە وردە وردە شوێنی خۆی بۆ هەڕەمییەتی پیاوەتیی و پەیوەندییە نایەکسانەکانی نێوان ڕەگەزەکان خۆشدەکات. ئەمەش گۆڕان بەسەر چەمک و کاتیگۆریی خۆشەویستییشدا دەهێنێت، هەروەک ئەلێکساندەر کۆلۆنتای، ژنە بیرمەند و شۆڕشگێڕی مارکسیست، لە کتێبی «ڕێخۆشکردن بۆ ئیرۆسی باڵدار»دا (١٩٢٣) باسیکردووە:
«لە ڕەوتی مێژووی هەزارساڵەی کۆمەڵگەی مرۆییدا، خۆشەویستیی لە غەریزەی سادەی بایۆلۆژییەوە – زەروورەتی بەرهەمهێنانەوە کە لە هەموو بوونەوەراندا لە بەرزترینەوە بۆ نزمترین هەیە – گەشەی کردووەتە نێو ئاڵۆزترین هەست و سۆزەوە کە بە بەردەوامیی کۆمەڵە ڕەهەند و لایەنێکی نوێی فیکریی و هەستەوەریی بەدەستدەهێنێت. […] لە هەموو قۆناغەکانی گەشەسەندنی مێژووییدا کۆمەڵگە کۆمەڵێک نۆرم و بەهای دامەزراندبوون پێناسەی ئەوەی دەکرد کەی و چۆن خۆشەویستیی ‘ڕێگەپێدراوە’ (واتا وەڵامی کام بەرژەوەندییەکانی یەکەی کۆمەڵایەتیی هاوبەشی باو دەداتەوە). […] لە قۆناغی خێڵەکییدا خۆشەویستیی وەک خزمایەتیی وابەستەیی دەبینرا (خۆشەویستیی نێوان خوشکان و برایان، خۆشەویستیی بۆ دایکان و باوکان). کولتووری کەونارای قۆناغی پێش-مەسیحیی خۆشەویستیی-هاوڕێیەتیی خستە سەرووی هەموو شتێکەوە. جیهانی فیودالیی دەستیکردبوو بە ئایدیالیزەکردنی عەشقی شاسوارانەی ئەفلاتوونیی نێوان ئەندامانی هەموو ڕەگەزە پێچەوانەکانی دەرەوەی هاوسەرگیریی. بۆرژوازیی عەشقی تاکهاوسەریی کردە ئایدیالی خۆی»[٢١].
دابەشکردنی کار و پەیوەندییەکانی خاوەندارێتیی بە فراوانیی بەدرێژایی دوو هەزار ساڵ لەڕێگەی مۆدێلەکانی بەرهەمهێنانی ئاسیایی، کەونارا (کۆیلایەتیی)، فیودالیی و سەرمایەدارییەوە بە ئەمڕۆی ئێمە گەیشتوون. ئەم مۆدێلانەی بەرهەمهێنان هەریەکەیان بە نۆرەی خۆیان یاسا سێکسوالییەکانی خۆیان بۆ پرسی ئەخلاقییات سەپاندووە، زۆربەی جاریش زۆر دڕندانە (لەڕێگەی جەستە و پەیکەرەی دەوڵەتییەوە بێت یان ئایینیی یاخود کۆمەڵگە خۆی بە فراوانیی). ئەم دابەشکارییانەش وەک لایەن و ڕەهەندی فاکتەر و بنچینەی کولتووریی ڕیشەیان لەنێو سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییدا داکوتاوە، چ وشیارانە بێت یاخود ناوشیارانە. لەبەرئەوە، ئەو جیاکارییەی ئەمڕۆ ئەزموون دەکرێت، کە پەیوەندیی بە جیاکاریی سێکس، سێکسوالیتە و جێندەرەوە هەیە، تەنها دڵۆپێکە لە دەریایەک. لە کاتێکدا سەرمایەداریی هەوڵیدا باوکسالاریی نغرۆ بکات و پاشەکشەی پێ بکات، واتا ئەو باوکسالارییەی ڕێکخستنی کۆمەڵگە بوو بۆ نێو خێزان لەژێر دەسەڵاتی باوکدا بە ئامانجی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی خاوەندارێتیی، نەک هەر بەتەواویی لەناو نەچوو، بەڵکو وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد ئەمڕۆ لەناو سەرمایەداریی نیۆلیبراڵدا تەواو گەڕاوەتەوە. ئەگەر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و دوای جەنگەکان، سەرمایەداریی بەهۆی سروشتی ناکۆک و پارادۆکسی خۆیەوە، پێویستی بە هاندانی ژنان هەبووبێت لە خێزانەکانیان یاخی ببن و بێنە دەرەوە و ببنە خاوەن یەکەی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان، لەبەرئەوەبووە کە کە لە قۆناغەکانی داکشانەوەی هێزیی مرۆیی (بەگشتیی پیاوان)دا مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی پێویستی بە کاری ژنان هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی ڕۆژ بەڕۆژ ئەم سیستەمە هێزی کار بۆ تەنها کاری ڕووت کورت دەکاتەوە، دەبینین نەک تەنها کێشەکانی چارەسەر نەکردوون، بەڵکو زیاتر بەرەو دواوە پاشەکشەیان پێدەکات. تەنها ئەو کۆمەڵگەیە دەتوانێت یەکسانیی هەمەلایەنە بەدیبهێنێت، کە بتوانیێت خاوەندارێتیی تایبەت و دابەشکردنی کار، وەک ئەمڕۆ دەیناسین، هەڵبوەشێنێتەوە، تەنها ئەو کۆمەڵگەیە دەتوانێت بە تەواوەتیی ئەرکەکە تەواو بکات. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نایەت کە دەبێت بەرانبەر بە پرسی چەوساندنەوەی سێکسوالیی بێدەنگ بین، بەو جۆرەی لە ئەمڕۆدا هەیە: بێگومان لە مێژووی باڵادەستبوونی کۆمەڵگەی چینایەتییدا، ژنان هەمیشە قوربانیی زیاتر و گەورەتریان داوە.
کار و گۆڕانی ڕۆڵی ژنان
ئەگەر ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت، جاڕی باڵادەستبوونی سەرمایەداریی بێت وەک سیستەمێکی ئەبەدیی لەسەر زەوی، کە ئیتر هیچ نەیارێکی لەبەردەمدا نییە، بەڵام بزووتنەوەی کار لە زۆربەی وڵاتاندا هێشتا بە تەواویی نەشکاوە و نەدۆڕاوە واتە هێشتا بزووتنەوەی کار بە تەواویی خۆی ڕادەست نەکردووە ،هەرچەندە لە ئەمریکا و بریتانیا پێش کۆتایی یەکێتیی سۆڤێت مارگارێت تاچەر و ڕۆناڵد ڕەیگان دێنە سەر حوکم، لەو سەروبەندەدا تاچەر بە ڕاشکاویی دەڵێت کە ئیتر هیچ ئەڵتەرناتیڤێک نییە و تەنانەت چەمکی کۆمەڵگەش ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت شتێک بەو ناوە بوونی نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە بەرژەوەندیی تاکە. هەموو ئەوانەی تا ئێرە گوتمان، دەربارەی بوونی خەباتی بەردەوام بوو لە دژی چەوساندنەوە. ژنان بەشی سەرەکیی ئەم خەباتەیان پێکهێناوە، چونکە ئەگەر ئەوەی پێیدەگوترێت سەردەمی زێڕینی سەرمایەداریی دوای جەنگی ١٩٤٥، بە ڕادەیەک زۆربەی داواکاریی و خواستەکانی پیاوی مووچەخۆر و کرێگرتەی بەدیهێنابێت، ئەوا بێگومان ژنان هێشتا خرابوونە دەرەوەی ئەم هەرێمەی خۆشبەختییەوە. تەنانەت تا ئەمڕۆش لە زۆرێک لە پێشکەوتووترین وڵاتدا، ژنان مووچەی یەکسان و هاوشێوەی پیاوان وەرناگرن. واتە لەکتێکدا ژنان ئەمڕۆ بەشێکی بەردەوام و سەرەکیی هێزی کاری کرێگرتە و بزووتنەوەی نوێ پێکدەهێنن، بەڵام هێشتا کاری ژن بە گشتیی کرێی نزمتر و بەهای کەمتری هەیە. ئاراستە و پراکتیکە سێکسیستییەکان لە نێو شوێن و هێزی کاردا دێن و دەچن و زۆرینەی کاری ماڵەوە، بەتایبەت چاودێریی منداڵ دەبێت لەلایەن ژنانی چینی کرێکارەوە ئەنجام بدەرێت. ئێمە جارێ باسی کۆمەڵگە ناگەشەسەندووەکان، کەمتر گەشەسەندووەکان، نیمچە گەشەسەندووەکان و لەڕووی کولتوورییەوە نەریتپارێزترەکان ناکەین.
هەرچۆنێک بێت وەک ژولیت میچل لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی «دەروونشیکاریی و فێمینیزم»دا ساڵی ١٩٧٥، ئاماژەی پێکردووە: «ئێمە دەستوپەنجە لەگەڵ دوو ناوچەی سەربەخۆدا نەرم دەکەین، مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی و مۆدێلی ئایدیۆلۆژیی باوکسالاریی»[٢٢] ، بەو مانایە ناکرێت کۆی پرسی سایکۆلۆژیای سەرکوتکەر کە لە فاکتەرە کولتوورییە دوور و درێژەکانیشەوە دێن، کورت بکەینەوە بۆ تەنها پرسێکی ئابووریی. بیرمەندانی فیمینیستی دیکەی وەک هایدی هارتمان و فیمینیستی فەڕەنسیی، کریستینە دێلفی ئاماژەیان بە دوو مۆدێلی بەرهەمهێنان کردووە. هارتمان دەڵێت لە کاتێکدا سەرمایەداران کاری کرێکاران لە شوێنی کاردا دەچەوسێننەوە، کۆنتڕۆڵی پیاوان بەسەر ژنانی کرێکاردا لە ماڵەوە بناغەی ماتریالیی باوکسالاریی پێکدەهێنا[٢٣]. هەروەها دەڵێت کێشەی بەشێک لەو فیمینیستانەی شیکاریی بۆ کاری ماڵەوە دەکەن ئەوەیە کە «ئەرگومێنتێکیان دەربارەی پەیوەندیی کاری ماڵەوە بە سەرمایە و شوێن و پێگەی کاری ماڵەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا هەیە، نەک دەربارەی پەیوەندییەکانی پیاوان و ژنان بەو جۆرەی لە کاری ماڵەوەدا بەرجەستە بوونەتەوە»[٢٤]. لە کاتێکدا هارتمان پرسی دوو مۆدێلی بەرهەمهێنان «سەرمایەداریی لە جیهانی کارکردندا، باوکسالاریی لە خێزاندا» بەرزدەکاتەوە، بەڵام وەک کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە چەوساندنەوەی ژنان جەختکردنەوەکەی دەربارەی کاری ژنانە لە ماڵەوە نەک کاری ژنان لە دەرەوە. بەتایبەت دەڵێت کلیلەکە ئەوە بوو پیاوان «ئەوانەی وەک هاوسەران و باوکان کۆمەڵە خزمەتێکی بەکەسییکراویان لە ماڵەوە پێدەگەیشت»، و ئەمەش واتا «پیاوان لە گۆشەنیگای کاڵای بەکاربردنی سەرگەرمیی، کاتی بەتاڵ و خزمەتگوزاریی کەسیی، خاوەن ستانداردێکی باڵاتری ژیان بوون باڵاتر لە هی ژنان»[٢٥].
گومانی تێدا نییە کە بۆ ژنان کاری بەردەوام و تەواوەتیی ماڵەوە، کە ساڵانێکی زۆری خۆتەرخانکردن بۆ پەروەردە و چاودێریی منداڵ، هەبوونی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی سنووردار، فشارەکانی بەرپرسبوونی ژنان بۆ گەشە و بەخێوکردنی منداڵەکانیان، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دەیان جۆری هەستی خەمۆکیی و بێ توانایی لە گەیشتن بە توانای سەربەخۆیی ئابووریی، داهێنانی کولتووریی و ئەدەبیی و هونەریی وە هەروەها بەشداریی فراوانی سیاسیی. پاشان ئەمانە بەدرێژایی تێپەڕینی کات، بۆتە دروستبوونی جۆرێک لە سایکۆلۆژیای خۆ-سەرکوتکردن و خۆ-نزمبینیی لەناو ژناندا بەراورد بە پیاوان. دەرەنجامێکی گرنگی تەرکیزی بەشێکی زۆری فێمینیستەکان لەسەر کاری ماڵەوە و پەیوەندییەکانی ژنان و پیاوان لە ماڵەوە ئەوە بووە، بەشێکی زۆری تیۆریزەکارانی فێمینیست ئەوەیان ڕەچاو نەکردووە کە ژنان چیتر بەتەنها هاوسەران نین لە ماڵەوە، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگیشیان لە هێزی کار و شوێنی کاردا هەیە. کێشەیەکی تیۆری فێمینیزمی لیبراڵ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە فراوانیی تەرکیز دەکاتە سەر ژنانی چینی ناوەڕاست و چینی باڵا. لەکاتێکدا بە بەراورد بە چینی ناوەڕاست، ژنانی چینی کرێکار بە دەگمەن لەڕووی ئابوورییەوە وابەستەی خێزانەکانیان بوون، هەمیشە خۆیان کاریان کردووە و ئەمەش لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەکاندا ئازادبوونی ژنانی چینی کرێکار لە پیاوان زۆر فراوانتر بووە لە ئازادبوونی ژنانی چینی ناوەڕاست لە پیاوان «کە هاوسەران، برا و باوکانیانە». ئەگەر ئەمڕۆ نموونەیەکی دیارتری سەردەمی کۆرۆناڤایرۆس بهێنینەوە، توندوتیژیی خێزانیی پیاوان بەرانبەر بە ژنان بەهۆی دیجیتاڵیزەبوونی کار و نووسینگەکردنی ماڵەوە، لەناو ژنانی چینی ناوەڕاستدا زۆرترین حاڵەتی توندوتیژیی، هەراسانی سێکسیی و تەنانەت دەسترێژییش تۆمارکراوە بەراورد بە ژنانی چینی کرێکار، چونکە ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە لە سەردەمی پەتای کۆرۆناڤایرۆسدا، کەمتر چینی کرێکاری دەگرتەوە و زیاتر تەرکیزی دەکردە سەر چینی ناوەڕاست. ژنانی چینی کرێکار هەر لە سەرەتاوە و پێش پەتاکە و دوای پەتاکەش هەر لە دەرەوە بوون و لە کارەکانیان بەردەوام بوون.
کەواتە لێرەوە بەو دەرەنجامە دەگەین، بەبێ ئەوەی هەوڵبدەین بەهیچ جۆرێک ببینە «ئیکۆمۆمیست» یان پێمان بکەوێتە ناو «کورتکردنەوەخوازیی چینایەتیی»یەوە، دەبینین تیۆرە فێمینیستییە لیبراڵەکان، لەو شوێنەدا شکست دەهێنن کە پێیانوایە کۆی پەیوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاوان بە یەکسان دەڕۆن. کارکردن و شوێنی کاری ژنان بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی بنچینەیی هەبووە لە کەمکردنەوەی دەسەڵات، کۆنتڕۆڵ، هەژموون و توندوتیژیی پیاوان لەسەر ژنان. بەڵام دیسان ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە تەنها یەک لای کێشەکە ببینین و لاکەی دیکەی فەرامۆش بکەین. بێگومان لەناو کۆمەڵگە و جیهانی ئەمڕۆدا، هاوشێوەی پێشوو، هەم مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی وەک خۆی باڵادەستە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆتر ژنان دەچەوسێنێتەوە و هەم بە فراوانیش پیاوسالاریی و باوکسالاریی کۆتایی پێنەهاتووە و مانۆڕی خۆی دەکات. هەربۆیە بۆ تێگەیشتن لە واقیعییەتی چەوساندنەوەی ژنان لەناو سەرمایەدارییدا نە دەبێت وەک فێمینیستە لیبراڵەکان تەرکیز بکەینە سەر تیۆری باوکسالاریی و نە وەک بەشێک لە کورتکردنەوەخوازە چینایەتییەکان و ئیکۆنۆمیستەکان، پێمانوابێت بەڕووخانی سەرمایەداریی ئیتر کێشەی ژنیش چارەسەر دەبێت. پێکەوەبینینی هەردوو مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی و مۆدێلی ئایدیۆلۆژیی باوکسالاریی بەیەکەوە – نەک بەو شێوەیەی ژولیت میچڵ لەیەکیان جیادەکاتەوە – وا دەکات کە بتوانین هەم وێنەیەکی ڕوونترمان بۆ چەوساندنەوەی ژنان هەبێت و هەمیش دەروازەی خەباتی ڕزگاریی و دامەزراندنی ستراتیژەکانی خەبات.
کەواتە گۆڕانی ڕۆڵی شوێن و هێزی کارکردنی ژنان، هەنگاوێکی گرنگە لە پاشەکشێکردن بە ئایدیا کۆن و کۆنەپارێزەکانی باوکسالاریی و هەژموونی پیاوسالاریی بەسەر ژنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی دیکەش پێویستن، چونکە بێگومان سەرمایەداریی و حکومەتە سەرمایەدارییەکان و بەگشتیی کۆی ئەو حکومەتانەی دیکەش کە لەسەر بنەمای ئەم مۆدێلە (جا فۆرمە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکەی هەرچۆنێک بێت بەو پێیە فۆرمەکانی توندوتیژییەکانیشی بەرجەستەتر دەبن) دامەزراون نایانەوێت کۆتایی بە هەژموونی پیاوێتیی بهێنن، چونکە خودی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی، ڕیشەی قووڵی لەناو مێژووی دوور و درێژی پیاوسالاریی و باوکسالارییدا هەیە. بەو جۆرەی فێمینیستی هاوچەرخ، مارتا خیمێنتز ئاماژەی پێدەکات:
«ئەو بیرۆکەیەی دەڵێت لەناو سەرمایەدارییدا، مۆدێلی بەرهەمهێنان مۆدێلی دووبارەبەرهەمهێنانەوە دیاریدەکات و لە ئاکامیشدا پەیوەندییە نایەکسانەکانی نێوان ژنان و پیاوان شایانی بینین دەبن، بریتی نییە لە فۆرمێکی ‘ئیکۆنۆمیزم’ یان ‘کورتکردنەوەخوازیی چینایەتیی’، بەڵکو ناسینەوەی تۆڕی ئاڵۆی کاریگەرییە فراوانەکانی مۆدێلێکی بەرهەمهێنانە بەسەر پەیوەندییەکانی ژنان-پیاواندا کە بەهۆی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە دەچێتە پێشەوە نەک بەئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک»[٢٦].
بەهەبوونی ئەم ڕۆڵە بنچینەییەی ژنان لە کاری بێ کرێی ماڵەوە وە بەشداریی ژنان لە هێزی کاردا، بە واتا هەم سەرکوتکردن و هەم چەوساندنەوە دێت، سەرکورتکردن لەڕێگەی مۆدێلی ئایدیۆلۆژیای باوکسالارییەوە، چەوساندنەوە بەهۆی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە. ئەوان لەکاتێکدا وەک ژن سەرکوت دەکرێن و ستەمیان لێدەکرێت، چونکە سروشتی سەرکوتکردن لەم فۆرمەدا سروشتێکی پیاوانەیە و ماوەیەکی درێژی مێژووییە هەیە، هەم وەک کرێکاریش دەچەوسێنرێنەوە، چونکە چەوساندنەوە سروشتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی پێکدەهێنێت. پەیوەندییەکی دیالەکتیکیی لەنێوان خێزان و کاری کرێ پێدراو هەیە، تێیدا جیهانی بەرهەمهێنان زۆر بنچینەییترە. بازاڕی کار کاریگەریی بەرچاو و گەورە لەسەر کارکردنە ناوخۆییە «تایبەتەکان»ی خێزانەکان دەسەپێنێت، بە خودی بڕیارە گرنگەکانی وەک بڕیاری نەوەخستنەوە، یاخود بڕیاری ئەوەی بەشی سەرەکیی داهات بۆ کام ئەندامی خێزان بڕوات یاخود کاری کرێ پێنەدراوی ماڵەوە لە بنەڕەتدا دەبێت پشکی لە داهات بەربکەوێت یان نا، ئەمەش بەدیاریکراوی زیاتر لە کاتی منداڵبووندا دەردەکەوێت. ئەو دەرەنجامە دروست دەبێت وە دەمێکیشە لە ئارادایە کە پێشکەوتووترین سیستەمی سەرمایەداریی هێشتا بەشدارە لە چەوساندنەوەی ژنان وەک هێزی کار و هەروەها ئایدیۆلۆژیا کۆنەپارێزەکانی باوکسالاریی و پیاوسالارییش بەردەوامترن لە سەرکوتکردنی زیاتری دەنگ و ڕەنگ و ئامادەیی ژنان و هێشتنەوەیان بە پاشکۆ. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەرکەوتنی ژنان بە فراوانیی لە شوێنەکانی کار، بوارە گشتییەکان و بوون بە دەنگ و ڕەنگی سەربەخۆی بەرهەمهێنانی نەک تەنها ماتریالیی، بەڵکو هونەریی، فیکریی و کولتوورییش، بووەتە هۆی تەحەدداکردنی فۆرمە کۆنەکانی پەیوەندیی.
ڕیشەکانی توندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان
«قووڵترین کێشەکانی ژیانی مۆدێرن لە هەوڵی تاکەوە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و تاکایەتیی بوونی خۆی دژی دەسەڵاتە حاکمەکانی کۆمەڵگە، دژی کێش و قوورسایی میراتی مێژوویی و کولتووری دەرەکیی و تەکنیکی ژیانەوە، دێتەئاراوە» – گیۆرگ زیمیل، ‘میترۆپۆلیس و ژیانی زەینیی’[٢٧].
کۆمەڵناس و فەیلەسوفی ئەڵمانیی گیۆرگ زیمیل، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا دەربارەی گەورەشار و ژیانی زەینیی (١٩٠٣) پەنجەی لەسەر چەند خاڵێکی زۆر بنچینەیی داناوە، کە ڕووبەڕووی تاک دەبێتەوە لە گەورەشار (میترۆپۆلیس)دا ، بەتایبەت کولتووری دەرەکیی و کێش و قوورسایی میراتی مێژوویی. ئەوەی بۆ ئێمە لێرەدا گرنگە، نەریت، میرات و کولتوور، بەتایبەت کولتوور چونکە وەک فاکتەرێک کاریگەریی لەسەر سایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵ دادەنێت و بگرە دروستیشی دەکات، ئەوەیە کە ڕیشەی توندوتیژیی سێکسوالیی لەناو کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بدۆزینەوە. واتە کاتێک کۆمەڵگەیەک گەیشتە ڕادە و بڕی پێشکەوتنی شارستانێتیی پیشەسازیی، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئەو کۆمەڵگەیە توانیبێتی کێشە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان چارەسەر بکات. هەڵبەت ئەو گەورەشارەی کە زیمیل باسی دەکات، هەرگیز بەو فۆرمە لای ئێمە، تەنانەت لە ٢٠٠٣ بەدواوە، سەریهەڵنەداوە. ئەو باسی بەرلینی سەرەتای سەدەی بیست دەکات کە پایتەختی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سینەما، پایتەختی مۆدێرنیتە و گۆڕانی ڕۆڵی ژنان بووە. بەڵام ئێمە دەبینین کە لە دوای ٢٠٠٣ەوە مۆدێلێکی نوێی ئابووریی سیاسیی هاتووەتە کوردستانەوە، ئابووریی سیاسیی نیۆلیبراڵیزمی تێکەڵ بە پاشماوەکانی خێڵ، ئایین، نەریت، کێش و قوورسایی میراتی مێژوویی، کولتووری کۆڵۆنیالیزم و هتد. هەموویان وەک کۆمەڵێک فاکتەری کولتووریی و سیاسیی و ئابووریی، جۆرێک لە سایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵیان دروستکردووە کە ڕیشەیەکی توند، چەوسێنەرانە، سەرکوتکەر، دەسەڵاتخواز و توندوتیژانەی پیاوسالارانە و باوکسالارانەیان هەیە، بەتایبەت دژی ژنان بە فراوانیی و هەروەها دژی لاوانی نوێش بەشێوەیەکی تایبەت.
هیچ بزووتنەوەیەک، کۆمەڵگە و کولتوورێکی کۆنەپارێز نییە پشت بە نەریت نەبەستێت، هیچ نەریتێکیش نییە هێندەی نەریتی ئێمە بەم دواییانە دژ، دڕ و توند بێت. زۆرجار دەگوترێت دوای ٢٠٠٣ نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردیی بووە، بەوەی کە زۆرێک ژنانیش هاتوونەتە دەرەوە و ئێستا کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەی ئەم بۆچوونە ڕاستیی تێدایە و نکوڵیی لەمە ناکرێت، بەڵام هاتنەدەرەوەی ژنان هێشتا پشت بەو مۆدێلە ڕەقە ئابووریی سیاسییە دەبەستێت کە پیاو، بە نەریتی هەزاران ساڵەوە کۆنتڕۆڵەکەی بەدەستەوەیە. مۆدێلی بەرهەمهێنانی ئابووریی پشت بەستوو بە نەوت، مۆدێلێک نییە بتوانێت دەرفەتی کاری داهێنەرانە، چالاک و یاخود کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان بڕەخسێنێت. لە بنەڕەتدا ئەوانەی لە کەرتی نەوتدا کاردەکەن، هەمان ئەو نوخبە کۆنەن، کە پێشتر لە سەردەمی فیودالیزمدا کۆنتڕۆڵی زەویان بەدەستەوە بوو. هەروەها پێویستە باسی ئەوەش بکەین چڕبوونەوەی توندوتیژیی لەسەر ژنان لە کوردستان تەنها نیشانەی هێزی پیاوسالاریی و باوکسالاریی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی ترسیشە لە قۆناغی تێپەڕین و ڕاگوزەر بەرەو کۆمەڵگەیەکی نوێتر.ئنجا فۆرمی ئەو کۆمەڵگەیەی داهاتوو چۆن دەبێت هێشتا دیار نییە، بەڵام کاردانەوە توندوتیژەکان بەرانبەر بەم ڕاگوزەرە، کە بە گشتیی لە هێز و هەژموونی پیاوێتیی و نێرسالارییەوە دژی ژنان دێت، نیشانەی ترسێکی قووڵی سایکۆلۆژیی سەرکوتکەرە کە کۆمەڵێک فاکتەری کولتووریی لە پشتییەوە وەستاون.
دیاریکردنی سروشتی ئابووریی سیاسیی نەوت لە کوردستان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە، کە ڕەنگە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بە تەواویی نەتوانین مافی خۆی پێبدەین. بەڵام خاڵێکی گرنگ کە بۆ ئەم بەشە پێویستمانە، بریتییە لە سەرهەڵدانی سایکۆلۆژیای سەرکوتکەر و توندوتیژی پیاو دژی ژنان لە کوردستان. ئەمەش نەک لە ڕوانگەیەکی تەواو ئابوورییەوە، بەڵکو لەگۆشەنیگای ئەخلاقیی و فەلسەفییەوە دەکرێت بە کورتیی بڵێین – و ئێستاش قەیرانەکانی بە چاوی خۆمان دەبینین – نەوت ئابوورییەکی وابەستەیە نەک سەربەخۆ. ئەم وابەستەییەش واتا سەرمایەداریی جیهانیی لە کوردستان شوێنێکی بۆ خۆی کردۆتەوە و لەڕێگەیەوە نەوتی هەرزانی بۆ وزەکانی خۆی دەستدەکەوێت، ئەگەرچی تا ئێستا نەوتی کوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ ڕێژەی هەناردەکردنیشی کەم بێت. وەک دەشزانین کۆی کەرتی بەرهەمهێنان لە کوردستان کورتکراوەتەوە بۆ کەرتی دەرهێنانی نەوتی ژێرزەوی و نەوتیش خۆبەخۆ سەرچاوەیەکی سروشتییە کە تازەنابێتەوە واتا خۆی بەرهەمناهێنێتەوە. «تازەنەبوونەوە» بەومانەیەی کە نەوت لە ماوەیەکی کەمدا کۆتایی دێت. بەڵام هەژموونی دەسەڵاتدارێتیی، مۆدێلی خێڵەکییانە، لە فۆرمی حزبی مۆدێرندا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوت ئەو پرسیارەیان هەرگیز بۆ گرنگ نییە کە ئایا نەوت کۆتایی دێت یان نا؟ ئەگەر کۆتایی هات، ئەی دواتر چی؟
پێشتر بینیمان مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی لەسەر کاری بەردەوام و بەرهەمهێنانی بەردەوام دامەزراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا مۆدێلی ئابووریی سیاسیی نەوت پشت بە بەرهەمهێنان نابەستێت، کاڵا مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت، نەوت «دەستکردی مرۆڤ» نییە، دەدۆزرێتەوە، دەردەهێنرێت و بەکاردەهێنرێت. ڕەنگە کەسانێک بڵێن بەڵام هێزی کار لە دەرهێنان و پاڵاوتن و بەکارهێنانیدا بەکاردەهێنرێت، بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام کاریگەریی و پانتایی ئەم هێزی کارە زۆر جیاوازە لە چەمکی نەریتیی کار. ئەگەر ڕەهەندێکی کەمێک فەلسەفیی بە ئابووریی نەوت ببەخشین دەڵێین نەوت بریتییە لە جەوهەرێکی شیعریی، ڕەمزیی و میتافیزیکیی. بەو مانایە فەلسەفەیەکی پێش-مۆدێرن، نوخبەیی، ئەریستۆکرات، ڕێزی بۆ کار و کەرامەتی کار نییە و هتد. هەر لەبەرئەوەشە، کە کاریگەرییە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکان لە زۆربەی کۆمەڵگە نەوتییەکاندا کوشندەن و ڕۆژ بەڕۆژ دەستیان هەیە لە زیندووکردنەوەی بیری کۆنەپارێز و خێڵەکیی وە هەمیش بەشداریی زیاتر لە پیسکردنی ژینگەدا دەکەن. ئابووریی نەوت، دەکرێت بڵێین، گەڕانەوەی کۆمەڵگە و نەزمی ڕژێمی فیودالییە، کە نە توانای تێپەڕبوونی هەیە بۆ قۆناغێکی دیموکراتیانەتر، نە خۆشی دەیەوێت ئەم تێپەڕینە ئەنجام بدات. لە ئابووریی سیاسیی نەوتدا ئەو شتە ڕوونادات کە کۆمەڵناسی ئەڵمانیی نۆربەرت ئەلیاس، پێیدەڵێت «پرۆسەی بەشارستانییکردن». بەشارستانییکردن بەو مانایە نایەت کە دەوڵەتێکی ئەوروپیی لەژێر ناوی بەشارستانیکردندا خەریکی فراوانخوازیی کۆڵۆنیالیستیی و تاڵانکردنی وڵاتان بێت. بەڵکو پرۆسەی بەشارستانییکردن واتا فراوانکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان، فراوانکردنی کاڵاکانی بەکاربردن، لەپاڵیدا هەڵکشاندنی دەرفەتی یەکسان بۆ پەروەردەی گشتیی، خوڵقاندنی بواری گشتیی بۆ بەرهەمهێنانی کولتووریی، و بەشداریی دیموکراسیی، یاخود دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە[٢٨]، یاخود ئەو ڕەهەندەی سەرمایەداریی کە مارکس بە ڕەهەندی «بەشارستانێتیکردنی سەرمایە» ناوی دەبات. ئەمەش وەک پێشتر باسمانکرد، پێویستی بە گۆڕانی پێگە و مانا و ڕۆڵی کار لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا هەیە کە هەم دەرفەتەکانی کاریی دەخوڵقێنێت و هەم سەرمایەداریی بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە، ڕێگە بە ژنانیش دەدات کار بکەن. ئەم کارکردنەی ژنان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ لێدان و تەحەدداکردن و هەڵوەشاندنەوەی فۆرمە کۆنە سەرکوتکارەکانی خێزان کە تێیدا لەیەککاتدا بەها بۆ کاری ماڵەوە دانانێت، هەروەها ژنان دەکات بە پاشکۆی پیاوان و هەمیش وەک دەرەنجام توندوتیژیی لەسەر ژنان و برەودانەوەی زیاتر بە هەژموونی پیاوێتیی و باوکسالاریی زیاتر دەکات.
لەناو کۆی پرۆسە و مۆدێلی بەرهەمهێنانی نەوتدا، یاخود ئابووریی سیاسیی نەوتدا، ئێمە هەرگیز هیچ نیشانەیەک بۆ پرۆسەی بەشارستانییکردن نابینین، بەو مانایە گۆڕانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی ڕوونادەن و تەنها گۆڕان لە ڕواڵەتی دەرەکیی شارەکاندا ڕوودەدات. هۆکاری ئەمەش بەهۆی ڕژانی پارەوەیە بەشێوەیەکی کاتیی بۆ ناو کۆمەڵگە و هەروەها گۆڕینی ژینگەی سروشتیی بەشێک لە شارەکانە بۆ ژینگەی شووشەیی و چیمەنتۆ و ئاسن، ئەمەش دیسان بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ ڕوودەدات و زیاتر شوێنە دەوڵەمەندنشینەکان دەگرێتەوە. لەکاتێکدا بەرهەمە زیانبەخشەکانی شووشە و ئاسن دەبنە خۆراکی کۆی کۆمەڵگە و بەشێکی کەمی فیودالە خاوەن نەوتەکان، بە هاوپەیمانیی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، ناوچەیەکی سەوز بۆخۆیان دروست دەکەنەوە و خۆیان لە سەنتەرە قەرەباڵغەکان دادەبڕنەوە. ئەم مۆدێلەی ئابووریی سیاسیی نەوت، نەک زیانی بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتیی هەبووە، بەڵکو هۆکارێکی ئەگەر سەرەکیی نەبێت، بەڵام جددیی بووە لە فراوانکردنی فۆرمەکانی ستەم لەسەر ژنان و گەشەدان بە کولتووری کۆنەپارێز، کە تێیدا دیسان ژنان دەبنەوە بە قوربانیی یەکەم.
وەک لە سەرەتای ئەم بڕگەیەدا باسمکرد، نامەوێت لێکۆڵینەوە لە ئابووریی نەوت بکەم، بەڵام گرنگ بوو نیگایەکی خێرامان بۆی هەبێت، و ئەم ڕوانگە خێرایەش لە پەیوەندییدا بە بابەتەکانی سەرەوە بخوێنرێتەوە. چونکە ڕەنگە خەڵکانێکی زۆر پێیانوابێت ئابووریی سیاسیی نەوت ڕۆڵی نییە لە درێژەدان بە توندوتیژیی و بیری کۆنەپارێز، دیارە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە بەوەدا کە چۆن ئەم ئابوورییە ڕەهەندە کۆنەپارێزییەکانی ئایین، کولتوور و خێڵ و نەریتی زیاتر فراوانکردووە لە بەئەبەدییکردنی توندوتیژییدا. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت کەمێک کورت باسی بکەم، سەرهەڵدانی جۆرێک سایکۆلۆژیای سەرکوتکار و توندوتیژە لە کۆمەڵگەی کوردیی دوای ٢٠٠٣ کە بێگومان ڕیشە کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکانی زۆر کۆنترن. ئەو مۆدێل و میتۆدەی لێرەدا تاقیدەکەمەوە بریتییە لە مۆدێلی سایکۆلۆژیی کولتووریی فراوان، ئەمە واتا چی؟
بنچینە و پرەنسیپی سەرەکیی مۆدێلی سایکۆلۆژیی کولتووریی فراوان بریتییە لە دیاردەی سایکۆلۆژیی وەک درککردن، خود، هەستەکان، ناسین، و نەخۆشیی مێشک کە شتگەلی سروشتیی نین، بەڵکو دیاردەی کولتووریین. سایکۆلۆژیا خۆی پشت بە فاکتەرە فراوانە کولتوورییەکان دەبەستێت و بەرجەستەیان دەکات. کولتوور خۆی لە سیستەمێکی کارکردنی ڕەهەندی دەروونیش پێکدێت. ئێمە لەڕێگەی فاکتەرە کولتوورییەکانەوە بیردەکەینەوە، درکدەکەین و هەست بە شتەکانی دەوروبەرمان دەکەین. وەک نموونەیەک بیهێنینەوە، کوشتن لەسەر شەرەف لەناو کۆمەڵە ئایینیی و خێڵەکییەکاندا: لەبەرئەوەی دەیویست لە دەرەوەی نۆرمە داسەپاوەکانی کۆمەڵگە بژیت، ماریا سامی بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن برای/مامییەوە تیرۆر دەکرێت. برا و مام و باوک، بەڵکو بگرە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە، وا هەست دەکەن بوونی ماریا شەرمەزارییە، بۆیە ئەگەر بە نیگایەک وردبینەوە هەم گوێ لە دانپیانانی بکوژ، و هەم کۆمێنت و لێدوانی بەشی فراوانی کۆمەڵگە ببینین، دەبینین نەک هەست بە پەشیمانیی ناکەن، بەڵکو کوشتنی ماریا جۆرێک ئاسوودەیی دەروونیی بۆ کەسە نزیکەکانی و بەفراوانیی بۆ کۆی کۆمەڵگە دەهێنێت، جۆرێک لە پاقژبوونەوەی دەروونیی. ئەو سایکۆلۆژییەتە توندوتیژەی هەمووی لە ماریا تووڕە بوو بەوەدا شتێکی کردبوو، ژیانێکی هەڵبژاردبوو لەگەڵ بەها و نۆرمەکانی ئەواندا نەدەگونجا. زنجیرەی هەست و سۆزەکان، بەڵگەهێنانەوە، ئەخلاقیات و ڕەفتارە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکان هەموویان لەلایەن ڕەچەتەیەکی کولتوورییەوە ڕێکخرابوون، ڕەوایەتیی بەم تیرۆرکردنە بدەن. ئەمەش واتا فاکتەرە کولتوورییەکان سیستەمەکانی کارکردنی سایکۆلۆژیان. سایکۆلۆژیای برا و مامی ماریا و ڕەوایەتیپێدەرانی تاوانەکە لە ئاستی کۆمەڵگەدا، داهێنراوێکی تەنها یەک تاکەکەس، واتا برای ماریا نییە، هەروەها کاردانەوەیەکی سروشتییانەی مرۆڤیش نییە.
سایکۆلۆژیا بە تەنها ناکەوێتە ژێرکاریگەریی فاکتەرە کولتوورییەکانەوە، بەڵکو لە فاکتەرە کولتوورییەکان پێکدێت. فاکتەرە کولتوورییەکانیش لە ناوەوەی زەین و مێشکدا کارکردنە سایکۆلۆژییەکانی ئێمە پێکدەهێنن، ئەوان بە تەواویی لە دەرەوەی دەروونەوە نین. لەبەرئەوەیە خەسڵەتی کولتووریی سایکۆلۆژیا وادەکات سایکۆلۆژیا پەنجەرەیەک بێت بۆ ناو کۆمەڵگە. بە وردبوونەوە لە سایکۆلۆژیای توندوتیژ دەتوانین فاکتەرە کولتوورییەکانی پشتی ببینین: ئایین، نەریت، نەریتی خێڵ، ڕەقبوون و بەبەردبوونی پیاوسالاریی، باوکسالاریی و «شەرەفپارێزیی پیاوانە» و «هەژموونی نێرایەتیی» و پاشان بەرژەوەندیی ئابووریی سیاسیی توێژ و چینی حوکمڕان و هەروەها ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی نەریتیی.
سایکۆلۆژیای کولتووریی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سایکۆلۆژیا لەناو فاکتەرە کولتوورییە فراوانەکاندا دروستدەبێت، خەسڵەت و کارکردنەکانیان دیاریدەکات و وایان لێدەکات لەناو تاک و کۆمەڵدا ببنە کۆمەڵێک خەسڵەتی ڕەق و جێگیر. بەشێوەیەکی لۆژیکیی پەیڕەویی لەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتییە سەرکوتکارانە دەکات، کە سایکۆلۆژیای تاکی سەرکوتکراو بەرهەمدەهێنن. سایکۆلۆژیستی ئیسپانیی ئیگناسیۆ مارتین-بارۆ، لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی چارەنووسگەرایی (fatalism) نموونەیەکی ڕوونی ئەم بابەتەی بەدەستەوە داوە:
«چارەنووسگەرایی ڕێگە و شێوازێکە بۆ خەڵک وابکات مانا بەو جیهانە ببەخشن کە پێیانوایە جیهانێکی داخراوە و لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئەوانەوەیە؛ ئاراستە و مەیل و بیرکردنەوەیەکە دەبێتە هۆی کارکردنی سەرکوتکارانەی هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بەهێزتریشیان دەکات. منداڵانی پەراوێزخراوی کۆمەڵە دوورەەکانی ئەمریکای لاتین بۆیە چارەنووسگەرایی بەناوەکیی ناکەن چونکە لە دایک و باوکیانەوە بەمیراتی بۆیان ماوەتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی بەرهەمێکی ئەزموونی خۆیانە لەگەڵ کۆمەڵگەدا. ڕۆژ دوای ڕۆژ فێردەبن هەوڵەکانیان لە قوتابخانە ناگاتە هیچ شوێنێک و بە بنبەست دەگەن؛ ئەوان هەوڵی بەردەوام بۆ فرۆشتنی ڕۆژنامە لە شەقامەکان، پاسەوانیکردنی ئۆتۆمبێلەکان و پێڵاوبۆیاخکردن دەدەن، بەڵام شەقام بۆ ئەمانەش پاداشتیان ناکات؛ و لەبەرئەوە زۆر باشترە هەرگیز خەون نەبین یان بیر لەو ئامانجانە نەکەنەوە کە هەرگیز ناتوانن پێیان بگەن. فێردەبن پاشەکشێ بکەن و خۆیان بەدەستەوە بدەن، نەک هێندە بەهۆی گواستنەوەی بەهاکانەوە لەڕێگای پێکهاتەیەکی داخراوەوە، بەڵکو بەهۆی پیشاندانی ڕۆژانەی ئەوەی چەندە مەحاڵ و بێ کەڵکە هەوڵبدەن بارودۆخیان بگۆڕن، چونکە پێیانوایە ئەو ژینگەیە خۆی بەشێکە لە سیستەمی کۆمەڵایەتیی سەرتاپاگیری سەرکوتکەر»[٢٩].
وەسف و لێکدانەوەکانی مارتین-بارۆ زۆر بنچینەیی و فێرکەرانەن، چونکە چارەنووسگەرایی، یان باوەڕبوونی پتەو بە ڕوودانی چارەنووس بە فاکتەرە کولتوورییەکانەوە گرێدەداتەوە، بەپێچەوانەی سایکۆلۆژیستە باو و پۆپۆلارەکانەوە. چارەنووسگەرایی کۆمەڵە ڕەهەند و لایەنێکی کێشەسازیی بوونی چینی خوارەوە ئاشکرا دەکات کە یارمەتیی پاساوهێنانەوە بۆ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتیی دەدەن. لە کاتێکدا بارۆ خۆی پاڵەوان و خەباتکارێکی خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگا بوو، بەڵام ئاگای لەوەش بوو کە دەبێت ئێمە واقیعییەتی سایکۆلۆژیانەی ئەو خەڵکە بناسینەوە، چونکە تا ڕادەی شێتگیرییانە و چارەنووسگەرییانە سەرکوتکراوە و ژێرپێ خراوە. بێگومان، ئەمە تەنها یەک دەرکەوتنی لایەنی سەرکوت و ستەمە. زۆر لایەن و هۆکاری دیکەش هەن، بۆ نموونە نەزانیی، بێ هەستیی، خورافە، دەمارگیریی، توندوتیژیی، فشار، نەخوێندەواریی و نەخۆشیی زەینیی. بەو مانایە نەزانیی ڕەهەندێکی تەواو سیاسیی هەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی سەرکوت و توندوتیژیی. بۆ نموونە لێکۆڵینەوە تازەکانی بواری ئەپستمۆلۆژیای نەزانیی و سۆسیۆلۆژیای نەزانیی باس لەوە دەکەن نەزانیی بەشێوەیەکی چالاکانە و مەبەستدارانە لەناو دانیشتواندا برەوی پێدەدرێت تا وایان لێبکات هێمن و ئارامیان بکات. نەزانیی، گومان-لەخۆکردن، چارەنووسگەرایی و خەوشە سایکۆلۆژییەکانی دیکە ئامرازێکن بەهۆیانەوە چینە باڵادەستەکان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگە و دانیشتواندا دەهێڵنەوە و لە خوارەوەش پەرە بە توندوتیژیی دەدەن تا توندوتیژیی خوارەوە لە خۆیان دووربخەنەوە، چونکە دەزانن بەو نایەکسانییەی دروستیانکردووە، ئەگەر خوارەوە ووشیار بن، توندوتیژییەکانیان نەک دژی یەک، بەڵکو دژی سەرەوە ئاراستە دەکەن.
لەکاتێکدا سایکۆلۆژیای سەرکوت، ستەم و توندوتیژیی لەوەش ئاڵۆزترە، چونکە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەکوتکراو بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتووە چالاکانە سەرکوتکردن بەرهەم دەهێنێتەوە و بەردەوامیی پێدەدات. لەبەرئەوە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەرکوتکراو دەبێتە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەرکوتکەر. لەم ڕووەوە سایکۆلۆژیای مرۆڤی سەرکوتکراو دەستدەکات بە سەرکوتکردنی ئەو تاکانەی چالاکانە بەشداریی لە چالاکیی سایکۆلۆژیانەی سەرکوتدا دەکەن. بۆیە وەک گوتمان، ئەم ڕەهەندەیە وا دەکات سایکۆلۆژیای تاکی سەرکوتکراو خۆی ببێتە تاکێکی سەرکوتکەر و ڕەهەند و فاکتەرە کولتوورییەکانی پشتی سەرکوت لەبیربکات، کە لەلایەن چینە باڵادەست و خاوەن بەرژەوەندەکانەوە بەردەوام خۆراکی پێدەدرێت و فراوانتر دەکرێت. لێرەوە دەبینین سایکۆلۆژیا خۆی بریتییە لە فاکتەرێکی کولتووریی فراوان. لە پشتی هەر کردەیەکی توندوتیژییەوە مێژوویەکی دوور و درێژی کولتوور و نەریت وەستاوە کە بەشدارن لە دروستکردنی سایکۆلۆژیای توندوتیژی ئەو کەسەی خۆی توندوتیژیی بەرانبەر کراوە بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت. هەڵبەت دەبێت ئەوەشمان بە فراوانیی لەبیر بێت، کە نابێت تاک بەم هۆیەوە خۆی بێ تاوان و بێ بەریی بکات کاتێک بۆی دەردەکەوێت ڕیشەیەکی قووڵ لە پشتی توندوتیژییەکانییەوەیەتی، بەڵکو یەکەم هەنگاوی ووشیاریی ئەوەیە مرۆڤ نەک خۆی لەم سایکۆلۆژیایە دووربخاتەوە، بەڵکو بەشدار بێت لە بەدیهێنان و داهێنانی سایکۆلۆژیایەکی ڕزگاریخواز و یەکسانیخواز.
ئێمە تا ئەم ساتە لە کوردستان بە دەگمەن بەر ئەو تاکانە دەکەوین خۆیان لەم سایکۆلۆژیایە ڕزگار بکەن و بەشداریش بن لە داهێنانی سایکۆلۆژیایەکی ئەڵتەرناتیڤ، بەڵام هەروەها بێگومانیش، ئەمە پەردەی حیکایەتێکی ڕەش نییە، مرۆڤانێکی زۆر هەن لە دەرەوەی پێکهاتە کولتووریی، سیاسیی و ئابوورییەکانەوە کار دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، ئەوان کە لە سایکۆلۆژیای سەرکوت بەئاگا هاتوونەتەوە، بیر لە سایکۆلۆژیا و کولتووری ئەڵتەرناتیڤیش دەکەنەوە.
لێرەدا ڕەنگە ئەم پرسیارەش بێتە پێشەوە، کە ئایا ڕۆڵی حکومەت لەم نێوەندەدا چییە؟ بێگومان حکومەت کە خۆی بەشدارە لە پەرەپێدان بە کولتوور و سایکۆلۆژیای توندوتیژ. تەنانەت لوتکەی دەسەڵاتی حکومیی و میدیاکەی بەردەوام پلاتفۆرمێکە بۆ ڕەوایەتیپێدەرانی توندوتیژیی، دژە-ژنیی و دژە-پێکهاتەکانی دیکە و دژە-جێندەر و دژی دەرەجێندەرییەکانی دیکە، کە ڕۆژانە ڕێگە بۆ فراوانکردن و زۆرکردنی فۆرمەکانی دیکەی ستەم خۆشدەکات، چونکە بەرژەوەندیی فراوانی لەوەدایە ئەم جۆری توندوتیژییە بمێنێتەوە. هەروەها ئەوەی لە کەیسی تیرۆری ماریا لە کوردستاندا ڕوویدا، بەوەدا کەناڵێکی فەرمیی سەرۆک وەزیران بکوژ بهێنێتە سەر شاشە و ڕێگەی بۆ خۆشبکات پاکانە بۆ تاوانەکەی بکات و ڕەوایەتیی پێبدات و سۆزی ئەو بەشەی کۆمەڵگەش ڕابکێشێت کە دوودڵ و بەدگومان بووە، شتێکە بە دەگمەن ئەمڕۆ لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم هەسارەیەدا دەبینرێتەوە. ئەوەش کە هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی نەریتیی لەسەر ئەم پرسانە قسە ناکەن یاخود لە بنەڕەتدا بە گرنگیان نابینن یان لەژێر چەمک و کاتیگۆریی ڕووت و ئەبستراکتی «کێشەی گەردوونیی مرۆڤ»دا پرسەکە لێڵ دەکەن، بەرژەوەندیی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ مانەوەی فۆرمەکان، سایکۆلۆژیا و کولتووری توندوتیژدا هەیە. چونکە ئەوەی خۆراک بە گەیاندنی پەیامی ڕۆشنبیرانی نەریتی دەدات، میدیا و چاپەمەنییە، میدیا و چاپەمەنیش خۆراک لە هێزە باڵادەستەکان وەردەگرێت، کەواتە لۆژیکییانە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی نەریتیی، هاوشانی هێز و چینە باڵادەستەکان، بەشدارن لە برەودان بە زیاتر فراوانکردنی فۆرمەکانی ستەم.
کاری خۆڕایی، دایکایەتیی، بەرهەمهێنانی کولتوریی
پێشتر بە دوور و درێژیی باسی کاری ماڵەوەمان کرد، بەتایبەت لە ڕەهەندە تیۆرییەکەیەوە، ئەم پرسە ئەگەر بەڕادەیەک ژنانی چینی کرێکاری وڵاتانی پیشەسازییە گەورەکانی چارەسەر کردبێت، لە کوردستاندا هێشتا بە فراوانیی ماوەتەوە. لەلایەک ڕاستە ژنان هاتوونەتە دەرەوە و کاردەکەن، بەڵام هاوکات ئەرکی ماڵەوە و کاری ماڵەوەش لەسەر ئەوانە: پاککردنەوە، ڕێکخستن، چاودێریی منداڵ، کە بەهای هەر یەکێک لەم کارانە بەهایەکی یەکسانی کارکردنە لەناوەوەی کارگە و نووسینگە و فەرمانگەکاندا، بەڵام لە کوردستاندا تا ئێستا هیچ بەهایەک بۆ ئەم کارانە نییە و بەگوێرەی نەریتیش هەمووی بەکاری ژن دەبینرێت، پیاو بەردەوام خۆی بێ بەریی دەکات لەم کارانە. لەم ڕووەوە هێزی کاری ژن لە کاری سەربەخۆ، بینینی کار وەک چالاکییەکی زیندووی ژیان، بەتەواویی لێی نامۆ دەبێت و کورت دەبێتەوە بۆ مۆدێلێکی نوێی بێگاریی و کاری زۆرەملێ. لەبەرئەوەیە ئەگەر توێژینەوەیەکی فراوانی سایکۆلۆژیی و سۆسیۆلۆژیی لەسەر ڕەهەندە فیکریی و دەروونییەکانی ژنانی کارکەر بکرێت بۆمان دەردەکەوێت بەخێوکردنی منداڵ و کاری ماڵەوە هەرگیز لەلایەن ژنەوە وەک چالاکییەکی زیندوو و بەشێک لە عەشق و خۆشەویستیی کار نابینرێت. بۆ ئەوەی کار ببێتە بەشێک لە چالاکیی زیندووی ژیان، یان دەبێت کاری ماڵەوە بەکۆمەڵایەتیی بکرێت یاخود بەهای کاری بۆ دابنرێت و بەشێوەی یەکسان دابەش بکرێت.
ئەمە لە لایەک، بەڵام لەلاکەی دیکەوە، کێشەیەکی دیکە لە کولتووری ئێمەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی نەریتیی و بەشی فراوانی مێژوونووسان و «پیاوانی ئایینیی» نموونەی ژنانی کلاسیک دەهێننەوە کە لە کولتووری کوردەوارییدا سەریانهەڵداوە و ژنانی دیاری کۆمەڵگەش بوون، نموونەی حەبسەخانی نەقیب و هتد. ئەمانەش یان بۆ ڕەوایەتیدان بە توندوتیژیی بەرانبەر بە خواستی ژنان بۆ ڕزگاریی دەهێنرێتەوە یان بۆ سەرکوتکردن، چونکە لە ڕاستیدا ئەو مۆدێلەی ژن نواندنەوەی خواستی پیاو بووە لە کۆمەڵگەدا و هیچ پەیوەندییەکی بە خواستی ژنەوە نەبووە. واتە مەبەست لە هێنانەوەی ئەم نموونانە بە فراوانیی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی تازەی ژنانە کە دەیانەوێت ئەم جارە نەک بە ئایدیا و بیرۆکەکانی سەری پیاوان، بەڵکو بەگوێرەی ئایدیاکانی خۆیان، ڕابەرایەتیی خواست و داوا ڕزگاریخوازییەکانی خۆیان بکەن.
لەلایەکی تریشەوە کولتووری دایکپەرستی هەیە کە ڕەهەندێکی تەواو دژ بە ژنە. واتا ئەو پیاوەی دایکپەرستە یان عاشقی دایکییەتی مەرج نییە پیاوێک بێت باوەڕی بە ئازادیی هەمەلایەنە و یەکسانی ژن هەبێت. مێژوو پڕیەتی لە نموونەی دایکپەرستیی، بەڵام هەر لەو کاتەی دایک دەپەرستێت ژن دەکاتە کۆیلە. نموونەی مۆدێرنی دایکپەرستییش لە مۆدێلە فاشیستییەکانی ئەڵمانیای نازیی و ئیتاڵیای فاشیستییدا هەن. هەم هیتلەر و هەم موسۆلینیی (بەتایبەت لە کەیسی موسۆلینیدا) بە فراوانیی پێیانوابوو کۆمەڵگەی مۆدێرن و مۆدێرنیتە بریتین لە سەرهەڵدانی ژنان یان بەژنانەییکردنی مێژوو و کۆمەڵگە و دەسەڵات. بۆ ئەم مەبەستە پێێان وابوو کە بزووتنەوەکانی نازیی و فاشیستیی دەتوانن جارێکی دیکە سەروەری بۆ ئەو پیاوە بگەڕێننەوە، کە ئێستا لەناو کۆمەڵگەی جەماوەریی ژناندا دەسەڵات، شکۆ و شەرەفی لەدەستداوە. لەکاتێکدا هەردوو ڕابەریش بەشێوەیەکی موقەدەس سەیری کارەکتەر و فیگەری دایکیان دەکرد. دایک بۆ ئەوان ڕەمزی بەرهەمهێنانەوە، واتا نەوەخستنەوەی سەربازی پاڵەوانە کە دەست لەسەر سینە ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانیی ووڵاتی باوک. دایک موقەدەسە، چونکە هەمیشە ئامادەی قوربانیدانە بۆ ڕۆڵەکانی، ئەو ڕۆڵانەی سبەی سەرباز و جوندیی نیشتمانن. ئەدەبیات و فیلم و کولتووری بینراوی نازیزم و فاشیزم پڕیەتی لە نواندنەوەی کارەکتەری موقەدەسکراوی دایک. بەڵام ئەم دوو بزووتنەوەیە تا دوا ڕادە دژی ژنان و ژنانەییکردنی کۆمەڵگە بوون. موسۆلینی هەمیشە بەگاڵتەوە دەیگوت چەمکی چین (class) لە ئەڵمانیی و ئیتاڵییدا ئامرازی ناساندنی مێینە و جەماوەریش بە هەمان شێوە، بەڵام چەمکی دەوڵەت نێرانە و پیاوانەیە و بۆیە هەم نازیزم و هەم فاشیزم دەوڵەتیان وەک دروستکراوێکی موقەدەس دەبینی، لە هەڕەمی دەوڵەتیشدا، بێگومان لەبیریان نەکردبوو کارەکتەری دایک زەق بکەنەوە.
ئەم پرسە بە فراوانیی لە کوردستانیشدا هەیە، هەموو گۆشە و کۆڵان و پارکێکی کوردستان پەیکەری دایکی هەیە، هەر تاکێک دایکی لا موقەدەس و پیرۆزە، بەڵام وەک بە فراوانیی دەزانین زۆربەی زۆری پێکهاتە کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانیی لە توندوتیژیی دژی ژنان دەکەن، هەر ئەو «پیاوانە»ی دایکیان لا موقەدەسە، ڕێگەی تێدەچێت بەرانبەر بە خوشک و هاوژینەکانیان توندوتیژ بن، چونکە کە ژن بوو بە دایک، چیتر لای ئەوان وەک هەڕەشە بۆسەر نەزمی هەڕەمیی و قووچەکیی هەژموونی پیاوەتیی و پیاوسالاریی نابینرێت. دایک قوربانیدەرە، ئامادەیە خۆی بکاتە قوربانیی ڕۆڵەکانی، ئەو ڕۆڵانەی کە ڕەنگە سبەی سەربازی نیشتمان بن. بەڵام ژن وەک بکەرێک خۆی دەبینێت کە خاوەن مافی یەکسانە، داوا دەکات هاوشێوەی پیاو لە شوێن و پێگەی یەکساندا بووەستێت، بێگومان ئەمەش دەبێتە هەڕەشە بۆسەر نەزمی ماوەدرێژیی هەڕەمی «هەژموونی پیاوەتیی». دیارە مەبەست لەم قسانە بەو مانایە نییە کە دایک خاوەن کەرامەت و بوونێکی شایستە و ڕێزلێگیراو و خۆشەویست نییە، بەپێچەوانەوە، بەڵکو ئامانجی ئەم بۆچوونەی ئێمە ئەوەیە بڵێین کە لە پشتی ماسکی دایکپەرستییەوە، کولتووری دژەژنیی خۆی حەشارداوە. هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین پرسەکە بریتی نییە لە پرسی تاک، بێگومان کەسانێکی زۆر هەن دایکیان لا موقەدەسە لە ژنان و پیاوان، هاوکات باوەڕی موتڵەقیشیان بە یەکسانیی هەمەلایەنەی نێوان ژنان و پیاوان، جێندەرەکانی دیکە و دەرە-جێندەرەکان هەیە.
وەک دوا خاڵی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەمەوێت ئاماژە بە ئایدیۆلۆژیایەکی دوور و درێژ بکەم کە دەڵێت «لەناو پەیامبەران و فەیلەسوفان و زانایان و هونەرمەنداندا ژن هەڵنەکەوتووە». ئەم دەربڕینە ئەگەرچی ڕاستیی تێدا نییە بەتایبەت لە حاڵەتی «فەیلەسوفان و زانایان و هونەرمەنداندا»، بەڵام ئەم ئایدیۆلۆژییە ئەوە لە بیر دەکات کە مێژووی سەرهەڵدانی سایکۆلۆژیای سەرکوت و کولتووری سەرکوتکار و پەراوێزخستنی ژنان و بردنیان بۆ کون و کەلەبەرەکانی ماڵەوە و زیندانیکردنیان، بێگومان نابێتە دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفیی و کولتووریی. (ئەریستۆتێلیس) پێیوابوو بۆ ئەوەی فەلسەفە ڕووبدات دەبێت کۆیلایەتیش هەبێت، نیچە ئەم قسەیە لە ئەریستۆ قەرزدەکات و دەڵێت بۆ ئەوەی کولتوور چرۆ بکات، دەبێت بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە بکرێتە کۆیلە. مانای پشتی ئەم قسانە ئەوەیە کە تەنها ئەو کەسانە دەتوانن کولتوور و فەلسەفە بەرهەمبهێنن کە کارناکەن، یاخود لە ئەمڕۆدا، کارێکی ئارام و خۆشی وەک پرۆفیسۆریی ئەکادیمیی دەکەن و دەستکەوت و داهاتی ماددیان دەیانجار بەرزترە لە داهاتی کرێکارێکی ئاسایی.
کۆڵۆنیالیزم کۆمەڵگە کۆڵۆنیزەکراوەکان وا لێدەکات توانای گەشەی ئابوورییان نەبێت، ئەمەش ڕێگە لەوە دەگرێت دەرفەتی یەکسانی پەروەردە و گەشە و چرۆی کولتوور و هونەر بێتە ئاراوە. بۆیە دەبینین هەموو ئەو کۆمەڵگانەی کۆڵۆنیزەکراون، بەڕادەیەکی فراوان لەژێر ئاستی موتڵەقی ناگەشەسەندووییدا هێڵراونەتەوە، هەژاریی، نەخوێندەواریی و نەزانیی قووڵ ڕیشەیان داکوتاوە و لەپاڵیشیدا توندوتیژیی بەردەوام لە هەڵکشاندایە، با نموونەی کۆمەڵگەی ئەفغانستانیی، بەڕادەیەکیش کۆمەڵگەی کوردیی وەربگرین. سەرمایەداریی لەلای خۆیەوە گەشەی ناهاوسەنگ دروستدەکات و وادەکات لە ئەمڕۆدا منداڵانی چینێکی کەم توانای زۆرترین گەشەی پەروەردەییان هەبێت، بەڵام منداڵانی چینی کرێکار، کە ڕێژەی گەورەی کۆمەڵگەکان پێکدەهێنن، لە ئاستێکی بەرزی خوێندنی باڵادا نەبن، بەڵکو کۆی دەرفەتەکانیان گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی کار و دانی باجی فراوان و نەبوونی کاتی بەتاڵی پێویست بۆ خۆ-پەروەردەکردن و خۆ-فێرکردن، یان بوون بە هونەرمەند و بیرمەند و فەیلەسوف. دیسان لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەمەوە کە مەبەست لە کاتی بەتاڵ بۆ خۆ-پەروەردەکردن ئەوە نییە کە فەلسەفە، کولتوور و هونەر بکاتە کایەی دەرەوەی کار و کرێکار بخاتە دەرەوەی هەرێمی هونەرمەند و فەیلەسوف و کولتوورناسەوە، ئەو مۆدێلە سەرمایەدارییەی لەسەر بنەمای دابەشکردنی کار دامەزراوە، دەرفەتی ئەوەی لە زۆرینەی کۆمەڵگە سەندووەتەوە پراکتیکی کولتوور بکات و ئەو کەمینەیەش کە لەو بوارەدا چالاکە، ئاگایی خۆی بەرەو شوێنێکی دەرەوەی جیهانی واقیعیی ئاراستە دەکات و نامۆبوونی مرۆڤ لە مرۆڤ، کرێکار لە کرێکار، کرێکار لە مرۆڤ و لە سروشت و کۆمەڵگە، و پاشان بێبەریبوونی لە ژیانی کولتووریی قووڵتر و قووڵتر دەبێتەوە و لێرەشەوە دەرفەتی سەرهەڵدانی کولتوورێکی پێشکەوتووخواز لە مەیدانی گشتییدا زیاتر کەم دەبێتەوە و لەم ڕووەوە دەرفەت بۆ سیاسەتە پۆپۆلیستییەکان و بیرە ڕاستڕەوییەکان دەخوڵقێت ئاسانتر کار لە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بکەن و زیاتر پەرە بە بیرە کۆنەپارێزەکانی وەک ڕقی نەتەوەیی، سێکسیزم، ڕقی ئایینیی، و بیری فاشیستیی بدەن.
ئەمە بۆ پرسی ژن بە هەمان شێوە ڕاستە، لەو ساتەوەی ژن لە سەکۆی مێژوویی و سیاسیی دەرکراوە هەزاران ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و نەک هەر بە فیزیکیی و ئابووریی وابەستەی پیاو کراوە، بەڵکو سایکۆلۆژیایەکی سەرکوتکراویشی بۆ دروستبووە کە خۆبەخۆ دان بەوەدا بنێت کە پاشکۆیە و بێ توانایی لە بەرهەمهێنانی کولتووریی، نەک وەک دیاردەیەکی مێژوویی بەڵکو بە سروشتیی بیبینێت و ڕۆژانەش مۆدێلە باوەکانی فەلسەفە، ئایین، نەریت، سایکۆلۆژیا و کولتوور ئەم بیروباوەڕە باڵادەستە بەرهەمبهێننەوە. کەواتە وەک دەرەنجام ڕوونە کە هەرگیز دەرفەتی یەکسان لەبەردەم ژن و پیاودا نەبووە لە مەیدانی بەرهەمهێنانی کولتوورییدا تا بزانین کام مۆدێلی بەرهەمهێنانی کولتووریی فراوانتر، باڵاتر و باشترە. قسەکردن لەسەر پلەی بەراوردی دەستکەوت و بەرهەمە کولتوورییەکان تەنها کاتێک دەکرێت کە دۆخی گونجاوی یەکسان لە ئارادا بێت. بەدڵنیاییەوە ژنێکی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە کابول کە ئێستا لە زانکۆش قەدەغە دەکرێت، هەمان دۆخی یەکسانی پیاوێکی نییە لە بەرلین و هارڤارد و ئۆکسفۆرد تا بێین بێتوانایی و بێکولتووریی ژنێکی ئەفغانستانیی بەراوردی ئەوەی پێیدەگوترێت «پیاوێکی داهێنەری وەک مارک زوکەربێرگ» بکەین.
پەراوێزەکان
- Bertolt Brecht, Fragen eines lesenden Arbeiters, in Die Gedichte, Die Sammlungen, Die Einzelgedichte, Vollstänidge Neuausgabe, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2016, s.291-292.
- بڕوانە: کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.
- بۆ زانیاریی دەربارەی چەمکی نامۆیی لای مارکس بگەڕێنەوە بۆ شاکارەکەی ئستڤان مێزارۆش:
István Mészáros, Marx’s Theory of Alienation, Merlin Press, London, 2006.
- Karl Marx, ‘Comments on James Mill, Elements d’Economie Politique’, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence & Wishart, London, 2010, p.228.
- Karl Marx, Ökonomisch-philosophische Manuskripte aus dem Jahre 1844, in Karl Marx, Friedrich Engels: Werke, Dietz-Verlag, Berlin 1968, Band 40, s.39-40-
- هەمان سەرچاوە.
- هەمان سەرچاوە.
- Karl Marx and Friedrich Engels, The German Ideology, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence and Wishart, London, 2010, p.31.
- هەمان سەرچاوە.
- بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ:
پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.
- Georg Wilhelm Friedrich Hegel, Wissenschaft der Logik, Band 21, Felix Meiner Verlafg, Hamburg, 2008, s.419-422.
- پێویستە ئەوە بزانین میل ڕاناوی نێرینە وەک دەسەڵاتدار بەکاردەهێنێت، نەک ئەو ئەفسانەیەی پێیوایە میل سەرمەشقی ئازادیی و یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوانە. نەریتی لیبراڵ، دەسەڵاتی لە دەستی پیاودا دەبینی.
- John Stuart Mill, On Liberty and Other Essays, Oxford University Press, Oxford, 1998, p.73.
- هەمان سەرچاوە، ل.٧٩.
- سەبارەت بە پێناسەی ئەم «بەکۆمەڵایەتییکردنە بابەتییەی بەرهەمهێنان» بگەڕێنەوە بۆ
Ernst Mandel, Late Capitalism, Verso, London and New York, 1978, p.595.
- Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, Penguin Classics, London, 1993, p.421.
- هەمان سەرچاوە، لل.٦١٧-٦١٨.
- Friedrich Engels, Der Ursprung der Familie, des Privateigentums und des Staats, in Karl Marx/Friedrich Engels – Werke, Karl Dietz Verlag, Band 21, 5. Auflage, Berlin, 1975, s.61-62.
- هەمان سەرچاوە.
- هەمان سەرچاوە.
- Aleksandra Kollontai, Make way for Winged Eros: A Letter to Working youth Love as a Socio–psychological Factor, in From Symbolism to Socialist Realism: A Reader, edited by Irene Masing-Delic, Academic Studies Press, Boston, 2012, p.168.
- Juliet Mitchell, Psychoanalysis and Feminism, Pelican, Harmondsworth, 1975, p.412.
- Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism: towards a more progressive union, in Lydia Sargent (ed), Women and Revolution, South End Press, Cambridge MA, 1981, pp.1-42; Christine Delphy, Close to Home. A Materialist Analysis of Women’s Oppression, Hutchinson, London, 1984, pp.69, 71.
- Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism, ob.cit, p.7.
- هەمان سەرچاوە، ل.٩.
- Martha Gimenez, Capitalism and the oppression of women: Marx revisited, Science & Society, 69 (1), January 2005, pp.11-32;
- Georg Simmel, “The Metropolis of Modern Life” in Donald Levine (ed) Simmel: On Individuality and Social Forms, Chicago University Press, Chicago, 1971, p.324.
- بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە:
Norbert Elias, Über den Prozeß der Zivilisation: Soziogenetische und psychogenetische Untersuchungen, Zwei Bände, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1976.
- Ignacio Martín-Baró, Writings for a liberation psychology, Harvard University Press, 1994, pp.210-211.
لیستی سەرچاوەکان
ئینگلیزیی و ئەڵمانیی
Aleksandra Kollontai, Make way for Winged Eros: A Letter to Working youth Love as a Socio–psychological Factor, in From Symbolism to Socialist Realism: A Reader, edited by Irene Masing-Delic, Academic Studies Press, Boston, 2012.
Bertolt Brecht, Fragen eines lesenden Arbeiters, in Die Gedichte, Die Sammlungen, Die Einzelgedichte, Vollstänidge Neuausgabe, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2016.
Christine Delphy, Close to Home. A Materialist Analysis of Women’s Oppression, Hutchinson, London, 1984.
Ernst Mandel, Late Capitalism, Verso, London and New York, 1978.
Friedrich Engels, Der Ursprung der Familie, des Privateigentums und des Staats, in Karl Marx/Friedrich Engels – Werke, Karl Dietz Verlag, Band 21, 5. Auflage, Berlin, 1975.
Georg Simmel, “The Metropolis of Modern Life” in Donald Levine (ed) Simmel: On Individuality and Social Forms, Chicago University Press, Chicago, 1971.
Georg Wilhelm Friedrich Hegel, Wissenschaft der Logik, Band 21, Felix Meiner Verlafg, Hamburg, 2008.
Heidi Hartmann, The unhappy marriage of Marxism and feminism: towards a more progressive union, in Lydia Sargent (ed), Women and Revolution, South End Press, Cambridge MA, 1981.
Ignacio Martín-Baró, Writings for a liberation psychology, Harvard University Press, 1994.
István Mészáros, Marx’s Theory of Alienation, Merlin Press, London, 2006.
John Stuart Mill, On Liberty and Other Essays, Oxford University Press, Oxford, 1998.
Juliet Mitchell, Psychoanalysis and Feminism, Pelican, Harmondsworth, 1975.
Karl Marx and Friedrich Engels, The German Ideology, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence and Wishart, London, 2010.
Karl Marx, ‘Comments on James Mill, Elements d’Economie Politique’, in Marx/Engels Collected Works, Volume 3, Lawrence & Wishart, London, 2010.
Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, Penguin Classics, London, 1993.
Karl Marx, Ökonomisch-philosophische Manuskripte aus dem Jahre 1844, in Karl Marx, Friedrich Engels: Werke, Dietz-Verlag, Berlin 1968.
Martha Gimenez, Capitalism and the oppression of women: Marx revisited, Science & Society, 69 (1), January 2005.
Norbert Elias, Über den Prozeß der Zivilisation: Soziogenetische und psychogenetische Untersuchungen, Zwei Bände, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1976.
کوردیی
پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم (دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک)، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢٠.
کاڕڵ مارکس و فریدریش ئەنگڵس، مانیفێستی پارتی کۆمۆنیست، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی توێژینەوە و هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.