adam-and-eve-twins

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شلۆکبوونی جێندەریانە


Loading

یەکێک لە دیاردە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی دونیای ئەمڕۆ بەکارهێنانی بێشوماری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە وەک ستراتیژێک بۆ شاردنەوەی ڕەگەز بە هەردوو دیوەکەیدا، واتە هەردوو ڕەگەزی نێرینە و مێینە لە ئاڵوگۆڕی شوناسەکانیاندان و چونکە نادیارن و لە پشتی سکرینێکەوەن، شانسی ئەوەیان بۆ دەخوڵقێت کە زیاتر لە ڕەگەزەکەی تری بەرامبەریان نزیک ببنەوە. لە فەزای گریمانەیی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ڕەگەزەکان بە چەشنێک تێکەڵ بە یەک دەبن و ڕۆڵی یەکتری دەبینن، کە زۆر جار سەرمان لێ تێکدەدەن و نازانین کامیان، کامیانن.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەبری ئەوەی ببنە کەشێکی لەبار و ئازاد بۆ پراکسیسکردنی خود، بوونەتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی قسەکەری نێرینە بەناوی مێیینەوە و لە پێناوی مێینەدا، کە زۆر جار نازانین داخۆ ئەوە ئارەزووی چەپیوویی پیاوە بۆ مێینەیەکی ئازاد یا بەتەنها هەوڵێکە بۆ نمایشکردن و نیشاندانی بوونی مێینەیەک کە وەڕسە لە کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی و پیاوسالاری، وەک چۆن بەو دیویشدا پڕن لە قسەکەری مێینە بە ناوی نێرینەوە و لە پێناوی نیشاندانی بوونی نێرینەیەکی کراوەدا کە باوەشی بۆ ئازادی ژنان کردۆتەوە و بە زمانێکی نەرمونیان دەیاندوێنێت.

دەکرێت ئەم سەرلێتێکچوونە ڕەگەزیە وا لێکبدرێتەوە کە هەوڵێکی شەرمنانەی دوو گوتاری چەپێنراوە کە شەرم لە درکاندنی پەیامەکانیان بە ئاشکرایی دەکەن و ناوێرن ڕاستەوخۆ ئەو (تابۆ) یە بشکێنن کە هێڵی سووری بە ژێر ئارەزووەکانیاندا هێناوە، واتە نمایشیکی شەرمنانەی هێترۆسێکسوێل بێت، کە باوەڕی بە پەیوەندیە ئاساییە باوەکەی نێوان نێر و مێیە وەک سێکس و خۆشەویستی و تەواو نۆرماتڤە. لێ بەدیوێکی تریشدا جۆرێکە لە دانپێدانان بە بوونی چەشنێک لە سێکسوالتی و ئارەزوو کە پتر (جووتڕەگەزیانە) ترانزسیکسوێلە و (نمایشکارانە) پێرفۆرماتڤە. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەی شلۆکبوونە جێندەریە، ئەم وازیە ڕەگەزیەی نێوان نێرینە و مێینە و گەمەی نێوان ڕۆڵەکانی ژن و پیاو لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا، تێزەکەی (جودیس باتلەر) دەربارەی ڕەگەزی نمایشکارانە (Performative Gender) و تیۆرەی کویر (  Queer Theory)، کۆمەکێکی باشمان دەکەن.

 

Judith Butler – 2012

بە بڕوای باتلەر نێربوون و مێبوون وەک ڕەگەز، کورتناکرێنەوە بۆ پێکهاتەی جەستەیی و بیۆلۆژی مرۆڤەکان، یان شوناسێکی یاسایی وەک ئەوەی لە دۆکومێنتە فەرمیەکانی دەوڵەتدا هەن، بەڵکو پتر بونیادێکی کۆمەڵایەتیان هەیە و لەسەر بنەمایەکی کولتوریی – میژوویی ڕۆڵەکانیان، بەرجەستەبوون و نمایشە کۆمەڵایەتیەکانیان، ڕاگیربوون. ڕاستە پێشتر ئێمە وا ڕاهاتووین کە ڕەگەزی نێر و مێ لەسەر بنەمای هیرارکیزمی سێکسوالتی و جۆرێک لە هەستی رۆمانتیکی بۆ یەکتری دروستبوون، واتە دوو ڕەگەزی جیان کە پێکەوەژیان لە پەیوەندی خۆشەویستی، سێکس یا خێزاندا کۆیان دەکاتەوە و دەیانکات بەیەک یەکەی یەکگرتوو، بەڵام باتلەر پێی وایە؛ کە هیچ پەیوەندیەک نیە لە نێوان جەستەدا وەک ڕەگەزی بیۆلۆژی و جێندەر وەک ڕەگەزێکی کۆمەڵایەتی کولتوری، بەڵکو جێندەر دەرەنجامی ڕەفتاری مرۆڤە لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا. واتە؛ مامەڵەکانمان لە کۆنتێکستێکی دیاریکراودا دەریدەخات کە ئێمە چ ڕەگەزێکین نەک ئەوەی کە ئۆرگانێکی بیۆلۆژی ناچارمان بکات بە شوناسێکی دیاریکراوەوە بلکێن و بۆ هەتاهەتایە لێمان نەبێتەوە. ڕەگەز (جێندەر) شوناسێکی جێگیر و نەگۆڕ نییە، وەک ئەوەی کە باو و بووە بە چەشنێک لە ترادسیۆنی کۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت فاکتی پزیشکییش، بەڵکو ناجێگیرە و لە چرکەسات و شوینێکی دیاریکراودا و لە ڕێی دووبارەکردنەوەی هەندێک ڕەفتار و کردارکردنەوە دروستدەبێت. کەواتە ئەو خەسڵەتانەی کە جێندەر یان ڕەگەزی نێر و مێ دروستدەکەن ڕیشە بیۆلۆژیەکەیان نیە، بەڵکو بەرجەستەکردنە جەستەییەکانیانە لە کۆنتیکست و ژیانی ڕۆژانەدا: جوڵەکانیان، چێژەکانیان، ڕیتۆریکیان، شێوازی نیگاکردنیان، ئاخاوتن یان شێوازی خۆگۆرین و گوزارشتەکانیان… هتد.

ئەم دیدە بۆ ڕەگەز کە خۆی بە یەکێک لە بنەما جەوهەریەکانی تیۆرەی کویر (Queer Theory) یش دادەنرێت، هەبوونی جەوهەرێکی سێنتراڵ بۆ ڕەگەز ڕەتدەکاتەوە و زیاتر جەختدەکاتەوە سەر چەمکی (نمایشکردن) و نیشاندانی ڕەگەز بەپێی ئەو ڕۆڵانەی کە دەیگۆڕێت و دەیانبینێت. واتە ڕەگەزەکان (چ نێر و چ مێ) شلۆکن، ناجێگیرن و جەوهەرێکی پاکژ و بێخەوشیان نییە، بەڵکو شێوەکانی خۆدەرخستن و خۆنمایشکردنیان لە کات و شوێنی دیاریکراودا پێماندەڵێن کە چین.

کەواتە ململانێکە لە نێوان دوو پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیدایە بۆ ڕەگەز کە یەکێکیان لە دۆخی هاوسەرگیری نێر و مێدا بە نۆرماڵ و ئاسایی دەزانێت و ئەوەکەی تریشیان کە دۆخی پەیوەندی نێوان کوڕ/ کوڕ، کچ/ کچ یا کوڕ/کچ/ کوڕ یا ئاڵوگۆڕکردنی ڕۆڵە کۆمەڵایەتیەکانیان بە لادەرانە و نائاسایی و نانۆرماڵ دەبینێت، بەبێئەوەی هیچ ئاگای لەوە بێت کە مەرج نییە پەیوەندیەکان سێکسی بن و دەکرێت لە دەرکەوتنە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا، لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕەنگبدەنەوە. بۆ نمونە؛ سەردەمانێک ژن بەس لە ماڵەوە بوو، کاری نەدەکرد و کرێکار نەبوو، نەیدەتوانی ببێت بە نوسەر یا پزیشک و دادەوەر، ئێستا وا نییە و خاوەن ئابووری و پلەی فەرمانی خۆیەتی و دەتوانیت لەو بوارانەدا پلەی بەرزی هەبێت. نمونەیەکی تر دەربارەی نێر ئەوەیە کە جاران پیاو پاڵی بە عەرەبانەی مناڵەکەیەوە نەدەنا و شیری نەدەدایە، چێشتی لێ نەدەنا، جلی نەدەشت و دایبی نەدەگۆڕی. بەڵام بەپێی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، جۆرێک لە ئاڵوگۆڕ لە ڕۆڵەکاندا دروستبووە کە بەراورد بە قۆناغێک لەمەوپێشی مێژوو، شەرم بوون و جۆریک بوون لە بێئابڕووی بۆ هەردوو ڕەگەزەکە.

 

androgen

ئەوەی کە لە تێزەکەی باتلەدا بۆ من گرنگە لە پەیوەست بە بەرجەستەکردنی ڕەگەزەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و بەتایبەتی فەیسبوک، پەیدابوونی چەندین پەڕەیە بە ناوی مێیینەکانەوە کە وا دیارە کارەکتەرەکانی پشتیان نێرینەن، وەک چۆن چەندین ئەکاونتی تریش هەن بەناو و وێنەی نێرینەوە کە خاوەنەکانیان مێینەن، جۆرێک لە (شوناسشلۆقی)  و (شلۆکی جێندەریانە)  کە پێماندەڵێن؛ ئەم بوونەوەرانە تا ئێستا خۆیان بۆ ساغنەبۆتەوە کە داخۆ نێرن یا مێ، پیاون یا ژن، ئایا وەک نێرینە مەیل و حەزیان بۆ نێر زیاترە وا خۆیان دەکەن بە مێینە و ناوێرن و جەسارەتی ئەوەیان نییە کە دانی پێدا بنێن چ چەشنێک لە پەیوەندی سێکسی و خۆشەویستی دەخوازن، یا وەک مێینە پتر چێژ لە مێینە دەبینن بۆیە خۆیان کردووە بە نێر و وەک نێرینە مامەڵە و ڕەفتار دەکەن؟

نابێت ئەوەمان لە یادبچێت کە تەنها فۆرمێکی جێندەریانەی ئاشکرا کە بۆ ڕەگەزەکان ڕەوا و نۆرماڵ بێت لە فەیسبوکدا بوونی مرۆڤەکانە لە دۆخە خێزانی/هاوسەرگیری/ هێترۆسێکسوالیەکەیدا، بەو مانایەی کە هیج ترس و لەرزێک لە ئاشکراکردن و بەیانکردنی ئەم چەشنە پەیوەندیە لە فۆرمی خێزان و مناڵداریدا وەک خێزانیکی نۆرماڵ و خۆشبەخت نیە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش ئارەزووکراوە، لێ بەشە زۆرە شەرمنەکەی کۆمەڵگە کە خاوەن شوناسێکی لەقن، کە دۆخی شلۆکبوونێکی جێندەریانە دەژین و لە پشتی شاشەکانەوە دەژین، هێشتا شەرمدەکەن لە ئاشکردنی جێندەرییانەی خۆیان و نمایش و چێژەکانیان بە چەشنێک کە سەریان لە خۆیان و هاوڕێکانیشیان تێکداوە. دیارە کەمیش نین ئەو ماڵپەڕ و پەیج و ئەکاونتانەی کە ڕۆژانە داوای هاوڕێیەتیمان بە ناوی کچەوە لێ دەکەن و دواتر بۆمان دەردەکەوێت کە کوڕ بوون و بە پێچەوانەیشەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەوەدا مەترسین بۆ سەر مرۆڤەکان کە هەمیشە بەشێک لە سپەیس بۆ شاردنەوەی شوناسە شلۆکەکان و جێندەرە ناجێگیرەکان دەهێڵنەوە، لێ شانسێکیشیان دەدەنێ کە ڕۆژێک لە ڕۆژان جەوهەری گۆڕاوی خۆیان بۆ نێر یا مێ، دەربخەن و ئاشکرای بکەن.

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین