گیلین كلۆز Glenn Close له‌ڕۆڵی ئالبرت نۆبس

ببە بەوەی کە هەیت


Loading

ئەلبێرت نۆبس فیلمێکی درامی بەریتانی_ئێرلەندییە، باس لە سەدەی نۆزدە دەکات، لە ڕۆمانێکی ڕۆماننووسی ئێرلەندی جۆرج مۆرەوە وەرگیراوە. لەلایەن ڕۆدریگۆ گارسیاوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. کارەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە لەلایەن خانمە ئەکتەر (گلێن کلۆز)ەوە ڕۆڵی دەگێردرێت، هەروەها ئەکتەری یاریدەدەر (جانێت میکتیەر) کە هەردووکیان بۆ باشترین ئەکتەر و باشترین ئەکتەری یاریدەدەر پاڵێوراون. هەروەها ئەم فیلمە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی بردۆتەوە، هاوکات بۆ خەڵاتی ئەکادیمی باشترین مکیاژ پاڵێوراوە. پێشتر ئەم ڕۆمانەی جۆرج مۆر لە ساڵی ١٩٨٢دا بە ناونیشانی ”ژیانی تایبەتی ئەلبێرت نۆبس” کراوە بە شانۆ، کە هەمان ئەکتەر (گلێن کلۆز) ڕۆڵی تێدا گێراوە، لەم شانۆییەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردۆتەوە.

ئەم فیلمە چەندین ڕانانی جیاواز و فرە بۆ لێڕوانەر هەڵدەگرێ، ئەوەی جێی سەرنجە و دەبێ بگوترێ ئەوەیە: ئەلبێرت نهێنییەکی لە ژیانیدا هەیە، ئەو لە ڕاستیدا ژنە، بەڵام کارەکتەری ڕاستەقینەی خۆی گۆڕیوە. کاتێ ژنێک جێندەری خۆی دەشارێتەوە و وەک پیاو ڕۆڵ دەگێرێ، ئەوا لە زۆر لایەنەوە چیرۆکێکی تراژیدی لە پشت ئەم خۆشاردنەوەیەدا هەیە. ئەو بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە لە بەرگێکی پیاوانەدا خۆی شاردۆتەوە، وەک گارسۆن بەو پەڕی توانا و بێدەگییەوە، بەڵام پڕ لە غەم و ئازار ئیش دەکات. ئەو بۆ گۆڕینی شێوە و شاردنەوەی جێندەری خۆی چیرۆک و هۆکاری خۆی هەیە؛ نەک بە حەز و ئارەزووی خۆی بێت، بەڵکو بۆ پاراستن لە خۆی و ئیشکردنێکی سەربەخۆیانە بووە. ئەلبێرت لە گێرانەوەی یادەوەرییە تاڵەکانی ژیانیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئەو لەلایەن ژنێکەوە بەناوی خاتوو نۆبس بەخێوکراوە. ئەو ژنە  لەلایەن ماڵی دایکی ڕاستەقینەی ئەلبێرتەوە پارەی پێدراوە بۆ ئەوەی بەخێوی بکات. بەهۆی ئەوەی کە پارەی دراوەتێ ئەلبێرت شانسی ئەوەی هەبووە کە ماوەیەک بخوێنی. خاتوو نۆبس دەزانێ ئەلبێرت کێیە، بەڵام هەرگیز پێی نەگوتووە، خاتوو نۆبس لەپڕ دەمرێ کاتێ ئەلبێرت تەنیا تەمەنی ١٤ ساڵ بووە. ئەلبێرت هەرگیز نەیزانیوە دایک و باوکی کێیە، بۆ دەبێ ئەو ژیانە بژی. تەنیا وێنەیەک بە ئەلبێرت دراوە و پێی گوتراوە کە ئەوە دایکییەتی. ئەو بێپشتگیری و پاراستن لەنێو ژیانێکی نەپارێزراودا دەمێنێتەوە، دواتر بڕیار دەدات ئیش بکات. شەوێکیان لەلایەن پێنج پیاوەوە پەلامار دەدرێ و دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر، ئازار دەدرێ و بەم شێوەیە بەجێ دەهێڵدرێ. ماوەیەک پاش ئەوە دەبیستێ ئێوارە خوانێکی گەورە لە هۆڵی فریماسۆن (Freemason’s Hall) ڕێکدەخرێ، بۆ ئەمە پێویستیان بە گارسۆنە. لەم کاتەدا بە خۆی دەڵێ  فیگوری من بۆ گارسۆنی باش و دروستە. هەر ئەو کاتە قاتێکی پیاوانە پەیدا دەکا تاکو ئیشەکە وەربگرێ، هەرچەندە گومانی هەیە کە بتوانێ ئیشەکە بەدەستبهێنێ، بەڵام سەرکەوتوو دەبێ و لەنێو قاتێکی پیاوانەدا دەست بە ئیش دەکا، چونکە بەدەستهێنانی ئیش و ئیشکردن وەک پیاو ئاسانترە وەک لە ژن، ئەمە چیرۆکی بوون بە پیاوی ئەلبێرتە.

چی ڕوودەدات ئەگەر کەسێک ڕۆڵی جێندەرەکەی دیکە بگێرێ؟ زۆر بەسادەیی گەر کۆمەڵگە ڕێگە بە کەسانێک بدات ببنە ئەو کەسەی کە هەن و ئەوەیان خۆشبوێ کە دەیانەوێ؛ ئەوا هەرگیز ئەو ژیانە و ڕێگە تراژیدییە ناگرنەبەر، کە پڕە لە تاسە، نهێنی و هەڵخەڵەتاندن. ئەمە ئاڕگومێنتی ئەوەمان پێدەدات جیاوازییە جێندەرییەکان ئەنجامی چەوساندنەوە و ستەمکاری کۆمەڵگەن، کە وەها دەکەن ژن و پیاو گەرەکە چۆن ڕەفتاربنوێنن، بەردەوام ڕۆڵی جێندەری خوازراو دەسەپێنن بەسەر هەردوو ڕەگەزدا. زۆرینەی جیاوازییەکانی نێوان ژنان و پیاوان بەرهەمهێنراوی کۆمەڵایەتین، بۆیە شیاوی گۆڕانن.

فیلمی ؛ ئالبێرت نۆبس

ژیانی ئەلبێرت بەتەواوی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، کاتێک پیاوێک بەناوی هیوبێرت بۆ بۆیاخکردنی هەندێ شوێنی ناو ئوتێلەکە دێت، پێویستە بۆیاخچییەکە بۆ شەوێک لە ئوتێلەکەدا بمێنیتەوە. خاتوو مارگەرێت کە خاوەنی هۆتێلەکەیە پێشنیار دەکات بۆیاخچییەکە ئەو شەوە لە ژوورەکەی ئەلبێرت بمێنیتەوە. هیوبێرت بەڕێکەوت بە نهێنییەکەی دەزانێ، ئەلبێرت ترسێکی زۆر لە سیمایدا بەدەردەکەوێ، لە هیوبێرت دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی نهێنییەکەی بپارێزێ و ئاشکرای نەکات. بۆیاخچییەکە بەڵێنی پێ دەدات کە نهێنییەکەی لای ئەو پارێزراو دەبێت، بەڵام ئەلبێرت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڵێنەکەی ئەو، بەردەوام بە دەوریدا دێ و دەچێ بۆ دەرفەتێک دەگەرێ کە دیسان بەڵێنی لێ وەربگرێتەوە. پاشان هیوبێرت بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەلبێرت قۆپچەی کراسەکەی دەکاتەوە تاکو مەمکەکانی نیشان بدات، ئەویش هەمان نهێنی و ئەزموونی هەیە، بەڵام بە چیرۆکێکی جیاواز. نۆبس بە ڕادەیەک شۆک دەبێ کە قسەی بۆ ناکرێت، پاشان دڵخۆشییەکی سەیر بە ڕووخسارییەوە دیارە. ئەو لەوێدا هەست دەکات چیتر تەنیا و نامۆ نییە، ئەو تاکە کەس نییە نهێنییەکی بەم شێوەیەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێ. چیرۆکی هیوبێرت ئەوەیە: لەدەست هاوسەرە خراپ و بەدمەستەکەی هەڵاتووە کە بەردەوام شەڕی لەگەڵ کردووە و لێی داوە. هیوبێرت بە لێهاتوویی خۆی ئیشی هاوسەرەکەی فێربووە و ئێستا کاری پێ دەکات.  ژنەکان ئازارەکانیان لەیەک دەچن و هاوشێوەن، چونکە بەردەوام بە هەمان ڕێگە ئازار دەدرێن. ئەو هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک بەناوی کاسلین کردۆتەوە، کە وەک خۆی تەنیا و بێکەسە، ئێستا بەیەکەوە زۆر بەختەوەرن. ئەلبێرت لەمەوە دەیەوێت ئاراستەی ژیانی بگۆڕێت، ئەویش بتوانێ دەرفەتێکی ئاوا لە ژیانیدا ڕێکبخات؛ بەختەوەرانە ئەو کارە بکات کە چەندین ساڵە خەونی پێوە دەبینێ و پارەکانی بۆ بەلاوەدەنێ و پاشەکەوتیان دەکا. ئەلبێرت چۆن ڕەفتاری گۆڕیوە ئاواش کارەکتەری گۆڕاوە، ئەو توشی سەرلێشێوان دەبێت بەهۆی ئەو پرسیارانەی لای دروست دەبێت سەبارەت بە پەیوەندی هیوبێرت و کاسلین. ئەو پرسیارە دەکات کە چۆن هیوبێرت ئەم هاوسەرگیرییەی ڕێکخستووە؟ کەی بە کاسلینی وتووە، ئەو ژنە، پێش هاوسەرگیرییەکە یان دوای هاوسەرگیرییەکە، ئەو دەرک بەوە ناکات کە پەیوەندی ئەوان پەیوەندییەکی هۆمۆسێکسوالییە (لیسبیەنانەیە).

لە یەکێک لە دیمەنەکاندا ئەلبێرت و هیوبێرت پێکەوە بەرگی ژنانە دەپۆشن، هەردووکیان نامۆ دەردەکەون، ئەلبێرت لە  کەنار دەریاکەدا بە پۆشینی بەرگی ژنانەوە تەواو هەستێکی نامۆی هەیە لەگەڵ ئەوەدا هەستی بە ئازادی و ژنێتی خۆی دەکرد. ئەو هەستانەی ئەلبێرت دەرخەری ئەوەیە کە ئەو هەست دەکات لە جەستەیەکی هەڵەدا بەند نەکراوە، بەڵکو لە بار و دۆخێکی دژواردا ناچارکراوە جێندەری خۆی بگۆڕێ. جەستەی مرۆڤەکان هۆشی مرۆڤەکان دەگۆڕێ، هەروەک چۆن هۆشیش ڕەفتارەکان دەگۆڕێ، مرۆڤەکان زوو ڕادێن بەو بارودۆخانەی کە بەسەریاندا دێت، ئەوان دەتوانن خۆیان بگونجێنن. هەروەک ژنە فەیلەسوف هاسلانگەر (Haslanger) پێی وایە، جیاوازیکردن لە نێوان سێکس و جێندەر، دەبێتە هۆی لێک جودا کردنەوەیان: ئەوان جودان لە یەکدی، لێرەدا یەکێک دەتوانێ بە سێکس مێ بێت، بەڵام بە جێندەر نێر بێت، یان بە پێچەوانەوە. هەروەک لەم فیلمەدا ئەلبێرت و هیوبێرت هەردووکیان بە سێکس مێن (ژنن)، بەڵام بە جێندەر پیاون.

لە کۆتاییدا ئەلبێرت لەژێر کاریگەری هیوبێرت دەیەوێت لەگەڵ یەکێک لە کچە خزمەتکارکان بچێتە دەرەوە و ژووانی لەگەڵ ببەستێ و خەونەکانی لەگەڵدا بەدی بێنێت، دواجار هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بێ ئەوەی لەو هەستەی خۆی دڵنیابێ و یەکلابێت کە چییە و چۆنە؟ لەمەدا شکست دێنێ و بە مردنێکی تراژیدیانەی خۆی کۆتایی دێت، لەوێوە نهێنییەکەی بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project