ڕۆمانی (گۆشەگیری) - ئیسماعیل حەمەئەمین - چاپی دەزگای کەپر و کەڵچەڕ پڕۆجێکت ٢٠٢٠

لەبارەی ڕۆمانی `گۆشەگیری`ی ڕۆماننووس `ئیسماعیل حەمەئەمین`


Loading

هۆشەنگ شێخ محەمەد
هۆشەنگ شێخ محەمەد

لەبارەی ڕۆمانی (گۆشەگیری)ی ڕۆماننووس (ئیسماعیل حەمەئەمین)ەوە

هۆشەنگ شێخ موحەمەد

(١)

هەر کەسێک لەم جیهانەدا، دەبێت گۆشەگیر بێت، گۆشەیەک بگرێت، گۆشەیەکی ئەم جیهانە بگرێت، گۆشەیەک بگرێت و ئینجا تەماشای جیهان بکات، تەماشای جیهان بکات و ببینێت فڕێدراوەتە نێو چ گۆشەیەکی ئەم جیهانەوە؟ ئەم جیهانە ناسستەماتیک و فەوزا و شێت و پڕ گۆشەی نەخۆشی و سەرخۆشی، مەستی و بەدبێهۆشی، خومار و بێ خەیاڵ، تەماشای هەر کوێیەکی ئەم جیهانە دەکەیت، لە هەر زەمەنێکدا جووڵە بکەیت، وەکخۆی لەنێو گۆشەگیرییەکی بەددا، دەتکاتە مرۆڤێکی شێت! مرۆڤێکی تەنیا و گۆشەگیر، مرۆڤێک لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا سووک و ڕیسوا دەکرێت، تڕۆ دەکرێت، تەنیا دەکرێت و دەبێت گۆشەگیرانە بە دیار ژیان و جیهانی خراپدا ببێت، بژیەت، بمرێت.

 

(٢)

لەم ڕۆمانەدا چەندین گۆشەی ئەم جیهانە نەخۆش و شێواوە دەبینین، کە ئەزموونەکانی مرۆڤ لە جێگە و وەختی فرە و جیاوازدا بۆ نێو هەمان کات و شوێندا دەگوازێتەوە! بەو واتایەی ئەوەی لە گۆشەکانی ئەم جیهانە پان و پۆڕەدا ڕوودەدات، ئەوەی لە نێو سستەمگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی و کولتووری و شارستانیدا ڕوودەدات، ئەوەی هەر حزبێکی سیاسی لەهەر کۆمەڵێکدا ئەنجامی دەدات، ئەو ئیشانەی دامودەزگەکانی دەوڵەت و دەسەڵات و هێزگەلی هەژمووندار دەیکەن، هەمووی لەنێو جیهانێکدا دەقەومێت کە شێواو و نەخۆشە. بەشێوەیەک کە مرۆڤ مەحکوومە بەوەی گۆشەگیر بێت. وەک ئەوەی ئەمە تاکە باری ئاسایی و چاوەڕێکراوی دۆخی مرۆڤایەتی بێت لەسەر گۆی زەویدا، مرۆڤ نەتوانێت بارودۆخێکی تر بۆ خۆی بخوڵقێنێت، مرۆڤ نەتوانێت هێزگەلی دیار و نادیاری خۆی لە پێناو جیهانێکی باشتر و ڕێکوپێکتر خەرج بکات.

 

(٣)

کەسەکانی نێو گۆشەکانی ئەم ڕۆمانە، بە گشتی خاوەن ڕابوردوویەکی تراژیدی، سیخناخ بە نادادپەروەری، بێزاری، شکان و دۆڕاندن، نەخۆشی و

ڕۆمانی گۆشەگیری ٢٠٢٠ – هەروەها ڕۆمانی `گەندەڵی` ٢٠٢٢

توندووتیژی، فریودان، دەیان باری تری نەرێنین. هەموو کەسەکان بێ ئەوەی لە حزووری مرۆڤبووندا ئەزموونی ژیان و ئیمان و جیهانیان کردبێت، بە گۆشەکانی ئەم ژیانەدا تێپەڕیون، تا لە گۆشەیەکدا بۆ ئەبەد ئاسێ دەبن. ئەوەی لە گۆشەی قەحپەخانەیەک، ئاودەستێک، ژوورێکی بچووکی تەنها، خانەی دەروون خامۆشان، هوتێلێک، کۆڵانێک، شارێک کە هەمیشە خەیاڵی دەگوشێت و مێشکی دەکروژێت، کەسەکان دەبێت هەمیشە وەک قەحپەیەک، گەوادێک، نەخۆشیک، بیمارێکی روحی، ڕاسیستێک، مردووێک لە گۆشەیەکدا ژیانێکی پڕ لە بۆنی گوو، میز، حەشیش، حەیاچوونی مرۆڤانەی خۆی بەڕێ بکات.

 

(٤)

کە لە نێو ڕۆمانەکەدا تەماشای ئەزموونی کەسەکان دەکەیت، ئەوانەی پاک و میهرەبان بوون، شۆڕشگێڕ و خەونبین بوون، چاک و بێگەرد بوون، لە کۆتاییدا لەسەر دەستی مرۆڤگەلێکی تر، چارەنووسیان لە گۆشەیەکی تاریکی روحی و دەروونی و ئەقڵی و هزریدا دەبێت. گۆشەیەک کە دەتوانێت هەموو پۆخڵەوات و نەخۆشی و وڕێنە و درۆ و وەهم و ساختەچێیتی سەرکردەکانی شۆڕشە جۆراوجۆرەکان لەخۆ بگرێت، گۆشەیەک پیشانت بدات، سیاسییەکان، چییان لە گەنجە شۆڕشگێڕەکان کرد، قاچاخچییەکان چیان لە ڕێبوارەکان کرد، سەرکردەکان چیان لە وڵاتان کرد، ڕۆشەنبیرەکان چییان لە کۆمەڵگە کرد، گۆشەی هەر کەسێک لەم کەسانە پێت دەڵێت، مرۆڤ چەند دڕندە و ساویلکە بوو، چەند هیچوپووچ و موقەدەس بوو، چەند تڕگەورە و بێدەرەتان بوو، هەموو ناکۆکییەکان لە مێشکیدا کۆبوونەوە و بەردەوامیش هەر بە دووی گەندوگووی خۆی بوو! گۆشەکان هەموو شتێک سەبارەت بە مرۆڤی قوربانی و جەلاد دەڵێن، تا ڕادەی ئەم ڕۆمانەش خۆی دەبێتە گۆشەیەک و بۆ هەر خوێنەرێک جێ و وەختێکی هەیە، تا لەنێویدا بۆ ئەزموونی ڕەشی و خۆی و براو خوشکەکانی بگەڕێت.

 

(٥)

ڕوحی ئەم جیهانە شێواو و نەخۆشە، لە ژوورەکانی زیندان، گاندان، قاچاخچی و پۆلیسەکان، واگۆن و پەنابەرەکان، رێگەکانی مردن و پەڕینەوە و خەون و شادمانی، سێکس و مەستی و لەبیرچوونەوە، چێژبردن لەو ساتانەی روحی جیهان لە ناخی مرۆڤدا تاریک و تاریکتر دەبێت، ژیان ببێتە هونەری مرۆی هونەرمەندی دیۆنیسیۆسی، ژیان ببێتە باخچە و سارای هەوایەکی فێنک، سەفەرێکی نەشئەبەخش و ئازادیهێن، کێیە روحی ئەم جیهانە تاریکە ڕووناک دەکاتەوە؟ کێ مژدەی هاتنەوەی خواوەندێکی دادپەروەر و شۆڕشێکی ڕاستەقینەمان پێ دەداتەوە؟ کێ پەردە لە سەر ڕاسیستی مرۆڤی سپی هەڵدەداتەوە، کێ قەپاغی گووخانەی خۆرئاوای روحی جیهان لادەدات؟

گۆشەیەک بەسە تا پێمان بڵێت، ئێمەی مرۆڤی ڕەش و سپی، خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی، ژن و پیاو، منداڵ و پیر، هەموومان مەحکومین بەوەی لەم جیهانە تاریکەدا، هونەرمەندی ژیانی خۆمان بین، پاک و چاک بەنێو گۆشەکاندا گوزەر بکەین و شتێک لە جوانی، ڕووناکی، بۆنێکی خۆش لە گۆشەکاندا بڕشێنین.

 

(٦)

لەگەڵ هەموو ئەم دیمەنە تووندووتیژانەی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە دەکەنە ناوەندێکی خەمبار، روحێکی تاریک و کوشندە و نەخۆشگرتوو بە جیهان دەدەن، بەڵام دیسانەوەش مرۆڤ، لەنێوان گۆشەیەکی خراپ و گۆشەیەکی خراپتردا، لە نێوان فرمێسکێک و فرمێسکێکی تری ڕژاودا، گۆشەیەک بۆ پێکەنین و چێژ و خۆشی پەیدا دەکات. هاتنەوەی سۆزی شادمانی و ڕووناکی لە روحی مرۆڤەکاندا، کەفیلن تا گۆشەیەکی ڕووناکتر لە جیهانێکی تاریک پەیدا بکەن.

 

ڕۆمانی گۆشەگیری. نووسەر: ئیسماعیل حەمەئەمین. بە هاوکاری پڕۆژەی کەپر، پڕۆژەی کولتوور. ساڵی ٢٠٢٠

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌