ڕۆمانی (گۆشەگیری) - ئیسماعیل حەمەئەمین - چاپی دەزگای کەپر و کەڵچەڕ پڕۆجێکت ٢٠٢٠

سێکس و گۆشەگیری، فەنتازیا و ھەڵوەشاندنەوەی یۆتۆپیا


Loading

ئاسۆ جەبار ؛ نوسەر و ڕۆژنامەنوس

سێکس و گۆشەگیری، فەنتازیا و ھەڵوەشاندنەوەی یۆتۆپیا

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (گۆشەگیری) ڕۆمانوس ئیسماعیل حەمەئەمین

ئاسۆ جەبار

 

ڕۆمانوسی ئەمریکایی (E. L. Doctorow) لەشوێنێکدا دەڵێت “مێژونوس رووداوەکانت بۆ دەگێڕێتەوە بەڵام ڕۆماننوس ھەستەکانت بۆ باسدەکات.” ڕۆمانی سەرکەوتوو تەنھا لێوڕێژ نیە لە مێژوو بەڵکو قوڵبوونەوەشە بۆ نێو رووداو چیرۆک و ھەست و روانین و دڵڕاوکێی سەرسامیی. رەنگە ئەو پرسیارەمان لەخۆمان نەکردبێت؛ بۆچی رۆمانێک سەرسامان دەکات و جاری واش ھەیە خوێندنەوەی دەیان رۆمانی دیکە موچڕکەی ئەو سەرسامییەمان لەلا کاڵناکەنەوە؟
بارت پێمان دەڵێت: “نوسین رەنگدانەوەی ساکار، یان وەرگێڕانی سادەی نیگارەکان و ئاخاوتن نیە، بەڵکو سیستمێکە لەنێو خۆیدا(کامڵ)ە.” رۆمانی گۆشەگیری، ھەوڵیکی رژدە بۆ بۆ دۆزینەوەو ئاشکراکردنی پنتە شاراوەو پەنھانەکانی شوێن، کارئەکتەر و حیکایەتەکان. خەمێکی گەورە لەدووتوێی ئەم رۆمانەدا دەژی، خەمێکی سادە نا؛ بەڵکو خەمێکی گەورەی شارستانی، خەمی تلۆربوونەوە بۆ ناو دنیای مۆدێرن و ونبوون لەنێو دەھلیزە پڕ ئاڵناگارییەکانی خۆخاڵیکردنەوە لەشوناس لەمێژوو لەشۆڕش.

سێکس و گۆشەگیری

“لەڕاستیدا ھەروا بوو، ھەموو خەوتنێکی ڤێسنا لەگەڵ خالید، خەوتنێک بوو لەگەڵ ئەو وێنەیەی سۆزی چێژی لێدەبینی،، خەوتنێک بوو لەگەڵ نۆستالژیای سوزی، جێگرتنەوەی نازدار بوو لەو چێژەی بۆ یەکەمینجار بینیوێتی کاتێک خالید لەگەڵیدا خەوتووە.”( لە ڕۆمانی -گۆشەگیری-  ئیسماعیل حەمە ئەمین، ل ٧٢).

حیکایەت سەرزەمینێکە بۆ رەنگڕێژکردنی رووبەرەکانی یادەوەری لەنادیارەوە بۆ دیار، لەخەیاڵەوە بۆ واقع، لەمێژووە بۆ ئێستا، بەڵام مرۆڤی مۆدرێن دەکەوێتە دەرەوەی حیکایەتەکان، دەکەوێتە دەرەوەی سەرگوزشتەکان، دەرەوەی خەیاڵگە داستانامێزەکان، دەرەوەی ئەو کۆتوبەندە یادەوریامێزەی کە پڕە لەنۆستالژیاو گەڕانەوەی رۆمانسی بۆ بەراییەکانی ئەو ھەنوکە ژیارییەی کە سەروەختی دەستپێکردنی حیکایەتەکانە تا کۆتاییەکانی ئەو گێڕانەوەیە کە ئێستایە، کە پڕن لەروانینی یادەورئامێز بۆ ئێستاو گرێدانەوەی بە ساتەوەختێکی چێژبەخشەوە. تۆ بۆئەوەی بکەویتە یەکێک لەدنیابینییە مۆدرێنەکانەوە، لەڕێی یادەوەرییەوە ناتوانیت، لەڕێی ئەو دنیا داخراوەی یادەوەرییەوە ناتوانیت ستراکچەرێکی دیکەی دنیابینی دروستبکەیت، لەبەرئەوە ئەو بوونەوەرەی ناتوانێت لەدەرەوەی زاکیرەو لەدەرەوەی ئەو مێژووە روانینێکی دیکەی ھەبێت بۆ دنیا، ناشتوانێت لەو نادیارە قەرەباڵەغە بێتەدەرێ ئیستاتیکایەکی دیکەو خەیاڵگەیەکی دیکە بەرھەمبھێنێت، خەیاڵگەیەک قوڵتر لەھەر حیکایەتێکی سادە، فەنتازیایەک پڕ لەئیستاتیکای زیندوو بخولقێنێت.

بەڵام ڕۆمانی گۆشەگیری ئیشکردنە لەئێستادا و ھەڵدانەوەی یادەوەریی و حیکایەتەکاندا لەساتەوەختە زیندووەکانی خۆیاندا. ھەوڵێکە بۆ بەرجەستکردنەوەی حیکایەتەکانی رابردوو لەئێستایەکی زیندوودا، رەنگڕێژکردنەوەی کەسایەتیی و رووداوەکانە لەبوونێکی دیکەو ئاڵنگارییەکی دیکەدا.

 

سەرسامی یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی ئەم ڕۆمانە، سێکس و سەرسوڕمان، نۆستالژیا و بیرچوونەوە، فەنتازیا و ئەفسونی چێژ و دڵڕەقی ژیانی راستەقینە تیکڕا لە تەونێکی پڕ لە گرێچنەی ڕووداوەکاندا سەرسامت دەکەن. ڕۆماننوس لە شوێنێکدا باس لە سێکسێکی بە کۆمەڵ دەکات، بەڵام لە کۆتایی سێکسەکەدا خوێنەر توشی شۆک دەکات… “ئاوەھا ھەرچواریان لەموبەقەکە سێکسیان لەگەڵ دوو ژنەکەدا کرد، ئالێکسی لەگەڵ ژنە درواسێکەی و ئەویش لەگەڵ ژنەکەی ئالێکسی و کە تەواوبوون ھاورایان کرد؛ بژی ئازادی، بژی سۆڤێت…پاشان ھەریەکەو لەسوچێکدا خامۆش بوونەوەو خەویان لێکەوت، بەیانی کە وەئاگاھاتنەوە ئالێکس بەوی گووت تۆ کێیت؟ ئەویش وتی من لە کوێم، ھەردوو ژنەکە دایانە قاقای پێکەنین، ئالێکس دەستی تەوقەی بۆ درێژکردو گووتی؛ ئالێکسی ئالێکساندرۆڤیچ سۆکۆلۆڤ…” لەزۆر شوێندا ئەم ڕۆمانە شەڕو ئاڵنگاریی کارئەکتەرەکانە بەرامبەر ئیگۆ کۆنەکانیان بەڵام لەھەموو ساتەوەختێکدا ئەو ئیگۆ کۆنەی ڕابوردوویان ئامادەگی ھەیە بەڵام ئامەدەگییەکی لیڵ و ناڕوون، لەکۆتایی ھەر رووداوێکدا سەرسامی دەبێتە ئەو ڕەگەزە زیندووەی کە ئیتر تۆی خوێنەر لەوە تێدەگەیەت کە لەبەردەم رۆمانێکی سادە یان مێژوویدا نیت تۆ لەبەردەم ئاکنگاریی و سەرسامی و لێکترازانی گەورەدایت.

 

خەیاڵ و گۆشەگیریی

“لەو ڕۆژەوە من ئەو دەرگایەم بە ھەڵە کردەوە، منیش وەکو تۆ لەدەرگایەکی ھەڵەوە ھاتمە نێو ژیانەوە.”

(ڕۆمانی -گۆشەگیری- ل ٧٣).

کردنەوەی دەرگای خەیاڵ، دەرگای جیھانێکی پڕ لەئاڵنگاریی و چێژ و ونبوون، کەسایەتییەکانی نێو ئەم ڕۆمانە لەدەروازەیەکەوە دێنە ژوورەوەو رووبەڕووی ھەزاران دەروازەی دیکە دەبنەوە. کردنەوەی ھەر دەرگایەک لەم رۆمانەدا کردنەوەی رووبەرێکی گەورەی رووداو و چیرۆک و پەیوەندی و گرێچنەی ھەر حیکایەتێکە کە تێکڕا پەیوەندییەکی قوڵیان ھەیە بە یەکەوە. خەیاڵ بریتی نییە لە بابەتێکی دیاریکراوی سایکۆلۆژی، وەکچۆن خەیاڵ لەم رۆمانەدا یەکسان نابێتەوە لەگەڵ ئەڵتەرنەتیڤە واقعییەکاندا، ھاوکات خەیاڵ ئەندازیارێکی راستەقینەیە بۆ نەخشەکێشان و دەستکاریکردنی پێکھاتە ھەرە زیندووەکانی ئەو کڵێشەسازییە، خەیاڵ لەم رۆمانەدا کەرەستەیەکی مردوو نییە، بەڵکە خولقێنەرێکی گەورەی رێکەوت و حیکایەت و پەیوەندی و کەسایەتییەکانە. زۆرێک لە ئاڕاستە مۆدێرنەکانی ئەدەبی نوێ پێیانوایە: “رۆماننوس لەتوانایدایە ئەوەت فێربکات کە سروشتی مرۆڤایەتی زیاترو بە بڕشترە لە عەقڵیەتی زانای دەرونناس.” ھەرچەند ئەم رۆمانە زانایەکی دەرونناس نەینوسیوە؛ بەڵام رۆمانوسێکی دەرونناس نوسیوێتی. کە ئەم رۆمانە دەخوێنتەوە دەکەویتە بەردەم شیکاریی و وردبوونەوەیەکی دەرونشیکاریی و قوڵبونەوەیەکی فەلسەفی و مێژوویی و خەیاڵ و دنیابینییەکی ئەدەبی. کەسایەتییەکانی ناو ئەم رۆمانە کەسایەتی ئاسایی و سادەگۆو سادە تیڕوانین و سادە بیرکەرەوە نیین تا زانستی سایکۆلۆژیا بتوانین زەفەر بە راڤەکردن و شیکردنەوەیان ببات، زۆرکات ئەو کەسایەتیانەی کە رۆماننوسە بەتواناکان دەیانخولقێنن دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم زانستی تەکنینکی دەرونناس و شیکەرەوە دەروونییەکان و تاڕادەیەک راڤەکردنیان ھێندە ئاسان نیە لەبەرئەوەی رۆماننوس دەرگای لەیەک کەسایەتی نەکردۆتەوە بەڵکو ئەم رۆمانە لێشاوێک کەسایەتی تیادا دەژی.

“شۆفێرەکە بیرکردنەوەکەی تێکداو گووتی؛ ئەمە شاری گۆڕستانەکانە باشا، شاری ھەژارەکانە، ھەریەکێک پارەی ھەبێت پارچە زەوییەک دەکڕێت و حەوشەکەی دەکات بە قەبرستانی خانەوادەکەی، ھەروەھا دوو ژوریش دروستدەکات بۆ خێزانێک ئاگای لەگۆڕەکان بێت.”( رۆمانی گۆشەگیریی ل ٢٩٣)؛ شاری گۆڕستان، شاری مردووەکان، شاری پاسەوانە زیندوەکانی گۆڕەکان تێکڕا چیرۆکێکی ئاسایی ئەم رۆمانە نیە و بەسەریدا تێپەڕیت، ئەم چیرۆکە قوڵ پەیوەندی بەو مێژووە دێرینەوە ھەیە کە تا ئەم سەروەختە مرۆڤایەتی بەتایبەتی لە رۆژھەڵات نەیتوانییەوە لەو گۆشەگیرییە ئەفسانیەی و خوڕافییە دەرچێت؛ کە دەڵێت تۆ پاسەوانی گۆڕستانی، تۆ زادەی مەرگیت و پشتاوپشتت لەم گۆڕستانەدا دەژین و تۆ جانەورێکی ناو دنیای مۆدێرنیت….

ڕۆڵان بارت

هەقیقەت و گۆشەگیریی

پۆل ئیلوار لە قەسیدەیەکیدا دەڵێت: “شەو ھەرگیز تەواو تەواو تاریک نییە.” تێکڕا ئەم رۆمانەش پێماندەڵێت نە حەقیقەت بەتەواوەتی حەقیقەتە، نە خەیاڵ بە تەواوەتی گوزارشتێکی ڕێکوڕەوانی خەیاڵە، نە عیشق بە تەواوەتی گوزارشتە لەعیشق، مەرگیش ھەمان ئەو مەرگە نییە کە لەزیھن و بیرکردنەوەو بینینی ئێمەدا گەڵاڵەبووەو وێنەیەکی سنوردارو دیاریکراوی ھەیە. پێکرا هەقیقەت لەمەودایەکی نھێنیامێزو نابەرجەستەدا دەرخەری حەقیقەتگەلێکی نابەرجەستەوناواقیعییە، ھاوکات میتا خەیاڵ پێکھێنەری خەیاڵگەیەکی نابەرجەستەو نادیارە، بەڵام دەرخەری حەقیقەتەکانەو فەنتازیاو خەونێکی نەبڕاوەیە. لەبەرئەوە ھەر رووداو حیکایەتێکی ئەم رۆمانە بۆخۆی ھەڵگری زیاد لە ڕاڤەکردنێکە.

 

بارت دەڵێ: مێژوو بەگوتەی بیکۆ بەشێوەیەکی پێچاوپێچ بەرەو پێشەوە دەڕوات. ھەموو شتێکی کۆن دووبارە پەیدا دەبێتەوە، بەڵام نەک لەشوێنە کۆنەکەی خۆیدا، بەڵکو لەشوێنێکی تازەدا. جێژەکان، بەھاکان، ئاڕاستەو “نوسراوە کۆنەکان”دێنەوەو لەجێیەکی تەواو تازەدا جێگیردەبن. ھەروەھا دەڵێ بابەتی ئەوین بەڕای ئەو لە شوێنێکدایە کە لاکان بە”پانتایی خەیاڵپەروەری” ناوزەدی کردووە. بارت دەڵێ لەگەڵ ئەدەبیاتی رابردوو پەیوەندییەکی راستەوخۆو بەردەوام و گەشەکردووی ھەیە، چونکە ئەم ئەدەبیاتە پەیوەندییەو خۆی لەگەڵ خەیاڵپەروەریدا رێکدەخات، یان بەدەربڕینێکی دیکە زیندووی دەکاتەوە.” ئەم رۆمانەش بەھەمان ھەناسە ئیشی لەسەرکراوە. رۆمانوس کار لەسەر زیندووکردنەوەو بەجەستکردنەوەی خەیاڵ و خەون دەکات لەڕێی کۆمەڵێک خەونبینەری نێو دنیای دڵڕەقی مۆدرێنەوە.

 

بارت لەکتێبی ڕۆلان پارت دا باس لەبیرەوەرییەکانی منداڵی خۆی و ناوە تایبەتییەکان و شاری بایۆن دەکات و دەڵێ: “ھەستیارم بە ناوە تایبەتییەکان…چەندینجار بیرم لەوە کردۆتەوە کە سەرکەوتنی نوسەرێک لەرۆماندا پەیوەستە بە دۆزینەوەی ناوی گونجاو بۆ کەسایەتییەکان.”

 

جیاوازییە گەورەکانی ئەم رۆمانە ھەر لەوەدا نییە تۆی خوێنەر لەسەروەختی خوێنەوەی رۆمانەکەدا دەکەویتە بەردەم کۆمەڵێک کارەئەکتەری زۆرو گروپ و ئینسانگەلێکی جیاواز لەبیرکردنەوەو روانین و فەنتازیا، بەڵکە لەبەردەم پانتاییەکی گەورەی خەیاڵپەروەری و کڵێشەسازییەکی فرە خەیاڵ و فرە ئاڕاستەو بێشومار حەقیقەتدا دەمانژێنێت و لەشوێن و کاتی جیاوازدا زیندویان دەکاتەوە. ھاوکات سەرجەم کەسایتییەکان بەجۆرێک لەجۆرەکان لەناو سەرجەم رووداوەکاندا بوونیان ھەیە، وەک تارمایی، وەک گەریدە، وەک مرۆڤی ھاوچەرخ فڕێدراوەنەتە ناو بۆشاییەکی گەورەوە.

 

ئەنتۆلۆژیای گۆشەگیری 

ھایدگەر دەڵێ: “مرۆڤ ئەوەیە کە بەردەوام سەرقاڵی درووستکردنی بوونی خۆیەتی.” بەڵام بە واتایەکی پێچەوانە ئەوەی لەم رۆمانەدا دەژی لێکترازان و ھەڵوەشانەوەی بوون و پەیکەری کەسایەتی و رووداو و نۆستالژیایە، واتە ئەوەی ئەم رۆماونە لەزۆرێک لە رۆمانەکانی دیکە جیادەکاتەوە بینینی دیوە شاراوەکانی رووداو تابۆ و سێکس و پەیوەندی و شۆڕشە، رووتکردنەوەی میژووە لەکاریزمای مێگەل و یۆتۆبیا.

 

” ئاوا کاری پشکنین و وەسفی لاشەکان بوو، لەمەشدا بووبووە نوکتەو جێگەی سەرنجی ھەموو فەرماندەکان، چونکە جاری وابوو وەسفی سەیر سەیری دەنوسی وەکو؛ ھێشتا بزەیەک لەسەر لێوێتی کە نازانین ھۆکارەکەی چیە؟! یان زامداریی روومەتی بە قوڵایی چوار سانتیمەتر، لەلای روومەتی راست، روومەتی کردووە بە دڵی پیاوێکی عاشق، بەڵام سیمای پیاوێکی گیلی داوەتێ، وەک ھەموو عاشقێک لەدونیادا. یاخود نوسیبووی کرمە سپییەکان لەناو کۆمیدا دەھاتن و دەچوون، وەک ئەوەی تاکەشوێنی ئەمین بێت لەم دونیا حیزەدا، یان نوسیبووی؛ تەورەکە لەکاتێکدا دراوە لەناوچاوانی کە غافڵ بووە بە دەستپەڕەوە، ھەربۆیە دەستبەجێ کوشتویەتی، پێدەچێت نیوە زەڕ بووبێت….”(گۆشەگیری ل ٣٦١)

ئەم تێکستە بەسە بۆ تێڕامانی تەواوەتی لە مێژویی مەرگ و شەڕو خوێن لەسەر ئەم ھەسارەیە، لەپشت ئەم گاڵتەجاڕاییە گەورەیەوە بە مەرگ بە جەنگ بە کوشتن ھزرێکی رەخنەگرانەی گەورە ئامادەیە، ئاراڤینیکی بوونگەرایانە ئامادەیە، بوونشەیداییەکی قوڵ دەژی. کریستوا ‌ھێشتا پێی نەنابووە سی ساڵییەوە ژمارەیەک لەگرنگترین بەرھەمەکانی خۆی لەبواری پێکھاتەی دەقە ئەدەبییەکان بڵاوکردەوە، ئەو وردتر و لێورێژتر خۆی دەکات بەنێو فەنتازیای ئەدەبیداو دەرگایەکی دیکەی راڤەکاریی و قوڵبوونەوە لە رەخنەو دنیابینی ئەدەبی نێو چیرۆک و رۆمان دەکاتەوە.

دەرگایەک نەک ھەر دەبێتە دەروازەگەلێکی ڕووناک بەسەر ئەدەبیاتی نوێدا، بەڵکو فڕێمان دەداتە نێو پانتاییەکی گەورەتری روانین و فەنتازیاو بینینەوە کە پێشتر تۆدۆرۆف ئەو رێچکەیەی شکاندبوو کە بینین و تێگەیشتنی ئێمەی بۆ رۆمان و چیرۆک و ئەفسانەکان بۆ ھەتا ھەتایە گۆڕی. ژولیا کریستیڤا دەڵێت؛ زمانی دەقی ئەدەبی سروشتێکی دوو فاقی ھەیە، لەلایەکەوە پەیوەستە بە یاساکانی زمانی رۆژانەوە، لەلایەکی دیکەوە لە کردەی شکاندنی ئەم یاساو رێسایانەدا دێتە ئاراوە. ئیسماعیل حەمەئەمین لەرۆمانی گۆشەگیرییدا ئیشی لەسەر ئەم کڵێشەسازییە گەورەیە کردووە، واتە شکاندنی ئەو یاساو رێسایانەی کە دەبنە کۆتوبەندێکی سنوردار لەئاستی بینین و دۆزینەوەی ماناو دیوە تاریکەکەی رووداو زەمەن و شوێن و کەسایەتییەکان. ئەم رۆمانە چەند تێکشکاندنێکی ترسناکی ئەو زمانە باو و سادەو رۆژانەییەیە؛ بەھەمانشێوە ھەوڵێکە بۆ ھێنانەوەی مێژوو و رووداوەکان و دووبارە تێکشکان و رەنگڕێژکردن و ئاشکراکردنی دیوە تاریک و پەنھانەکەی.

 

ھەموو حیکایەتێک سیحری راکێشانی خۆی ھەیە، لەبەرئەوە بۆئەوەی لەحیکایەتەکان تێبگەیت دەبێت خۆت لەسیحرەکانی بەتاڵبکەیتەوەو راستەوخۆ روانینەکانت ئاڕاستەی دیوی ناوەوەی حیکایەتەکان بکەیت و تەونی ئەو رایەڵە بدۆزیتەوە کە روداوو زەمەن و کارئەکتەرەکان پێکەوە دەبەستێتەوەو پێکڕا تۆڕێکی گەورەی گێڕانەوەمان بۆ دروستدەکات؛ کە بە ئاسانی ناتوانین لێی دەربازبین. کەواتە بەر لەھەرشتێک پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئەفسونەی کە حیکایەتەکان دروستیدەکەن، ئەو ئەفسونی راکێشانەی کە حیکایەتێک لەحیکایەتەکان بۆ ئێمەی گوێگر یان خوێنەر دروستیدەکات، سیحرێکی سادەو ساکار نییە، بەڵکە سیحرێکە دابەشبووە بەسەر ئێستای روانین و رابردووی پڕ لەیادەوەری و سەرزەمینی پڕ لەرواداو و رووبەری پڕ لەچێژی گەڕانەوەو سۆزو نۆستالژیای سەروەختێکی مێژوویی یان ژیانێک کە ئیتر بووە بە مێژوو؛ پێکڕا وێناکردنەوەی ئەو رووداو و بەسەرھاتانە لەئێستایەکی نامێژوویدا کە قوناغێکی باڵای تێکشکانی مێژوو و پیرۆزیی و رووداوەکانە و خاڵیە لەسەروەری و پیرۆزی.

 

تەونی چێژ و نۆستالژیا

“ریتا بەمە ھەوڵیدەدا رازی بکات بێتە ناو بزوتنەوەکەیانەوە، وەک ئەوەی وەھا بڵێت؛ قوزت دەدەمێ ئیشتراکیەتم بەرێ، یان وەک ئیسلامییەکان دەیانگووت؛ حەفتاو دوو قوزو سەدان قنگی غوڵام و مەمکی قوتی بەھەشتت دەدەینێ جیھادمان لێتان دەوێت…” (گۆشەگیری- ل ٢٦٤-٢٦٥)

 

کەواتە ئەو ئەسونە بەرلەھەرشتێک چێژێکی گەورەی لەپشتەوەیە، کە ئێمەی مرۆڤ لەنێوان ئێستاو رابردوودا دابەشدەکات، لەنێوان خەون و واقعدا، لەنیوان سەرکێشی و ژیانی سادەی رۆژانەماندا دابەشدەکات. لەلایەکی دیکەوە ئەو ئەفسونە ئەو مرۆڤە خەیاڵییەی نێو ناخی ھەموومان رادەکێشێت و فڕیی دەداتە ناو نۆستاڵژیاو سەرکێشی و خەیاڵدانەکانەوە. ئەوەی لێرەدا باسی لێوەدەکەین فەنتازیا نییە، چونکە فەنتازیا دنیایەکی دیکەی روانینە، خەیاڵگەیەکی دیکەو جیاوازی مرۆڤی ھاوچەرخە. واتە ئێمە لەبەردەم فەنتازیای نوێدا نیین، ھاوکات ئەو بەریەکەوتنەی ئێمە بەریەککەوتن نییە لەگەڵ فەنتازیای کلاسیکدا، بەڵکە کەوتوینەتە نێو ستراکچەرێکی دیکەی روانینەوە کە مەودا وێنەییەکانی حیکایەتە، بەڵام لەئاستێکی باڵای گێڕانەوەو فیلمێکی سینەمایی یان زینجیرەیەک رووداوی چنراو بەدەست و خەیاڵی رۆمانوسێکی سەرکێش.

 

گەڕانەوە بۆ یادەوەری، گەڕانەوەیە بۆ حیکایەتەکانی یادەوەری، گەڕانەوەیە بۆ ئەو پردی خەیاڵەی کە سۆزێکی گەورە بۆ رابردوو تیایدا دەبێتە ئەو پردی پەیوەندییە گەورەیەی کە مرۆڤی مۆدێرن گرفتاری حیکایەتەکانی ئەو یادەوەرییە دەکات  و فڕێیدەداتە ئەو یادەوەرییە بێشومارەی کە رووبەرێکی گەورەی داگیرکردووە لەئایکۆنی یادەوەرییەکاندا. لەدنیای حیکایەتەکاندا ئایدۆلۆژیا بەبێ زاکیرە ھەڵناکات، ئەو بۆئەوەی لەئێستادا بژی سەرجەم رایەڵەکانی شۆڕدەکاتەوە بۆ مێژوو؛ بۆ ئەو زاکیرە نەتەوەیی و داستانامێزەی کە سەرچاوەیەکی سۆزامێزو وروژێنەرە بۆ دروستکردنی نۆستالژیایەکی نەریتی و ویژدانی بۆ ئێستای ئەو ئاستە ژیارییەو چرکەساتە داڕێژراوەکانی دنیای مۆدرێن و ھەنوکە نۆستاڵژییەکانی روانین و پێکڕا دەبنە چێژێکی ھەستیارو سۆزبەخش بۆ رەنگڕێژکردنی دنیایەکی حیکیاتامێزو بەرجەستکردنی کارئەکتەرەکان لەتەونێکی پڕ لەروداو چیرۆک و خەونبینیندا.

 

سەرجەم ئەو سەروەرییانەی کە ئایدۆلۆژیا لەئێستادا دەیخولقێنێت و لەروانینە ئێستاتییەکاندا بەرجەستەیان دەکاتەوە؛ تێکڕا بەبێ ئەو زاکیرە گەورەیە کە سەرچاوەیەکی گەورەی حیکایەتەکانێتی ناتوانێت بژی و ناشتوانێت روانینیێکی دیکە لەدەروەی ئەو زاکیرەیە دروستبکات، لەبەرئەوە بەردەوام- گەمە بە زاکیرەو مێژوو و حیکایەتەکان دەکات لەپێناو دروستکردنی مەلحەمەیەکی پڕ لەسەرکێشی و خەیاڵدانێکی پڕ لەحیکایەت و پڕ لەیادەوەری، دەرەنجام ئەوەی مرۆڤ فڕێدەداتە ناو حیکایەتەکانەوەو رایەڵە گەورەکانی تێوە دەئاڵێنێت زمانی حیکایەتەکان نییە، بەڵکە ئەو ئەفسون و  چێژو سومبوڵانەیە کە مرۆڤەکان بەسەریاندا دابەشدەبن و ئەو شەیدابوونە گەورەیەیە بۆ رابردوو کە مرۆڤ بەردەوام لەھەوڵی گەڕاندنەوەو لەھەوڵی دووبارە بەرپاکردنەوەیاندایە. بەڵام لەم ڕۆمانەی (ئیسماعیل حەمەئەمین) دا ئایدۆلۆژیا، مێژوو و شۆڕش رووتدەبنەوە لەسەروەری لە یۆتۆبیا لەپیرۆزی.

 

تۆ بۆئەوەی نەکەویتە نێو روانینە داخراوەکانی ئایدۆلۆژیا و سەرزەمینە داخراوەکانی حیکایەتەکانەوە دەبێت لەدەرەوەی ئەو حیکایەتانە لەدەرەوەی ئەو سیحرانە روانینێکی دیکەو دنیابینییەکی دیکە وێنەبکەیت و لەدەرەوەی ئەو گەڕانەوە نادیارە ئاڕاستەیەکی دیکەو فەنتازیایەکی دیکەی باڵاتر لەحیکایەتەکان بدۆزیتەوە. لەبەرئەوەی نوسینی رژد ساتەوەختێکە لەدەرەوەی حیکایەتەکان و لەدەرەوەی ئەو زمانە سادەیەی یادەوەریی، بۆئەوەی نوسین لەیادەوەری لەحیکایەتەکان جیابکەینەوە. دەبێت بە دنیابینییەکی جیاوازەوە کار لەسەر وردەکارییەکانی ئەنتۆلۆژیا بکەین. رۆمانوس لەم رۆمانەدا قوڵدەبێتەوە بۆ نێو ئەنتۆلۆژیای کائەکتەرو روداو و چیرۆک و خەونەکان.

 

ئەو چێژەی دەکەوێتە نێوان حیکایەت و گوێگرەوە، کە دەکەوێتە نێوان یادەوەری و ئێستاوە چێژێکی گومڕاکەرو ساختەکارانەیە، بۆئەوەی مرۆڤی مۆدێرن فڕێبداتە نێو فەزایەکی رابردووئامێزو فەزایەکی پڕ لەوەھمەوە. ئەو چێژە تاکە چێژێکە کە ئێمە گومڕادەکات بە وەھم، ئێمە فڕێداتە نێو وەھمێکەوە کە تەنھا پڕە لەحیکایەت و ھیچی تر، پڕە لەزاکیرەو ھیچی تر، بەڵام کە تۆ دەستبەرداری ئەو چێژە دەبیت و ئەو سیحرە بەتۆدا تێناپەڕێت، ئەو وەھمە چیتر ناتوانێت لەناو زاکیرەو حیکایەتەکانیدا غەرقت بکات. دواجار تۆی رۆمانوس، تۆی خەونبینەر، تۆی خوێنەر بەناو رووداو و کارئەکتەرو چیرۆک و ئاسمانی رۆمانەکەدا گەشتدەکەیەت و وێنەکە بە گەورەیی و بە روونی دەبینی.

 

ڕۆمانی (گۆشەگیری) – ئیسماعیل حەمەئەمین – چاپی دەزگای کەپر و کەڵچەڕ پڕۆجێکت ٢٠٢٠

پۆستمۆدێرنە و گۆشەگیری

“ئەو دەیزانی ئەو جیھانە پۆستمۆدێرنە ھیچیتر نیە بێجگە لە درێژبوونەوەی جوگرافیای خرفبوونی مرۆڤ نەبێت، جگەلە ئالودەبوون نەبێت بە شتکڕین، بە شتکۆکردنەوە، بە خواردنی چەوری پیس و شمەکخۆری بێمانا، ئالودەبوون بە وێرانکردنی ژیانی راستەقینە لەپێناو کاتژمێرێکی رۆڵێکس، قاتێکی جۆرجیۆ ئامانی، عەتری شانێڵ، خواردن لەریستورانتێکی پۆش و نوستن لەھوتیلێکی گران و گاندان و گانکردن و قوندان و کوشتن بۆ وەدەستھێنانی شتومەک.”(گۆشەگیری- ل ٤٤٥-٤٤٦)

وەکچۆن لەچیرۆکی کوندەپەپوی کوێری سادیقی ھیدایەتدا دەکوینە ئاڵناگارییەکی نەبڕاوەی مەرگ و بێدەنگییەوە کە دەڵێت “ئێمە منداڵی مەرگین و ئەوە مەرگە ئێمە لەفڕیوەکانی ژیان رزگارمان دەکات، ھەر ئەوە لە قوڵایی ژیاندا بانگمان دەکاو بەرەو خۆی راماندەکێشێت.”

 

ژیرار ژێنێت توخمەکانی گیڕانەوە لەوتارێکی درێژ و پڕ بایەخدا سەبارەت بە گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچووی مارسێل پرۆست دا نوسیوێتی؛ ئەو ڕەگەزە گرنگانەی وەک کۆمەڵە پایەبەندێکی گرنگ دەخاتەڕوو؛ کە بریتین لە ھاورێکی کە دەربڕینی لۆژیکی زینجیرەی کات و زەمەنەکانی چیرۆکە، ھەندێک جار پێشبینی رووداوەکانە، بۆنمونە لەچیرۆکی مەرگی ئیڤان ئیلیچ ی تۆلستۆیدا بە کۆتاییھاتنی چیرۆکەکە دەستپێدەکات، واتە بەھۆی مەرگ پاشان فلاشباگێک، تەنانەت دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی مناڵی ئیڤان ئیلیچ. ژیرار ژینیت پێیوایە ھەندێکجار چیرۆک لەنیوەی رێگادا بۆ رابردوو دەگەڕێتەوە؛ وەکو مادام بوڤاری کە لەنیوەی چیرۆکەکەدا باسکردنی رۆژگاری منداڵی و تازەلاوی ئێما دێتە کایەوە. بەڵام ھەندێکجار کاتی گێڕانەوە لەتانوپۆو کاتی چیرۆکەکەدا جیاوازیان تێدەکەوێت؛ چەشنی رووداوگەلێک یان پەوەندی کارئەتەرو تێکڕای بابەتەکان بە خودی پاڵەوانی رۆمانەکەوە لە رۆمانی نوێدا. ژینێت ئەم تەرزە بە زمانی پشێوی راڤەدەکات؛ ھاوکات ململانێکانی نێو رۆمانی نوێ ھەر لەگرێچنەی چیرۆکەکانەوە تا دەگاتە زمانی گیڕانەوەو رووداو و ئیستاتیکای شوێن و گێڕانەوەکان لە رۆمانی نوێدا سەنگی ئەو راڤەکارییەمان بۆ رووندەکاتەوە کە چیتر گێڕانەوە سادەکان و دەستبردن بۆ چیرۆکە مێژوییەکان ناتوانن لە رووبەرێکی سادەو ساکاری گێڕانەوەدا بژین. ھەر بۆیە رۆمانی گۆشەگیری دەمانخاتە نێو ململانێییەکی گەورەوە لەنێوان زەمەن و شوێن و گێڕانەوە و لێشاوێک کارئەکەتری جیاواز و رووداوگەلێکەوە کە تێکڕا پەیوەندییەکی ئۆرگانی و قوڵیان ھەیە بە یەکەوە.

 

تۆدۆرۆف دەڵێت “ئەدەبیاتی فەنتازی بەردەوام دروستکەری ھێمایەکی پرسیارئامێزە لەبەردەم خوێنەرو گومانی یەکەمەوە مەرجی ئەدەبیاتی فەنتازییە.” بە واتایەک خاڵیبوونەوە لەفەنتازیاو چیرۆکەکان واتە ڕووتکردنەوەی کارئەکتەرەکان بۆ کۆمەڵێک بوونەوەری بێ رۆح.

 

رۆمانوس و نوسەری بەریتانی سۆمەریست مۆوم کاتێک وتی “تەنھا سێ رێسا ھەیە بۆ نوسینی رۆمان بەڵام کەس نازانێت تا ئێستا ئەو سێ رێسایە چین..” بەڕاستی سەرەتا بە گاڵتەجاریی تێیگەیشتم، دواتر ھێدی ھێدی بۆم دەرکەوت رۆمان نەک تەنھا سێ رێسای ھەیە و کەس نازانێت چین بەڵکو رووبەرێکی گەورەی بیرکردنەوەو رووداو روانین و خەیاڵ و نۆستالژیا و کارئەکتەرەکان بوونیان ھەیە؛ بەڵام رێسایەکی کۆنکرێتی نیە سەرلەبەری ئەو جومگانە پێکەوە ئاڕاستەبکات، ئەوەی رۆمان ئاڕاستەدەکات خودی رۆماننوس و کارئەکتەرو رووداوەکان خۆیانن.

 

تۆی خوێنەر لەبەردەم ئەم ڕۆمانەدا تەنھا لەناو سەرسامی و رووداوگەلێکی پەیوەندیامێزدا نیت، بەڵکو لەناو خەیاڵدانێکی گەورەو لێکترازان و ھەڵوەشانەوەیەکی سەرتاسەری چەمک و روانینە سواو بێ مانکاندایت، تۆ لەبەردەم کۆمەڵێک ماناو خەیاڵ و ئەنتۆلۆژیای نوێدایت. ئەم رۆمانە پێکڕا ھەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ئەو کڵیشەسازییە نابەرجەستە و نائەندازەگەرییەی کە پێکڕا دەبنە نەخشەیەکی زیندوو لەڕایەڵە ھەرە زیندووەکانی روانین و دنیابینی تێکست و شاڕێگەکانی دابڕانی ئێمە لەحیکایەتە گەورەکان و پەراوێزبوونی حیکایەتە بچوکەکانمان، کە سەرەنجام بەریەککەوتنێکی ژیارییە لەتەک خۆماندا وەک تاکەیەک بوونەوەری بیرکەرەوەو ئەو فەزاو مەودا گەورەیەی کە بۆشاییەکی گەورەی لەنێوان پەیوەندییەکان و سەرلەبەری ئەو ماناو بەھایانەدا دروستکردووە کە ئێمەی بیرکەرەوە لەکڵێشەسازییەکی داخراودا بەرھەمدەھێنێتەوەو فڕێماندەداتە دەرەوەی ئەو ترادسیۆنە گەورەیەی کە کایەو پێکھاتە ژیارییەکان پێکەوە گرێدەدات. ھاوکات تاوتوێکردنی مەوداو دنیابینی و سروشت و خەسڵەتە ھەرە جیاکەرەوەکانی دنیای نوێ، کارێکە بۆ نزیکبوونەوە لەکاریگەرییە پڕ لەچالاکی و ھەمەڕەنگییەکانی ئەو دنیا پەنھانەی کە لەنادیارەوە دێ و ئێمە دەخاتە بەردەم روانین و دنیابینییەکی دیکە؛ ئەو پانتاییە ئاوێنەییەی رووداو کارەسات کارئەکتەرەکان و بەتاڵبوونەوەی خود لەبەردەم پەرتەوازەیی و بێئاگاییەکی گەورەی نێو رووداوگەلێکدا دەمانژێنێت کە دەشێ ھەموو ساتێک بە تەواوی وردەکارییەکانییەوە دووبارەببنەوە، بەڵام دووبارە نابنەوەو ئیتر تۆ لەناو حەقیققەتێکی دیکەو لێشاوێک چیرۆک و سەرسامیدا دەژیت.

 

فەنتازیا و ڕووداو 

دواجار رۆمانی گۆشەگیری تەنھا وشەکان نیین دەبنە واتاھەڵگرو رێنیشاندەر بەڵکە سەرجەم رووداو و بەسەرھاتەکان، پێکڕا زەمەن و گێڕانەوە و یادەوەریی و چێژەکان دەبنە ھێزگەلێکی واتایی بۆ بەرھەمھێنانی حیکایەتێکی جیاوازو رەھەندێکی دیکەی بیرکردنەوەو مەودایەکی دیکەی فەنتازی، بەڵام نوێ، فرەچێژێکی تەمومژاوی، بەڵام کاریگەر. بارگاوی بە حیکایەتی گەورەو پەنھانی راستەقینە، بەڵام لەپشت ھەر حیکایەتێکەوە کارئەکتەرێکی زیندوو رووداوێکی زیندوو، دنیابینییەکی جیاواز خۆی حەشارداوە، لەپشت ھەر ئیستاتیکایەکی فەنتازییەوە حەقیقەتێک ئامادەیە، لەپشت ھەر سێکسێکەوە دنیایەک رایەڵ و سەرەداوی راستەقینە و فەنتازی تەونەکانی ئەو حەشارگەو پەنھانانەیان چنیوە.

 

” ھەموو جارێکیش لەو شوێنەدا سوزی ئەوەی وەبیر ڤێسنا دەھێنایەوە؛ کە ئەو سۆزانییەکی ھەرزان و گەمژەیە و ناتوانێت بڕوا بە چیرۆکی ئەوە بکات کە ڤێسنا لەلایەن سەربازە سربییەکانەوە دەستدرێژی سێکسی لێکراوە. ئەو ھەمیشە پێیدەگووت؛ تا ئەو کاتە ڤێسنا زیرەک بوویت، کە توانیوتە قوزت بکەیت بە کەشتیەک و بەنێو سەنگەری سڕب و کروات و موسڵمانەکانی بۆسنە و پۆلیسی سنووری ھەنگاریی و پۆلیسی نەمساویدا، خۆت و دایکتی پێ بپەڕنەوە؛ بەڵام لە ئەڵمانیادا قوزت بووە خەفەت و دایکتی کوشت، دەبڵێ وا نییە؟! چونکە دەبوایە لەسەر پەیمانی خۆت کارێکی ترت بکردایە لەجیاتی گاندان بە دە مارکی ھەرزان، ئاخ قسە بۆ کێ دەکەم، ئەوەی یەک جار قەحبە بێت بۆ ئەبەد قەحبەیە”.

 

ھاوکات ئەم رۆمانە کردنەوەی دەروازەگەلێکی فەنتازی و ئیستاتیکی نوێیە لەکارەئەکتەرو رووداوو و مێژوو، ھەروەھا چەند ھەوڵێکی گەورەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی زەمەن لەپێکھاتەیەکی یەکانگیرو کوتلەیەکی بەرجەستەوە بۆ ھەزاران پێکھاتەی پەنھانی ئەو ساتەوخت و زەمەنە لەبیرکراوانەی کە نەبوونەتە یادەوەری و مێژوو. ھاوکات ئەم رۆمانە سەرلەبەر تێڕوانینی ئێمە بۆ شوێن و مێژوو دەگۆڕێت و دابەشماندەکاتەوە بەسەر حەشارگەی نادیارو نامێژوویی و پێکڕا لەبەردەم رووبەرێکی گەورەی شوێن و مێژوویداین، کە پێکڕا خوێنەر دەباتەوە بەردەم حەشارگەو پەنھانە روحی و جەستەییەکان و دۆزینەوەی رایەڵە ھەرە مەترسیدارو حەشارگەییەکانی پرۆسەی کوشتنی رۆح و جەستە و مێژوو و بەھا ئینسانییەکان، کەشفکردنی مێژوویەکی نادیارو نەبینراوە بە کەرەستەگەلێکی نامێژوویی، دۆزینەوەی ئەو زەمەنە مەنفی و لەبیرکراوانەیە لەڕێی گەڕانی گەریدەیەکی رۆح کوژراو شەڵاڵ لەبەسەرھات و ئازار.

“ئۆرسولا، ھەرگیز باسی منداڵە دوو ساڵ و نیوەکەی نەکردبوو، تەنھا یەکجار نەبێت، ھەردوکیان نەیاندەویست سێکسی شەوە پڕ خومارییەکانیان بە کێشە خێزانیەکانەوە بکوژن، ھەردوکیان گۆشەگیری خۆیان لەنێو ئۆرگازمدا دەخەواند. ئەو ھەمیشە دەیگوت سێکس ماڵی گۆشگیرییە.”(رۆمانی گۆشەگیری-ل٤٥٦)؛ لەدوایەمین ھەناسەی رۆمانەکەدا کارەساتی مەرگی مناڵەکەی ئۆرسولا فڕێتدەداتە نێو ئەو سەرسامییە گەورەیەی کە چ ئازارێک بە ناو ئەم رۆمانەدا بە نێو چێژ و سێکس و گۆشەگیری و خەونبینیندا لەگەڵ خۆیدا وەک گەریدەیەکی سەرسام بە ناو خەونێکدا دەتباتەوە سەر ھەموو ئەو شوێن و رووداوانە و تێدەپەڕیت و ناگەڕێیتەوە .

 

بەڕای شاعیرو نوسەری ھاوچەرخی مەکسیکی “ئۆکتافیۆ پاز”، تازەگەری ڕەخنەیەکی سەرتاسەرییە لە تەواوی پێکھاتەو کەرەستەکانی ژیان و شارستانی و گۆڕانکاری و عەقڵی بیرکەرەوەی مێژوو،  بۆیە لە کتێبی “شیعرو کۆتاییەکانی سەدە”دا دەنوسێ: “سەرەتا تازەگەری بەو سیفەتە دەستیپێکرد کە ڕەخنە بوو لە ئاین و فەلسەفەو ڕەوشت و یاساو مێژوو، ئابوری و سیاسەت، ڕەخنە دیارترین سیفاتی جیاکەرەوەی بوو، ھاوکات سەرجەم ئەو شتانەی سەردەمی نوێ نوێنەرایەتی دەکەن دروستکراوی ڕەخنەیەکە، بە واتایەک پێکھاتووی میتۆدێکە لە گەڕان و خوڵقاندن و ئەرکدا. چەمکە بنەڕەتییەکانی سەدەی نوێ پێشکەوتن و گەشەکردن، شۆڕش، ئازادی، دیموکراسی، زانست و تەکنۆلۆژیا کە لەبنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ ڕەخنە”.

 

لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ ئاماژەیەکی ڕۆڵان بارت کە دەنوسێ؛ بەوەی کە نوسین ئازادییە کەواتە تەنھا ساتەوەختێکە، بەڵام ئەو ساتەوەختە بریتییە لەڕوونترین ساتەوەختەکانی مێژوو؛ مادام مێژوو بەردەوام بەر لەھەرشتێک بریتیە لەھەڵبژاردن و سنوردانان بۆ ئەو ھەڵبژاردنە.” رۆمانی گۆشەگیری پێماندەڵێت نوسین ئازادییە، کوشتنی ترس و یۆتۆپیاو گرێ دەرونییەکانە، ھەڵگەڕانەوەی مێژووە، سەفەرە بە نێو کارەسات و رووداو و چیرۆک و زەمەنە جیاوازەکاندا. ئەم رۆمانە رووتدەبێتەوە لەنوسینی ئینشایی و وەسفی بێماناو قوڵدەبێتەوە بۆ نێو رووداو، کارئەکتەرو گەشتی پاڵەوانەکان لەناو ئێستاو مێژوودا و خاڵیکردنەوەیان لە یۆتۆپیا و کارئەکەتری وەھمی.

 

سەرنج 

*ئاراڤیینا: لێکدراوێکە کە پێکھاتووە لە دوو وشەی مانادار، ئارا: واتە بوون، ڤینا؛ واتە خۆشەویستی، تێکڕا پێکەوە مانای خۆشەویستی بۆ بوون دەگەیەنێت یان بوونشەیدایی.

تابلۆی بەرگی ڕۆمانی گۆشەگیری  (لە کەوتنەخوارەوەی چۆلەکەیەکدا)  هونەرمەند (بالدین ئەحمەد)  .
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌