من کە ئیستا لێرەدا دەربارەی بەرکەوتنم بە یەکەمین چیرۆک لە ژیانما بۆ تۆ دەدوێم، دەیان ساڵ دەگەڕێمەوە بۆ دواوە . دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆژگارێک هێندە لە تەمەنی ساوایی خۆمەوە دوورنەبووم . هێشتا لە ڕووباری ئەو زمانەشیرینەی کە زمانی دایکە و جوانترین زمانی دونیایە هێندە قووڵنەبوومەتەوە . تازە خەریک بوو پیتەکانم یەک یەک لێکدەدان و ڕستەی چکۆلە چکۆلەم لێ دروستدەکردن . هەر وەکو ئەو منداڵەبووم چۆن بۆ یەکەمین جار یاری بە میکانۆ دەکات . ئەوە بهێنە بەر چاوی خۆت دەیان کوتە چوارگۆشەی ڕەنگاو رەنگ لەپێش دەمتا هەڵڕژاون و پێکەوە لکانی ئەو پارچانەش خۆشییەکی ئەوتۆی لە گیان دا خوڵقاندوی کە تا ژیان ژیانە ناتوانی لەیادتا نەمێنێتەوە، هەر دەڵێی کانییەکە و لە ناوەوە هەڵدەقوڵێ و هێواش هێواش سەر دەکا و دەبێ بە قەڵبەزە و ئاو بە ئاسمان دا دەپڕژێ و پڕژەی ئاو دەتشواتەوە و تۆش چەشنی باڵندەیەکی تەڕ لەژێریا ڕاکشاوی. پارچە دەهێنی و پارچە فڕێ دەدەیت، پارچە لەسەر پارچە هەڵدەچنی و دواجار نیگاری درەختێک لە پێش دەمتا قووتدەبێتەوە . بەڵام دواجار و دوای ماندبوون میکانۆ تۆی کردۆتە ئەندازیار و لەجێی خوداوەند تۆ درەختێکت خوڵقاندووە . ئەوە درەختی زمانە و لەناو تۆدا رەگی داکوتاوە و لق و چڵوپۆپی درەخت لە کونە لووت و چاڵی چاوەوە هاتونەتەدەرێ .
ئەو چیرۆکە بەسەرهاتی منداڵێکی گوندییە و لە خێزانێکی جوتیاری بچکۆلە و لە یەکێک لە گوندەکانی ئەم دونیا بەرینەی کە ئێمە هەموو پێکەوە تیا دەژین، ئەویش لەگەڵمان دەژی . ئەو چیرۆکە لەناو گۆڤارێکی منداڵان کە بیرم نایەتەوە گۆڤاری ئەستێرە بوو یان گۆڤارێکی دی . بیرم نایەتەوە ئەو چیرۆکەم بە هەقیقی خوێندۆتەوە یاوەخود لە یەکێک لە خەونەکانی منداڵیما دیتوومە . بەڵام دڵنیام چۆن ناوم فاروقە و لە سکی دایکمەوە هاتومەتە دەرێ، ئاواش دڵنیام ئەو چیرۆکەم خوێندۆتەوە . ئامادەشم تا مردن شەڕ لەسەر ئەوە بکەم کە ئەو چیرۆکە هەیە و من بە دووچاوی خۆم دیتومە . بە کامێرای مێشکم لەو منداڵیەم دا تۆمارم کردووە و تا لەم دونیایەش بە تەنیایی هەر خۆم دەڕۆم و هەمووتان بەجێدەهێڵم و فڕێم دەدەنە ناو قەبرێک، من دەستم لەناو خوڵ و خاکی گۆڕەوە دێنمە دەرێ و هاواردەکەم ئەو چیرۆکەم هێشتا لە یادە و ئەوا بۆتان دەگێڕمەوە . من نامەوێ بڕوا بە مردنی خۆم بهێنم و ناشمەوێ ئێوە جارێ بەجێم بهێڵن تا ئەو چیرۆکەتان بۆ نەگێڕمەوە .
منداڵ وەکو هەموو ڕۆژێکی ژیانی خۆی، لەژێر ئاسمانی گوندا بە ئاگا دێ و وەکو هەموو سپێدەیێکی دی کە لە دەرگا دەڕواتە دەرەوە یەکەمین شتێک نیگاری درەختێکی زەبەللاح سەرنجی ڕادەکێشێت . دەڕوات و دەیەوێت ئاشنا بێت بە هەموو نەخشەی جوگرافی گوندەکەی . لەسەر کانییەک دەوەستێ و دەستێکی تێدەهاوێژێت و دەریناهێنێتەوە تاوەکو لەناو ئاوی سازگاری کانی دا نەتەزێت . سەرێک هەڵدەبڕی و تەماشای بەژنی زراڤ و بەرزی شاخ دەکات و بە ووردی لە هەڵەمووت دەڕوانێ و وێنەی هەڵۆیەک لەناو مێشکی خۆی دا دەکێشێ و هەوڵدەدات هەڵۆ لەوێ لەسەر بەرزترین پنتی شاخ بگیرسێنێتەوە .
منداڵ دەڕوا و دەگەڕێ . لە ئاوایی دوور دەکەوێتەوە و هەموو خەڵک و خوا و ئەوانەی لەوێ دەژین جێدەهڵێت . ئەو دەڕوات و دەیەوێت دونیا ببینێت . ئەو دەیەوێت بزانێت لەو دیووی گوندەکەیانەوە چی دی هەیە . لە پشتی دارێک و لە دووری جۆگە و کانیاوەوە چی دی هەیە . لە ئاسمان دەڕوانێ و خولیای ئەوە گرتوویەتی بزانی ئەو شیناییەی بەو حەواوە وێستاوە چۆن ناکەوێتە خوارێ . باوکی پێیگووتوە لەوێ خوداوەند هەیە . ئەو بەدووی ئەوەدا دەگەڕێ ماڵی خودا بەو ئاسمانەوە چی دەکات . کێ دەچێت بۆ ماڵیان و منداڵەکان لەوێ چ یارییەک دەکەن .
منداڵ دەڕوا و چەند دوور بکەوێتەوە جارێکی دی بۆ ناو گوند دەگەڕێتەوە . هەموو دونیا وێنەیەکی دووبارە و هەزار بارەی گوندەکەی خۆیانە .
من دەزانم هەرچی بکەم بۆمناکرێت ئەو چیرۆکەتان وەکو یەکەمین جاری خۆی بۆ بگێڕمەوە . چونکە من پیربووم و چی دی ئەو کوریژگەیە نیم کە تازە فێری زمانی دایک دەبووم . منیش وەکو ئەو منداڵە گەڕام و هەموو ئەو وێنانەم بینین کە هەمان وێنەی دووبارەی گوندەکەی خۆمان بوون . دەیان ساڵ تێپەڕین و ڕووداوەکان لە مێشکما گەورەبوون و درێژبوونەوە و چی دی ناتوانم تامی ئەو چیرۆکە وەکو خۆی بگەیێنمە تۆ .
منداڵ لەکەناری جۆگەلەیێک دەوەستێ و دەڕوانێ لە نێوانی دوو گاشەبەردەوە ئاوەکە لە ڕەوتی خۆی ترازاوە و ڕووەو گووند رێچکەی گرتووە . بە هەموو ئەندێشەی منداڵی خۆی پێیوایە ئاو دەبێتە لافاو و گوندەکەیان لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت . گوندەیان کە ماڵی دایک و باوکێتی، ماڵی خەون و خەیاڵ و خەونە بچکۆلەکانێتی . ماڵی هاوڕێ و ماڵی هەموو دایک و باوکی هاوڕێکانێتی . ئەو پێیوایە ئەگەر شتێک نەکات و بەوەدا ڕانەگات رێچکەی ئاوەکە بگرێت، هێندە نابات ئاوی سەرشێت گوندەکەیان لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و داروپەردووی بەسەریەکەوە ناهێڵێت . منداڵ کە تاوێ لەوەوبەر وەکو ئەندازیارێک لەسەر پێکەوەنانی پارچە درەختەکان درەختێکی خوڵقاندبوو و ئارەزووی ئەوەی نەبوو جارێکی دی پارچە پارچە درەخت لەبەر یەک هەڵبوەشێ . هەڵوەشانی درەخت زویرکردنی هەموو ئەو پەلەوەڕانەشبوون کە ئەو ڕۆژە لەنزیک ماڵی ئەوانەوە هەڵدەفڕێن .
من لە یادمە و نازانم ئایا هەر بە تەنیا من ئەو چیرۆکەم خوێندۆتەوە یان کەسانێکی دیش. خۆزگە دەخوازم خوێنەرێکی دی لەو ڕۆژگارەی هەفتاکان پەیدا بێ و بە تەواوی بۆ جیهانی ئەو چیرۆکەم بگەڕێنێتەوە . لە وردودرشتی ئەو ڕووداوانەم وشیار بکاتەوە و جارێکی دی سەرلەنوێ و بەشێوازی خۆی، بەشێوازی هەقیقی چیرۆکەکەم ئاشنابکاتەوە .
من باسی یادی خۆم دەکەم، کە دوورنییە یادی چیرۆکەکەش بێ . لە یادی من دا منداڵ مەچەکێکی خۆی دەخاتە نێوانی دوو گاشەبەردەکە و دەیەوێت ئاوەکە بە ئاقارێکی دی دا بەرێت . ئەو نایەوێت گوند بێ بەژێر ئاوەوە . چۆن چاوی بەرایی دێنێت دایکی ببینێت ئاو لەگەڵ خۆی بیبات و جارێکی دی نەیبێنێتەوە . ئەگەر لەڕووی هەموو دونیادا وەستاوەتەوە ناهێڵیت گوندەکەی وێران بێت . منداڵ مەچەکی دەهاوێژێتە نێوانی دوو گاشەبەرد و بەر بە لێشاوی ئاو دەگرێ و بۆ تاوێک ئاسودەیە کە زاڵ بوو بەسەر گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکەدا .
منداڵ سەرەتا کارەکەی سادەبوو، بەڵام هێواش هێواش هەستی بەوەکرد کە ئەو لەبەردەم کارێکی تاقەتپڕوکێنایە . هەر ئەوەندەی دەستی بجوڵێنێ، ئیدی کار لەکار دەترازێ و رەنجەکەی بەخەسار دەچێت . منداڵ بڕیار دەدات هەرچی کردووە لە بڕیارەکەی خۆی پەژیوان نەبێتەوە . نەک هەر دەست ناجوڵێنی بەڵکو وەکو پاڵەوانێک لە شوێنی خۆشی ناجوڵێت . خۆر لەمسەری ئاسمانی ئەو ڕۆژەوە دەڕوات بۆ ئەوسەر .. تاریکی دادێت و شەو باڵی بەسەر زەمیندا دەکێشێت و منداڵ هەر لەوێدا لە کەناری ئەو جۆگەلەیدا و لە نزیکی ئەو دوو تاشە بەردەوە دەمێنێتەوە .
من لێرەدا پڕبەدڵ دەمەوێت ئاراستەی چیرۆکەکە ڕابوەستێنم و چی دی لەوە واوەتر نەڕۆم . ئەوکات نەمدەزانی چی ڕوودەدات و چیرۆکەکەم بەیەک هەناسە خوێندەوە، بەڵام ئیستا دەزانم چی ڕوودەدات و هەرچی دەکەم بۆم ناکرێت لاپەڕەیەکی دی لێ هەڵبدەمەوە . چەندم پێخۆشە منیش وەکو بوێری ئەو منداڵە بۆمبکرایە دەستم لەسەر چیرۆکەکەم دابنایە و نەمهێشتایە بۆ هەتا هەتایە هیچ کەسێک یەک لاپەڕەی دی لێهەڵبداتەوە . بەڵام من چیرۆکنوسێکی خۆپەرستم و چاوەڕوانم لەدوای تەواوبوونی چیرۆکەکەم ئێوە گوڵبارانم بکەن . باکم نییە و جش لەوەی پاڵەوانی چیرۆکەکەم دەکوژم و دڵی ئێوەی خوێنەریش پڕ دەکەم لە ئێش و ژان . من و ئەو پاڵەوانی چیرۆکە چەند لەیەکدوورین . ئەو لە پێناوی پاراستنی گوندەکەی گیان دەبەخشێت، کەچی منیش لە پێناوی ئافەرینێکی خوێنەر ئەو دەکوژم و باکم بە هیچ نییە .
لەگەڵ ئەوەشا بۆمناکرێت تۆم تا ئێرە هێناوە و هەروا بەدەستی خاڵی بتنێرمەوە . دەزانی جاران کە چیرۆکبێژەکان بە هەبوونەبوو دەستیان بەگێرانەوەی چیرۆکەکانیان دەکرد تەنیا بۆ ئەوە بوو کە تۆ بەردەوام بزانی لەبەردەم قودەرتی ئەواندا وەستاوی . ئاخر ئەوان دەیانتوانی بۆ هەر کاتێک خۆیان بیانەوێت هەبوو بکەن بە نەبوو و لە نەبووش هەبوو دەربهێنن . ئەوان بۆ هەر کاتێک بیانویستایە و لە کوێ دا خۆیان ئارەزوویان بکردایە دەیانتوانی بڵێن، ئیدی من هاتمەوە و هیچیان نەدامێ . بەڵام خۆ من خۆشمبکوژم بۆم ناکرێت بە قودرەتی ئەوان ئەو چیرۆکەت بۆ بگێڕمەوە .
من دەگریام و دەپاڕامەوە بۆ ئەوەی لەوێدا چیرۆک تەواو نەبێ و بەوجۆرە پاڵەوان نەمرێ . کاشکا بۆم بکرایە ! بە ئارەزووی من نەبوو . ڕزگارکردنی پاڵەوان و دوورخستنەوەی لە مەرگ لەدەستی من ترازابوو . ئەو دەبوو بمرێ چونکە خولیای مەرگ لە کەلەیدا بوو . ئەو دەبوو بگاتە ئەو کۆتاییە چونکە لە دڵیا خۆشەویستی ئەوانی دی هەبوو . ئارەزووی گیانبازی لە چارەنووسی نوسرابوو .
ئەو شەوە منداڵ نەگەڕایەوە، دایک و باوک هەموو گوندی بۆ گەڕان منداڵ نەبوو . هەموو خەڵکی ئاوایی لەگەڵ دایکوباوکی چاو گریاوی منداڵ، بۆ منداڵ دەگەڕان و کەوتنە پاماڵکردنی دەشتودەر . دواجار کە منداڵ دۆزرایەوە، گیانی لە نزیکی تاشەبەردەکەوە دەرچووبوو . بەڵام بڕوا ناکەم هیچ یەکێک لە خەڵکانی دێ بەو ئەندێشەیەیان زانیبێ کە لە دڵی سادە و ساوای منداڵەکەدا بوو .. ئەو ئەندێشەیەی کە منداڵ لە پێناوی ئەواندا گیانی بەخشی بوو .