![]()
ئەبوغرێب لە ڕوانگەی بۆتێرۆوە
مەحموود نەجمەدین

فێرناندۆ بۆتێرۆ نیگارکێشێکی ناوداری کۆڵۆمبیا و جیھانە، تابلۆکانی لە مۆزەخانە گەورەکانی دنیادا دەبینرێن، پەیکەرەکانی لەسەر شەقام و نێو باخچەی گەلێک وڵاتی دنیادا دانراوە و خەڵکی وێنەی لە پاڵدا دەگرن، لە ئەورووپا تا وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکای لاتین بۆتێرۆ ناوێکی ناسراوە و بەشێوازە تایبەتییەکەی خۆی سەرنجی بینەرانی ھونەری شێوەکاری ڕاکێشاوە و بەھۆی پڕۆژەی ھونەری ئەبوغرێبەوە لە جیھانی عەرەبیشدا ناسراوە و گرنگی بە ھونەرەکەی دراوە، قسەی زۆری لەسەرکراوە، ئەمەش لەپای ئەوەی لە زنجیرە تابلۆی ئەبوغرێبدا ئەمریکییەکانی وەک جەللاد و بەعسییەکانی وەک قوربانی نیشانی دنیا داوە و لەو تابلۆیانەدا وێنەی عێراقییەکانی کێشاوە چۆن ئەشکەنجە دەدرێن، نێوەندی رۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی عەرەبییش ئەو ھەلەیان قۆستەوە و بابەتەکەیان گەورەتر کرد تاوەکو بە جیھان بڵێن ئەمریکا ستەم لە عەرەب دەکات.
زنجیرە تابلۆی ئەبوغرێب، لە پەنجا تابلۆ پێکھاتبوو، بۆتێرۆ بەو شێوازەی خۆی ئاڵدووزی کردن و بۆ یەکەمجار ساڵی2005 لە ئەورووپا نمایشکران، دواتر لە چەندین وڵاتی دنیادا نمایش کرا، بەڵام لە ئەمریکا ڕێگە نەدرا نمایش بکرێ. پڕۆژەکە زنجیرەیەک تابلۆبوون گوزارشتیان لە زیندانی ئەبوغرێبی دوای ڕووخانی بەعسییەکان دەکرد.

بۆ ئێمەی کورد زیندانی ئەبوغرێب شوێنێکی تۆقێنەرە، ڕۆژگارێک ئەبوغرێب دۆزەخی کورد و نەیارەکانی بەعس بوو، دنیاش لە ئاستی ستەمکاری بەعس کڕوکەڕ بوو، کەس بە ھاواری کورد و نەیارەکانی بەعسەوە نەھات، کە چۆن لە ئەبوغرێب و نوگرەسەلمان و زیندانەکانی موسڵ و… ئەشکەنجە دەدران. کەچی دوای ئەو ھەموو ساڵە، بۆتێرۆ لەو زنجیرە تابلۆیەدا ئەبوغرێبی وەک زیندانێک بۆ عەزاب و ئەشکەنجەی بەعسییەکان وێنا کرد. ئەبوغرێب لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعسییەکاندا چاڵی مەرگی کورد و نەیارەکانی بەعس بووە، بەڵام پاش ڕووخانی دەوڵەتەکەی سەدام بوو بە زیندانێک بۆ خودی بەعسییەکان. بۆتێرۆیش لەو زنجیرە ھونەرییەدا بەعسییەکانی وەک قوربانی و ئەمریکییەکانیش وەک جەللاد نیشانداوە. بەجۆرێک کەسێکی ئەورووپی ئەگەر زانیاری لەبارەی ئەبوغرێب و بەعسەوە نەبێ، لەبەرانبەر ئەو تابلۆیانەدا دڵی بۆ بەعسییەکان دەکوڵێ و نەفرەت لە ئەمریکا دەکات. نەنگی ئەم پڕۆژەیەی بۆتێرۆ لەوەدایە نەیتوانیوە بە مێژووی عێراق و ئەبوغرێبدا ڕۆبچێت و وردتر کاری لەسەربکات، نەیتوانیوە یا نەویستووە؟ ئەمە ئەسڵی بابەتەکەیە، ھونەرمەندێکی کۆڵۆمبی، گومانی تێدا نییە ئەمریکای خۆشناوێت. ڕاستە بۆتێرۆ وێنەی قوربانی دەکێشێ، بەھونەرەکەی وێنەی تووندوتیژییەکان ئاڵدووز دەکات و ھەمیشە بە ھونەرەکەی ڕووبەڕووی تووندوتیژی و جەنگ بووەتەوە. ئەمما ئەگەر وردتر کاری لەو پڕۆژەیە بکردایە، دەبوو بەشێک لە تابلۆکانی گوزارشت بوایە لەو قۆناغەی ئەبوغرێب، کە بەعسییەکان کردبوویان بە چاڵی مەرگی کورد و نەیارەکانیان. ئەو پڕۆژەیەی بۆتێرۆ لە جیھانی عەرەبیدا گرنگی زۆری پێدرا، چون ئەوان پێیانوایە سەدام سەرکردەیەکی تاقانەی عەرەب بووە و ئەمریکای داگیرکەر بە داگیرکردنی عێراق و لە سێدارەدانی سەدام، شکۆی عەرەبی شکاندووە.
گەلێک سەرچاوە هەن باس لە ئەشکەنجە و سزا قورسەکانی سوپای ئەمریکا دەکەن لە زیندانەکانی عێراق، بەڵام ئەو سەرچاوانە ناگەڕێنەوە بۆ ئەو سەردەمەی وەختارێک بەعسییەکان لە دەسەڵاتدا بوون چییان کردووە؟ ھەر ئەو ئەبوغرێبە ڕۆژگارێک زیندانێکی تۆقێنەر بووە و ڕۆحی نەیارەکانی سەدامی تێدا کێشراوە. بۆتێرۆ لە کارەکەیدا قووڵ نەبووەتەوە، دەنا دەبوو بیزانیبایە ئەبوغرێب ڕۆژێگارێک بەعسییەکان ھەزاران کەسیان لەو زیندانەدا ئەشکەنجە داوە، بەڵام ئەم ھونەرمەندە تەنھا لەسەر ئەو قۆناغە کارەکەی بنیات ناوە و نە گەڕاوەتەوە بۆ ڕابردووی ئەبوغرێب و ئەمەش خەوشی ئەو پڕۆژەیەیە. هونەرمەند و کەسی داهێنەر دەبێ دوور لە ئایدۆلۆژیا کار لەسەر ڕاستییەکان بکات. ئەگەر بەو جۆرە کار نەکات، بەرهەمەکەی وەکوو پڕۆژەکەی بۆتێرۆی لێ دێ.

ژیان و ھونەر
بۆتێرۆ ساڵی 1932 لە شاری مێدێلین لەدایکبووە. باوکی پیاوێکی کاسب بووە، بۆتێرۆ چێژی لە سۆزی باوکایەتی نەبینیوە، تەمەنی چوار ساڵ بووە باوکی بە جەڵتەی دڵ مردووە و دایکی بەرگدروو بوو، بەو پیشەیە بەخێوی کردووە.
بۆتێرۆ ساڵی 1948 لە تەمەنی 16 ساڵیدا یەکەم وێنەی لە ڕۆژنامەی ئێل کۆڵۆمبیانۆدا بڵاوکردووەتەوە، کە یەکێک بووە لە گرنگترین ڕۆژنامەکانی شارەکەی و بەو بڕە پارەیەی وەک پاداشتی وێنەکانی وەریگرتووە پەرەی بە خوێندنی ئامادەیی داوە. بۆتێرۆی گەنج لەسەر ئەو کارەی بەردەوام بووە، ماوەیەک وەک وێنەکێشی ڕۆژنامە کاری کردووە. لە ساڵی 1952 بەداھاتی گەلەرییەکەی گەشتێکی بۆ ئەورووپا کردووە، چووەتە بەرشەلۆنە و دواتر ڕووی لە مەدرید کردووە، لەوێ لە ئەکادیمیای سان فێرناندۆ خوێندوویەتی و زوو زوو سەردانی مۆزەخانەی پرادۆی کردووە، ساڵی 1953 رووی لە پاریس کردووە، ئەو ماوەیەی لە پاریس بووە زۆربەی کاتەکانی لە مۆزەخانەی لۆڤەر بەسەربردووە و چاوەکانی لەسەر بەرھەمە ھونەرییەکانی ئەو مۆزەخانە گەورەیە بووە. لەو قۆناغەی لە فلۆرانسا ژیاوە بەرھەمی ھونەرمەندانی سەردەمی ڕێنێسانس کاریگەریی لەسەر ھونەرەکەی ھەبووە. بەڵام پاریس بۆ ئەو سەرچاوەی ژیان و ئیلھام بوو، بە زۆری لەوێ ماوەتەوە و ساڵی جارێک گەڕاوەتەوە شارەکەی خۆی. ئەم ھونەرمەندە زیاتر لە پەنجا پێشانگای لە شارە گەورەکانی جیھان کردۆتەوە و ساڵی 1964 یەکەم ھەوڵی خۆی بۆ دروستکردنی پەیکەر داوە، بەڵام بەھۆی کێشەی داراییەوە نەیتوانی پەیکەرەکانی بە بڕۆنز چێ بکات، بۆیە بەناچاری بە مادەی ھەرزانتر پەیکەرەکانی دروست کردووە، ھەر لەبەر ئەوە ماوەیەک لە پەیکەرسازی دابڕاوە، تاوەکو ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەڕاوەتەوە بۆ کاری پەیکەرسازی و بۆ یەکەمجار ساڵی1977 لە کۆشکی گەورە لە پاریس پەیکەرە بڕۆنزییەکانی نمایش کردووە.
10ی حوزەیرانی 1995 ڕۆژێکی ناخۆشی ژیانی بۆتێرۆ بوو، لەو ڕۆژەدا کە بۆمبێک لە ژێر یەکێک لە پەیکەرە برۆنزییەکانی لە شاری مێدێلین دانرابوو، تەقییەوە و بووە ھۆی کوژرانی 23 کەس و برینداربوونی 200 کەس، تاوانبارانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون، بۆتێرۆیش بڕیاریدا پەیکەرە زیانلێکەوتووەکە وەک “مۆنۆمێنتی گەمژەیی و تاوانکاری وڵات” لە شوێنی خۆی بھێڵێتەوە و نۆژەنی نەکردنەوە. ساڵی 2004 زنجیرەیەک تابلۆی نمایش کرد، ئەو بەرهەمانە پڕۆژەیەک بوو لەسەر تووندوتیژییەکانی کۆڵۆمبیا. ساڵی 2005 پڕۆژەی زنجیرە تابلۆکانی ئەبوغرێبی نمایش کرد. ئەو پڕۆژە ناکامڵەی بەعسییەکانی کرد بەفریشتە و چاوی لەو ستەمکارییەی بەعس بەرانبەر کورد کردی، پۆشی.
بەرھەمەکانی ئەم ھونەرمەندە تەنھا لە شەقام و پارک و مۆزەخانەکاندا نییە، بەڵکوو گەلێک نووسەر بۆ ڕازاندنەوەی بەرگی کتێبەکانیان تابلۆکانی ئەویان بەکارھێناوە، لەوانە نووسەری ناودار ماریۆ ڤارگاس یۆسا، ساڵی 2023 بەرگی ڕۆمانی “بێدەنگی خۆم بۆ ئێوە تەرخان دەکەم” بە تابلۆیەکی بۆتێرۆ ئاڵدووز کردووە، کە مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979.
بۆتێرۆ تابلۆ و پەیکەرەکانی بەشێوەیەکی قەبە و قەڵەو دروست کردووە، کە لە قەبارەی خۆیان زۆر گەورەتر و قەبەترن، تا ئەندازەیەک ستایلێکی کارتۆنی و کۆمێدییان ھەیە، ئەمەش ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای ژیانی ھونەریی کە کاریگەریی ھونەرمەندانی ئەو سەردەمەی لەسەربووە. فیگەرەکانی بۆتێرۆ جۆرێک لە کۆمیدیا بەرجەستە دەکەن و هاوکات سەر بە تەنزن، تا ڕادەیەک کارتۆنین، وێنە و پەیکەری پیاو و منداڵ و سەگ و پشیلە و ئەسپ و… ھەموویان بەو شێوە قەبەیەن. لە کۆڵۆمبیا تا ھۆنگ کۆنگ بۆتێرۆ بە خانمە قەڵەوەکانی ناوی دەرکردووە. لە سەنگافورە ژمارەیەکی زۆر لە پەیکەرەکانی فێرناندۆ بۆتێرۆی دەبینرێ.
ھەندێک لەو پەیکەر و وێنانەی بۆتێرۆ لەگەڵ ئەوەی قەبە و قەڵەون، ھاوکات ڕووتن، بۆ ئەم جۆرە کارانەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بووەتەوە، ساڵی 2020 پەیکەرەکەی ئادەم و حەوا لە سەنگافوورە مشتومڕی زۆری دروستکرد. لە ڕووی تێماوە زۆرجار ئەو ستایلەی بۆتێرۆ وەک ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەژمارکراوە و ھەندێک لە تابلۆکانی ھەستی ھۆشیاری و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. لە یەکێک لەو بەرھەمانەی باس لە گرنگی خود و ڕۆڵی گەندەڵی سیاسی دەکات، لە تابلۆکەدا سەرۆکی سوپا جلوبەرگێکی سەربازیی جوانی لەبەردایە و ژنەکەشی پۆشاکێکی لەبەردایە لە تووکی ڕێوی دروستکراوە و سەری ئاژەڵەکە بەناوەڕاستی جلەکەدا ھەڵواسراوە.

یەکێکی دیکە لە تابلۆ بەناوبانگەکانی بۆتێرۆ، تابلۆی مۆنالیزای بۆتێرۆیە. مۆنالیزا ئەو تابلۆ بەناوبانگەی ھونەرمەندی ئیتاڵی لیۆناردۆ داڤنشییە، زۆر لە ھونەرمەندانی پاش خۆی تاوەکو ئەمڕۆ وێنەی مۆنالیزایان کێشاوەتەوە، جا ھەندێک وەک خۆی وێنەکەیان کێشاوەتەوە و ھەندێک داھێنانیان تێدا کردووە و بەو جۆرەی خۆیان ویستوویانە وێنەیان کێشاوە. مۆنالیزای بۆتیرۆش یەکێکە لەو تابلۆیانە، کە بۆتێرۆ بەو شێوازەی خۆی وێنەکەی کێشاوە، تابلۆکە وێنەی مۆنالیزایە لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا، مۆنالیزایەکی چەور و قەڵەوە، وەک ھەموو بەرھەمەکانی دیکەی بۆتێرۆ.


