جێگهی خۆیەتى بپرسین بۆ شارەکە پربووە له پهیکەرى دووبارە و سێ بارەى کەسایەتیەکانى شارەکە؟ دەبێت کێشەکە لە کوێدا بێت، کە لەشارێکى وەک سلێمانیدا، سێ پهیکەرى نالى و دوو پهیکەرى شێخ مهحمود و سێ پهیکەرى پیرەمێرد و لە ئێستادا دروستکردنى پهیکەری دووهەم بۆ شێرکۆ بێکەس لە یادى مردنەکەیدا؟
ئەمجارە باسى پهیکەرەکە لە ڕووى هونەری و فهزا و شوێنى پهیکەرەکە ناکهین، ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ هاروڕێیانى پهیکەرتاش و شارەزاکان لەم بوارەدا. سهیر لهوهدا بووه پهیكهرتاشهكان تائێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر بەو هەموو ناشرینیە، کە بەرامبەر بەم شارە دەکرێت و نایبینین!
تەنها پرسیار دەکهین؛ بۆ دوو پهیکەر بۆ یەک کەس دانرێت لەم شارەدا؟
زۆربەى زۆرى ئەم پهیکەرانە بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیرى و هونەری سلێمانى هاوکارى و سپۆنسەرى كردوون و لەکاتى هەڵدانەوەى پهیکەرەکە نوێنەرەکەیان وتار دەخوێنێتەوە و دەست خۆشى دەبەخشێتەوە. دهبێت حیکمەتەکە لە کوێدابێت پیکەرەکان دوو بارە و سێ بارەبن؟
چەند ساڵێک لەمەوپێش لەبەردەم دەزگاى سەردەم پهیکەرێکیان بۆ شێرکۆ بێکەس دروستکرد، هەموومان دڵشاد بووین بەو پهیکەرە گووتمان بەراستى شێرکۆ بێکەس شایەنى ئەو پهیکەرەیە. بەڵام ئێستا بۆ پهیکەرى دووهەم دروستدەکەن وە بۆ لە پێش گۆڕەگەى دایدەنێن؟
ئایا گۆڕەگەى بەس نییە بۆ ئەو، پرسیارهكه ئهوهیه ئیتر لەمەو دوا کەچەپکێ گوڵمان برد بیخهینە کوێ لە سەر گۆڕەکەى داینێن یان لە بەردەم پهیکەرەکەى؟
کەسێک پێمان ناڵێت بۆچى باشە و بۆچى جوانە ئەم هەموو دوو بارەیە و لە خزمەت کێداییە؛ لەخزمەت کەسایەتیەکەدایە یان لە خزمەت هونەرمەندەکەدایە؟
کەسێ پێمان ناڵێت؛ چۆن لە دامودەزگاکانى ئەم شارە ڕەزامەندى بۆ وەردەگیرێت؟
کەسێک نەبوو بڵێ؛ ئێمە پهیکەرى ئەو شاعرە گەورەیەمان ههیە بهجوانترین شێوه لهبهردهم دهزگاكی سهردهم و پێوست ناکات پارە و بوجەى بۆ پهیكهرێكی كۆپی تەرخان بکهین ؟
شارەکە پێوستى بە شتى دیكه هەیە، وەک لەدووبارە بوونەوەى پهیکەرێک؟ لە هەمانکاتدا هەموومان ئاگادار بووین لە کاتى ناشتنی (شێرکۆ بێکەس) دا هیچ دامودەزگایەک ڕازینەبوون لەپارکى ئازادى بنێژرێت. دوایش کە ڕازیبوون لەسووچێکى پارکەکە دانرا، بۆئەوەى کەس نەیبینێ و بۆئهوهی ئەو شاعیرە گرنگهمان بچوک بکەنەوە. ئێستا پێوستدەکات پرسیار بکهین: گەر پرسیار نەکهین ڕۆژێک هەڵدەستین لەخەو و شار پربووە لە پهیکەری دیکتاتۆرێک!