جەین سیبێرگ -١٩٣٨- ١٩٧٩ Jean Dorothy Seberg November 13, 1938 – August 30, 1979)

لەگەڵ جەین سیبێرگ فیلمێکم دروستکرد


Loading

نیکۆڵاس ئیلیۆت

لە ساڵی ١٩٧٤ دا،   فیلیپ گارێل ی بیست ‌وشەش ساڵان، جەنگاوەری فیلمە کۆنەکان و خاوەنی پێنج فیلمی درێژ و چەندین کورتە فیلم، کە هەندێکیان لەژێر کاریگەریی (ئێل ئێس دی)  لە یەک شەودا و هەندێکیان لە بیابانەکانی مەغریب و زۆرێکیشیان لەژێرکاریگەریی سەرچاوەی ئیلهامەکەی، گۆرانیبێژی ئەڵمانی، نەکۆ، دەرهێنراون.  تەرخانکردنی هەموو شتێکیش لەپێناو وێنەگرتنێکی شاعیرانە و بە سوودوەرگرتن لە ئازادیی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی ڕێگەیەکی نوێی لە ژێرزەمینەکانەوە واڵاکرد بۆ دروستکردنی ئالیگۆریی ناکۆتای خێزان و ئاشقان.

 

جەین سیبێرگ ئەستێرەیەکی تەمەن سی‌وشەش ساڵەیی ئەمریکی بوو کە لە پاریس دەژیا، کەشفکردنی سیبێرگ دەگەڕێتەوە بۆ ئۆتۆ پریمینگەر، هەروەها بۆ ڕۆڵگێڕانی لە کارەکتەری پاتریشا لە یەکەمین فیلمی درێژی ژان-لوک گۆداردا بەناوی تەنگەنەفەسی، بەڵام ئێستا لەنێوان خەڵکیدا زیاتر بەهۆی ڕۆڵگێڕانی لە فیلمە پڕ بینەرەکەی  فڕۆکەخانەوە دەناسرێتەوە. هەر بەو جۆرەی گارێلدوای مەرگی سیبێرگ لە ڕۆژنامەکان بڵاویکردەوە، پەیوەندیی ئەم جووتە نامۆ و سەیرە بە دیدارێکی ڕێکەوت دروست دەبێ. پێکەوە فیلمی تەنیایی قووڵ[1]، فیلمێکی ڕەش‌وسپیی ٣٥ ملیمەتریی بێدەنگیان دروستکرد، کە تەقریبەن تەواوی فیلمەکە بە گرتەی نزیک (کلۆز-ئەپ)  وێنەگیراوە و کارێکی بێوێنەیان لە ئەزموونی سینەمایی دروستکرد. فیلمی تەنیایی قووڵ، بە گرتە لەیادنەکراوە ژنانەییەکانی، کارێکی هێندە گەورەی ئەنجام داوە کە دەکرێت بە ڕۆڵی فالکۆنتی بەراورد بکرێت لە فیلمی ئازارەکانی جۆن ئارکی درایەر.

 

لەگەڵ ئەوەشدا گارێل زۆر زیاتر لەو پیلانە دووبارانەی هونەرمەندە گەورەکان لە پاسیڤ بوونی ئەکتەرەکان هەنگاوی دەنا؛ لەم مۆدێلەدا ئەکتەر داوای وێنەگرتنی دەکرد و دەرهێنەر لە پشت کامێراوە تەماشای دەکرد. شێوازی کارکرنی گارێل بەو جۆرە بوو؛ کە هەموو ڕۆژ کامێراکەی دەبرد بۆ ماڵی سیبێرگ و پڕۆڤەیان دەکرد و وێنەی بارودۆخی درامتیکیی (سیبێرگ) ی دەگرت. هەندێک کات لەگەڵ ئەکتەرانی دیکەی وەکو( تینا ئومۆنت) ی دڵڕفێن و (لۆرێنت تێرزیف) و (ژان-پیێر کالفۆن) بەمجۆرە پڕۆڤەیان دەکرد،  بەڵام لەگەڵ ئەماندا زۆربەی کات بە تەنیا.

 

وێنەگرتنی ڕووخساری سایکۆلۆجی ئەم کارە کە بێگومان پڕ ئازارە (بە خۆکوشتنی پێنج ساڵ دواتری سیبێرگ بە حەب، ئازاردەرتر دەبێت) بەڵام بەتەواوی لێڵ و ناڕوون. چونکە ئەم فیلمە  لەیەکەم سەرنجداندا وەکو فیلمێک دەربارەی نواندن دەردەکەوێت. میتۆدی ئەکتەر[2]  جەین سیبێرگ، بڕیار دەدات ئێمە چی ببین و دەبێت ئێمەش بڕیار بدەین چی شتێک واقیعییە؛ ئەو چ هەستێکی هەیە و چ شتێک هەقیقەتە. هەموو کەسێک دەکرێت باوەڕ بەوە بهێنێت فیلمێک دەربارەی نواندن تا  ڕاده‌ی  پڕۆڤەیەکە بۆ نمایشی سەرەکی، دەکرێت بیر لەوەش بکرێتەوە کە کاتێک (گارێل و سیبێرگ)  ڕێکەوتبێتن کە دیمەنی خۆکوژیی سیبێرگ چۆن ڕوو بدات.

ڕووداوەکانی دیمەنەکە بەوجۆرە نەڕۆیشتە پێش وەک ئەوەی ئەوان لەبارەیەوە دوا بوون و لەسەری ڕێکەوت بوون؛ڕۆیشتنی سیبێرگ بۆ جێخەوەکەی و قووتدانی چنگێک حەپ. بەڵام لەو کاتەی کە سیبێرگ لەتاو ئازار خۆی گرمۆڵە کردبوو گارێل ترسا و کامێرەکەی فڕێدا، ڕۆیشت بۆ یارمەتیی ئەو ژنەی پەلەی مەرگی بوو و تەمرینی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو دەکرد. بەڵێ، دڵتەزێنە. بەڵام بەهیچ جۆرێک خەمهێنەر نییە: ڕووخساری سیبێرگ بە شێوەیەکی تایبەت، بە هەستە گەورەکانەوە زیندووە، قودرەتی سیبێرگ کاتێک تەماشای کامێرا دەکات و ڕاستەوخۆ لەگەڵ پیاوی پشت کامێراکە دەدوێت.  ئەم نیگا تیژە نیگای پاتریشیایە فیلمی( تەنگەنەفەسی) کاتێک لە کۆتایی فیلمەکەدا دەڕوانێتە لێنزی کامێرا و دەیەوێت بینەران بەرگریی لێبکەن و لە خیانەتی ئەو لە (میشێل) تێبگەن. لە فیلمی (تەنیایی قووڵ) دا، نیگای بۆ کامێرا نیگایەکی ڕووتە بۆ دەرهێنەر، هیچ جۆرە خواستی بەرگرییەک لە نیگاکەیدا بوونی نییە. بەڵکو (گارێل) بانگهێشتمان دەکات تاوه‌كو شاهیدی پەیوەندیی نەبڕاوەی نێوان ئەکتەر و دەرهێنەر لەلایەکی کامێراوە بۆ لایەکی دیکەی کامێرا بین. هەروەها (گارێل ) یەکێک لە دۆزینەوەکانی خۆیمان پیشان دەدات لەبارەی پەیوەندیی نێوان پیاوان و ژنانەوە.

 

“فیلمێکم لەگەڵ جەین سیبێرگ دروست کرد”

فیلیپ گارێل/ ١٩٨٤

هونەرمەند بووم. هێشتا تەمەنم نەبوو بووە سی ساڵ.  زۆربەی کات لە ژوورە پەرشوبڵاوەکەمدا بە تەنیا دەمامەوە. فیلمەکانم باش نەبوون. بۆ ئەو فیلمانەی بە هیچ دروستمدەکردن سیناریۆم دەنووسی. لەگەڵ جەین ئاشنابووم، ئەکتەرێک کە چیتر لە فیلمدا بەشدار نەدەبوو، دەیویست خۆی بکوژێت.

 

ژنێک بە ڕووخساری جەینەوە هاتە خەوم؛

 (ژوورەکە چۆڵ بوو، دەرگاکە کرابۆوە. لە دەرگاکەوە دیواری کڵێسا دەبینرا. تارماییەکە ڕووخسارێکی ڕەنگپەڕیوی هەبوو. تارماییەکە گوتی؛ ئێستا دەبێت بڕۆم. دەڕۆم بۆ ئەوێ، پشت کڵێساکە. هەر کات ویستت، دەتوانی لەوێ بمدۆزیتەوە…) هەروەک تارمایی تیۆفیل گوتیە[3]، کە ئەو ژنەی خۆی کوشت بوو لە ئاوێنەدا بەدیار دەکەوت و کوڕێکی گەنجی بەرەو مەرگ دەبرد، جەین بانگیدەکردم بۆ جیهانەکەی تر…

 

بەڵام چیرۆکەکە لە ڕاستیدا بەمجۆرەی لێهات؛

ئەو ڕۆژە لە ژوورەکەم بووم، بە وریاییەوە حەشیشم دەکێشا. خۆری زستان لە پشت پەردەکەوە ئاوا دەبوو. بەهەموو ئەو جلانەی لەبەرمدا بوو خەوم لێکەوت. نیوەشەو وه‌ئاگاهاتم و لە سەر سەرینەکەم گریام.  نیوەڕۆ ڕۆیشتمە شەقامەکان و بە ڕێکەوت یەکێک لە هاوڕێکانم لە (شەقامی ئێلیزابێس)  بینی، منی برد بۆ ماڵی چەند هاوڕێیەکی کە بڕیاربوو لەوێ نانی ئێوارە بخۆن. لە ڕێگادا گوڵەشلێرێکم کڕی بۆ ئەو ئەکتەرەی نەمدەناسی و بڕیار بوو سەرێک لەماڵیان بدەم و گوڵەکەی پێ بدەم. بڕیار بوو دووبارە بیبینمەوە… ئەوم لە ژوورەکەم، لە ماڵەکەی و لە کافێ دەبینی. لە پەنجەرەوە دەمڕوانییە بارینی بەفر بەسەر حەوشەکەدا. لەگەڵ جەین فیلمێکم دروست کرد.

لە پشت کامێراوە دەوەستام. جەین ئەکتەرێکی ئەکتەرز ستۆدیۆ[4]یی بوو و ڕۆڵبنینەکەی سایکۆدرامایی بوو. تەنیا وێنەی ڕووخساریم گرت و بارودۆخی وێنەگرتنم بە نهێنی هێشتەوە. کاتێک وێنەگرتنەکە تەواو بوو،   كۆپی یەکەمی فیلمەکەم پێدا، کە زۆری لەلا باش بوو. جەین لە زۆر فیلمدا بووە، بەڵام چێژی لە فیلمێک دەبینی تایبەت بۆ ئەو تەرخان کرابێت. لەم فیلمەدا دەتتوانی ڕوحی ببینی، کە ڕوحێکی زۆر جوانە. جەین سیناریۆیەکی نووسی: “و ئێستا دەمەوێت دەربارەی ئۆریۆلا بدوێنم…” چەند شیعرێکی نوسی و بڵاویش کرانەوە. لەنێوان ئۆریۆلای نێرڤال، کە دەیویست بە شێوازێکی مۆدێرن ڕۆڵ ببینی و ژان دارک، کە لە نوسخە ئەمریکییەکەیدا ڕۆڵی بینی بوو جێگۆڕکێی دەکرد. جەین لە هۆش خۆی چوو. لە نەخۆشخانە خەوێندرا. شۆکە کارەباییەکان، کە جەین بەرگەیانی دەگرت، ڕێی بەرەو ژیانێکی تراژیک برد. لە لابۆرەکانی سینەمای دەرەوەی شار دەگەڕامەوە ماڵ… بەتەنیشت ڕووبارەکەوە دەڕۆیشتم. کۆتایی هاوین بوو. ماسیگرەکان بەرامبەر خۆر دەوەستان، لەکاتێکدا خۆر ئاوا دەبوو. خەریک بووم لە کۆنەفرۆشەکانی (بازاڕی کالیگنانکورت) تێدەپەڕیم. کاری فیلمە نوێیەکەم تەواو بووبوو و تەواوبوونی ئەو کارەش دڵخۆشی دەکردم، کە لەناکاو لە سەر شۆستەیەک وێنەیەکی جەین بەسەر پەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەیەکی ئێوارەوە بوو:

جەین سیبێرگ خۆی کوشت…”

 

[1] Les hautes solitudes/ 1974

[2] Method actress

[3] Theophile Guatier

[4] Actor’s Studio

سه‌رچاوه‌ی باسه‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی: 

http://metrograph.com/edition/article/43/i-made-a-film-with-jean-seberg

 

 

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌