گرێی مێدیا و دیدێکی مۆدێرن


Loading

شانۆنامەنووسی گرێکی (یوربیدس) شانۆنامەی (مێدیا)ی بەر لە دووهەزار و چوارسەت و چل و حەوت ساڵ لەمەوبەر نووسیوە، بۆ یەکەمجاریش لە ئەسینا، لە ساڵی ٤٣١ب. ز نەمایش کراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەردەوام لەناوماندا دەژی، ئازارەکانی و ئەو کردار و تاوانەی کاره‌کته‌ری مێدیا کردی، نامۆ نییە بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان. یوربیدس، کە لە ڕووی تەمەنەوە، لە ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس بچووکتر بووە، دەقەکەی دەربارەی رەوشی پەناهەندەیەک نووسیوە، ئەو ژنەی مێردەکەی لە چەندان هەڕەشە ڕزگار دەکات، کە سەرلەنوێ ناچار دەکرێتەوە لە وڵاتێکی تریش ڕابکات. یوربیدس، ڕێگا بە مێدیا دەدات پیرۆزترین سنوورەکان ببەزێنێت، کە لە کوشتنی منداڵەکانی خۆیدا بەرجەستە دەبێت، هەر لە دوای ئەم دەقە درامییەیشەوە، ئەم تاوانەی مێدیا بێ کۆتایی پەیوەستە بە کارەکتەری مێدیاوە و بەو تاوانە ناوبانگی دەرکردووە. شانۆنامه‌ی مێدیا باسی شکاندنی سنووره‌کان ده‌کات؛ ئینجا سنووره‌کانی نێوان وڵاتان، سنووره‌ سایکۆڵۆژییه‌کان یان سنووره‌کانی هێزی مرۆڤ بێت، هاوکات درامایەکیشە سەبارەت بە خوشەویستییەکی قووڵی بێ سنووریش. مێدیا چەندە لە ژێر فشار و کاریگەرییەکی بەهێزدا ئەوەی دەیکات، دەیکات، لە هەمان کاتیشدا چێژ لەو ڕقە وەردەگرێت، کە پاڵنەری ڕووداو و ڕه‌فتاره‌کانییه‌تی. مێدیا کەسێکە ناتوانێت ده‌سته‌پاچه‌ئاسا دانیشێت و لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکان بکات، بەڵکوو بە چەشنی توندڕەوەکان، کەسە نزیکەکانی خۆیشی دەکوژێت، هەر لەبەر ئەوەی خۆی هەلا هەلا بکات.

هه‌ڵبه‌ت، مێدیا، بەر لە نووسینی دەقەکەی یوربیدس، وەک فیگورێکی میتۆلۆژی هەر هەبووە و زیاتریش، وەک ئافرەتێکی بەتوانای جادووگەر ناسراوە، کە ڕەچەڵەکێکی خواوەندی هەبووە. ئەم کارەکتەرە لە دوای یوربیدس-ەوە، پەیوەستە بەو ئافرەتەی وازی لێهێنراوە و منداڵەکانی خۆی، بە دەستی خۆی دەکوژێت. یوربیدس هەموو سمبۆل و تووخمە میتۆلۆژییەکانی لابردووە و مێدیا دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو واقیعی ژیانی ڕۆژانە و لە ژینگە و ڕەوشێکدا بەرجەستەی دەکات، کە بەها و داب و نەریتەکان تێکدەشکێنێت و لایەنێکی توندوتیژ و بێبەزەیی دەردەخات. یوربیدس مێدیا دەخاتە نێو ئەو بارودۆخەوە، کە مێدیا، وەک سمبۆلی ئافرەت دەکەوێتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی بەهێزی بێ سنووری دەروونی و جەستەیشەوە. یوربیدس لە مێدیادا، بنەما نەریتگەرییەکانی چەمکی موراڵ دەخاتە لاوە و کەسی تاک یان خودگەرا دەخاتە ژێر جۆرێکی نوێ لە شیکردنەوەی سایکۆلۆژییەوە. یوربیدس بە هەمان شێوەی ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس میتۆلۆژیا کۆنەکان بەکاردەهێنێت، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز و دوور لە بنەما میتۆلۆژییەکان خۆیانەوە، بۆ نموونە هەموو هێما و بنەما میتۆلۆژییەکان لا دەبات و لە ئاستێکی تری واقیعی و مرۆییەوە دایان دەڕێژێتەوە و مەودایەکی تری هزرییان پێ دەبەخشێت. ئەوەی بەلای یوربیدس-ەوە گرینگ و جێگای سەرنج بووە، پەرچەکرداری مرۆڤی تاک بووە بەرامبەر بە کێشە و ململانێکان. ئەوەی ئەو دەیخاتە ڕوو، مامەڵەیەکی واقیعییانەیە بۆ هەست و هزری مرۆڤ، بۆ بەرجەستەکردنی مەودا دژ بە یەکەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان، بە شێوەیەک، کە لەگەڵ واقیعی مرۆڤی تاک و تاک ڕەهەنددا گونجاوە یان لە شەڕدا بووە.

مێدیا بە درێژایی مێژوو، لە فۆرمە کلاسیکییەکەیدا، بە کۆرسێکی گەورەوە، هەروەها وەک مەنەلۆژ و بەبێ کۆرس، بە شێوازێکی مۆدێرن، بە ئۆپێرا و تەنانەت وەک فیلمیش نەمایش کراوە. هەموو سەردەمێک، شانۆکاران و بینەران بە شێوەیەک لە شێوەکان لە دەوری مێدیا کۆبوونەتەوە، لە مێدیادا ئەو شتەیان دۆزیووەتەوە، کە بە دوایدا گەڕاون: مێدیایەکی پەناهەندە، مێدیایەکی سیاسیی، مێدیایەکی فێمێنیست، مێدیایەکی ڕق ئەستوور… هتد.

مێدیا ئەو ئافرەتە یان کارەکتەرە بەرجەستەکراوەیە، کە لە دوای یوربیدس-ەوە، زیاتر لە دوو هەزار ساڵە بەوپەڕی هێزەوە لە هەست و نەستی کولتوور و شارستانییەت و ئەدەبی ئەوروپادا: لە ئەدەب، ئۆپێرا و دەرووناسیدا دەژی. لە ڕێنسانسدا، لە ڕۆمانتیک، هەروەها ئەدەب و هونەری ڕیالیزم و لەم زەمەنە مۆدێرنەی ئەمرۆیشماندا، بوونی هەیە و لە هەموو سەردەمێکدا، بە بەرگێکی نوێوە دەردەکەوێتەوە، نموونەیشمان زۆرە: کۆرنی ١٦٣٥، فرانز گریلپەرزێر ١٨٢٢، ژان ئانوی ١٩٤٦، هینەر میولەر ١٩٨٢، سۆزانە ئۆستن و پێر لیسەندێر ١٩٧٥، کریستا ئۆلف ١٩٩٣… هتد.

هەرچەند مێدیا زیاتر بە کوشتنی منداڵەکانییەوە دەناسرێتەوە و بووە بە شتێکی گرینگی ئەو تاوانە قێزەوەنە، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئافرەت لە هەموو دونیادا هەست و سۆزێکی گەرم و بە هێزیان بۆ ئەم کارەکتەرە هەبووە و هەیە. بێگومان نه‌ك له‌به‌ر کوشتنی منداڵه‌کانی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی مێدیا گوزارشت لەو ئافرەتە دەکات، کە بە هۆی کولتوورەوە هەست و سۆز و هۆشی کپ کراوە، بە تایبەتیش بۆ ئەو ئافرەتانە؛ تووڕەیی، تۆڵەسەندنەوە و پەرچەکردارێکی بەهێز، گرینگ بووە. ئەو وەک پیاوێک ڕەفتار دەکات. مێدیا منداڵەکانی خۆی و ژنە تازەکەی مێردەکەی دەکوژێت، تەنها بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ مێردەکەی دابنێت. یوربیدس دێدێکی ڕوون و قووڵی بۆ ڕەوشی ئافرەت، بە تایبەتی لە کاتی شەڕ و گۆڕانکارییەکاندا هەبووە؛ ئەو هەستی بەو پاڵەپەستۆ و نایەکسانی و چەوساندنەوەیە کردووە، کە لەم ڕەوشانەدا دووچاری ئافرەت دەبێتەوە. مێدیایش لەم دەقەدا لە ڕەوشی دەسەڵات و بارودۆخی پەناهەندە، لە دیدێکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە، لە نموونەی کارەکتەری مێدیادا دەکۆڵێتەوە.

لەم وەرزەی شانۆی سوێدیدا، مێدیا لە شانۆی پادشایەتی لە بەرگێکی نوێدا، بە ستایلێکی مۆدێرن، نزیک لەم ڕۆژگارە پڕ لە جەنگ و ڕاکردن و داگیرکارییەوە دەردەکەوێت. ریژیسۆری نەمایشەکە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گرێکەکان، لە مێدیاوە دیدێکی نوێ دەدۆزێتەوە، دوو سەردەم و دوو دونیای جودا پێکەوە دەبەستێتەوە، سنوورەکان لا دەبات و مێدیا لە بەردەم ئاوێنەی ڕۆژگاردا ڕووت دەکاتەوە. دەقەکە بە تەواوی کورتکراوەتەوە، هەموو کۆرسەکە لە دوو کەسدا (دوو ئەکتەری ئافرەت) چڕکراونەتەوە و مێدیا-یش خوێنی ئەمرۆی لێ دەتکێت. مێدیا لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا، لە ژێر فشاردایە و بە تەواوی گەمارۆ دراوە؛ لەلایەن مێردەکەیەوە لە وڵاتێکی بێگانە و نامۆ پشتی تێکراوە و ناپاکی بەرامبەر کراوە، کە دەبوو ئەو سوپاسی بکردایە و بە ژیانی خۆی قەرزاری میدیایە. (یاسۆن)ی مێردی مێدیا گرێکییە، کوڕی پادشایە و لە وڵاتی خۆی هەڵهاتووە و پەنای بردۆتە بەر پادشای وڵاتێکی تر، بەڵام مێدیا گرێکی نییە و کەسێکی بێگانەیە، هەموو شتێکی لە دوای خۆیەوە بەجێهێشتووە، ئەو کەسەیشی هاتۆتە سەر ڕێگایان، لەو پێناوەدا کوشتووە. مێدیا هەموو شتێکی کردووە بە قوربانی خۆشەویستەکەی و ئەو عەشقە بەهێزەی بۆ (یاسۆن) هەیەتی، لەم ڕاکردن و ژیانی پەناهەندەییەیشدا پێویستی بە یاسۆن-ە، ئارامی و دڵنیایی پێ ببەخشێت. کە ئەو پێوەندییەیش دەپچڕێت و یاسۆن وازی لێ دەهێنێت و خۆی ئامادە دەکات بۆ زەماوەند لەگەڵ کچی پادشا لە (کۆرینت) بە شێوەیەکی توندوتیژ پەرچەکردارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراوی دەبێت. مێدیا لە وڵاتێک ئاواره‌یه‌، کە مێردەکەی ژنێکی تری تیا دەهێنێتەوە و پشت دەکاتە ئەم، هاوکات لەم وڵاتە تازەیەدا لە هەوڵێکی زۆریشدایە بۆ ئەوەی وەک پەناهەندەیەک مافی پەنابەری وەربگرێت.

کوشتنی منداڵەکانی بۆ ئەوەی تۆڵە لە مێردەکەی بکاتەوە و سنوورێکی بۆ دابنێت، چەمکێکی تایبەتمەندی لە زانستەکانی سایکۆلۆژی و شیکاری ده‌روونی، بە ناوی کۆمپلێکسی مێدیا یان گرێی میدیا-ەوە بۆ خۆی بە دەست هێناوە.

نەمایشەکە لە فۆرمێکی شانۆی ژوور، نزیک بینەراندا بەرجەستە دەبێت؛ بینەران بە شێوەیەکی چوارگۆشەیی بە دەوری نەمایشەکەدا، بەرامبەر بە یەکتری دانیشتون و چاودێری ئەو تاوانە دەکەن، کە مێدیا ناچار دەکرێت بیکات. مێدیا-یش بە چاوێکی پڕ لە گریان و سیمایەکی ماندوو، بە پێی پەتی و بە بلوزێکی مۆدیرنەوە دێتە ژوورەوە. لە ماوەی نەمایشەکەدا، هێدی هێدی لە خۆئامادەکردنی تاوانەکەیدا، جلەکانیشی دەگۆڕێت و پێلاوی پاژنه‌به‌رز، هەروەک ئەوەی خۆی بۆ ئاهەنگ ئامادە بکات، لە پێ دەکات. لە دواجاردا ئامادەیە تۆڵەی خۆی لە مێردەکەی بکاتەوە. مێدیا قوربانییەکی شەڕە، بەڵام ئەویش دەیەوێت لەم شەڕەدا چەند قوربانییەک بۆ خۆی بخوڵقێنێت، جەلادیش بێت و هەروەها قوربانیش؛ قوربانییەک جەلادێک دروست دەکات، کە سزای خۆی دەدات.

شانە گرینگەکانی مێدیا، لەو توڕەیی و یاخی بوونەدا بەرجەستە دەبێت، کە لەنێو نەستی کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بە توندی ڕەگی خۆی داکوتاوە، فرۆید و یۆنگ-یش بەشێکی زۆریان لە لێکۆڵینەوە دەروونییەکانیان بۆ ئەم مەسەلەیە تەرخان کردووە و کارەکتەری مێدیا، بوارێکی گرینگی بۆچوون و لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە سایکۆلۆژییەکانیان بووە. مێدیا بووە بە سمبۆلی ئەو توڕەیی و یاخیبوونەی دژ بە کۆمەڵگە باوکسالاری و چەوساندنەوەی ئافرەت و نایەکسانییەی ئافرەتی تیا دەژی. کوشتنی منداڵەکانی بە دەستی خۆی تەنها تۆڵەیەک نییە لە مێردەکەی، بەڵکوو سزایەکی بەهێزیشە بۆ خۆی؛ ئەوەی مێدیا دەیکات گرۆتیسکە، تاوانێکە بە ئامڕازێکی مۆدێرن پەخشی دەکات تا هەموو دونیا بیبینێت!

مێدیا بە کامێرایەکی هەستیار تاوانەکەی ڕاستەوخۆ دەگوێزێتەوە، لەو شاشە گەورانەوە، ئێمەی بینەرانیش دەبین بە بەشێک لە تاوانەکە، ڕووبەرووی خۆمان دەبینەوە و لەنێو ئاپورای بینەراندا بۆ خۆمان دەگەڕێن. (یاسۆن) مێردەکەی مێدیا، پشت لە مێدیا دەکات تا کچی شا کریۆن بخوازێت و ژیانێکی شاهانەی تر دەست پێ بکات، مێدیا ئەم پلانە بە کوشتنی منداڵەکانیان تێک دەشکێنێت. یاسۆن وێنەیەکی پێچەوانەی مێدیایە؛ مێدیا لە هەست و سۆزێکی بەهێزدا دەژی، یاسۆن کەسێکی پراگماتیکی و بێ هەست و سۆزە.

کۆرسەکە، کە تەنها لە دوو ژندا کۆبۆتەوە، یەکێکیان بە تەمەن و ئەویتریان گەنج، هارمۆنی و مۆسیقا و بنەمایەکی شیعری بە ستراکتورە تراجیدییەکە دەبەخشن. مێدیا ئەو کارەکتەرەیە ڕۆژگار ناچاری ئەوەی دەکات، کەسێکی ستراتیژ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژی، بەرگری لە خۆی بکات، تاوانەکەی خۆی لە نزیکەوە ببینێت، بەڵام بێ گوێدانە ئەنجامەکان، تاوانه‌کانی ئه‌نجام ده‌دات. مێدیا پاڵەوانی دراماکەی خۆیەتی.

نەمایشەکەیش، لەو پانتاییە بەتاڵەدا، نزیک لە بینەرانەوە، لە چڕییەکی بێ گرێ و تەم و مژەوە، لە شیعریەتی شوێن و لە نواندنێکی لێوانلێو لە هەست و سۆزەوە، ئێستاتیکایەکی دووفاق و دوور مەودا دروست دەکات: دووفاق لەو ڕووەوەی هەموو شتەکان دەبنە سمبۆل و سمبۆلەکانیش لە شەڕێکی بێ کۆتای خوێناویدا، لەم ڕۆژگارەماندا ڕەنگ دەداتەوە. دوور مەودایش، لەو ڕووەوەی چەندە دەقەکە دێرینە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمەکانی پ. ز، بەڵام ناوەندگەراییەکی وەهای پێ دەبەخشێت، کە لە هەموو کات و شوێنێکدا بخوێندرێتەوە.

یوربیدس، دوا دەقە شانۆییەکانی خۆی لە (پێلا)ی پایتەختی مەکەدۆنیا نووسیوە، هەر لەوێش لە ساڵی ٦٠٤ ب. ز دا دەمرێت، کە ماوەیەک لەوەوبەر وەک تاراوگەیەک و لەسەر بانهێشتی پادشای مەکەدۆنیا لێی دەژیا. دوا دەقەکانیشی هەر بە ماوەیەکی کورت دوای مردنی خۆی نەمایش کراون.


سەرچاوە:

Euripides, Medea, översättning från grekiskan, Agneta Pleijel och Jan Stolpe, 2012.