وەرگێڕان و ئامادەکردن*
له چیرۆكی “سارازین”ـدا بالزاك له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌رباره‌ی خه‌سێنراوێك كه جلی ژنی پۆشیوه ئه‌م قسه‌یه ده‌نووسێت: “ژنێك بوو به‌هه‌موو ترساندنه له‌ناكاوه‌كانییه‌وه، به حه‌زه سه‌رشێته‌كانییه‌وه، به شپرزه‌ییه ڕەمەکیەکانیەوە، به بوێرییه بێ پاساوه‌كانییه‌وه، به له‌خۆڕازیبوون و ناسكی سۆزە سازگاره‌كانییه‌وه”.ئه‌وه كێیه به‌م جۆره قسه ده‌كات؟ داخۆ پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌یه، كه به ده‌رفه‌تی زانیووه خۆی له‌و خه‌سێنراوه گێل بكات كه له پشتی ڕووپۆشی ژنه‌وه خۆی شاردۆته‌وه؟ یان خودی بالزاكه كه ئه‌زموونی كه‌سییانه‌ی خۆی توانای ئه‌وه‌ی پێداوه فه‌لسه‌فه‌یه‌ك له‌باره‌ی ژنه‌وه پێكبهێنێت؟ یاخود بالزاكی نووسه‌ره كه ئایدیا “ئه‌ده‌بییه‌كانی خۆی” ده‌باره‌ی مێینه‌یی ده‌رده‌بڕێت؟ حیكمه‌تی یونیڤێرساله؟ یان ده‌روونناسیی ڕۆمانییه؟
مه‌حاڵه هه‌رگیز ئه‌مه بزانین، له‌به‌ر هۆیه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه نوسین كپكردنی هه‌موو ده‌نگێكه، له‌نێوبردنی هه‌موو ئه‌سڵێكه. نووسین ئه‌م بێلایه‌نی و خۆڵه‌مێشییه‌یه، ئه‌م لێكدان و پێچلێدانه‌یه كه سوبێكتیڤیته‌ی بكه‌رییانه‌ی ئێمه له‌نێویدا سه‌رگه‌ردان ده‌بێت. نووسین ڕه‌ش-سپییه كه هه‌ر شوناسێكی تێدا ون ده‌بێت، له پێش هه‌موویشانه‌وه جه‌سته‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌نووسێت.
* * *
بێگومان هه‌میشه مه‌سه‌له‌كه به‌مجۆره بووه. هه‌ر ڕووداوێك كه به بێ هه‌بوونی ئامانجێكی تر له پشتی ئه‌مه‌وه گێڕدرابێته‌وه، نه‌ك به مه‌به‌ستی كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر واقیع، واته دواجار له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌ك جگه له تاقیكردنه‌وه‌ی ڕه‌مزی، ئه‌وا ده‌ستبه‌جێ ئه‌م جودابوونه‌وه‌یه ڕوویداوه، ده‌نگ سه‌رچاوه‌ی خۆی ونكردووه، (دانه‌ر / نوسەر / Author )كه‌وتۆته مردن و ئینجا نووسین ده‌ستی پێكردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، هه‌ستكردن به‌م دیارده‌یه، به‌پێی جیاوازیی كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌گۆڕێت؛ له كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كاندا، گواستنه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كه به ته‌نیا له ئه‌ستۆی كه‌سێك نییه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی نێوانكاره (mediator) وه‌یه، گوێزه‌ره‌وه‌كه شامان یان قسه‌كه‌ره‌كه‌یه، كه ڕه‌نگه هه‌رگیز سه‌رمان له “بلیمه‌تییه‌كه”ی نه‌سوڕمێت، به‌ڵكو سه‌رسام بین به چۆنییه‌تی ئه‌نجامدانی گواستنه‌وه‌كه (performance) (واته سه‌رسام ده‌بین به لێهاتووییه‌كه‌ی له ڕێساكانی گێڕانه‌وه‌دا).
“دانه‌ر” فیگورێكی نوێیه و به‌م نزیكانه په‌یدابووه، بێگومان به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاواییه له‌و ڕووه‌وه كه له كۆتایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌زمونگه‌رایی ئینگلیزی و ئه‌قڵانییه‌تی فه‌ره‌نسی و هیومانیزمدا، كه ته‌ریب به بزووتنه‌وه‌ی چاكسازیی ئایینی ده‌چوونه پێش، به‌های تاكه‌كه‌س، یان وه‌ك باشتر ده‌ڵێن به‌های “كه‌سی مرۆیی”ـان كه‌شف كرد. كه‌واته لۆژیكیه گه‌ر له بواری ئه‌ده‌بدا (پۆزه‌تیڤیزم) ببێته ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی كه پوخته و كۆتایی ئایدیۆلۆژیای سه‌رمایه‌دارییه، ئه‌و ڕێبازه بێت كه بایه‌خێكی ئێجگار گه‌وره به “كه‌س”ـی دانه‌ر ده‌دات.
هێشتایش دانه‌ر له نامیله‌كه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌ب، بیۆگرافیای نوسه‌ره‌كان، چاوپێكه‌وتنی گۆڤاره‌كاندا باڵاده‌سته. بگره ته‌نانه‌ت له ئاگایی ئه‌و ئه‌دیبانه‌یشدا زاڵه كه سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی یاداشته كه‌سییه‌كانیانه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كانیان به به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه ببه‌ستنه‌وه؛ وێنه‌ی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی كه ده‌شێت له كولتوری هاوچه‌رخدا بیبینینه‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا له ڕۆڵی دانه‌ر و كه‌سێتیه‌كه‌ی و مێژووه‌كه‌ی و زه‌وقه‌كانی و سۆزداریەکانی ده‌سوڕێنه‌وه، هێشتایش له زۆر كاتدا ڕه‌خنه‌گرانە (criticism)، ئه‌وه دێنێته به‌ر باس، كه كاره‌كانی بۆدلێر به‌رهه‌می شكستی مرۆڤانه‌ی بۆدلێرن، كاره‌كانی ڤان كوخ به‌رهه‌می شێتییه‌كه‌ی ئه‌ون، كاره‌كانی چایكۆڤسكی به‌رهه‌می كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌ون: به‌م جۆره شرۆڤەی كار و به‌رهه‌مه‌كان هه‌میشه به ده‌وری ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌سوڕێته‌وه كه كاره‌كه‌ی به‌رهه‌مهێناوه، وه‌ك بڵێی له پشتی مه‌جازی كه‌م تا زۆر ڕوونی خه‌یاڵه‌وه (more or less transparent allegory of fiction) ، كتومت ده‌نگی یه‌ك كه‌س هه‌یه ئه‌ویش “دانه‌ر”ه كه “ناخی” (confidence)ـی خۆی كه‌شف ده‌كات.
* * *
ئه‌گه‌رچی هێشتا ئیمپراتۆریای دانه‌ر زۆر به‌هێزه (چونكه زۆربه‌ی كات ڕه‌خنه‌گه‌رایی نوێیش به ته‌واوی پشتیوانی زیاتری لێ كردووه)، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره هه‌ندێك نوسه‌ر له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان بیهه‌ژێنن. بێگومان له فه‌ره‌نسا (مالارمێ) یه‌كه‌م كه‌س بوو ڕوونیكرده‌وه و پێشبینیی ئه‌وه‌ی كرد، كه پێویسته زمان جێگای ئه‌و كه‌سه بگرێته‌وه كه هه‌تا ئه‌وكاته‌یش به خاوه‌نه‌كه‌ی داده‌نرا؛ وه‌ك بینیمان، به بۆچوونی ئه‌و و هه‌ره‌وه‌ها به بۆچوونی ئێمه‌ش، ئه‌وه زمانه قسه ده‌كات نه‌ك نووسه‌ر. گه‌ر بنووسم واتای ئه‌وه‌یه بگه‌یه‌نم، یه‌كه‌مجار له‌ڕێگه‌ی پێش-هه‌بوویه‌كی نا-كه‌سییه‌وه (through a preexisting impersonality)[1] (نابێت ئه‌م ناكه‌سێتییه له‌گه‌ڵ ئۆبێكتیڤیته‌ی خه‌ساوی ڕۆمانی ڕیالیستیدا تێكه‌ڵ بكه‌ین)، ئه‌مه‌یش ئه‌و پنته‌یه كه ته‌نیا زمان تێیدا چالاكه و كارایه (performs)، ته‌نیا زمان تێیدا قسه ده‌كات نه‌ك “من”. شیعرییه‌تی مالارمێ[2]. هه‌ر هه‌مووی له‌پێناو سڕینه‌وه‌ی دانه‌ردایه له‌به‌رژه‌ندی نوسین (ئه‌مه‌ش، وه‌ك دواتر ده‌بینین، واتای پێدانه‌وه‌ی پێگه‌یه به خوێنه‌ر).
ڤالێری، كه هه‌ستی به ئاسوده‌یی نه‌ده‌كرد له‌نێو سایكۆلۆژیای مندا، كاری كرد بۆ دروستكردنی هه‌ندێك گۆڕان له‌تیۆره‌كه‌ی مالارمێدا. به‌ڵام، له‌به‌رئه‌وه‌ی خواسته كلاسكییه‌كه‌ی ئه‌و، به‌ره‌و وانه‌كانی ڕه‌وانبێژی (lessons of rhetoric) رایكێشا، بۆیه به بێ وه‌ستان دانه‌ری خسته ژێر پرسیار و گاڵته‌جاڕییه‌وه، به‌مه‌یش جه‌ختی له‌سه‌ر لایه‌نی زمانه‌وانی و سروشته “خۆكردانه”كه‌ی زمان كرده‌وه، له‌ڕێگه‌ی نوسینه په‌خشانییه‌كانیشییه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری دۆخی زاره‌كییانه (verbal condition)ی ئه‌ده‌ب كرده‌وه. له‌م ڕووه‌یشه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وت هه‌ر په‌نابردنێت بۆ نێو قووڵاییه‌كانی نووسه‌ر ته‌نیا خورافه‌یه‌كه و هیچیتر.
ته‌نانه‌ت “پروست” خۆیشی، وێرای مۆركه ده‌روونییه ڕواڵه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و شته‌ی كه‌خۆی ناوی ده‌نێت (شیكارییه‌كانی) باس له‌وه ده‌كات، كه بێ چه‌ندوچوون دروستكردنی ئاڵۆزیی له‌نێو په‌یوه‌ندی دانه‌ر و كاره‌كته‌ره ئه‌ده‌بیه‌كانیدا خستۆته ئه‌ستۆی خۆیه‌وه، ئه‌و كاره‌یشی به‌و په‌ڕی ناسكییه‌وه كردووه: ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌ی نه‌كردووه به‌و كه‌سه‌ی كه ده‌بینێت و هه‌ست ده‌كات، ته‌نانه‌ت نه‌یكردووه به‌وه‌ی كه ده‌نووسێت، به‌ڵكو كردوویه‌تی به‌و كه‌سه‌ی كه دواتر ده‌نووسێت (who will write) (واته گه‌نجی نێو ڕۆمانه‌كه -به‌ڵام ئه‌ی له ڕاستیدا چه‌ند ساڵه و كێیه؟- ده‌یه‌وێت بنووسێت، به‌ڵام ناتوانێت، ڕۆمانه‌كه ڕێك له‌وێدا ته‌واو ده‌بێت كه نووسین ده‌بێته كارێكی مومكین).
پروست ئه‌و مۆركه داستانیه‌ی به نووسینی مۆدێرن داوه كه هه‌یه‌تی: به‌هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ڕادیكاڵه‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی بخاته نێو به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه وه‌ك زۆر جار ده‌ڵێن، ئه‌و خودی ژیانی خۆی كردۆته به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی كه كتێبه‌كه‌ی نمونه‌یه‌كی ئه‌و كاره‌یه‌تی، به جۆرێكی وه‌ها كه به ڕوونی ده‌بینین ئه‌وه چارلوس ]ی نێو ڕۆمانه‌كه‌ی پروست[ نییه ته‌قلیدی مۆنتسكیۆ ]ی ڕاسته‌قینه[ ده‌كاته‌وه(1)، به‌ڵكو مۆنتسكیۆی نێو گێڕانه‌وه هه‌قیقه‌ییه‌كان، مۆنسكیۆی نێو واقیعی مێژوویی هیچ نییه، جگه له پارچه‌یه‌كی لاوه‌كی كه له چارلوس ده‌بێته‌وه.
بۆئه‌وه‌ی له‌كۆنتێكستی ئه‌و ماوه‌یه ده‌رنه‌چین كه زه‌مینه‌ی مۆدێرنه‌ی سازكرد، دواجار، با باس له‌بزوتنه‌وه‌ی سوریالیستی بكه‌ین. بێگومان سوریالیزم نه‌یده‌توانی زمان له پێگه‌ی سه‌ره‌وه‌دا دابنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زمان سیسته‌می ڕێساكانە، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ش ئامانجی ئه‌وه‌بوو كه ڕاسته‌وخۆ ڕێساكان خاپوور بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه له‌ڕۆحی ڕۆمانسی خاڵیی نه‌بوو (ئاخر ئه‌م خاپووركردنه شتێكی وه‌همی بوو چونكه ناكرێت سیسته‌می رێساكان داڕمێن، ته‌نیا ده‌توانین گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین)؛ به‌ڵام، كاتێك سوریالیزم به‌بێ چه‌ندوچوون داوای ده‌رچوونی ناكاو له (مانا پێشبینیكراوه‌كان) ده‌كات (ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه پێیی ده‌وترێت “زه‌بر” (jolt )ی سوریالیستی)، كاتێك ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی نوسین ده‌سپێرێت به (ده‌ست ) نه‌ك به (عه‌قڵ) تاوه‌كو هه‌رچی زووتر ئه‌و سنووره تێپه‌ڕێنێت كه‌ته‌نانه‌ت به‌خه‌یاڵی سه‌ریشدا نه‌هاتووه (ئه‌مه‌یش ئه‌و شته‌یه كه پێی ده‌وترێت نووسینی ئۆتۆماتیكی automatic writing) كاتێك دان به بنه‌ما و ئه‌زموونی نووسینی فره نووسه‌ردا[3] ده‌نێت، ئه‌وا سوریالیزم به‌شداربووه له داماڵینی مۆركی پیرۆزی له دانه‌ر، به‌و واتای یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ سێكیولاریزه‌بوونی وێنه‌ی دانه‌ر.
دواجار، دوور له ئه‌ده‌ب خۆی (له ڕاستیدا ئه‌م جیاكارییانه له‌مڕۆدا تێپه‌ڕێنراون)، زمان‌ناسی توانیوویه‌تی دانه‌ر له‌كه‌ره‌سته به‌نرخه شیكاریه‌كه‌ی دابماڵێت، ئه‌وه‌یش كاتێك ده‌ریخست كه سه‌رجه‌می كرده‌ی گووتن و ده‌ربڕینی گوزارشته‌كان كارێكی به‌تاڵه، ده‌توانێت به باشترین شێوه ڕۆڵی خۆی بگێڕێت به‌بێئه‌وه‌ی پێویستیەک هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بدرێنه پاڵ كه‌سانێكی قسه‌كه‌ر: له ڕووی زمانه‌وانیه‌وه، نوسه‌ر كه‌س نییه جگه له‌و كه‌سه‌ی كه ده‌نوسێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی “من” هیچ كه‌سێك نییه جگه له‌وه‌ی كه ده‌ڵێت من: زمان “بكه‌ر” subject ده‌ناسێنێت، به‌ڵام كارێكی به “كه‌س”ـه‌وه نییه؛ ئه‌م بكه‌ره، له‌نێو ئه‌م كرده‌ی گووتنه‌دا نه‌بێت كه ده‌ریده‌خات، وشه‌یه‌كی به‌تاڵه، دیارە ئه‌مه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی زمان “كار بكات”، واته به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س “له‌نێو به‌رێت”.
* * *
غیابی دانه‌ر[4] (ده‌توانین له‌م باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ برێختدا، ده‌رباره‌ی “دووره‌په‌رێزی” (alienation)ی واقیعی بدوێین، نوسه‌ر بچووك ده‌بێته‌وه و ده‌چیته‌وه خۆی، وه‌ك فیگورێكی چكۆله له‌سه‌ر شانۆی ئه‌ده‌ب) ته‌نیا ڕووداوێكی مێژوویی یان كرده‌یه‌كی نوسین نییه: به‌ڵكو ئه‌وه به ته‌واوه‌تی ده‌قی مۆدێرن ده‌گۆڕێت (یان با بڵێین، ده‌ق له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان له غیابی دانه‌ردا ده‌نووسرێت و ده‌خوێنرێته‌وه، ئه‌مه‌یش هه‌مان واتای گۆڕانی ته‌واوه‌تییه).
پێش هه‌موو شتێك، زەمەن چیتر ئه‌و زه‌مەنه نییه كه هه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك بڕوا به بوونی دانه‌ر ده‌كه‌ین، وه‌ها لێیده‌ڕوانین كه ڕابوردووی كتێبه‌كه‌یه‌تی: كتێب و دانه‌ر خۆیان ده‌خه‌نه سه‌ر یه‌ك هێڵ، خۆیان وه‌ك پێشتر و دواتر دابه‌ش ده‌كه‌ن: وا له دانه‌ر چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه وزه به كتێب ببه‌خشیت، واته له پێش كتێبه‌وه بوونی هه‌بێت و بیر بكاته‌وه و ئازار بچێژێت و له‌پێناویدا بژی، دانه‌ر كاره‌كه‌ی پێده‌گه‌یه‌نێت به‌و جۆره‌ی كه باوكێك كوڕه‌كه‌ی پێده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، نووسه‌ری نوێ (نووسه‌ره‌وه scriptor) هاوزه‌مه‌نی ده‌قه و هه‌ر له له‌دایكبوونییه‌وه له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕوات، هه‌رگیز خاوه‌نی بوونێك نییه كه پێش نوسینه‌كه‌ی یان بڵندتر له نووسینه‌كه‌ی بێت، ئه‌و سوبێكتێك نییه كه كتێبه‌كه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌وی هه‌ڵگرتبێت تاوه‌كو پێی وه‌سف بكرێت؛ زه‌مەن ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه تێیدا نووسین ڕووده‌دات، هه‌موو ده‌قێكیش هه‌میشه لێره و له ئێستادا ده‌نوسرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی نوسین چیتر كرده‌ی تۆماركردن و سه‌لماندن و نواندنه‌وه و “نیگاركردن” (painting) نییه (وه‌كو ئه‌وه‌ی كه پێڕه‌وكارانی ڕێبازی كلاسیكی بۆی ده‌چوون)، به‌ڵكو ئه‌و شته‌یه كه زمانناسه‌كان، به په‌یڕه‌ویكردن له فه‌یله‌سوفه‌كانی ئۆكسفۆرد پێیده‌ڵێن “جێبه‌جێكاری” performative، ئه‌مه‌ش فۆڕمێكی ناوازه‌ی وته‌ییه (ته‌نیا به شێوازی ڕاناوی قسه‌كه‌ر داده‌مه‌زرێت و ده‌می ئێستا یان ڕانه‌بردوو وه‌رده‌گرێت) كه تێیدا قسه هیچ ناوه‌ڕۆكێكی دیكه‌ی نییه جگه له‌و كرداره‌ی كه له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه خۆی ده‌رده‌بڕێت: ئه‌وه شتێكه له قسه‌ی پادشاكان ده‌چێت “ڕایده‌گه‌یه‌نم”، یان له قسه‌ی شاعیره‌كانی زوو ده‌چیت “گۆرانی ده‌ڵێم”. نووسه‌ری مۆدێرن the modern writer دانه‌ری له گۆڕناوه. كه‌واته چیتر ناتوانێت–به گوێڕه‌ی پیاهه‌ڵدانی ئه‌وانه‌ی پێش خۆی- باوه‌ڕی وا بێت “ده‌سته‌كانی” زۆر خاوتره له فیكری یان له هه‌ڵچوونه‌كانی و توانای ئه‌وه‌ی نییه شوێنیان بكه‌وێت، ئینجا به ناچاری له ده‌ره‌نجامیشدا، وه‌ك یاسایه‌ك كه له زه‌روره‌ته‌وه دروستكراوه، فۆکۆس بخاته سه‌ر ئه‌م دواخستنه و فۆڕمه‌كه‌ی “ڕوونبكاته‌وه”.
به‌ڵام به‌لای نوسه‌ری مۆدێرنه‌وه مه‌سه‌له‌كه به پێچه‌وانه‌وه‌یه، ده‌سته‌كانی له هه‌موو ده‌نگێك ڕه‌ها و سه‌ربه‌سته، ده‌یخاته جووڵه‌ی تۆماركردن (نه‌ك ده‌ربڕین) و هه‌ر له‌مه‌شه‌وه له‌دایكده‌بێت، ده‌ستی نوسه‌ری له‌مجۆره پانتاییه‌ك ده‌كێشێت كه هیچ ئه‌سڵێكی نییه- یان لایه‌نیكه‌م، پانتاییه‌كه هیچ ئه‌سڵێكی دیكه‌ی نییه جگه له زمان خۆی، واته ئه‌و شته‌ی كه به‌رده‌وام هه‌موو ئه‌سڵێك ده‌خاته‌وه ژێر پرسیار و نێو بازنه‌ی گومان.
* * *
ئێمه ئێستا ده‌زانین ده‌ق دێڕی وشه‌كان نییه كه مانایه‌كی تاكڕه‌هه‌ندی تیۆلۆژییانه‌ی (“په‌یامێك” له‌لایه‌ن خودای دانه‌ره‌وه) لێوه به‌رهه‌م بێت. به‌ڵكو کایەیەکی بۆ چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی جودا واڵا كردووه، له‌م فه‌زایه‌دا نوسینه جیاوازه‌كان به‌نێویه‌كتردا ده‌چن و ده‌كه‌ونه ناكۆكی، به‌بێئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێكیان ئه‌سڵ بێت:ده‌ق پێكهاته‌یه‌كه له‌و قسانه چنراوه كه به‌رهه‌می هه‌زاران سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری كولتورن. له‌مه‌دا له‌حاڵه‌تی بۆڤار و بیكۆشییه ده‌چێت. ئه‌م دوو كۆپیكه‌ره (copyists) نه‌مره، له هه‌مان كاتدا ئه‌م دوو نووسه‌ره نایاب و كۆمیدییه، قوڵاییه پووچه‌كه‌یان ئاماژه به‌هه‌قیقه‌تی نوسین ده‌دات. نوسه‌ر ته‌نیا ده‌توانێت لاسایی جوڵه‌یه‌ك بكاته‌وه، كه‌هه‌میشه له پێشئه‌وه‌وه بوونی هه‌یه، به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌م جوڵه‌یه خۆیشی ئۆرگینال بێت؛
هه‌موو هێزی نووسه‌ر له‌وه‌دایه چه‌ندین نوسین تێكه‌ڵ بكات، ڕووبه‌ڕووی یه‌كتریان بكاته‌وه به‌بێئه‌وه‌ی پشت به یه‌كێكیان ببه‌ستێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت گوزارشت له خۆییشی بكات ئه‌وا ده‌بێت لایه‌نیكه‌م بزانێت ئه‌و “شته” ناوه‌كییه‌ی كه ده‌یه‌وێت “وه‌ری بگێڕێت” (ته‌رجه‌مه‌ی بكات بۆ نووسین) خۆی هیچ نییه جگه له فه‌رهه‌نگێكی ئاماده، ناتوانرێت ته‌فسیر بۆ وته‌كانی بدۆزرێته‌وه ته‌نیا له رێگه‌ی گوته‌ی تره‌وه نه‌بێت و ئیدی به‌م جۆره:
ئه‌مه ئه‌و شته‌یه له گه‌نجیدا به‌سه‌ر تۆماس دو كینسی‌دا هات: وه‌ك بۆدلێر ده‌یگێڕیته‌وه، ئه‌و خۆی به زمانی گریكییه‌وه سەرقاڵكرد، به جۆرێك كه كاتێك ویستی هزر و وێنه‌ی زۆر نوێ بۆ ئه‌م زمانه مردووه بگوازێته‌وه، ئه‌وا “فه‌رهه‌نگێكی بۆ خۆی دانا كه له به‌رده‌ستیدا بوو، ئه‌م فه‌رهه‌نگه زۆر به‌فراوانتر و ئاڵۆزتر بوو له‌وه‌ی كه له چه‌قبه‌ستنی بابه‌ته ئه‌ده‌بیه په‌تییه‌كانه‌وه دروست ده‌بێت” (به‌هه‌شته ده‌ستكرده‌كان) (Paradis Artificiels)؛
نوسه‌ر جێگای دانه‌ر ده‌گرێته‌وه، كه له هه‌گبه‌كه‌یدا ئاره‌زوو و میزاج و سۆز و ڕوانگه‌كانی هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵكو ئه‌م فه‌رهه‌نگه گه‌وره‌یه‌ی هه‌ڵگرتووه كه به بێ وه‌ستان نوسینی لێوه ده‌رده‌هێنێت: ژیان ته‌نیا ده‌توانێت لاسایی كتێبه‌كان بكاته‌وه، كتێبه‌كانیش خۆیان هیچ نین جگه له تۆڕێك نیشانه. ئه‌وه لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ده‌ستچوون، به‌رده‌وام لاسایی ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه دووركه‌وتۆته‌وه.
* * *
كاتێك دانه‌ر دوورده‌كه‌وێته‌وه و ونده‌بێت، ئه‌وا بانگه‌شه‌كردن بۆ “شكاندنی (كۆدی ده‌ق) ده‌بێته كارێكی بێهووده. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ق بدرێته پاڵ دانه‌ر ئه‌وا مانای وه‌ستاندن و گه‌مارۆدان و پێدانی مه‌دلولێكی بنجبڕه به‌ده‌ق. ئه‌وه داخستنی نوسینه.
ئه‌م تێگه‌یشتنه به ته‌واوترین شیوه بۆ کاری ڕەخنەیی ده‌گونجێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كاته ڕه‌خنه، له‌و دیووی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیه‌وه، دۆزینه‌وه‌ی دانه‌ر و كه‌شفكردنی لایه‌نه شاراوه‌كانی (یان هیپۆستاسه‌كانی: واته كۆمه‌ڵگه و مێژوو و ده‌روون و ئازادیی دانه‌ر) ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆیه‌وه:به ده‌ستڕاگه‌یشتن به دانه‌ر و كه‌شفكردنی، ئیدی ده‌ق “ته‌فسیر”ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و ڕه‌خنه‌گریش ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێت.
كه‌واته سه‌یر نییه كه ماوه‌ی سه‌روه‌رێتی دانه‌ر له لایه‌نی مێژووییه‌وه سه‌روه‌رێتی ڕه‌خنه‌گر بێت، هه‌روه‌ها سه‌یریش نییه له‌مڕۆدا ڕه‌خنه (ئه‌گه‌رچی نوێیش بێت) هه‌ر وه‌كو دانه‌ر ببێته جێگای مشت‌ومڕ، له‌به‌رئه‌وه‌ی نوسینی هه‌مه‌لایه‌ن ته‌نیا پێویستی به جیاكردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌یه و كۆدشكاندنی تێدا نییه به‌دوای نهێنییه‌كاندا.ده‌شێت بونیاد له هه‌موو زمانه‌كانی و ئاسته‌كانیدا چاودێریی بكرێت و به دواداچوون بۆ هه‌موو هێڵه‌كانی بكرێت، به‌ڵام قووڵاییه‌كی نییه كه بكرێت كه‌شف بكرێت.
کایەی نوسین فه‌زایه‌كه ده‌بێت به‌نێویدا تێپه‌ڕین نه‌ك تێیپه‌ڕێنین. نوسین به‌رده‌وام مانا به‌رهه‌مده‌هێنێت به‌ڵام به‌و مه‌به‌سته‌ی بیانكات به‌هه‌ڵم: نوسین هه‌میشه به سیستماتیكی كارده‌كات بۆ دروستكردنی مانا. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌وه، كاتێك ئه‌ده‌ب (ڕه‌نگه وا باشتر بێت كه له‌مه به‌دوا باسی نووسین بكه‌ین) ڕه‌تیده‌كاته‌وه كه ته‌رخان بێت بۆ ده‌ق و (جیهان بكات بە ده‌ق)، وه‌ك بڵێیت (نهێنی) هه‌ر مانایه‌كی بنجبڕی تێدایه، ئه‌وا به‌م كاره چالاكیه‌ك به‌رهه‌مده‌هێنێت، كه ده‌توانین به دژه تیۆلۆژی (counter-theological) وه‌سفیبكه‌ین، ئه‌وه به‌رهه‌مدێنێت، كه به‌واتای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه شۆڕشگێڕانه‌یه: له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رگرتن به‌قه‌تیسكردن و وه‌ستاندنی مانا، له دواجاردا واتای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خودا[5] و ڕاگره‌كانییه‌تی، له‌وانه عه‌قڵ و زانست و یاسا.
* * *
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ گوزاره‌كه‌ی (بالزاك)؛ “ژنێك بوو به‌هه‌موو ترساندنه ناوەكیەکانیه‌وه، به حه‌زه سه‌رشێته‌كانیه‌وه، به شپرزه‌ییه ڕەمەکیەکانیەوە، به بوێرییه بێ پاساوه‌كانیه‌وه، به له‌خۆڕازیبوون و ناسكی سۆزە سازگاره‌كانییه‌وه”…هیچ یه‌كێك (واته هیچ كه‌سێك) ئه‌و گوزاره‌یه‌ی نه‌گوتووه: سه‌رچاوه‌كه‌ی، ده‌نگه‌كه‌ی له شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی نوسینه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له خوێندنه‌وه‌وه دێت.
شتێكیتریش هه‌یه كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕوونتر ده‌كاته‌وه: لێكۆڵینه‌وه نوێیه‌كانی (ج. پ. ڤێرمانت) ڕۆشناسی ده‌خه‌نه سه‌ر پێكهاتنی ناڕوونی سروشتی تراژیدیای گریكی، ده‌قه‌كه له‌م تراژیدیایه‌دا له‌و گوزارانه پێكدێت كه واتایه‌كی دوولایه‌نه (double meanings)یان هه‌یه؛ هه‌ر كه‌سایه‌تیه‌ك له كه‌سایه‌تییه‌كانی شانۆكه له یه‌ك لایه‌نه‌وه لێی تێده‌گه‌ن (به‌دحاڵیبوونی به‌رده‌وام ئه‌وه‌یه كه “تراژیدیا” پێكده‌هێنێت)؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌سی وا هه‌یه ده‌رك به دوو لایه‌نی هه‌موو گوتراوێك ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌رك به كه‌ڕیی ئه‌كته‌ره‌كانی شانۆكه ده‌كات، كه له‌به‌رده‌میدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن: ئه‌م كه‌سه هیچ نییه جگه له: خوێنه‌ر (كه له حاڵه‌تی شانۆدا: بینه‌ره).
لێره‌دا هه‌قیقه‌تی نوسینمان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه: ده‌ق له چه‌ندین نوسینی هه‌مه‌جۆر پێكدێت، له كولتوری جیاوازه‌وه دێت، له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌كه‌ونه گفتوگۆ، لاسایی یه‌كتر ده‌كه‌نه‌وه و دژایه‌تی یه‌كتری ده‌كه‌ن؛ به‌ڵام وا پێده‌چیت پنتێك هه‌یه كه ئه‌م فره‌چه‌شنییه‌ی (multiplicity) تێدا كۆده‌بێته‌وه و به یه‌كده‌گات. ئه‌م پنته دانه‌ر نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام گووتراوه، به‌ڵكو خوێنه‌ره: خوێنه‌ر[6] ئه‌و فه‌زایه‌یه كه هه‌موو ئه‌و كۆته‌یشنانه‌ی تێدا نیگار ده‌بێت كه نووسینیان لێ پێكدێت، به‌بێئه‌وه‌ی هیچیان له‌ده‌ست بدات و خەرجیان بكات.
یه‌كێتی ده‌ق له سه‌رچاوه و ئۆرگینالیتیدا نییه، به‌ڵكو له مه‌به‌ست و ئاڕاسته‌كه‌یدایه. به‌ڵام وا ده‌ركه‌وێت ئه‌م ئاڕاسته‌یه چیتر ناشێت كه‌سییانه و تایبه‌ت بێت: خوێنه‌ر مرۆڤێكه كه نه مێژووی هه‌یه و نه بایۆگرافی و نه سایكۆلۆژیا. ئه‌و هیچ نییه جگه له‌و كه‌سه‌ی له یه‌ك كێڵگه‌دا هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌ز و شوێنه‌وارانه كۆده‌كاته‌وه كه (نوسین) یان (ده‌ق) لێ پێكدێت. له‌به‌رئه‌وه شتێكی سه‌خیفه گوێمان لێ بێت به‌ناوی هیومانیزمێكه‌وه سه‌رزه‌نشی نوسینی نوێ ده‌كات كه خۆیشی، به جۆرێك دووڕییه‌وه، پشتیوانه بۆ سه‌رخستنی مافه‌كانی خوێنه‌ر. ڕه‌خنه‌ی كلاسیكی، هه‌رگیز بایه‌خی به‌م خوێنه‌ره نه‌داوه؛ له‌به‌رئه‌مه له ئه‌ده‌بیشدا هیچ مرۆڤێك بوونی نییه جگه له‌و كه‌سه‌ی كه ده‌نوسێت.
ئێمه له‌مڕۆدا چیتر له‌م جۆره هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی مانا غافڵ نین، كه كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌هۆی شانازیكردن به پاڵه‌وانه‌كانه‌وه ڕه‌تیده‌كاته‌وه، فه‌رامۆشی ده‌كات، ده‌یخنكێنێت و وێرانی ده‌كات. ده‌یشزانین بۆ ئه‌وه‌ی نوسین داهاتووی خۆی وه‌ربگرێته‌وه ده‌بێت ئه‌فسانه هه‌ڵبگه‌ڕێنێته‌وه: مه‌رگی نوسه‌ر ئه‌و باجه‌یه كه له‌دایكبوونی خوێنه‌ر پێویستییه‌تی.
تەواو
سەرچاوەکان
ئه‌م وتاره‌م له‌م سێ سه‌رچاوه‌یه‌وه كردووه به كوردی:
– رولان بارط: در السيميولوجيا، ترجمة، عبدالسلام بنعنبد العالي، دار توبقال للنشر، دار البيضاء- المغرب، الطبعة الثالثة، 1993, ص81-87.
– رولان بارت: نقد و حقيقة، ترجمة: د. منذر عياشي، الأعمال الكاملة 3، مركز الإنماء الحضاري، الطبعة الأولى، سورية، 1994، ص‌ص 15-25.
– Roland Barthes: The Death of the Author, Translated by: Richard Howard,
http://www.tbook.constantvzw.org/wp-content/death_authorbarthes.pdf
په‌راوێزه‌كانی وه‌رگێڕی كوردی:
[1] له عه‌ره‌بییه‌كه‌ی “عه‌بدوسه‌لام بنعه‌بد عالی”دا ئاوا هاتووه: “یه‌كه‌مجار له‌ڕێگه‌ی سڕینه‌وه‌ی خۆمه‌وه”. له عه‌ره‌بییه‌كه‌ی “منذر عه‌یاشی”شدا به‌م جۆره‌یه: “واتای نووسین گه‌یشتنه به پنتێك كه ته‌نیا زمان تێێدا ده‌جوڵێت نه‌ك من”.
[2] له عه‌ره‌بییه‌كه‌ی عه‌بدوسه‌لامدا: “ڕه‌خنه لای مالارمێ”.
[3] مه‌به‌ست شێوازی نووسینی سوریالیسته‌كانه یان ئه‌و شته‌ی كه پێیده‌وترێت “collective writing”.
[4] له عه‌ره‌بییه‌كاندا: “پاشه‌كشه‌ی دانه‌ر..”
[5] له عه‌ره‌بییه‌كاندا: “تیۆلۆژیا…”.
[6] له عه‌ره‌بیه‌كه‌ی د. منذر عیاشیدا: “نووسه‌ر…”.