ڕۆنیای کچەچەتە و شانۆی منداڵان


Loading

هیچ جێگای گومان نییە، کە ئەسترید لیندگرێن ١٩٠٧-٢٠٠٢ یەکێکە لە گەورەترین نووسەری ئەدەبی منداڵان و ڕۆمانەکانی بۆ زۆربەی زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون، لەوانەیش زمانی کوردی؛ دلاوەر قەرەداغی، فەرهاد شاکەلی، خەبات عارف و ئەنوەر قادر محەمەد… هتد بەشێک لە شاکارەکانی ئەم خانمە نووسەرەیان لە سوێدییەوە کردووە بە کوردی. پاڵەوانەکانی ئەسترید، بۆ نموونە پیپی، ئێمیل، مەدیکن، ڕۆنیا، کاڵسۆن، یوناتان، میۆ… هتد هاوڕێی هەمیشەیی چەندین نەوەن لە سەرتاسەری دونیا.
زۆربەی ڕۆمان و چیرۆکەکانی ئەسترید کراون بە فیلم و نەمایشی شانۆیی و زنجیرەی تەلەفزیۆنی، ئەم کارانەیش بینەرێکی ئێجگار زۆریان لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە، بۆ نموونەیش ئێستا لەسەر (شانۆی شار) لە ئامادەکردنێکی مۆدێرن و قەشەنگدا، ڕۆمانی (کچەچەتە؛ ڕۆنیا)، کە لە ساڵی ١٩٨١دا نووسراوە، پێشکەش دەکرێت. ئەم ڕۆمانەیش جۆرە ئەندێشەیەکی تری وێنەی چەتەی دارستان و جەنگەڵگەکانمان بۆ دەکێشێت.
ڕۆمانی چەتە و ئەسپسوارەکان، بەشێکە لە ئەدەبی سەرکێشییەکانی گەنجان و بە درێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە و سنوورەکانی نێوان پشێویی و یاسا و ڕێساکان هەڵ دەگرێت. بەڵام لەلای ئەسترید بە تەواوی وانییە و هەمیشە ڕووداوی چەتەکان تێکەڵاوی ژیانی ڕۆژانە، شتی سەیر و سەمەرە، تێکەڵاوکردنی ستایل و ژانرە ئەدەبییەکان دەکات و شتێکی تریان لێ دروست دەکات. دەکرێت بڵێین ڕۆمانەکەی ئەسترید، خوێندنەوەیەکی مۆدێرنە بۆ چەمکە ئەفسووناوییەکانی ئەدەبی چەتە و دارستان و جەنگەڵەکان.
ڕۆمانی چەتەکانیش یەکێک بووە لە ژانرە گرینگ و بڵاوەکانی ساڵانی ١٨٠٠ەکان و لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٧٠٠ کانەوە لە ئەڵمانیا سەری هەڵداوە و هەر زوو لەنێو ئەدەبی ئەڵمانیدا تەشەنەی کردووە و وەک پەتایش بە هەموو وڵاتانی ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە. ئەسترید ئەم ژانرە بۆ ڕۆمانی (کچەچەتە؛ ڕۆنیا) هەڵدەبژێرێت و بۆ مەرام و دیدی هونەری و تەکنیکی ئەدەبی منداڵ بەکاری دەهێنێت. ئەم جۆرەی ئەدەبیش ئەوەی بۆ ئەسترید خوڵقاندوە، کە زیاتر لە دونیایەکی ئەفسوونی و هەلومەرجی کۆمەڵگە سەرەتایی و خێڵەکییەکان نزیک ببێتەوە: سرووشت لەم دونیایەدا ڕێرەوی ڕووداوەکان دیاری دەکات و دەبێتە پاڵەوانێکی سەرەکی و ستراکتور و ئەتمۆسفێری ڕووداوە وەحشیگەری و جەنگەڵ و ژیانی چەتەکان، دیاری دەکات. ئەسترید لە کچەچەتەدا مۆتیڤەکان بە چەندین فۆرم و ستایل بەکاردەهێنێت؛ بۆ نموونە هەندێک جار خۆی لە شێوازێکی کۆمیدی یان داستانەکانی شۆڕەسوارییدا دەبینێتەوە. ئەمە جگە لەوەی فۆرمەکانی گاڵتە و پێکەنین دەکاتە بنەمایەکی گرینگ بۆ ئەو زمانە ساکار و ئاساییەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی و بەمەیش زمانی ڕۆمانەکە هەمەڕەنگ و دەوڵەمەندە، بەتایبەتی لەڕووی بەکارهێنانی نائاسایی زمان لەلایەن جادووگەر و بوونەوەرەکانی جەنگەڵ و تەنانەت مرۆڤەکانی نێو دارستانیش دەچێتە ئاستی سمبۆل و لە چوارچێوەی ئەو هەلومەرجەی ناو چیرۆکەکەدا دەخرێتە ڕوو.
ئەسترید لیندگرێن هەر لەسەرەتای بەرهەمەکانییەوە، بنەما تەقلیدییەکانی ئەدەبی منداڵانی تێک شکاندوە و بەهایەکی ئێستاتیکی نوێی بۆ ئەم ئەدەبە گرانە داڕشتووە؛ بە تایبەتیش لە ڕووی دید و ڕوانینەوە بۆ دونیای منداڵ، بەبێ هیچ گومانێک پێش ڕۆژگاری خۆی کەوتووە. ئەسترید بەشێکی زۆری لەو داستان و گۆرانی و سەمای میللیەوە، کە لە ڕۆمانەکانیدا بەکاری هێناون و ئەفسانەیەکی تایبەتمەندی خۆی لێ پێک هێناون، لە ناوچەی سمۆلاندەوە وەرگرتوون، کە خۆی هەر لەوێ لەدایک بووە و هەر لەوێش گەورە بووە.
ئەسترید، کە لەم ڕۆمانەیدا بە نێو دارستان و جەنگەڵەکاندا شۆڕدەبێتەوە، دەچێتە نێو داب و نەریتە پڕ لە ڕاز و نیاز و نهێنیئامێزەکانی دارستان و جەنگەڵەکانەوە و بە شێوەیەکی قووڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەر چاوگە سەرەتاییەکان و شانە ناوەکییەکان و زمانە سەرەتاییەکەی دوینای داستان و سەرگوزشتە دێرینەکان. لە هەمان کاتدا و بەهەموو شێوەیەکیش لەم داب و نەریتانە لادەدات و زیاتر فۆرمێکی سەربەستی داستانە ئەندێشەئامێزەکان لە خۆدەگرێت و چیرۆک و سەرگوزشتەیەکی پڕ لە ئەندێشەی مۆدێرن، کە لەگەڵ کێشە و دڵەڕاوکێ و ترسی ئەم زەمەنەی ئێمەدا دەگونجێت، دەخوڵقێنێت.
ڕۆمانی (کچەچەتە؛ ڕۆنیا) فۆرمێکی تەنزئامێز لە خۆدەگرێت و ڕۆمانە چەتەییە کلاسیکییەکان دەکاتە پارۆدی و ستایلێکی گاڵتەئامێزییان پێ دەبەخشێت، بەتایبەتی لەو ڕووەوەی، کە فیگورەکان دەکاتە کاریکاتێر و جادوگەری نێو دارستان و جەنگەڵەکان. یەکێک لە بنەما گرینگەکانی ئەستریدیش بۆ خوڵقاندنی ئەو داستان و میتۆلۆژییە مۆدێرنە زمانە؛ زمان و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی هارمۆنیایەکی فرە مەوادای وا لە خۆدەگرێت، کە یەکەیەکی هونەری پتەو دروست دەکەن.
چ لە ڕۆمانەکەدا و چ لە نەمایشەکەدا، هەست و سۆزێکی بەهێزی خۆشەویستی و رق، وەکوو دوو هێزی هەمیشە لە کێشەدا دەردەکەوێت. باوکێک، کە خۆی لە کچەکەی بێ بەری دەکات و کچێک، کە بە ڕووی باوک و بنەماڵەکەیدا ڕادەپەڕێت، لەگەڵ ئەوەیشدا یادی باوکی دەکات. (کچەچەتە؛ ڕۆنیا) چیرۆکی ڕۆمیۆ و ژولێت لەنێو شانەی ڕووداوەکانیدا هەڵدەگرێت و چیرۆکێکی خۆشەویستی قەدەخەکراومان بۆ دەگێڕێتەوە.
چۆن ڕۆمانەکە بە زمانێکی وێنەیی نووسراوە، نەمایشەکەیش لە دیدێکی وێنەیی و بە زمانێکی شانۆیی دەوڵەمەند بەرجەستەکراوە. هەرچەندە جلوبەرگی ئەکتەر و جادوگەرەکان ستایلێکی پۆست مۆدێنزمی لە خۆگرتووە و کارەکتەرەکانی سەر هەسارەیەکی ترمان بیردەخەنەوە. بە هەمان شێوە سینۆگرافیاکەیش لە بری خوڵقاندنی دارستان و ئەتمۆسفێری چەتەکانی چاخەکانی ناوەڕاست، ژینگەیەکی ئاڵۆزی جیهانە پیشەسازییەکان، شوێنێکی ناکۆتا و دارستانێکی هێماگەلی لە میتاڵ و ئاسن دروستکراوی چەند نهۆمی و تاوەری چیرۆکە ئەندێشەگەراکانمان پێشکەش دەکات. بەڵام لەم نەمایشەدا زۆر لە چیرۆکە سەرەکییەکە و ڕۆمانەکەی ئەسترید لایان نەداوە: (ڕۆنیا)ی کچە چەتە و (بیرک بۆرکەسۆن) هەر زوو یەکتر دەدۆزنەوە و پشت دەکەنە ئەو ملمڵانێ و کێشە و شەڕەی لەنێوان بنەماڵەکانیاندا هەیە.
ئەم ڕۆمانە، وەکوو بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی تری ئەسترید، ڕۆڵێکی یەکاڵاکەرەوەیان لە پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی ئافرەتاندا دیووە و لە ڕێگای کارەکتەرە کیژۆڵە و ئافرەتەکانییەوە هانی ڕەگەزی مێینەی داوە، کە لە دژی جەنگ، پیسکردنی ژینگە، وێرانکردنی دەوروبەر، ئازاردانی مرۆڤ و ئاژەڵ ڕاپەڕن.

هەرچەندە رۆمانەکە، چەندین دیمەن و بەشی ترسناک لە خۆدەگرێت و نەمایشەکەیش ئەم بەشە ترسناکانەی، لە دیدێکی پۆست مۆدێرنیزمەوە خستۆتە ڕوو، لەگەڵ ئەوەیشدا وانەیەکی گەورە دەبەخشێت بە منداڵ؛ ئەم ڕۆمانە/نەمایشە گەشتی منداڵە لە ڕووبەرووبوونەوەی ترسدا، بۆ گەورەبوون و دۆزینەوەی خود. ڕۆنیا لەم نەمایشەدا، لەنێو جیهانی ئەفسانە و سەرگوزشتەکاندا سەما دەکات، بە شێوەیەکی ئەکرۆپاتیکی دەجوڵێتەوە، ئەتمۆسفێرەکە دەخوڵقێنێت و هەر بەو سەمایەیش ڕووبەرووی مەترسییەکان و فیگورە ئەفسانەییەکانی نێو دارستان و جەنگەڵەکان دەبێتەوە. ئەکتەرەکان، وەک یەکەیەکی هونەری بە بەردەوامی لە پێکداچوون و بەریەکەوتنی ستراکتوری نەمایشەکەدان، دیمەنەکان ئامادەدەکەن، سینۆگرافیای نەمایشەکە ڕێک دەخەن و بەشێکی گرینگی ڕەوش و ئەتمۆسفێرەکان پێک دەهێنن، بۆ نموونە لە ئەکتەرەوە دەبنە سەمازان، لە سەمازانەوە دەبنە بەشەکانی سینۆگرافیاکە، لە سینۆگرافیاوە دەبنە ئاژەڵی کێوی و لە پریش دەبنەوە بە ئەکتەر و بە مرۆڤی ڕاستەقیینە.
ژیانی مرۆڤە بچووکەکان و پەیوەندییەکانییان بە مرۆڤە گەورەکانەوە لەلای ئەم نووسەرە و لەم ڕۆمانەدا، لە ئەفسانە و ڕاز و نیازەکانەوە بەرجەستە دەبن و هاوکات دەبنە فۆرم و تەکنیکێکی جودای گێڕانەوە، کە هێز و وزەیەکی بێ ئەندازە دەبەخشنە ڕۆمان و نەمایشەکە. ئەسترید چەندە لە ستراکتورێکی بەهێزی دابونەریتگەرایدا دەسوڕێتەوە، هێندەیش نوێخواز و مۆدێرنە: ئەفسانە و داستانەکان دەبنە فۆرمێکی مۆدێرن و دەیالۆگێکی هاوچەرخانە بە زمانی منداڵ لەگەڵ ئەمرۆدا دروست دەکەن.
ئەسترید وەستای شێوازە ساکار و گاڵتە و گەمەئامێزەکانە و شتە چڕ و فەلسەفی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ، مرۆڤ و سرووشت و مرۆڤ و مرۆڤ بەو شێوازە ساکارە دەردەبڕێت. نەمایشەکەیش بەرجەستەیەکی ئەو جیهانە هەمەچەشنە، ساکار و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزەیە، کە ئەسترید لە دیدێکی نوێوە ئەفسانە کۆنەکانمان بۆ دەخوێندێتەوە.


سه‌رچاوه: http://danamarouf.com/?p=685