پەنجاو سێ جار ئەم کتێبەی خوێندۆتەوە، نەفرەت یان تەلیسم!


Loading

  هیچ کاتێک بۆ تێگەیشتن لە دیاریدەکان؛ سەرانسەر خۆم نەداوەتە دەست لێکدانەوەی زانستی، کە لە حوکمە دینییەکان سەرسەخەتتر و تاکڕاڤە و ڕەوترن. ئەگەر بۆ هەموو شتێک بگەڕابامەوە بۆ زانست، ئیدی پێویستم بەوە نەدەبوو؛ نە ئەدەب بخوێنمەوە و نە لەبەرانبەر هونەر و خەیاڵیشدا سەرسام بمێنم… دەمویست بڵێم چیرۆکی (کوندەپەپووی کوێر) بۆ من، شتێکە لەم بابەتە… ئەم کتێبەکە بە نووسین ڕەشنەکراوەتەوە، بەڵکو کێڵگەیە لە مین و سەیرەکەش لەوەدایە؛ لوغمی ئەم کتێبە تەنها بەو کەسانەدا دەتەقێتەوە کە دەیان ناسێت!

چەند ساڵێک لەمەوپێش کاک بەختیار عەلی لە نامەیەکدا بۆی نووسیبووم: “من وا دەزانم ئەدەبی ڕاستەقینە سووڕانەوەی ئەبەدیی پەیامێک بێت کە ھەموو مرۆڤەکان بخاتە گومانەوە، نامەیەک؛ نە نێنەرەرەکەی تەواو دیارە، نە ئەدرێسی لەسەرە. نامەیەکە کە هەموو خوێنەرێک دەڵێت: ئەمە بۆ من نووسراوە، بەڵام دیارە نووسەر لەیادیکردووە ناو و ئەدرێسەکەم لە پشتی نامەکە بنووسێت”.

12243947_1045363672161869_1400822194_nئەوەی ئەم کتێبەی خوێندبێتەوە دەزانێ ئەو سەرنجە چەند لە جێگای خۆیدایەتی. کوندەپەپوو پێچەوانەی هەموو ئەو کتێبانەی تر کە لە خۆت دوورت دەخەنەوە و نیگات دەبەن بۆ شوێنی تر، ئەم کتێبە سەرت پێ شۆڕدەکاتەوە بەنێو خۆتدا… کتێبێکە شەرمی نییە، ختوکەی ئەو هەستانەت دەدا کە خۆت شەرم دەکەی باسیان بکەیت، گێژاوێکە ناتەوێ تێی بچیت و کە چوویتە ناوییەوە ناتەوێ لێی بێیتە دەرەوە، ئەها یەکەم پاراگرافی چۆن دەست پێ دەکات: “لە ژیاندا گەلێك زام ھەن؛ ‌وەك (خۆرە) وردە وردە ڕۆح لە تەریكیدا دەخۆن و دەیتاشن، ناكرێ لە‌لای كەس باسی ئەم ئازارانە بكەیت. چونكە ھەمووان وا ڕاهاتوون؛ ئەم ئازارە بڕوا پێ نەكراوانە بە ‌ڕووداو و پێشھاتی سەیرو دەگمەن بزانن و ئەگەر كەسێك بیڵێت یان بینووسێت، خەڵك بەپێی باوەڕی باو و بۆچوونی خۆیان؛ ھەوڵ دەدەن بە ‌بزەیەكی پڕ لە ‌گومان و گاڵتەجاڕییەوە وەریبگرن”! وابزنم بەندە پتر لە ١٠ کتێبی چاپکراوی هەیە، باسی هیچیانم هێندەی ئەمە نەکردووە و بەنیازیش نیم بیانکەم… کتێبەکە سیحری هەیە، هەر ئەوەندەی خوێندتەوە تەلیسمت دەکات. سەرەتا وامدانا؛ ڕەنگە هی ئەوە بێ کە من هیدایەت زۆر دەخوێنمەوە و لەوانەیە کەوتبێتمە ژێر کاریگەرییەوە –بڕێ جار مرۆڤ وای لێدێ- کەچی کە کتێبەکە چاپ بوو، دیم ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەرەکانی؛ دێن و ئەو شتە دەگێڕێتەوە کە بۆ من زۆر ئاشنایە..! من ئێستایش هەندێ شەو کە خەبەرم دەبێتەوە؛ دەچم کۆمپیوتەرەکەم دەکەمەوە و ئەم کتێبە دەخوێنمەوە… جارێکیان وەرگێڕێکی کورد -کە هەمووتان دەیناسن- بۆی نووسی بووم؛ تا هەنوکە ٥٣ جار ئەم کتێبەی خوێندۆتەوە..! ئەدەبی هیدایەت ئەدەبی بەر لەنوستن نییە، چیرۆکانێک نین بیانخوێنیتەوە و بچی بەئاسودەی بنوویت، لەم چاپە هیدایەتییەدا ئەدەب؛ ڤالیۆم نییە… هەر کتێبەکانی ئەم نووسەرە خۆی بەڵان، بەڵای شووم، چوون پۆلێ قەلەڕەش بە قیغەقیغ دەدەن بەسەر کێڵگەیەکدا، ئاوها دەدەن بەسەر خوێنەرەکانیاندا… دەیاها و سەدەها کتێب دەخوێنیتەوە، بەدەگمەن تووشی دۆخی ئاوها ببیت، یان هەر نابیت.

لەڕاستیدا کەس نازانێ ئەم کتێبە بۆ وایە، تەنیا نووسەرەکەی نەبێت، نووسەرەکەشی خۆی کوشتووە..! ئەم کتێبە لەلایەن نووسەری ئەم دێرانەوە کراوە بە کوردی و ئەمساڵ چاپ بووە.