قوربانی کارەساتێکم یازدە ساڵ پێش لەدایکبوونم ڕوویداوە

Loading

 کاتێک لەدوورەوە لەڕێگای شاشەی تیڤی، لاپەرەی ڕۆژنامەو لاپەڕەی فەیسبوک هەواڵی ئەو کارەساتانەی کە لەلایەن مرۆڤەوە توشی مرۆڤ دەبێت، دە بینین زۆربەمان بۆ چەند ساتێک دڵمان دەهاژێت‌و دەکەوینە ژێر کاریگەری ئەو کارەساتانەوەو بۆ ماوەیەکی کاتی دڵمان تەنگ دەبێت، بەڵام هەواڵەکان هەرچۆنێک ڕوماڵ بکرێن ناتوانن لەدوورەوە بمانخاتە واقیعی ڕوداوەکان‌و هەلومەرجی بەرکەوتووان‌و تێگەیشتن لەخەسارەتەکانیان. هەواڵی ئەنفالکردن چەند لادێی نەیجریا لەلایەن بۆکۆحەرامەوە یان تەقینەوەی بۆمبێک لەپاکستان‌و ئەفغانستان لەپەراوێزی هەواڵەکان ناتوانێت هێندەی تەقینەوەی بتڵێکی گاز لەگەڕەکەکەمان ڕامانچڵەکێنێت‌و کاریگەری لەسەرمان جێهێڵێت. کەواتە هەرچۆنێک هەواڵەکانمان پێبگات هێستا ناتوانین هەستەکانمان بەرینە جێی ڕوداوەکان‌و بەڕوح‌و جەستەوە خۆمان لەجیاتی قوربانیەکان دابنێین.

هەزاران کتێب لەسەر وێرانکاری‌و خەسارەت، بۆمبی ئەتۆم نوسراوە و سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی لێ ئاگادار کراوەتەوە، بەڕای من خەسارەتی دڵڕەقی‌و توندوتیژی‌و زەبرو زەنگی هێزە دیکتاتۆرەکان لەسەر جەستەوو سایکۆلوژیەتی ئینسان لەبۆمبی ئەتۆم کەمتر نیە.

ئەگەر وەک نمونە گەڕەکێکی شارێکی سوریا سەیربکەین کە لەشاشەی تیڤیەوە پێنج ساڵ پێش ئێستا بەدەبابەو شۆفڵ تەختکراو خەڵکەکەی کوژران یان ئاوارەبوون، دووای پێنج ساڵ دۆخی ئەوانەی کە نەکوژران‌و هەڵهاتن چۆنە؟ ئێمە بۆ ساتێکی کەم لەپەراوێزی هەواڵەکانەوە بینیمان گەڕەکێک وێرانکرا بەڵام داستانی کچێکی ١٢ ساڵ کە لەدووای لەدەستدانی خێزانەکەی وەکو کۆیلەی سێکسی دەفرۆشرێت بەشێخە دەوڵەمەندەکان لەمیرنشینەکانی کەنداوی عەرەبی، لێرە بەکوژاندنەوەو گۆڕینی کەناڵی تیڤییەکە کۆتایی پێنایەت.

لاوژە جواد
لاوژە جواد

من دەمەوێت بەم پێشەکیەوە باسی تراژیدیایەک بکەم کە ئەڵقەی یەکەمی ١١ ساڵ پێش لەدایکبوونی من دەستیپێکردووەو هێشتا ئەڵقەی کۆتایی نەهاتووە، باسی وێرانکاری کارەساتێک بکەم کە دوای نیو سەدە هێشتا کاریگەری ئازارەکانی بەرۆکمان بەرنادات.

داستانی کارەساتەکەی من، لەزمانی ئەوکەسانەوە کە خۆیان لەناو واقیعەکەدا بوون، بەمشێویەیە:

بەدوای کودەتا شومەکەی بەعسیەکان لەشوباتی 1963 سیاسەتی ترساندن‌و تۆقاندن بەگرتن‌و کوشتن باڵی کێشا بەسەر هەموو عێراقدا. لەو کاتەدا حیزبی کوردی لەئیدامەی شۆڕشی ئەیلول، وەک پیشەی هەمیشەییان مفاوەزات دەکەن لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەدا. بەدوای بەئەنجام نەگەیشتنیان جارێکی تر خەڵک دەبێتەوە قوربانی‌و باجەکەی دەداتەوە.

چەند ڕۆژ بەر لەوە هێزی کوردی پەنا بۆ شاخدەبەنەوە، هێزەکانی کۆیە لەهەیبەتسولتان خۆیان حەشاردەدەن، بەعسیەکان هێرش دەکەنە سەریان‌و سەرکەوتونابن‌و لەهێرشەکانیان ناکام دەبێت. بەعسیەکان تۆڵەی شکستەکانی خۆیان لەخەڵک دەکەنەوە، بەپێی پیلانێکی لەپێش ئامادەکراو سەربازو چەکدارەکانیان

لەشاری کۆیە لەسەر دۆمینە لەناو خۆیان لەچاخانەی سلێمانی حەمە قاوەچی دەست دەکەن بەتەقەو بەوشێوەیە بەپێی پلانەکەیان ترس‌و تۆقاندن بلاوکەنەوەو خەڵک چاوترسێن دەکەن.

 

وەرز: هاوین

ڕۆژ: 4/7ی 1963

کات: دوای نیوەڕۆ

تەقە لەشار دەستپێدەکات‌و نائارامی بڵاودەبێتەوە، هاوڵاتیەکی سڤیل بەبرینداری ڕادەکات، خەڵک چاوەڕوانی ئەوەن کە ڕوبدات، لەبەرئەوەی دەزانن لە هەرکاتێکدا بێت دەقەومێت، مام شەعی لە جەرگەی بازاڕ بریندار دەکرێت‌و بەشپرزی‌و خوێنە چۆڕکێ بەکۆڵانەکاندا هەڵدێت، خوێنێ لەبەردەرگای مالان دەچۆڕێت، تەنها دڵۆپە خوێنێکیش بەسبوو بۆ بەعسیەکان کە کارەسات بخولقێنن!هەر وەک خەڵک چاوەڕێیان دەکرد قەوماو فەزای عەسکەرتاری شار دادەگرێت و دەوری کۆیە دەگیرێت و هەمو جۆرە هاتوچۆیەک قەدەغە دەکرێت. ڕەش بگیر دەستیپێکرد، هەرچی بینیان گرتیان، گرنگ نەبوو منداڵە، گەنجە یان پیرو پەک کەوتەیە!. دەسڕێژ دەکەن بەناو خەڵکدا، خەڵکی سڤیل و بێتاوان لەسەر شەقامەکان گولە باران دەکەن، هاوڵاتیەک بەناوی مەلای شێخ تەها ” بە برینداری هاواریدەکرد، بەڵام کەس نەیدەتوانی فریای کەوێت، خۆم بەچاوی خۆم بینیم، خستیانە ناو زیلێکی عەسکەری، دواتر بە برینداری کوشتیان” ئەمە وتەی شاهیدێکە، هاوڵاتیەکی تر بەناوی حەمیدی نەجار بە هەمان شێوە لەسەر شەقام دەبێتە قوربانی دەستی بەعسی فاشیست سەرلەبەیانی ڕۆژی دوایی، بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک شەش لەم هاوڵاتیە سڤیلە بێتاوانەی کە دەستگیرکرابوون،  لەدرێژەی چاوترسێنکردنی خەڵکدا، دەبەنە ناو خێمەیەکی سەربازی بەعسیەکان کە لەناو جەرگەی شاری کۆیە هەڵدراوە، مەلایەک و کەشیشێک بانگ دەکەن و بەزیندویی ڕێوڕەسمی مەرگیان بەڕێوە دەبەن، ئەوەی کە ئەم شەش قوربانیە لە گیرفانیانە تەسلیمی مەلاو کەشیشەکەی دەکەن وەک سەعات و پارەو…..کە بیدەنەوە دەستی کەسوکاریان، قوربانیەکان بەناوی سلێمانی حەمە قاوەچی، شەفیق حەمەد، حەمەدەمینی ئەحمەداغای، حەنا یوسف تۆما، محمد رەشاد حەویزی، یوسف حەنا تۆما لە دینگەکانی ناو بازاڕی کۆیە دەبەسترێنەوەو گولە باران دەکرێن وە بۆماوەی 24 کاتژمێر دەهێڵدرینەوە. دیارە ئەم سیاسەتی ترسو تۆقانە بەردەوام دەبێت ڕۆژی 30/7 کۆمەڵێکی تر لە دینگەکانی ناو بازاڕ دەبەستن و گولە بارانیان دەکەن، کە سێ کەسیان برا دەبن. 

بۆچی من قوربانی ئەم کارەساتەم؟
لەگەرەکی ماڵی مەلایان(جەلیزادەکان) لەکۆیە کە نزیکی ناوبازارە، خێزانێکی ئاسایی(ماڵ باپیرم واتا باوکی دایکم)، هاوینان دەچنە چنارۆک بۆ سەر زەویەکانیان و خەریکی باغداریان دەبن، ئەم هاوینە شومە، بەهۆی خراپی بارودۆخەوە ناچارن بگەڕێنەوە کۆیە بۆ ماڵی خۆیان. لەم خێزانەدا دایک، باوک چوار کچ کە گەورەکەیان نۆ ساڵە، برایەکی بچوکیان دەبێت، دایک دوگیان دەبێت و چاوەڕوانی کۆرپەلەی شەشەم دەکەن.ماڵی ئەوان یەکێک لەو ماڵانە دەبێت کە پریشکی خوێنی مام شەعی لەبەر دەرگەیان کەوتووە، حەرەس جمهوریەکان زۆر دڵڕەقانەو بێڕەحمانە لەدەرگا دەدەن، لەترسی ڕەشبگیری کە لەدەرگای هەر ماڵێک دەدرێت پیاوەکان ناچارن خۆیان حەشاربدەن‌و ژنەکان دەرگا بکەنەوە، ئەمە لە هەموو ماڵەکان ڕودەدات، سەعات شەشی ئێوارە دەبێت مونیرە خانم، ناچاردەبێت دەرگا بکاتەوە، پێیدەڵێن ئێوە بریندارتان لەماڵەکەتان حەشارداوەو دەیانەوێت بڕۆنە ژورەوە، بەڵام ئەم ژنە قارەمانە بەرگری دەکات بەپێی ئەم وتانەی کە دەگێڕدرێنەوە لولەی چەکەکەیان دەگرێت و پاڵیان پیوە دەنێت، ڕێگا لە چونە ژورەوەیان دەگرێت، وە دەرگاکە دادەخاتەوە، دەرگایەکی لەتەنەکە دروستکراو، جارێکی تر گورگە هارەکان لە دەرگا دەدەنەوە، ئەمجارەیان دەرگاکە ناکاتەوە، بەڵام وەڵامی گورگەکان لەپشت دەرگاوە فیشەک بارانکردنیان دەبێت. مونیرە مەلا تاهیر جەلیزادەو تاقە کوڕەکەیان بەناوی شوان کە لەباوەشی دایکی دەبێت و نۆ مانگان دەبێت بریندار دەبن. شاهیدی ئەم کارەساتە ماهیەی کچی گەورەی مونیرە خان دەبێت کە ئەوکات تەنها نۆ ساڵە!ماهیەی بێچارەو بێدەسەڵات نازانێت چیبکات و چۆن فریای دایک و برای برینداری بکەوێت. بە هاوار و گریان هانا بۆ دەرو دراوسێ دەبات کە هەمویان خزمو کەسی یەکترین، ئەوانەی کە دەتوانن کۆدەبنەوە، لەناوخۆیان قسەوباسدەکەن کە چیبکەن خۆ کەس ناوێرێت بچێتە دەرەوە چۆن فریای بریندارەکانیان بکەون؟ دەڵێن مونیرە خان دەڵێت لێمگەڕێن با کەسی تر نەبێتە قوربانی من، لە حەوشە کەوتوەو خوێنی لێدەڕوات. چاوە پڕ لە ئەسرینەکانی ماهیە بۆ دایکی و نەنە ئامین بۆ تاقە کچەکەی دڵیان قوڵپەی دەدا، لەم نێوەدا مونیرە خەمی تاقە کوڕەکەی بوو، ” کوڕەکەم ڕزگارکەن خۆم قەینا” بەهەر بەدبەختی و قسەکردنی خەڵک لەگەڵ بەعسیەکان ڕێگا درا مونیرەو شوان بگەیەندرێنە خەستەخانەی کۆیە، لە خەستەخانە تەشخیسدرا کە دەبێت لە زوترین کاتدا بگەیەندرێتە هەولێرو عەمەلیات بکرێت، بەڵام درندەکان ڕێگایان نەداو ئەمشەوە لە خەستەخانە مونیرە بە بێهۆشی دەمێنێتەوەو سەعات 6ی بەیانی ڕۆژی دوایی واتا دوای 12 سەعات گیان لەدەستدەداو شوان هەر بە برینداری دەمێنێتەوە، ئومێدیان ئەوە دەبێت کە بارودۆخەکە باشتر بێت و ڕەوانەی هەولێر بکرێت.ڕێوو ڕەسمی ناشتنیتراژیدیای بەخاکسپاردن بۆ خۆی کارەساتێکی تر دەبێت، پیاوان هەموی خۆیان شاردۆتەوە، هاتنە دەرەوە قەدەغەیە، جارێکی تر بۆ قەبر هەڵکەن موڵەتی ناشتن توشی کێشەدەبن، ژنان لەسەر پەیژەی دایدەنێن و هەڵیدەگرن و لە نزیکترین شوێنی مومکین لە قەبرستانی دەروێش خدر بەخاک دەسپێردرێت.چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوە، شوانیش گیان لەدەستدەداو، لەپاڵ دایکی بەخاکیدەسپێرن.پەیوەندی ئەم کارەساتە بە منەوە؛

ماهیە سابیر، کچی سابیر مالا ڕەئوف (حاجی سابیر یادی بەخێر) و منیرە مەلا تاهیر کە شاهیدی کارەساتی گولە بارانکردنی دایکی و براکەی دەبێت، دواتر لەساڵی 1973 هاوسەرگیری دەکات و ساڵێک دوای ئەوە کچێک دەهێنێتە جیهانەوە، ئەوکچە ناوی دەنێن لاوژە.

هەربۆیە من، خوشکوبراکانم، پورو پورزاکانم، منداڵەکانی ئێمە ناڕاستەوخۆ قوربانی ئەم کارەساتە و کاردانەوەکانی ئەم تراژیدیایەین.

هەروەک وتم چوار کچ بێدایک دەبن، گەورەکەیان کە دایکمە نۆ ساڵەو بچوکەکەشیان تەنها دووساڵە.

لەنێویاندا تەنها کەسێک کە شاهیدی گولە بارانکردنی دایکی و براکەی بووە دایکم دەبێت، بۆیە دایکم دەبێتە ئەکتەری لێدانەوی ئەو فیلمە و ڕۆژانە ئەو تراژیدیایە باسدەکرێت بۆ خوشکەکانی و ئەو خزم و کەسانەی کە دەیانەوێت ماجەراکە بزانن.

بەجیا لەوەی کە دایکم لە ناز و خۆشەویستی دایکی بێ بەری دەکرێت، لە هەمانکاتدا شاهیدی کارەساتێکی وەحشیانە دەبێت کە قوربانیەکانی ئازیزترین کەسەکانی خۆی، دایک و براکەی دەبن. ئەم داستانە تاڵە دەبێتە کابوسێکی نەبڕاوە کە نە ڕاچڵەکینی تێدایە نە ڕۆژ بوونەوە، سەرتاپای ژیانی دایکم دادەگرێت. من پێموایە کاریگەریەکانی لەسەر ئێمە بە منداڵەکانیشمانەوە دەبیندرێت.

کچە شەنگالیەکە دایکم بیردەهێنێتەوە؛

کیژۆڵەیەکی پێست سپی مو کاڵی زۆر جوان، لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە ڕۆژانە چەندین جار بۆ ڕێکلامی کەناڵەکە نیشاندەدرێت، ناوی کۆمەڵێک لە قوربانیەکانی خێزانەکەی دەهێنێت، چاوی پڕە لە پەژارەو گریان گەروی دەگرێت و دەڵێت ئەمانە هەموی لەدەستی داعەشدان. زۆر نا بەرپرسانە کەناڵێک کیژۆڵەیەکی قوربانی بەکاردەهێنێت، بۆ سەرنجڕاکێشانی بینەر! ئەم کچۆڵەیە هەموجارێک وێنەی دایکم بە منداڵی دەهێنێتە بەرچاو. وێنەی دایکم ماوە کە لەسەرەتای شەستەکان بۆ خوێندنگا گرتویەتی، سپی و موکاڵ و خرپنە، بە بێ ئەوەی بتوانم لێی دەربازبم دەرکەوتنی ئەو کچە لە شاشەی کەناڵەکە، وێنەکەی دایکم دێنێتە پێشچاوم کە چۆن هەردوکیان قوربانی کارەساتن.

سەرباری ئەوەش جیاوازیەکی زۆر لەنێوان دایکم و ئەم کچۆڵەیە دەبینم، دایکم کەسوکاری تری لە دەوریدا ماوەو هەوڵیانداوە کۆمەکیان بکەن، نازو خۆشەویستیان پێداون، نەنکی، باوکی، ژنی دووەمی باوکیان و هەروەها خزمەکانیان، هەمویان کەسانی باش و میهرەبان بونە، من تا گەورەشبوم بە باوەژنی دایکم دەوت دایە خەجیج، لەبەرئەوەی هەستم بە خۆشەویستی نەنکایەتی دەکرد لێی. واش ئەم تراژیدیایە بەردەوام لەبردەمی دایکم دێ و دەچێت، لەوەتەی فاممکردوە من گوێم لەم داستانە دەبێت و دەبێتەوە، کاتێک هاوڕێکانم دەهاتنە ماڵەوە بۆلامان دوای 5 دەقە دایکم ئەم فلیمەی دەگێراوە ، زۆرجار پێی ئیزعاجدەبوین، بەڵام کە گەورەتربوین و زانیمان بابەتەکە چییە دەمانویست گوێیلێبگرین، یان زۆر جار بیری بەینەوە. کاتێک بۆ سەردانی کەسوکار یان ناو بازارو سەرقەبران دەچوین، دەمانویست دایکم لە ڕێگایەکی ترەوە بەرینەوە، بەڵام وەک ئەوەی هێزێک بەرەو ئەم ماڵەی ڕابکێشێت کە ئێستاش ماوەو هەر هەمان دەرگایەو جێگای گولە ڕەشەکانی پێوە ماوە، یەکسەر بەرەو ئەوێ دەڕۆیشت لەبەردەم دەرگاکە وەستانێکی خێرای دەکردو بۆ یەک سات خەیاڵی دەڕۆیی کە ڕادەچڵەکی، چاوی پڕ لە گریان بوو. وە هەمو جارێک دەیوت ئەمە جێگای فیشەکەکانە کە بەر دایکم کەوت.

سەرەڕای ئەوەی کە دایکم کەسێکی لێهاتوو و خاوەن کەسایەتیەکی ئازا و بێوێنەیە ، بەڵام زۆر جار غەمبار دەبوو وە تا ئێستاش دەچێتە ناوخۆی و بیردەکاتەوە. کاتێک دەڵێن کەسێک کوژرا دایکم ڕادەچڵەکێت، کاتێک دەڵێن منداڵیک بێ دایکە، دایکم دەستدەکاتە گریان، وە هەمیشەش لەخەم و بیرکردنەوەی لێقەوماوانە و زۆر ئیحساساتیە.

بۆ ئێمە کە نەوەی دوەمی ئەم کارەساتەین و ئەوانەی دووای ئێمەش بێ کاریگەر نەبووە، ئەم بارودخو گێرانەوەی دایکم کاریگەری لەسەر داناوین، هەمیشە لەخەمی دایکامان بوین، نازانم بەکام زمان کاریگەریەکان دەرببڕم و بیانوسمەوە،  بەڵام هەمیشە هەستدەکەم، بۆشایەک لەدڵمدایە، من کەمتر هەستم بەوە دەکرد کە لەسەر خوشک و براکانم چەند کاریگەری بووە، نازانم بۆ هەمیشە ئەم هەست و ئیحساسەمان لەناخمان دەشاردەوە، تا ماوەیەک پێش ئێستا براکانم هاوڕێو هاوژینمیان بردبو بۆ شوێنی ڕوداوەکەو وێنەیان گرتبو، وە لە فەیسبوک بڵاویانکردبۆوەو ئیحساساتی خۆیان لەبارەیەوە نوسیبو، لە هەمانکاتدا پورزاکانیشم بە کۆمینت ئیحساسی خۆیان دەربڕیبو، بەدوای ئەوە بە تەواوی بۆمدەرکەوت کە ئێمە هەموومان قوربانی کارەساتێکین، کە لەمنداڵی دایکمان لە خێزانەکەمان ڕویداوە، وە بۆم دەرکەوت تەنانەت لەسەر منداڵەکانیشمان کاریگەری جێهێشتوە.

زۆر جار هەستم بە بۆشایی بێ نەنکی “دایکی دایک” کردووە و لای خۆمەوە دڵم پڕبووە، کە هەرزەکاربوم بەخۆمم دەوت ئەگەر ئیستا نەنکم مابایە دەچوم دەردە دڵم لای دەکردو گلەیەکانی خۆم کە هەموو منداڵێک لە دایک و باوکی هەیەتی بەتایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاری دەمبرد بۆلای، بەڵام ئێستا دەپرسم، ئەگەر ئەم کارەساتە بەسەرمان نەهاتبایە، گلەیی و گازندەکان هەر هەمان شت دەبوون، ئایا ئاراستەی ژیانمان بەرەو شوێنێکی تر نەدەڕۆیشت؟

لێتانی ناشارمەوە ئەو کارەساتە ئەوەندە گەورەیە لەدڵی من و خێزانەکەمدا، کە برینەکەی هەرگیز ساڕێژ نابێت، ئەم برینە 52 ساڵە خوێنی لێدێت، ئەم فیشەکەی لە دڵی نەنکمیدا ئازارەکەی تا ئێستاش کاریگەری لەسەر نەوەکانی دوای خۆی دادەنێت.  تا ئێستا جورئەتم نەکردووە بۆ منداڵەکانمی باسبکەم، زۆر جار دەمەوێت پێیان بڵێم کەمن قوربانی کارەساتێکی لەمجۆرەم، بەڵام ناوێرم بیگێرمەوە بۆیان.

ئامانجم لەم نوسینە چیەو بۆ لەمساڵدا دەیگێرمەوە.

لێرە ناچارم جارێکی تر بێمەوە سەر ئەم کچە ئێزیدیەی کە قوربانی دەستی داعەشە! وەک وتم دایکم بیردەهێنێتەوە.

کوردستان وڵاتی کارەساتەکانە، بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان قوربانی کارەساتی لەمجۆرە  و لەمە دڵتەزێنترن، بەجیا لە کارەساتی گەورەی وەک ئەنفال کمیابارانی هەڵەبجە، کارەساتی شەنگال و قوربانیانی دەستی داعەش. ئەوان بەکۆمەڵ بونەتە قوربانی، ئەو منداڵانەی کە شاهیدی کارەساتی لەمجۆرەن، هەموو شتێکیان لەدەستداوە تەنانەت هەندێکیان دەستدرێژی سێکسیشیان کراوەتە سەر، لەوانەیە کەس نەبێت یارمەتیان بدات، یاخود دەوروبەریشیان هەر لە کابوس دەژین و پێویستیان بە کۆمەک هەیە، من لە تەجروبەی خۆمەوە دەڵێم ئەم کارەساتانە تا چەند نەوەش کاریگەری دەمێنێتەوە، وەک و وتم لەم شوێنانەی کە بەکۆمەڵ ڕویداوە کاردانەوەکەشی بەکۆمەڵ دەبێت. کاریگەری ئەم هەموو کارەساتە چ جۆرە کۆمەڵگایەک بەرهەمدەهێنێت؟

لەنێوان 1963 بۆ 2015 زیاتر لە نیو سەدەیە، لەم ماوەیەدا ئاستی زانیاری ئینسان و زانستی دەروناسی و کۆمەڵناسی زۆر پێشکەوتوەوە، ئەگەر خەمخۆر هەبێت کۆمەکی پڕۆفیشۆناڵ بگاتە ئەم ئینسانانە بۆئەوەی کە کاریگەریەکانیان بەسەردا کەمبکرێتەوە. دەبێت کۆمەڵگای بەشەری تێگەیشتنێکی قوڵتر لەم قوربانیانە وەرگرێت، دەبێت جوڵانەوەیەکی بەهێز دروست بێت کە لە ئاست کارەساتەکن بێت، ئەگەرنا تا چەند نەوەی تریش کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت کۆمەڵگایەکی تەندروست بێت. من کەسێکم ناتوانم بەرامبەر کێشەکان دەستە وەستان دانانیشم هەمیشە دەمەوێت بە عەمەلی بێمە مەیدان، هاوڕێیەکی منداڵیم بووە قوربانی کەلتوری ناموسپەرستی بڕیارمدا هەموو ژیانم دژی کەلتوری پیاوسالاری بجەنگم، بەلام لەئاستی ئەم هەموو کارەساتە کەمێک خۆم دەستەوەستان دەبینم و نازانم چیبکەم، تکایە کۆمەکم بکەن بۆئەوەی بزانین چیبکەین و چۆن فریای ئەم هەموو قوربانیە بکەوین؟

کۆمەڵگا پێویستی بە ڕوحی هاوکاری و هاوچارەنوسی و بەرپرسیاریەتیە لە ئاستی یەکتری، زۆرجار گوێمان لیدەبێت قوربانی کارەساتەکان دەڵێن هیچمان بۆ نەکراوە، ئەوان ناهەقیان نییە کە کۆمەک بکرێن،

یەکێک لەوشتانەی کە دایکم لەم کەیسە زۆر نیگەران دەکات ئەوەیە، کە ئەگەر سەربە حزبێکی دەسەڵاتدار نەبیت هیچ جێگاو ڕێگایەکیان بۆ داناندرێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، سەرباری ئەم کارەساتە گەورەیەی کە ژیانی دایکمی قاڵب داوە شانازی بە ئازایەتی و زیرەکی و لێهاتووی دایکمەوە دەکەم کە هەمیشە ئیلهامی خۆڕاگری چاونەترسی بوە بۆ ئێمە.

وە داوی لێبوردنیش دەکەم ئەگەر دڵی کەسانێکم تەنگ کردبێت بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە دڵتەزێنە، وە لەوانەیە کەموکوڕیشی زۆربێت بمبورن. دوای لێبوردنی تایبەتم بۆ دایکم و پورەکانم ئەگەر جارێکی تر برینم کولاندنەوە، بەڵام نوسینەوەیم بە پیویست زانی بۆ بارسوکی دڵی خۆم. سەری ڕێزو نەوازش بۆ خاڵم و نەنکم وە هەموو قوربانیانی دەستی ڕەشی تیرۆریستان دادەنوێنم. هەرچەندە هەرگیز نەمبینیوون بەڵام جێگایەکی تایبەتان لەدڵم هەیەو هەمیشە لەناخمدا لەگەڵتان دەدوێم.

تەواو

 

 

کولتور مەگەزین : ڕێنوس و کێشەی دوو (واو )   تایبەتە بەسەرچاوەی باسەکە  (ئاوێنە)!