سۆسیۆلۆژیای کاری نا-ماتریالی

Loading

لەو شوێنەی ماركس نایپێكێت

١

ئەبوبەکر جاف؛ نوسەر لەبواری هزری ڕەخنەییدا
ئەبوبەکر جاف؛ نوسەر لەبواری هزری ڕەخنەییدا

‎ناتەواویی و كڵۆڵیی و هەژاری تیۆری ماركسیست سەبارەت بە چینەكان، بە تایبەتی نا لێهاتوویی و دەستەپاچەیی لەوەی بتوانێت جیاوازییە بابەتییە بەرچاوەكان بە هەند وەربگرێت، گەڕاندنەوەی فاكتەكان و بەرهەمهێنانەوە كۆمەڵایەتییەكان بۆ تەنیا یەك كایە، كایەی ئابووری. ئەم تیۆرە هەژارو دەستكوورتە، پێگە و شوێنە كۆمەڵایەتییەكان تەنیاو تەنیا لە گەڕاندنەوەیاندا بۆ ناو یەك پێگە قەتیس دەكات، تەعریفیان دەكات، تەنیا پێگە و شوێنگەیەك لە ناو پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانە ئابورییەكاندا دەبینێت. لێرەشدا، ئەم تیۆرە ئەوە لە بیر دەكات و نەزان و بێئاگایە بەرانبەر پێگەو ڕۆڵگێڕان و سەرقاڵییەكان لە ناو كایە جیاوازەكاندا، بە تایبەت لە ناو پەیوەندی بەرهەمهێنانە كولتورییەكاندا. بەمشێوەیە تەواوی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێ و كێبەركێ و كێشمەكێشەی كە كایەیەكی كۆمەڵایەتی بونیاد دەنێن، ئەوانەی كە جێگەی ڕەتكردنەوەو ئەفەرۆزكردن نین لە بەرانبەر وەستاندنەوەو بەرانبەربوونەوە لە ‎نێوان خاوەندارێتیكردن یان خاوەندارێتی نەكردنێ ئامرازەكانی بەرهەمهێنانە ئابورییەكان؛ بێتوانایی و هەژاری تیۆری ماركسیست لە بارەی چینەكانەوە لەوێدا كە دونیایەكی كۆمەڵایەتی تاك ڕەهەندمان دەداتێUnidimensionel، دونیایەكی كۆمەڵایەتی كە تەنیاو تەنیا لە دەوری دوو بلۆكی بیناكراو لە سەر ئابووری خۆی ڕێك دەخات. لە ڕاستیدا فەزای كۆمەڵایەتی فەزایەكی فرە ڕەهەندە، Multidimensionnel. پێكەوەبوونێكی كراوەی كایەكان كە بە شێوەیەكی ڕێژەیی سەربەخۆو ئۆتۆنۆم. واتە لە ناو وەزیفەو تەحویلبوونەكانیاندا بە كەمو زیادییەكی پتەوی و ڕاستەوخۆ ملكەچ و گوێڕایەڵن. كایەی بەرهەهمهێنانی ئابووری: لە ناوەوەی هەر ژێر- فەزایەك، سەرقاڵبووانی پێگە هەژموونكار و زاڵەكان و سەرقاڵبووانی پێگە هەژموون لە سوور كراو ژێر دەستەكان بە بێ پچڕان و و لێكترازانی پابەندبوو لە ناو ململانێ و كێشمەكێش و كێبەركێ فۆرمە جیاوازەكان و فۆرمی جیاوازی بەركەوتن، لێرەدا و بە بێ ناچاری و زەرورەت لە ناو گرووپی ئەنتاگۆنیستدا خۆیان پێك دێنن.”

‎پییەر بوردیۆ، زمان و دەسەڵاتی ڕەمزی.
Pierre Bourdieu, Langage et Pouvoir symbolique, “Pouvoir symbolique et champ politique”, P. 314

٢

ھیچ نەنگیی و شورەییەک نییە، کە مارکس و ئـابووریناسیی و سۆسیۆلۆژیای مارکسی بەرھەم و مناڵی کۆنتێکستێکی سۆسیۆ- مێژوویی و ئـابووری سیاسی دونیای خۆی بێت. پەیوەندییەکان و ھێزەکان و ململانێی چینەکان و ئـامرازەکانی بەرھەمھێنان لە کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی نوێدا حەتمییەتێکە وشیاریی و ئـاگایی و تێۆریزەو تیۆریزاسیۆن و چەمکاندن و ئـەرگیومێنتسازییەکی پاشکۆ بە ھێزەکانی ئـەو کاتە بخولقێنێت. حورمەت و ڕێزگرتنێک کە ھەمان بێت بۆ مارکس و تەفسیریی مارکسی، ئـەوەیە لە شوێن و کۆنتێکستی خۆیداو لە سەدەی نۆزدەدا بیبینین و ماناو نرخی خۆی پێبدەین. وەك فوكۆ دەڵێت: ماركس وەك ماسی ناو ئاوی سەدەی نۆزدەیە ئەگەر بیهێنینە دەرەوە دەخنكێت. مارکسیش وەک کەر ئـینسانێک لە ناو زانستە کۆمەڵایەتیی و زانستە مرۆییەکاندا خۆی سوژەیەکی ئـینسانییە لە ناو تۆڕی ھێزەکاندا بەرھەمھێنراوە. واتە بە قەولی فوکۆ مارکس وەک سوژەیەک، وەک بەرھەمھێنراوێکی کۆمەڵایەتی لە ناو ھێزەکانی سەدەی نۆزدەو ئـیپستیمی دونیای مۆدێرن دایە، وە تەفسیرو بەرھەمەکانیشی مەحکومە بەو لەحزە “ئـپستمییەی” سەروبەندی فۆرمیولەبوونی مارکسی موفەسیرو مارکسی شۆڕشگێڕ و مارکسی ئـابووریناس … مارکس نە پەیامبەر بووەو نە فاڵگرەوە.دەتوانرێت مارکس لە ناو تەفسیری ماتریالیزمی مێژوویدا بە ئـیشکاڵ بکەین و ئـەگەر تۆزێکیش بڕوامان بەو میکانیزمەی تەفسیرکردنە مارکسیە ھەبێت پێش ھەر کەس مارکسێکی بەرھەمھێنراوی بە ماتریالبووی پێ بخوێنینەوە. بەم شێوەیە ڕاکێشانی مارکس بەھەر فۆرم و فئـرمیلەبوونێک بێت بۆ ناو دونیای ئـێستا، ئـەوا ستەم لە مارکس دەکەین و دەیكەین بە ستەم و ستەمکارییەکەوە بە سەر ئـێستای دونیاو دراوەکانی ئـێستاوە.مارکس بەرھەمھێنراوێکی ناو چین و ململانێی چینەکان و ھێزەکان و پەیوەندی ھێزەکان و بەرکەوتن و ھاوسەنگی ھێزەکانی دەمی خۆیەتی.

٣

hqdefault
پییەر بۆردیۆ

چەمکێکی زۆر و تا بڵێیت ئـیشکال ئـامێزی وەک چینەکان و دونیای چینەکان و سەرمایەی چینەکان و فراوانبوون و واڵابوونی چینەکان و ستایڵ و چینەکان و ململانێی چینایەتی، تایپ و شێوازی بەرهەمهێنانی دونیای ئێمە … لە ئـێستای ئـێمەدا نە دەچێتە ناو دوالیزمی ژێرخان/سەرخانەوە، نە دەشچێتە ناو فرەیی و بێکۆتایی چینەکان و چینبەندی ئـێستای دونیای ئـێمەوە. چینەکانی نە دوو چینی بۆرژوا و پرۆلیتارن و نە چینگەلێکن بەر مەبنای ئـامرازەکانی بەرھەمھێنان و پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانی ئەو كاتەی دونیای سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمیش پەیوەندی و ململانێ سەر ڕێگا دەخەن. چین لە ئـێستادا ھێندەی لە ناو دونیای ڤێرتوێلی و مەجازیی و ڕەمزییدایە، نیوەی ئـەوە لە ناو دونیاو ئـامرازە ماتریالیی و پەیوەندییەكانی بەرھەمھێنانی ماتریالیی و تەنانەت کاریشدا نییە. کاری ئـێستا سەربە فەزایەکی نا ماتریالیی و نا واقعییە. چینەکانی ئـێستا لەسەر ئـابووری مالیی نە بینا دەکرێن و نە پێناسەش دەکرێن و نە خۆیان فۆرمیولە دەکەن. ئـێمە وەک پییەربۆردیۆ دەڵێت: کۆمەڵێک کاپیتال و سەرمایەی جیاوازمان ھەیە كە ناچنە ناو کاپیتالی ماتریالیی و كاپیتالی ئابووری مالییەوە.

٤

ئـەگەر بویری ئـەوە بکەین و بڕێک نەکەوینە ناو ئـیشکالی مەعریفیی و تیۆرییەوە، دونیای ئێستا دونیای کاری ناـــماتریالییە،دونیای کارگەلێکە لەسەر مەعریفەو زانیاری بیناکراوە. دونیای تەکنۆلۆژیاو تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەكانی کاری نا- ماتریالین.پەیوەندی بەرھەمھێنەرو بەرھەمھێنان و بەکار بردن لە ئـاستێکی مەجازی ماترێکسیدا ناچێتە ناو بەرھەمھێنان و پەیوەندی بەرھەمھێنان و ئـامرازەکانی بەرھەمھێنانی کاپیتال و کاپیتالیزم و دونیای سەرەتای دەرکەوتنی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی و بە پیشەسازییکردنەوە. کەرتە خزمەتگوزارییەکانی لە ئـابووری ئـێستادا، نمونەیەکی نوێی پەیوەندیی بەرھەمھێنەرانەن. بەرمەبنای ئـاڵوێرو ئـاڵوگۆڕی خێرای زانیاریی و مەعریفە دروست بوون.ئەو كاتەی بەرھەمھێنانی خزمەتگوزارییەکانیش مەحکوم نین بە قازانج و سودی ماتریالی، لێرەدا ئـێمە فەرمانبەرێکمان ھەیە لەناو ئـەم بەرھەمھێنانەشدا ، لە ناو ئـەم بەرھەمھێنانە نا-مادییەدا کە سودو قازانجێکی نا-ماتریالی ھەیە لە وێنەی خزمەتگوزارییەکی تایبەتی فەرھەنگیی و کولتوریی و زانیاریی و مەعریفی. کاری نا-ماتریالی دەتوانین لە نمونەی کۆمپیەتەردا بیبینین.کاری کۆمپیوتەری دەسکاریکردنێکی تەواوی پەیوەندییەكانی کرێکارو پێدراو فاکت و ئـەکتی نوێی سۆسیۆلۆژییە. كرێكاران لە ئـێستادا ھەمان چەمک و ھەمان بکەر نین، کە ڕۆژگارێک بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ کارگەکان و ئـامێربوونیان ھەبوو.ئـەو کاتەی چالاکییە مرۆییەکان چالاکی میکانیکی بوون.شۆڕشی کۆمپیوتەری و پەیوەندییەکان لە بەرھەمھێناندا گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی بەسەر شێواز و جوڵەو بزاوتی کارکردندا ھێنا. بە خێراییەکی وەھا کە ئـامرازەکانی کارلێککردنی سیبیرانی و شتێکی نوێی لە جەستەو مێشکماندا خولقاند. ئـەنترۆپۆلۆژیای فەزای سیبرانی لە ڕاستیدا دانپێدانانە بە دۆخێکی ئـینسانی نوێ. کاری نا-ماتریالی لە ناو كۆمپیوتەرو ۆەیوەندییەکاندا ” خزمەتگوزاری ڕەمزیی -شیکاری” خولقاند.ئـەم شێوازەی کارکردن و کارە نا-ماتریالییە خاوەن نرخاندنێکی باڵاو بەهایەكی دیکەیە. کلیلی کێبەرکێ و ململانێی دونیای ئـابووری نوێی جیھانییە. ئـەمەش لە ئـاستی بەکارھێنانی ڕەمزییانەی کاراو داهێنەرانە، لە میانەی لە خۆگۆڕینی داتاكان و پیشەسازی وشە.ئـا لێرەوە ئـێمە سەروکارمان لە گەڵ کاری نا-ماتریالیی و سۆسیۆلۆژیای کاری نا-ماتریالیدایە. لە بری ماركس، پییەر بوردیۆ دەیان قات زیاتر هاوكارمانە.

٥

‎سەرمایەو بەرهەمهێنانی نا-ماتریالی

‎نموونەیەك؛
‎شەقامی پزیشكان، تابلۆی ئەو پزیشكە پسپۆڕانەی كە خاوەنی (كاپیتاڵ و سەرمایەی زانكۆیی- ڕەمزین) و چ سەروكاركارێكیان لە گەڵ سەرمایەی ئابووریدا نییە. كلینیكێكی قەرەباڵغ ، چاومان بەو نەخۆشابە دەكەوێت كە، مانگێك زیاترە ناویان تۆماركراوە و ئێستاكە چاوپێكەوتنەكەیان بەركەوتووە. پرسگەو سكرتێری پزیشك داوا لە نەخۆشەكان دەكات: بە تكا ئارام بگرن و تەحەموولتان هەبێت، نەخۆشەكان سەدان كیلۆمەتر لە دوورەوهاتوون، سكرتێری پزیشك بەردەوام دەیڵێتەوە: جەنابی دكتۆر تا درەنگانێكی شەو دەمێنێتەوەو خەمتان نەبێت و هەموان دەبینێت. هۆڵی چاوەڕوانی جمەی دێت، خەڵكانێكی زۆر بە پێوەن، خەڵكانێكی زۆریش هێشتاكە لێرە نین…لە هۆڵەكەدا، دیواری كلینیكەكە ڕازێنراوەتەوە بەو دپلۆم و بڕوانامەو سوپاس و پێزانینانەی جەنابی پزیشك هەڵیواسیون، ێەندامی پزیشكانی ئەمەریكا، بەریتانیا، فەرەنسا … نامەیەكی لە چوارچێوە نوسراو كە سوپاس و پێزانینی سەرۆكی حكومەتە بۆ پزیشك سەبارەت بەو هەوڵ و ماندووبوون و خەم و بە تەنگەوەهاتنەی بەرانبەر كارە خێرخوازی و بوردەوامەكانی، نامەیەكی پڕ لە مەدح و ستایشی وەزیری تەندروستی كە ئاراستەی پزیشكەكە كراوە، كۆمەڵێك وێنەی جۆراو جۆر لە گەڵ سەرۆكی وەزیران و تەندروستی، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، وێنەی پزیشك لەگەڵ سەرپەرشتیاری تێزەكەی كە، دەرچووی هارڤارد یان سۆربۆنە، وێنەی كاروچالاكی خۆبەخشانەی پزیشك لە ناو خەڵكدا. پزیشكەكە لە ناو چیرۆك و حیكایەت و كاپیتاڵ و چینی بۆرژوا و ئەرستۆكراتەكانەوە نەهاتووە. جەنابی پزیشك وەك بۆ ماوە جگە لە هەژاریی و كرێكاری و كاری تاقەت پڕوكێنی ژیانی هیچی دیكەی نییە، پزیشك لە خێزانێكی جوتیاری گوندنشینەوە درێژبۆتەوە. خەڵك چ سەروكارێكی لە گەڵ ئەم سەرمایەو چیرۆك و حیكاێەت و پلەوپایەو پێگە چینایەتییەدا نییە، ئەوەی گرنگە ئەو كردەو نەشتەرگەریی و كاپیتاڵ و سەرمایە مەعنەویی و ڕەمزییە كە پزیشكی گەورە كردووە، سەرمایەو كاپیتاڵی ڕەمزی، زانكۆیی پزیشكە كە وای كردووە كردەی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەوی كاپیتاڵی مەعنەویی و ڕەمزییە كە فاكتەری بەرهەمهێنەری سەرمایەی ئابووری و پارەوپوولە. لێرەدا، بۆ تەفسیرو تێگەیشتن لەم حەشامات و گەورەیی و ناوبانگ و پێگەو مەكانەتە ماركس هیچ خزمەتێكمان ناكات، ئەی كی؟ دەبێت پەنا بەرینە بەر ئیمتراتۆری سۆسیۆلۆژیای هاوچەرخ “پییەر بوردیۆ و تیۆری سەرمایە و كایەكان و پەیوەندی كایەكان و سەرماێە ڕەمزی و مەعنەویی و زانكۆییەكان. بوردیۆ و تیۆرو چەمكی بەرهەمهێنان و دەسەلاتی ڕەمزی و تیۆری هەیمەنەو ستراتیژی هەیمەنە لەو دیو چینەكان بە تێگەیشتنە كلاسیكی- ئەرسەدۆكسییەكەی ماركس و ێەرسەدۆكس و دۆگمی ماركسی خزمەتمان پێ دەكات. دیپلۆمەكان، سوپاس و پێزانین و ناو ناونیشانە پسپۆریی و ئەكادیمییەكان …

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.