زمانی هێز، هێزی زمان

Loading

زمانی هێز، هێزی زمان؛ زمان و دەسبەسەراگرتن و ستراتیژی ھێزەکان (كاپیتالیزم  بە نمونە)

کێ دەست بەسەر زماندا بگرێت، دەست بەسەر بووندا دەگرێت”

زمان كەرەستەی  پەیوەندیكردن نییە، زمان كەرەستەیەكە لە پەیوەندیدا.وەك  چۆن هەموو شتێك، هەموو مانایەك لە پەیوەندیدایە، هەموو مانایەك لە ناو پەیوەندییەكانی هێزو دەسەڵاتدا بەرهەم دێت. زمان كەرەستەی پەیوەندی نییە، كەرەستەیەكە لە پەیوەندیدا،زمان بۆ پەیوەندیكردن نییە بەڵكو بۆ هەژموونكردن و كۆنترۆڵكردنە. زمان میكانیزمێكی دەسەڵات و ستراتیژی بەرهەمهێناوەی دەسەڵاتە.

مارتین هایدیگه‌ر
مارتین هایدیگه‌ر؛ زمان ماڵی بوونه‌

زمان ماھییەت و جەوھەرێکی نەگۆڕو ھەمیشەیی و ئـەبەدی نییە.زمان وەک تەواوی بوون و ژیان لە ناو سەیرورە و فۆرمیولەبوون و شکڵوەرگرتنی بەردەوام و جیاوازدایە.پەیوەندی زمان و بوون و ئـێمە لە ناو کۆنتێکست و ئـەو ھێزانەدایە کە کۆنتێکستێک پێكدێنن.كۆنتێكستەكانیش لە بنچینەو ئەسڵدا بەرھەمی ھێز و پەیوەندی ھێزو ململانێی ھێزەکانن. پرۆسەی ناونان و ناولێنان و لە ناوخستن و ناولێنانەوە لە ناو ھێزەکاندایە.ناو و ماناپێدان و ناولێنان کردەیەکی ترانسێندێنتاڵی و ستونی نییە، کردەیەکی ئـاسۆیی و بەرکەوتنی ھێزەکانە.

زمان ماڵی بوونە بەڵام، ماڵێک کە لە ئـاستێکی ئـۆنتۆلۆژیشدا ھێزەکان فۆرم و ماناو ئـاست و شكڵوەرگرتنی پێدەبەخشن.زمان بوونێکی دەرەکی نییە لە دەرەوەی ھێزو ستراتیژی زاڵبوون و ھەیمەنەکردن . واتە ناونان و ناو لێنان و زمان گەمەو یارییە بە مەبەستی ھەیمەنە کردن، بە مەبەستی زاڵبوون و ڕامکردن و دەستبەسەراگرتن. ناوێکی زۆر باو و دەرکەوتوو، بەرھەمی ھێزێکی زاڵ و بەھێزو یاریکەرو گەمەکەرێکی بەھێزە. لە ناوچوون و ئـاوابوون و کەوتنی ھەر ناوێکیش بەرھەمی ئـاوابوون و شکست و نووشستی ھێزێکە کە لە ناو ململانێ و بەریەککەوتنی ھێزەکاندا شکستی خواردووە و ئـاوابووە. بەڵام بوونێکی پۆتۆنسیالیتێ دەمێنێت تا ئـەو کاتەی ھێزەکە بە فۆرمی دێکە دەگەڕێتەوە و ناو و ناولێنانەکە دەگەڕێنێتەوە ئەمەش بە حیکایەت و سەرمایەو ڕستەو ئـاستی سێنتاکی نوێ و بڕێکیش جیاوازەوە. بەڵام وەک خۆی دوبارە نابێتەوە.” لێرەدا گەڕانەوەی ھەمیشەیی نیتچەگەڕانەوەی ھەمان شت و ھەمان فۆرم نییە، گەڕانەوەی ھەمیشەیی و ئـەبەدی نیتچە وەک دولوز دەڵێت : گەڕانەوەی جیاوازو جیاوازی ڕەهایر، جیاوازی بە ڕەھایی دەگەڕێتەوە بە فۆرمی جیاوازتر”. زمانیش مەحکومە بە جەبری ھێزو سەیرورەی ھێزەکان و ھێزی سەیرورە.

 گەرەنتی

گەرەنتی و گەرەنتیکردنی کەس و شت و پەیوەندییەک بەرھەمی کۆنتێکستی نوێ و ھێزی نوێی دونیاو دونیای ئـێمەیە.گەرەنتی و زەمانەتی شتێک لە ناو مۆدێرنیتێی تەکنیکی و تەکنۆلۆژیای بازاڕدایە.واتە بەرھەمی کاپیتالیزمی بازاڕوو مارکیتنگی دونیای کاپیتالیزمی ئـێستایە.كاپیتالیزم مامەڵەیەکی ئـیماناسییە لە گەڵ قوڵپدان و فیچقەی ئـارەزووەکانماندا، کەپیتالیزم نە سیستەمەو نە ستراکتور، پرۆسێسیوسە لە ناو قەڵەمڕەویی دروستکردن و قەڵەمڕەویی دروستکردنەوەدا. ئـەفسون و ئـەفسانەیی كەپیتالیزم قودرەت و هێزو توانای سنووربەزاندنە زۆر بە خشکەیی بە شێوەک توشی بەربەست و ئـاستەنگ دەبێتەوە، یاخود قودرەتی تێکشکاندنی بەربەستەکانی لە ھەر گوتارێکی ئـیدۆلۆژی زیاترە. تەنانەت بەرھەڵستیی و بەرەنگاریی و وەستانەوە شۆڕش و شۆڕشگێڕبوون دژ بە کەپیتالیزم و پێدراو و دراوەکانی مەحکومە بە تێکەڵبوون و شوناسوەرگرتن لە تەکنیکی خەیاڵ و فەزای کاپیتاڵیستی. بە تایبەت ئـەو حیکایەتە شۆڕشگێڕیی و یاخیبوونە گەورەو شۆڕشگێڕیی و مەزھەبیانەی کە ھەڵگری سروشتی جەنگ و شەڕی سەراپاگیرو ئـاشکراو سوپای دیارن. بەھەر حال ئـەمە لە جێگەیەکی دیکەدا دێینەوە سەری.

گەرەنتی و شمەکی گەرەنتیکراو سەر بە دونیای نوێی ئـێمەیە.کڕینی ئـامێرێرێکی تەکنیکی لە ناو بازاڕو ئـابوری بازاڕدا سەر بە چەند دەیەیەکی کەمی مێژوەی ئـێمەیە.سەردەمی شمەک بە شمەک و شت بەشت و موقایەزە لە دونیای ئـێمەدا لە سەر بنەمایەکی ( مۆراڵیی و ئـاینی) بەند بوو. لە سەر جۆرە ” متمانەیەک” کە سەر بە کاپتالیزمی بازاڕو سودو قازانجی کتوپڕ نییە. گەرەنتی و گەرەنتیکردن لە ناو ” ئـیتیکی شمەک و سەرمایەی بازاڕو سەرمایەی پیشەسازیدایە” ، ئـەمەش گواستنەوە و ئـاماژەو هێمای دۆخێکی نوێی سۆسیۆلۆژی دونیای ئـێمەیە لە گەڵ کەپیتالیزم و بازاڕاڕو مارکیتینگدا.

لە دونیای پێش چەند دەیەیەکی ڕابووردی ئـێمەدا کەفالەت و وەکالەت تەنیا لە سەر سەرمایەی ” مەعنەویی و ڕەمزی” کەسێک بیناکرابوو. واتە كەسێك دەکرا بە وەکیل.   باشی و چاکی شمەک و پەیوەندیی و دروستکردنی پەیوەندییەک کە، سەرمایەیەکی مەعنەویی و ڕەمزیی ھەبوایە لەسەر ڕاستگۆیی و خانەدانیی و متمتمانە بینا کرابێت.  بەڵام دواتر وەکیل و کەفیل و بریکار دەبوایە خاوەنی ” بوونێکی ماتریالیی بوایە” لە ئـەرزەو خانوو باخ و باخات و…ئـەمەش سەرەتای گوستنەوەی دۆخێکی سۆسیۆلۆژییە بۆ دۆخێکی نوێی سۆسیۆلۆژی کە بەرھەمی بەرکەوتنی دونیای ئـێمە بوو لە گەڵ دام و دەزگای نوێی مۆدێرن و دراوی ناو مۆدێرنیتێ. گەرەنتی ئـێستای دونیای ئـێمە بەرھەم و دەرئـەنجامی جیھانگیریی بازاڕو کەپیتالیزمی بازاڕییە.  گەرەنتی ڕۆژو مانگ و نیشانەی مارکەو کارخانەو کۆمپانیاگەلێکە کە مۆراڵی کردووە بە ئـیتیک و ئـیتیکیش لە سەر زەمەنێکی نا مۆراڵی بەندە. گەرەنتی  وەک وشەو وەک کوالێتی شمەک و تەنانەت مرۆڤیش سەر بە دۆخێکی نوێی دونیای سۆسیۆلۆژی ئـێمەیە.

لێرەوە لە زەرورەتی بەرەنگاربوونەوەو سوژەی بەرەنگار تێدەگەین لە ناو زمانێكی نوێ و پەیوەندی نوێی زمان و دەرچوون و هەڵهاتن لە زمانێك كە سوژەو سوبژێكتیڤیتێیەكی ویستراو خوازراو فۆرمیولە دەكات. بەرەنگاربوونەوەو بەرنگاریی و بەرهەڵستكاری گەریلایی لە زەفەربردن و هێرشكردنە سەر زمان و پێكهاتە كەمینەییەكان لە زماندا، لە ناو زماندا بە بێ پەنابردنە دەروەو لە دەرەوەبوون. بەرەنگاری و سوبژێكتیڤیتێیەكی بەرەنگار و بەرگریكار لە ناو ئۆنتۆلۆژیای سیاسیی و ئەدەب و هونەرو مۆزیك و شانۆو شعرو شعرییەت لە ناو هەڵهاتن و لێدان و پاشەكشەو خزو لوسییدا.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی - مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی – مافی بڵاوكردنه‌وه‌ بۆ نوسه‌ر و كولتور مه‌گه‌زین پارێزراوه‌