دلێر محمد تاهیر؛مارا ساد

Loading

پیته‌ر ڤایس - مارا  ساد -  شانۆنامه‌
پیته‌ر ڤایس – مارا ساد – شانۆنامه‌

بەرهەمی کۆری شانۆی با، بە هاوکاری بەشی شانۆی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی، لە دەرهێنانی (هیوا فایەق)  لە رۆژی ٦/١١/٢٠١٦ لەسەر هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی دەستی کردەوە بەنمایشکردن.

من خۆم چەند جارێک ئامادەی دوا پڕۆڤەکانی ئەو ئازیزانە بووم، بێگومان چاوەڕێم دەکرد نمایشێکی ناوازە بێت، هەروایش کەوتەوە. ئەڵبەتە ئەم تێکستەی (پیتەر ڤایس) فرە خوێندنەوەی بۆ کراوە و و زیاد لە لێکدانەوەیەک لەخۆی دەگرێت. دیارە  ئەو خوێندەنەوانەیش وابەستەی ئاستە جیاوازەکانی تێگەیشتنن لە لایەن خوێنەر/ بینەرەوە . من لێرەدا نامەوێت شیکاری بۆ تێکستەکە و دنیای  (پێتەر ڤایس ) بکەم،  پێشتر، هاوڕێم کاک (دانا رەوف) لە پێشەکی شانۆنامەکەدا کە مامۆستا  (شێرزاد حەسەن )  کرودیەتی بەکوردی، پێشەکیەکی جوان و دەوڵەمەندی لە سەر ڤایس و ژینگەی ماراساد نووسیوە .

دیارە کە لە بەرامبەر هەر نمایشێکی تری ئەم دەقە لە پایتەختەکانی ئەوروپا یان دەرەوەی جوگرافیای ئێمە، مارا ساد لەم ساتەدا و لە کوردستانی  باشور لە دیدگایەکی ترەوە دەبینرێت.

ئەوەی لەم نمایشەدا سادە و ساکار و بێ ماندووبوون بەر بینەر دەکەوێت، ئەو دیوەیەتی کە ئێستای ئێمەی کوردانی باشور دەدوێنیت: بابەتێکی زۆر هەنووکەیی. دیارە ئەم دیوەی بۆمن زۆر گرنگ نیە یان زیاتر چێژ لەو رەهەندانەی تر وەردەگرم کە خودی خۆم ڕاو یان کەشفیان دەکەم. خۆی لە دیدی مندا ئەو کردەی کنەکردن   (هەڵکۆلینە) گرنگ و چێژبەخشە  کە لە ئەنجامی بینینی خۆمەوە بۆ بابەتێکی دەکەم.

بەداخەوە شێوازێک لە هەڵسەنگاندن و بەهابەخشین بەکارێک دروست بووە کە لەناو خودی بەرهەمەکەوە سەرچاوەناگرێت، هێندی هەڵوێستە سیاسی و ئایدۆلۆژیەکان  و گوتارە باوە بەرهەمهاتووەکانی ناو میدیاکان گاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاردانمان لەچۆنیتی چێژوەرگرتن لەکارێک کە زۆرجار خودی بەرهەمەکە و ئامانجە قووڵەکانی دەگۆڕێت بۆ بابەتە سادە و ساکارەکانی ڕۆژانەمان .

 ماوەی چەند ساڵێکە، ژینگەیەک لە فەزای گشتی کۆمەڵگادا دروستبووە کە جگە لە تێماکانی گەندەڵی و پاکسازیی پارتی، یەکێتی و گۆڕان، هیچی تری نییە نەماوە بۆ دواندن. هزر و هۆشیاری کۆمەڵگا بەجارێک بچووک کراوەتەوە کە چیتر توانای بینینی فەزایەکی فراوانترمان نەبێت کە چیدی لە دەرەوە، منی کوردی لۆکاڵ، هیچ شتێکی دی نەبینم. گەر لە دەرەوەی ئەم فەزا گشتیە سەپێنراوەیش کار بکەیت یان خۆتی لێ دەباز بکەیت، تاوانبار دەکرێیت بەوەی کە هونەرەکەت یان نووسینەکەت هەڵوێستی نەبووە و لە دەرەوەی کۆمەڵگادا کاردەکات، بەشێوەیەک کاری فەرهەنگی باش تەنها ئەوە تێگەیشتنەی بۆ دروست بووە، کە کەی توانی قسەی دڵی ئێمە بکات،  ئیتر سەرکەوتووترینە کە توانیبێتی گوزارشت لەمن بکات، ئیدی لە پایەیەکی باڵادایە.  ئەم تێگەیشتنە بۆ من هەر زۆر پیچەوانەیە . ئەم جۆرە لە تێگەیشتن بۆ کاری کەلتوری تێگەیشتنێکە لە  سنوورەکانی خۆمان دا قۆرخماندەکات،  چ لە سنووری لۆکاڵی چ لە سنوری خۆیشمان وەک خودێکی داخراو.

ماراساد ؛ ده‌رهێنانی هیوا فایه‌ق - نۆڤمبه‌ری ٢٠١٦
ماراساد ؛ ده‌رهێنانی هیوا فایه‌ق – نۆڤمبه‌ری ٢٠١٦

 هەر کارێکی کولتوریی، گەر ئاشنامان نەکات بە پانتاییەکی نوێتر و جیاوازتر لەوەی پێی ڕاهاتووین، دەبێت چی کردبێت؟ گەر کردەی داهێنان توانای ئەوەی نەبێت بمانباتە ئاستێکی نوێتر لە دیبەیت و تێمایەکی نوێمان بۆ لێدوان، بۆ ئامادە نەکات، دەبێت  چی کردبێت؟ کاری سەر کەوتوو ئەو کارە نیە کە قسەی دڵی ئێمە دەکات یا تەبایە بە بۆچەنەکانمان. گەر ئەمە ئامانجی بێت، ئەوا هیچی بەرهەم نەهێناوە و تەنها دوبارەکردنەوە و دەنگدانەوەی خۆمانە لە تێکستێک یان شانۆیەکدا  .

دیارە (مارا / ساد) ی  (هیوا فایەق) گەرچی بەشێکی زۆری لەو پانتاییە تێدایە کە فەزای گشتی سەپاندویەتی، بەڵام تەنها بەوەوە ناوەستێت و لە سەر چەندین ئاستی قووڵ و نەناسراو (نامەئلوف) کاری کردوە. ئەو نمایشە لەنێوان چەندین دوالیزمەدا، ڕاڕایمان تێدا دروست دەکات: بۆ نمونە ئەوەی کە شۆڕش وەک کردەیەکی نەبڕاوەوە ئەزەلی سەیر کەین یان کردەیەک بۆ گەیشتن بەقۆناغێک لە ئارامی .هەموو شۆڕشێک پێوستی بە شتێک لە زەبروزەنگ هەیە تا ئامانجەکانی بپێکێت، جا زەبروزەنگی جەستەیی بێت وەک گیلۆتین  و چەندین کەرەستەی تر، یا توندوتیژیی ڕۆحی وەک یاسا نوێیەکان کە بۆ سەردەمێکی نوێتر دادەرێژرێت .

 گەر شۆرش کردەیەکی نەبڕاوە بێت کەواتە ئێمە مەحکومین بە نائارامی ، لەڕەوتی ئەم پرۆسەی شۆڕشەدا چەمکی  ئێمە و  ئەوان دروست دەبێت:  ئێمەی خاوەن ماف و هەق، ئەوانی ستەمکار،  ئێمەی ئەنارشی، ئاژاوەگێڕ و کایە تێکدەر،  ئەوانی خاوەن یاسا، خاوەن دەسەڵات و ئارامی. لەم نمایشەکەدا زۆر جار دەبینیت کە دوو دەستەیی دروست دەبێت، ئێمە و ئەوان، هەردوولایش ئەرگومێنت و فاکتەری خۆیان هەیە بۆ ڕەوابوونییان.

بەلام ئەوەی کە ئەم هاوکێشە نەبڕاوەیە تێکدەدات و لای من زۆر گرنگە، بوونی (مارکیز دی ساد) ە کە لەنێوان  ئێمە و ئەواندا، بەتەنها پێ لەسەر خودی خۆی دادەگرێت. ئیتر لەو دوو رەوتە دەربازمان دەبێت و  سێ کوچکەیەک دروست دەبێت. هەموو پاشخانەکەی دی ساد  کار بۆ ئەو تایبەتمەندێتیانەی مرۆڤ دەکات کە چیتر  بە ناوی شۆڕشەوە تاک ڕاپێچی  کۆمەلگە و گروپ نەکات و لەناو کاتیگۆریەکی داخراودا، نەیپوکێنێتەوە.

دیارە ساد لەرووی فۆرمە سێکسوالیەکەوە دێتە ناو ئەم ناتەباییەوە، بەڵام دەکرێت لە خواستی دی ساد دا بڕێکی زۆر لە تاکگەرایی بەدی بکەین. دەکرێت ساد بەشێک لە خود رڕزگاربکات کە لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەم تا زۆر سەرکوت دەکرێت.  مارکیز دی ساد گەرچی بڕێک لە دەدبوون و دڕەندەیی لە خۆیدا هەڵدەگرێت، لێ، ئەوەیشمان پێدەڵێت کە ئەمە منم و دەمەوێت وه‌ها بم. ساد بەشێوەیەک لەشێوەکان داکۆکیکارێکی سەرسەختە لە خودی ئینسان وەک بوونەوەرێکی بایۆلۆژی و چێژخواز . دیارە مێژووی هەموو مرۆڤایەتییش لەسەر شاردنەوە و کۆنترۆلکردنی ئەم کەڵکەڵەیەی دی ساد کاری کردووە، بەڵام  (دی ساد)  دێت و لە بەرامبەر هەموو ئەوەی ئایین و یاسا و رێساکان دایان ناوە، دژ دەوەستێتەوە پێمان دەڵێت؛ ئێوە دەستکاری من دەکەن، بەناوی ڕێکخستنی کۆمەڵگا و سەرکوتکردنی کەڵکەڵە شەرانگێزەکانی مرۆڤەوە، کار لەسەر شێواندنم دەکەن.

 Marat/Sade production at the State University of New York at Fredonia, 2008, directed by James Ivey
ماراساد – زانكۆی نیوۆرك – ده‌رهێنانی جێمس ئیڤیJames Ivey

لێرەدا هەست بەوە دەکەین کە باشترین فۆرمی شۆڕشەکان بڕێک لە سەرکوتکردنیان بەخشیەوە بە تاک. شۆڕش بەدیوێکدا  بۆ ئەوەیە  جیاوازیەکانمان بکوژێت،  لەیەکمان نزیکبخاتەوە و فۆرمی مێگەلمان بداتێ .بەڵام کەڵکەڵە دیسادیەکە ناتەبایە  لەگەڵ ئەمەدا.

لە زمانی ئەکتەرەکانەوە، جوانترین کۆپلەی کۆڕاڵەکانمان دەبیستین.

(بوونی شۆڕش دەبێت چیبێت گەر نێر و مێ تێکنەئاڵێت )

لە نمایشی (مارا ساد)  ئەم دیدە کە لە هەناوی دی سادەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆ من گرنگترین هێڵی نمایشەکە بوو .  دیارە من ئاگاداری ئەوە بڕە زۆرەی تووندوتیژی و دڕندەییەی دی سادم، گەرچی زیاتر وەک خودپەرست و ئیگۆیست ناسێنراوە، بەڵام هەستدەکەم (دی ساد ) گەرچی لە کۆلانە تاریک و مەترسیەکانەوە دەمان بات، بەڵام دواجار دەمانباتەوە گۆرەپانی ڕێزگرتن لە خود و تایبەتمەندێتیەکانی  مرۆڤ، گەرچی ناتەبا و نا هاوشێوەشمان بێت.

لەسەر ئاستی هونەری، ئەم نمایشە دڵخۆشکەرە، وەک سەلیقە و ووردبینی دەر‌‌‌‌هێنەر کە نزیکەی دوو کاتژمێری داڕشتەوە بە کردەیەکی شانۆیی کە پانتاییەکانی تەختەی شانۆکەی بۆ بەگەڕخستبوو .

ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێش بوو ئەو کۆمەڵە ئەکتەرەی سەر شانۆ بوون کە توانا و ووزەیەکی ئێجگار جوان و گەورەیان لەهەناوی خۆیاندا هەڵگرتبوو . ئەو ئاشقانەی شانۆ لەم بەرهەمەدا، جوانیەکی تریان بەخشی بە مێژووی نواندن و کردەی شانۆیی.  دیارە هەموو ئەوە کوڕ و کچانەمان گەر ئەشقیکی گەورەیان نەبیت بۆ هونەر چۆن لەم سەردەمە دژوارەی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانیدا دەتوانن ئەو هەموو کاتەی خۆیان بدەن بە نمایشێک! گەر هەڵەنەبم ئامادەکردنی ئەم نمایشە ڕیکۆردی شکاندوە لەشانۆی کوردیدا کە نزیکەی ساڵێک سەرقالی ئەم بەرهەمەبوون، بەڵام دڵنیام لە سەر ئاستی هونەرییش، زۆر پلەی بەرزتری بڕیوە .

 سەرکەوتنی  ئەم نمایشە ووتەیەکی باوکی دەرهێنانی شانۆ (ستانسلاڤسکی) یمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت؛ راهێنان هەروەها  راهێنان  هەروەها راهێنان …

سوپاس بۆ کۆڕی شانۆ با، بۆ بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری کە هاوکاری ئەم بەرهەمەبوون،  پیرۆزبایش لە (هیوا فایەق)  و هەموو کاستی ئەم نمایشە دەکەم کە دڵیان خۆش کردین و کارێکی ناوازەیان ئەنجامدا .

ته‌واو

 تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی
تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خالبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی