ئەفسانەی جوانیی و بە ئۆبجێکتکردنی سێکسیی لە شیعری “بووکەشووشەی باربی” ی “مارج پێرسی” دا

Loading

 

مارج پێرسی شاعیر و ڕۆماننووس و چالاکوانی مەدەنی ئەمەریکایی، لە ساڵی ١٩٣٦ لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن لە ئەمەریکا لەدایکبووە. خاوەنی زیاتر لە ٤٠ کتێبە، لەناو ئەوانەیشدا ١٧ ڕۆمان و ١٩ کتێبی شیعریی ھەن.
“مانگ ھەمیشە مێینەیە” یەکێکە لە کتێبە شیعرییە بەناوبانگەکانی، بە یەکێک لە بەنرخترین و باشترین کتێبە فێمینیزمییەکان دادەنرێت. لەگەڵ چەندین کتێبی شیعری تری وەک “جەستەی دایکم” و “مەریخ و منداڵەکانی” و ” ھەڵاتن “…
پێرسی یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ڕۆمان و کتێبەکانی بەگشتی لەنێو پڕفرۆشترین کتێبەکاندان و لە ڕۆمانە دیارەکانی “بۆ سەربازەکان” و “ژن لە کەناری زەمەندا”. لە نووسیندا ھاوشان بە نووسەرانی وەک مارگرێت ئاتوود و مایا ئەنجێلۆ و ئالیس مۆنرۆ دادەنرێت.
پێرسی خاوەنی خەڵاتی : Arthure C. Clarke و Hopwood ە.
بابەتی سەرەکی نێو ڕۆمان و شیعرەکانی کێشە و گرفتەکانی تاک بەگشتی و ژنن بە تایبەتی لەناو کۆمەڵگەدا و، بەشێوازێکی نوێ ڕۆحی سەردەم دەردەبڕێت، بەجۆرێکی وا کە ھەر دەقێکی دەکرێ لە چەندان ڕووەوە بخوێنرێتەوە.
مارج پێرسی تاکو ئێستاش لەژیاندایە و بەردەوامە لە نووسینی شیعر و ڕۆمانەکانی، ھەروەھا چالاکییە جۆربەجۆرەکانی.

ئەفسانەی جوانی

مارچ پێرسی
مارچ پێرسی

ئەو کاتەی ژنان لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ھەڵدەدەنەوە. گەڕانێک بەنێو ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێتدا دەکەن، سەیری بەرنامە و فیلمەکان دەکەن لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکان، بۆمباران دەکرێن بە وێنەی ژنە مۆدێڵە باریکەلەکان : ئەو ژنانەی دوو چڵ ئێسقانن و بە چاوە شین و قژە زەردەکەیانەوە بوونەتە نموونەی جوانیی. ھەر ژنێکیش ھەموو ھەوڵێکی لەو پێناوەدا دەخاتەگەڕ کە چۆن بگاتە ئەم جوانییە نموونەییە، تاوەکو لە کۆمەڵگەی پیاوسالار و لە چاوی پیاودا پەسەند بکرێت. تەنانەت ھەندێکیان ئەوەندە زۆر دەڕۆن کە ئامادەن لەو پێناوەدا بمرن و ژیانی خۆیان بخەنە

مەترسیی لەژێر نەشتەرگەریی جوانکارییدا. بەمجۆرە ژن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی و پیاوسالارییدا بۆتە کاڵا و ئۆبجێکتی سێکسیی. کچە بچکۆلەکانیش ھەر لە تەمەنی ٣ و ٤ ساڵییەوە، ئەو کاتانەی بووکی (باربی)یان بە دیاری دەدرێتێ، بەو وێنە نموونەییەی جوانیی ژن ئاشنا دەکرێن. بەمجۆرە ژنان بوونەتە قوربانیی نێو میدیا و کارگەی بەرھەمھێنەری بابەتی جوانکاریی، کە ئەمانەش لەلایەن پیاوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
پرسیارەکە ئەوەیە : کێ ئەو ستانداردەی داناوە بۆ پێوانی جوانیی ژن؟ بێگومان وەڵامەکەی ئەمەیە : کۆمەڵگەی پیاوسالاریی و بەتایبەتیش ڕوانینی نێرانە.
نووسەر و چالاکوانی فێمینیزم نائۆمی وۆڵف لە کتێبەکەیدا “ئەفسانەی جوانی” باس لەوە دەکات، کە چۆن دژی ئەو فێمینیستانەیە کە وێنەی جوانیی مێینە وەک چەکێک بەکاردێنن بۆ گەیشتن بە مافەکانی ژن. “ئەفسانەی جوانی………. دەمارێکی تاریکی ڕق لەخۆبوونەوەیە، پابەندبوونە بە جەستە و، تۆقینە لە پیریی…” (Wolf ٢٠٠٢: ١٢)
ئەفسانەی جوانی ئەوەیە کاتێک ژنان چیتر گرنگی بە ناخ و توانای خۆیان نادەن، لەبری ئەوە تەرکیز دەخەنە سەر ڕوانینەکانی کۆمەڵگە بۆ خۆیان و بەپێی چاوی پیاو بڕیار لەسەر خۆیان دەدەن. ئەو ساتەی کە ژن چیتر لەپێناو خۆیان و بۆ مەبەستێکی تایبەت جل لەبەر ناکەن، بەڵکو ئەو شتە دەپۆشن کە کۆمەڵگە دەیەوێت. گۆڕان لە جەستە و ڕووخساری خۆیاندا دەکەن بەو جۆرەی کە پیاوان حەزی پێدەکەن. ئەفسانەی جوانی، ئەوەیە کە ژنان لە ژیانیاندا دەکەونە ژێر کاریگەری ڕوانینی نێرانە و ڕوانینی خۆیان فەرامۆش دەکەن.

بە ئۆبجێکتکردنی ژن لە ڕێگەی چاوی نێرەوە

ڕوانینی نێرانە مەبەست لێی ئەو کاتەیە لە ژیانی ژن یان کچێکی گەنج، کە چیتر ئەو ژنە، ئەو کچە جل و بەرگ بەپێی خواست و ئارەزووی خۆی ھەڵنابژێرێت، بەڵکو بەرگێک دەپۆشێت کە پیاوان ئاسوودە بکات. بە بڕوای نائۆمی وۆڵف، لە کۆندا کچان لە ھەموو شتێکدا وەک کاروباری ناو ماڵ و منداڵ پێگەیاندن چاویان لە دایکیان دەکرد. بەڵام لەدوای درووستبوونی (باربی) لە ساڵی ١٩٥٩ نموونەی سەرەکی کچان کە لەبارەی ژنێتیی و جوانییەوە چاوی لێدەکەن بووکی باربی یە. ئەو بووکە پلاستیکە بە قژە زەرد و باڵا بەرز و باریکەکەی و چاوە شینەکانی بۆتە وێنەی بچوککراوەی ژنی نموونەییWolf ١٩٩٧: ١٤) .)

شیعری (بووکی باربی) یەکێکە لە شیعرە ناسراوەکانی مارج پێرسی و ساڵی ١٩٦٩ نووسراوە، بە نوێنەری ڕۆحی سەردەمی خۆی دادەنرێت لە ساڵانی شەستەکان کە سەرەتای سەرھەڵدانی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم بوو. ئەم بزووتنەوەیەش بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کاریگەری کتێبە بەناوبانگەکەی بێتی فریدان دا بوو بەناونیشانی ( Feminine Mystique) کە تیایدا فریدان باس لەوە دەکات چۆن ژنانی ئەمەریکا بوونەتە قوربانیی کۆمەڵێک ئایدیا کە ئەو بە نھێنیی مێینەیی ناویان دەبات. ئەو بیرانەی کە ڕۆچوونەتە ناو کۆمەڵگە و بەختەوەری مێینە لە ڕۆڵی بوون بە دایک و خێزاندا دەبینن.

پڕفرۆشترین بووکەشووشەی جیھان (بووکی باربی) یە، کە مۆدێلێکە بۆ ژن. لە باربی یەوە خواستەکانی کۆمەڵگە بۆ جوانیی نموونەیی ژن دەبینین. شیعری (بووکەشووشەی باربی)ی مارج پێرسی باس لەوە دەکات کە چۆن کچانی گەنج ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەبن بە داوەوە و دەبنە نێچیری پێناسە بیرتەسکەکانی کۆمەڵگە لەبارەی جوانیی و چۆنێتی ڕەفتار و ھەڵسوکەوتی ژنان.

لە سەردەمی مۆدێرنەوە بەھۆی کاریگەری میدیا و کلتووریی باوەوە، کۆمەڵگە جوانییەکی دیاریکراو و نموونەیشی داناوە بۆ ژن. لە ئێستادا ئەوە تەنھا ڕەفتارەکانی ژن نین لە قاڵب دەدرێن، بەڵکو جوانییەکەیشی بەھەمان شێوە بە ستاندارد کراوە، ئەمەش وای کردووە ئەو ژنانەی کە چاوەڕوانییە نموونەییەکانی کۆمەڵگە تێر ناکەن بە “ناشیرین” ناو ببرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە میدیا و کەناڵ و لاپەڕەی گۆڤارەکان کاریگەری زۆریان ھەیە لەسەر درووسکردنی وێنەیەک بۆ ژنی نموونەیی لە جوانییدا و کردنی بە کەرەسەیەک بۆ چاوی پیاو، ئایینەکانیش بەجۆرێکی تر کار لەسەر درووسکردنی ئەو ژنە نموونەییە دەکەن. ئایینەکانیش جەستەی ژن بەکاردەھێنن و کۆتی دەکەن، ھەروەھا چونکە وەک کەرەسەیەکی سێکسیی دەبینین، داوای داپۆشین و شاردنەوەی تەواوەتی دەکەن. بەجۆرێک کە ھەموو جوڵە و نیگایەکی ژن دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە و دەبن بە ئامراز و ئاماژەی سێکسیی. ئەوەش بە ئاشکرا لە ڕۆژھەڵات و کلتووریی ئیسلامییدا بەدی دەکەین، بەڕادەیەک کە ژنی نموونە لە جوانییدا، ئەوەیە کە شەرمن و خۆپارێزبێت لە ھەموو ئەو شتانەی کە جێی ڕەزامەندی پیاو و چاوی نێر نین. ھەر بەم ھۆیەوە جەستەی ژن لەناو ئایینیشدا بە کاڵا دەکرێت.

لێرەشدا ئەوە دەبینین کە ئاینییش کۆمەڵگەیەکی تەواو نێرانە درووست دەکات و ژن تیایدا تەنھا بە جەستە دەبینرێت و ھەوڵیش دەدرێت ئەو جەستەیە قفڵ بکرێت و تەنھا بۆ خواستی پیاوانە و سێکسیی بەکار بھێنرێت. گەر ژن نەتوانێت لە کۆمەڵگەیی ئاینییدا لە خزمەت خواستی نێر و چاوی نێردابێت ئەوا ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و لەناوبردنیش دەبێـتەوە. کەواتە لە ھەردوو حاڵەتەکەدا ژن سەربەست نییە و خواست و ھەڵبژاردەی خۆی نییە بۆ پۆشینی جل و بەرگ و جوڵە و ھەڵسوکەوتەکانی. ئەمەش وادەکات جەستە لەژێر بڕیار و فرمانی ژن خۆیدا نەمێنێت و ببێتە ئۆبجێکتێکی سێکسی بۆ چاوی پیاو و کۆمەڵگەی ئایینی و نێرانە.

شیعری بووکی باربی بە لەدایکبوونی کچێک دەست پێدەکات و بە مردنی کۆتایی دێت. ئەم مردنەیش دەرەنجامی ڕوانینی کۆمەڵگەیە بۆ جوانی ژن، کە بە ئەفسانەی جوانی ناسراوە. بە ئاشکرا کچەکە بۆتە قوربانیی ڕوانینی نێرانە و ستانداردی جوانی، کە کۆمەڵگە بەسەر ژندا سەپاندوویەتی و لە ڕێیەوە ژنی کردووە بە کاڵا.
لەم شیعرەدا پێرسی (باربی) وەک ڕەمزێک بۆ ڕوانینەکانی کۆمەڵگە بەکارھێناوە، بۆ ئەوەی دەری بخات لەو ڕوانگەوە ژنی پێرفێکت و تەواو چۆنە. بە بۆچوونی کەین (١٩٩٦) جەستە خەیاڵییەکەی باربی، کەمەرێکی باریک و لاقی درێژ…ھتد. ھەتا ئەمڕۆش نموونەی ژنی جوانە. کەین دواتر دەڵێت کەمتر لە سەدا دووی ژنانی ئەمەریکا دەتوانن بگەن بەم جەستە خەیاڵییە. ئەم واقیعە پڕ لە ململانێیە لەلایەن مارج پێرسی لە ڕێگەی لێکچوواندن و ڕەمز و دەنگێکی حیکایەتئامێزانە ڕوونکراوەتەوە. بە شێوەیەک جیھانێکی وای درووستکردووە کارەکتەرەکانی ناوی خۆکوژیی دەکەن، جگە لە باربی کە ڕەمزی جوانییە. واتە شاعیر دەیەوێـت بڵێت لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا کە ژنان ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەکیان بۆ ئەوەیە بگەن بەو مۆدێلە لە ژن، مانەوە تەنھا بۆ ئەو ژنانەیە کە دەبنە باربیی و جوانیی نموونەیی بە پێی چاوی کۆمەڵگە و ئارەزووەکانی بەدیدێنن.
بەشی یەکەمی شیعرەکە لەشێوەی حیکایەتێک دەستپێدەکات. کچەکە بە لەدایکبوونێکی ئاسایی دێتە دنیاوە و بەشێوەیەکی سروشتیی گەشە دەکات، ھەروەھا ژیانێکی دڵفڕێن دەژی .

ئەم کچە بچکۆلە زۆر ئاسایی لەدایکبوو
چەندان بووکەشووشەی بە دیاری بۆ ھات
ئەو بووکەشووشانەی میزیان دەکرد,
تەباخ و ئوتووی بچووکی جەنەراڵ ئەلەکتریک و
سووراویی لێو لە ڕەنگی شەکرۆکەی شلیک
ئەوانیش بە دیاری ھاتن.

سەرەتا شیعرەکە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ئەو کچە ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونی فڕێدەدرێتە نێو جیھانێک کە مرۆڤەکانی ناوی بەسەر دوو ڕەگەزدا دابەش دەکرێن. ھەرچەند ھەموومان ئاگادارین لە جیاوازی بایەلۆجی نێوان ڕەگەزەکان، بەڵام نێرینە و مێینە بەرھەمی کۆمەڵایەتیی و کلتووریین. بەم پێیە ھەر لە منداڵییەوە کچەکە کار و پیشەی داھاتووی بۆ دیاری دەکرێت و فێر دەکرێت دەبێ ئەو چی بێت و چۆن بێت، تاوەکو کۆمەڵگە قبووڵی بکات و فڕێی نەداتە دەرەوە. شیعرەکە ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیە کە کچانی گەنج بەپێی ڕوانینی نێرانە پەروەردە دەکرێن.
لێرەشدا دوو خاڵی گرنگ ھەن، شایەنی ئاماژە بۆ کردنن :

یەکەم : بابەتی ناو ماڵ وەک تەباخ و سەلاجە و ئوتوو و قاپ و قاچاغی وردیلانە لەگەڵ بووکەشووشەی باربییدا دەفرۆشران و تا ئێستاش لە فرۆشتندان. دەبینین لەڕێگەی ئەم بابەتی ناو ماڵەوە کچەکە بەراورد کراوە بە باربی و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت لە گەورەبوونییدا ببێتە باربی لە نموونەی جوانییدا.
دووەم : کاتێک دەبینین خێزانەکە ئەو یارییانە دەداتە دەست منداڵە کچەکەیان کە بە بابەتی یاریی مێینە ناسراون و ڕەمزێکن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆڵی جێندەرەکان و بەستیۆرۆتایپکردنی جێندەرەکان لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا. ئەو دیارییانەی دەدرێنە منداڵە کچەکە شتانێکی ئاسایین، بەڵام زۆر مەترسییدارن لە ڕوانگەی فێمینستییەوە. چونکە بووکەشووشەیەک کە میز دەکات، ئاماژەیە بۆ “دایکێتی” و تەباخ و ئوتووی بچکۆلەش ئاماژەن بۆ ئیشی ناوماڵ، کە بە ئیشی سەرەکی ژن دادەنرێت. سووراوی ڕەنگ سووری ئاڵیش وەک ڕەنگی شیلک ئاماژەیە بۆ بە سێکسیی کردنی ژن و بەوەی کە ژنان دەبێت لە ھەوڵی جوانکردن و بەسێکسیکردنی خۆیاندابن لە کۆمەڵگەیەکدا کە گرنگی و بوونی ژن تەنھا لە جەستە و ڕواڵەتدا دەبینێت.
بەشی یەکەمی شیعرەکە بە قسەی ھاوپۆلێکی کچەکە کۆتایی دێت، ئەو ھاوپۆلەش ڕەمزێکە بۆ ڕوانینی نێرانەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی.

ئینجا لە جادووی ھەرزەکارییدا، ھاوپۆلێک گوتی :
تۆ لووتت ئێجگار زل و لاقەکانیشت قەڵەون.

ژیانە ئاسایی و ئاسوودەکەی کچەکە کە لە شەش دێری سەرەتادا پیشان دراوە، یەکسەر لە قۆناغی باڵغبوونی کچەکەدا تێکدەشکێت. کچەکە تەنھا دەتوانێت وەک منداڵ بژیی و یاریی بکات ھەتا دەگاتە قۆناغی ھەرزەکاریی، لەو قۆناغەشدا زیاتر لە قۆناغی منداڵیی، کۆمەڵگە کچەکە دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و دەیەوێت بەپێی ڕەچەتەیەکی دیارییکراو بژیی و ڕەفتار بکات. جادووی ھەرزەکاریی ئاماژەیە بۆ قۆناغی باڵغبوون، کە کچەکە بۆ یەکەمجار یەکەم سووڕی مانگانەی دەبێت و گۆڕان بەسەر جەستەیدا دێت. لەگەڵ ئەم گۆڕانەدا و لەگەڵ گەورەبووندا ڕەخنەی کۆمەڵگەش دەست پێدەکات. لێرەشدا کچەکە لە جەستەی خۆی بەئاگادێت و لەژێر کاریگەرییەکانی کۆمەڵگەدا جوانیی و جەستە و ڕووخساری خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
قۆناغی ھەرزەکاریی گرنگی زۆری ھەیە، وەک فرۆید دەڵێت ھەرزەکاریی سەرەتای درووستبوونی ئارەزووی سێکسییە لە کوڕدا و لە کچیشدا ئەم قۆناغە بە شەپۆلێکی خەمۆکیی لە قۆناغەکانی تر جیابۆتەوە….ئەمە ئەو ساتەیە کە کچ ھەست بەوە دەکات خەسێندراوە. ھەر ئەوەشە دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە کەمیی.

ئەو ھاوپۆلەی کە دەیداتە بەر ڕەخنە، دەکرێت دایک و باوکی یان مامۆستاکانی یان ھاوڕێکانی بن، کە ئەمانەش ڕەمزێکن بۆ جیھانی دەرەوە، کە کۆمەڵگەیە یان وردتر بڵێین ڕەمزە بۆ ڕوانینی نێرانە لە کۆمەڵگەی پیاوسالارییدا. ئەگەر لەڕووی زانستییەوە لێی بڕوانین ئەوە بەتەواوی پڕۆسەی گەشەی منداڵەکە زۆر ئاسایی و تەندرووستە، دەبینین ” ئەو کچێکی تەندرووست و،…… پشت و باسکەکانی بەھێز”
تەنانەت لەڕووی ئەقڵ و توانای مێشکیشەوە زیرەکە. وەک دەڵێت ” لە تاقیکردنەوەشدا زیرەکییەکەی دەرکەوتبوو”. ئەگەر بێتو بە باربی بەراوردی بکەین، ئەگەر باربی خەیاڵیی نەبێت و مرۆڤێکی ئاسایی بێت، ئەوا ئەم کچە لە باربییش تەندرووستترە . لە کاتێکدا لاوازییەکەی باربی وا دەریدەخات کە تووشبووە بە نەخۆشی بەدخۆراکیی.

بەڵام لە ڕوانینی کۆمەڵگەدا کچەکە جوان نییە، بۆیە کۆمەڵگە فشاری لەسەر درووست دەکات، ھەتا بگاتە جوانیی نموونەیی. ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگە لەگەڵ ئەوەیدا ڕووخسار و فیزیکی کچەکە پشتگوێ دەخات، گرنگی بە جەوھەری بوون و توانا ھزرییەکانیشی نادات. بەم پێیە بەھای ژن لەناو کۆمەڵگەدا تەنھا لە ڕووخسار و جەستە و لەش و لاریدایە و ئەوەش بە مەرجێک ئەو جوانییە بەپێی ستانداردی کۆمەڵگە بێت.
تەواوی بەشی دووەمی شیعرەکە کچەکە دەکاتە کاڵایەکی بێگیان. دەیکاتە کاڵایەکی بێبەھا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پیاوان دەتوانن ئەم کچە تەنھا وەک ھێزی کار یان بۆ وەچەخستنەوە بەکار بھێنن، ئەگینا ئەو ڕووخسار و لەش و لارەی نییە کە چاوی پیاو تێر بکات…
لێرەدا کچەکە لە ململانێدایە لەگەڵ ئەو پەیڕەو و بەرنامەیەی کە کۆمەڵگە بۆ ژنی نموونەیی داناوە. بۆیە بێئاگا لە خاسێتە باشەکانی خۆی، وردە وردە بەھا و نرخی خۆی لەدەست دەدات و داوای لێبوردن دەکات لەوەی کە جوان نییە و ناتوانێت چاوی کۆمەڵگەی نێر تێر بکات.
لەلایەکی تر دەتوانین بڵێین کە کچەکە داوای لێبوردنی لە کۆمەڵگە دەکرد چونکە زیرەک بوو، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە کچەکە خۆی لەگەڵ ئەو ڕوانینەی کۆمەڵگەدا گونجاندووە کە ژن وەک بوونێکی پلە نزم دەبینێت.
کۆمەڵگە تەنھا لووتێکی زل و لاقە ئەستوورەکانی دەبینن و وا دەردەکەوێت کە خەڵکی دەوروبەری زۆر بێزراوانە لەو کچە بڕوانن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆمەڵگە تەماشای جوانیی و تواناکانی ناوەوەی ژن ناکات، تەنھا بە جوانییە ڕواڵەتییەکانی بڕیاری لەسەر دەدات. دەبینین ئەمە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا زۆر باوە، بەجۆرێک کە جوانیی جەستەی ژن دەخرێتە ژێر مایکرۆسکۆپەوە. بۆیە ھەرکات ئەو کچە وەک کچانی لاپەڕەی گۆڤارەکان سەرنجڕاکێش نەبوو، ئەوا دەیان و سەدان ئامۆژگاریی بۆ دەنووسن بۆ ئەوەی چۆن بێت و چی بکات تا بگات بەو جوانییە و خۆی بکاتە جێی سەرنجی ئەوانی دی و وابکات لەناو کۆمەڵگەدا جێی خۆی بکاتەوە.
بەشی سێیەمی شیعرەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژیانی کچەکە تا دێت چۆن پڕ ئازارتر دەبێت بەھۆی ئەوەی کە بەردەوام ڕەچەتەی پێدەدرێت بۆ شێوازی ھەڵسووکەوتکردن و چۆنییەتی ژیان و ھەروەھا ھەوڵبدات ببێت بە چیش.

ئامۆژگاری کرا شەرمن بێت
ھاندرا بۆ ڕووخۆشیی
بۆ وەرزش، بۆ ڕێجیم ، بۆ زەردەخەنە و بۆ شەیداکردن.

کۆمەڵگە چاوەڕێ لە کچەکە دەکات کچێکی “شەرمن” بێت، و بێدەنگ و کەمڕوانە ھەڵسوکەوت بکات. ئەمانەش تایبەتمەندیی (باربی) ین کە داھێنەرەکەی پێی بەخشیوە. بووکی باربی نموونەی ئەو کچە شەرمنەیە کە کۆمەڵگە دەیەوێت. لە کاتێکدا لە ڕابردوودا جۆرێک لە باربی ھەبوون کە سندووقێکی دەنگییان تێدابوو، کاتێک پەتەکەیت ڕادەکێشا قسەی دەکرد، بەڵام زۆربەی جۆرەکانی باربی ھیچ قسەیەک ناکەن و ھەمیشە بێدەنگن، لەبری قسەکردن و دەنگداریی، ئەوەی باربی دەیکات تەنھا زەردەخەنەیەکی نازدارانە و شەرمنانەیە.
لە دێڕی ١٦ ی شیعرەکەدا بۆ جارێکی تر کچەکە بەراورد کراوە بە باربی، کۆمەڵگە چاوەڕێ دەکات و ئامۆژگاری کچەکە دەکات بەوەی کە جەستەی خۆی لاواز و سەرنجڕاکێش بکات و بەردەوام زەردەخەنە بکات، ھەروەھا ھەوڵ بدات سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
دواجار دێڕی کۆتایی بەشی سێیەمی شیعرەکە پیشانی دەدات کە کچەکە چیتر بەرگەی فشارەکانی کۆمەڵگە ناگرێت و لە ئەنجامی ئەوەی بەردەوام بەپێی ڕەچەتەکانی کۆمەڵگە دەژیی و ڕەفتار دەکات، بوون و جەوھەری خۆی لەدەست دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا نەیتوانیوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگە تێربکات و ھەر بە ساردیی و بێ ھەستانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

سرووشتە باشەکەی لەناوچوو
چوون قایشێکی پانکە

ئینجا تا دێت زیاتر بە کاڵا دەکرێت، بۆیە چیتر کچەکە بەرگە ناگرێت و ھەرەس دەھێنێت. ورە و ئارامیی کچەکە بە قایشی پانکەی ماتۆڕ بەراورد کراوە، کە قایشێکی لاستیکە جوڵەی بەردەوام دەگەیەنێت بە پانکەی سارکردنەوەی ماتۆڕ، ئەم قایشەیش بەپێی کات و بەھۆی بەکارھێنانەوە دەڕزێ و لەکار دەکەوێت، لەبەرئەوەی کچەکەش تەنھا فەرمانی پێکراوە چی بکات و چی نەکات و ھیچکەس ھەست و خۆشەویستیی نەبووە بەرانبەری، ھەروەھا نرخییان بۆ جوانییە ناوەکییەکانی دانەناوە، بۆیە چیتر بەرگەی ئەوە ناگرێت و ھەرەس دەھێنێت.
بەشی کۆتایی شیعرەکە باسی کۆتایی تراژیدیای ئەو کچە دەکات کە بە باربی بەراورد کراوە.
لەم بەشەدا (بەشی کۆتایی) کچەکەی ناو شیعرەکە بە ڕوونی بە باربی بەراورد کراوە.

ئەوەتا لەوسندووقەی دیارە کچەکە لەسەر ئاوریشم ڕاکشاوە
بەو ئارایشەی مردوونێژەکە نەخشاندووییەتی و
لووتێکی بە ھەویر درووسکراو
لەکراسێکی شەوانەی پەمەیی و سپی

کچەکە ھەتا لە ژیاندا بوو نەیتوانی ببێتە ئەوەی کە ئێستا لەناو سندووقەکەدا (تابووت) دەردەکەوێت ، دوای ئەوەی ڕووخساری بە ماکیاژ دەسکاری کراوە لەلایەن مردوونێژەکەوە. کچەکە دوای خۆکوشتنی لە بەرگێکی ئاوریشمییدا لەناو تابوتێکدا دانراوە، بە ماکیاژ ئارایشتی بۆ کراوە و لووتێکی بە ھەویر بۆ سازێندراوە، ھەروەھا لە جل و بەرگێکی پەمەیی و سپی شەوانەشدا. ئەمانە ھەموو ڕەمزن کە پێرسی بەکاریھێناون ھەتا باسی مێینەی تەواو بکات. ئەوەی ئایرۆنییە لێرەدا ئەوەیە کە “ھەموو کەس” کە ڕەمزە بۆ کۆمەڵگە ئێستا بە کچەکە دەڵێن جوان و ددان بە جوانییەکەیدا دەنێن. ھەرچەندە کچەکە مردووە بەڵام دواجار کۆمەڵگە ددانی پێدا دەنێت، چونکە ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە کۆمەڵگە دەیەوێت، وەک لووتێکی بچووک (ھەرچەند لووتی بە ھەویر درووستکراوە) جگە لەوەش ئێستا کە لەناو تابووتەکەدایە ئارایشتکراوە و لە ماکیاژ ھەڵکێشراوە، ھەروەک ئەوەی کە کۆمەڵگە چاوەڕێی لێ دەکات. ئینجا کراسێکی پەمەیی و سپی لەبەردایە، ڕەنگی پەمەیی لێرەدا ڕەنگی مێینەییە و ڕەنگی سپییش ڕەمزی پاکیی و پاکیزەییە. دێڕی کۆتایی شیعرەکەش دەریدەخات کە تەنیا لە مەرگدا کۆمەڵگە واز لە کچەکە دەھێنێت و دەتوانێت ددانیشی پێدا بنێت. دێڕی کۆتایی حیکایەتە تراژیدییەکە باس لە کۆتاییەکی بەختەوەرانە بۆ ھەموو ژنێک دەکات، ئەمەش ئایرۆنییە و لە ڕاستییدا کۆتاییەکی خەمناک و ترسێنەرە. کۆتاییەکەی بۆ کۆمەڵگە بەختەوەرییە، چونکە زاڵ دەبێت و چوارچێوەکانی بەرزتر دەکاتەوە، بەڵام بۆ کچەکە نا. ئەم مردنەی کچەکەش دەکرێت مردنی فیزیکیی بێت باس لەوە بکات کە ھەتا مردن کۆمەڵگە قبووڵی نەکردووە یان ڕەنگە ڕەمزیی بێت مەبەست لێی کەوتنی کچەکە بێت بەوەی کە لەژێر فشارەکانی کۆمەڵگە بوون و کەسێتی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کاڵایەک بۆ چاوی خەڵک.

کۆتایی :
پێرسی بە سەرکەوتوویی بیرۆکەی بووکەشووشەی باربی بە بەھای ژن لە کۆمەڵگەدا دەبەستێتەوە.ئەو فشارەی کۆمەڵگە لەسەر ژنی درووستکردووە و کە ژنان ناچار دەکات پابەند بن بە شتانێکەوە ھەتا لە جوانیی و لە ڕەفتاردا ببنە ژنی نموونەیی. ئەم فشارانەش چەندە گەورەن، بەڵام زۆربەی ژنان بەئاگا نین لێی. ئەو ژنانەی کە بە سرووشتی دەژین و ھەڵسووکەوت دەکەن لە ڕووی کلتووریی و کۆمەڵایەتییەوە بە سەیر و نائاسایی دەبینرێن.

لە شیعرەکەشدا ئەم نائاگاییە ڕەنگی داوەتەوە، ھەموو جیھانی ناو شیعرەکە کە کۆمەڵگەیە نائاگایە لەم دۆخە، تەنھا جیھانی بچووکی ناو کچەکە بەئاگایە لێی.ئەو جیھانەی کە کچەکە تیایدا شەڕ دەکات دژی ئەو بەھایەی کە کۆمەڵگە بۆ ژنی داناوە. ئینجا باس لەوە کراوە چۆن جیاوازبوونی کچەکە و لادانی لە نۆرم و بەھا کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە ھۆی تێکشکانی و کۆتایی پێھنانی.

ئەو بەھا کۆمەڵایەتیی و کلتورییەی بۆ ژن دانراوە، لە کۆمەڵگەدا بۆتە کاڵا لەپێناو بەدەستھێنانی سەرمایە، بەبێ گوێدانە مافەکانی ژنان، بۆ نموونە ئەوەی کۆمپانیای ماتڵ –ی ئەمەریکیی بە ژنی کردووە لە ڕێی درووسکردنی بووکی باربی. بەم پێیە سەرەڕای پێشکەوتنی بزووتنەوەی فێمینیزم، ژنان دەبێـت وریا و بەئاگابن و ھەتا نەکەونە نێو داوی ئەو ئەفسانە و خەیاڵانەی کە واقیعێکی ڕووکەشانە لە کۆمەڵگەدا دەخوڵقێنن.

کریستین دو پیزان شاعیری فەڕەنسی -ئیتاڵی دەڵێت “جوانی ھیچ پەیوەندی بە ڕووکاری دەرەوە نییە. ئەگەر پرسیار دەکەیت کە ئایا ژن ھیچ زیرەکییەکی سرووشتیی ھەیە؟ وەڵامەکەی بەڵێ یە. ئەم زیرەکییەش دەکرێت گەشە بکات و ببێتە بلیمەتیی. ئەمەش جوانتریینە”. ئەوەش مانای وایە کە بەھای جوانیی ژن ئەوە نییە کە لە دەرەوە دەبینرێت، بەڵکو ئەوەیە کە لە ناوەوەیدایە. کەسێتی، بیرکردنەوەی، ئەزموون و ژیریی. ئەمانەش تایبەتمەندییەکن کە لە باربی –یدا نادۆزرێنەوە.

سەرچاوە

Cain, Angela. ١٩٩٦. “Barbie’s Body May be Perfect, but Critics Remind Us It’s Plastic.”Albany Times. http://www. yvonnesplace.netlbarbie.htm.

Wolf, Naomi. The Beauty Myth: How Images of Beauty Are Against Women. NewYork: Harper Perennial, ٢٠٠٢.
Wolf, Naomi. Promiscuities: The Secret Struggle for Womanhood. New York: TheBallantine Publishing Co., ١٩٩٧.