پەڕلەمانتاری هەرێم بۆ شانۆ بینین دەچن بۆ ئەڵمانیا!

Loading

گەشتکردن بۆ وێنەی سەر فەیسبووک”
شانۆکاران ڕەخنە لە گەشتی پەرلەمانتاران دەگرن بۆ فێستیڤاڵە شانۆییەکان

 

ئەگەرچی ئەوە یەکەمجار نییە بەرپرسانی حکومی و ڕاوێژکارەکانیان بۆ فێستیڤاڵ و بۆنە ڕووناکبیرییەکان سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام سەفەری ئەم دواییەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕاوێژکارانی پەرلەمانی کوردستان بۆ فێستیڤاڵێکی شانۆیی لە وڵاتی ئەڵمانیا، ناڕەزایی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لەلایەن هونەرمەندانی شانۆکارەوە و ئاشکرای دەکەن، پێویستە ئەو پەرلەمانتار و ڕاوێژکارانە سەرەتا بچن بۆ بینینی شانۆییەکانی ناوەوەی وڵات، پاشان بچن ئەوانەی ئەوروپا ببینن.

ئەنوەر قادر ڕەشید، شانۆکاری دێرین و نووسەر، ڕایگەیاند، ئه‌و جۆره‌ سه‌فه‌رانه‌و تا گه‌یشتن به‌و ئاسته‌ شتێك نییه‌ جێی سەرسوڕمان بێت، بۆیه‌ ده‌ڵێت: “لەو هەرێمەی لەمەڕ خۆمان هەر کەسێک دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێ بۆ (خۆی) قۆرخی دەکات، چونکە ئەو کارە بووە بە دیاردەیەکی سەلمێنراو و خەریکە دەبێتە نەریت، بۆیە من پرسەکە بە دیوێکی تردا دەبینم، ئەویش پرسیاری ئەوەی لە هەموو ئەو سەفەرانەی کە کراون بێجگە لە چەند وێنەیەکی فەیسبووک، چیان بۆ شانۆکاران هێناوەتەوە و چی بۆ دەهێننەوە کە بە لایەنی کەمەوە دەمەتەقێیەکی جددی و پرسێکی نوێی شانۆیی بووروژێنن؟”

پەڕلەمانتارەکان کەدوونیان بێژەر بوون باس لەشانۆ دەکەن لەئەڵمانیا!
دیوێکی دیکەی گەندەڵی ؛ پەڕلەمانتارەکان کەدووانیان بێژەر بوون، لەجیاتی شانۆکاران  باس لەئەزمونی شانۆ دەکەن لەئەڵمانیا!

به‌بڕوای ئه‌و، ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌مڕۆدا پێویسته‌ ئه‌و جۆره‌ سه‌فه‌رانه‌ نییه‌، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ جگه‌ له‌ وێنه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌یسبووكی شتێكی تریان نه‌هێناوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانێت، کە شانۆکار بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی و وەرگێڕان و ئەرشیفکردن و بەرهەمهێنانی نماییشی جددی بوونی خۆیان و جێگیرکردنی شانۆ بسەلمێنن.

لەلایەکی تریشەوە، شوان کەریم-ی شانۆکار، ئاماژەی بەوە دا، کەس دژی سەفەری هونەرمەند نییە و بگرە هەموو مرۆڤێک مافێکی ڕەوای خۆیەتی. بەڵکوو وەک ئەو دەڵێت، قسەکردنەکان لەسەر ئەو سەفەرانەن کە بە ناوی شانۆوە دەنجام دەدرێن.

‌ئەو وتی: “زۆربەی زۆری ئەم سەفەرانە لەسەر حسابی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەکانە. دروشمەکەشیان یان ئاڵوگۆڕی پەیوەندی یان پەرەپێدان و گەشەی توانای شانۆکارانە. ئەم دیماگۆجیەتەی وەزارەت ئیتر نابێت بەسەر کەسدا تێبپەڕێت. بۆ بەستنی پەیوەندی ئایا ٢٠ کەست پێویستە؟ پاشان با بزانین و تێبگەین ئەنجامی ئەو پەیوەندیانەتان چی بووە لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەی دواییدا؟”

‌وتیشی: “برەودان بە توانای شانۆکار هەر دەبێت لە ڕێگای بینینی نمایشەکانی دەرەوەی وڵات بێت؟ ئازیزی موسافیر تۆ جارێ بچۆ بۆ نمایشەکانی ناوەوەی وڵات ئینجا باسی سەفەرمان بۆ بکە. هەر یەک لەوانە با پێمان بڵێن لەم دووساڵەدا چەند نماییشی شار و قەزا و ناحیەکانیان بینیوە، تا لەوە گەیشتبێتن نمایشێکی لەندەن لە نمایشێکی هەڵه‌بجە باشترە و سودی بینینی زیاترە؟ ئاخر برای موسافیر تۆ تا دوو شت نەبینیت ناتوانی بەراورد بکەیت و بڕیار بدەیت.”

هێمای بۆ ئەوەش کرد، ‌ئێوە دێن و باسی جوانی و ڕەوشت و چاکە و ئازایەتی و هەڵوێست دەکەن لەسەر شانۆ و دەڵێت: “ئەگەر وایە من سەیرم لێ دێت ویژدانی هونەریت چۆن ڕێگات پێ دەدات سەفەر بکەیت و لە هەولێردا شانۆکارێک هەبێت بۆ بژێوی پێڵاو بۆیاغ بکات؟”

هاوکات شانۆكارێكی كورد به‌و چەنه‌ند په‌رله‌مانتارە ده‌ڵێت، كه‌ ڕۆیشتوون بۆ فێستیڤاڵی شانۆ له‌ ئه‌ڵمانیا، ئه‌گه‌ر له ‌گه‌ڕانه‌وه‌دا نه‌توانن ده‌ستكه‌وت و ده‌ره‌نجامی سه‌فه‌ره‌كه‌ ڕوون بكه‌نه‌وه،‌ ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ دادگایی بكرێن.

له‌ نووسینێكدا كه‌ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له ‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوی كردۆته‌وه،‌ شانۆكار مه‌هدی جاف، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان چیمان بۆ دێننه‌وه‌ له‌باره‌ی تێگه‌یشتنیان بۆ شانۆی ئه‌وروپی و چیكردن بۆ شانۆی كوردستان.

به‌بڕوای ئه‌و شانۆكاره،‌ ده‌بێت دوای ئه‌و سه‌فه‌ره‌ په‌رله‌مانتاره‌كان قسه‌ له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ چۆن شانۆ به‌ پیشه‌ ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی له‌ ده‌زگایه‌كی حزبیه‌وه‌ بگۆڕدرێت بۆ ده‌زگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی.

جەختیش لەوە دەکاتەوە، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ نه‌یانتوانی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت بدرێنه‌ دادگا و ئه‌و خەرجیەی‌ بۆ سه‌فه‌ره‌كه‌ بۆیان کراوە بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئەو پەرلەمانتارانەش داوای لێبووردن بکەن.

لەلایەکی تریشەوە، خەرمان هیرانیی شانۆکار، هێما بۆ ئەوە دەکات، کە ئه‌مڕۆ نییە ئەو قەدەرەی بەرۆکی وڵات و بزاڤی هونەری ئێمە گرتۆتەوە، لە کاتێکدا بزاڤی شانۆیی لە وڵات لە قەیراندایە و دەبێ لەوێ هەوڵەکانی سەرلەنوێ وەگەڕخستن و ژیاندنەوەی بزاڤەکە چڕ بکرێنەوە، کەچی هەوڵەکان ڕوویان لە هەندەرانە بۆ جۆشدانی بزاڤی شانۆیی کوردستان.

ئەو وتی: “هونەرمەندانیش وەک هەمووانی دی و لەوانەیە زیاتریش مافی سەفەر و گەشت و نزیکبوونەوە و ناسینی شانۆ و هونەری دەرەوەی کوردستانیان هەیە لە ڕێگەی فێستیڤاڵ و گەشت و بەیەکگەیشتنە هونەریەکانەوە، بەڵام ئەوەی ئەزموونی ڕابوردووی ئەمجۆرە گەشتانە پێمان دەڵێت ئەوەیە، کە کەمجار ئەو گەشتانە ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن و سروشتی گەشتەکەش لە مەغزای هونەرییەوە دەگۆڕدرێت بۆ گەڕان و گەشتی ئاسایی.”

هیرانی پرسیار دەکات و دەڵێت: “لە دۆخی قەیرانی ئابووری کوردستاندا، ئەو توانا مادییانە بۆ ئاوا سەرف بکرێن؟ داخۆ ئەم گەشتانە ئامانجەکانیان دەپێکن؟”

ئەم بابەتە لەڕەخنەی چاودێر بڵابۆتەوە.