لهدهنگی ئهمریكا 28.12.16
توندوتیژی دژی ژنان و مێییەنە بە گشتی لەتەواوی جیهاندا جێی ووردبونەوە و لێکۆڵینەوەی رژد و بەدواداچونە، ئەو گرفتە گەورانەی کە ئەوڕۆکە بونەتە هۆکارە هەرە بەهێزو ترسناکەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تەنها شەڕەکان و نەهامەتییە ئابوریەکان و تیرۆر نیە، بەڵکە بەپێی داتا و زانیارییەکانی رێکخراوە جیهانییەکانی وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە تەواوی جیهاندا توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بەردەوامە و بوونی هەیە، مەگەر تەنها لە بەرز و نزمی رێژەکاندا جیاوازییەکان بەدیبکەین. هاوکات فاکتەرە کۆمەڵایەتی و کولتوری و نەریتی و ئەخلاقیی و کۆنەپارێزی و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەکان سەرئەنجام خولقێنەری توندوتیژی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و ئخلاقی و ئابوری و کولتورین بۆ سەر ژنان تا رادەی ئەشکەنجەدان و کوشتن.
ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی ڕەهەندەکان میوانداری نوسەر و شارەزا لەبواری جێندەر و فیمینیزم هۆزان مەحمود دەکات.
هۆزان دەڵێت “بۆ کوشتنەکان روودەدەن و دووبارەدەبنەوە؛ میدیا تەداخولی ناشرین دەکات، رێکخراوی ژنان بە هەمان شێوەی کەموکوڕی، زۆر خەڵکانی تریش کە کار لەم بوارەدا دەکەن”. هاوکات سەبارەت بە داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت دەڵێت “بۆ شوێنێک نیە داڵدەی ئەم هەموو کچە دڵشاکاوەی کوردستان بدات، داڵدەی ئەو هەموو ژنە چەوساوەیە بدات”.
هۆزان دەشڵێت “سەروین بۆ راینەکرد، بۆ نەچوو پەنا بۆ رێکخراوێکی ژنان بەرێت، ئەگەر خۆشی خۆی سوتاندبێت، بۆ خۆی دەسوتێنێت، یەکەم کەس نیەو ئەخیر کەسیش نابێت……..”.
هۆزان قوڵتر دەڕواتە نێو رایەڵە هەستیارەکانی توندوتیژی دژی ژنانەوە و دەڵێت “کۆی کۆمەڵگەی کوردی بەشدارە، بە بڕوای من بەشدارە لەکوشتن و سوتاندن و بەردبارانکردن توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، میدیای کوردی بەشداری سەرەکییە ، دەسەڵاتی کوردی و حیزبە کوردییە پیاوسالارەکانمان ، خێزانی کوردی وەک رێکخراوەکانی ژنان و چاودێرە سیاسییەکان و رۆژنامەنوسان بەشدارن”.
هۆزان کەیسێکمان بیردەخاتەوەو دەڵێت “ساڵی پار کچێک کوژرا رێکخراوەکانی ژنان شەڕیان بوو لەسەر ئەوەی کێ بینێژێت و زوو بچێتە میدیا و راپۆرتەکەی پێ پڕ بکاتەوە، لەکاتێکدا کە خودی جەستەی کچەکە کە بۆ کوژراوە کە چی و چۆن و چی بکرێت نەکرا، بەڵام ئێستا کێ باسی ئەو کەیسە دەکات”.
دواجار هۆزان دەڵێت “پرسەکان زۆر ناشرین کراون، پێویستە قسەی لەسەر بکرێت و شەرمەزار بکرێت، مامەڵەکردن بە جەستەی ژن ئیتر بەسە بەم شێوەیە”.
لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.