لەوانەیە ئەوانەی لەناو گۆڕان بانگەشە بۆ دامەزراندنی یەکەی سەربازیی دەکەن مەبەستیان بەکارهێنانی هێزەکە بۆ کاری توندوتیژیی نەبێت. بەڵام دروستبوونی یەکەی لەو شێوەیە، جا بەئارەزوبێت یان بەزۆرەملێ، ئەمڕۆ بێت یان سبەی، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی توندوتیژیو شەڕوپێکدادان، کە کاولبوونو دابەشبوونی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، وەک سوریاو عێراقو یەمەن.
لە توێژینەوەیەکدا بەناونیشانی “بۆ بزوتنەوە مەدەنییەکان سەردەکەون” ماریا ستێفانو ئێریکە چێنوێس، کە لە گۆڤاری International Security لە ٢٠٠٨ دا بڵاوکراوەتە، بەراوردی ٣٢٣ کەیسیان لەسەرتاسەری جیهان، لە ١٩٠٠ تا ٢٠٠٦، کردوە. بۆیان دەرکەوتوە کە ئەگەری سەرکەوتنی بزوتنەوە مەدەنییەکان (nonviolent) ٥٣% یە، کە دەکاتە دووبەرابەری ئەگەری سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوانەیە کە توندوتیژیی بەکاردێنن، کە ٢٦% ـە.
ئەم توێژینەوەیەو توێژینەوەکانی دیکە لەم بوارەدا هۆکارەکانی سەرکەوتنی بزوتنەوە مەدەنییە ریفۆرمخوازە ئاشتییەکان دەگێڕنەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە:
یەکەم، ئەو بزوتنەوانەی کە ڕێگەچارەی مەدەنییو ئاشتیانە دەگرنەبەر چاکترو ئاسانترو زووتر شەرعییەتی ناوخۆییو نێودەوڵەتی وەردەگرن. ئەمەش گردبوونەوەی جەماوەری لێدەکەوێتەوە، کە هاوکات دەبێت بە فشار لەسەر دەسەڵات.
دووەم، کاتێک دەسەڵات توندوتیژی بەرابەر ئەو لایەنانە بەکاردێنێت کە مەدەنییانەو ئاشتییانە داواکانیان دەخەنەڕوو، ئەوە بکەرە ناوخۆییو دەرەکییەکان زیاترو زەقتر دان بە مافەکانی گروپو لایەنە ناڕەزایدەربڕەکان دەنێن.
سێیەم، سەرکوتنکردنی بزوتنەوە مەدەنییەکان لەوانەیە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە لەوانە گۆڕینی سەنگەر لەلایەن ئەندامانی سوپاو پۆلیس لە سەنگەری دەسەڵاتەوە بۆ سەنگەری گەل. بەپێچەوانەوە کاتێک چەک بەکاردێت لەدژی دەسەڵات پۆلیسو سوپا نەک هەر بەرگری لە دەسەڵات دەکەن بەڵکو بەرگری لە خۆشیان دەکەن چونکە ئەوان دەبن بە قوربانی توندوتیژییەکان، ئەمەش شانسی سەنگەرگۆڕین زۆر کەمدەکاتەوە.
چوارەم، خەڵک بەگشتی پشتیوانی لە بزوتنەوە مەدەنییەکان دەکەن نەک چەکدارییەکان چونکە خەڵک بزوتنەوە مەدەنییەکان وەک هەڕەشە لەسەر ژیانی خۆیانو کاروکاسبیان نابینن.
پێچەوانەی ئەم ڕاستیانە، داخۆ بۆ لە هەرێم هەندێک کەس داوای دامەزراندنی یەکەی سەربازی دەکەن؟ ئەوان پێیانوایە کە پارتی بەبێ بەکارهێنانی هێز وەڵامی داواکانی خەڵک ناداتەوە. هۆکارێکی دیکە بێ سەبرو تەحەمولیو بێئومێدی ئەو کەسانەیە کە لە پشت داوایەکی لەو شێوەیەن. من پێموایە گۆڕان وەک چۆن هەڵپەی دەسەڵاتیکردو پێیوابوو مانەوەی لە دەرەوەی دەسەڵات دەبێتە مایەی بێهێزبوون و پوکانەوەی. بەهەمانشێوە ئەوانەی کە پێیانوایە کە هێز تاکە ئامرازە بۆ یەکلایکردنەوەی پرسەکان لەگەڵ پارتی هەمان ترسیان هەیەو هەڵپەی چەکداری دەکەن.
هەر حزبێک یان بزوتنەوەیەکی جەماوەری لە کوردستان ئەگەر پێیوابێت کە گۆڕانکاری لە شێوازو چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، یان هەنگاونان بۆ چاکسازیو دیموکراسی، لە شەوڕۆژێک دێتەئارا ئەوە تێگەیشتنێکی قوڵی نییە، ئەگەر نەڵێین هەڵەیە.

کاتێک ئەمریکا لە ١٧٧٦ دامەزرا ڕەشپێستەکان بەگشتی کۆیلەی سپی پێستەکان بوون. لە ١٨٥٧ دا بەشێکی زۆریان ئازادکران، بەڵام مافی هاوڵاتیبوونو دەنگدانیان نەبوو. لە ١٨٦٥ بەهەموارکردنی دەستور کۆیلەیی قەدەغەکراو لە ١٨٦٨ یش مافی هاوڵاتیبوون درا بە ڕەشپێستەکان و لە ١٨٧٠ مافی دەنگدان بە پیاوەکانیان ڕەوابینرا.
سەرەڕای ئەمانە، لە ١٨٨١ ـەوە لە زۆر ویلایەت ڕەشپێستەکان قەدەغەکران لە شوێنە گشتییەکان. لە ١٨٩٨ دادگای باڵای ئەمریکا بەفەرمی شەرعیەتی بە سیاسەتی هەڵاواردن (segregation) دا. بەڵام لە ١٩٣٦ کاتێک جێسی ئۆنس، ڕەشپێستێکی ئەمریکی، سێ مێدالیای زێڕی لە ئۆلۆمپیادی ١٩٣٦ بەدەستهێنا، ئەو ئارگیومێنتەی کە هیتلەرو سپی پێستەکان لەمەڕ باڵایی (supremacy) سپی پێستەکان بەکاریاندەهێنا، کەوتەژێر پرسیارەوە.
لە ١٩٥٥ کاتێک ڕەشپێستێک بەناوی (ڕۆزا پارکس) لەناو باس جێگە بۆ سپی پێستێک چۆڵناکات، دەگیرێت و سزادەدرێت، لەئاکامدا ڕەش پێستەکان بۆ ماوەی ساڵێک لە ویلایەتی ئەلباما بۆیکۆتی سواربوونی باس دەکەن. لەوئانوساتەدا (مارتن لوسەر کینگ) وەک ڕابەری بزوتنەوەی ڕەشپێستەکان دەردەکەوێتو توندوتیژیی وەک ئامرازێک ڕەتدەکاتەوەو خەباتی مەدەنیو ئاشتیانە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان پەیڕەودەکات.
لەئاکامی ناڕەزایی ڕەشپێستەکان کە لە ناوەڕاستی پەنجاکان چڕدەبێتەوە، دادگای باڵا سیاسەتی هەڵاواردن لە قوتابخانەکان قەدەغەدەکات. لە ١٩٦٠ ئیدی بزوتنەوەی مەدەنیی ئاشتیخوازانەی ڕەشپێستەکان وردەوردە بۆ هەموو شارو شارۆچکەیەک پەلداوێت. بەمەش لە ١٩٦٣ سەرۆک کێنەدی پشتیوانیخۆی بۆ بزوتنەوەکە دەردەبڕێتو لە ١٩٦٤ یاسای مافە مەدەنییەکان دەردەچێتو مارتن لوسەریش خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وەردەگرێت. بەڵام دوای چوار ساڵ مارتن لوسەر کینگ دەکوژرێت کەچی خەباتی ڕەشپێستەکان بۆ یەکسانیی بەردەوام دەبێت بەڕادەیەک کە لە ٢٠٠٨ دا باراک ئۆباما، وەک ڕەشپێستێک، بوو بە سەرۆکی ئەمریکا.
ئەمریکا، ئەو دەوڵەتەی کە لە ١٧٧٦ ـەوە بانگەشەی مافی یەکسانو ئازادی بۆ هاوڵاتییەکانی دەکات کەچی بۆ سەدان ساڵ مامەڵەی کۆیلەو هاوڵاتی دەرەجە دووی لەگەڵ ڕەشپێستەکاندا کرد. ڕەشپێستەکان تا بزوتنەوە جەماوەرییە سەرتاسەرییەکەی پەنجاکانو شەستەکانی سەدەی ڕابردویان وەگەڕنەخست نەیانتوانی بەمافەکانی خۆیان بگەن. ئێستا ڕەشپیستێک سەرۆکی ئەمریکایە بەڵام ئەمریکا هێشتان ڕێگەیەکی دووری لەپێشە تاوەکو ڕەشپێستەکان یەکسانانە لەنێو کۆمەڵگەو لە دامودەزگا دەوڵەتییەکاندا مامەڵەی یەکسانانەیان لەگەڵدا بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ دامەزراوەو بزوتنەوە ناڕەزاییەکان لەدوای ٢٠٠٤ ـەوە سەریان هەڵداوەو لە ٢٠١١ و ٢٠١٥ دا توانیان وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری دەرکەون، کەچی نەک هەر بەپێوەری بزوتنەوەی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا بەڵکو بەبەراورد بە ئەزمونی گەلانی دنیا زۆر هەنگاوی بۆ پێشەوە هاوێشتوە. ئەگەر گۆڕان وەک بەشێک لەو بزوتنەوە جەماوەرییە تەماشابکەین ئەوە بردنەوەی ٢٤–٢٥% دەنگەکانو کورسییەکانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٣ دا دەستکەوتی گەورەن بۆ بزوتنەوە جەماوەرییەکە.
ئەوەی لە کوردستان بزوتنەوە جەماوەرییەکە دەرگیریی بووە ئەوەیە کە هەوڵو هەڵمەتەکانی بزوتنەوە جەماوەرییەکە زوو بە سیاسییدەکرێن، جا چ ئەوەی کە گۆڕان وەک حزبێکی سیاسی خۆی لێ بە ساحێب دەکات، چ ئەوەی دەسەڵات بەئانقەست بۆ شکاندنو لە قالبدانو قەتیسکردنو بچوکردنەوەی بزوتنەوەکە بە گۆڕانی دەبەستێتەوە.
هاوکات بزوتنەوەکە لە هەوڵەکانی بۆ بەسەرتاسەرییکردنی کارو چالاکییەکانی سەرکەوتونە بووە، بەمەش بزوتنەوەکە قاڵبێکی ناوچەیی وەرگرتوە. لەبەرابەردا دەسەڵات لە ستراتیجییەتی بەناوچەیی هێشتنەوەی بزوتنەوەکە تاڕادەیەک سەرکەوتوبووە. لەحاڵەتێکی ئاوەهادا دەستبردن بۆ چەک هێندەی دیکە بزوتنەوەکە بەناوچەیی دەکاتو دەهێڵێتەوە.
بۆیە بۆ گەیشتنی بزوتنەوە جەماوەرەییەکان بە ئامانجەکانیان واچاکە پێش هەموو شتێک ڕابەرانیان کۆڵنەدەرو بەسەبرو بەتەحەمول بن. دواتریش دەبێت بزوتنەوەکان لە بەحزبیکردنو بەناوچەییکردن ڕزگاربکرێن. هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجانە چاکترە لە هەڵپەکردن بۆ دەسەڵاتو بۆ چەک. کاتێکیش دەڵێین نا بۆ چەک مەبەستمان نا بۆ چەکە بۆ هەموو هێزە سیاسیو مەدەنییەکان لە هەرێم، بە یەکێتیو پارتیشەوە.