“بترسه له‌وه‌ی كه ده‌ڵێ ئاسمان سنوورداره، چونكه ئه‌و خه‌یاڵی سنوورداره” ئۆسكار وایڵد
“سه‌ره‌تا وشه هه‌بوو” ئه‌و رِیزبهندییه كرۆنۆلۆژییه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه كه پێش (كات) چی هه‌بووه..! ئه‌م حوكمه پێشوه‌خته؛ ناچاری قسه‌كردن له شتێكی ترمان ده‌كات كه خه‌یاڵه.. قسه‌كردن له‌باره‌ی خه‌یاڵه‌وه قسه‌كردنه له دژواریی، دژوارییه‌ك كه تێیدا نووسین و ئاخافتن كه‌ره‌سته‌یه‌كی گونجاو نین بۆ ناسكردن و ئێرا پنتێكه له‌و وێستگا سنوریانه‌ی ڤیتگنشتاین واته‌نی؛ زمان به ناچارییه‌وه تێیدا ده‌وه‌ستێ.
سارته‌ر له (بوون و نه‌بوون)دا ده‌نووسێت: “خه‌یاڵ بریتیه له جیاوازیی نێوان د‌رك كردن و وێناكردنی ئه‌سپێك له‌سه‌ری ههریهكهماندا”، به باوهرِی بچكۆلانه‌ی من؛ خه‌یاڵ وێناكردن نییه، به‌ڵكو بینینی ئه‌سڵی وێنه‌كه خۆیه‌تی، وێنه‌یه‌كی سێنسی شتێك، كه نییه..! كتێبه ئاسمانییه گه‌وره‌كان ئه‌ندێشه‌ی هێجگار واڵای خودان و سهرشارییان له خه‌یاڵ، ڤیزای ته‌مه‌نی درێژییان بووه له‌و هه‌موو ساڵادا.. شاره گه‌وره و شه‌قامه به‌یه‌كداچووه‌كان به‌ر له‌وه‌ی شوێن بن، خه‌یاڵی سه‌ری ئهندازیارهكانن.. هێڵه درێژه‌كانی رِێی ئاسن، كه‌شتیی زه‌به‌لاحی ناو زه‌ریاكان، ئاسمانگهرِه گه‌وره‌كان، فرِۆكه بێ فرِۆكهوانهكان له بۆشاییدا.. هه‌موویان به‌رله‌وه‌ی ماده‌ی خاو بووبن، خه‌یاڵی خاو بوون.
خه‌یاڵ هه‌ر كێشیه‌كی كۆنسێپتوێلی ناو زانستی به‌لاغه نییه، له‌ده‌ره‌وه‌ی دونیا بێت، به‌ڵكو ته‌واوی ئیمكاناته بێ سنوره‌كانی ئێمه‌یه له دونیادا.. رِامان له‌و پارادایمه‌ی كه خه‌یاڵ دونیاییه و له ده‌ره‌وه بۆ ئێمه نه‌هاتووه، هه‌م خه‌یاڵی ئاینی له چاپه یۆتۆپییهكهیدا پووچ ده‌كاته‌وه و هه‌م جه‌خت له مرۆڤبوون وه‌ك شتێكی په‌یوه‌ست به‌م زه‌ویه ته‌نیایه‌وه توند ده‌كات.. ئه‌وه‌ی كۆمه‌كی كه‌سێك ده‌كات له دۆزه‌خه خوێناویه‌كانی نیشتمانه‌كه‌یدا له سوریا بژی و به‌رده‌وام بێت؛ خه‌یاڵی گۆرِینی نیشتیمانێتی بۆ سه‌ر به‌هه‌شت، یان ته‌یب ساڵح واته‌نی خه‌یاڵی كۆچێتی بۆ باكور، ئه‌ندێشه‌ی پیشه‌سازیی دروستكردنی فیرده‌وسه له خاكه‌كه‌یدا.. ئاوها خه‌یاڵ جێ ده‌ستیكی سه‌نگینی هه‌یه له دروستكردنی نه‌ته‌وه‌دا، له مانه‌وه‌ی مرۆڤ له شوێنێكدا و قبووڵكردن و دروستكردنی ئه‌و هه‌موو دۆزه‌خه‌ی ناوی وه‌ك رِێگایهكی پهرِینهوه بۆ خودی به‌هه‌شت..
***
ئه‌گه‌رچی له پرۆسه‌ی دروستكردنی منداڵدا، ئینسان به بازدانێكی باوهرِنهكرده و بهرِیزپهرِێك شوێنگه‌كه‌ی له مه‌خلوقه‌وه بگۆرِێت به خالیق، كه‌چی هێشتا ئه‌وه‌ی رِێشهی ئه‌م ئاده‌میزاده ده‌باته‌وه سه‌ر پاوهرێكی میتافیزیكی، منداڵ دروستكردن نییه، به‌ڵكو؛ توانایه‌كی گهورهترمانه كه بریتییه له هێزی خه‌یاڵكردن و له‌خۆیدا له سیفه‌ته هه‌ره گرنگه‌كانی خوداشه..
رِاسیونالیسهتهكان له دونیای مۆدێرندا؛ ئه‌م توانای خهیاڵكردنهمان دوای فیلتهرگهلێكی زۆر، پاش به سیستماتیك كردن، وه‌ك به‌رهه‌می عه‌قڵ پێ ده‌فرۆشنه‌وه و ئه‌هلی ئیمان وه‌ك چاوی رِۆح.. به‌ڵام خه‌یاڵ زینده‌وه‌رێكی میتافیزیكی نییه، ئه‌گه‌رچی موعجیزه‌ش بخولقێنێت، هێشتا قاچێكی له‌سه‌ر زه‌وییه، مێنتاڵهكانی ده‌وروبه‌ر له خه‌یاڵدا به فۆرمی تر دێنه‌وه، گه‌رنا هه‌ر ئه‌وانن، هه‌ر خۆیانن و خۆیان گۆرِیوه. بۆیه له هونه‌ری سوریالییشدا كه بانگه‌شه‌ی داهێنان له‌ناو نه‌ستی په‌تیدا ده‌كات؛ قسه‌كردن له خه‌یاڵی بێگه‌رد و ئه‌بستراكت، بێ فۆرم و فیگه‌ره‌كانی دونیای رِیاڵ، به‌و گشتاندنه رِههایه و له كۆنتێكستێكی هێنده فراوان و كراوه‌دا ته‌واو به‌تاڵه.. ئه‌وه‌ی دالی له جیهانی سوریالیهتدا دای هێنا، كه‌ره‌سه‌ته‌ی ده‌ره‌وه‌ی دونیا نه‌بوو، له تابلۆكانی ئه‌ودا كه‌شتیی و كاتژمێر و پڵنگ و ماسیی و فیل و ئه‌سپ و رِوخسار هه‌ن، به‌ڵام فۆرمیان به شێوه باوه‌كه تێكشكاوه..
رِوونه كه خه‌یاڵ شتێكه ته‌نیا له ئێمه‌دا هه‌یه، لێ پرسیارێكی شاعیرانه‌ش نییه، ئه‌گه‌ر بپرسین تۆ بڵێی خۆمان خه‌یاڵی كه‌سێ.. شتێكی تر نه‌بین..؟ ئه‌و رِۆژه له كوێیه كه خاوه‌نی رِاستهقینهی ئه‌م خه‌یاڵه سه‌ر رِادهوهشێنێت و ئێمه وه‌ك ته‌مێكی سپی ته‌نك دهرِهوینهوه..!
ئێستا ئیتر نمونه‌ی خه‌یاڵ وه‌ك گیانله‌به‌رێكی زه‌مینی بۆ مه‌سه‌له‌ی نابینایه‌كی زگماك و وێناكردنی رِهنگ له‌سه‌ری خۆیدا، هه‌ر رِاسته.. ئه‌و هه‌رگیز له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه ده‌رناچێت، چونكه پله‌ی زانین و ناسینی له به‌رانبه‌ر شتێكی وه‌كو رِهنگدا؛ سفره.. بۆیه به باوهرِی بچكۆلانه من؛ خه‌یاڵ ئه‌گه‌ر توانای دۆزینه‌وه‌ی دونیای تریشی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نامومكینهكانیش مومكین بكات، ئه‌وه هێشتا هی ئه‌وه‌یه، كه لێره‌وه و له‌سه‌ر زه‌وی و له‌سه‌ری بونه‌وه‌رێكی بچكۆله‌ی وه‌كو مرۆڤدا ده‌تروكێ.
***
خه‌یاڵ كارگه‌ی به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی رِیاڵه له فۆرمگه‌لێكی تردا، پیشه‌سازیی دروستكردنی دونیایه به یاساكانی فیزیكێكی تر.. ئه‌وكاته‌ی رِۆبن ویلیامز له رِۆڵی دكتۆر نیڵسن له فیلمی (What Dreams May Come) ، ده‌ستی به گوڵه‌كانی به‌هه‌شت رِهنگاورِهنگ ده‌بێت، ئه‌وه ساتی به‌ركه‌وتنی ئێمه‌ی رِیاڵه به باخێكی سێنسی و لوتكه‌ی په‌یوه‌ندی گرتنه به مێنتاڵێته بنچینه‌ییه‌كانی خه‌یاڵه‌وه.. له رِاستیدا رِهنگه خه‌یاڵ خودی واقیع بێت، به‌ڵام واقیعێك كه هێشتا هه‌لومه‌رجی هاتنی بۆ نه‌لواوه. ئه‌وه‌ی خه‌یاڵ وا نهێنیئامێز و مه‌رموز ده‌كات ئه‌و ناگرهنتی هاتنهیهتی بۆ جیهانی رِیاڵ، بۆیه یه‌كه‌م كه‌س كه ده‌گاته مانگ ئارمسترۆنگ نییه، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه كه یه‌كه‌مجار خه‌یاڵی چوونه سه‌ر مانگ ده‌كات.. ئه‌وه‌ی سێپتێمبهریكی تر دروست ده‌كات، پیاكێشانی فرِۆكه نییه به ههوربرِهكاندا، خه‌یاڵی پیاكێشانی فرِۆكهكانه به ههوربرِهكاندا.. به‌م شێوه‌یه خه‌یاڵ هه‌میشه جێگا گرتنێكه له داهاتوو.. ئه‌وه‌ی مێژوو ده‌جوڵێنێ هێزی خه‌یاڵه، نه‌ك باسكی كرێكار وه‌ك ماركسیزم بانگه‌شه‌ی ده‌كرد، له رِاستیشدا ئه‌وه‌ی ئاینده‌ش بونیاد ده‌نێت هه‌ر خۆیه‌تی.
لای ئه‌رستۆ خه‌یاڵ پردێكه له نێوان وێنه و ئایدیادا پردێكی مائیلیشه له خودی كاتدا، خه‌یاڵ مه‌لێكی تیژرِهوه له رِابردووه وه به ئێستادا بۆ داهاتوو.. هه‌موو خه‌یاڵێك و بێ ئاوارته ئه‌م دۆخه زه‌مه‌نیانه دهبرِێ.. له‌م رِهوگهیهدا ئاراسته‌كردن له یه‌كه‌میانه‌وه بۆ دووه‌م كاری پۆپلار و عامه‌په‌سه‌ند و له دووه‌میانه‌وه بۆ یه‌كه‌م، كاری هونه‌ر و له یه‌كه‌میانه‌وه و به تێپهرِاندنی دووه‌م و رِاستهوخۆ بۆ دۆخی سێیه‌می زه‌مه‌ن، كاری بلیمه‌ته‌كانه.. لێ په‌یوه‌ندیگرتنی توند له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ، ئه‌گه‌ر نه‌بێت به هونه‌ر، ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی واقیع جێ نه‌گرێت، سه‌ریه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، هه‌موو شێته‌كانی ناو مێژووی مرۆڤایه‌تی قوربانییگهلێكن كه بێ زیان له‌م دۆستایه‌تییه گه‌رمه‌ی خه‌یاڵی خۆیان ده‌رنه‌چوون.. خه‌یاڵ جێگایه‌كه له قووڵایی وجودی ههریهكهماندا كه ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌می خه‌ڵك ده‌توانن رِوناكیی لێی هه‌ڵگۆزن.
په‌یوه‌ندی نێوان خه‌یاڵ و مۆراڵی گشتیش له پارادۆكسێكی قووڵدا ده‌ژی و به‌رده‌وام له‌سه‌ر ته‌رمی یه‌كتر خۆیان ئه‌پده‌یت ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كانی تێدان؛ سه‌ر مه‌رزی خه‌یاڵ و واقیعه.. بۆیه زۆرجار له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیان -كه ئهستونگهكانی وا له‌واقیعدا- سه‌ركه‌وتوو نابن، له كیركهگۆر برِوانه، له كافكا، كه نمونه‌ی دۆرِاندنی ژیانی خێزانین له پێناو خه‌یاڵیاندا، سه‌یری دیستۆیڤسكی و ژان ژینییه بكه، دی ساد بخوێنه‌ره‌وه، كامیلۆ خۆزێ سێلا.. سۆدێربێرگ؛ پیاوگه‌لێك له خه‌یاڵی خۆیان شه‌رابی خوێن دهدڵۆپێنن.
***
باسى شه‌رابمان كرد، خیام گوتبوی شه‌راب ته‌نیا شتی دونیایه كه تاریك و رِوونه پێكه‌وه، له رِاستیدا ئه‌م حوكمه بۆ خه‌یاڵیش له‌نگ نییه.. په‌یوه‌ندی نێوان شه‌راب و خه‌یاڵ په‌یوه‌ندییه‌كی دێرین و تاریكه، له مێژووی هه‌زاران ساڵی ته‌مه‌نی شه‌راب و خه‌یاڵدا، ئه‌وه‌ی رِوونه ته‌نیا ئه‌وه‌یه؛ كه دووه‌میان یه‌كه‌میانی دروست كردووه و دواتر وه‌ك زنجیره‌یه‌كی به‌دوایه‌كدا هاتوو و هاودژ، ئێسته به رِۆژانێك گه‌یشتوون كه هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه بۆته‌وه و به ئاسانی شه‌راب ده‌توانێت خه‌یاڵ دروست بكات. ئهمرِۆ تاقیگه و سه‌نته‌ری گه‌وره‌ی شهرابناسیی له دونیادا هه‌یه، له فرانسا ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك به هۆی مه‌هاره‌تی زمانیان له تامدۆزی و چه‌شتن؛ له تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌رابدا، قووتی رِۆژانهی خۆیان دهچرِن.
به‌ڵام ئه‌ی چۆن بتوانین خه‌یاڵ چیژ بكه‌ین..؟
خه‌یاڵ ئه‌وه‌نده توناوتوونه به‌ته‌نیا گه‌مارۆدانی له كۆلێژ و قه‌تیس كردنی له رِشتهیهكدا، داد نادا و بیركردنه‌وه له ناسین و رِامكردنی خه‌یاڵ مادام بیركردنه‌وه‌یه له خودی خه‌یاڵدا، به‌داخه‌وه هیچ كات ناگاته ئه‌نجام، به لۆژیكی قه‌دیم ئێمه هه‌ڵه‌كه له‌ویادا ده‌كه‌ین كه ده‌مانه‌وێت به هه‌مان كه‌ره‌سته‌ی شتێك خودی شته‌كه بناسین و ئه‌مه‌ش بۆ هاتنه ته‌عریف، رِێگایهكه تا دڵ حه‌زبكات هه‌ڵه‌یه.
من خه‌یاڵ ته‌واو وه‌كو شه‌راب سه‌یر ده‌كه‌م، پایه‌ی شه‌راب له ئه‌ده‌بیاتی عیرفانییدا، وه‌ك پایه‌ی خه‌یاڵ، مه‌قامێكی بڵندی ناو تووناوتوونی مه‌غزه كه حاڵیی بوون لێی ته‌نیا كاری (مه‌ستانه)یه..! له رِێسا سه‌ره‌تاییه‌كانی دروستكردنی شه‌راب و خه‌یاڵیشدا واهاتووه؛ بۆ ئه‌وه‌ی باش بگه‌ن، ده‌بێ هه‌وایان بۆ نه‌چێت.. ده‌بێ ماوه‌یه‌كی باش له شوێنی خۆیان بمێننه‌وه، هه‌ردووكیان كاتیان پێویسته، هه‌ردووكیان ته‌نیایی، هه‌ردووكیان خۆیبوون، جه‌وهه‌ری خه‌یاڵ و جه‌وهه‌ری ئه‌م نووسینه كورته‌ش ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر رِامان له ماوه‌ی نێوان مانه‌وه و جوڵاندن بووه‌ستێت.
***
هه‌نوكه خه‌ریكم ده‌ڵێم پیاسه‌كردن جوڵه و جێگۆرِكێیه به خه‌یاڵێكی نیشتوو تا ببێت به شه‌راب.. ئه‌نیشتاین هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ی خه‌یاڵی له زانین پێ گه‌وره‌تر بوو، (تیۆری رِێژهیی) له رِێ رِۆیشتندا دۆزییه‌وه، سپینۆزا گهرِاڵی ژێر پرده نزمه‌كانی ئه‌مستردام بوو.. هایدگه‌ر له پیاسه‌ی دارستانی رِهشدا (بوون و كات)ی نووسیی، نیتشه پاش هه‌ڵزنان به چیاكانی ئه‌ڵپدا (وه‌های گووت زه‌رده‌شت)ی نووسیی.. پاموك به پیاسه‌ی نیوه‌شه‌وانی قومقاپی و ئهمینونودا (ناوم سووره)ی ته‌واو كرد.
فاڤۆرێتی من پیاسه‌یه‌ك به‌ته‌نیایه.. پیاسه‌یه‌ك به پێ.. تۆ به دووچهرخهیهكی كۆن برِۆ و ئه‌و به ترۆمبیلێكی شرِۆڵه.. كه‌سێكی تر به شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی پیر.. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی دواییان من بووم، وه‌ك هه‌میشه له كورسیی پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی رِۆیشتن، له ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه دادهنیشـم.. با ده‌نگی هه‌وا، له كۆنۆچكه ژهنگاوهیهكانی كۆپاكهوه، وه‌ك جێ چه‌قۆی هه‌ڵكێشراوه له قورِگی درِاوی پیاوێكدا، مینا لووره‌ی بــایهكی دوور بێته گوێ، فه‌رامۆشی بكه.. كه قه‌تار لۆژه‌لۆژ به‌سه‌ر سكه‌ی ژه‌نگاوی ئاسندا خۆی ده‌خشێنێ، تۆ دونیای جێهێڵراوی رِاستهقینه له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ده‌بینیت، بۆ یه‌ك سات، ساتێكی كورت، تۆ و دونیا ده‌ده‌ن به‌لای یه‌كدا و هه‌ردووكتان به‌هه‌مان خێرایی له‌یه‌كتر دوور ده‌كه‌ونه‌وه.. ئه‌مه هه‌وڵی مه‌له‌یه له‌و شه‌تی شه‌رابه‌ی كه حافز وتبوی، له‌و رِووباره رِاستهقینهیهدا كه خه‌یاڵه.