سەدەی ٢٠ی تورکیاو ٢١ی کورد

دەکرێت بڵێین بڕینی کۆسپی ١٠% لەلایەن هەدەپە لەهەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠١٥ لەتورکیاو بەدەستهێنای ٨٠ کورسی پەرلەمانی یەکێک لەگەورەترین سەرکەوتنەکانی گەلی کوردستان بووە لەمێژوی هاوچەرخدا. لەپاڵئەمەدا خۆڕاگرییەکانی هێزی پێشمەرگە لەباشور لەبەرابەر تیرۆرستانی داعش لە ٢٠١٤ ـە، دواتریش پێشڕەوییەکانیان لەبەرەکانی شەڕ لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی لە جەلەولاوە تا نزیک شەنگال، سەرکەوتنی مەزنن.

هاوکات دروستبوونی سێ کانتۆنەکەی ڕۆژئاوا لە ٢٠١٣ دا لەگەڵ بەرخودانی ژن‌و پیاوە شەڕڤانەکان لەکۆبانێ‌ لەدژی داعش‌و دواتریش ڕزگارکردنی سەری سپی‌و یەکگرتنیکانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ، کوردستانیانی نەک هەر خستەسەر نەخشەی جیهان بەڵکو کردنی بەحیکایەتی سەر مێزی نانخواردن لەسەرتاپای جیهان.

دژە-داعشبوونی کوردستانیان‌و بەرەنگارییەکان‌و سەرکەوتنەکانیان لەلایەک‌و بەشداریی ژنان‌و سێکولاریزمبوونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو مەیل بەسێکولاریزمی حکومەت‌و کۆمەڵگەی کوردستانی لەهەرێم لەلایەکی دیکە، ئەمانە لەپاڵ ئاشتیخوازبوون‌و بان-نەتەوەییبوون‌و دیموکراسخوازبوون‌و لیبرالبوونی هەدەپە، هەمووی بەسەریەکەوە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی پۆزەتیڤانە بەلای کورد ڕاکێشاوە.

پرسی کوردستانیان زۆر جاری دیکە سەرنجی میدیاو وڵاتانی دنیای بۆ خۆی ڕاکێشاوە، بەڵام ئەمجارە وەک جاران دڵسوتانی ڕۆژنامەنوسێکی مرۆڤدۆست یان سیاسەتمەدارێکی پەراوێزخراوە نییە. ڕۆڵی کوردستانیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بکەرێک ئەمجارە وایکردوە کە زلهێزێکی وەک ئەمریکا نەک هەر کوردستانیان وەک باشترین هێزی شەڕکەر لەدژی داعش بناسێنێت بەڵکو لەزۆر شوێن لە یەک سەنگەر لەگەڵ شەڕڤانەکان لەڕۆژئاواو پێشمەرگە لەباشور شەڕبکات. لەپاڵئەمە، شەقامی ڕۆژئاوا هەم پشتیوانی خۆی نیشاندەدا هەم فشاریخستۆتە سەر حکومەتەکان بۆ زامنکردنی پشتیوانی زیاتر.

بەئیزافەی ئەوانەی ئاماژەیپێکرا، ئەم وەرچەرخانە لەدیدو تێگەیشتنی ڕای گشتی ڕۆژئاواو دەوڵەتەکانیانسێهۆکاری دیکەی لەپشتە:

 

یسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (١٨٨٧-١٩٣٠) شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێی لە حکومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە. لەشنۆ بەپیلانیک کوژرا!
ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (١٨٨٧-١٩٣٠)

 

یەکەم؛ کورد لە سەرەتای سەدەی بیست لەڕۆژئاوا وەک گەلێکی دەستسور بەخوێنی کەمینە دینییەکان ناسرابوو،

بەتایبەتی دوای بەشداری کوردان لەڕیزەکانی سوپای عوسمانی لە جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لە ١٩١٥ و کوشتنی مار شەمعون‌و یاوەرانی لەلایەن سمکۆی شکاک لە ١٩١٨ دا.کەچی لەسەدەی بیست‌و یەکدا کورد وەک گەلێکی بەرگریکەر لەکەمینە دینییەکان دێتەبەرچاو.

 

هەڵهاتنی بەشەپۆڵی کرستیانەکان لە عێراق لە ٢٠٠٣ ‌ـەوە تا ئێستا لەدەستی گروپە توندڕەو تیرۆرستەکان‌ بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ داڵدەدانی ئێزیدییەکان لەلایەن هاونەتەوە کوردە موسڵمانەکان هۆکارێکی دیکەی ئەو وەرچەخانەیە لەدیدی ڕۆژئاواییەکان. لەهەمانکاتدا پاراستنی گروپە نەتەوەیی‌و دینییەکان لە ڕۆژئاوا لەلایەن شەڕڤانەکانەوە لەگەڵ بەشداریپێکردنیان لە خۆبەڕێوەبردن هۆکارن لەپشت ئەو وەرچەرخانانە.

 

 

دووەم؛ دوای نزیکەی سەد ساڵ لە دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتەکە لەسەر خۆڵەمێشی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنیەکان‌و کوردەکان‌و دەڕپەڕاندنی یۆنانی‌و کرستیانەکان دامەزرابوو کەچی لەبەرچەند هۆکارێک لەوانە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە روسیاو دامەزراندنی یەکێتیی سۆڤیەت، دواتریش بەئەندامبوونی تورکیا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، رۆژئاوا تا کۆتایی سەدەی بیست پاڵپشتێکی سەرسەختی دەوڵەتی تورکیا بوو.

بەدرێژایی ئەو سەدەیە تورکیاخۆی وەک بەرگریکەرێکی سێکولاریزم‌و دیموکراسی لەناوچەکە دەناساند، رۆژئاواش سەرەڕای کورتهێنانەکانی تورکیا لە هەردوو بواردا بێدەنگیان لێکردبوو. لەسەرەتای ئەم سەدەیە لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی ئەکەپە، کە حزبێکی ئیسلامییە، هەڵوێستی ڕۆژئاوا بەرابەر بە تورکیا گۆڕانی بەسەردادێت بەتایبەتی دوای ئەوەی تورکیا ڕەتیکردەوە کە خاکەکەی بەکاربێت لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر عێراق. بەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بۆشاییەی بۆ ڕۆژئاوا پڕکردەوە.

 

فۆتۆ؛ تەرمی سمایل خانی شکاک دوای کوژرانی بەپەڕلە و پیلانێکی ناشرین لەشاری شنۆ. یسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (١٨٨٧-١٩٣٠)
فۆتۆ؛ تەرمی سمایل خانی شکاک دوای کوژرانی بەپەڕلە و پیلانێک لەشاری شنۆ.
ساڵی ١٩٣٠

 

سێیەم؛ لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆلە سوریا تورکیا پشتیوانی گروپە توندڕەوەکانی سوریای کردو چاویشدەپۆشی لە پەیوەندیکردنی ئەو تیرۆریستانەی لەسەرتاپای دنیا ڕویان لە سوریا کردبوو، هاوکات تورکیا هەڵوێستی زۆر نێگەتیڤ بوو لە بەگژاچوونەوەی داعش. ئەمانە هێندەی دیکە تورکیای لەبەرچاوی ڕۆژئاو، بەتایبەتی شەقام‌و میدیای ئەوروپا، ناشیرین کرد.

 

گەلی کوردستان لەڕۆژئاوا ڕاست پێچەوانەی تورکیا هەر لەڕۆژی یەکەمەوە بەگژ هێزەکانی داعش چۆتەوەو سەرکەوتنی گەورەشیان لەدژی بەدەستهێناوە. بەرگریی کوردستانیان لەڕۆژئاواو سەرکەوتنەکانیان بەیەکگرتنەوەی کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ گەیشتە ترۆپک‌ کە هاوکاتبوون لەگەڵ بەرەوپێشچوونەکانی هێزی پێشمەرگە لە دەوروبەری کەرکوک‌و سەرکەوتنەکانی هەدەپە لە هەڵبژاردنەکاندا.

بۆیە لەپەیوەند بەپرسی کورد، ئەو پێشهاتانەجورئەتی ئەوەمان پێدەدەن کە بڵێین لەکاتێکدا سەدەی بیست‌ سەدەی تورکیا بوو ئەوە دەکرێت سەدەی بیست‌و یەک ببێت بەسەدەی کورد چونکەئەگەر لەسەدەی بیست‌ تورکیا وەک هاوپەیمانێک لەلایەن ڕۆژئاوا قەبوڵکرابێت ئەوە لە سەرەتای سەدەی بیست‌و یەک وەک هەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندییەکانی رۆژئاواو دیموکراسی‌و سێکولاریزم دەبینرێت.

ئەو بارودۆخە نوێیەو ئەو گۆڕانکاری‌و وەرچەرخانانە لە هاوکێشەکانی هێز بوون بە مایەی ئەوەی بۆیەکەمینجار لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا بەئاشکرا باس لە دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریزمبکرێت.

لە ترسی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریزم‌و یەکگرتنی کانتۆنی کۆبانێ‌و عفرین لەلایەک‌و لە ڕقی سەرکەوتنەکانی هەدەپە لەلایەکی دیکە، ئەکەپەی ئەردۆگان بڕیاری هێرشکردنە سەر قەندیل‌و گەلی کوردو هەدەپەی دا.

قسە زۆر کراوە لەسەر ئامانجەکانی هێرشەکانی تورکیا بۆیە لێرە پێویست بە دووبارەکردنەوە ناکەن. ئەوەی لێرە لەپەیوەند بەو پرسە پێویستە بگوترێت، ئەوەیە:

یەکەم؛ ئەردۆگان دەیەوێت لەپێش‌و لەکاتی هەڵبژاردنە پێشوەختە چاوەڕوانکراوەکەی تشرینی دووەم کوردستان بکات بە کێڵگەی شەڕ تاوەکو کەشی بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە هەدەپەو لە گەلی کورد تێکبدات‌ بەو مەبەستەی کە هەدەپە وەک جاری پێشوتر نەتوانێت خەڵک وەگەڕبخات‌، بەمەش ڕێژەی بەشداری کوردو دەنگدەرانی هەدەپە کەمبکاتەوە.

دووەم؛ ئەردۆگان دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکان خۆی وەک ناسیونالیستێک نمایشبکات تاوەکو هەندێک دەنگی مەهەبەو جەهەپە بۆ خۆی ڕابکشێت. هاوکات ئەگەری ئەوە زۆرە کە پێش هەڵبژاردنەکان ئەردۆگان ئاگربەست ڕابگەیەنێت، ئەوکاتیش وەک پاڵەوانی ئاشتی لە تورکیاو لەنێو کوردانیش خۆی نمایشبکات.

 

هەموو ئەو وەرچەرخانە گەورانەی لە تورکیاو لەناوچەکە بە قازانجی کوردستانیان ڕوویداوە، بەتایبەتی سەرکەوتنەکانی هەدەپە، لە کەشی ئاشتی بەدەستهاتون. بەهەمانشێوە، ئەوەی وای لە ڕۆژئاوا کرد کە بیر لە دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆریزم بکاتەوە شەڕڕاگرتنی پەکەکە‌و پڕۆسەی ئاشتی‌و بەشداریکردنی هەدەپە بوو لە پڕۆسەی دیموکراسی لە تورکیا. لەبەرئەوە بۆئەوەی بەڕەکە لەژێر پێی ئەردۆگان دەربهێنرێت‌و شکست بە پلانەکانی ئێستاو داهاتوی بهێنرێت واچاکە قەندیل‌و ئیمرالی‌و هەدەپە بێ قەیدو شەرت داوای شەڕڕاگرتن بکەن‌و شەڕڕابگرن تاوەکو هەدەپە سەرکەوتنە دەڵەمەییەکانی تەموز لە تشرینی دووەم بەکۆنکریت بکات. تەنیا لەڕێگەی ئاشتییەوەش دەکرێت سەدەی بیست‌و یەک بکرێت بە سەدەی کورد..