لە ئەڵمانیەوە: بەکر عەلی
ـ من سەرزەنشتی گینیالۆگیایەکی لەیادکراو دەکەم کە سۆسیۆلۆگی زاڵ بووە بەسەریدا. سلۆتەردایك
ـ ڕۆشنگەری وەک ستراتیژێك بۆ خۆخانەدانکردنی هاوڵاتی.
فیلۆسۆفی ماگەزین: بەڕێز سلۆتەردایک، لە چەقی کتێبە نوێکەتدا” منداڵە ترسناکەکانی مۆدێرنە” پرسیارەکانی بنەچە و ڕەچەڵەک و ململانێکانی نێوان نەوەکان هەن. ئەگەر تەماشای دۆخی ئەمڕۆی ئەڵمانیا بکەین، دەبینین گرژبوونی نێوان نەوەکان هەرگیز وەها کەم نەبووە. ململانێیەکی قووڵ، شتێک وەک شۆڕشی خوێندکاران، لەبەرچاومان دەرناکەوێت. ئەمە بۆچی وەهایە؟
پیتەر سلۆتەردایك: من لەم کتێبەمدا هێندە زۆر لەسەر ململانێ و کێشەی نەوەکان نادوێم، بەڵکو زۆرتر لەسەر کەلێن ومەودای نێوان نەوەکان، واتە ئەو ماوە و مەودایەی جیهانیژیانی ئەو نەوانەی بەدوای یەکتردا دێنو کەچی لەیەکتریش جیابوونەتەوە. ئەمەش هەمان ئەو شتەی ئێوە نییە.
من ئەوە دەردەخەم، کە چۆن دیاردەی ماوە/ مەودا Intervalphänomen بەتایبەتیش لەناو ژیاری ئەوروپیدا ماوەی چەند سەدەیەکە خۆی قووڵ و توندڕەو کردووە. ئاماژەکەی ئێوەش لەسەر کزبوونی ململانێی نەوەکان هێمایە بۆئەوەی، کەوا تیژڕەوی گۆڕینی دنیا لەماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی دواییدا بەشێوەیەکی گەورە زیادی کردووە. لاوەکان بەهۆی جیهانیژیانیانەوە پیرەکان دورە مەودا و دورەپەرێز دەخەن. لاوان لە دەوروبەر وژینگەیەکی تەواو جیاوازدا دەژین، بەبێ هیچ زێدەڕەوییەک دەتوانین ئەمە بڵێین، بەتایبەتی لەو بوارە تەکنیکییەی کە پیرەکان لێی تێ ناگەن.
ف.ماگەزین: تا چ مەودایەک ئەم ڕستەیە:<< داهاتوو پێویستی بە ڕابوردووە>> بۆ ئەمڕۆش دەست دەدات؟
پ.سلۆتەردایک: ئێمە لەمێژە داهاتوو وەها نابینین، وەک ئەوەی لە ڕابوردووەوە داتاشرابێت و وەرگیرابێت. ئێوە ئەم پەندەی گۆیتە دەناسن:<< ئەوەی حسابێکی فراوانی سێ هەزار ساڵەیی بەخۆی نەدات، بە نەزانی لە تاریکیدا دەمێنێتەوە و حەز دەکات تەنیا ڕۆژ بە ڕۆژ بژی>>. ئا، مرۆ دەبێت لە کولتورێکی کۆنی هەزارساڵەدا ڕیشەی داکوتا بێت، تاوەکو بتوانێت پرۆژەی هاوشێوە لەداهاتوودا بگرێتە بەر. لاوانی ئەمڕۆ بە ناچارییەکی زۆرەوە دەشێن گرێ بدرێنەوە بە جیهانی گالیلیۆوە یان بە جیهانی باکۆنەوە، واتە بەو بیرۆکانەوەی کە تیایاندا مۆدێرنەی تەکنیکی وێناکراوە. بەمەش ئێمە لەسەدەی حەڤدەدا دەگیرسێینەوە.
لاوانی ئەمڕۆ لەوانەیە بتوانن وا بیر لەوە بکەنەوە کە ڕۆژگاری ئەوسا بەردەوامی تەکنەلۆجی واڵا کردەوە، چونکە ئەوان پێیانوایە: ئێمە بۆماوەی ئەو قەیرانانەین، کە ئەوسا دەستیان پێکردبوو، قەیرانەکان بەمانای، لەڕووی پەلامار و هێرشی تەکنیکییەوە وهەروەها لەڕووی بەکاربردن وگەردانکردنی بێسنوورانەی ژینگەوە.
ف.ماگەزین: ئێوە دابڕانە یەکلاکەرەوەکە لەسەدەی هەژدە دا دەبیننەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی چاخی ڕۆشنگەری و ڕوداوە مێژووییەکەی شۆڕشی فەرەنسی دا.
پ.سلۆتەردایک: شۆڕشی فەرەنسی هیچ لەوچرکەساتە شۆڕشگێڕتر نەبوو، کە تیایدا ڕۆژژمێرە کریستیانییەکە لەناوبرا و ڕۆژژمێرێکی نوێ پیادەکرا و لە ساڵی سفری ئازادییەوە دەستی پێکرد. ئەمە کردەیەکی سیمبۆلی بوو، کردەیەک کە لە هەموو شتێکی تر زیاتر دەستنیشانی هۆشیاری نابەردەوامی و بچڕانی کرد. هەڵبەت لەمە یەکلاکەرەوەتریش بریتی بوو لە فیگوری ناپۆلیۆن، وەک بەرجەستەکردنی هەڵکشان بۆ سەرەوە لە هیچێکی گینیالۆگییەوە و لە ڕێی کەوتنێکی پەتییەوە بەرەو پێشەوە.
ف.ماگەزین: لەڕووی مێژووییەوە ئەمە لەگەڵ ڕۆشنگەری دا بەیەکتری دەگەن، وەکو چاخێک کە تیایدا مانای ڕابوردوو، مانای بنەچە بۆ سوبیەکتی خۆدیاریکەر و سەربەخۆ و ئازاد زۆر بەتوندی بەرپەرچ دەدرایەوە.
پ.سلۆتەردایک: من پێشنیازی ئەوە دەکەم، ڕۆشنگەری، هەروەها ڕێنیشانسیش، وەکوستراتیژییەک بۆ خۆخانەدانکردنی هەڵکشانی هاوڵاتییان پێناس بکەین: هاوڵاتیبوون لە دەستپێکی نوێکات دا ئەو شتە ئاشکرا دەکات، کە لەسەدەی هەژدەوە پێی دەگوترێت << جوامیری و خانەدانی ڕۆح>>. ڕێنیسانس و ڕۆشنگەری ئەم شتە هاوبەشەیان هەیە: هەردووکیان سەرکەوتووترین ڕەوانبێژ وڕیتۆریکیان بۆ ئەو کەسانە داهێنا، کە دەیانویست بەرەو باڵا بچن. دواتر ئەوە دەرکەوت کەوا ڕۆشنگەری پرۆژەیەکی کریپتۆئەریستۆکراتیشی لەهەناودا بوو: واتە، ڕۆشنگەری دەستەبژێرێکی نوێی لە شێوەی ئەریستۆکراتی نوێ دروست کردووە، کە بە دەستەواژە قەبە و بەکارنەهاتووە گشتگیرەکان دەدوێت. ئەمەش ئەو ناکۆکییەیە کە کۆمەڵگای هاوڵاتی تاوەکو ئەمڕۆش شێوەگیرکردووە. گشتگیری و هەمەکێتی لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا دەبێتە هۆی مایەی دەرکەوتنی تێچووی لاوەکیش. تا دێت بەردەوام بازنەیەکی گەورەی کۆمەڵگا شێوازی قسەکردنی گشتگیرانە لە قسەکردندا بەدوای یەکتردا وەردەگرن و بەمەش دەبنە مایەی سەرهەڵدانی دینامیکێتی سکاڵا و ناڕەزاییەکی دەرکەوتوو. دیارە دەستورە مۆدێرنەکان بە کەتەلۆگە کەم تا زۆر سەرنجڕاکێشەکانی مافە بنەڕەتییەکان دەست پێدەکات. بەڵام ئەگەر کەتەلۆگێکی لەو جۆرە بەباشی کرا بێت، ئەوسا تێبینی ئەوە دەکرێت کە بەوە چ ڕستەیەکی تەقێنەرەوەی فڕیداوەتە دنیاوە. ئێستا ئێمە دەکەوینە نێو ناکۆتا پارادۆکسی تیۆرییەوە: واتە ئەو گفتەی بە هەموو لایەک دەدرێت، تەنیا ئەوکاتە دەتوانرێت بیپارێزیت، ئەگەر هەموویان نەپارێزرێن و ئەگەر هەموو هەڵخەڵەتێنەرەکان سکاڵا نەکەن. ئەمە ئەو سترەکتورە پارادۆکسەیە، کە لەنێو هەموو ئیدیۆلۆگیایەکی مۆدێرندایە.
ف.ماگەزین: کەواتە ئایا لەژێر ئاماژەی هەوڵدان بۆ یەکسانی دەرفەتەکان ناکرێت دورەپەرێزی بکرێت لەدەستخەڕۆبوونە بیۆگرافییە قورسەکان، بەتایبەتیش لە بڕێکی گەورەیدا؟
پ.سلۆتەردایک: کۆمەڵگای مۆدێرنە شەڕ لەگەڵ ناکۆکییەکی نێوەکیدا دەکات: بەدیوێکدا وەها دەردەکەوێت کە پێکهاتبێت لە زۆری خۆدەستپێکردنەکانی، وە بە دیوەکەی تریدا، ئەوە ئاشکرا دەکات، کەوا ئەلیتە ڕاستەقینەکەش تەنیا لە خۆدەستپێکردنەوە پەیدا نابێت، بەڵکو لە راستیدا لەلایەن ئیمتیازە پەروەردەییەکان و بنەچەییەکانەوە خۆراک وەردەگرێت. وەکوتریش ئەوەی ئەمڕۆ وەکو ئاو دەڕژێتە ناو ئاشی ئەوانەوەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایا ئەوروپا هێشتا بریتییە لە کۆمەڵگایەکی چینایەتی وە سەرنجی مۆبیلیتێتی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بەشێکی جەوهەرییانەی سروشتێکی درۆزن.
ف.ماگەزین: لەم پرۆسێسەدا کانت وەکو فیگوری سەرەکی ڕۆشنگەری چ ڕۆڵێک یاری دەکات؟
پ.سلۆتەردایک: کانت ئەو بیرۆکە قڵپکەرەوەیەی داهێنا، کە نامەگۆڕینەوە لەگەڵ مۆدێرنیزمێکی ڕادیکالدا دەکات، کە بریتییە لەوەی ڕەفتارێکی مۆرالییانەی بەهاداری خووڕەوشتەکان نابێت قەرزارباری هیچ شتێک بێت.
وە هەروەها نابێت لەناو هابیتۆسێک دا یاخود خویەکی نەریتییانەدا ڕەگی داکوتا بێت، بەلکو تەواو نوێ لە کانیاویکی تازەی ڕەوشتی باشەوە هەڵقوڵا بێت. بەرامبەر بەم، ئەنترۆپۆلۆگیای کۆنی کریستی ، وەک لای تۆماسی ئەکوینی، کە ئەمیش لەلایەن خۆیەوە پشتی بە ئەریستۆتێلیس بەست بوو، پەسنی هابیتۆسە باشەکانی دەکرد: مەگەر تەنیا کە لەڕێی مەشق و چاندنەوە ڕەفتارە بەنرخە نەریتییەکان بۆمان ببنە سروشتی دووەم، ئەوا نەشیاو دەبێتە شیاو. ئێمە دەبێت ئەو شتەی نەشیاوە وەکو شتێک دەربخەین کە بەلامانەوە ئاسان بێت. بەم پێیە مرۆڤ وەکو جۆرێک لە ئەکرۆباتیکی مۆرالی ناوبنێین. ئەو دەبێت هێندە دوور بڕوات، کە لە وێستگەی Salto Mortale بازدانی مەرگەوە باز بداتە ناو شتە چاکەکەوە. ئەمەش تەنیا ئەوکاتە سەردەگرێت، گەر ئەو بتوانێت لەسەر بناغەیەکی پتەوی خووەکانەوە هەڵچنینی تر بکات. کانت بیرۆکەیەکی لەم جۆرەی نەرێ دەکردەوە، ئەو داوای ئەوەی دەکرد، کە ڕەفتارە بەنرخە رەوشتییەکان دەبێت هەمیشە بە ویستی باشەوە بوژاندنەوەی تازە بەرپا بکەن. ئەمانە نابێت هیچ قەرزارباری خووڕەوشتەکان بن، چونکە بەهۆی ئەمانەوە چرکەساتی هەڵگرتنەکان و هابیتۆس یاخود رەگەزی حەز و مەیل لەڕادەبەدەر زۆر دەبن و ئەمەش دەرگای کەوتن بەڕووی دەسەڵاتە زاڵەکەی بنەچە و ڕابوردوودا واڵا دەکاتەوە.
ف. ماگەزین: ئایا تێچووە کولتورییەکانی ئەم ئیدیالە ڕۆشنگەرییە زۆر بەرزترە لەوەی ئێمە ئەمڕۆ بمانەوێت دانی پیدا بنێین؟
پ. سلۆتەردایک: لەڕاستیدا ئەوە وایە، بەتایبەتی لەسەر دیوە ئەکتیڤیستییەکەی و دیوە کۆنزومییەکەیدا، ئەم هاوشانێتییە، واتە کۆنزومی ئەکتیڤیتێتی یاخود ئەکتیڤیزمی کۆنزومی، کە خەسلەتی شێوەژیانی مۆدێرنەیە، دەبێتە مایەی جۆرێک لە بەکاربردنیکی چڕی ڕۆژانەی جیهان.
ف.ماگەزین: کەواتە ئیدیالی خودبەدیهێنانی خاڵی لە بنەچە و رابوردوو بەر لەهەموو شتێک کەوتۆتە سەر جیهانبەکاربردن؟
پ. سلۆتەردایک: هەڵبەتە شێوەژیانی ئێمە و دامەزراندنە ئیدیالیستییەکەی بێ هیچ چەندوچۆنێک کۆنزومگەری و بەکاربەرییە. چوونەژوورەوە بۆناو گروپی بەتواناکان و بەهێزەکان هەمیشە هاوشان بە مۆبیلەکردنێکی کۆنزومیستی و ئەکتیڤیستی دەڕوات. خووڕەوشتەکانی گۆڕینی مادە بۆ خۆراک لە مرۆڤایەتی سەردەمی دینامیکدا لە بنەڕەتەوە جیاوازن لەوانەی سەردەمی کشتوکاڵی.
لە سیستەمی پیشەسازیدا فۆرمێکی تەواو نوێی گۆڕینی خۆراکی (( میتابۆلیزم Metabolismus)) لەڕادەبەدەر لە زۆربووندایە و، ئەوەش دەوروژێنێت، کە کتێبەکەی من لەبارەیەوە دەدوێت:واتە، ئێمە ڕژێمی مۆدیەلەکانی هاوسەنگی بەجێدەهێڵین و هەرلەبەر ئەمەشە کە چیتر لە جیهان تێ ناگەین.
لە رۆژگاری ئەریستۆتێلیسەوە فیزیک وەک خولانەوەیەکی گەورە، کە هاوتایی بەڕێوەی دەبات، پێناس دەکرێت. بەمپییە جووڵانەوەی بازنەیی پراوپڕترینی جوڵانەوەکانە. ئەوەی دەگەڕێتەوە ناوخۆی، ئەوە ناکۆتادارییەکی چاکە. مۆدێرنە بازنەکان دەتەقێنێتەوە و ئەو خولانەوانەی سروشت کە دەگەڕێنەوە لای خۆیان بەجێ دەهێڵێت و فەرامۆشیان دەکات. مرۆڤی مۆدێرنە لەناو جۆرێک لە کۆڕەوی گەردونیدا خۆی دەبینێتەوە. تادێت ئەوان زۆرتر و زۆرتر دەبنە نوێنەرەکانی ناهاوتاییەکی هەڵکشاو.
ف. ماگەزین: دەتوانن نمونەی کۆنکرێتی ناوبهێنن؟
پ.سلۆتەردایک: مرۆ دەتوانێت ئەو تەوژمە گلۆبالە لە نموونەی پارە بەکاربردندا بە باشترین شێوە ڕوون بکاتەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا هەڵڕژانێکی زەبەلاح هەیە کە پێی دەگوترێت پارە، کە چیتر مرۆ ناتوانێت بە شێوەیەکی بەکەڵک و قازانجهێن داینێت. کەواتە، مرۆ دەیەوێت پارە تەنیا بسسوتێنێت، بیداتە دیاری، یاخود کاڵای لوکسۆسی پی بکڕێت. پێش ماویەکی کورت، ڕاوێژکارێکی بانک پێی ڕاگەیاندم، کەوا هیچ کات وەک ئەم چەند ساڵەی دوایی بانکەکەی ئەوان قەرزی نەداوە بەو کەسانەی بۆ مەبەستی کڕینی ئەتۆمۆبیلی لوکسوس ویستوویانە. ئەو خەڵکانەی لەسەر زێدەهەڵڕژانی پارەیی دانیشتوون، چیتر نازانن بە ئامرازەکانیان دەست بەکار بن.
ف. ماگەزین: لەبەرئەوەی داهاتوو چیتر گفتی گەڕانەوە نادات؟
پ. سلۆتەردایک: تەواوە، لە پارەبەکاربردنی هەنووکەدا بنەمای کات پێچەوانە دەبێتەوە و لە داهاتووەوە ئاماژە بە ئێستا دەدرێت، واتە: ئەگەر داهاتوو دەستخەڕۆت بکات و گفتی هیچ سوودێک نەدات، ئەوا مرۆ دەگەڕێتەوە بۆ کۆتابەکاربەری ئێرە و ئەمڕۆ. کەواتە نموونەی پارە شتێکی پارادیگماییە بۆ هەموو ئەو شتانەی کە لەوەتەی چووینەتە ناو فۆرمی پیشەسازییانەی جیهانەوەڕوودەدەن. ئاماژەکان بە گستی هێمان لەسەر کۆتابەکاربەر Endverbrauch. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت: ناهاوتایی ناوێکی خوازراوی ماتماتیکییە بۆ کارەساتەکان.
ف. ماگەزین: هەڵبەتە دێرینترین دابڕانی یەکسانی و هاوتایی لەوەدایە، کەوا نەوەیەک خۆی توند لە نەوەیەکیتردابڕێت؟
سلۆتەردایک: من تاڕادەیەک هەوڵی ئەوەم داوە، کەلێنی دابڕانی گینیالۆگییانە بگەڕێنمەوە بۆ مێژوویەکی دێرینتر. وەک لە ئەنتیکی دەریای ناوەڕاستدا، لە ئیسرائیل دا، لای گریکەکان، و لای ڕۆمەکانیش، نیشانەکانی ئەو حالەتە هەبوون. ئێوە بیربکەنەوە لە ئۆدیپۆس، لە ئەلکیبیادس، لە یەسوع. تەنیا بۆئەوەی لە ڕوداوی یەسوع دا کاربکرێت، یەسوع وەک داچڵەکانێکی ئەنتی گینیالۆگی گەورەی جوولەکایەتی، پێویستمان بە دوو هەزار ساڵەی مەسیحایەتی بوو. ئێستا مۆدێرنە خۆی بەوە نیگار دەکات، کە لەگەڵ ئەو کەلێنە پتەوەی دابڕان و مەودای گینیالۆگیدا هەمیشە وزەی زۆرتری بەکاربەرییانە و تازەگەریانە و شۆڕشگێڕییانە و تەنانەت هونەریانە و بۆهیمیانەش دەڕژێنێتە ناو کۆی شارستانیەتەوە. بۆئەوەی ئەم کاریگەرییە بکەینە تێگە، من کۆتاڕستەی کتێبەکەم وەها داڕشتووە، کەناوم ناوە<< شاڕستەی دینامیکیەتی شارستانیەت>>. کە دەڵێت: لە پێڤاژۆی شارستانییەتدا، هەمیشە وزەی زۆرتر ڕەها دەکرێت، وەک لەوەی بشێت گرێبدرێتەوە بە ئامرازەکانی ڕەوتی ئەو کولتورەی لەئارادایە. ئەمڕۆش کە نایەکسانییەکان زۆر قەبە بوون، دۆخەکە زۆر نائارامتر کار دەکات. ئاکامەکانی ئەم پێڤاژۆیە، نە فەرامۆش دەکرێت و نە نکوڵیشی لێ دەکرێت. وێرانبوونی گلۆبالییانەی ژینگە بۆخۆیان دەدوێن.
ف.ماگەزین: نەها پرۆگرامێکی سیاسی هەیە بۆ پێشکەوتن، کە بریتییە لەوەی ئەم ناهاوتاییە لەڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە بەپێی توانا یەکسان بکرێتەوە: واتە سۆسیالدیموکراتی.
پ.سلۆتەردایک: ئەمە زۆر دروست بینراوە. بەس ئەگەر ئێمە لە ئەوروپادا هێشتا لە نیوەڕێی هەلومەرجە قبوڵکراوەکاندا بژین، ئەوا هەڵبەت لەبەر ئەو ڕاستی یەیە، کەوا سۆسیالدیموکراتیزم، لای ئێمە بووەتە ڕەفتارێکی زاڵ. من پێش چەند ساڵیکی کەم خۆم لای خەڵکی کەمێک چارەنەویستراوکرد، کە گوتم: ئیمە لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا پێنج جۆری سۆسیالدیموکراتیمان هەیە و کە هەمیسە دەتوانن لەسەر ئەو هەلومەرجە تێکەڵ و سەربارخراوانە بڕیار بدەن، کە تیایاندا بنەمای سازانی سۆسیالدیموکراتی تەواوی بوارەکەی داپۆشیوە. پاشماوە شێواوەکەی تریشی بەپێی مەرجی لەسەدا پێنج لە فیلتەر دەدرێت. ئێمە حیزبەکانمان وەک ئەو هۆڵی چاوەڕوانییانە دامەزراندووە، کە لەپاڵی ئاگردانە وەهمەکەیدا بتوانین خۆمان گەرم بکەینەوە. سیاسەتی ئێمە جۆرێکە لەو پەیامەی لەناو وێستگەی شەمەندەفەردا بۆ هەموو کەسێک پەخش دەکرێت.
م. ماگەزین: دیارە هەرئەو بیرۆکەیە سەردەگرێت، کەوا دەرفەتی یەکسانی ڕاستەقینە تەنیا بە ڕەچاوکردنی بنەچە وڕابوردوو شیاو دەبێت. کە لەو چەند دە سالەی دوواییدا دیسانەوە هاتۆتەوە ناو سیاسەتەوە.
پ.سلۆتەردایک: دیارە ئەوە هۆیەکی ئاشکرای خۆی هەیە کە باسی لێوە بکرێت. بەو پێوەرەی، کە چۆن چۆنی هیواخواستنی هاوڵاتیان بۆ هەڵکشان بەسترابۆوە بە دەرفەتە ڕاستەقینەکانی بەدیهاتنیەوە، ئا لەمەدا بە دروستی بایەخیدان بە بێڕابوردوویی و بێبنەچەیی جەغدی لیدەکرایەوە. ئەمڕۆ تەنانەت منداڵە ناسەرعییەکانیش لەڕووی یاساییەوە هاوتاکراون. بەڵام لەو بەینەدا هیوای هەڵکشان خواستن لەشێوەی هەڵمێکدا دەردەکەوێت. کەواتە ئێمە دیسانەوە ئاگاییمان دەچێتەوە سەر شێوەیەکی پۆست ئەریستۆکراتییانەی ئیمتیازی لەناو کۆمەڵگای هاوڵاتیدا. واتە لە دۆخێکی وەهادا مرۆ سەرلەنوێ تەماشای بنەچە و ڕابوردوو دەکاتەوە. ئەمە بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش لە ئەمەریکادا دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوان بەشێوەیەکی ڕەسمی ئاساییبوونی بنەچەی نەتەوەییان ڕاگەیاندووە. ئەمەریکییەکان زیاتر لەهەر کۆگەلێکی تری سەر ئەم زەوییە بەبیرۆکەی پیاوی خۆدروستکردوو Selfmademan یان ژنی خۆدروستکردوو Selfmadewoman شەقڵیان گرتووە. لێکۆڵینەوەی تازە هەیە بۆ ئەمەریکییەکان ئەوە پیشان دەدەن، کەچۆن هابیتۆس وبناغەهەڵگری کۆمەڵایەتی لەمێژە دینامیکیتی هەڵکشانی سەپاندووە. هەروەها ئەوەشمان لەبەردەستدایە، کە ئەمەریکییەکان هیچ کاتێک وەکو ئێمەی ئەوروپی خاوەنی قوتابخانەیەکی یەکسانی کۆمەڵایەتی نەبوون. بەڵام لەمڕووەوە چاخی زێڕینیش لە ئەوروپادا دەکەوێتە پشتمانەوە، چونکە سیستەمی دابەشکردنەوەی / سۆسیالیزمی کارای چانسەکان لەڕێی سیستەمی گشتی قوتابخانەییەوە خۆی تەواو لاواز کردووە. لێرەش لای ئێمە، تەواو تێبینی ئەوە دەکرێت کەوا قوتابخانە وەک میکانیزمێکی هاوسەنگکردنەوە کاریگەری خۆی ون کردووە.
ف.ماگەزین: ئێوە پێتانوایە کرۆککێشەی کولتوری لەوەدایە کەوا ”پرسیارە گینیالۆگییەکە” ماوەیەکی درێژە لەڕێی چەقبەستنە سەر “پرسیارە کۆمەڵایەتییەکە”وە داپۆشراوە.
پ.سلۆتەردایک: ئەگەر کتێبەکەم بیرۆکەیەکی ئۆریگینال یاخود ڕێچکەیە وروژێنەر و گەڕپێکەری لەخۆگرت بێت، ئەوا بریتییە لەم پارادیگما گۆڕینەی بەئاشکرا داوایکردووە لە شێوازی بیرکردنەوەی سۆسیۆلۆگییەوە بۆ بیرکردنەوەی گینیالۆگی. من سەرزەنشتی گینیالۆگییەکی لەیادکراو دەکەم کە سۆسیۆلۆگی زاڵ بووە بەسەریدا. بێگومان ئێمەش سۆسیۆلۆگیای خێزان دەناسین، لقە بچووکە شەرەفمەندانەکەی دایکە گەورەکەی زانستی کۆمەڵایەتی.
بەڵام بەکۆی گشتی پرسیاری گینیالۆگی لەنێو زانستەکانی ڕۆح و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی لاوەکی یاری دەکات. زانستێکی گینیالۆگی کە شایستەی ئەم ناوە بێت، پێشمەرجی ناسینی هەیە لەبواری زانستی ڕەگەزەکان دا، لە تیۆری کوڕەکان دا، لە تیۆری پرۆسێسی گواستنەوەدا. ژمارەیەکی کەمی زانایانی فیکر و ڕۆحناس خۆیان سەرقاڵی ئەمە کردووە.
ف.ماگەزین: ئایا ڕاڤەکەی ئێوە، بەچاوپۆشین لە بانگهێشتکردنی بۆ زانستە فیکرییەکان، هەروەها ئاماژەیەکیشە بۆ پرۆگرامێکی کۆنکرێتی ئیتیکی یان سیاسی؟
پ.سلۆتەردایک: لەتێڕامانەکانی منەوە دەرەنجامی ئیتیکی سەخت کەوتۆتەوە، لەبەرئەوەی ئەو تێڕامانانە بازیان داوە بەسەر ئیتیکی گواستنەوەدا Ethik der Transmission. ئەمەش خۆی لە بەهاسەرەکییەکەی مۆرال دەخشێنێت، واتە ئەوەی لەماوەی دە ساڵی دواییدا، بە چەمکێکی وەکو ” درێژەپێدان،درێژەخایاندن Nachhaltigkeit” لە هەموو جیهاندا زاڵ بوو بوو بەسەر گوتاری ئیتیک دا.
پێدەچێت مرۆ چیتر گوێبیستی ئەم وتەیە نەبێت، بەڵام بەداخەوە هێشتا وتەیەکی بناغەیی وبنەڕەتییە. کەئاماژەیە لەسەر ئەوەی جۆرێک لە کۆنزێرڤاتیزمێکی پێشکەوتوو دێتە ناو ئیتیکی هەنووکەوە. لەنێوان پێشکەتوویی و کۆنپارێزەریدا جۆرێکی نوێی هاودۆخی و سازانی ئیرۆنی سەریهەڵداوە. بەمپێیە بڕێک کۆنزێرڤاتیزمی پێشکەوتوویی ئیرۆنییانە لەنێو ڕاماناکانمدا تێبینی دەکرێت.
ف.ماگەزین: لە کتێبەکەی پێشووتاندا” تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت ” مرۆڤ وەکو مەشقکارێک بۆ خۆتێپەڕاندنی بوونەوەرێکی بەتوانا لە پێشخان دایە. کەچی لە ” منداڵە ترسناکەکان ” دا مرۆڤ ڕاستتر وەکو بوونەوەرێک کە شیانی گەندەڵی تێدایە دەبینرێت. ئایا کەوانەکەی نێوان هەردووکیان لەوەدایە کە، لەئێستادا پێویستمان بە ئیتۆسێکی درێژەپێدانی مەشقکاریییە بەدرێژایی نەوەکان؟
پ. سلۆتەردایک: بێگومان، وە بەتایبەتی لەڕووی دروستکردنی هابیتۆسێکەوە((بناغەیەکەوە/هەڵگرێکەوە)) کە کۆگەل سەقامگیر بکات، بەشێوەیەک کە ئەگەر لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکیتر دابڕان هەبێت، شتێک مەترسی نەبێت. لێرەدا نابێت دروستکردنی هابیتۆس بەشێوەیەکی تاکگەری بخوێنرێتەوە. لە ” تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت ” دا هابیتۆسی تاکە کەس لە چەقدا بوو، واتە فەرمانە ڕەهاکە لەدووا پلەدا ڕووی لە تاکەکان دەکرد. بەڵام ئێستا هەنگاوێک زیاتر دەڕۆین و پرسیار لەڕۆڵی نەریتە ئەفرێنەرەکان دەکەین لەسەر ئاستی کۆلێکتیڤ دا.
ف. ماگەزین: ئایا ئێوە ئەم مەشقکارییەی خوڕەوشتی درێژەپێدان وەکو شتێک دەبینن کە، نەوەکەی ئێوە بەتایبەتی بتوانێت بیدات بەووەی دوای خۆی دێت؟
پ.سلۆتەردایک: بەڵی، بێگومان. لەوەشدا دەبێت ئاگات لەوە بێت، کە نەوەکەی من بەبێ باوک گەورە بوو. ئێمە هەموومان لەژێر کاریگەری ئامۆژگارییەکەی پەیامبەر پاولۆس دا بووین کە دەڵێت:” هەمووشتێک تاقی بکەرەوە، بەڵام باشەکەی هەڵگرە.”” ئەمە تاقیکردنەوەی شیکاریە بۆ ڕەخنەی شیکاری، ئەمە تاقیکردنەوەی ئاگری پاراستنە لەڕووی بێباوەڕی، دابڕانی ترادیسیۆنی، نیهیلیزم و گومانکاری دا.ئەمە بۆ من پەرجوویەکی ڕاستەقینەی شارستانی مۆدێرنەیە. سەرباری ونکردنی ترادیسیۆن و ئەو نائومێدی و دەستخەڕۆییە بێسنوورە، کەچی دواجار هەقیقەتە پارێزراوەکانیش دواجار دەردەکەونەوە. ئێمە دوای ئەو هەموو ساڵەی فێربوونی گومانکاری کەچی باوەڕێک هەر دەبینینەوە کە بەرگەی ئەو ئاگرە بگرێت، کە دەتوانین دان بەوەدا بنێین کەوا: بەلایەکدا بێبەشە لە بۆماوە و فەرامۆش کراوە، بەڵام بەلایەکیتردا هێندە ئەزموونی کردووە مرۆ دەگاتە ئاستێک کە بیەوێت شتێک فێری ئەوانیتر بکات وشتێکیان پێ بدات. ئەمەش جووڵانەوەیەکی مۆدێرنەبووی گواستنەوەیە/میراتییە کە کەڵکەڵەی دەسوڕێنێتەوە. من سەرنجی ئەوە دەدەم، کەوا لەزۆر بەشی جیهان دا لەئێستادا دابڕانی کولتوری ڕوودەدات، هەر لەوەی ئێمەی ئەوروپی بەر لە سەد یان سەدوپەنجا ساڵی ڕابوردوو ژیانمان.
ف. ماگەزین: بەڵێ کیشوەری تەواو هەیە خۆی لەسەر ئەوڕێگایەدا دەبینێتەوە کە ئێوە پێی دەڵێن مۆدێرنە.
پ. سلۆتەردایک: دیارە ئێمە ئەمڕۆ ئەوە دەزانین، کەوا لە پەنجا بۆ سەد ساڵی داهاتوو دوو لەسێی خەڵکە نائەوروپییەکە پێڤاژۆی شارستانی و ژیاری دەبڕن، کە لای ئێمە لەسەدەی نۆزدە و لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا ڕوویدا. بەشاربوون بریتییە لە چارەنووس و بەس. تا دێت مرۆڤ زیاتر دەیەوێت لە ژیانی لادێ بێئاسۆکانەوە بگوێزنەوە بۆ شێوەژیانی پڕدەرفەتی شارستانی. لێرەدا شتێک ڕوودەدات، کە لای ئێمەش لەهەمان قۆناغدا ڕووی دا. شەقڵی گەورەی کۆنزێرڤاتیزم،کە لە لادێدا دەژی، دەڕەوێتەوە و شەقڵە نوێکە، شێوازە هاوکاتەکانی ژیان،وە مۆدەکان لەزیادبووندا دەبن. شار بریتییە لە شوێنی مۆدە، و لادێ بریتییە لە شوێنی نەریتەکان. لەبەرئەوەیە گابرێل تاردە، یەکێک لەو قەدیسانەی من کە سوێندیان پێ دەخۆم، تەواوی مۆدێرنە وەکو ئەو قۆناغە پێناس دەکات، کە تیایدا مۆدە پێشینەیی نەریت پەک دەخات. لەڕاستیدا مۆدە تەنیا وشەیەکی ترە بۆ ئەوەی کە لاساییکردنەوە پەیوەندی بە ئێستاوە هەیە وەک لە زووەوە.
ف.ماگەزین: کەواتە ئەوەیە کە ئێستا دەردەکەوێت، چالاکی فەلسەفاندن دەبەسترێتەوە بە پرسیاری ئەوەی: دەشێت چی لە ڕابوردووەوە بۆ داهاتوو بەکار بێت؟
پ.سلۆتەردایک: حەزدەکەم بڵێم، فەلسەفە فیلتەرێکی گەورەیە، کە لە ڕابوردووەوە بۆ داهاتوو ساز دەبێت. مرۆدەتوانێت فەلسەفاندن، گەر فەلسەفاندن وەک وشەیەک بۆ چالاکی وەر بگرین، بە دڵۆپاندن بەراورد بکات. لەمەدا مرۆ مەشقی هونەری پاڵاوتن دەکات تاوەکو ڕەگەزە بەکەڵکەکە دەنیشێت.
سەرچاوە:
Philosophie Magazin
Nr.01/2015 Dezember/Januar