نووسینی: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

سویسرا یه‌کێکه له وڵاته بچووکه‌کانی ئوروپا وجیهان، وڵاتێکه که‌له‌هه‌موو شه‌ڕوپێکدادانه‌کانی ئوروپادا، خۆی بێ لایه‌ن کردووه‌و له‌ئاگری هه‌ردوو جه‌نگه گه‌وره‌که‌ی جیهانیش، هیچ بریشکێکی به‌ر نه‌که‌وت.
ئاله‌م وڵاته بچووکه‌ی جیهاندا، فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندێکی ئێجگار گه‌وره له‌دایکبوو، که توانی ته‌واویی مێشکی جیهان ڕووناک بکاته‌وه. سێ سه‌دساڵ پێش ئێستا، کاتێک هه‌موو ئوروپا و ته‌واوی جیهان، له‌ناو تاریکی و شه‌وه‌زه‌نگی ئوسوڵی توندڕه‌ویی ئاینیدا ده‌ژیا، له‌کاتێکدا که ئوروپا به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌کی ئاینی دابه‌شکرابوو، مرۆڤه‌کان به‌سه‌ر دوو وشه‌دا ( ئێمه، ئه‌وان) پۆلینهڕیزکرابوون، ئاله‌م کاته گرینگ و پڕ بایه‌خه‌دا، چرای مۆمێکی بچووک، له‌ناو وڵاتێکی چکۆلانه‌ی جیهاندا داگیرسا و ته‌واوی جیهانیشی ڕووناک کرده‌وه.
ماوه‌ی سێ سه‌دساڵه ته‌واوی بیرمه‌ندان و نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و سیاسییه‌کانی جیهان، خۆیان له‌ناو ده‌ریای هزره مه‌زنه‌کانی رۆسۆدا ده‌بیننه‌وه. به‌سه‌دان بگره هه‌زاران کتێب و لێکۆڵینه‌وه‌و ووتار و سیمینار، له‌باره‌ی هزری رۆسۆوه کراوه. هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش ڕۆسۆ و هزره مه‌زنه‌که‌ی، وانه‌یه‌کی گرینگی ته‌واویی زانکۆکانی جیهانه.
لێره‌دا ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م ئەم پرسیارە ده‌بینینه‌وه: ئاخۆ ئه‌م پیاوه خاوه‌نی چ جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌ک بووه، هه‌تاوه‌کو به‌م شێوه‌یه جیهان گرینگی پێ بدات؟. ئاخۆ جان جاک ڕۆسۆ، چ په‌یوه‌ندییه‌کی به ژیانی ئه‌مڕۆمانه‌وه هه‌یه؟ ئه‌و کاریگه‌رییانه کامانه‌ن، که هزری رۆسۆ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی دایناوه؟.
به‌داخه‌وه هه‌تاوه‌کو ئێستاش، ئێمه کورد به‌شێوه‌یه‌کی پێویست ئاگاداریی هزر و بۆچوونه‌کانی ئه‌م که‌ڵه فه‌یله‌سووفه نین، ئه‌مه له‌کاتێکدا ئه‌مڕۆ ئێمه له‌هه‌موو کاتێکی تر ، پێویستیمان به‌و هزره مه‌زنه‌ی ڕۆسۆ هه‌یه. له‌کاتێکدا که ئێمه خۆمان له‌به‌رده‌م گۆڕانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌دا ده‌بینینه‌وه، هه‌نگاو به‌ره‌و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ و دیموکرات و مۆدێرن ده‌نێین، له‌به‌رئه‌وه زۆر گرینگه ئاگاداریی هزرو بۆچوونه‌کانی ڕۆسۆی مه‌زن بین.
من هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌م ووتاره‌مدا، تیشکێکی بچووک بخه‌مه سه‌ر، ژیان و هزرو بۆچوونه‌کانی ئه‌م که‌ڵه فه‌یله‌سووفه، به‌دڵنیاییه‌وه ئێمه ناتوانی ته‌نها له ووتارێکی ئاوادا، هه‌موو لایه‌نه‌کانی هزریەکانی رۆسۆ باس بکه‌ین،چونکه بۆ ناساندنی رۆسۆ، پێویستیمان به چه‌ندین لاپه‌ڕه وکتێب و لێکۆڵینه‌وه‌ی زۆر هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م ووتاره، ته‌نها هه‌وڵێکه بۆ ناساندنی ڕۆسۆ، هیوادارم پاشتر گه‌ر ده‌رفه‌تمان هه‌بوو، قسه‌ی زیاتری لهبارهرهوه بکه‌ین.
جان جاک ڕۆسۆ له 28 یونی 1712 له شاری جنێڤی سویسرا له‌دایک بووه1. ڕۆسۆ له بنه‌ماڵه‌یه‌کی نه‌جیبزاده‌و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌دایک نه‌بووه، بگره له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژارو ده‌ستکورتی جنێڤ، چاوی به جیهان که‌وتووه. ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا، کاریگه‌ریی زۆریی له‌سه‌ر هزرو بۆچوونه‌کانی کردووه، چونکه به‌شێوه‌یه‌کی واقعی، ئاگاداریی ژیانی هه‌ژاران و نه‌داران بووه، بۆ خودی خۆی، برسێتی و سه‌رما و هه‌ژاریی چه‌شتووه.
له‌به‌رئه‌وه هه‌تاکۆتایی ژیانی، به‌شێوه‌یه‌کی شێلگیرانه، داکۆکی له مافی هه‌ژاران و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تیی کردووه. هه‌روه‌ها خۆی وه‌کو پارێزه‌رێکی چینی هه‌ژاران داناوه، هه‌میشه داوای که‌مکردنه‌وه‌ی جیاوازیی نێوان ژیانی چینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و چینه هه‌ژاره‌کان کردووه.
یه‌که‌مین چرکه‌ی نه‌هامه‌تی
بۆ هه‌موو منداڵێک دایک ، ئه‌و داره‌یه که‌له‌ژێر سێبه‌ریدا ده‌حه‌سێته‌وه، ئه‌و سه‌رچاوه گه‌وره‌یه‌یه، که‌هه‌تا کۆتایی ژیانی، ئاوی لێ ده‌خواته‌وه. لێ ئه‌م که‌ڵه فه‌یله‌سووفه مه‌زنه، هه‌ر که چاوی به دونیا هه‌ڵهانی دایکی کۆچیی دوایی ده‌کات. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تاییه‌کی ناخۆش و پڕ ئازار بۆ ئەم منداڵه هه‌ژاره دروست ده‌کات. له‌ناو کورده‌واریی خۆشمان‌دا ده‌گووترێت : ( منداڵ به دایک هه‌تیو ده‌که‌وێت). رۆسۆش به مردنی دایکی هه‌تیو ده‌که‌وێت. پاشان باوکی به‌خێوکردنی ده‌گرێته ئه‌ستۆ و له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌وڵ ده‌دات که فێری نووسین و خوێندنه‌وه‌ی بکات.
مه‌له‌کردن له‌ناو ده‌ریای هه‌ژاریدا
به‌حوکمی ده‌ستکورتی و هه‌ژاریی باوکی، هه‌رزوو ڕۆسۆ تێکه‌ڵی ژیانی ناخۆشی هه‌ژاران ده‌بێت. هه‌ر زوو ده‌ست ده‌کات به کارکردن و په‌یداکردنی بژێویی ژیان. رۆسؤ له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا، کۆمه‌ڵێک کاری هه‌مه‌جۆریی کردووه. پاشان خۆی ئازاد ده‌کات و به‌پێ به‌شێکی زۆریی شار‌و وڵاتان ده‌گه‌ڕێت. هه‌ر به‌پێ له سویسراوه ده‌چێت بۆ شاری تورینۆی ئیتالیا و پاشانیش له‌وێوه به پێ ده‌چێت بۆ فه‌ره‌نسا.
وازهێنان له مه‌زهه‌بی کاتۆلیکی و هه‌لێکی باشی ژیان
رۆسۆ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه، هێنده خۆی به ئاینه‌وه وابه‌سته نه‌کردبوو. له‌به‌رئه‌وه پاش ماوه‌یه واز له مه‌زهه‌بی کاتۆلیکی ده‌هێنێت و ده‌چێته سه‌ر مه‌زهه‌بی پرۆتستانت.
له‌ساڵی 1728 دا کاتێک ته‌مه‌نی ده‌گاته شانزه ساڵ، ده‌رفه‌تێکی باشی بۆ دروست ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی ژیانێکی باشتر بژی، ئه‌ویش کاتێک یه‌کێک له ژنه خێرخوازه‌کان به‌ناوی ( مه‌دام دی وارانس) ، ته‌به‌نی ده‌کات و ئاماده‌گه‌یی خۆی بۆ به‌خێوکردن و په‌روه‌رده‌کردنی ده‌رده‌بڕێت.2
جێگای گووتنه ئه‌م ژنه پێشتر کاتۆلیکی بوو، دوایی له‌ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و مسیۆناره پرۆتستانه‌وه که مه‌لیکی سه‌ردینیا پشتگیریی ده‌کردن، ئه‌م ژنه مه‌زهه‌بی خۆی بۆ پرۆتستانی ده‌گۆڕێت. پاشان ئه‌م ژنه رۆسۆ ده‌نێرێته قووتابخانه‌یه‌کی ( ئیکلیری، پرۆتستانی) یه‌وه.
به‌ڵام جان جاک ڕۆسۆ زۆر له‌لای ئه‌م ژنه نامێنێته‌وه، دیسانه‌وه ده‌ست ده‌کاته‌وه به‌ژیانی گه‌رۆکی و ماڵی ئه‌م ژنه خێرخوازه به‌جێده‌هێڵێت . رۆسۆ وه‌کو جاران به‌ناو شار‌و لادێکاندا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ر به‌پێ ده‌چێت بۆ شاری لیۆنی فه‌ره‌نسا. له‌و ماوه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک کاری هه‌مه‌جۆ ده‌کات ، بۆ نموونه:
کارکردن له تیپێکی موسیقی،هه‌روه‌ها وه‌کو کارمه‌ندێک له دائیره‌ی (مساحه) له شاری لیۆن،هه‌روه‌ها وه‌کو سکرتێری سه‌فیری فه‌ره‌نسا له شاری ( ڤینیسیا/ئیتالیا) کارده‌کات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ڕۆژانه کارده‌کات بۆ په‌یداکردنی بژێوی، به‌ڵام قوورسی بژێویی ژیان ، نابێته ڕێگر له‌به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌و نووسین و فێربوونی موسیقا، که ڕۆسۆ زۆر حه‌زی لێبووه.
پاریس و یه‌که‌مین هه‌نگاو به‌ره‌و لووتکه
ساڵی 1742 ڕۆسۆ به‌ره‌و پاریسی پێته‌ختی فه‌ڕه‌نسا ده‌چێت. ئه‌وکاته پاریس ته‌نها پێته‌ختێکی سیاسیی ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵکه بووبوه پێته‌ختێکی ڕۆشنبیریی و فه‌رهه‌نگی هه‌موو فه‌ره‌نسا و ئوروپا. کاتێک رۆسۆ ده‌چێته پاریس، سه‌ره‌تا ژیانێکی زۆر ناخۆش ده‌ژیی، له‌وپه‌ڕی هه‌ژاریی و ده‌ستکورتیدا ده‌ژیا.
لێ ئه‌م تاریکستانی هه‌ژاریی ونه‌داریی په‌راوێزخستنه زۆریی نه‌خایاند، به‌تایبه‌تی کاتێک ڕۆسۆ چاوی به بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی دیدرۆ (1713_1784) ده‌کەوێت. دیدرۆ داوای لێده‌کات که ووتار له‌باره‌ی هونه‌رو مۆزیکه‌وه بنووسێت، هه‌تاوه‌کو بیخاته ناو ئهنسکلۆپێدیایەکهیهوه. جێگای گووتنه دیدرۆ ، یه‌که‌مین ئهسنکلۆپێدیای فەرەنسی نووسی.
رۆسۆش له‌م پڕۆژه مه‌زنه‌دا به‌شداربووه. دیاره ئه‌مه‌ش ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌کی باش و ههنگاوێکی گرینگ له ژیانی رۆسۆ ده‌ستپێده‌کات.3
یه‌که‌مین شۆره‌ت
ساڵی 1750 ئاکادیمیای (دیگۆن) له‌پاریس،پێشبڕکێیه‌ک سازده‌کات، که‌تێیدا ده‌یانه‌وێت باشترین ووتار له‌باره‌ی هونه‌ر و زانسته‌وه دیاریبکه‌ن و پاشان خه‌ڵاتێک به‌و که‌سه ببه‌خشن، که باشترین ووتار له‌مباره‌یه‌وه ده‌نووسێت. رۆسۆش ئه‌مه به هه‌لێکی باش ده‌زانێت و ووتارێک به‌ناونیشانی ( ووتارێک له‌باره‌ی هونه‌ر و زانسته‌وه) ده‌نووسێت4.
پاشان لیژنه‌که ئه‌م ووتاره‌ی رۆسۆ به باشترین ووتاری ناو پێشبرکێکه دیاریده‌که‌ن و ڕۆسۆش خه‌ڵاتی باشترین ووتار وه‌رده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه‌ش رۆسۆ شۆره‌تێکی باش بۆ خۆی په‌یدا ده‌کات و یه‌که‌مین هه‌نگاو به‌ره‌و لووتکه ده‌نێت.
له‌پاش ئه‌م ووتارهوه، رۆسۆ تێکه‌ڵاویی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و ڕۆشنبیر و نووسه‌رانی ئه‌وکاتی پاریس په‌یداده‌کات و ده‌چێته ناو جیهانی ڕووناکبیرانی ئه‌وکاتی پاریسه‌وه.
به‌رهه‌مه‌کانی
هه‌رچه‌نده ڕۆسۆ له‌چاو فه‌یله‌سووفانی تره‌وه، خاوه‌نی کتێبی زۆر نییه، لێ ئه‌و چه‌ند کتێبه‌ی که نووسیویه‌تی، هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش کاریگه‌رییه‌کی ئێجگار گه‌وره‌یان به‌سه‌ر هزری جیهانه‌وه هه‌یه.
ساڵی 1755 ڕۆسۆ یه‌که‌مین کتێبی خۆی له‌ژێر ناونیشانی ( ووتارێک له‌باره‌ی بنه‌چه و ڕه‌گه‌زی نایه‌کسانی له‌نێو مرۆڤه‌کاندا) دەنووسێت. له‌م کتێبه‌یدا رۆسۆ هه‌وڵیداوه، نایه‌کسانی له‌نێو مرۆڤه‌کاندا بکاته کڕۆکی سه‌ره‌کی کتێبه‌که‌ی. دیاره رۆسۆ وه‌کو هه‌ژارێک، ئازارێکی زۆریی ئه‌م دهردهکۆمهڵایهتییهی جهشتبوو، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه یه‌که‌مین هه‌نگاوی خۆی، به‌م مه‌سه‌له گرینگ و پڕبایه‌خه‌وه خه‌ریک ده‌کات.
ساڵی 1761 پاش ئه‌وه‌ی که نێوبانگێکی باش په‌یدا ده‌کات، رۆسۆ وه‌کو رۆشنبیرێکی پێشکه‌وتنخواز هه‌وڵ ده‌دات دژ به دیارده دزێو و نه‌ریته قێزه‌ونه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی، قسه‌ی خۆی بکات. به‌م شێوه‌یه کتبێکی نوێی له‌ژێر ناونیشانی ( هیلویزی نوێ) ده‌نووسێت.
له‌م کتێبه‌دا رۆسۆ به توندی هێرش ده‌کاته سه‌ر ئه‌و نه‌ریته دزێو درۆیانه‌ی که‌له‌و کاته‌دا له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی به‌گشتی و پاریسی به‌تایبه‌تی باوه. له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌وڵ ده‌دات که په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و شاعیریانه وه‌سف بکات. ئه‌و دژی ئه‌و نه‌ریتانه ده‌وه‌ستێته‌وه که ده‌بێته هۆی کوشتنی هه‌موو هه‌ست و سۆزه مرۆڤییهکان.
ڕۆسۆ یه‌که‌مین ڕیفۆرمخوازیی بواری په‌روه‌رده
منداڵه‌کان ده‌پرسن بۆچی ئێمه له وێنه‌ی به‌یتی شعریدا قسه ده‌که‌ین و به‌شێوه‌ی په‌خشان قسه ناکه‌ین، ڕۆمانی ئمێل.
ڕۆسۆ یه‌که‌مین که‌س بوو که دژ به په‌روه‌رده‌ی ته‌قلیدیی قسه‌یکرد و ڕه‌خنه‌ی توندیشی له‌و نه‌ریتانه گرت، که دژ به ویست و ئیراده‌ی منداڵان هه‌یه. له ساڵی 1762 دا، ڕۆسۆ رۆمانی ( ئمێل) ی نووسی . دیاره ئه‌م ڕۆمانه به کارێکی په‌روه‌رده‌یی و زانستی ده‌روونیش دێته ژماردن. ڕۆسۆ پێی وابووکه نابێت منداڵ به زۆره‌ملێ فێری خوێندن بکرێت، هه‌روه‌ها ناشبێت مامۆستای قووتابخانه منداڵان سزابدات و وانه‌ی ناخۆش و بێ تامیان پێ بڵێت، بگره به پێچه‌وانه‌وه پێویسته مامۆستا له‌گه‌ڵ وییست و حه‌زه‌کانی منداڵان بێته‌وه‌و ڕێز له که‌سایه‌تی و ئیراده‌ی منداڵان بگرێت.
له‌لایه‌کی تره‌وه ڕۆسۆ پێی وایه که مرۆڤه‌کان هه‌ر بە فیطره‌ت که‌سایه‌تییه‌کی دڵ ناسک و میهره‌بانن. وه هیچ پاڵنه‌رێک یان مه‌یلێکی ناوخۆیی تێیایندا نییه، بۆئه‌وه‌ی جۆره هه‌ستێکی دوژمنکاریی و شه‌ڕه‌نگێزی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی تر یان بێت، به‌ڵکه رۆسۆ پێی وایه، ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه که مه‌یلی شه‌ڕه‌نگێزیی و خۆپه‌رستی فێری مرۆڤه‌کان ده‌کات، هه‌ر کۆمه‌ڵگاشه که ده‌بێته هۆی گه‌نده‌ڵ بوونی مرۆڤه‌کان.5
جێگای گووتنه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ڕۆسۆ، به‌یه‌کێک له کتێبه نایابه‌کانی بواری زانستی ده‌روونناسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دێته ژماردن. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم، جان جاک ڕۆسۆ، یه‌که‌مین که‌س بووه له فه‌ره‌نساو ئوروپادا، که داوای چاکسازی بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵانی کردووه، هه‌روه‌ها داوای په‌یوه‌ندییه‌کی مۆدێرنی له نێوان مامۆستا و قووتابی کردووه. دیاره ئوروپا پاش نزیکه‌ی دووسه‌د په‌نچا ساڵ ، ئینجا توانییان له چه‌مک و په‌یامه‌کانی ئه‌م که‌ڵه فه‌یله‌سووفه بگه‌ن.
له‌لایه‌کی تره‌وه ڕۆسۆ له‌م کتێبه‌یدا داوای تاکێک یان هاوڵاتییه‌کی نوێ ده‌کات. ڕۆسۆ داوای په‌روه‌رده‌کردنی تاکێکی ئازاد ده‌کات، ده‌یه‌وێت له که‌سێکی نوێ له وێنه‌ی ( ئمێل) ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌ی بخووڵقێنێت. هه‌روه‌ک ڕووناک‌بیری فارسیش ڕامین جه‌هانبه‌گلو ده‌ڵێت:
( ڕۆمانی ئمێڵ، هه‌وڵێکه بۆئه‌وه‌ی تاکێک به ئه‌خلاقێکی سه‌ربه‌سته‌وه په‌روه‌رده بکرێت6.)
به‌هه‌رحاڵ ئه‌م کتێبه‌ی ڕۆسۆش، هه‌وڵدانێکی گه‌وره‌یه، بۆ داواکردنی چاکسازیی کۆمه‌ڵایه‌تیی و دژایه‌تیکردنی نه‌ریت و یاسا کۆن و دزێوه‌کان.
په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی
مرۆڤ به ئازادی له‌دایک ده‌بێت، به‌ڵام له‌هه‌موو شوێنێکدا له به‌ندیدا ده‌ژی، په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی.
یه‌کێک له کاره نایاب و گرینگه‌کانی ئه‌م که‌ڵه فه‌یله‌سووفه، که بۆته پاسپۆرتێک بۆ رۆسۆ، کتێبه به‌نێوبانگه‌که‌ی (په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی) یه. ڕۆسۆ له ساڵی 1762 ئه‌م کتێبه ده‌نووسێت. لێ وا بۆ ماوه‌ی دووسهدوپهنچا ساڵه، ئه‌م کتێبه هه‌ر له‌سه‌ر زاریی مامۆستایانی زانکۆ، فه‌یله‌سووفان، نووسه‌ران، ڕۆشنبیرانی جیهانه.
هیچ کتێبێک هێنده‌ی ئه‌م کتێبه قسه‌وباسی لێوه نه‌کراوه. به‌ڵام لێره‌دا گرینگه له‌خۆمان بپرسین، ئاخۆ بۆچی ئەم کتێبه هێنده گرینگ و پڕ بایه‌خه؟ تۆ بڵێیت
ڕۆسۆ شتێکی گووتبێت که فه‌یه‌لسووفانی تر نه‌یانگووتبێت؟ یان تۆ بڵێیت ئه‌م کتێبه کلیلی جاره‌سه‌رکردنی هه‌موو کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بێت؟.
بیرمه‌ندی ناسراوی میسری(د. زه‌کریا ئیبراهیم) له باره‌ی ئه‌م کتێبه‌و مانای په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ڵێت:
(په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، واتهههرکهس له‌ئێمه خۆیی و هێزو تواناکانی بخاته خزمه‌ت هه‌مووانه‌وه، یان بیخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیراده‌ی گشتییه‌وه. به‌مجۆره‌ش کۆمه‌ڵگه هه‌موو ئه‌ندامانی وه‌ک به‌شێکی گرینگ و جیانه‌کراوه له‌گشت ته‌ماشا ده‌کات.7)
ڕۆسۆ ده‌یویست هه‌وڵێک یان ڕێگا چاره‌یه‌ک بۆ کێشه ئاڵۆز و قوورسه‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤه‌کان بدۆزێته‌وه. ئه‌و داوای جۆره ڕێکه‌وتنێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرد، که‌له رێگایه‌وه مرۆڤ به ئازادییه‌کانی خۆی بگات. له‌هه‌مانکاتیشدا چه‌مکی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، گوزارشت له جۆره په‌یوه‌ندییه‌کی نێوان هاوڵاتی و ده‌سه‌ڵات، تاک و کۆمه‌ڵگا ده‌کات.
ڕۆسؤ خۆی به مه‌سه‌له‌ی (ئازادیی،یه‌کسانی، یاسا و ده‌سه‌ڵات، تاک له‌ناو کۆمه‌ڵگادا) وه خه‌ریک ده‌کرد. ئه‌ویش وه‌کو فه‌یله‌سووفانی تر، شه‌یداییه‌کی بێ سنووری ( ئازادیی تاک) بوو.
له‌لایه‌کی تره‌وه، په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵدانێکه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادیی بۆ تاک له‌ناو کۆمه‌ڵگادا. له‌هه‌مانکاتیشدا شه‌رعیه‌تدان به ده‌سه‌ڵاتی گشتی. ڕۆسۆ پێی وایه تاکه ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی ئه‌وه‌یه، که ڕه‌زامه‌ندی ته‌واویی کۆمه‌ڵگه‌ی له‌سه‌ره. له‌ڕاستیدا ” په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی” ئه‌و بڕیاڕهیه که هه‌مووان واته هه‌ر که‌سه‌و به‌ته‌نیا ده‌یده‌ن ، ده‌رباره‌ی پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه و له ئه‌ستۆگرتنی شته‌کانیش به‌هه‌موو چاک و خراپییه‌وه8.
دانپیانانه‌کان
ساڵی 1772 ڕۆسۆ دوایین کتێبی خۆی له‌ژێر ناونیشانی (دانپیانانه‌کان) نووسی. ئه‌م کتێبه زیاتر ده‌چێته قاڵبی ژانری بیره‌وه‌رییه‌وه، لێ رۆسۆ به پێچه‌وانه‌ی فۆرمهکۆنهکانی نووسین، جۆره فۆرمێکی نوێی له ژانری بیره‌وه‌ری داهێنا. هه‌روه‌ک خۆشی له سه‌ره‌تای کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێت:
( ده‌مه‌وێت جۆره نووسینێک دابهێنم ، که پێشتر خه‌ڵکی تر ئاوای نه‌کردبێت. من به‌وپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت و سه‌راحه‌ته‌وه قسه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر ده‌که‌م، ته‌نها خۆم مێژوو، ناخی خۆم ده‌زانم .)
ڕۆسۆ له‌م کتێبه‌یدا باس له ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌کات، به‌وپه‌ڕی سه‌راحه‌ت و شه‌فافیه‌ته‌وه، ڕووداوه‌کانی ژیانی، په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی، هه‌ست ونه‌سته‌کانی ناخی ده‌نووسێت. له‌لایه‌کی تریشه‌وه، به‌وپه‌ڕی ئازادانه و ئازایانه، باس له ڕووداوه‌کان ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سڵ له نه‌ریت و یاسا وڕێساکانی ئه‌وکاتی کۆمه‌ڵگا بکاته‌وه.
به‌دڵنیاییه‌وه له‌م کتێبه‌شدا، ڕۆسۆ بیرمه‌ندی خۆی پیشان ده‌دات و، داهێنانێکی زۆر نوێش له بواری ژانری بیره‌وه‌ریدا داده‌هێنێت ، که پێشتر هیچ نووسه‌رو فهیهلهسووفێکی پێش خۆی ، نه‌یوێراوه ئاوا به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه، قسه له‌سه‌ر ژیانی شه‌خسی و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆی بکات.
ڕۆسۆ و چه‌مکی ئازادیی
که‌باس له چه‌مکی ئازادیی ده‌که‌ین،یه‌کسه‌ر مه‌لی هزرمان بۆ لای ڕۆسۆ ده‌فڕێت. جان جاک رۆسۆ به یه‌کێک له مامۆستا گه‌وره‌کانی چه‌مکی ئازادیی دێته ژماردن. له‌ته‌واوی زانکۆکانی جیهان، وه‌کو ئوستادێکی گه‌وره سه‌یرده‌کرێت. ڕۆسۆ چ له ژیانی ڕۆژانه،چ به نووسین، چالاکڤانێکی گه‌وره‌بووه له بواری به‌رگریکردن له چه‌مکی ئازادیی .
ڕۆسۆ ده‌ڵێت:
” وازهێنان له ئازادیی، وازهێنانه له مرۆڤ بوون، پێشێلکردنی مافه مرۆییه‌کانه… ئه‌م وازهێنانه‌ش له گه‌ڵ سروشتی مرۆڤ ناته‌بایه..9)
دیاره پێش ڕۆسۆش چه‌مکی ئازادیی، جێگای مشتومڕی زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفان بووه، هه‌ر له سوقراته‌وه هه‌تاوه‌کو ده‌گاته پێش رۆسۆش، ئه‌م چه‌مکه کرۆکی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفان بووه. لێ ڕۆسۆ هه‌وڵیداوه به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی، بۆ ئه‌م چه‌مکه بروانێت و مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌کدا بکات.
له‌لایه‌کی تریشه‌وه ڕۆسۆ هه‌وڵیداوه که چه‌مکی ئازادیی، له ( ئاژاوه، بێ سه‌روبه‌ریی) دووربخاته‌وه، که زۆرجار هه‌وڵدراوه، ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه پێکه‌وه گرێبدرێت، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.
ڕۆسۆ ده‌ڵێت:
” ئازادیی پشت ئه‌ستوور نییه به‌وه‌ی، که مرۆڤ هه‌رچی بوێت بیکات و ته‌نها به ئیراده‌ی خۆی کاربکات، به‌ڵکه چه‌مکی ئازادیی پشت ئه‌ستووره به‌وه‌ی، که مرۆڤ نه‌که‌وێته ژێر هه‌ژمونی که‌سێکی تره‌وه 10.”
له‌لایه‌کی تریشه‌وه لای ڕۆسۆ ئازادیی (هه‌م ئه‌رکه و هه‌م مافیشه). شتێکی به‌زۆر سه‌پێنراو یاخود بارێکی قورس نییه که بتوانین خۆمانی لێ قووتار بکه‌ین، به‌ڵکو شتێکی ئۆرگانی و سه‌ره‌کی که‌سایه‌تیمه. له‌به‌رئه‌وه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
” ده‌ستبه‌رداربوونی مرۆڤ، واته ده‌ستبه‌ردابوون له خه‌سڵه‌تی مرۆڤ بوون و مافه‌کانی مرۆڤ و ئه‌رکه‌کانی مرۆڤیش… ده‌ستبه‌رداربوون له‌م شتانه‌ش، هه‌رگیزاو هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤدا ناگونجێت. سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادیی له ئیراده‌مان، واته سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو خه‌سڵه‌تێکی مۆڕاڵی له ڕه‌فتار و کرده‌وه‌کانمان.11 \”
ڕۆسۆ پێی وایه دۆراندنی ئازادیی، یه‌کسانه به وه‌ستان و سڕکردنی مرۆڤییه‌تی وهه‌ربۆیه‌ش ناتوانێت خۆی وه‌کو کۆیله بفرۆشێت، چونکه مرۆڤ که بووه کۆیله، چیدیی مرۆڤ نییه و هه‌ربۆیه‌ش نه ئه‌رکی هه‌یه و نه‌ماف.
له چومگه‌ی چواره‌می کتێبی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌باره‌ی کۆیلایه‌تییه‌وه ده‌ڵێت:
“کاتێک هه‌ر تاکێک بتوانێت ده‌ستبه‌رداریی خۆی بێت، ئه‌وا ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریی منداڵه‌کانی بێت،چونکه ئه‌وان به ئازادیی و وه‌ک مرۆڤ له دایک ده‌بن و، ئازادییان موڵکی خۆیانه، جگه له‌خۆیان که‌س بۆی نییە هه‌ڵسووکه‌وت به‌ئازادییانه‌وه بکات12.”
رۆسۆ ئازادیی تاکه‌کانی کردبوویه به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو کاروبه‌رهه‌مه‌کانی، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌شه به‌شێوه‌یه‌کی جددیانه پشتگیریی ته‌واویی له ئازادیی تاک کردۆته‌وه‌و، به به‌شێکی گرینگی که‌سایه‌تی و بوونی مرۆڤ داناوه.
ڕۆسۆ و ئازادیی گه‌ل
ڕۆسۆ هه‌روه‌ک چۆن به‌یه‌کێک لهبهرگریکهره سه‌رسه‌خته‌کانی بواری ئازادی تاک دێته ژماردن، به‌هه‌مان شێوه‌ش، به‌وپه‌ڕی شێلگیرییهوە، به‌رگریی له ئازادی ئیراده‌ی گه‌ل کردووه. هه‌روه‌ک چۆن ئازادیی بۆ تاکه‌کان گرینگه، به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ گه‌ل شتێکی گرینگ و پڕ بایه‌خ دێته ژماردن.
له‌مباره‌یه‌وه رۆسۆ له کتێبی په‌یمانی کۆمه‌ڵایتیدا ده‌ڵێت:
” گه‌ل شتێکی باش ده‌کات، کاتێک ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی ملکهچگهرایی ڕاماڵێت و به‌کرده‌وه‌ش ده‌توانێت ڕایماڵێت، چونکه به‌و کاره سه‌ربه‌ستی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه، به‌هه‌مان ئه‌ندازه یان به‌هه‌مان مافێک که‌لێی سه‌ندراوه. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت که هچ که‌سێک نییه بتوانێت مافی ئازادیی له ده‌ستی ده‌ربهێنێت 13.”
تاک و کۆمه‌ڵگا
یه‌کێک له کرۆکی باسه‌کانی رۆسۆ، ئازادیی تاکه‌که‌سییه و په‌یوه‌ندی تاک به کۆمه‌ڵگاوه. ڕۆسۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگای ، کردۆته بابه‌تی سه‌ره‌کی کتێبه به‌نێوبانگه‌که‌ی( په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی). هیچ کاتێک ڕۆسۆ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووه، که مرۆڤ بۆ پاراستنی له ده‌ستدرێژی ده‌ره‌کی و فه‌راهه‌مکردنی ئه‌منی ئاسایش، واز له ئازادییه‌کانی بهێنێت. له‌به‌رئه‌وه له‌مباره‌یه‌وه، زۆر به ڕاشکاوانه ده‌ڵێت:
” ئه‌وه هه‌ڵه‌یه وابزانین په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆڤه‌کان ناچار ده‌کات، که سازشبکه‌ن و ده‌ستبه‌رداری مافه‌کانیان بن، نه‌خێر، ئه‌وه‌ی له‌م په‌یمان و گرێبه‌سته ده‌که‌وێته‌وه، زیادبوونی ئازادیی مرۆڤه‌کانه… هه‌روه‌ها په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌توانێت بنه‌ماکانی یه‌کسانی بچه‌سپێنێت،وه‌کو چۆن بنه‌ماکانی ئازادیی جێگیرده‌کات. له‌لایه‌کی تره‌وه، په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی نابێته مایه‌ی تێکدانی یه‌کسانی سروشتی، به‌ڵکو به یه‌کسانییه‌کی ئه‌خلاقی شه‌رعی شوێنی ده‌گرێته‌وه. به‌مجۆره مرۆڤه‌کان له‌به‌رده‌م یاسا و نه‌ریتدا یه‌کسان ده‌بن، ئه‌گه‌رچی له ڕووی هێز و زیره‌کییه‌وه جیاوازن 14.”
دیاره ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌کانی فه‌یله‌سووفی به‌نێوبانگی ئینگلیزه‌وه، تۆماس هۆبزه، که‌ئه‌و پێی وابوو، کارێکی ئاساییه گه‌ر مرۆڤ واز له‌هه‌ندێک ماف و ئازادییه تایبه‌تییه‌کانی خۆی بهێنێت و خۆی ته‌سلمی ده‌سه‌لاتێک بکات، به‌مه‌رجێک ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ( ئارامیی و ئاسایش ) بۆ تاکه‌کان دابین بکات15.
ڕۆسۆ له‌باره‌یه ده‌ڵێت:
” مرۆڤ له کۆمه‌ڵگادا ئازاده. نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی جۆرێک له‌ئازادیی و ئۆتۆنۆمی هه‌یه، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی یاسا گوزارشت له ئیراده‌ی تایبه‌تی ئه‌و ده‌کات.”
پاشتریش هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م خاڵه‌وه ده‌ڵێت:
” دروستکردنی شێوه یه‌کێتییه‌ک، کهپارێزگاریی له هه‌موو هێزه به‌شداربووه‌کان بکات و بیانپارێزێت، هه‌روه‌ها به‌شداربوو ، له ژێرسایه‌ی ئه‌و یه‌کێتییه‌دا ، له‌گه‌ڵ به‌شداربووه‌کانی تردا، ته‌نها گوێڕایه‌ڵی خۆی ده‌بێت و به‌هه‌مان ئه‌و ئازادییه‌ی که پێشتر هه‌یبووه ، ئازاد ده‌مێنێته‌وه16.”
واته بوون به‌ئه‌ندام له‌کۆمه‌ڵگایه‌کدا، مانای له‌ده‌ستدانی هه‌موو ئازادییه‌کانی مرۆڤ ناگایه‌نێت، به‌ڵکه به بروای ڕۆسۆ ، پێویسته ئه‌م په‌یمانه کۆمه‌ڵایه‌تییه، ببێته هۆی زیادبوونی ئازادییه‌کانی تاک و ببێته پارێزگار و زامنی ئازادییه‌کانی مرۆڤ.
لێ په‌یوه‌ندی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگا، یه‌کێکه له‌و کێشه گه‌ورانه‌ی که‌هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش مرۆڤایه‌تی پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت. بیرمه‌ندی ئینگلیزی ئایزایا بێرلین ده‌ڵێت:
” ئه‌م کێشه‌یه، پارادۆکسه‌که‌مان ده‌خاته دۆخێکی نائاساییه‌وه: چۆن ده‌توانین له یه‌ککاتدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵک یه‌کبگرین و جۆرێک ئه‌نجوومه‌ن دابمه‌زرێنین که ده‌بێ شتێک له جه‌بر و هێز به‌کاربهێنێت، که ته‌واو له‌گه‌ڵ ئازادیی یان تاقانه‌یی سروشتی ناکۆکه‌و ، له‌هه‌مانکاتیشدا ئازاد بمێنینه‌وه، واته پێڕوه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه نه‌که‌ین که‌له‌گه‌ڵیان کۆبووینه‌ته‌وه؟17 “
به‌ڵام ڕۆسۆی فه‌یله‌سووف له کتێبی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت:
” هه‌موو مرۆڤێک به به‌ختکردنی خۆی بۆ هه‌موان ، خۆی بۆ هیچ که‌س به‌خت ناکات.”
لێره‌دا مه‌به‌ستی ڕۆسۆ ئه‌وه‌یه، که هیچ که‌سێک ئاماده‌نییه،خۆی بکاته ئامڕازێک بۆ به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵکی تر. واته کۆمه‌ڵگا نابێت ته‌نها ئه‌رک به‌سه‌ر تاکه‌کانیدا به‌سه‌پێنێت، به‌ڵکه پێویسته پێش ئه‌وه‌ی ئه‌رکه‌کانی تاک دیاریبکات، مافه‌کانیان دابین بکات.
ڕۆسۆ و یاسا و ده‌سه‌ڵات
له‌هه‌موو سه‌رده‌م و ساتێکدا، ته‌نانه‌ت هه‌تاوه‌کو ئه‌مرۆش ،قسه‌وباسی زۆر له‌باره‌ی چۆنێتی حکومڕانییه‌وه کراوه. به‌شێوه‌یه‌ک هه‌موو کاتێک ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، خاڵی سه‌ره‌کی بووه له‌لای زۆربه‌ی فه‌یله‌سووف بیرمه‌ندانی جیهان.
هه‌روه‌ک ڕۆسۆش ده‌ڵێت:
” له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا مشت‌ومڕ و پیلهبازییهکی زۆر، ده‌رباره‌ی چاکترین شێوه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه‌چووه، به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی که هه‌ریه‌کێک له‌و شێوانه له حاڵه‌تێکی دیاریکراودا ، چاکترین ده‌بن و، له‌حاڵه‌تێکی تردا خراپترین ده‌بن.18″
ڕۆسۆ به پێچه‌وانه‌ی ئه‌فلاتوون و فه‌یه‌لسووفانی تره‌وه، تاکه شێوازێكی حوکمڕانی بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان دانه‌نا. به‌ڵکه ئه‌و پێی وابوو که به‌پێی ” کات و شوێن” شێوازی حوکمڕانی ده‌گۆڕێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گه‌ڕان به دوای باشترین و چاکترین ده‌سه‌ڵات، خاڵێکی گه‌وره‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ڕۆسۆ بووه.
ڕۆسۆده‌ڵێت:
“ئارمانج له ده‌زگایه‌کی سیاسیی چییه؟ بریتییه له پارێزگاری له ئه‌ندامه‌کانی و خۆشگوزه‌رانییان”
له‌لایه‌کی تریشه‌وه زۆر دژی حوکمڕانی ملهوڕو چه‌وسێنه‌ر بووه، بگره خه‌باتێکی ئێجگار گه‌وره‌شی له دژی حوکمی ملهوڕی پادشاکان کردووه. له‌هه‌مانکاتیشدا له کتێبه نایابه‌که‌یدا( په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی) ، زۆر به جوانی وه‌سفی فه‌رمانڕه‌وای ملهووری به‌م جۆره کردووه:
“فه‌رمانڕه‌وای ملهوور، بریتییه له‌و پادشایه‌ی که به‌بێ گوێدانه دادپه‌روه‌ریی و یاساکان، به‌زه‌بروزه‌نگ ئامێزی ده‌سه‌ڵات به‌ڕێوه ده‌بات ، به واتایه‌کی تر ، ئه‌و که‌سه‌یه که به بێ ئه‌وه‌ی مافی هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ستی خۆیدا قۆرخ ده‌کات.19”
له‌به‌رئه‌وه رۆسۆ، یه‌کێک بوو له هه‌وادارانی شێوازی کۆماری و دیموکراسی.
ڕۆسۆ و شێوازی کۆماریی و دیموکراتی
ڕۆسۆ پێی وایه ( هه‌موو حکومه‌تێکی شه‌رعی ، پێویسته حکومه‌تێکی کۆماریی بێت). دیاره له‌و کاته‌دا مشتومڕێکی زۆر له‌باره‌ی شێوازی حوکمڕانی و سیسته‌می کۆمارییه‌وه کراوه. لێ گرینگ ئه‌وه‌یه که بزانین، ڕاسته ڕۆسۆ یه‌کێکبووه له به‌رگریکه‌رانی سیسته‌می کۆماریی و دیموکراتی، به‌ڵام ئه‌و داوای جۆره حوکمێکی کردووه، که زۆر جیاوازبووه له‌و سیسته‌مه دیموکراتییه‌ی که باوه‌و هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به‌رقه‌راره.
ڕۆسۆ دژی ئه‌وه‌بووه که خه‌ڵکی ته‌نها له‌ڕێگای نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه به‌شداری ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی بکه‌ن، به‌ڵکه ئه‌و زیاتر ده‌یویست که تاک یان هاوڵاتی ، ته‌نها خۆی خاوه‌نی هه‌موو بڕیاره سیاسییه‌کانی و فه‌رمانڕه‌وایی بێت. ده‌توانم بڵێم، ئه‌و زیاتر موعجیبی سیسته‌می دیموکراتی سویسریی بوو، له‌هه‌مانکاتیشدا دژی شێوازی سیسته‌می ئینگلیزیی بوو، که زیاتر مۆنتسکیۆ موعجیبی بوو. له‌لایه‌کی تره‌وه ڕاسته ئه‌و سیسته‌می نوێنهرایتهیکردن و هه‌ڵبژاردنی قبووڵ بووه، به‌لام له‌هه‌مانکاتیشدا ڕه‌خنه‌ی له سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌رایتیکردن هه‌بووه، چونکه ئه‌و هه‌مووکاتێک داوای ئه‌وه‌ی کردووه، که هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له ژێر کۆنتڕۆڵی گه‌ل دابێت.
له‌مباره‌یه رۆسۆ ده‌ڵێت:
“پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی مۆنتسکیۆدا هاوڕا بین که‌باس له گرینگی ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌کات، به‌ڵام ده‌بێت هه‌میشه ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت، که دواجار سه‌روه‌ریی هه‌ر بۆ گه‌له”
له‌باره‌ی پره‌نسیبی نوێنهرایتیکردنیشهوه ده‌ڵێت:
” ئه‌و پڕه‌نسیبه زۆر ناکۆکه له‌گه‌ڵ پره‌نسیبی ئازادی ڕاسته‌قینه”
دیاره لای ڕۆسۆ زۆرجار ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی که خه‌ڵکی هه‌ڵیانده‌بژێرێت، له خه‌ڵکی دوور ده‌که‌ونه‌وه‌و گه‌لیش ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست نابێت. بگره گه‌ل ته‌نها له ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌کانیدا، ئازاده‌و موماره‌سه‌ی مافی ئازادیی خۆی ده‌کات.
له‌به‌رئه‌وه تیۆریی رۆسۆ له‌باره‌ی سیسته‌می دیموکراتیی و کۆمارییه‌وه، ئێجگار تایبه‌تیی بووه، ئه‌و هه‌میشه داواکاریی ئه‌وه‌بوو که هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌ژێر کۆنتڕۆڵی گه‌ل خۆیدا بێت و نابێت به‌هیچ کلۆچێک ، ده‌سه‌ڵات و ئازادی خۆی، ڕاده‌ستی چه‌ند که‌سانێک یان لایه‌نێکی سیاسی بکات.
واته ئه‌و زیاتر داوای ئه‌وه‌کردووه، که‌هه‌موو کاتێک گه‌ل له‌ڕێگای ڕیفراندۆمه‌وه، بڕیاره سیاسییه‌کانی خۆیان بدده‌ن. دیاره ئه‌م جۆره سیسته‌مه‌ش، له‌ڕووی پراکتیزه‌کردنه‌وه زۆر ئاڵۆز و قوورس دێته بواری کاره‌وه، به‌تایبه‌تی له وڵاته گه‌وره‌کاندا.
له‌باره‌ی یاساکانیشه‌وه به‌هه‌مان شێوه، ته‌نها گه‌ل ده‌کات به سه‌رچاوه‌و شه‌رعییه‌تدان به یاساکان . هه‌روه‌ک له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
” ئه‌و یاسایانه‌ی میلله‌تێک کاریان پێده‌کات، پێویسته له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌و میلله‌ته‌وه دانرابێتن. بۆ هیچ که‌س نییه، مه‌رجی پێکوه‌ژیان بۆ ئه‌و که‌سانه دابنێت که بڕیاری ژیانی هاوبه‌ش ده‌ده‌ن، به‌ڵکو ده‌بێت خۆیان ئه‌و کاره بکه‌ن.”
ڕۆسۆ هه‌موو کاتێک جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌ک شتی بنه‌ڕه‌تی ده‌کرده‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: پێویسته هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان( یاسادانان، جێبه‌جێکردن) ته‌نها وته‌نها له ژێر ده‌سه‌ڵاتی گه‌له‌وه بێت. ئه‌و زیاتر ترسی له‌وه‌بوو، که له‌ڕێگای لایه‌نێکی سیاسیی یان نوێنه‌ره‌کانه‌وه، گه‌ل ئازادیی خۆی له‌ده‌ست بدات و ئازادیی گه‌ل بکه‌وێته به‌ر ره‌حمی لایه‌نێک یان نوێنه‌رێکه‌وه.
له‌به‌رئه‌وه ، رۆسۆ له‌م بواره‌دا خاوه‌نی دیدگاییه‌کی ئێجگار تایبه‌ت بووه، کهزۆرجیاوازه له دیدگای هه‌موو بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه‌کانی هزری دیموکراسی و کۆماریخوازیی.
ئیراده‌ی گشتی
یه‌کێک له‌و داهێنانه نوێیانه‌ی که ڕۆسۆ له بواری زانستی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسی‌دا هێنایه کایه‌وه، چه‌مکی ئیراده‌ی گشتی بوو. مه‌به‌ستی له ئیراده‌ی گشتیش ئه‌وه‌یه، که‌هه‌موو بڕیاره‌کان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی گه‌له‌وه بدرێت ، واته هه‌موو هاوڵاتییان.
به‌ڕای ڕۆسۆ گه‌ر ئیراده‌ی گشتی له‌ناوبچێت، ئه‌وا کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هه‌ره‌سهێنان ده‌چێت. هه‌رله‌به‌رئه‌وه پێویسته هاوڵاتییان هاوڕابن له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی گشتیی و له‌گه‌ڵیدا ڕێکبکه‌ون. گه‌ر که‌سێکیش سه‌رپێچیی له ئیراده‌ی گشتی بکات ، ده‌بێت له‌لایه‌ن هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌وه ناچاربکرێت مل بۆ ئیراده‌ی گشتی که‌چ بکات.
جێگای گووتنه ئیراده‌ی گشتی ته‌نیا کۆبوونه‌وه‌ی حه‌زه خۆپه‌رستانه‌کان نییه و له‌لایه‌کی تریشه‌وه هێزێکی ده‌ره‌کیش نییه . له‌ڕاستیدا ئیراده‌ی گشتی ، مه‌رجێکی پێویسته بۆ هه‌موو شارومه‌ندێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ماناداریی ژیان بکات. له‌م حاڵه‌ته‌شدا ، هاوڵاتی به پێڕه‌وکردن له خود، وه‌ک ئه‌وه وایه که په‌یڕه‌ویی له حاکمیه‌ت بکات .
بۆ نموونه کاتێک ئێمه ده‌نگ ده‌ده‌ین نابێت بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه ، که ده‌نگه‌که‌ی ئێمه له ئاڕاسته‌ی پشتڕاستکردنه‌وه‌ی فڵانه پاڵێوراوه، به‌ڵکه ده‌بێت دڵنیا بین له‌وه که ئاخۆ ئه‌وه له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی گشتیدا ده‌گونجێت یان نا.20
هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌شه که‌به‌شێکی زۆریی بیرمه‌ندان و مێژوونوسان، جان جاک ڕۆسۆ، به‌یه‌کێک له باوکه مه‌زنه‌کانی چه‌مکی ” کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی” داده‌نێن.
مرۆڤ له دیدگای ڕۆسۆ وه
” مرۆڤ شایسته‌ی ڕێزه نه‌ک به‌زه‌یی”
هه‌تاوه‌کو سه‌رده‌مانێکی زۆر، زۆربه‌ی فه‌یه‌لسووفانی جیهان ، خۆیان به پرسی مرۆڤه‌وه خه‌ریککردبوو. ڕۆسۆ هات پێناسه‌یه‌کی ئێجگار جیاوازیی بۆ مرۆڤ دانا. رۆسۆ له ڕسته به‌ناوبانگه‌که‌یدا( مرۆڤ شایسته‌ی ڕێزه نه‌ک به‌زه‌ییی)، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، که گه‌ر بمانه‌وێت له مانای مرۆڤ بگه‌ین ، ئه‌وا سه‌ره‌تا پێویسته له‌و ڕاستییه بگه‌ین، که مرۆڤ کائینێکی به‌ڕێزه. ئه‌و ( ڕێزگرتن) له‌مرۆڤی پێ باشتربوو ، له به‌زه‌یی پێداهاتننه‌وه. چونکه ڕێزگرتن واتا پێدانی مافێک به که‌سێک. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤیش مافی مرۆڤ بوونی هه‌یه، که‌واته پێویسته ڕێز له مرۆڤ بوونی بگیرێت، چونکه به‌زه‌یی پێداهاتننه‌وه، جیاوازه له ڕێزگرتن. پێده‌چێت من ڕۆژێک له ڕۆژان به‌زه‌ییم به که‌سێکدا بێته‌وه، به‌ڵام له‌وانه‌بێت رۆژێکی تر هه‌ر هه‌مان که‌س که به‌زه‌ییم پێداهاتبوویهوه، ئه‌وپه‌ڕی بێ ڕێزیی به‌رامبه‌ر بکه‌م.
مرۆڤ لای ڕۆسۆ که‌سێکی به‌پرسه له‌کاره‌کانی خۆیی و توانا بۆ چاکه وخراپه دیاریی ده‌کات. که‌سێکه ده‌توانێت ڕێگه‌ی ڕاست یان چه‌وت بگرێ وئه‌گه‌ریش ئازاد نه‌بێ،جیاوازییکردنی بۆ چاکه‌و خراپه، ڕاست و چه‌وت شتێکی بێ مانایه. مرۆڤ گه‌ر ئازاد نه‌بێت، گه‌ر له‌وکاره‌ی ده‌یکات به‌پرس نه‌بێت، گه‌ر ئه‌و کاره‌ی ده‌یکات له‌به‌ر حه‌ز و ویستی خۆی نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه نه‌بێت ، به‌م کاره ده‌گاته شتێک که خۆی نه‌ک که‌سێکی دیکه ده‌یه‌وێت، که‌واته ناتوانین پێی بڵێین ئه‌و که‌سه بوونێکی مرۆیی هه‌یه، چونکه ئه‌م که‌سه له‌وه‌ی ده‌یکات، به‌رپرس نییه. لای ڕۆسۆ ئه‌م مرۆڤه ده‌گۆڕێت، بۆ شت، بۆ مانگایه‌ک، بۆ شتێکی بێ گیان، شتێک که نا‌توانیت چاوه‌ڕێی هیچ به‌رپرسیارییه‌تێکی لێ بکه‌یت. نا‌توانیت سه‌باره‌ت به مێز و کورسی و ئاژه‌ڵ ، باسی ڕاست و هه‌ڵه بکه‌یت، چونکه ئه‌مانه یان هیچ ناکه‌ن ، یان نازانن چی بکه‌ن . کار نه‌کردنیش یه‌کسانه به مرۆڤ نه‌بوون.21
ڕۆسۆ و پرسی یه‌کسانی
هه‌روه‌ک له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ووتارهوه باسم لێکرد، که جان جاک ڕۆسۆ، ژیانێکی زۆر هه‌ژاریی و نه‌داریی بینی. به‌شێوه‌یه‌کی واقعیانه، چه‌ندین ساڵ، ئازاری هه‌ژاریی و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تیی بینیوه. ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا هانده‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌بووه، که پرسی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تیی، ببێته باسێکی گرینگ و پڕ بایه‌خی ناو هزریی ئه‌م که‌ڵه فه‌یله‌سووفه‌ی جیهان. ڕۆسۆ به پێچه‌وانه‌ی بیرمه‌ندانی تره‌وه، پرسی یه‌کسانی به ئازادییه‌وه به‌ستۆته‌وه. ئه‌و پێی واییه که ئازادیی به بێ یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی، هیچ مانایه‌ک و بوونێکی نییه.
ڕۆسۆ له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
” ده‌تانه‌وێت هۆکاریی مانه‌وه‌و ئارامیی بۆ ده‌وڵه‌ت مسۆگه‌ر بکه‌ن؟ که‌واته ده‌بێت به‌پێی توانای خۆتان، لایه‌ن و جه‌مسه‌ره دوور له یه‌که‌کان له‌یه‌کتری نزیک بکه‌نه‌وه، تا ده‌وڵه‌مه‌نده ده‌ستڕۆیشتووه‌کان و هه‌ژاره ده‌ستکورت و بێ ماڵه‌کان، نه‌بنه بار به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌وه. له‌راستیدا ئه‌م دوو دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تییه که لێک جیا نین، هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جددین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، له‌به‌رئه‌وه‌ی له یه‌کێکیانه‌وه سته‌مکاران دروست ده‌بن و له‌وه‌ی دیکهشیانهوه قووربانییانی ده‌ستی سته‌مکاریی.
له‌نێوان ئه‌م دوو چینه‌شدا بازرگانی به‌ئازادیی گشتییه‌وه ده‌کرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌کێک له‌و چینانه‌ی کۆمه‌ڵگا مرۆڤ ده‌فرۆشێت و ئه‌وی دیکه‌شیان مرۆڤ ده‌کڕێت..به‌وپێیه‌ی هێز هه‌میشه ڕووه‌و نه‌هێشتنی یه‌کسانی هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وا ئه‌رکی هێزیی یاسادانانه که به به‌رده‌وامیی کار بۆ پاراستنی ئه‌و یه‌کسانییه بکات 22.”
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، ڕۆسۆ له ” ووتارێک له‌باره‌ی یه‌کسانیی” وه، خۆی له ووشه‌ی ” گوناح” ده‌پارێزێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه به‌وه ده‌کات که مرۆڤ له‌به‌ر جودایی و لادان له ڕێچکه‌ی دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، خۆشبه‌ختیی و به‌خته‌وه‌رییه‌که‌ی دۆڕاندووه. تاکه ڕێگاچاره‌ی لۆژیکیش ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ بانگهێشت بکرێت، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دۆخی سروشتیی.23.
ڕۆسۆ و ئایینی مه‌ده‌نیی
یه‌کێک له‌تێزه گرینگ و پڕ بایه‌خه‌کانی ڕۆسۆ، داهێنانی چه‌مکی ” ئایینی مه‌ده‌نیی” یه. ئه‌م داهێنانه‌ش ، به یه‌کێک له کۆڵه‌که بنه‌ڕه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی دێته ژماردن. مه‌به‌ستی ڕۆسۆش له‌م چه‌مکه نوێیه، خۆ رزگارکردن له توندڕه‌ویی مه‌زهه‌بیی و ئاینییه، که‌له‌و سه‌رده‌مه‌دا، شه‌ڕی ئایینی ته‌واوی کیشوه‌ریی ئوروپای وێرانکردبوو.
رۆسۆ ده‌ڵێت:
” مرۆڤ له‌سه‌ره‌تادا ، جگه له‌خودا،نه پادشایه‌کی هه‌بووه، نه حکومه‌تێکی دیش جگه له حکومه‌تی ئایینی.”
به‌پێی بۆچوونی ڕۆسۆ ئاینه‌کانی سێ جۆرن :
یه‌که‌م:. ئایینی مرۆیی. که‌مه‌به‌ستی له‌و ئاینه ئه‌وه‌یه که به‌بێ په‌رستگا و په‌یکه‌ر و سروته . واته له‌سه‌ر په‌رستنی پڕواپڕیی ناوخۆییانه‌ی خودای گه‌وره ڕاده‌وه‌ستێت ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌رکه مۆڕاڵییه هه‌میشه‌ییه‌کان . واته مه‌به‌ستی له‌و ئایینی ساده وبێگهردهیە، که خه‌ڵكی ئاسایی پێڕویی ده‌کەن.
دووه‌م: ئایینی هاوڵاتیی.که‌له تاکه وڵاتێک‌دا نوسراوه‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی به‌سه‌ر ته‌واویی کۆمه‌ڵگادا سه‌پێنراوه.
سێهه‌م : ئایینێکە که دوو شه‌ریعه‌ت و دوو سه‌رۆک و دوو نیشتمانی جیاوازیی هه‌یه . ئه‌م جۆره ڕێگه نادات که‌له یه‌ک کاتدا هاوڵاتیی باوه‌ڕداربن و هاو نیشتمانیش بن.
جێگای گووتنه ڕۆسۆ یه‌کێک بوو له داکۆکیکه‌رانی ” لێبورده‌یی، تۆلێرانسی ئایینی” هه‌میشه به‌رگریی له چه‌مکی لێبورده‌یی له‌ناو وڵات‌دا ده‌کرد. ئه‌ویش وه‌کو جان لۆک و ڤۆلتێر، به پێشه‌نگی چه‌مکی لێبوورده‌یی دێته ژماردن . رۆسۆ پێی وایه که لێبورده‌یی ئایینی و مه‌ده‌نیی زۆر گرینگن بۆ کۆمه‌ڵگاو هیچ جیاوازییه‌کیش له‌نێوان ئه‌م دوانه‌دا نییه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
“بەڕای من ئەوانەی کەلە نێوان لێبووردەیی مەدەنیی و لێبووردەیی ئاینیدا جیاوازیی دەکەن، ئەوانە هەڵە دەکەن، چونکە ئەم دوو جۆرە لێبووردەیییە لەیەکدیی جیاناکرێنەوە.”
کاریگه‌ریی رۆسۆ به‌سه‌ر شۆرشی مه‌زنی فه‌ڕه‌نسییه‌وه
یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کە کاریگەریی گەورەی بەسەر شۆرشی فەڕەنسییەوە بوو، جان جاک ڕۆسۆیە. بەشێوەیەک هەموو ڕەوتە جیاوازەکای شۆرشی فەرەنسی، هانایان بۆ کتێب و بەرهەمەکانی ڕۆسۆ دەبرد، بەتایبەتی بۆچوونەکانی لەمەڕ ( تاک، کۆمەڵگا، پەروەردە، یەکسانی، ئاشتی).
جێگای گووتنە ڕۆسۆ شرۆڤەیەکی نایابی بۆ مێژووی شۆرشەکان کردووە، بەڕای ئەو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سێ جۆر شۆرش هەبووە:
یەکەم: یەکەمین شۆرشی مێژوویی، بەهۆی سود وەرگرتن لە ئامێر بۆ ڕاوکردن ، ڕوویدا.
دووەم: بەهۆی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی سوودەکانی کانزاکانەوە ڕوویدا. ئەمەش هەندێک دەرئەنجامی وەکو بەرژوەندییگەل خۆویستانەی لێکەوتەوە. ئەم قۆناغە بووە هۆی کەوتنەوەی ڕکەبەریی. ئەنجامی ئەم شۆرشەی دووەم، شەڕو بەربەرەکانی بوو.
سێهەم: تێپەڕبوونی مرۆڤ لە قۆناغی شەڕ بەرەو جۆرێک لە دۆخی کۆمەڵایەتیی، کەلە ڕاستیدا سسیستەمێکی چەواشەکارانەی سیاسیی بوو24.
جێگای گووتنە ساڵی 1794 ، حکومەتی شۆرشیی فەرەنسی، بڕیار دەدات، کە روفاتی جان جاک ڕۆسۆ ، بهێنرێتە قەبرستانی ” بانتیۆن”، کە زۆربەی کەڵە نووسەران و پیاوانی مەزنی فەرەنسیی تێدانێژراوە.
پێش کۆتایی:
دیارە هەروەک پێشتریش گووتم ، قسەکردن لەبارەی ڕۆسۆوە کارێکی ئاسان نییە، ناتوانین تەنها لە ووتارێکدا باسی هەموو هزر و بۆچوونەکانی رۆسۆ بکەین. لێ هیوادارم تاڕادەیەک خوێنەریی کوردم بە رۆسۆ ئاشنا کردبێت. بەدڵنییایەوە چەند لەبارەی ڕۆسۆوە بنووسرێت هەر کەمە. ڕۆسۆ مامۆستای یەکەمی ( مافەکانی مرۆڤ، کۆمەڵگەی مەدەنیی، ئازادیی تاکەکەس، لێبوردەیی، یەکسانیی، دیموکراسیی) دێتە ژماردن.
سه‌رچاوه‌کان:
1. د. عبدالجبار المندیل. روس‌و و عصر التنویر في اوربا. ڕۆژنامه‌ی المدی. 2012.06.19 .
2. هه‌مان سه‌رچاوه.
3. دینا مندور. فیلسوف تنویر في عشر الکلمات. ڕۆژنامه‌ی المدی. 2012.06.19
4. د. عبدالجبار المندیل. روس‌و و عصر التنویر في اوربا. ڕۆژنامه‌ی المدی. 2012.06.19 .
5. هه‌مان سه‌رچاوه.
6. ڕامین جه‌هانبه‌گلو. ده‌سه‌ڵات و ئازادی. وه‌رگێڕانی: عه‌تا جه‌ماڵی. چاپی یه‌که‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موکریان . هه‌ولێر . 2009. لاپه‌ڕه.88
7.د. زه‌کریا ئیبراهیم. کێشه‌ی ئازادیی سیاسی. وه‌رگێرانی: شوان ئه‌حمه‌د. چاپی یه‌که‌م . خانه‌ی وه‌رگێران. سلێمانی . 2011. لاپه‌ره.49.
8. هه‌مان سه‌رچاوه.
9. ئایزایا بێرلین. ئازادیی و خائینانی. وه‌رگێرانی: مه‌نسور ته‌یفووری. چاپی یه‌که‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موکریانی. ساڵی2010. لاپه‌ڕه.40
10.نصیر الخزرجي. مفهوم الحریة من الفلسفة الیونانیة الی جان جاک روس‌و. ڕۆژنامه‌ی المدی. 2012.06.1911. جان جاک رۆسۆ. په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی.. وه‌رگێرانی: محمد صابر. چاپی یه‌که‌م.له بڵاوکراوه‌کانی چاپ وپه‌خشی ڕێنما. سلێمانی.2005.لاپه‌ڕه.60.
12. هه‌مان سه‌رچاوه.
13. جان جاک رۆسۆ. په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی.. وه‌رگێرانی: محمد صابر. چاپی یه‌که‌م.له بڵاوکراوه‌کانی چاپ وپه‌خشی ڕێنما. سلێمانی.2005.لاپه‌ڕه.50.14. زه‌کریا ئیبراهیم. کێشه‌ی ئازادیی سیاسی. وه‌رگێرانی: شوان ئه‌حمه‌د. چاپی یه‌که‌م . خانه‌ی وه‌رگێران. سلێمانی . 2011. لاپه‌ره.50.
15. تۆماس هۆبز.16. جان جاک رۆسۆ. په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی.. وه‌رگێرانی: محمد صابر. چاپی یه‌که‌م.له بڵاوکراوه‌کانی چاپ وپه‌خشی ڕێنما. سلێمانی.2005.لاپه‌ڕه.70.
17. ئایزایا بێرلین. ئازادیی و خائینانی. وه‌رگێرانی: مه‌نسور ته‌یفووری. چاپی یه‌که‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موکریانی. ساڵی2010. لاپه‌ڕه.45
18. جان جاک رۆسۆ. په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی.. وه‌رگێرانی: محمد صابر. چاپی یه‌که‌م.له بڵاوکراوه‌کانی چاپ وپه‌خشی ڕێنما. سلێمانی.2005.لاپه‌ڕه.166
19. هه‌مان سه‌رچاوه. لاپه‌ڕه.206
20. ڕامین جه‌هانبه‌گلو. ده‌سه‌ڵات و ئازادی. وه‌رگێڕانی: عه‌تا جه‌ماڵی. چاپی یه‌که‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موکریان . هه‌ولێر . 2009. لاپه‌ڕه.9221. ئایزایا بێرلین. ئازادیی و خائینانی. وه‌رگێرانی: مه‌نسور ته‌یفووری. چاپی یه‌که‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موکریانی. ساڵی2010. لاپه‌ڕه.39
22. د. زه‌کریا ئیبراهیم. کێشه‌ی ئازادیی سیاسی. وه‌رگێرانی: شوان ئه‌حمه‌د. چاپی یه‌که‌م . خانه‌ی وه‌رگێران. سلێمانی . 2011. لاپه‌ره.58.
23. ڕامین جه‌هانبه‌گلو. ده‌سه‌ڵات و ئازادی. وه‌رگێڕانی: عه‌تا جه‌ماڵی. چاپی یه‌که‌م. ده‌زگای چاپ و په‌خشی موکریان . هه‌ولێر . 2009. لاپه‌ڕه.98
24. هەمان سەرچاوە.
بابه‌تی: گۆڤاری مه‌ده‌نیه‌ت